١١\١٠\٢٠٢٠
چەمکە شیعرییەکان
و پەنجەرەیەک بۆ روانین.

ناڵە حەسەن
- بەشی
دووەم -
- شیعر و (یاخیبوون).
- شیعر لە نێوان (فۆرم و ناوەڕۆک)دا.
- شیعر و (یاخیبوون).
ئەگەر بمانەوێت بە کورتی قسە لەسەر یاخیبوون یان ( یاخیبوون و شیعر )
دا بەکەین، دەتوانین بڵێین ، زۆربەی زۆری یاخیبوونەکان چ لە نێو
ڕووبەری شیعر یان لەنێو ڕووبەرەکانیتری ژیان ، هەست و کردەیەکە لە
هۆشمەندییەوە یان لە پاشخانێکی مەعریفییەوە سەرچاوە دەگرێت . چونکە
دواجار / یاخیبوون هەوڵێکە بۆ گوتنی ( نا )یەک بە ڕووی ئێستا و بەڕووی
هەموو ئەو هێز و دەسەڵاتانەی کە دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن و بوون و
بەهای مرۆڤبوون بخەنە ژێر پرسیارەوە ...! ، هەروەها ژیان ئەوە دەخوازێ
کە مرۆڤەکان هەمیشە بوونێکی یاخی بن ، چونکە لە یاخیبووندا / مرۆڤ دژی
هەموو هێزێکی دەرەکی ڕادەوەستێت ، نایەوێت بوونی داگیربکرێت و بوون و
ڕۆڵی مێژووی خۆی لەدەست بدات و ببێتە کۆیلەیەکی ناکارا. بۆ
بەردەوامبوونی ژیان و بوون یان بۆ ئەوەی مرۆڤ ناوەڕۆکێک بە ژیان و
بوونی خۆی ببەخشێ پێویستی بە هەوڵدان و داهێنانە ، چونکە داهێنان جەخت
لەسەر ڕۆڵی سەرەکی بوونی مرۆڤ دەکاتەوە لەنێو ڕووبەر و ڕەوتی مێژوودا .
واتە مرۆڤ بەبێ داهێنان ناتوانێ ناوەڕۆکێک بۆخۆی پەیدا بکات و شوناسێک
بەدەستبهێنێ و ببێت بەوەی کە خۆی دەیخوازێت ، تا ئێرە مانایەک بوو بۆ
یاخیبوون بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام لە پەیوەند بە شیعر و یاخیبوون /
دەتوانین بڵێین ، شاعیری داهێنەر هەمیشە جەخت لە ناڕازیبوون دەکاتەوە و
( نەویستی هەبوو ) دەستنیشان دەکات ، مەبەستییەتی لە نەبوونەوە فۆرم و
بوونێکی نوێ بهێنێتە بوون ، دەتوانین بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان (
فەرید زامداری ) شاعیر بەنموونە بهێنینەوە ، کە لە کتێبی ( گەیشتن بە
ڕووبەری شیعر ) بەدوورودرێژی باسمان لە یاخیبوونەکەیی و ئەزموونە جوودا
و نوێخوازییەکەیان کردووە ، ( فەرید زامدار ) لە سەرەتای شیعرێکی بە
ناوی ( دان پیانان ) دا دەڵێت ،( ژیان هەمیشە وتوویەتی " نا " ...! ) ،
یان لەسەرەتای کتێبێکی بەناوی ( ئەنیما مۆندی ) لە وتارێکدا دەڵێ ، (
من بەوەی کە هەیە ڕازینیم و بەدوای لەدەرەوەی ئەوەی " کە هەیە "
دەگەڕێم ...! ) ، واتە بەڕۆشنی ( نەویستنی هەبوو ) ی مەبەستە ، واتە (
ڕەتکردنەوەی هەبوو ) یان ( ئەوەی کە هەیە ...! ) ، بە مەبەستی
بەرهەمهێنانی فۆرم و دەقێکی نوێ ، جیاواز لەوەی کە هەیە ...! ئەو دوو
دەربڕینەی ( فەرید زامدار ) ، کڕۆکی یاخیبوون و نوێخوازیمان پێشان
دەدات . چونکە هەموو شاعیرێکی نوێخواز و جودا لەهەمانکات شاعیر و
بوونێکی یاخین ، چونکە گەر ناڕازی نەبن بەوەی کە هەیە ، ناتوانن جیاواز
بنووسن و ناتوانن لەنەبوونەوە بوونێکی تر بەرهەمبێنن ، چونکە گەر
بەردەوام بن لەسەر ئەوەی کە هەیە ، بە هەمان زمان و فۆرمەوە ، ئیتر
بەشیوەیەک لە شێوەکان دەبێتە ( لاساییکردنەوە نەک داهێنان ...! ) ،
لاساییکرنەوەش / مانای ئەوەیە کە تاکەکان دەسەڵات و توانا و بەهرەی
خۆیان خەفە دەکەن و لە چاو و دیدگای کەسانیترەوە دەڕوانن و دەبینن ...!
ونکردنی توانا و بڕستی خود بەمانای خۆشڵکردنە یان ڕێگەدانە بەوەی
کەسانیتر بوونی کۆنترۆل بکەن ، ئەمەش نامۆبوونە و لە بەشی ( شیعر و
نامۆبوون ) دا قسەمان لەبارەیەوە کردووە . چونکە لەم باروزروفانەدا
مرۆڤ ئازادی و سەربەستی خۆی لەدەست دەدات . وە ئەوەش ڕوونە کە تاکو
مرۆڤ ئازاد و سەربەست نەبێت ، توانای زاڵبوونی بەسەر حەز و خەون و
ئارەزووەکانیدا نابێت . دەمەوێت پێ لەسەرئەوە دابگرم کە ڕەتکردنەوەی
هەبوو ، ئەگەر لاسایکردنەوەش نەبێت ، ( دووبارەکردنەوەی خودە ) ، واتە
بەردەوامبوون لەسەر یەک فۆرم و شێوە زمان و یەک شیواز . تەنانەت ئەگەر
داهێنانیش لە دەقەکاندا هەبێت بەڵام ، ناچێتە ڕووبەری نوێخوازییەوە ،
چونکە دەتوانین بڵێین ( هەموو نوێخوازییەک داهێنانە بەڵام هەموو
داهێنانێک مەرچ نییە نوێ بێت ..! ) لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانیش زۆرن
ئەوکەسانەی کە جێ پەنجەیان دیارە لە مێژووی شیعر و ئەدەب دا و ڕۆڵیان
هەبووە لە بنیاتنان و بەرهەمهێنانی بیرکردنەوە و قۆناغێکی نوێ ،
ئەوانەش وەک کەسانی یاخی و ناڕازی و نەویستی هەبوو ، لەوانە ( بۆدلێر ،
مالارمێ ، ڕامبۆ ، ئازرا پاوەند ، ئەدۆنیس و زۆرانیتر ..) بۆ نموونە (
ستیڤان مالارمێ ) لە نێو هەوڵ و داهێنانەکانیدا ، ئامانجی ئەوەبوو کە
شیعر لە کۆتوبەندی هەموو ئەو ستایل و دەربڕینە تەقلیدییانەی کە
شاعیرانە نین ئازاد بکات ، یان گوێی بە فۆڕمی شیعری ئاسایی نەدەدا ..!
ئەو زێتر گرینگی بە وشە دەدا ، هەوڵی دەدا وشەی نوێ و ئەفسونئامێز
بەکار بهێنێ و جیاواز بنووسێت ، یان ئەدۆنیس ، هەمیشە لەنێو نووسین و
دیمانە و داهێنانەکانیدا لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە ڕەخنە لە ( هەبوو )
بگرێت و ئاسۆکانی بیرکردنەوە بۆ شیعر و نووسین و داهێنان بگۆڕێت ..!
لێرەدا ئەوە دەبینین کە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا ڕەتکردنەوە و
ناڕازیبوون بەوەی کە هەیە واتە ( یاخیبوون ) / پێشمەرجی نوێخوازی و
داهێنانە ..!
- شیعر لە نێوان (فۆرم و ناوەڕۆک)دا.
هەموو دەقیکی شیعری وەک هەر هەبوویەکیتر لە فۆرم و ناوەڕۆک پێک دێت ،
ئەگەر لەڕووی بوونگەرییەوە سەیری بکەین دەتوانین بڵێین / فۆرم بوونێکی
دیاری هەیە و ناوەڕۆکیش بوونێکی نادیار ، ناوەڕۆک ئەو بوونە نادیارەیە
لە ئەنجامی خوێندنەوە دەردەکەوێت . دەرکەوتنەکەش ( زۆربەیکات ) لە
خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی تر جیاواز دەبێ . یان ڕەنگە لای هەندێک
خوێنەر هەر دەرنەکەوێت و بە نادیاری بمێنێتەوە . چونکە لە بنەڕەتدا
دەقی شیعری لەنێو ڕووبەرێکی نادیار و تاریک دێتە بوون ، شاعیری نوێگەر
( بۆ ڕووناککردنەوەی ئەو تاریکییە ، دێت هەموو تاریکییەکە دەگوازێتەوە
بۆ نێو دەقەکەی ..! ) ، ئەوە خوێنەرە لە ڕێگای مەعریفە و تواناکانی
خۆیەوە ، لەڕێگای خوێندنەوە و قووڵبوونەوە تیشک دەخاتە سەر ئەو رووبەرە
تاریکە و هەوڵی دەرکەوتنی دەدات . چونکە شاعیر / لەنێو ئەم ڕووبەرە
نادیار و تاریکە زمان دەخاتە گەڕ بۆ گواستنەوەی مەعریفە و گوتنەکانی
نێو ئەو تاریکییە بۆنێو دەق ، خوێنەریش لەسەریەتی مەعریفە و تواناکانی
خوی بخاتە گەڕ بۆ ڕوونککردنەوەی ئەو ڕووبەرە ، چونکە شیعر جووڵەیەکی
بەردەوامە لەنێو پڕۆسەیەکی ئیستاتیکایی ، بۆیە / ناتوانێ ناوەڕۆکێکی
دیار و نەگۆڕی هەبێت . دەکرێ لای هەندێک خوێنەر ناوەڕۆک هەر بە نادیاری
و تاریکی بمێنێتەوە ، چونکە هیچ دەقێک وەک بوونێکی سەربەخۆ ، هەڵگری
ناوەڕۆکێکی دیار و پێشوەختە نییە ، ئەگەر ژیان وەک دەقێکی شیعری
وەربگرین ، لە بنەڕەتەوە ( خاڵییە لە مانا ) و ناوەڕۆک ، ئەوە
مرۆڤەکانن لە ڕێگەی بیرکردنەوە و داهێنانەکانییان ، ماناو ناوەڕۆکێک بە
ژیان دەبەخشن دیارە بۆ ( جیهان و گەردوونیش ) بە هەمانشێوە ، نەک هەر
ئەوەندە / شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێک هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە و
هێماکان خاڵی دەکاتەوە لە مانا پێشوەختەکان و لە مانا فەرهەنگییەکان .
لە پڕۆسەیەکی داهێنەرانە چەمک و وشەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و دووبارە
بنیادییان دەنێتەوە لە پەیوەندییەکی نوێ و بە ناوەڕۆکێکی نوێوە ، بۆیە
دەڵێین / لەوانەیە بەسانایی ناوەڕۆکی دەقەکان دەرنەکەون ، کۆد و
هێماکان بە سانایی نەکرێنەوە ، یان دەرکەوتن و ناوەڕۆکەکان لە کەسێکەوە
بۆ کەسێکی تر جودا دەردەکەوێ ، تەنانەت / جیاواز لە گەڵ دەرکەوتن لەلای
خودی نووسەری دەقەکەش ، چونکە نووسەری دەق لە کاتی نووسینی دەقەکە (
ئەوی شاعیرە ) ، لە چرکەی دوای تەواوبوونی دەقەکە دەبێتە ( ئەوی خوێنەر
) ، وەک هەر خوێنەرێکی دی هەوڵ دەدات ناوەڕۆکی دەقەکە بەدیار بخات و
خوێندنەوەیەکی بۆ دەقەکە هەبێت ..! پەیوەندی فۆرم و ناوەڕۆک
پەیوەندییەکی هاوتەریب و دانەبڕاوە ، هەروەک لای فۆرمالیستەکان ( ئەم
دووانەیان واتە " شێوە و ناوەڕۆک " یان لە بەرزترین ئاستدا ڕاگرتووە ،
بە بڕوای ئەوان ( ناوەڕۆک بە تەواوی بزوێنەری شێوەیە ...! ) ، بەبڕوای
من دەیانەوێت بڵێن / هەموو ئەو فۆڕمانەی ئاستێکی بەرزی جوانییان
بەرجەستە کردووە ، ناوەڕۆکێکی جوانیش بەرجەستە دەکەن هەرچەندە
ناوەڕۆکەکە نادیاریش بێت ، کەواتە / هیچ فۆرمێکی جوان نییە ناوەڕۆکێکی
جوانیشی نەبێت ...! واتە / ناوەڕۆک بە نادیاری بزواندن و کردە و
کاریخۆی دەکات ، لە گریمانەیەکدا / ئەگەر دەقێک فۆرمێکی جوانی هەبوو
بەڵام ، ناوەڕۆکەکەی بە توانا مەعریفیی و سەلیقە شیعرییەکەی خوێنەرێک
دەرنەکەوت و بە نادیاری مایەوە ، ڕەنگە ( ئەو خوێنەرە یان هەندێک لە
خوێنەرەکان بڵێن / ئەم دەقە تەمومژاییەوە و هیچ مانا و ناوەڕۆکێکی نییە
...! ) ، هەروەکو گوتمان / هیچ دەقێک بێناوەڕۆک نییە بەڵام ، ناوەڕۆک
بوونێکی نادیاری هەیە ، ئەگەر لای کەسێک وا دەرکەوت ئەو دەقە بێناوەڕۆک
و بێمانایە ، دەکرێ (یەکێک ) لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوەبێت کە ( ئەم
دەقە بێمانا و بێناوەڕۆکە ...! ) ، چونکە ئەوە ( خوێندنەوەی کەسێکە )
یان خوێنەرێکە بۆ ئەو دەقە ..! دەکرێ ئەوەش یەکێک بێت لە خوێندنەوەکان
...! یان یەکێک لە مانا و ناوەڕۆکەکەی ئەوە بێت ..! دەکرێ ئاسایی بێ کە
نەتوانین تیشک بخەینە سەر تاریکایی دەقێک و ناوەڕۆکەکەی دەربخەین ،
بەڵام ئەوە ئاسایی نییە ، کە بڵێین / ئەو دەقە دەقێکی بێمانا و بێ
ناوەڕۆکە چونکە تەمومژاوییە ، یان شاعیر ڕەچاوی سیستەمی ڕیزمانی و
خاڵبەندی نەکردووە ، بە بڕوای من / بەر لەهەر شتێک دەستەواژەی ( تەمومژ
) ، بۆ دەقی شیعری دەستەواژەیەکی نادروستە ، من دەمێکە لە دیمانەکان و
نووسینەکانم زێتر لە جارێک ئەم دەستەواژەم ڕەتکردۆتەوە ، چونکە /
هۆکارەکەش ئەوەبووە کە / هیچ دەقێک تەمومژاوەی نییە ، ئەوە (
چڕبوونەوەی زمانە ) لە ئاستێکی بەرزدا نەک تەمومژ ...! ، یان ئەوە
توندوتۆڵی پەیوەندییەکانی نێوان وشە و چەمک و هێماکانە نەک تەمومژ ...
! واتە / داهێنەرانە هونەرکاریکردنە لە زمان ..! دەبێ ئەوەمان لەبیر
بێت کە / شیعر لەبنەڕەتدا ئیشکردنە لەسەر زمان و بایەخدانە بە
بنیادەکانی زمان بەڵام ، لەچوارچێوەی زمانی شیعری و ڕووبەری شیعردا .
هەروەها شاعیر بۆ بەرهەمهێنانی دەقێکی نوێ یان هەردەقێک / تەواو
سەربەست و ئازادە لە بەرامبەر زمان ، دەتوانێ پابەند نەبێت بە سیستەمی
ڕێزمانی و خاڵبەندی و بە هیچ جۆرە سیستەمێک ، بۆئەوەی تەواو دەست
ئاوەڵاو کراوە بێت .. ! وەک چۆن / شاعیر پێویستە ئازاد و سەربەست بێت
لە بەرامبەر بەکارهێنانی زمان و یان بوونێکی ئازاد بێت و نەکەوێتە ژێر
کاریگەری هیچ دەسەڵات و هێز و بوونێکی دەرەکی ، بەهەمانشێوە / زمانیش
بە هەموو وشە و چەمک و دەستەواژە شیعرییەکانەوە دەبێ ئازاد بن و
ڕووتببنەوە لە هەموو مانا پێشوەختەکان و مانا فەرهەنگییەکان ، دەمەوێت
ئەوە بڵێم / وەکچۆن کۆرپە لە چرکەساتی لەدایکبوون ڕووتوقووت هەڵگری هیچ
ناوەڕۆک و شوناسێک نییە ، وشە و چەمکە شیعرییەکانیش لەنێو زمانی
شیعریدا بەهەمانشێوە ...! چونکە ( ناشێت ناوەڕۆک بە ئاسانی بچەسپێندرێ
، هەروەک ناشێت هەرگیز مانا ئامادەبوونێکی تەواوی هەبێت لە هیچ تاکە
ئاماژەیەکدا بەڵکو مانا یان ناوەڕۆک زێتر جۆرێکە لە جووڵە و
پڕیشکدانەوەی بەردەوامی نێوان ئامادەبوون و نائامادەبوون ...! ) ،
هەروەها شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە و شاعیر لە ڕێگەی زمانی شیعرییەوە
دەتوانێ قسە لەسەر هەر شتێک بکات و هەر وشەیەک بەکاربهێنێ ، هەڵەیەکی
گەورە دەکەین گەر وابزانین هەندێک لە وشەکان شیعری نین ، وا پێویست
دەکات شاعیر خۆی لە بەکارهێنانی ئەو وشانە بە دووربگرێ ..! یان بەهۆی
مانا فەرهەنگی و ناوەڕۆکە پێشوەختەکان خوێندنەوە بۆ وشە و چەمکەکان
بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم / کاتێک لە دەقێکدا وشەی ( حۆری ) ببینین
خەیاڵمان بۆ ( بەهەشت ) و وشەی ( جەلاد )یش خەیاڵمان بۆ ( زیندان )
بڕوات ...! ئێمە گوتمان / بۆ نووسینی دەقێکی نوێ دەبێت وشەکان لە
ناوەڕۆکە کۆنەکان بەتاڵبکەینەوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تازە لەنێو وشە
و چەمکەکان و دەستەواژەکان دابمەزرێنین ...! جا ئەگەر بێت و دەقێک
ڕەتکەینەوە بە دەلیلی تەمومژاوی و نادیاری و دەرنەکەوتنی ناوەڕۆك /
ئەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ئێمە لەبەرامبەر ڕەخنەیەکی جدی و ( لە
بەرامبەر شەڕێکی فکریدا نین ...! ) ، چونکە هەموو تێکستێک بریتییە لە /
بونیادێکی ئیستاتیکی نێو ڕووبەر و قەوارەیەکی زمانەوانی ، هەروەک لە
کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) تێری ئیگڵتن دا هاتووە ، ( مانای ڕستەیەک
بەردەوام شتێکە لە چاوەڕوانی هاتن دایە ، واتە شتێکی دواخراو یان هێشتا
چاوەڕێکراو ، ( دالێک ) واتە وشەیەک من دەداتە دەستی دالێکی تر ، ئەویش
بە دالێکی ترم دەسپێرێ ، مانا پێشترەکان لەلایەن ماناکانی دواترەوە (
هەموار ) دەکرێنەوە ، سەرباری ئەوەش / کە ڕستەیەک کۆتایی دێت ، بەڵام
زمان خۆی کۆتایی نایەت ، هەمیشە مانای زێتر هەیە کە مانای یەکەمی
لێیەوە هاتووە...! ) ، بۆ نموونە ئەگەر بڵێین ( شادی ) مانای چییە ؟
دەکرێ بڵێین ( دڵخۆشی ) دەکرێ دڵخۆشی مانایەک بێت بۆ شادی بەڵام ،
دڵخۆشیش خۆی وشەیەکە بەدوای مانایتردا دەگەڕێت ، بۆیە لەسەرەوە هاتووە
( دالێک من دەداتە دەستی دالێکی تر و ئەویش بە دالێکیترم دەسپێری ...!
) ، چونکە لە بنەڕەتدا ناوەڕۆک و ماناکان کۆتاییان پێنایە ، هەروەها
باکڕاوند و مەعریفەی شاعیر دەبێتە چوارچێوەیەکی تیۆریزەکراوی فیکری و
فەلسەفی لەنێو ڕووبەری نادیاری دەقدا ، چونکە شاعیر لەنێو پڕۆسەیەکی
داهێنان و نوێگەردا لەنێو بونیادی دەق جیهانێکی تازە و جیهانێکی تایبەت
بە خۆیمان پێشکەش دەکات . دواجاریش / ئەوە خوێنەرە دەتوانێ ئەو جیهانە
نوێیە و نادیارە کەشف بکات . هەروەها هەر دەقێکی شیعریش لەنێو
ڕووبەرێکی نادیاردا بوونێکی کراوەو بەردەوامی هەیە .
__________________________________________________________
• بۆ نووسینی ئەم
بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانەی خوارەوە بینیوە:
- (بوون و داهێنان) نووسینی: د. محەمەد کەمال.
- (تیۆری ئەدەبی) نووسینی: تێری ئیگڵتن، و: عەتا قەرەداغی.
- (لە دیارەوە بۆ نادیار) نووسینی: بەختیار عەلی.
- (ئەفسانەی سیزیف) نووسینی: ئەلبێر کامۆ، و: ئازاد بەرزنجی.
__________________________________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/cemkeshihriyekan1.htm
سەرەتای تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|