١٣\١١\٢٠٢٠
چەمکە شیعرییەکان
و پەنجەرەیەک بۆ روانین.

ناڵە حەسەن
- بەشی
سێیەم -
- شیعر و (نەرجسییەت).
- شیعر و (ناخودئاگایی).
- شیعر و (ئیرۆسییەت) یان شیعر و (ژایاندۆستی).
- شیعر و (نەرجسییەت).
هەوڵدەدەین لەم وتارەمان بە کورتی پەیوەندی شیعر بە ( نەرجسییەت ) یان
بیرکردنەوەی شاعیر بەم چەمکەوە ڕوونبکەینەوە ، نەرجسییەت مێژوویەکی
کۆنی هەیە و لە ئەفسانەی یۆنانییەوە وەرگیراوە ، ماناکەی ( خۆشەویستی
بۆ خود ) یان ( بەرز لەخۆ ڕوانین ) دێت ، هەروەک لە کتێبی ( نەرجسیەت )یش
دا هاتووە ، بیرمەندی دەروونناس ( تیۆدۆر ئای ڕۆبین ) دەڵێت ، ( کەسی
نەرجسی لە دنیای تایبەتی خۆیدا دەژی و پێیوایە هەموو دنیا هی ئەوە ..!
) ، پێویستە لەوەش ئاگادار بین کە نەرجسییەت پێنج جۆری هەیە ، تەنها
دوو جۆری بە شێوەیەکی سروشتی لە کەسانی ئاسایی و لەکەسە داهێنەرەکان دا
هەن ، ئەوانیش جۆرەکانی ( ئەدگاری نەرجسییەتی نێرایەتی ، ئەدگاری
نەرجسییەتی ) ، بۆ ئەم وتارەمان ئەم دوو جۆرە جێگای مەبەستی ئێمەن ،
بەڵام سێ جۆرەکانیتری نەرجسییەت ( کەسایەتی سنووردار ، کەسایەتی دەروون
نەخۆش ، کەسایەتی گومانکردوو ) ئەم سێ جۆرە زێتر ڕۆچوون و
سەرسامبوونێکە بەخۆد تا ئاستی سنووربەزاندن و توشبوون بە نەخۆشییە
دەروونییەکان ، ئێمە لێرەدا پیویستمان بەوە نییە زۆر هەڵوێستە لەسەر
ئەم بەشەیان بکەین ، تەنها خاڵێک بە پێویستی دەزانم ئەویش ئەوەیە ،
کەسە دیکتاتۆرەکان ئەوکەسانەن کە کەسی دەروون نەخۆشن نەرجسییەتەکەیان
لە ئاستێکی سنووبەزاندندایە ، بۆیە دەبینین ئەوکەسانە زۆرترین تاوان
ئەنجام دەدەن بەبێئەوەی پەشیمان ببنەوە و یان خۆیان بە تاوانبار بزانن
...! لەبەرئەوەی ئەو کەسانە تەنها بە ئاراستەی مێشک یان
بیرکردنەوەکانییان ئیشدەکەن و بڕیار دەدەن ، لووتبەرزی و
سەرسامبوونییان بە خود هەست و سۆزییان دەکوژێت ، بۆیە تەنها بە مێشک
بڕیار دەدەن نەک بەدڵ و هەست و سۆز ..! بەڵام شیعر لەگەڵ ئەمجۆرەی
نەرجسییەت ناتەبا و دژ دێتەوە ، چونکە لە پڕۆسەی نووسینی شیعر فیکر و
هەست پێکەوە ئیشدەکەن و هاوتەریب دەڕۆن . هاوکات خاڵێکیتر بە پێویستی
دەزانم لەبەرامبەر ئەوبەشەی نەرجسییەت ئەویش ئەوەیە کە / ( هیستریا ) و
( نەرجسییەتی دەروون نەخۆش ) هەردووکیان باری نائاسایی و نەخۆشی
دەروونین ، بەڵام خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە کە سنووری ئەم دووانە لە
یەکتری جیا دەکاتەوە ئەویش / کەسە هیستریکەکان کاتێک تاوانێک دەکەن
بەدواید هەست بە گوناه و تاوان دەکەن و پەشیمان دەبنەوە بەڵام ، کەسە
نەرجسییە دەروون نەخۆشەکان نە هەست بە تاوان دەکەن نە پەشیمانیش
دەبنەوە ...! جا لێرەوە دەگەڕێینەوە لای پەیوەندی نێوان شیعر و
نەرجسییەت ، چەند پرسیارێک دەکەین / ئایا پێویستە شاعیر نەرجسییەتی
هەبێت ؟ یان خۆشەویستییەکەی بۆ خود هێندە بێت ، بەرز لەخۆی بڕوانێت ؟
یان منی خۆی وەک منێکی باڵا وێنە بکات ..؟ من بۆ هەموو ئەمانە لە
وەڵامدا دەڵێم ( بەڵێ ..! ) . ئەویش بە چەند هۆکارێک ، لە خوارەوە
هەوڵدەدەین هۆکارەکان باسبکەین . بەڵی / شاعیر لەنێو ڕووبەری شیعرو
داهێنان پێویست دەکات خۆشەویستی بۆخود هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانیت
چونکە ، شیعر و داهێنان بەهایەکی گەورەیان هەیە ، شاعیر پێویست دەکات
لەنێو شیعرەکانی ( منی خۆی ) وەک منێکی باڵا ببینێ ، کەسێکی خودان هێز
و سوپەرمانی ، وەک ئەو کەسە باڵا و بەهێزەی ( نێتچە ) بانگەشەی بۆ
دەکات ، وەک مرۆڤێکی داهێنەر خۆی لەو ئاستە بەرزە ببینێت کە ،
نەچەمێتەوە بۆ هیچ دەسەڵات و میر و حاکمێک ، یان بە مانایەکیتر نەبێتە
( کەوچکی نێو پیاڵەی هیچ دەسەڵاتێک ..! ) ، ( تەنها و تەنها ) خۆی بێت
و جووڵەکانی لەژێر کاریگەری ئارەزووەکانی خۆی ئاراستە وەربگرن . واتە
کەسێکی ( کۆیلە و نامۆ ) نەبێت . ئێمە لە بەشەکانی پێشتری ئەم
نووسینەمان گتومانە / کەسە ( نامۆکان ) ناتوانن داهێنان بکەن یان
داهێنانەکانییان دەکەونە ژێر پرسیارەوە ..! بەڵێ کەسی شاعیر دەبێ هێندە
خۆشەویستی بۆخۆی هەبێت و بەرز لەخۆی بڕوانێ کە ، لەوە تێبگات مرۆڤ
هۆشمەندترین بوونەوەرە و ئاستی تێڕوانینی بۆ ( ژیان و مرۆڤ و داهێنان )
بەرز بێت ، دەبێ لەوە تێبگات مرۆڤ لە ڕێگەی داهێنانەکانی مانایەک بە
بوونی خۆی دەبەخشێ و بەهای مرۆڤیش لە سەرووی هەموو بەهاکانەوەیە بەڵام
، دەبێت وریا بێت لەوەی نەرجسییەتەکەی نەگاتە ئاستی سنووربەزاندن و نێو
رووبەری نەخۆشییە دەروونییەکان ، هاوکات لەوەش دڵنیا بێت نەرجسییەت و
بەرز لەخۆڕوانین تێکەڵاوی ( لەخۆباییبوون ) نەکات ، چونکە ئەو
شاعیرانەی لەخۆیانبایی دەبن بەتایبەت ( هەندێک ) لە شاعیرە خاوەن
ئەزمونەکان ، خۆیان لەسەرووی خەڵکانی تروە دەبینن و پێیانوایە ئەوان
باشترینن ، بەڵام ئەوان ئەوەیان بیرچۆتەوە کە شیعر ئیش لەسەر جوانی
دەکات و جوانیش بوونێک یان چەمکێکی ( ڕیژەیی ) هەیە یان زۆرجار ،
ئەمجۆرە شاعیرانە بەرگەی هیچ جۆرە تێبینی و ڕەخنەیەک ناگرن ، واتە
مەبەستمە بڵێم لەنێو ڕووبەری ( شیعر و داهێنان ) باشترین بوونی نییە ،
دەکرێ کەسە داهێنەرە گەورەکان ( یەکێک بن ) لە هەرە داهێنەرەکان ، یان
هەرە باشەکان ، خاڵێکیتر کەسە لەخۆباییەکان هەمیشە پێیانوایە ئەوان
گەیشتوونەتە لوتکە بەڵام ، بیئاگا لەوەی هەموو گەیشتنە لوتکەیەکیش
هاتنەخوارەوەی بەدوادایە ...! ئەمەش جۆرە بەدحاڵیبوونێکە بۆ ڕووبەری
شیعر و داهێنان ، ئێمە لە کتێبی ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) بە ڕۆشنی
باسمان لە ڕووبەری شیعر و داهێنان کردووە ، بەومانایەی نا ، کە
مەبەستمان بێت بازنەیەک بەدەوری ڕووبەری شیعر بکێشین ، بۆیە هەر لەم
کتێبە بە ڕۆشنی گتومانە / شیعر جووڵەیەکی بەردەوامی ئیستاتیکییە ..!
مادام جووڵەیەکی بەردەوامە دەبێ لە نێو ڕووبەرێکی کراوەدا بێت ، واتە
رووبەری شیعر و داهێنان ڕووبەرێکی بەرینی کراوەن ، بەمانایەک گەر بە
دەریایەک وێنای بکەین دەڵێین / دەریایەکی بێبن و ئەوبەریشی کراوەو و
نادیارە ، هیچ کام لە داهێنەرێکان تا ئێستا نەگەیشتوونەنەتە بنی بنەوەی
قووڵاییەکان و یان ئەوبەری ڕووبەری دەریاکە ، لەبەرئەوەی هەموو
مرۆڤەکان دەگەنە خاڵێک کە لەوێدا داهێنانەکانییان دەوەستێ ، ئەویش خاڵی
مردنە ، چونکە مردن کۆتایی بە پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت ، بۆیە تا ئێستا
هیچکام لە داهێنەرەکان نەگەیشتوونەتە تەواوی ئاستی کەمال ، بە شەیکسپیر
و دەستۆفسکی ) شەوە ، بۆیە لەنێو ڕووبەری شیعر و داهێناندا / نە
باشترین بوونی هەیە نە گەیشتن بە لوتکە ، لەبەر ئەم هۆیانەی باسمان
کردن ، زۆر گرینگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی نێوان
چەمکەکانی ( شیعر و نەرجسییەت )دا بکەین و خۆشەویستی و تێڕوانینمان بۆ
خود لە ئاستێکی بەرزدا بێت.
- شیعر و (ناخودئاگایی).
( سیگمۆند فرۆید ) لە تیۆری دەروونشیکاری خۆی بۆ کەسایەتی ، بەم شێوەیە
باس لە ناخودئاگایی دەکات و پێیوایە کە ، ڕووبەرێکی تاریکە شوێنی
هەستەکان و حەز و ئارەزووەکان و بیرکردنەوە و خەون و ئومێدەکان و یان
یادەوەرییەکانی دەرەوەی ئاگایی مرۆڤە ، هەروەها فرۆید وایدەبینێ کە ئەم
ڕووبەرە واتە ( ناخودئاگایی ) ، بە بەردەوامی کاریگەری هەیە بەسەر
ڕەفتار و جووڵە و کار و کردەوە و بیرکردنەوەکانی مرۆڤ ، هاوکات باس
لەوەش دەکات کە / ( خەون ) ئەویش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناخودئاگاییەوە
هەیە ، بۆیە ( فرۆید ) گرینگی بە خەونەکان داوە و ئیشی لەسەرکردوون و
شیکردنەوەی بۆ کردوون ، چونکە باوەڕیوابوو / ئەو حەز و ئارەزوو و
مەیلانەی لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەستەبەرنابن لە ڕووبەری ناخودئاگایی
دەمێننەوە و لە کاتی نائاگایی لە خەونەکاندا دەردەکەون ، دەبینین کە
ناخودئاگایی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەسایەتی و بە خەونەکانی مرۆڤەوە
هەیە ، پێویستە ئەوەش بزانین دەربارەی کەسێتی هەروەک لە کتێبی ( لەگەڵ
سایکۆلۆژیادا هاتووە ) ، ( کە کەسێتی ، لە حەقیقەتدا مرۆڤ خۆی نییە ،
بەڵکو ئەو ڕوخسارەیە کە لەبەردەم خەڵکدا خۆی پێیەوە نمایش دەکات و
ڕەفتار دەنوێنێت ..) ، ( کەواتە کەسێتی دەمامکێکە دەیپۆشین ، ئەو
ڕوخسارەیە ڕەفتارەکانمانی پێدەنوێنین و مامەڵەی پێدەکەین ..! ) ،
بەمانایەکیتر / کەسێتی ئەوخودە کۆمەڵایەتییەیە یان ڕۆڵی تاکە لە
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا ، کەواتە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە /
کەسایەتی حەقیقەتی بوون نییە ، چونکە بوونی مرۆڤ لەسەرەتاوە بێناوەڕۆک
و بێمانەیە ، بەڵکو مرۆڤ لە ڕیگەی هەوڵ و داهێنانەکانی مانایەک بە
بوونی خۆی دەبەخشێ ، دەتوانین بڵێین کەسایەتی / ئەو دەمامکەیە کە مرۆڤ
بوونی خۆی پێ نمایشدەکات . لێرەدا دەبینین کە کەسایەتی مرۆڤ و خەون و
بیرکردنەوەکانی ، هەمووی لەژێر کاریگەری باری دەروونی بەتایبەت
ناخودئاگایی دان ، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە پەیوەندی ئەم ڕووبەرەی
ناخودئاگایی لەگەڵ شیعر باسبکەین و لایەنە گرینگەکانی بە دەربخەین .
شاعیر لە پڕۆسەی نووسینی شیعر / لە ڕیگەی بیرکردنەوەکانی لە دەوروبەرو
لە دنیای واقیع دادەبڕێ ، بۆ نێو ڕووبەری خەیاڵ دوور دوور دەڕوات ،
لەنێو ئەو ڕووبەرە نادیار و تاریکەی خەیاڵدا ، بوخچەی ئارەزووەکانی
دەکاتەوە / خەونەکانی ، مەیل و حەرەزووەکانی ، یادەوارەرییەکانی ،
منداڵی و ڕۆژانی تێپەڕیو ، کە ئەمانە لەنێو رووبەری ناخودئاگایی خۆیدا
هەڵیگرتوون ، لەنێو ئەو ڕووبەرە تاریکەی خەیاڵدا ڕووبەری ناخودئاگایی
گرێی بوخچەکانی خۆی دەکاتەوە ، لەو چرکە ساتە ئەم ڕووبەرە تەواوی مێشکی
شاعیر کۆنترۆڵ دەکات و هاوکات بیرکردنەوە و خەیاڵەکانیشی ، بۆیە ئەم
رووبەرە ناخودئاگاییە تەعبیر لە بوون و شوناسی شاعیرەکە دەکەن . بۆیە
دەتوانین بڵێین / شیعر لەو ساتەدا نووسینەوەی ئاوێزانبوونی
ناخودئاگاییە لەنێو رووبەری خەیاڵ و گەڕانەکانی شاعیردا ، هاوکات
ئیشکردن لەسەر قوڵاییەکانی خەیاڵ و قووڵاییەکانی ناوەوەی خودیش
گرینگییەکی ناوازەی هەیە بۆ شیعر . هەروەک لە نووسینەکانیترمان باسمان
لەوەکردووە کە / لە دوای ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم واتە ، لە قوتابخانە
سەرەتاییەکانی مۆدێرنە ، وەک قوتابخانەکانی ( هونەر بۆ هونەر ) و (
سومبولیزم ) و ( دادایی ) و ( سوریالیزم ) و ئەوانیتریش .. کە تەنها
جیاوازییان لە ڕووی فۆرم و زمانەوە نەبوو لەگەڵ قوتابخانە ئەدەبییەکانی
پێشخۆیان بە تایبەت ، ( ڕۆمانسیزم ) و ( ڕیالیزم ) بەڵکو ،
جیاوازییەکیتری جەوهەری هەبوو ئەویش ، لە قوتابخانە ئەدەبییەکانی
مۆدێرنە زێتر گرنگیدرا بە خود واتە لەنێو شیعر و ئەدەبەکانییان زێتر
ئیشییان لەسەر خود و ناوەوەی خۆیان دەکرد ، گرینگی زۆریان بە خەون و
هێماکان دەدا ، ئەم ئیشکردنە لەسەر ( خود ) و خەون و ناوەوەی خود لەلای
سوریالیستەکان بە لوتکە گەیشت ، چونکە سوریالیستەکان بە فۆرمی (
ئۆتۆماتیزم ) ئیشییان دەکرد واتە ،( تەقاندنەوەی ناوەوەی خود یان باری
ناخودئاگایی ) ، بۆیە لە نێو شیعر و تابلۆ و نیگارەکانییان بە چڕی
ئیشییان لەسەر خەون دەکرد ، تا ئەو ئەندازەیەی ( سلفادۆر دالی )
وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت ،( ژیانی ڕاستەقینە یان حەقیقەتی
ژیان لەنێو خەونەکان دایە ..! ) ، واتە ئەو واقیعەی تیایا دەژین ئەوە
حەقییەتی ژیانی مرۆڤەکان و شایستە بە مرۆڤەکان نییە ...! بۆیە دەبینین
تابلۆکانی ( سلفادۆر دالی ) بە شێوەی سەیر و سەمەرە کێشراون چونکە
وێنەی خەونەکانی خۆی ڕەسمکردوون . یان شاعیرەکان لەکاتی نووسینی
شیعرەکانییان ، کاتێک دەکەوتنە نێو قووڵایی خەیاڵەکانییان ، لە
چرکەساتی تەواوبوونی دەقەکانییان قەڵەمەکانییان دادەنا و چیتر
دەستکارییان نەدەکردن ، چونکە باوەڕییان وابوو کە شیعر نووسینەوەی
چرکەساتەکانی نێو رووبەری خەون و خەیاڵ و باری ناخودئاگاییەکانە ،
تێکهەڵکێشییان نەدەکرد بە باری واقیع و ئاگایی خود ، هاوکات لەگەڵ ئەم
بارە دەروونیانە و گرینگیدان بە زمان و ئیشکردن لە سەر دوالیزمەکان و
چەمکە دژەکان و هیما و میتافۆرەکان و گومان و پرسیار و پێکهاتەکانیتری
زمان ، هەموو ئەمانە قووڵایی و بڕستێکی بێوێنە بە دەقە شیعرییەکان
دەبەخشن ، لێرەدا دەبینین باری دەروونی ناخودئاگایی چ کاریگەرییەک و
ڕۆڵێک دەگێڕێ لە پرۆسەی نووسینی شیعر ، بۆیە هەموو ئەو دەقانەی لەنێو
ڕووبەری خەیاڵ زێتر ڕۆدەچن ، دەبینین قووڵایی زیاتر بە ناوەڕۆک و بە
پێکهاتەی دەقەکە دەبەخشن ، چونکە گەیشتن بە رووبەرە تاریکەکانی خەیاڵ
گەیشتنە بە ڕووبەرە تاریکەکانی ناوەوەی خود و ڕووبەرە تاریکەکانی
ناخودئاگایی . بۆیە زمانی شیعر زمانی چرکەساتەکانی وڕینەکردنە ، چونکە
مرۆڤەکان لەکاتی وڕێنەکردندا بە قووڵی لەژێر باری دەروونی
ناخودئاگاییدا دەبن ، دەتوانین بڵێین زۆرجاران / شیعر هیچ پەیوەندییەکی
بە واقیعی ڕۆژ نییە ، لەڕێگەی ئیشکردن لەسەر ناوەوەی خود و باری
ناخودئاگایی و هەڵدانەوەی مەیل و ئارەزوو و خەونەکان و یادەوەرییەکان و
ئومێدە کەڵەکەبووەکانەوە لەوێدا ، بەواقیع پەیوەست دەبێتەوە ، چونکە لە
بنەڕەتدا / مەیل و ئارەزوو و خەون و یادەوەرییە لەسەریەک دانراوەکانی
نێو ڕووبەری ناخودئاگایی کەسەکان ، بەرهەمی واقیعێکی ناتەبا و نەشیا و
ناشایستەن بە مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤبوون . لەبەرئەوەی لە کولتوور
و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو ، مرۆڤەکان خەون و ئارەزوو و مەیلەکانییان ،
یان کێشە و ئومێدەکانییان لەیەکەوە نزیکن ، بۆیە زۆرجاران لەنێو دەقێکی
شیعری یان دەقێکی ئەدەبی دەبینین بە سەدان یان هەزاران خوێنەر خۆی
لەنیو دەقەکەدا دەبینێتەوە ، هۆکارەکەی زێتر ئەوەیە کە / شیعر یان دەقە
ئەدەبییەکان ، بە تۆخی ئیش لەسەر ناوەوەی خود و باری ( ناخودئاگایی )
دەکەن .
- شیعر و (ئیرۆسییەت) یان شیعر و (ژیاندۆستی).
( ئیرۆس و ساناتۆس ) دووچەمکی ناتەباو دژبەیەکن ، ( فرۆید ) وا
خوێندنەوەی بۆ کردوون کە ، ( ئیرۆس ) غەریزەیەکە مامەڵە دەکات لەگەڵ
بنەما بنچینەییەکان و هاوکات ، پەیوەندی هەیە بە چێژ و هەستە
ئیرۆتیکیەکان ، وەک هێزێکی بەرگریکارە لە مرۆڤ بۆ مانەوە و گەشەکردن ،
دواجار بە غەریزەی ( ژیاندۆستی ) ناوی دەبات ، لە بەرامبەردا غەریزەی (
ساناتۆس ) هەیە ، کە وەک هێزێکی دژ و مەیلی کاوڵکاری و شەڕانگیزی هەیە
، ئەویشی بە غەریزەی ( ساناتۆس ) ناوبردووە ، واتە ( مەرگدۆستی ) ،
ئێمە لێرەدا باس لە پەیوەندییەکانی ( شیعر و ئیرۆسییەت ) یان ( شیعر و
ژیاندۆستی ) دەکەین . بەو پێیەی شیعر ئیش لەسەر جوانی دەکات و ئامانجی
بەرهەمهێنانی جوانییە ، بۆیە تەریبە لەگەڵ ژیان و هاوکات لەگەڵ مرۆڤ و
بەهامرۆییەکان . مەبەستمە بڵێم کاتێک شیعر و داهێنان چرۆی
جوانییەکانیان دەردەکەوێت ، ئەوکاتەی کە لەنێو ناواخنی خۆیان یان بەو
ئاراستەیە کاربکەن کە / بەهای مرۆڤ لەسەرووی هەموو بەهاکانەوە ببینن ،
ژیانیش بەبێ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی مرۆڤ هەموو جوانییەکانی خۆی لە دەست
دەدات ، بێگومان دەرخستن و بەرهەمهێنانی ئەو جوانییەش لە شیعردا ، لە
ڕێگەی هونەرکاریکردن لە زمانەوە دەبێت ، ئەگەر بە خێرایی چاوێک بە
ڕابردوو و مێژوودا بخشێنین ، یەکێک لە هەڵە گەورەکانی مرۆڤ ئەوە بووە
کە / تا ئێستا نەیتوانیوە چێژ یان سوود لە جوانییەکانی ژیان ببینێت ،
یان بەو ڕێگایەدا بڕوات کە ژیان بگەیەنێت بە کەناری ئارامی ، هەمیشە
ژیانی بە ئاقار و ڕێگا ناشرینییەکاندا بردووە ، هەمیشە ململانێکان و
پەیوەندییەکان ناتەندروستبوون ، ئاکامی نەخوازراوییان لێکەوتۆتەوە ،
هیچکاتێک بەو هاوکێشەیە کاریان نەکردووە کە / ( بەشێک ) لە حەقیقەتەکان
لە لای منە نەک ( هەموو ) ...! ، هەمیشە خۆیان وابینیوە کە خاوەن
حەقیقەتی ڕەها و ئەوانیتریش ( هیچ ) ، واتە لە کێشمەکێشمی نێوان
غەریزەکانی ( ئیرۆس ) و ( ساناتۆس ) دا ، هەمیشە هێزی ( ساناتۆس )
لەمرۆڤدا زاڵ بووە ، واتە مەیلی جەنگ و کاوڵکاری و لەناوبردن یان مەیلی
خۆپەرستی و تاکڕەوی ئامادەیی هەبووە ، ئەوەش مێژوویەکی درێژی هەیە ، لە
ڕۆژگارە هەرە سەرەتاییەکان کە بە ڕۆژگاری ( کۆمۆنەی سەرەتایی )
ناوبراوە لە مێژوودا ، لە دوا ڕۆژەکانی ئەو قۆناغە سەرەتاییە کاتێک /
ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە ( ملکدارێتی گشتییەوە ) دەگۆڕیت بۆ (
ملکدارێتی تایبەت ) ، لەوێوە چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە
دەستپێدەکات و جەنگ و کوشتن و کاوڵکارییەکان ، لەوێوە درێژەیان دەبێت ،
قۆناغە یەکبەدوای یەکەکانی مێژووش وەک ( کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و
سەرمایەداری ) بەدوای خۆیدا دەهێنێت ، ئەم قۆناغانەی مێژوو و
پەیوەندییەکانی تاکەکان ، لە ئەدەبیاتی ( مارکس ) بە ڕۆشنی باسکراوە ،
واتە ئەوە مرۆڤ خۆیەتی ژیان ناشیرین دەکات یان ڕیزبەندی و چینەکان لە
کۆمەڵدا دروست دەکات ، نەک ئەوەی چینەکان و ڕیزبەندییەکانی تاک ، یان
ئەوەی کە ناشیرینیەکان لەنێو ژیاندا پێشوەخەتە ئامادەییان هەبووبێت .
شیعریش وەک بەرهەمی بیری مرۆڤ ، وەک جووڵە و پێکهاتەیەکی ئیستاتیکی ،
لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی جوانی دەبێتە سەرچاوەی ئارامبوونەوە و چێژبەخشین
، بۆیە غەریزەی ( ئیرۆس ) هەمیشە لەنێو شیعر ئامادەیی هەیە ، چونکە
شیعر لە سەنگەری ژیان دایە بەڵام ، ئەوە بەو مانایە نایە کە شیعر
بکرێتە هۆکار و بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێندرێت ، جا ئەو مەبەستە
هەرچییەک بێت ..! لەڕیگەی شیعر مرۆڤ دەتوانێ بیر لەخەون و ئومێدە
جوانەکانی بکاتەوە ، ئەدەب دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات کە بیر لە ئازادی و
ڕزگاری و جوانییەکانی ژیان بکاتەوە . دەمێکیشە گتومانە ( شیعر فۆرمێکی
بێدەنگ نییە ...! ) ، بەمانای شیعر لەگەڵ ژیان و بوونی مرڤ دایە ،
لێرەدا / دەمەوێت قسە لەبارەی ئەوە بکەم کە ، هەرچەندە شاعیر لەنێو
شیعرەکانی باس لەنائومێدیش بکات ، بەڵام مەبەستی رەشبینی و گەیشتن بە
خاڵیی ( پووچی ) ، واتە ( ئەبسێرد و نەهیلیزم ) نییە ، چونکە گەیشتن بە
خاڵی ( پووچی ) واتە گەیشتن بەو ڕەشبینیی و نائومێدییەی یان بەو
دەرئەنجامەی کە / ژیان ئەوە ناهێنێ یان ئەو بەهایەی تیا نەماوە کە بۆی
بژیت ، بۆیە ئەو مرۆڤانەی بەو ئەنجامە دەگەن زۆربەیان پەنا بۆ خۆکوشتن
و کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان دەهێنن ، یان کەنارگیر وەک جەستەیەکی
مردوو و وەک ڕۆحێکی وشک و خاڵی لە هەموو ئومێدێک و هیوایەک دەمێننەوە ،
بەڵام شیعر لەگەڵ خۆکوشتن و ڕەشبینی دا نییە ، چونکە مردن کۆتایی
هێنانە بە هەموو پڕۆژەکانی بوون بە شیعریشەوە ...! . ئێمە بە دژی
ئازادی هیچ کەسێک ناوەستینەوە چونکە ، ئازادی ئەوکاتە مانای هەیە کاتێک
مرۆڤەکان مومارەسەی بکەن ، چونکە لە دەرەوەی مومارەسەکردن ( ئازیدی )ش
وشەیەکە تەنها لە چەند پیتێک پێکهاتووە و هیچیتر ، بۆیە کەسەکان ئازادن
چۆن بیردەکەنەوە یان چۆن مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆیان و ژیانی خۆیان
دەکەن . بەڵام ئێمە باس لە ( شیعر و ئامانجی شیعر ) دەکەین ، نەک لە
بیرکردنەوەی شاعیرێکی دیاریکراو یان نەک شاعیرێکی ( ڕەشبین و بێ هیوا )
. ( ئەلبێر کامۆ ) لە کتێبی ( ئەفسانەی سیزیف )دا دەڵێ / ( پووچی لەناو
مرۆڤدا نییە ، لە جیهانیش دا نییە ، بەڵکو لە سای بوونی هەردووکیان
هەیە ، پووچی ئەو پەیوەندییەیە کە ئەم دووانە پێکەوە دەبەستێتەوە ..! )
، ئێمە گوتمان ژیان لە بنەڕەتدا ڕەنگڕێژ نییە بە ناشیرینییەکان هاوکات
مرۆڤیش ، بەمانای پووچی و هەموو دیاردە دزێو و ناشیرینیەکان لە ئەنجامی
بەیەکەوەبوون یان پەیوەندی نێوان ( ژیان و مرۆڤ ) یان پەیوەندی ( مرۆڤ
و جیهان ) هاتوونەتە بوون ، پووچی یان دیاردە نێگەتیڤەکان بەرئەنجامی
جووڵە و پەیوەندییە ناڕێک و نادروستەکانی مرۆڤە ، باوەڕهێنان بە (
پووچی ) ئیشکردنە بە ئاراستەی مردن ، شیعر بە پێچەوانەی ئەم ئاراستەیە
کاردەکات ، وەکچۆن لە دەستپێک گوتمان ، ( ئیرۆس و ساناتۆس ) دوو چەمکی
دژ و پێچەوانەن ، هاوکات ( شیعر و مردنیش ) بەهەمانشیوە ، یان ( شیعر و
ساناتۆس )یش بەهەمانشیوە ، بۆیە لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە / شیعر
بەئاراستەی ئیرۆسییەت ئیشدەکات و دواجاریش دەڵێین / ( شیعر پەرچەمی
ژیاندۆستییە...!).
__________________________________________________________
• بۆ نووسینی ئەم
بەشەش سوودمان
لەو پەرتووکانە بینیوە:
- (نەرسیسیزم).. نووسینی
(ئەلیکساندەر لۆوین ).. و: ناڵە
حەسەن .
- (لەگەڵ سایکۆلۆژیادا).. نووسینی (سۆزان جەمال).
- (ئەفسانەی سیزیف).. نووسینی (ئەلبێرت کامۆ ).. و:
ئازاد بەرزنجی.
__________________________________________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/cemkeshihriyekan2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/cemkeshihriyekan1.htm
تشرینی
دووەمی ٢٠٢٠
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|