په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠١٥

    چەند وردە شیعرێک.


ناڵە حەسەن

    گوڵی خودایی.
من گوڵێکم هەیە
تا بۆنی کەم
بۆن خۆشتر و
تا سەیری کەم
گەشتر و جوانتر دەردەکەوێ
وەک ئەوە وایە
ئەم گوڵە دیارییەکی خوداوەند بێ
لە باخچەکانی ئاسمانەوە بۆم هاتبێ.


ئایاری ٢٠١٥


 
تاریکایی تاریکی.
من حەزدەکەم
هەرچی تاریکایی و
هەرچی شەوەکانی دنیا هەیە
لە نێو جەستە و لە نێو چاوەکانم
کۆببنەوە
تا ئەوپەڕی تاریکایی تاریکی ببینم و
لەوێدا
/ لەژێر ڕووناکییەکانی تاریکی
جوانییەکان و خەونەکانی تۆ بخوێنمەوە.


حوزەیرانی ٢٠١٥


 
خاڵخاڵۆکە.
وەک خاڵخاڵۆکەیەکی باڵڕەنگین
نەرم نەرم
لە نێو خەونەکانم دەخولێیتەوە
خەیاڵەکانیشم پڕ دەکەی لە خەندەی شیرین.


ئایاری ٢٠١٥


 
نەوڕەسە ژن.
تەنیایی تۆ لە سێبەرم ئاڵاوە و
هەرگیز لێم دوور ناکەوێتەوە
ئەستێرەی بیرەوەرییەکانت
لە شەوەکانم و
خەیاڵە عەبەسییەکانت
لە خەونە خورماییەکانم جیانابنەوە
تۆ هەمیشە لە کەوتنەکانم هێز و
لە مردنەکانم ژیانم پێدەبەخشییەوە
/ ئەی نەوڕەسە ژن...!


 
هەنگوین.
خواردنەوەی تاڵترین قاوە
بەدەم سەیرکردنی چاوەکانی تۆوە
لەلام دەبێتە شیرینیترین هەنگوینی
هەورەمانەکەی لای خۆمان
/ گوڵە گیان.


ئایاری ٢٠١٥


  مەوداکان.
تۆ لەوسەر دنیای منیش لەوسەر
ژیان لەودیو کیشوەرەکانە منیش لەوبەر
عەشقیش لە نێو تەمە سپییەکانەوە
کڵاوێکی شینی کردۆتەسەر
هێندەی دەکەم نازانم چۆن
دەستم بە ژیانێک ڕابگات
پڕ بێت لە جوانییەکانی عەشق و
لە نیگا گەرمەکانی تۆ و
ئاسوودە بم هەتاکوسەر...!


ئایاری ٢٠١٥


  من هەر تۆ دەبینم.
لە نێو شەوە ڕووناکەکانی ڕووناکی
لە نێو سپیدە سپییەکانی سپیدە
لە نێو ئەستێرە سوورەکانی ئەستێرە
لە نێو پێدەشتە پایزییەکانی پایز
لە نێو کێلگە بەهارییەکانی بەهار
/ تۆ دەبینم
من لە هەموو شوێنێک هەر تۆ دەبینم.


حوزەیرانی ٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک