په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢١

  دەقی تەمەن / ٢٣.


ناڵە حەسەن

١
من لەنێو
ئارامی شەوێکی دۆزەخی دا
دۆزەخی ئارامی شەوێک دا
شەوی دۆزەخێکی ئارام دا
بە تاقی تەنێ
بە ڕێگایەکی تاریک تاریکدا دەڕۆیشتم
لەم شەوە هێمن و بێدەنگەدا
نەمدەزانی
بۆچی هێندە نائارام و دڵ بە پەرۆشم
بەڵام / کە گەیشتمە سەرەتای کۆتایی ڕێگاکە
داخی گرانم نە تۆم دۆزییەوە نە خۆیشم.

 
٢
لەنێو کۆڵانە زەردەکەی منداڵیم و
لەنێو زەردەپەڕی منداڵێتی ئارەزووەکانم
ئەو گۆزە نەخشێندراوەی
لە سەرشانی کچێکی چاوشینم شکاند
کە گەورەبووم / ئینجا لەوە تێگەیشتم
ئەوە گۆزەی خەونە سپییەکانی خۆم بوو.


٣

نە خۆم خاوەنی دڵی خۆمم نە تۆ
نە تەنیایی غوربەتم ماڵی ئەبەدیمە
نە پەرستگە درەوشاوەکەی تۆ
دڵی من وەکو شیعر / گەریدەیەکی گەڕۆکە
لەگەڵ هاتنی هەر وەرزێک ڕوخساری خۆی نوێ دەکاتەوە
لەسەر هەر کانییەک / قومە ئاوێ
لەسەر هەر سەکۆیەک / پشییە خەوێ
لە باوەشی هیچ ئەستێرەیەکیش / بۆ تاهەتا نامێنێتەوە ...!


٤
هەموو ڕۆژێ
شتێک وەکو بەفر دەتوێتەوە / لەنێو مندا
شتێک وەکو خەڵووز ڕەش هەڵدەگەڕێ / لەنێو مندا
شتێک وەکو گەڵا هەڵدەوەرێ / لەنێو مندا
شتێک وەکو مۆمی دەم با دەکوژێتەوە / لەنێو مندا
شتێک وەکو ڕەگی پیرەدارێک دەمرێت / لەنێو مندا
منیش / بیر لەهەموو شتێک دەکەمەوە / بەس عەشق نا ...!

٥
گوڵە گیانم
ئەوە قەدەری منە
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە
خەونەکانی نیشتیمانم
بە مردن کۆتاییان دێت
شیعر و قەسیدەکانی منیش / بە نەفرەت.

٦

گەر بە قووڵی
لەنێو چاوەکانی چۆلەکەیەک بڕوانین
چیمەنێکی تەڕ و سەوز دەبینین
لەنێو دڵۆپە بارانێکیش بەهارێکی بێگەرد
لەنێو خەونی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەش
نائومێدی و ڕەشبینیەکی ڕەش ڕەش
ئێمە هەموومان / لە مردن ڕادەکەین تاکو بژین
بەڵام / چۆن ژیانێک
جەلاد و قوربانی / بەیەکەوە ماسک دەپۆشین
چ بوونێکی زەلیل و
تابلۆیەکی چەند شێواوی / ئەو مرۆڤ ...!؟


٧
من / وەکچۆن دڵم موڵکی خۆم نییە
ژیانیشم بە هەمانشیوە
بەڵام / قەڵەمەکەم هی خۆمە ...!


٨
لە بیابانی ئەو غوربەتەم
هەناسەکانی عەشقی
من بە ئاگر / خۆی فێنک دەکاتەوە .


٩

من لە جنسی ئەستێرەم و
پرشنگێکم لە ڕووناکی
بە ڕێکەوت کەوتوومەتە سەر زەوی
بۆیە کە ئێوارە دادێ / پڕ دەبم لە دڵتەنگی
چونکە دەبێ لەگەڵ خۆر ئاواببم لەتۆ دوور بکەومەوە
بەڵام هێندە نابا
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
وەکو جاران شەوەکانت دەدرەوشێنمەوە
من لەنێوان ئەم ئاوابوون و دەرکەوتنەوەیەمدا
بوومەتە قەسیدەیەکی درێژی گەنم ڕەنگی
هەموو دەم
بزەی گەرم و نیگای نەرم و
خەم و خۆزگە و خەونەکانت / دەنووسمەوە ...!


١٠

مرۆڤە بچووکەکانی نێو ڕووبەری داهێنان
وا خەریکە پەتی ئارامییان دەپچڕێ
چونکە دەیانەوێ
پەنجە بخەنە نێو چاوەکانم
بەڵام / هێندەی دەکەن دەستییان نامگاتێ ...!


١١

من لە نێوان
شیعر و سەفەر و کەیف و سەفا
بەهەشت و شەڕاب و حۆرییەکانی خودا
کورسی و پلە و پایە و ماڵی دونیا
بەبێ هیچ دوودڵییەک
یەکەمینییان هەڵدەژێرم
چونکە من ساڵانێکە ڕامگەیاندووە و
وا دیسان دەیڵیمەوە
(من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ...!).


١٢

گەر لێم بپرسن
تۆ دەتەوێت (حەفتا) ساڵ بژیت
یان (شەست و نۆ)
بەبێ هیچ وردبوونەوەیەک / دەمودەست
دووەمینییان هەڵدەبژێرم
چونکە من ساڵانێکە
لەنێو (دەقی تەمەن)م گتومە
(من ژمارەی تاکم لە ژمارەی جووت خۆشتر دەوێت ...!).


١٣

من / لەوبەر سنوورەکانی دڵتەنگیم
مسم تواندەوە
بەسەر قەڵەمەکەی خۆمم داکرد
بەفرم تواندەوە
پەیکەرێکی ئاویم لێ دروست کرد
ئاگرم تواندەوە
لەسەر سەری خۆمدا ڕامگرت
لەنێو هەموویان دا /
وێنە و نیگار و زەردەخەنە پایزییەکەی تۆم بەدیکرد
وەکو دایکم گوتەنی
(ئەوە تۆ چیت
هەی ئاگر و پەنگر هەی موسیبەت ...!).


١٤

من لەنێو سیاسەت دا
وام هەست دەکرد / کۆیلە و دەستەمۆم
لەنێو عەشقیش / بەهەمانشێوە
بەڵام لەنێو شیعر
لە نووسینی یەکەمین وشەوە تا دواهەمیین
ئەوە زێتر لە (سی ساڵە)
هەمیشە هەستم بەئازادییەکی ڕەها کردووە.


١٥
گوڵە گیانم
من وای دەبینم
ئەلبومەکانی نیشتیمان
پڕن لە وێنەکانی
مردن و جەنگ و نائومێدی
باخچەکانی دڵی تۆش
لەبەر خەم و هەستەکانی تەنیایی
شوێنی نەمامێکی تریان تیا نەماوە ...!


پووشپەڕی ٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک