په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠١٩

دەقی تەمەن وەک شوناس و نیشتیمانی شاعیر.

- مانیفێستی (دەقی تەمەن) -


ناڵە حەسەن      

من ئێستا لەگەڕەکی نائومێدیدا دەژیم
بە کەلوپەلەکانی عەشق ماڵێکم پێکهێناوە
لە ژوورێکدا تابلۆی دۆڕانەکانی خۆمم هەڵواسیوە
لە ژوورێکی تر / تابلۆی ترس و نیگەرانیەکانم
لە ژوورێکی تر / تابلۆکانی مردنم
لە ژوورێکی تر / تابلۆکانی تەنیاییم
لە دوواهەمین ژووریش وا خەریکم
هێدی هێدی
تابلۆکانی خۆکوشتنم هەڵدەواسم


١
دەقی تەمەن .. دەقێکی کراوەیە ، کراوە بە مانای تەواو نەبووە و تەواویش نابێت . دەقێکە لەگەڵ تەمەنی شاعیر دایە واتە ، تا شاعیر لە ژیاندا بێت ئەم دەقەش بەردەوامی دەبێت . شاعیر لەم دەقەدا ، منی خۆی دەنووسێتەوە ، منی خۆی لەسەرووی هەموو منەکانی دەوروبەر دەبینێت . پەیوەندی ئەو منە بە ناوە و دەرەوەی خۆی ڕەسم دەکات . منی شاعیر ڕۆحێکە تژیە لە نەرجسیەت ، نەرجسیەتێکی ڕەها کە لە پشتی هەر بەهایەکی مرۆیی ئەم ڕۆحە نەرجسیەتە ئامادەیی هەیە ئامانجی شاعیریش لە نەخشاندنی ئەم ڕۆحە نەرجسیە ئەوەیە/ کە بوونی خۆی وەک مرۆڤ وەک پیرۆزترین بەها کە شایستە بە هەموو بەختەوەریەک و جوانیەکە پێشان بدات . شاعیر لەم دەقەدا دەیهەوێ بە ڕۆحێکی دیکارتیانە بڵێ ( من شیعر دەنووسم کەواتە من هەم ..! ) شاعیر لە ڕێگەی شیعرەوە مەبەستیەتی بوونی خۆی وەک بوونێکی پیرۆز سەیر بکات ، دەیهەوێ بڵێ ئازادی و هەموو چەمکەکانی تر ، تووڕەهاترین شتگەلێکن گەر مرۆڤ مومارەسەیان نەکات .. شاعیر لە پانتایی ئەم دەقە بە هیچ ئاراستەیەکی دیاریکراو ڕێناکات لە هەمانکات ، وەک ڕۆحێکی سەرکەش و یاخی ، دەکرێ هەر ئاراستەیەک بگرێتە بەر . هەروەها شاعیر خۆی نابەستێتەوە بە چرکە ساتێکی دیاریکراوی زەمەن واتە ، زەمەن پێکهاتەیەکی ناکاریگەرە لە نێو ڕووبەری دەقدا . شاعیر هەموو ئەو گۆشە و ڕووداو مەراقانە دەنووسێتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر باری دەروونی و لە سەر خەون و خەیاڵ و پێکهاتە ڕۆحی و غەریزەیی و پێکهاتە بایۆلۆژیەکانی بوونی ئەودا هەیە . هەموو ئەو گۆشە و ڕووداوانەی ڕووبەری بیرەوەریەکانی ئەویان ڕەنگڕێژکردووە . ڕاستە شاعیر لە دەقی تەمەن خۆی دەنووسێتەوە بەڵام ، ئەم دەقە جێگای ئۆتۆبایۆگرافیش ناگرێتەوە واتە شاعیر نایەوێ سەرتاپای ژیاننامەی خۆی بنووسێتەوە.

٢

شاعیر لە دەقی تەمەن ، سێکوچکەیەک دەنەخشێنێ لەنێوان ( من ، شیعر ، ژیان ) لەڕێگەی زمانی شیعرەوە حیوار لەگەل خۆی و ژیاندا دەکات ، یان دەیەوێت لە ڕێگەی شیعرەوە خۆی و دەوروبەر یان خۆیی و ژیان بناسێ ، یان تابلۆی بوونی خۆی لەنێو ژیاندا ڕەسم بکات .. یان قودرەت و تواناکانی زمانی شیعر کەشف بکات ، لەنێو ڕووبەرە پەنهان و نەبیندراوەکان . واتە لە نێو ڕووبەرە نادیارەکان یان شیعر دەکات بە پەیژەیەک بۆ سەرکەوتن و بەردەوام بوون ، هاوکات بە پەنجەرەیەکیش بۆ ڕوانین .. لەنێو ڕووبەری ئەم گەمە زمانەوانیە چەندین تابلۆ ڕەسم دەکات ، لە یەکەمین تابلۆ ئەوەمان پێ دەڵیت ( هێشتا کات ماوە بۆ خەون بینین ) .. لە تابلۆیەکی تر ، دەیەوێ بڵێ .. ( دوای کەمێکی تر ، ئەستێرەیەکی تر هەڵدێ ) .. یان لە تابلۆیەکی تر دیسان دەیەوێ پێمان بڵێ .. ( یەکسانی چەمکێکی وەهمیە ، رێگایەکی تر بدۆزنەوە بۆ بەختەوەری ..! ) تابلۆکان بەردەوامن و شیعریش هەمیشە وەرزەکان بە رەنگی تر پێشان دەدات ، منی شاعیریش لە نێو خەونەکانی منداڵی لاسارانە کۆڵارە دەفڕێنێ و لەنێو گەمە بێئاگاییە ئیرۆسییەکانی خۆیدا بەردەوام دەبێت .

٣
شاعیر لەم دەقەدا ، دەیەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ شیعر لە فۆڕمێکی ڕەها ڕەسم بکات . یان دەیەوێت ڕووبەری شیعر لەنێو خۆیدا بدۆزیتەوە و وێنا بکات . یان لە نێو هەستە نەستیەکان و هاوکات خەیاڵ و خەونەکانیشدا . بە دیوێکیتر / شاعیر دەیەوێت لەم دەقەدا ، پەیوەندی خۆی لەگەڵ شیعر وەک دوو هێلی تەریب بکێشێ واتە نە شیعر و نە ئەو ناتوانن بەبێ یەکتری هەناسە بدەن ، یان باس لە بوون و باس لە پێکهاتەی یەکتری بکەن . دەقی تەمەن دەکرێت شوناسێک بێ بۆ شاعیر و هەم نیشتیمانیش .. یان ڕووبەر و مانیفێستێک بێت کە تیایدا ، گۆشە نیگاکانی خۆی بۆ بوون و بۆ ژیان و بەهاکانی شیعر و بۆ مرۆڤ و جوانی بخاتە ڕوو . هاوکات شیعریش ئەو ڕووبەرە بێت کە بتوانێ گەڕان و سەفەرەکانی خۆی تیادا ئەنجام بدات .

٤

دەقی تەمەن دەکرێت هەوڵێک بێت بۆ دۆزینەوەی ڕووبەرە پەنهانەکانی زمان لەنێو کیشوەرە فراوانەکەی شیعر ، یان دۆزینەوە و پێشاندانی دیوە پەنهانەکەی ژیان و .. یان بە بیندراوکردنی شتە نەبیندراوەکان .. یان بە مانیفێستکردنی خەونەکانی شاعیر .. لەنێو گەمەیەکی زمانەوانی بەردەوام ، لەنێو ڕووبەرە گشتییەکانیش هەمیشە هەستە نەرجسیەکان بەخێرایی دەردەکەونەوە و لە پشتی بەکاراکردنی خەونەکان ، ڕوئیاکان و ئومێدەکان و ئارەزووەکان خۆیان نمایش دەکەن ، ئارەزووەکانی مرۆڤێک کە لە ئاستێکی بەرز لە خۆیی و ژیان و خواستەکانی دەڕوانێ ، بەمانایەکیتر ، هەڕەمی من لە دەقی تەمەن ، هەڕەمێکی باڵا و شکۆییە ، تا کۆتایی ئەم قەسیدەیە منی شاعیر هەر بەم شکۆمەندییە دەمێنێتەوە . شاعیر لە ژیان ڕاناکات بەڵام . دەیەوێت بڕواتە دەرەوەی ژیان .. وەک مرۆڤێکی یاخی دەیەوێ ، هەموو ئەم چەمک و پێکهاتەو کردارە دزێو نەشیاوانەی کە ژیان ناشیرین دەکەن ڕەت بکاتەوە .. یان بە مانایەکیتر ، وێنەی حەقیقەتی پەیکەری ژیانمان لە نێو خەونەکانی بۆ بکێشی .. شاعیر لە ژیان ڕاناکات بەڵام ، هەمیشە بەدوای ژیانێکی باشتر و ئاسوودەتر و سەرفرازتر دا دەگەڕێ . بۆیە لەڕێگەی کردنەوەی کۆد و میتافۆرەکان و شیکردنەوەی خەونەکان ، دەیەوێ لە ژیان نزیکمان کاتەوە ، شاعیر لە بارێکی خودئاگا مەبەستیەتی ژیان بکات بە دڵبەرێکی قەشەنگ و نەشمیل . هەریەکێک لە مرۆڤەکانیش بکاتە سوارچاک و ئاشقێکی شەیدا و بێوێنەی ئەم دڵبەرە باڵا زڕاڤ و ڤینۆسییە . لە هەوڵی چوونە ژووانی هەتا هاتایی ، دەستڕاگەیشتن و ڕامووسانی و تێکەڵاوبوونێکی بێ سنوور و بێهاوتا لەگەڵ دڵبەری ژیان .. بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە بتوانن تا ئەبەد لەنێو لەزەتە ئیرۆسییەکان و بەهەشتی جوانییەکان بمێننەوە .

٥

لە نێو بونیادێکی ئیستاتیکی و لەنێو ڕووبەر و فەزایەکی ئاوەڵای زمان ، شاعیر مەبەستیەتی خەونەکانی وەقسە بهێنێ و دەست لە ملی ئازادییەکانی بکات .. هەر بۆیە شیعر دەکات بە نیشتمانی خۆی .. لەنێو ئەم نیشتیمانەش دەیەوێت وەک خۆی بیر بکاتەوە و وەک خۆی بژیت یان بە مانایەکیتر ، نایەویت بوونێکی دەستبەسەر و زەلیل بێت .. شیعر دەکات بە نیشتیمانی خۆی چونکە ، دەیەویت بەوپەڕی ڕەهایی یاخی بوونەکانی خۆی بنووسیتەوە ، یان بە دژی هەموو ئەو ڕێگرییانە بوەستێتەوە ، کە هەمیشە بوونەتە هۆی ئەوەی مەوداکانی ژیانی لەبەردەم بچووک و بەرتەسک بکەنەوە ، ئیتر دەیەوێت لەنیو دەقە شیعرییەکانی نمایشی حەقیقەتی بوونی خۆی بکات .. یان بە مانایەکیتر ، دەیەوێت حەقیقەتی خۆی وەک خۆی بنووسێتەوە .. بوخچەی گرێدراوی ئومێدەکانی بکاتەوە و خەم و تەنیاییەکانی خۆی بکاتە میلۆدییەکی ئیرۆسی ، ئازارەکانی خۆی پێ بڕەوێنێتەوە و هاوکاتیش ، بە ڕۆشنی قسە و ئومێدەکانی دڵی خۆی واتە دڵی منی شاعیر بکات ، چونکە بەلای ئەو ( منی شاعیر لەگەڵ منی مرۆڤ ) دوو کەسی جیاوازن بەڵام لە یەک جەستەدان ، لە ڕووی بیرکردنەوە و باری دەروونی و لەباری کەسایەتی دا .. منی شاعیر ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەرییەکانی نەستی و ئارەزووەکان دایە بەڵام ، منی مرۆڤ بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەرییەکانی دەرەوە دایە .. وەک کاریگەرییەکانی ( کلتوور ، ئایین ، قوتابخانە ، خێزان ئایدیۆلۆژیا ... ) هەروەها لەنیو پانتایی دەق هەوڵدەدات لە تەک گەمە زمانەوانیەکانی واتە لەتەک فۆڕم و بونیادی زمانەوانی دەق ، مانایەکی نوێ بۆ چەمکەکانی بوون و ژیان و مرۆڤ بخاتە روو . لە هەمانکاتیش ، نووسین و داهێنان تەنها بریتی نین لە ڕووبەرێکی زمانەوانی لە چوارچێوەی بونیادێکی ئیستەتیکی و دوور لە بەها مرۆییەکان . بەمانای هەموو نووسین و داهێنانێک دابڕاو لە بەها مرۆییەکان یان ئامانجە مرۆییەکان دەبێتە کردارێکی ناتەواو یان کردارێکی بێمانا و موجەڕەد . لەپاڵ هەموو ئەمانەش منی شاعیر مەبەستیەتی لەنێو ڕووبەری ئەم دەقە دەرگا لەسەر دنیایەکی نوێی شیعر بکاتەوە. دنیایەک پڕبێت لە هاوار و ئومێد و پرسیارە گەورەکان ، لەسەر خەون و نیگەرانییەکان .. چونکە شاعیر بوونەوەرێکی نیگەرانە یان پێکهاتەیەکی نیگەرانە لە ڕووبەری بووندا ، هەوڵدەدات لە نێو داهێنان و دەقەکانی ، خەون و خەیاڵە جوانەکانی و هەستە ئیستەتیکییەکانی بنووسێتەوە . وەک گەریدەیەک بە پاشخانێکی مەعریفییەوە ، بەدوای واتای بوون دەگەرێت و پرسیار لە بوون و هاتنی خۆی دەکات بۆ نێو ژیان .. سەرەنجام لەنێو خەیاڵە فەنتازی و ئیرۆسییەکانی بە ئارامییەکی دەروونی و ڕۆحی دەگات ، لەلای شاعیر هەموو دەقێکی ئەدەبی هەڵگری جۆرەها میتافۆر و ئاماژەی جیاوازن ، ڕەنگە لەیەککات لە ئەنجامی بەریەککەوتنی وشەکان لەنێو پەیوەندییە نوێیەکانەوە بە پێی جیاوازی کات دەربکەون . لەنێو هەر دەقێکی نویش نائاگایی شاعیر ڕۆڵی سەرەکی و ڕاستەوخۆی هەیە ، لە هەڵڕژتن و یاخود کردنەوەی دەرگا بە ڕووی ئاماژە و کۆدە نوییەکاندا ، لەچوارچێوەی گەمەیەکی ئیستاتیکی لەنێو ڕووبەر و بونیادی زمانی دەق دا.


کۆتایی نیسانی ٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک