٢١\٨\٢٠٢٠
دەسەڵاتداران
دەیانەوێ داری ئازادیی لە بنوبۆتکەوە دەربکێشن!
دەسەڵاتداران
و پارتییە چەوسێنەر و گەندەڵکارەکانی کوردستان هەمیشە لە کۆششی ئەوە
دان ئازادیی رۆژنامەگەریی و سەرجەم ئازادییەکانی دەربڕینی خەڵکی
کوردستان سەرکوت بکەن و بە تەواویی هەناسەی لەبەر ببڕن، هەر لە
راپەڕینی بەهاری (١٩٩١)ەوە تا ئێستا بە کردەوە ئەوەیان سەلماندوە؛
هەرگیز دەستیان نەپاراستوە لە هەر کەسێک ویستبێتی لە ئازادییەکان
بەهرەمەند بێ.. بە پەراوێزخستن و چاو لێ سوورکردنەوە.. بە راوەدوونان و
شاربەدرکردن و وڵات بەدەرکردن.. بە دارکارییکردن و ئەشکەنجەدان.. بە
دەستگیرکردن و دادگەییکردن لە دادگە ناڕەوا و حیزبییەکانیان و سزادان
بە پارە و بە داخستنی دەزگە میدیاییەکان.. لە هەمووشی دڕندانەتر بە
کۆشتن و تیرۆرکردن (لەنێوبردنی سۆران و سەردەشت و کاوە و ویداد و... تد
نموونەگەلێکن لەو تیرۆرە)!
لە رووی یاساییشەوە کۆمەڵێک یاسایان وەک (یاسای ژماره ١٠ی ساڵی ١٩٩٣
یاسای چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان - عیراق)، (یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠١
- یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەنووسانی کوردستان - عێراق)، (یاسای
ژمارە ٤٠ی ساڵی ٢٠٠٤ - یاسای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان)، (یاسای
ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ - یاسای رۆژنامەگەری کوردستان)،(یاسای ژمارە ١١ی
ساڵی ٢٠١٣ - یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری هەرێمی كوردستان - عیراق)
دەرکردوە کە بێجگە لەوەی بە شێوەی جوراوجۆر و لە رێی سەندیکایە
حیزبییەکەیان بە ناوی (سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان) ئازادیی
رۆژنامەگەریی و سەرجەم ئازادییەکانی دەربڕینان پێیانەوە سەرکوت کردوە..
تێکڕایان کاڵاگەلێکن بە قەد باڵای دەسەڵاتداران و حیزبەکان و
رۆژنامەنووسە راپۆرتنووسە دەربارەکانیان، واتە ئەو یاساگەلەی ئەوان
گەورەترین رێگرن لەبەردەم رۆژنامەنووسە ئازادەکان و سەرجەم رۆشنبیران و
ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ ئازادانە خۆیان دەرببڕن. هەر ئەو بارودۆخە
نەخوازراوانەش کە کوردستانیان بەو گەڕەلاوژێ و چەواشەکارییە میدیاییەی
ئێستا گەیاندوە وایان لە ئێمەمانان کرد پێ بە پێی پێشێلکارییەکان زۆر
بە راشکاویی بەرانگژی مەترسییەکان ببینەوە.. سەرئەنجامیش بە شێوەیەکی
بەرنامەڕێژ ئەو ''نێوەند''مان وەک پێویستییەکی بابەتییانە بۆ خەبات و
تێکۆشانی ئازادیی دەربڕین راگەیاند کە خۆبەخۆش دەبێتە پێگەیەکی سەرجەم
ئازادییخوازان لە بەرانبەر ئەو یاسا و رێسایە سەرکوتگەر و پەرپووتانەی
دەسەڵاتداران و سەرجەم ئەو هەڵسوکەوت و پێشێلکارییانەی کە ئەو دەزگە
حیزبییە ستەمکارانە ئەنجامیان دەدەن.
سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێستا کۆمەڵە کەسێکی بە ناو ئەندام پەرلەمان کە
٧٠٪ی خەڵکی کوردستان دەنگیان پێنەداون و تەنیا کۆمەڵە فەرمانەبەرێکی
ملکەچی حیزب و لایەنەکانن.. پڕۆژە یاسایەکیان بە ناوی (ڕێکخستنی میدیای
ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان - عێراق) پێشنیاز کردوە کە لە
پەرلەمانەکەیانەوە پەسندبکرێ و ببێتە یاسایەکی دیکەی دژ بە ئازادییەکان،
ئیدی دەیانەوێ لە رێی ئەو یاسایە زۆرەملێیە نەک هەر ماڵپەڕ و میدیایە
ئەلکترۆنییە ئازادەکان لە دەستی ئازادییخوازان دەربهێنن بەڵکە دەیانەوێ
ئازادیی دەربڕینی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ قەدەغە بکەن و تەنانەت نەتوانن
لە نێو ماڵەکانی خۆشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (فەیسبووک و تویتەر
و... تد) بە چەند وشیەیەکیش را و تێڕوانینەکانی خۆیان بخەنەڕوو.
جا ئێمە لە ''نێوەندی کاری ئازادیی رۆژنامەگەریی'' وەک بەرپرسیارییەکی
سەرشانمان؛ بێجگە لەوەی ئەو هێرشە دژە ئازادییەی دەسەڵاتداران و
حیزبەکان و راپۆرتنووسە دەربارەکانیان سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، داوا
لە یەک بە یەکی ئازادییخوازان و سەرجەم ئەو کەس و رێکخراو و نێوەندانە
دەکەین کە بەرجەستەبوون و پایەداربوونی کەشێکی ئازاد و ئازادیی
دەربڕینیان بۆ گرنگە لە کوردستان.. با هەموومان بە شێوەیەکی
هەرەوەزییانە دەنگمان بخەیەنە پاڵ دەنگی یەکدی و نەهێڵین ئەو پیلانە
دژە مرۆییەیان سەربگرێ بەڵکە بە پێچەوانەوە بە یەکگرتووی خۆمان پێ بە
پێ رووبەری ئازادییەکان بەرفروان و بەرفروانتر بکەیەنەوە کە تاکە رێگەی
رزگاربوونمانە لە ستەمگەریی دەسەڵاتداران و وەدەستهێنانی مافە
پێشێلکراوەکانمان.
______________________________________________
● پڕۆژە
یاسایەکەی دەسەڵاتداران لەو بەستەرەدا ببینە:
www.emrro.com/peshniyaziyasayrme.htm
نێوەندی کاری ئازادیی
رۆژنامەگەریی
١٦\٨\٢٠٢٠
rojnamen@yahoo.com
|