په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٥

دیموکراسیی راستەوخۆ.


و: زاھیر باھیر    

- بەشی شەشەم -

لە کێشەی زەویدا:


بە ھەرەوەزیکردنی زەوییەکان بە شێوەیەکی فراوان بەردەوامبوون، نزیکەی سێیەکی (١ لەسەر ٣) ھەموو زەوییەکان لە ناوچەی کۆمارییدا (ئەو ناوچەیەیە کە لە لایەن ھێزی ئەنتی فاشستەوە کۆنترۆڵکرابوو) دەستیان بەسەردا گیرابوون،‌ لەسەر پانتایی ئەم زەوییەیانەشدا لە پێنج بۆ حەوت ملیۆن جوتیار کاریان تیادادەکرد. شوێنی ھەرە گەورە ئەراگۆن بوو کە ٤٥٠ ھەرەوەزی، تیادابوو، بەشی خۆرھەڵات (ئەو ناوچەیەی دەوروبەری ڤالێنسیا) ٩٠٠ ھەرەوەزی، قشتالە (ئەو ناوچەیەی دەورەی مەدریدی داوە) کە ٣٠٠ ھەرەوەزیی تیادابوون. نەک تەنھا زەوییەکان ‌ ھەرەوەزییکران، بەڵکو لە گوندەکانیشدا کارگەی بچوک بچوک دروستکرابوون، تاکو خەڵکانی دەستڕەنگینی ناوچەکە ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و کەرەستەی نێوماڵ و شتی دیکە بەرھەم بھێنن. بە ھەمان شێوەش نانەواخانە، قەسابخانە، سەرتاشخانە زۆری دیکە لەوانە ‌بڕیاردرا کە بکرێنە ھەرەوەزیی.


ھەرەوەزییبوونەوە خۆبەخشانە بوو ئەمەش زۆر جیاواز بوو لەوانەی کە ستالین بەزۆرەملێ لە ڕوسیا دروستیدەکردن، بۆ ئەمەش بانگی خەڵکی گوند بۆ کۆبوونەوە دەکرا (زۆربەی ھەرەوەزییەکان لە گوندێکی دیاریکراودا چەقیان بەستبو) ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕازیدەبوون لەسەر ئەو شتانەی کە ھەیانبوو ، وەکو، ئامراز و کەرەستە، ئاژاڵ و زەوی لەگەڵ زەوییەکانی دیکەی کە لە خاوەنزەوییە گەورەکان سەندرابوونەوە، بیانکەنە موڵکی ھەموان. زەوییەکانیش پەسەندانە دابەشدەکران و دەدرانە ‌گروپە کرێکارییەکان کە دەیانخواست بەکارییانبھێنن، ھەر گروپەش نێرەرەکەی [وەفد] خۆینوێنەرایەتی سەرنجەکانیانی لە کۆبوونەوە ھەرەوزییەکاندا دەکرد. بەو چەشنەش کۆمیتەی بەڕێوەبردنیش ھەڵدەبژێررا و بەرپرسیار دەبوو لە سەرجەمی بەڕێوەبردنی کاروباری ھەرەوەزییەکان، ئەمانیش چاودێریی و سەرپەرشتیی کڕینی کەرەسەکان، ئاڵووێرکردنیان و گۆڕینەوەیان لەگەڵ شوێنەکانی دیکەدا، دابەشکردنی بەرھەمەکان ، ھەروەھا بەرپرسیاریش بوون لە ‌ئیشە گشتییە زەروورەییەکانی وەکو بیناکردنی قوتابخانەکان. ھەر یەکێکیش لەم ھەرەوەزییانە کۆبوونەوەی گشتی بەردەوامی خۆیان بە ئامادەیی ھەمو بەشداربووان، دەکرد. ئەگەر نەشتخواستایە کە بەشداری لە ھەرەوەزییەکاندا بکەیت ئەوە بڕێک زەوییان پێدەدای، ئەویش ھەر ئەوەندەی کە بەشی کارکردنی خۆتی بکردایە و ڕێگات پێنەدەدرا کە کرێکار بەکرێبگریت و کارت بۆ بکات.‌


شۆڕش وەکو چۆن بڕی بەرھەمھێنانی گۆڕی و سەرخست، ھەر ئاوا دابەشکردنیش گۆڕرا و دەبووایە ‌لە سەر بناخەی پێویستی خەڵکی بوایە، لە زۆر شوێنیشدا بەکارھێنانی پارە ھەڵوەشایەوە و خەڵکی دەڕۆیشتنە ‌ ھەمبارەکانی (مەخزەنەکانی) ھەرەوەزی و (زۆر جار ھەمبارەکان کەنیسەکان بوون کە کرابوونە ھەمبار) ئەوەی کە پێویستیان بوو، لەوەی لەوێ ھەبوو دەیانبرد. لە حاڵەتی کەمی شمەکدا (نوقسانی)، سیستەمی بیتاقە بەکاردەھێنرا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ھەموو کەسێک ئەوەی ھەقی بووە دەستی کەوێت، بەڵام بە گشتی لە سایەی سیستەمی نوێدا، بەرھەمھێنان زیادی کردبوو ، ئەمەش گرفتی کەمی شمەکی ، نەھێڵابووەوە.


لە بەشی کشتیاریشدا، شۆڕش لە کاتێکی لەباردا دەرکەوت، لە حاڵەتی ئاساییدا کە دروێنە ‌دەکرا و بەرھەمەکەی دەفرۆشرا و تاکو قازانجێکی باش بۆ چەند خاوەنزەوییەک بھێنێت، بەڵام لە سەردەمی شۆڕشدا لەبری ئەوەی بفرۆشررێت دابەشدەکرا بەسەر ئەوانەی کە پێویستیان پێیبوو. دکتۆرەکان، نانەواکان، دەلاکەکان....ھتد لەبەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتەکەیاندا ئەوەندەی کە پێویستیان پێیبوو ، دەیاندرایە. لەو شوێنانەشدا کە پارە ھەڵنەوەشابووەوە و ھێشتا ئەو سیستەمە مابوو' موچەی خێزانی' ھێنرایە کایەوە، مووچەکەش لەسەر بناخەی پێداویستی بوو، نەک بە گوێرەی ژمارەی کاژێرەکانی سەرکار.‌


لەلایەکی دیکەشەوە کرێکارە فەنییەکان و ئەندازیارانی کشتوکاڵ لە بەکارھێنانی باشتری زەوییەکاندا، یارمەتی جوتیارەکانیان دەدا، لەبەر ئەمەش بەرھەم بە شێوەیەکی زۆر زیادیکرد، ھاوکاتیش میتۆدە زانستییە مۆدێرنەکان خرانەبەر‌دەست و لە ھەندێک شوێندا بڕی بەرھەم بە ‌ ڕێژەی لە ٥٠٪ سەرکەوت .بەرھەم و خواردنی کافی بۆ بەشداربووانی ناو ھەرەوەزییەکان و دەستەچەکدارەکان لەو ناوچانەی کە بوونیان ھەبووایە، ھەبوو، زۆربەی کاتیش ئەوەندش ھەبوو تاکو ئاڵووێر لەگەڵ ھەرەوەزییەکانی شاردا، بۆ دەستخستنی ئامراز و ماشێنەکان، پێبکرێت. سەرەڕای ئەمانەش خواردن بە لیژنەکانی دابەشکردنیش کە لە ناوچە شارنشینییەکاندا دادەنیشتن، دەدرا.


سەرکەوتووترین فێدراسیۆنەکانی ھەرەوەزییەکان کە دروستکرابوون لە ئاراگۆن بوون، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٣٧دا پلێنوێمی فێدراسیۆنەکانی جوتیارانی دەڤەرەکان، بەسترا، ئامانجی ئەمەش دروستکردنی فیدراسیۆنی سەرتاسەری 'بۆ ھاوکاریکردن و فراوانکردنی بزوتنەوەی بەشداربووانی ھەرەوەزییەکان بوو،ھەروەھا بۆ دڵنیابوونەوە بوو لە دادوەرێتی دابەشکردنی ئەو بەرھەمانەی کە زەوییەکان دەیاندا، نەک ھەر بە تەنھا لە نێوانی ھەرەوەزییەکاندا بەڵکو بۆ ھەموو وڵاتەکە'‌ .بەداخەوە ‌ زۆر لە ھەرەوەزییەکان تێکشکێنران نەک لەلایەن ھێزی (فرانکۆ)وە، بەڵکو لەسەردەستی سەربازەکانی جەنەڕاڵ (لیستەر)ی ستالینیست، پێشئەوەی ئەوە ڕووبدات.


بەشداربووانی ھەرەوەزییەکان تەنیا بەدووی بەرھەمھێنانی کەرەستەکانی خۆشگوزەرانییەوە نەبوون، بەڵکو بە قووڵیش خۆیان بە خوێندن و پەروەردەشەوە، خەریککردبوو، ئاوڕیان لەو بوارەش دابووەوە، ھەر بەھۆی ئەم ھەوڵەشەوە گەلێک لە منداڵان بۆ یەکەمجار کەوتنە بەر خوێندن و پەروەردکردنەوە، دیارە ئەمەش قوتابخانەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو میتۆدەکانی / شیوازەکانی Francisco Ferrer (فرانسیسکۆ فێرێر)ی پەروەردەکاری ئەنارکیستی ناسراوی جیھانی بەکاربران. لەوێدا منداڵان فێری مەھارەتی خویندنەوە و نووسینی بناخەیی دەبوون و دواتریش ھاندەدران لەسەر مەھارەی بیرکردنەوە بە خۆیان و دەستپێشخەرییان (موبادەرە)، پیرەکانیش چاودێریدەکران و گەر پێویستیشی بکردایە خانووی تایبەتییان بۆ دروستدەکرا، ھەروەھا ھەڵھاتووانی ئەو دەڤەرانەی کە فاشیستەکان دەستیان بەسەردا گرتبوون و پەنایان ھێنابوو چاودێریدەکران و کاروبارەکانیان ڕێکدەخرا.

______________________________

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo1.htm

 

له‌نده‌ن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک