په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١٥

دیموکراسیی راستەوخۆ.


و: زاھیر باھیر    

- بەشی چوارەم -

پەڕلەمان یا دیموکراسیی؟


بەدرێژایی مێژوو ھەمیشە ئایدیایەکی جێگرەوە (ئەڵتەرناتیڤ) لە دیموکراسیی-دا ھەبووە.، کە ئەویش ئایدیای دیموکراسیی راستەوخۆ بووە، کە ‌لە کومونی پاریس لە سالی ١٨٧١ دا دەرکەوت، ھەروەھا لە (ڕوسیا)ش لە سەرەتای سەردەمی شۆڕشدا، لەوێش دەرکەوتەوە ، دیسانەوە ‌لە ئیسپانیا لە نێوانی ساڵی ١٩٣٦ -١٩٣٧ لە بوارێکی زۆر فراواندا،خرایەوە کار. ئەم شێوە دیمۆکراتییە ‌زۆربەی وەخت ڕێگایەک بووە کە کرێکاران لە مانگرتنەکانیاندا بەکاریان ھێناوە، میتۆدێکە زیاتر خۆبەخۆییە (عەفەوی) کاتێک کە خەڵکی ڕووبەڕووی دەوڵەت یاخود بەڕێوەبەرەکان دەبنەوە، بەکاردەھێنرێت. دیموکراسیی راستەوخۆ ئەو دیموکراسیییەیە ،‌ کە ئەنارکیستەکان دەیخوازن و پێی لەسەردادەگرن‌:


دیموکراسیی راستەوخۆ لە چەند ڕوویەکی گرنگەوە ‌لە دیموکراسیی پەڕلەمانتاری، جیاوازە، لەوانە:


١- دەمۆکراسی راستەوخۆ ئەوەندەی لەبارەی 'پەسەندکردنی' بیرۆکەکانەوەیە، بە ھەمان ڕادەش لەپێناو 'گەشەپێدانی' بیرۆکەکانە. لە دیموکراسیی پارلەمانیدا ھەرگیز لەبارەی بیرۆکەکانەوە پرسیار لە خەڵکی ناکرێت، تەنیا لەبارەی 'پەسەندکردن' یا 'پەسەندنەکردن'ی ئەو بیرۆکانەوە پرسیاریان لێ دەکرێت، کە پێشیان دانراون.


لەو بارەوە دیموکراسیی راستەوخۆ بەتەواوی جیاوازە. دیموکراسیی راستەوخۆ بەم بنەما کاتوارییە پشتئەستوورە خەڵکی بەخۆی باشتر لەدوای پرسەکانی خۆی دەبێت. ئێمە پێویستمان بە شارەزایان نییە تاکو پێمان بڵێن چۆن شوێنەکانی کار و ژیانمان بەرێوەبەرین. ئەنارکیستەکان پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە ئێمە بەخۆمان بۆ ئەنجامدانی ئەوە زۆر بەتواناین. گشت ئەو شتانەی کە ئێمە پێویستمانن، تەنیا سەرچاوەکان و مافی ئەنجامدانیانە . دیموکراسیی ڕاستەخۆ شێوازە میتۆدە.


٢- دیموکراسییی راستەوخۆ بە بنەمای نوێنەرایەتی پشتئەستوورە نەک جێگریی. جیاوازیی یەکلاکەرەوە لەنێوان نوێنەرایەتی و جێگریی ئەوەیە کە نێردراوان تەنیا بۆ ئەنجامدانی بڕیارگەلێکی دیاریکراو ھەڵبژێردراون، نێردراوان (وەکو MPs و TDs) مافی گۆڕینی بڕیارێکیان نییە کە پێشتر لەلایەن کۆمەڵەی (ئەنجومەنی- شورای) خەڵکەوە دراوە. نێردراوان (بەپێچەوانەی جێگرانەوە)، ئەگەر ئەو ئەرکە دیاریکراوەی کە خراوەتە ئەستۆیان ئەنجامنەدەن، ئەوا دەستبەجێ دەتوانرێت ئاگاداربکرێنەوە و نوێنەرایەتییەکەیان لێبسەندرێتەوە.

٣- دێمۆکراسی راستەوخۆ بەو ڕادەی لەبارەی شوێنی کارەوەیە، بە ھەمان ڕادەش لەبارەی شوێنی ژیانەوەیە، نێو کۆمۆنێتییەکە. لە دێمۆکراسی پارلەمانیدا شوێنی کار پارێزەری دێمۆکراسییە (پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە کرێکاران لە رێگەی سەندیکاوە بەدەستیانھێناون). لە دێمۆکراسی راستەوخۆدا خستنەگەر و سەرپەرشتی کارگەیەک، ئۆفیسێک، کێڵگەیەک یا نووسینگەیەک لە رێگەی کۆبوونەوەی گشتی کرێکارانەوە ئەنجامدەدرێت. ھەر ئەم کۆبونەوانەن کە بڕیار لەسەر ھەلومەرجی سەرکار، دەدات و بەڕیوەبەرە نوێیەکان ھەڵدەبژێرن و بانگیشیان دەکاتەوە و کار و کردنی کارەکان ڕێکدەخەن ھەرئاوا ھەڵبژاردنی کەسەکان (وەک نوێنەر) بە رەزامەندیی ئەوانەی دەوروبەریان لە شوێنی کار و ژیانی نێو کۆمۆنێتییەکە، لەتەکیاندا، دەکرێت. ھەروەھا رێکخراوی ھەرێمی لەلایەن فێدراسیۆنەکانی شوێنی کارەوە بەبەکاربردنی پێکھاتەی نوێنەرایەتی پێکدێت.


ئایا ئەم فۆرمە لە دیموکراسیی دەتوانرێت کاری پێبکرێت و گەر کرا چۆن دەبێت؟ وەکو پێشتر ئاماژەی پێکرا ئیسپانیا یەکێکە لە باشترین نموونەکان کە ‌بەرچاومانخرا و دەریخست کە تا چەندێک دەتوانین بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵ ئەم شێوە نوێیە بەکاربھێنین. ھەرەوەزییەکانی کە لەلایەن کرێکارانەوە لە نێوانی ١٩٣٦-١٩٣٧ دا دروستکران شێوەیەکی بەرزی دیمۆکراتیانە بوون، ھاوکاتیش ئەوەیان نیشاندا کە چ توانستێکی شاراوەمان ھەیە، گەر ئێمە لە ڕێگر و بەستەکانی کاپیتاڵیزم، ئازادبین. بە ئاشکرا دەردەکەوێت دەبێت قسەی خۆمانمان ھەبێت، ( گەرچی ئەمە لەژێر سایەی کاپیتاڵیزمدا مەحاڵە) سەبارەت بەو کارانەی کە دەیکەین و چۆنی دەکەین و کەیی و لە چ ڕێگایەکەوە دەیکەین. کاتێکیش کە ئەم مافانەمان ھەبێت جۆرایەتی ( نەوعیەت) و سروشتی کارەکانمان زۆر بە مەزنی دەگۆڕێت، - ئەمەش یەکێک بوو لەو شتانەی کە لە ئیسپانیا بەدەستھێنرا. دیموکراسیییەت و کار ھەمیشە دەبێت لەشانی یەکەوە بڕۆن و بەیەکەوە بن- دەریشکەوتووە ئەمە یەکێکە لە فەشەلەکانی دیموکراسیی پەڕلەمانتاری کە ھیچ وەختێک ، ئەمە نەبووە ودەرنەکەوتووە، ‌لەوەش ناکات ھەرگیز ڕووبدات - ھۆکارەکەشی ئەوەیە کە ھەڕەشەیەکە بۆ کاپیتاڵیزم و بەند و یاساکانی بەڕێوەبەرەکان.‌

*   *   *

شۆڕشی ئیسپانی لە سالی ١٩٣٦ ڕویدا و بە قورسیش کەوتە ژێر کارایی و ھەژموونی ئایدیای ئەنارکیستەکانەوە ، شۆڕشێک بوو بە قەوارەیەکی گەورە و لە بوارێکی فراواندا بێ ھیچ دوودڵییەک شۆڕشێکی فراوانی کرێکاران بوو لە چەرخی بیستەم دا، بەتایبەت تا ئەو ڕادەیەی کە کۆمەڵی ئیسپانی گۆڕی.


تایبەتمەندییەکی دیکەی شۆڕشی ئیسپانی ئەوە بوو کە ‌دیمۆکراتی بوو، لایەنێکی ئەمەش ڕەنگدانەوەی مەیلی سروشتی شۆڕشە جەماوەرییەکان، بوو، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ڕەنگدانەوەیەکی فراوانی ھەژموونی ئایدیاکانی ئەنارکیستی بوون، کە دەستپێشکەری کرد لە بایەخدان بە پلەی یەکەم (ئەسبەقیەتدان) بە بەشداریکردن و گردبوونەوەی جەماوەرییانە لە خەباتکردن دژی کاپیتاڵیزمی ئیسپانی.


بیرۆکە ئەنارکیستییەکان لە دەستەواژەی پرنسپڵی 'ئامرازەکان و ئامانجەکان' دا خۆی دروستکردووە ، باوەڕمان وایە ئامرازەکانی کە بەکاریدەھێنین، ھەلومەرجەکانی یا حاڵەتی ئامانجەکانمان کە بەدەستیان دەھێنین، دیاریدەکات . ئەنارکیستەکان دەیانەوێت کۆمەڵێکی کرێکاریی ئازاد و دێمۆکراتیک دروستبکەن، بۆ ئەم سەرەنجامەش ئەوان میتۆدەکانی کە ئەم کۆمەڵە دروستدەکەن لەناو خودی ئەو تێکۆشانەی کە گۆڕانکارییەکان دەکات ، بەکاردەھێنن. بزوتنەوەی کرێکاران لە ئیسپانیا، بەشێکی بەھۆی چالاکی ئەنارکیستیانەوە، بوو، کە ھەژموونێکی بەھێزی پراکتیزەکردنی دیموکراسییی ھەبوو، ئەوەش ئامانجێکی ھوشیارانە بوو.


شێوازی تێکۆشانی ئەنارکیستیانە پەرەدانە ‌بەخودی چالاکی خۆیی و متمانە بەخۆبوونی چینی کرێکارانە، ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەشە کە ئەنارکیستەکان دژی ھەموو بەشداریکردنێکی ' ڕێگای پەڕلەمانتارین بەرەو سۆشیالزم'. چالاکی پەڕلەمانتەری و'کەمپەینی ھەڵبژاردن' - لە ئیساپانیا وەکو شوێنەکانی دیکە - ڕۆڵی ناکارایی (پاسیڤانە) کرێکارانیان تەشەنە پێدەدا و ھانی خەڵکیان دەدا کە باوەڕ بەوە بھێنن' کەسێکی دیکە' سۆشیالیزم بەدەستدەھێنێت. ئەنارکیستەکان لە بناغەدا دژایەتی ئەم بیرو بۆچونە دەکەن. ئێمە دەزانین و 'مێژوش ئەو سەرنجەی سەلماندووە' کە ڕزگاری کرێکاران تەنھا لە ڕێگەی خۆیانەوە دەبێت'.

______________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/dimukrasiyrastewxo1.htm

 

له‌نده‌ن

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک