٧\١\٢٠١٩ ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا.
- بەشی یەکەم -
- تێگەیشتنێک بۆ ئەدەب.
لێرەدا دەبینین ، هەموو ئایدیۆلۆژییەکان بەبێ جیاوازی هیچ بەهایەک بۆ ئەدەبی دەرەوەی بازنەکانی خۆیان دانانێن ...! هەموویان ئەدەب وەک هۆکارێک و وەک دەزگایەک یان ڕێکخراوێکی حیزبی سەیر دەکەن ، نووسەر و ئەدیبەکانیش وەکو کەسانی وابەستە و کۆیلە و ملکەچ دەبینن . ئەوان نایانەوێت لەوە تێبگەن کەوا ئەدەب یان نووسین هەوڵێکی تاکە کەسییە ، نووسەرەکان لەنێو ئەدەبدا قسەی دڵی خۆیان دەکەن..! ئەوان نایانەوێت گوێبیستی ئەوەبن کەوا ئەدەب کردەیەکی زمانەوانییە و بارگاوییە بە مەعریفە ، ڕەنگە ئەو مەعریفەیە و ئەو ئاگاییە بۆ نووسین و داهێنان ، بۆ کەسایەتی و سەربەخۆیی تاک ، ڕیگە نەدات نووسەر قەڵەمەکەی کۆیلە و وابەستە بێت بۆ ئایدیۆلۆژیا و لایەنێکی دیاریکراو ..! بۆیە هەروەک لەسەرەتا باسمانکرد ، ئەدەب لە ڕووبەرێک ئیشدەکات کە بە ئەندازەی خەون و خەیاڵ بەرین و فراوانە ، بەهیچ دەلیل و هۆکار و ئایدیۆلۆژیاییەک ناتوانین ئەم ڕووبەرە فراوانە لە ئەدەب بەرتەسک بکەینەوە یان بازنەیەکی بەدەورەدا بکێشین . لەماناو تێگەیشتنە مرۆییەکەی دووری خەینەوە و دایببڕێنین . ئەدەب ڕەگوڕیشە و قەدوباڵای خۆی بەهیچ ڕەنگێکی دیاریکراو ڕەنگ ناکات ، ناتوانێ هیچ ماسکێکی دایاریکراو بپۆشێ ..! ئەدەب بە بیانووی هیچ مەبەست و ئایدیۆلۆژیایەک پۆلین ناکرێ و ناتوانین ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی بەبەردا بکەین . مەبەستمە ئەوە بڵێم ، لە نووسینێک یان ڕۆمانێک یان هەر دەقێکی ئەدەبی کاتێک ، ناوەڕۆکەکەی هاوتەریب و هاوڕا دێتەوە لەگەڵ بەرنامە و ئاسۆ و ئامانجەکانی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، ئەوە بەو مانایە نایەت کە ئەدەبەکەی بخاتە خزمەت و ژێر ڕکێفی ئەو ئایدیۆلۆژیایە ، ناوێک یان پاشگرێک بە ئەدەبەکەیە بلکێنێ .. بۆ نموونە ڕۆمانی ( دایک ) ی مەگسیم گۆڕکێ ، ڕاستە بە دیدگایەکی سۆشیالیستانە نووسراوە و بە پراکتیکی نەخشەی خەباتی چینی کرێکارانی ڕووس دەکێشێ ، بەڵام کرێکارانی ڕووس بەشێکن لە کرێکارانی دنیا ، دەکرێ ئەم شاکارە جیهانییە ئاوێنەیەک و سەرچاوەیەکی لەزەتبەخش بێت بۆ هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیا ، دوای ئەوە ، هەموو کرێکاران و خوێنەرانی دنیاش سۆشیالیست نین ، بەبڕوای ئێمە وا پێویست دەکات ، ئەم شاکارانە لەنێو رووبەرە گەردوونییەکە بهێڵێنەوە پێویست بەوە ناکات بە ئەدەبی سۆشیالیستی ناویان بەرین و لە ماهییەتە گەردوونیەکەیان کەم بکەینەوە ، چونکە کرێکار هەر کرێکارە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت ، یان سەر بە هەر ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک بێت ، لە بەرامبەر کێشەی ( کار و سەرمایە ) دەرگیری هەمان کێشە و گرفتن ، وە دواجاریش / شاکارە گەردوونییەکان موڵکی هەموو مرۆڤایەتین نەک دەستە تاخمە و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ، یان بۆ نموونە ئەدەبەکەی ( بەختیار عەلی ) لەنێو ڕۆمانەکانی لە زۆرشوێن ، باس لە ئەنفال و کۆڕەو و شۆڕشی کورد و جەور و ستەمی کورد بەدەست ڕژێمی بەعسەوە دەکات بەڵام ، ناتوانین ئەدەبەکەی بەختیار عەلی بە ئەدەبی ناسیۆنالیستی ناوبەرین ، چونکە ڕۆمانەکانی بەختیار لە بنەڕەتدا ، بە دیدگایەکی گەردوونی و بە خەیاڵێکی گەردوونییەوە نووسراون بۆیە ، دوورنمایەکی مرۆیی و گەردوونییان هەیە ، هەر لەنێو ئەم ڕووبەرە گەردوونییەش دەمێننەوە . وەک چۆن ئەدەبەکەی ( ڤۆلتێر و ژانژاك ڕۆسۆ) ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە گۆڕانە سیاسی و ئابوورییەکانی فەڕەنسا تا ئاستی گۆڕینی سیستەمی دەرەبەگی و ئەریستۆکراتی ، لە پێناو ژیانێکی ئازاد و ڕەهادا ، داوای ڕزگاربوونییان دەکرد لەدەست دابونەریتە کۆنەپارێزەکەی ئەوکاتە و بۆ ئەم مەبەستە شەڕی خورافە و ئایین و کلێساکانییان دەکرد ، لەم پێناوەدا بە تایبەت ڤۆلتێر ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتن و زیندان و مەنفا دەبوویەوە ، بەڵام ئەدەبەکەیان جگە لە ئەدەب و جگە لە شوناسی مرۆڤایەتی هیچ پاشگرێکی پێوە نەلکا ، دیارە بۆ ئەدەبی ( شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و گابریل کارسیا مارکیز و ... ) ، ئەدەبی هەموو گەورە نووسەرانی جیهانیش بەهەمانشێوە . لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە هەرچی پاشگرێک و ناوێک بۆ ئەدەب ڕەتکەینەوە ، هەندێک پاشگر و ناو بەهۆی تایبەتمەندییانەوە بە ئەدەبەوە دەلکێن ئەوە ئاساییە چونکە ، هیچ سنووربەندییەک بۆ ئەدەب دانانێن و لە بەهاو ڕووبەرە فراوانەکەی کەم ناکەنەوە ، بۆ نموونە ( ئەدەبی منداڵ ) ، دیارە بەهۆی تایبەتمەندی منداڵان و باری تەمەن و دەروون و بیرکردنەوە و ئاستی وەرگرتنییان ، دەبێ بە شێواز و فۆڕمێکی تایبەت و گونجاو بە منداڵان بنووسرێت ، یان ( چیڕۆکی خۆشەویستی ) یان ( ئەدەبی لیریک ) ، ئەمانە بە فۆڕم و شێوە زمانێکی تایبەت دەنووسرێن و لەهەمانکات شوناسە مرۆیی و گەردوونییەکەیان لەدەست نادەن.
بەڵام ئەگەر بڵێین ئەدەبی ( ژنان و پیاوان ) ، ئەم جۆرە پۆلین و ناوبردنە لە تایبەتمەندی دەچێتە دەرەوە و دەچێتە خانەی سنووربەندی ، وەک چۆن ئیزمە ئایدیۆلۆژییەکانی وەک ( سۆشیالیزم و ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ... هتد ) ئەم پاشگرانە دەچنە خانەی سنووربەندییەوە ، ئەدەب ناتەبا و دژ دێتەوە لەگەڵ ئەم ئیزمانە ، بەڵام ئیزم و پاشگری قوتابخانە ئەدەبییەکان وەک ( سومبولیزم ، داداییزم ، سوریالیزم ، فۆرمالیزم ... هتد ) لێرەدا دەبینین ، ئەدەب هاوتەبا و ڕێک دێتەوە لەگەڵ ئەم ناو و ئیزمانە چونکە ، ئەم ناوانە بەهۆی تایبەتمەندی زمان و شێوازی جیا و داهێنانی نوێوە دێنە بوون ، ئەمانە ڕووبەری ئەدەب فراوانتر دەکەن و خشتێک دەخەنە سەردیواری ئەدەب و پەیکەرەی ئەدەب توندوتۆڵتر دەکەن . لەلایەکیترەوە ، ناتوانین ناتەبایی و شەڕ و ململانێی نێوان ئایدیۆلۆژییەکان بگوازینەوە نێو پانتایی ئەدەب ، بۆ نموونە / ( ئەدەبی سۆشیالیستی ) لەلایەن کەسانی ئاینپەروەر و نیشتیمانپەروەر ، داهێنان و جوانییەکانی ئەم ئەدەبە نابیندرێ ..! لە هەمانکات وەکو ئەوانیش چێژی لێنابینن ، چونکە لە بنەڕەتەوە خۆیان سەر بە ئایدیۆلۆژیایەکی جیاوازن و ئایدیۆلۆژییەکەشیان لە شەڕو ململانێیەکی ڕیشەیی و سەختدان ، ڕەنگە داهێنانەکانی یەکتر بێبەها چاولێبکەن . یان ئەگەر بەهۆی پاساوی ڕزگاری نیشتیمانی و نەتەوە و ڕزگارکردنی چینیك بە دەستی چینێکیتر و یان ڕزگارکردنی ئاینێک بە دەستی ئاینێکی ترەوە ... ، ( ئەدەب لە پێناو ئەدەب ) ڕەتکەینەوە و وەک چەکێکی شۆشگێڕانە ئەدەب بخەینە خزمەت مرۆڤ بۆ سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ڕزگاری و ئازادی و ژیانێکی خۆشبەخت بەڵام ، دەبێ لەوە تێبگەین کەوا ، ئەدەب ئازادی و ڕزگاری بۆ مرۆڤەکان بە دەست ناهێنێ ، هەروەک ( سارتەر ) یش بڕوای وابووە کە ، ئەدەب دەتوانێ مرۆڤەکان والێبکات بیر لە ئازادی و ڕزگاری بکەنەوە . ئەدەب ناتوانێ کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە بەدەستبهێنێ ، بەڵام مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئەو وشیاری و مەعریفەیە بەدەستبهێنن کە بیر لە ژیانێکی خۆشبەخت و بیر لە ئازادی و لە کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چاوسانەوە بکەنەوە .. لیرەوە بەوە دەگەین کەوا ئەدەب ملکەچ و وابەستەیی بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەیەکی دیاریکراوی تایبەت نییە ، لە ئەدەبدا هیچ بیرکردنەوەیەک بە تەنها بوونێکی ڕەهای نییە ، ئەدەب لە ڕێگەی زمانەوە ئیش لەسەر وڕوژاندنی پرسیار و گومان و نامۆبوون دەکات ، لەبەرگێکی جوانکاری و بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی .. جوانیش هەم لە ئەدەب و لە هەموو شتەکانیتر بوونێکی ڕێژەیی هەیە . نامۆبوونیش دۆخێکە کە مرۆڤ لە جەوهەری ڕەسەنایەتی خۆی دادەبڕێنێ یان دووریدەخاتەوە . بۆ ئایدیۆلۆژیاش ( گومان و نامۆبوون ) دوو چەمکی توورەهات و بێمانان . چونکە گومان و نامۆبوون تەنانەت پرسیاریش دۆخێکی ناجێگیر و شلۆق و ناتەبایان هەیە لە پێگەی ئایدیۆلۆژیادا ، مانەوە لە نێو گومان و ڕاڕایی لای مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان بە عەیبوعارێکی گەورە چاولێدەکرێت . چونکە لە ئایدیۆلۆژیادا لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە دیاریکراوەدا ، وەڵامی پرسیارەکان دراونەتەوە و ڕێگاچارەکان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری و خۆشبەختی دیرایکراون ، مرۆڤە ئایدیۆلۆژیستەکان دەبێ وابەستەی ئەم بەرنامەیە بن و لەسەری بڕۆن ، کەچی لە بنەڕەتدا ، ( ڕێگاچارە بۆ کێشەکان هەڵنابژێردرێ بەڵکو دادەهێندرێ ..! مرۆڤ خۆی دەتوانێ ڕێگاچارە بۆ کێشەو گرفتەکانی خۆی دابهێنێ ، نەک ڕێگایەکی پێشوەختە بە ئاسۆیەکی دیاریکراو بۆ ئامانجێکی دیاریکراو هەڵبژێرێ ) . ئەدەب بەم ماسک و بەم جەستە ڕێکخراوەییە و بەم قەڵەمە وابەستەییە ناتوانێ ئیش بکات و داهێنان بکات . نووسەر ناتوانێ بە پەنجەکان و قەڵەمەکەی خۆی ، سنوورێک یان بازنەیەک بە دەوری خەیاڵ و بیرکردنەوەکانی خۆی بکێشێت . ناتوانێ بوخچەی ئارەزووەکان و بارە دەروونییەکەی خۆی فەرامۆش بکات ، تۆ ناتوانی بەسەر دیوی ناوەی خۆت بازبدەیت و دیوی ناوەوەی ئەوانیتر بکێشیت ، وەکچۆن ، ناتوانی زنجیر لە دەست و پەنجەکانی خۆت بکەیت و لەهەوڵی پچڕاندنی زنجیری دەستی ئەوانیتر بیت . چونکە ئەدەب لە بنەڕەتدا / فڕینە لە نێو ڕووبەری زمان و خەیاڵ و بیرکردنەوە ، فڕینە لەنێو بۆشایی دەروون و حەزوئارەزووەکانی خود ، نووسینەوەی گومانەکان و نائومێدییەکان و دەروونە تێکشکاوەکانە . یان رەسمکردن و نووسینەوەی وڕێنەکانە ، نووسینەوەی ئەم جوولە و شەپۆلانەیە کە ناوەوەی مرۆڤ دەجوولێنێ و ئاراستەی ڕۆیشتنی دیاریدەکات . بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا خۆشلکردن بۆ گرفت و موعاناتە تاکەکەسییەکان دۆخێکی نەخوازراو و بارێکی نێگەتیڤە . چونکە لە بەها پیرۆزەکانی ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەکە دووردەکەوییەوە . یان بە کەسێکی( لادەر ) ناوزەد دەکرێیت . هەروەک لە کتێبی ( تیۆری ئەدەبی ) دا هاتووە و دەڵێ ( ئەگەر مارکس سەیری دەرئەنجامەکانی پێداویستی ئێمە بۆ کارکردن بکات ، لە ڕوانگەی پەیوەستکردنییەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو شێوازانەی سیاسەتەوە کە بەدوایاندا دێت ، ئەوا فرۆید سەیری تێوەئاڵاندنی ئەو پێویستییە دەکات بە ژیانی دەروونییەوە ، ئەم ناتەبایی و پارادۆکسە کە کارەکەی ئەوی لەسەر دەوەستێت ، ئەوەیە کە نابین بەوەی کە هەین ..! ) . دەبینین ( فرۆید ) سەیری تێوەئاڵاندن و پەیوەندییەکان و پەیوەستییان دەکات بە باری دەروونیی و ململانێیە دەروونییەکانەوە ، دەکرێ ئەم بیرکردنەوەیەی فرۆید ببێتە بیرکردنەوەی نووسەرێک کە لەنێو دەقێکی شیعری یان لە نێو چیڕۆک و ڕۆمانێک ئیشی لەسەر بکات ، بەڵام بۆ ئایدیۆلۆژیا / ئیشکردن لەسەر ئەم بارە دەروونییە و کێشە دەروونییانەی خود کارێکی نەخوازراو و ناتەندروستە . چونکە ئایدیۆلۆژیا نووسەر و ئەدیبی گوشەگیر و یاخی ناوێت . باوەڕیان بە جیاوازی و ڕەتکردنەوە نییە ، بەڵام لە بنەڕەتدا / قسەکردن لەسەر سروشتی غەریزەکانی مرۆڤ و وەهم و نائومێدییەکانی خود ، بە بڕوای ئێمە ئەوە یەکێکە لە هێڵە سەرەکییەکانی ئەدەب . چونکە ئەدەب ئیش لەسەر دروستکردنەوەی مرۆڤ دەکات .. دواجار دەتوانین بلێین / کاریگەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر ئەدەب بەمانای ، کوشتنی ئەدەب و بەرتەسککردنەوەی سنووری خەیاڵ و بیرکردنەوەکان و داشۆرینی بەهاکانی جوانی و نوێبوونەوە دێت.
بەڵام ئایدیۆلۆژیا ئەم ئازادییەی نووسەر
لەنێو ڕووبەری ئەدەب و زمان بە یاخیبوون و لادەر لە قەڵەم دەدات ،
ئایدیۆلۆژیا گەمەی زمانەوانی و ئیشکردن لەسەر میتافۆر و وێنە و
پارادۆکس و پرسیار و گومان و پێکهاتە ڕەوانبێژییەکان .. و ئەمانە بۆ
ئەو بەهایەکی ئەوتۆیان نییە ، هێندەی زمانێکی شەفاف و ڕوونی لە نووسەر
دەوێت هەندێکجاریش زمانێکی دروشمئامێز ، بۆ گەیاندنی مەبەست و پەیامێکی
دیاریکراو . چونکە بۆ ئایدیۆلۆژیا ئەدەب جگە لە هۆکارێک هیچی تر نییە ،
ئامانج نە داهێنانە نە جوانکاری . بە دیوێکی تریش ، ڕەنگە / زۆرێک لە
نووسەران لە ڕێگەی ئەو عەشقەیان بۆ بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییەکەیان ، بێ
هیچ فشار و کاریگەرییەکی دەرەکی بکەونە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژییەکەیان و
لەزەت لەوە ببینن کە ، بەم شێواز و ستایلە بنووسن کە هاوتەریب دێنەوە
لەگەڵ مەبەست و ئامانجی ئایدیۆلۆژییەکەیان . بە مانایەک نووسەرانێک
خۆیان زنجیری ئایدیۆلۆژی و کاریگەرییەکانی دەرەکی لە دەستی خۆیان دەکەن
و ڕووبەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و شێواز و ستایل و زمانەکەیان بەرتەسک
دەکەنەوە ، بە بڕوای من / ئەم نووسەرانە کۆیلە و وابەستەن ..! چونکە
دەبێ لەوە بەئاگابین ، ئایدیۆلۆژیا نەک هەر بەرامبەر بە گەمە
زمانەوانییەکان و ستایل و جوانکارییەکان بەڵکو ، هەوڵدەدات ئازادی
نووسەر سنووردار بکات ، چونکە ئایدیۆلۆژیا ناتوانێ لەوە تێبگات ( ئەدەب
بە زمانی ئەندێشە و فەنتازیا دەنووسرێ ، ئەندێشە و فەنتازیاش سیفاتی
دیالەکتیکییان هەیە ...! ) ، نەک هەر ئەمە بەڵکو ، ئایدیۆلۆژیا
بەرامبەر رەخنەش هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت . ڕەخنە بۆ ئایدیۆلۆژیا ، یەک مانای
هەیە ، ئەویش / دەبێ رەخنە لە ئەویتر بگریت و داکۆکی سەرسەختانە لە
بیروباوەرەکەی خۆت بکەیت . ڕۆڵی ڕەخنەگر هەرەسهێنان و تێشکانی لەشکری
بەرامبەرە .. ! قسەیەکی تەقلیدیش هەیە بەرامبەر رەخنە بۆ هەموو
ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەرەکان ڕاستە ، کە ئەویش / ئەگەر ڕەخنەکە
هاوتەریب بوو لە گەڵ ئاسۆ ئامانجەکانی ئەو ، واتە گەر لەبەرژەوەندی
ئەودا بوو ، ئەوا ڕەخنەیەکی ( بونیادنەرە ) ئەگەرنا دەبێتە ڕەخنەیەکی (
ڕووخێنەر ) ..! بەبێ هیچ لەبەرجاوگردتنی میتۆد و جدییەت و بنەمای
مەعریفی و زانستی ڕەخنەکە .. گرینگ ئەوەیە ئەم ڕەخنەیە لەگەڵ تۆ دێتەوە
یان نا ..! رۆژانە ئەوە دەبیستین لە ڕەخنەکانی بەرامبەر بە یەکتری بە (
ژەهر ) ناوزەد دەکەن ، پێیان وایە ڕەخنەکان و نووسینەکانی دژبەیەک
ژەهرێکە بە دژی یەکتری بڵاوی دەکەنەوە ، لەولاوەش هەموولایەن و
ئایدیۆلۆژییەکان بە ماسکێکی ناشیرین و ڕەزا قوڕسەوە / باس لە ئازادی و
دیموکراسی و گرینگی ئەدەب و ڕەخنە و بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکەن .
ئەوەش بەو مانایە نایێت کە / دەستی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیا ببڕین لەنێو
ئەدەبدا یان ئەدەب نەتوانێ قسە لە سیاسەت بکات . بەڵکو هەموو نووسەرێک
ئازادە چۆن بیردەکاتەوە و یان هەڵگری چ بیروباوەڕیک و ئایدیۆلۆژیایەکە
بەڵام ، گرینگە کە ئەدەبەکەی نەخاتە ژێر ڕکێفی ئایدیۆلۆژیایەکی
دیاریکراو ، واتە / ئەدەبەکەی نەبیتە هۆکار بۆ ئایدیلۆژیایەکی
دیاریکراو . مەبەستی تایبەتیشمان تەنها ( پاراستنی ڕووبەرە
گەردوونیەکەی ئەدەبە ) ، لێرەدا بە باشی دەزانین کەوا / نووسەر خاوەن
ڕوئیاو بیرکردنەوە و جیهانبینی تایبەت بەخۆی بێت ، چونکە بە پێویستی
دەزانم لێرەدا پێ لەسەر ئەم وتە گرینگەی ڤۆڵتێر دابگرم کە دەڵێ ، (
ڕەنگە لە بیر و بۆچووندا جیاواز بین ، بەڵام ئامادەم بمرم لە پێناو
داکۆکیکردن لە بیروبۆچوونت ..! ) دواجار ئەدەب بەرهەمی بیری مرۆڤە و
هاوتەریبە لەگەڵ مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، حەقیقەتیش ( بە تەنیا ) لەلای
هیچ لایەنێک و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە..!
کانوونی یەکەمی
٢٠١٨
|