په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٢\٢٠١٠

ئەستێرەکم لێهەڵات لە لای یەمەنێ!


مستەفا رابەر    


سیاسەتمەداری کورد فەرید ئەسەسەرد بەناوو نیشانی (خۆپیشاندان لە کوردستان و خۆپیشاندان لە یەمەن) ووتارێکی دژی هەلوێستی پەرلەمانی کوردستان نوسیوە دەربارەی یاسای خۆپیشاندان کە پرۆژەی یاساکەی مەرجدار کردوە بە وەرگرتنی مۆلەت، پێی وایە مەرجی وەرگرتنی مۆلەت بۆ خۆپیشاندان پاشەوپاش گەرانەوەیە بۆ دواوە ، ''له‌یه‌کێک له‌خراپترین دیموکراسییه‌کانی ‌ناوچه‌که‌که ‌یه‌مه‌نه‌، سه‌رۆک عه‌لی ‌عه‌بدوڵڵا ساڵح که ‌هیچ هه‌ڵبژاردنێک له‌وڵاته‌که‌ی ‌به‌پێی‌ پێودانگه ‌نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان به‌ڕێوه ‌نه‌چوه‌، مافی‌خۆپیشاندانی‌ به‌بێ‌ وه‌رگرتنی ‌مۆڵه‌ت داوه ‌به‌هاوڵاتییه‌کانی ‌خۆی‌ به‌پێی ‌یاسای‌ ژماره‌ی‌ ساڵی ‌که‌تایبه‌ته‌ به‌ڕێکخستنی‌ خۆپیشاندان‌و رێپێوان، له‌یه‌مه‌ن خۆپیشاندان پێویستی‌ به‌مۆڵه‌ت وه‌رگرتن نیه‌''. 


سەرەتا بۆ پێناسەی توێژینەوە و شێکاری سیاسی سەرکەوتوو پێویستە توێژەر مەرجەکانی شێکردنەوەی سیاسی تیابیت وەک: (ڕۆشنبیری ،ڕاستگۆیی ، پسپۆری ،وردبینی ، دووربینی ، دورکەوتنەوە لە سۆزو هەڵچون ، بێلایەنی ، توانای بڕوا بەخەڵک هێنان ، سادەیی ڕا دەربڕین) لەم ڕووە فەرید ئەسەسەرد زۆر بەناوبانگ و سەرکەوتوە من ڕەخنەی لێناگرم . بەلام ڕەنگە ئەو بەتەواوی شارەزای بارو دۆخ و ژیانی یەمەنیەکان نە بیت کە جیاوازی ئاسمان و ڕێسمانە لەگەل ژیانی خەلکی کوردستان ، هەرچەند ئەوان لەدێر زەمانەوە خاوەنی دەولەتی سەربەخۆی خۆیانن زۆر شانازی بەخاک و وولات نەتەوەی خۆیان دەکەن تەنانەت وادەزانن عەرەب لە هەرکو ێیەک هەبیت یەمەنی زادەن ، بڕوای بتەویان بە خوداو پێغەمبەرو قورئان حەدیسە زۆریش خۆیان بەو فەرمودەی حـــەزرەتی ئیمامی عومەر هەڵدەکێشن کە وەختی خۆی بە یەمەنیەکانی گۆتوە (ئەوەندەتان بەسە شانازی پێوە بکەن لە ئاسمان ئەستێرەیەک و لەکەعبەش گۆشەیەکتان هەیە) لەوێ ئاینی ئیسلام ئەوندە پیرۆزو قووڵ ڕەگی داکوتاوە پێویستیان بەهیچ حیزبێکی ئیسلامی سیاسی نەبوو سەریان لێ بشوێنی تا رادەیەک دەگۆترێ پەیدابونی ئیسلامی سیاسی تەنیا بۆ گێرە شێوێنی و بازرگانی کردنە بەئاینی پیرۆز ئیسلام و هیچیتر.


کۆماری یەمەن لەخۆرئاوای نیمچە دورگەی عەرەبە روبەرەکەی نیو ملیۆن کیلۆمەتری دوو جایە ژمارەی دانیشتوانی بیستو سێ ملیۆن کەسە رێژەی نەخوێندەواری لەسەدا حەفتاو پێنجە ، هەژارو کەم دەرامەتن رێژەی داهاتی رۆژانەی تاکێک لەدەوروبەری دۆلارێک و نیوە ، سوالکەریان زۆرە لای ئەوان کلۆ خواردن باوە ، خواردنی کوڵلەو ماسی بە دەقی حەدیس حەلال کراوە ،نرخی یەک کێلۆ کوڵلە بایی 10دۆلارە دوو قات لە گۆشتی بەرخ گرانترە ، خواردنی کوڵلەیان بە خواردنی هەنگوین چواندوە.


ژنەکانیان لە تەوقەسەرەوە هەتا بنی پێی خۆیان بە عەباو جوبەی ڕەش دادەپۆشن تەنیا کونی چاویان دیارە.


نزیکەی حەوت ملیۆن کەسی یەمەنی پەراگەندەو ئاوارەی وولاتانی جیهانن ، یەمەن بەدەست کێشەی توندو تیژی و دەست تێوەردانی دەرەکی و بێئاوی ،هەژاری دەناڵێنی ، رۆشنبیرەکانی یەمەن باس لە خەوشەکانی هاولاتی خۆیان دەکەن دەبێژن: چەک و تەقەمەنی ، جگەرەکیشان ، قات خواردن بەربلاوە (قات گەلای درەختێکی کورتەبالای هەمیشە سەوزە ، بێهۆشکەرێکی سروشتیە ، ژن و پیاو بە تامەزرۆیی دەیخۆن بەپێی هەندێ مەزهەب حەرامکراوە بەلام بەمەزهەبی ئیمامی شافیعی (کەمەزهەبی زۆرینەی خەلکی یەمەنە ) و مەزهەبی زەیدی خواردنی حەلالە، بێکاری ، دیاردەی بەرتیلدان لەفەرمانگەکانی میری ئەوەندە زەقە هەرباس ناکرێت ، چەمینەوە و بوون بەپیاوی سەرۆک خێلەکان، دەنگ فروشتن لەکاتی هەلبژاردنەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە .


پتر لە دوازدە حیزبی سیاسیان هەیە ، بەلام بەهۆی ناتەبایی بێ بەرنامەیی ، ئەمبەرو ئەوبەری کادیرەکانیان کاریگەریان نیە زۆریان لەپێناوی موچەو پارەو پول سەریان بۆ دەستەلات شۆڕکردوە بەتایبەتی حیزبە ئیسلامیهکان بههۆى چەق بەستنیان لهچوارچیوەی کۆنهپهرستى و لاوازی گوتارو بهرنامهیانو نە گونجانیان لەگەل رەوتی سەردەم بەردەوام چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێت لە نیو خۆیان گیروگرفت پەیدا کەن وەکو شانەی زەرگەتە وان ناوە ناوە لێک جیا دەبنەوە سەرەنجام سوود بەڕژێمی دیکتاتۆری دەگەیەنن.


هەرچەند ڕۆژنامەو بلاوکراوەی حیزبەکانی یەمەن بە حیزبی دەستەلاتیشەوە پڕن لە ڕینمایی جوان و میدیاکان بەردەوام باسی دەکەن و دەنوسن:


"رژێمی دیموکراتی سیستەمێکە لەسەر بنچینەی وتووێژی هاوچەرخ و هێمن ، قەبوڵکردنی لایەنی بەرامبەر بنیات دەنریت ، رەتکردنەوە و پەنابردن بۆ توندوتیژیی و هەولدان بۆ پەراوێز خستن وێڕای هەبوونی بیرورای جیاوازیش دروست نیە ، بە ئاشتی پیکەوە ژیان پێویستی بە ریکەوتنی سیاسی هەیە لە نێوان هێزو پارتە سیاسیەکان بەمەرجێک ئەو هێزو پارتانە بەپێی میکانیزم و دەرەنجامی هەلبژاردنەکان بروایان بە دیموکراتی و نۆرەکردن و ئالوگۆری دەستەلات هەبیت ، هەروەها داب ونەریتی دیموکراتی وایە دۆڕاو دان بە دۆرانی خۆی بنێت و پیرۆزبایش لە بەرامبەرەکەی بکات ، پێویستە پشتگیری بکات لەقۆناخی نوێدا ، خزمەتی وولات بکات رۆلی نوێی ئۆپۆسزیۆنی نیشتمانپەروەر ببینت ، ئامۆژگاری دلسۆزانە بدات ، بەپێی یاسا هەلس وکەوت بکات هەولی گێرە شێوینی نەدات خۆل نەکاتە چاوی خەلک و لەئاوی شێلودا ڕاوی ماسی نەکات." .


بەلام لەبەر ئەوەی زۆریان گۆتوەو بەرهەمی نەبوە خەڵک وادەزانن فسکەفسک و پرتەو بۆڵەی ئەو نوسەرانە بەمەبەستی بەرژەوەندی خۆیانە ، چونکە هەر دوای وەرگرتنی چەند ڕیالێک قڕە قڕەکەیان خاودەبیتەوە .


بگەڕێینەوە سەر باسی یاسای خۆپیشاندان کەمافێکی دەستوری یەو نیشانەی شارستانی و دیموکراتی دەستەلاتە ، ڕاستە لەیاساکەی یەمەندا باسی مۆلەت وەرگرتن ناکات بەلام مەرجی ئەوەی تیایە دەبی لایەنی پێوەندیدار بە نوسین ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت پێشکەش بەمیری بکات بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دابین کردنی ژمارەی پیویست پۆلیس و هۆیاکانی گواستنەوە و فریاگوزاری و کۆنترۆلکردنی شوێنی خۆ پیشاندان و پاراستنی بەشداربوەکان.

 
هەلگرتنی چەک ، دارو تۆپز لەکاتی خۆپیشاندان خویندنەوەی ووتاری ئاژاوە گێڕانەی قەدەغە کردوە ، مەرجی ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت سودی خۆپێشاندەرەکانی تیایەو لەیاسای ولاتە پێشکەوتوەکانی جیهانیش هەیە بەلام لەیەمەن سودی بۆ دەستەلات زیاترە وەکوو ناردنی ژمارەیەکی باش لە سیخوری کارامەو جێی متمانە بۆ وێنەگرتن و ئامادەکردنی راپۆرت کە زۆر جار لە یەمەن ژمارەی زۆری پیاوەکانی رژێم ئاستی ئاپۆرەی خۆپیشاندەرەکان قەبەو بەرچاوتر دەکات .


لە کۆتاییدا کاک فەرید پێمان دەڵێ:


پەرلەمانی کوردستان متمانەی بەخۆی نیە بۆیەش مافی خۆپیشاندانی بەبێ مۆلەت نابەخشیتە هاولاتیانی خۆی ، باشە با چاوەڕی بین بزانین هەر پەرلەمان متمانەی بە خۆی نیە ئەو مافە بەهاولاتیان ببەخشیت.


هەرچۆنی بیت رژێمی کوردی هێشتا ئەوەندە پەیت نەبوە خۆی لەبەر ئەو هەموو تانەو نەشتەرو سەرکۆنانە ڕا بگرێت، لەلایەک گلەیەکانی ڕیکخراوی هیومان رایتس وۆچ و لەلایەکی تر گۆبەندی بەلگەکانی ماڵپەری ئابڕوبەری ویکیلیکس.


شایەنی باسە ئەو ماڵپەڕە ، مەزەندەی دوو ئەگەری ترسناکی لێدەکرێت یان هێزو توانایەکی گەورەی لەپشتەوەیە بۆ بنکۆلکردن و ڕوخاندنی ئەو دەستەلاتانەی ڕێز لەمافی مرۆڤ و گەلان ناگرن .


یانیش ڕێخۆشکەرە بۆئەوەی دەزگاو سایتی بوێرو بێشەرمی تر بکەونە گەڕ بۆ ئەوەی گەرماو گەرم پەردە لەسەر نهێنی و گەندەڵیەکان هەڵمالن ، ڕێکخراوە نێو دەولەتیەکان ناچاربکەن تاوانباران لەهەر کوێ یەکی جیهان بن بدەن بەدادگا یان هیچ نەبی لەبەر چاوی نەتەوەی خۆیان ڕیسواو شەرمەزاریان بکەن.


ئەو ماڵپەرە خۆی وا پێناسە کردوە : "ویکیلیکس دامەزراوێکی میدیایی یە بۆ قازانج کردن نیە تەرخانە بۆ پێشکردنی هەوال و زانیاری گرینگ بۆ هەموو خەلک ، ئێمە بە داهینانێکی نوێ و پارێزراو بە ڕێگەی سەرچاوەی سەربەخۆی نادیار لەسەرانسەری دونیادا زانیاری دزەپێدەکەین بۆ رۆژنامەنوسەکانمان.


ئێمە ئەو بابەتانە بلاو دەکەینەوە کە ئەهەمیەتی رەوشتی و سیاسی و مێژویی هەبیت وێرای بە نەهینی پاراستنی ناسنامەی سەرچاوەکانمان ، بەم شێوەیە هۆیەکی گەردونی دابین دەکەین بۆ ئاشکراکردنی سەرکوت کردن و چاودێری کردنی زوڵم و زۆرداری.".


ئەگەر وابیت ئەوانەی ئێستاش وا بیر دەکەنەوە کە توانای ئەوەیان هەیە خەلک بەکەڵەگایی وەک مێگەل لێ بخوڕن زۆر یاغ نیشن
________________________
سەرچاوەکان: ئینتەرنێت، ویکیپیدیا، ویکیلیکس.
http://algomhoriah.net/newsweekarticle.php?sid=59693
http://news.naseej.com/Detail.asp?InSectionID=128&InNewsItemID=236443
http://213.251.145.96

 

لەندەن

ماڵپه‌ڕی مسته‌فا رابه‌ر