په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٤

فێمینزم چیە؟


تاڤگە سابیر      

- بەشی پێنجەم -

سێیەم: قوتابخانەی فێمینیستە مارکسییەکان.


فێمینیستە مارکسییەکان سەرمایەداری بەسەرچاوەی بنەڕەتی چەوساندنەوە و نایەکسانیکردن بەرامبەر بە ژن دەزانن نەك پاتریارکیەت ، ئەمەش مانای ئەوەی ، کە چەوساندنەوەی ژنان لە دیدی فێمینیستە مارکسییەکاندا چەوسانەوەیەکی چینایەتییە ، لەکاتێکدا لە دیدی فێمینیستە ڕادیکاڵەکاندا چەوسانەوەیەکی چینایەتی نییە ، بەڵکو چەوساندنەوەیەکە لەسەر بنەمای ڕەگەز یان جنس دروستبووە ، لەم چەوسانەوەیەدا ڕەگەز یان جنسی نێر ڕەگەزی مێ دەچەوسێنێتەوە.
ئاشکرایە دیدی مارکسیزم دەربارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دیدێکی چینایەتییە و ئەو فۆرمی چەوساندنەوانەش ، کە ئەوان دەستنیشانیدەکەن فۆرمی چەوساندنەنەوەی چینایەتین، هەندێك فێمینیستی مارکسی تا ئەو شوێنە دەڕۆن ، کە بڵێن ژنان چینێکی سەربەخۆن و ئەوەشی دەیانکات بە چین بوونی ئەوانە وەك ژنان " sex- calss" بێگومان فێمینیستە مارکسییەکان لەناو خۆیاندا ناکۆکن لەسەر چۆنیەتی دەستنیشانکردنی شوێن و جێی کۆمەڵایەتی ژنان و چوۆنیەتی پێناسکردنی ئەو شوێن و جێییە ، بەڵام دیدی باڵادەست ئەو دیدەیە ، کە ژنان بەسەر چینە جیاوازەکاندا دابەشدەکات و چینیش وەك مەقولەیەکی ئابووری کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات.


فێمینیستە مارکسییە سوونەتییەکان چەوسانەندەوەی ژن بە لە دایکبوونی مڵکیەتی تایبەتەوە گرێدەدەن و کۆتایی چەوساندنەوەکەش بە کۆتایهاتنی ئەم شێوازە تایبەتەی مڵکیەتەوە گرێدەدەن ، چەوساندنەوەی ژن وەك درێژکراوەی چەوساندنەوەی چینایەتی دەبینن و ئەو دیدە ڕەتدەکەنەوە ، کە ئەم چەوساندنەوەیە بە چەوساندنەوەیەکی جیاواز لە چەوساندنەوەی چینایەتی یەکسانبکات ، لە ڕەخنەیاندا لە سیستمی پاتریارکیەت باس لەوەدەکەن ، کە تیایدا پیاو ژن وەك مڵکی تایبەتی خۆی مامەڵە دەکات ، بەڵام سەرچاوەکانی چەوساندنەوەی پاتریارکییانە دەبەنەوە ناو چەوساندنەوەی چینایەتی ، هەم ڕاسیزم و هەم سێکسیزمیش بە سیستمی مڵکیەتی تایبەتەوە گرێدەدەن ، بەکورتی  ئەوەی فێمینیستە مارکسییەکان بە کۆی فێمینیستەکانی دیکەوە گرێ دەدات مەسەلەی باوەڕبوونە بە چەوساندنەوەی بەردەوام و سیستماتێکی ژنان ئەرگەچی لەو خاڵە ، ئەم چەوساندنەوە سیستماتیکییە بە پەیدابوونی مڵکیەتی تایبەتەوە دەبەستنەوە لەوانی دیکە جیادەبنەوە.


فێمینیستە مارکسییەکان لە چەندان گروپی جیاواز پێکهاتوون ، یەکێك لەو گروپە تایبەتانەت لەنێو فێمینیزمی مارکسیدا دروست دەبەن ئەوانەن ، کە پێیان دەگوترێت " فێمینیزمی جیهانبینی" یان " فێمینیزمی گۆشەنیگا" ئەم گروپە تیورەیەکیان هەیە بە ناوی " تیورەی جیهانبینی فامێنیستی" یەوە ، ئەم تیورەیە پشتئەستورە بە بۆچوونێکی مارکس ، کە پێیوایە چینی چەوساوە چینێکە لەیەک کاتدا هەم لە نێوئەو یاسایانەدا کاردەکات ، کە دەیچەوسێنێتەوە واتەی یاسای چەوسێنەرەکە ، هەروەها لەناو چاوەڕوانییەکانی چینی چەوساوە خۆیدا، ئەم چینە هەم هەلومەرج و توانا و ئەگەرەکانی خۆی دەناسێت ، هەم ئەگەر و یاسا و ویستی چینە باڵادەستەکان ، واتە هەم ئاگاداری هەلومەرج ژیانی خۆیەتی و هەم هی ئەو چینە ، کە دەیچەوسێنێتەوە ، وشیارە بەو جیهانەی ، کە خۆی تێیدا دەژی و بەو جیهانەش ، کە چینە باڵادەستەکان تێیدا دەژین ، ئەمەش وایڵێدەکات بتوانێت شێوازێکی تایبەت لە وشیاری گەشەپێبدات ، کە جیاوازبێت لە وشیاری چینەکانی دیکە ، لە ئەدەبیاتی مارکسیدا ئەم وشیارییە تایبەتە بە " وشیاری باڵا " ناودەبرێت ، چینی چەوساوە چونکە دەتوانێت دۆخی خۆی وەك دۆخی چەوساندنەوە ببینێت و ئەو سیستمەش کەتێیدایە وەك سیستمێکی چەوسێنەر وێناکات ، بۆیە لە دوخی ناسینێکی باشتری ئەو واقیعەدایە ، کە لە ئارادایە ، ئەمەش ئەو هەلە بە کرێکاران دەبەخشێت ، کە بتوانن ئەو واقیعەی لە ئارادایە باشتر بناسن لە هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە ، هەرخودی چەوساندنەوە و پەراوێزبوونیان ئەو هەلە بە کرێکاران دەبەخشێت ، کە وشیاریان کراوەتر و باڵاتر و قووڵتربێت بەو سیستمەی تێیدا دەژین ، بۆیە چارەسەرکردنیشیان بۆ کێشەکانی ئەو سیستمە فراوانترە لە هی چینەکانی دیکە.


نانسی هاترسۆك، ئەم دیدە لە مارکسەوە وەردەگرێت و بەسەر ژناندا پیادەیدەکات ، ژنان لەبەرئەوەی گروپێکی ژێردەستە و چەوساوەن هەڵگری وشیارییەکی باڵاترن هەم بەرامبەر خۆیان وەك چەوساوە و هەم بەرامبەر بە سیستمەکەش وەك سیستمێکی چەوسێنەر ، بۆیە ڕەخنە ژن لەو سیستمە کۆمەڵایەتییانەی ، کە تیایاندا ژن بەدرێژایی کات لە دۆخی ژێردەستەیی و چەوساندنەوەدا بووە ، ڕەخنەیەکی هەمەلایەن و قوڵتردەبێت لە ڕەخنەکانی فێمینیستە مارکسییەکان ، وەك فێمینیستە ڕادیکاڵەکان ، باوەڕیان وایە کە دەزگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستیان بە گۆڕان و دەسکاریکردنی ڕادیکاڵ هەیە ، ئەوەشی لە هەموو دەزگاکانی تر زیاتر پێویستی بە گۆڕان هەیە دەزگاکانی سیستمی ئابوورییە ، چونکە لە دیدی مارکسییەکاندا گۆڕانی ئابوویی فاکتەری سەرەکی گۆڕانی کۆمەڵایەتییە ، یەکێك لەو خاڵانەی ، کە فێمینیستە مارکسییەکان داوای دەکەن ئەوەیە کە کاری ژن لەناو ماڵدا دەبێت پاداشت بدرێتەوە ، واتە وەك چۆن کاری دەرەوەی ماڵ بەرامبەر پارەیە دەبێت کاری ژنیش لەناو ماڵدا بە پارە بێت و هەمان حیسابی کاری دەرەوەی ماڵی بۆ بکرێت . لە ڕاستیدا ئەمانە تا ئەو شوێنە دەڕۆن ، کە بڵێن هەموو سیستمی ئابووری سەرمایەداری لەسەر ئەوە بەندی ، کە کاری ناو ماڵ بە خۆڕاییە و ژن بەرامبەر بە ئیشی ناو ماڵ پارە وەرناگرێت ، ئەگەر سەرمایەداری هەقی ئیشی ژن لەناو ماڵدا بدات ئەوکات لە بەریەکهەڵدەوە شێتەوە.


بە کورتی مارکسییەکان چەوساندنەوەی ژن بە سیستمی ئابووری کۆمەڵگاوە گرێدەدەن و مەسەلەی جنس و لەش و شێوەکانی دیکەی چەوساندنەوەش بە دەرەنجامی چەوساندنەوەی چینایەتی دەزانن ، کە لەسەر بنەمایەکی ئابووری کارەدەکات ، بۆیە کارکردن و بوونی ژن بە کەسێك لە ڕووی ئابوورییەوە سەربەخۆ بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنێنن لە ڕێگای ڕزگاربوونی تەواوەتی ژندا.


چوارەم: قوتابخانەی فێمینیستە سۆسیالیستەکان.


فێمینیستە سۆسیالیستەکان دوو شت بەیەکەوە گرێدەدەن؛ لە مارکسییەکانەوە گرنگیدان بە ئابووری وەردەگرن و تێکەڵی دەکەن بە گرنگیدانی فێمینیستە ڕادیکاڵەکان بە ڕەگەز یان جنس ، ئەوەی فێمینیستە سۆسیالیستەکان لە مارکسییەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە ، کە چەوەساندنەوەی ژنان نابەستنەوە بە سەرمایەدارییەوە و باس لە ڕۆڵی ڕەگەز و جێندەر لە چەوساندنەوەدا مانای پشگوێخستنی ئابووری نییە وەك فاکتەرێکی گرنگی چەوساندنەوە، فێمینیستە سۆسیالیستەکان گرنگی بە بنەمای مادی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەو ڕێگا و شێوازانە ئەدەن ، کە بەهۆیانەوە ئەم بنەما مادییە پاتریارکیەت دروستدەکات و دەیپارێزێت فێمینیستە سۆسیالیستەکان وەك فێمینیستە ڕادیکاڵەکان گرنگی بە مەسەلە جنسییەکان و مەسەلەی جەستە ئەدەن ، لەوانەش گرنگیدان بە ڕۆڵی ژن لە پاراستنی ژیان و منداڵبووندا، هەروەها گرنگی بە بابەتی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەدەن، بەڵام ئەوان وەك فێمینیستە ڕادیکاڵەکان ئەم مەسەلانە و مەسەلەی پاتریارکیەت لە مەسەلە ئابوورییەکان دانابڕن.


فێمینیستە سۆسیالیستەکان باوەڕیان وایە ، کە چەوساندنەوەی ژنان لە سیستمی سەرمایەداریدا کۆتاییپێنایەت چونکە ئەم سیستمە لەسەر بنەمای دابەشکردنێکی تایبەتی کار و ڕۆڵ دابەشبووە ، کە ڕەگەزی ژن و پیاو تیایدا نایەکسانن هەروەها ئەم سیستمە لەسەر پاراستنی ڕۆڵە سونەتییەکانی خێزان و لەسەر حسابنەکردنی ئیشی ناوماڵ وەك کارێك کەدەبێت نرخی مادیی خۆی وەرگرێت ، دامەزراوە ، ئەمان باوەڕیان وایە ، کە دەزگا سوونەتییەکانی وەك خێزان و سیستمی ئابووری دەبێت بگۆڕدرێن ، چونکە ئەم شێوازە ئابوورییە و ئەم دەزگا کۆمەڵایەتییە تەقلیدیانە بنەمای مانەوە و پاراستنی سیستمی سەرمایەداری و پاتریارکیەتن.


خاڵی سەرەکی دیدی ئەم فێمینیستانە بۆ چەوساندنەوەی ژن پەیوەندی بە چۆنییەتی دابەشکردنی کارەوە هەیە ، بەباوەڕی ئەمان دابەشکردنی کار چ لەناو ماڵ و چ مەجالی گشتیدا لەسەر بنەمای جیاوازی نێوان ڕەگەزی نێر و ڕەگەزی مێ دروستبووە، لە ناو ماڵدا ژن بەرپرسیارکراوە بەرامبەر بە بەخێۆکردنی منداڵ و جێبەجێکردنی کاری ناو ماڵ و پاککردنەوە و چێشتلێنان و جلشۆرین و شتی دیکە لەم بابەتە ، لە دەرەوەی ماڵیشدا ژن بەتایبەتی لەو شوێنانەدا کارە دەکات ، کە زیاتر خۆیان بە خزمەتگوزارییەوە خەریکدەکەن ، وەك برینپێچی ، مامۆستایی و هتد....... کارە گرنگەکاقنی کۆمەڵگا لە دەستی پیاواندان، فێمینیستە سۆسیالیستەکان باوەڕیان وایە ئەم دابەشکردنەوەی کار دەبێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێك پەیوەندی کۆمەڵایەتی ، کە لە قازانجی ژندا نییە بۆیە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بگۆڕین دەبێت کۆتایی بەو دابەشکردنەی کار بهێنرێت.


پێنجەم: قوتابخانەی فێمینیزمی ڕەخنەیی.


ئەمەیان گروهێك لەو فێمینیستانە دەگرێتەوە ، کە لە قوتابخانەی فرانکفۆرتەوە نزیکن ، ئەمانیش وەك فێمینیستە سۆسیالیسەکان لە مارکسیزمەوە نزیکن ، تیورەی مارکسیزم درێژەپێئەدەن و بەسەر ڕەهەندە کەلتووری و گۆڕانە تەکنۆلۆژییەکاندا پیادەیدەکەن.


ئەم فێمینیستانە وەك هابرماس ، خەریکی لێکۆڵینەوەی دەزگا کۆمەڵایەتییەکانن، بە دەزگا ئابوورییەکانیشەوە لەوانەش دەزگاکانی خوێندن دەزگا سیاسییەکان ، دەزگاکانی یاسا هەموویان بەسەریەکەوە ستراکتوری ژیانی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتی دەستنیشاندەکەن ، ئەمان ڕەهەندی جەندەر بۆ سەر تیورەی ڕەخنەیی فرانکفۆتییەکان زیاددەکەن و پرسیاری تایبەت سەبارەت بە شوێنی ژن لەنێوا کۆی ئەوە دەزگا کۆمەڵایەتییانەدا دەهێننە پێشەوە ، کە لە کۆمەڵگایەکدا ئامادەن، مەسەلەی شوێن و جێی ژن دابەشکردنی کار لەسەر بنەمای ڕەگەز، ستراکتوری خێزان بەرپرسیاربوون بەرامبەر بە منداڵ و بەخێوکردنی لەو بابەتانەن . کە ئەم فێمینیستانە گرنگیان پێئەدەن. بەکورتی ئەم گروهە لە فێمینیستان گرنگی بە لێکدانەوەی دەزگاکان ئەدەن و خوازیاری ڕیفۆرمکردنیانن، مەسەلەی دادپەروەری ئازادی و مافی لە مەسەلە سەرەکییەکانیانە.

شەشەم: قوتابخانەی فێمینیستی فرەکەلتووریی.


ئەم فێمینیستانە گرنگی بە کۆمەڵێك ڕەهەندی تایبەتی ئەدەن ،کە زۆرجار لە باسکردنی مەسەلەی چەوساندنەوە و نایەکسانی بەرامبەر بە ژنان لەبیردەکرێن لەوانە ڕەهەندی ئەتنی ، کەلتووری و ڕەگەزیی ، بەباوەڕی ئەمان شوناسی مێنە لە پاڵ شوناسی ئەتنی و کەلتووریی و ڕەگەزیدا دروستدەبێت و ناکرێت لەوانە جیابکرێنەوە، ئەمان باوەڕیان وایە ئەگەر لە لێکدانەوەکاندا مەسەلەی ڕەگەز پشتگوێبخرێت، بۆ نموونە ئەوە لە یادکەین ، کە کەسێك سەر بە ڕەگەزی ڕەشپێستە و گرنگی بەم لایانە نەدرێت و نەبێتە ئامرازی لێکدانەوە و باسکردن ئەوکات ئەو دید و بۆچونەی بەرهەمدێت تەنها دەرەنجامی دیدی کەسێکی سپیپێست دەبێت.


لەدیدی ئەمانەدا تەنها پێداگرتن لەسەر مەسەلەی چین مەسەلەی جنس و جێندەر بەس نییە بۆ تێگەیشتن لە مەسەلەی ژن ، چونکە ئەو شتانە لەپاڵ مەسەلەی ئەتنی و کەلتووریی و ڕەگەزیدا بەرجەستەن ، بە مانایەکی دیکە ئەوە بەس نییە تۆ لێکدانەوەی چینایەتی بکەیت ، چونکە ژنە کرێکارێکی سپی پێست هامان بەها و نرخ و شوێنی نییە ، کە ژنە کرێکارێکی ڕەشپێست هەیەتی، بەڵکو دەبێت ڕەچاوی ڕەگەزی ئەتنی و نەتەوەیی ژنان بکرێت ، چونکە ئەمانە ڕۆڵی گرنگ لە مەسەلەی چەوساندنەوەدا دەبینین و شێوازی جیاوازی چەوساندنەوە و ژێردەستەیی بەرهەمدەهێنن ، لە هەریەکێك لەمانەدا ژنان ئەزموون و خیبرەی جیاوازیان هەیە و تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئەم خیبرانە بەردی بناغەی تێگەیشتنە لە بارودۆخی ژنان.


لێرەوە ئەم گروهە ، کە باس لە شوناسی ژن دەکەن وەك شوناسێکی یەکگرتوو باسی ناکەن ، بەڵکو دابەشیدەکەن بۆ چەندان شوناسی لۆکاڵی ، کە پەیوەندییان بە ئەتنیەت و کەلتوور و ڕەگەزەوە هەیە، لێرەدا چەمکی ژن یان ئافرەت ، ئەو یەکێتی و گشێتییە لەدەستئەدات ، کە لای شێوەکانی دیکە فێمینیزم لو ئارادایە ژنانی ڕەش و ژنانی سپی یەك ژن و یەك شوناسیان نییە ، وەك چۆن ژنانێك بودی و یەکێکی موسڵمان و یەکێکی عەلمانی وێنەی جیاواز و کێشەی جیاواز و گرفتی جیاوازیان هەیە.

حەوتەم: قوتابخانەی فێمینیستە پۆست مۆدێرنەکان.


فێمینیستە پۆدت مۆدێرنەکان لەباتی گرنگیدان بەو لێکچوونانەی نێوان ژناندا هەن گرنگی بە جیاوازییەکانیان ئەدەن، ئەوان باوەڕیان وایە بەکارهێنانی چەمکی ژن وەك شتێکی گشتی و گشتگیر ، باز بەسەر ئەو هەموو جیاوازییانەدا ئەدات لە نێوان ژناندا ئامادەیە ، گشتگریی باس لە شتێکی گەردوونی دەکات لەکاتێکدا هەر لۆکاڵێك کێشەی تایبەت و شوناسی تایبەت و کەلتووریی تایبەتی چەوساندنەوە و بەرگریکردنی هەیە، لە دیدی ئەم گروپەدا گرنگیدان بە جیاوازییەکان و بە لۆکاڵەکان بەخشینی دەنگە بەو گروپە پەراێزیانەی ، کە لە لۆکاڵبوونی خۆیاندا بێدەنگ کراون.


بە کووتی ئەم فێمینیستانە باوەڕیان بە بوونی یەك تیورەی گشتی نییە بۆ مەسەلەی ژن ، بەڵکو پێیان وایە دەبێت ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان ژناندا هەیر ببێتە سەرەتای بیرکردنەوە بۆ بەرهەمهێنانی مرعریفی و داڕشتنی پلان و ڕێگاچارەی کار کردن ، کە لەوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە.


هەشتەم: قوتابخانەی فێمینیستی گلۆباڵی.


ئەمانە ئەو فێمینیستانەی ، کە لێکدانەوەکانیان تەنها لە چوارچێوەی ئەزموونی ژنانی ڕۆژیاواییدا بەندناکەن و تەماشای کۆمەڵگاکانی دەرەوەی ڕۆژئاواش دەکەن ، ئەمان گرنگی بەمەسەلەی ژن لە هەموو جیهاندا ئەدەن ، باس لە زۆربەی ئەو مەسەلانە دەکەن ، کە فێمینیستەکانی دیکەش دەیکەن بۆ نموونە باس لە چەوساندنەوەی ستراکتوریی ژنان دەکەن چ لەسەر بنەمای چین یان کەلتوور یان ئەتنیەت یان زەوقی جنسی یان ڕەگەز و خێندەر، بەڵام لە پاڵ ئەمانەدا گرنگی بە واقیعی مێژوویی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزمیش ئەدەن، بۆ نموونە ئەم فێمینیستانە ، کە باس لە فاکتەرە ئابوورییەکان دەکەن باس لە کاریگەریی ڕەهەندە بان دەوڵەتی و ترانس ناسیۆنالەکان لە سەر ئابووریی و کەلتوورە لۆکاڵییەکان دەکەن ، بەتایبەتی کاریگەریان لەسەر ئەو بەشەی جیهان ، کە پێیدەگوترا جیهانی سێ.


ئەم گۆشەنیگا کراوەیە لە لێکدانەوەکانیدا پێ لەسەر دین و مەسەلەی نەتەوە و ئەتنیەتیش دادەگرێ ، ئەمان هەم گرنگی بەو فاکتەرانەی چەوساندنەوەی ژن ئەدەن ، کە ژنان کۆدەکەنەوە و هەم بەو لایانەنەش ، کە لێکیان جیادەکەنەوە ، لەناو ئەمانەدا شێوازی جیاوازی خوێندنەوە و کارکردن هەیە ، فێمینیستی گلۆباڵی هەیە ، کە بە میتۆدەکانی فیکری پۆست مۆدێرن کاردەکات ، لەکاتێکدا هەشیانە ئەم میتۆدانە بەباش نازانێت و خوێندنەوەی دیکە لەسەر بنەمای گەردوونیبوونی کێشەکان و لێکچوونیان ئەنجام ئەدات.

____________________________________

بەشی چوارەم: www.emrro.com/femenizimciye4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/femenizimciye3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/femenizimciye2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/femenizimciye.htm

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک