١\٩\٢٠١٤
فێمینزم چیە؟
تاڤگە سابیر
- بەشی
چوارەم -
من لە لاپەڕەکانی پێشوودا هێمام بە چەند
هۆکارێکی دروستبوونی شەپۆلی دووەمی هێمینیزمم کرد، لێرەدا گرنگترینی
ئەو هۆکارانەی دیکە، کە کاریگەریان لە سەر دروستبوونی ئەم شەپۆلەی
فێمینزم هەیە باس دەکەم:
١- وشیاربوونەوەی ژنان بەرامبەر بە هەلومەرجی ژیانی خۆیان لە دوای
جەنگی جیهانی دووهەمەوە، لە سەردەمی جەنگەکەدا حکومەتەکان و
دەسەڵاتداران ، کە لە زۆر ڕووەوە حکومەتی پیاوان و دەسەڵاتێکی نێرینەیی
بوون کۆمەڵێك وادە و مژدەیان بۆ ژنان هەبوو ، کە لە واقیعی دوای جەنگدا
پیادەدە نەکران ، ئەوان لەکاتی جەنگدەکەدا باسیان لەوە دەکرد ، کە
هەمووان لە نایەکسانی و جیاوازییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی نێوان
پیاو ژن هەر لە گەورەبووندا بوون، ژنانی شووکردو هێشتا هەر لە ماڵەوە
دانیشتبوون و کاری سەرەکییان خزمەتکردنی پیاو منداڵان بوو، لەدەرەوەی
ماڵدا ژیانێکی ئەوتۆیان نەبوو، ئەگەر ئیشێکیان بدۆزیایەتەوە زۆربەی جار
ئیشێکی نزم بوو بەرامبەر بە پارەیەکی زۆر کەم.
٢- هۆکارێکی گرنگی تر گۆڕانی کەش و هەوای فەرهەنگی و کولتووریی
ئەوروپایە لە ساڵانی شەستدا . لەو ساڵانەدا فۆرمەکانی دەسەڵاتی تەقلیدی
و دەسەڵاتگەرە سوونەتییەکان کەوتنە بەر ڕەخنەی هەمەجۆر و بەردەوامەوە،
لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندییە سوونەتییەکانی دەسەڵات کەوتنە ژێر
فشارێکی قورس و هەمەلایەنەوە ، ئەمەش لە سەرێکەوە وابەستەی جەنگی دژی
کۆلۆنیالیزمی جیهانی سێ و دەرنجامی لە دایکبوونی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی
نوێ بوو بۆ نموونە " بزوتنەوەی هێزی ڕەش" لە ئەمەریکادا.
لە ئاستیکولتووریشدا چەندان بزوتنەوەی دژ بە دەسەڵاتگەرێتی لە دایکبوون
، کە پایە و بونیادەکانی دەسەڵاتی تەقلیدیان ناچار بە گۆڕانکاریی قووڵ
دەکرد، لەوانەش بزوتنەوەی دژ بە دەزگا سایکۆلۆژییەکان ، بزوتنەوەی
ئاشتی لە دایکبوونی چەپی نوێ ، بزوتنەوەی قوتابیان ، کە لە بزوتنەوەی
کرێکاران نزیکدەکەوتەوە و گەنگی پی ئەدات ، بەڵام تەنانەت لە نێوا ئەم
بزوتنەوە ئەلتەرناتیڤییە دژ بە دەسەڵاتگەریانەدا ڕۆڵی ژنان سنووردار
بوو.
٣- هۆکارێکی دیکە بەرزبوونەوەی ئەگەر و ڕادەی خوێندەواری بوو لە ناو
بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا ، لەو سەردەمەدا تا دەهات ژمارەی ئەو کچە
خوێندەوارانەی سەر بە چینە داراکان و ژمارەی ئەو کوڕانەی سەر بە
چینەکانی خوارەوە بوون زیادی دەکرد ، بەڵام تا شەستەکانیش ئەو کچانەی ،
کە لە خێزانی هەژار و کرێکاریەوە هاتبوون بە دەنگمەن لە زانکۆکاندا
هەبوون.
٤- بوونی جنسی بە باتی گفتوگۆ و لێدوان و هاتنەکایەی بیروبۆچوونی نوێ
لەسەر ژیانی جنسی ، ئەم گفتوگۆیانە بوونە هۆی ئەوەی ، کە مەسەلەی جنسی
و ژیانی جنسی ڕۆڵێکی گەورەتر ببینن لە جاران ، لە ساڵانی پەنجادا جنس
تەنها لە پەیوەنددیدا بە شووکردن و منداڵ بوونەوە باسدەکرا ، ئەو
ێنەیەی بپ ژن هەبوو بریتیبوو لە بوونەوەرێك ، کە کاری تەنها منداڵ
بوونە لە ڕووی جنسییەوە تەواو نییە و هەمیشەش ئامادەیە بۆ
بەدەمەووەچوونی خواستە جنسییەکانی پیاو ، لە ڕاستیدا شەپۆلی دووهەم تا
ڕادەیەکی زۆر دژ بەم وێنەیەی ژن دێتەکایەوە.
داهێنانی حەبی دژی سکپڕ بوون لەو ساڵانەدا بووە هۆی ئەوەی ، کە چیدی
قەدەری ژن ئەوە نەبیت ، کە بەردەوام منداڵی ببێت ، دۆزینەوەی حەبی دژی
سکپڕ بوون بووە هۆی ئەوەی بکرێت بە مەسەلەی ژنانی جنسی لە مەسەلەی سکپڕ
بوون و منداڵ بوون جیابکرێتەوە ، جنسی بێت بە چالاکییەك لە دەرەوەی
چالاکی دروستکردنی منداڵدا ، جنس جیاببێتەوە لە زاوزێکردن.
٥- هۆکارێکی دیکە بریتییە لە زیادبوونی ژمارەی ژنانی لە پیاو جیابووەوە
لە ساڵانی پەنجا و شەستدا ، ئەم جیابوونەوەیە بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی
زۆر ژن تەنیابکەون ، بەڵام کەهەمانکاتد بووە هۆی ئەوەی ژمارەی ئەو
ژنانە زیادنکات ، کە تێبگەن ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و یاسایی ئەو
کۆمەڵگایان بەشێوەیەك ڕێکخراون ، کە لە قازانجی پیاو دابێت ژن بکەنە
پاشکۆ و پابەندی پیاو ، ژنانی جیابووەوە زۆر بێماف بکەن ، لە
هەمەنکاتدا ئەمە وایکر ژمارەی ئەو ژنانە زیاد بکات ، کە لەو ڕاستییە
تێبگەن کە دەزگات خێزان و شووکردنی تەقلیدی ژن دەکاتە پابەندێکی تەواوی
پیاو.
قوتابخانەکانی فێمینزم.
لەسەرەتای ئەم نووسینەدا باسی ئەوەمان کرد ، کە باڵە جیاوازەکانی ناو
بزوتنەوەی فێمینزم لەسەر دوو گریمانە ڕێکن.
یەکەمیانئەوەی کە ژن کراوەتە ژێردەستەی پیاو، دووهەمیان ئەوەیە ئەم
ژێردەستەییە دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام دەربارەی هۆکارەکانی بوونی
ژن بە بوونەوەرێکی ژێردەستە و دەربارەی چۆنییەتی کۆتایهێنان بەم
ژێردەستەییە ئەم بزوتنەوەیە لەناوخۆیدا بەسەر دید و قوتابخانەی
جیاوازدا دابەشە، کە هەر یەکێکیان ووەڵامی جیاوازی بۆ ئەو مەسەلانە
هەیە ، ئەم بەشەی باسەکەمان تەرخانە بۆ نیشاندانی گرنگترین ئەو
وەڵامانەی باڵ و لایەن جیاوازەکانی فێمینیزم بەم دوو ڕەهەندە گرنگەی
ژیانی ژنانیان دراوە، سەبارەت بە قوتابخانە فێمینیستییەکان ماکلارین
لەو کتێنەدا ، کە لەسەر پەیوەندی نێوان فیکری فۆکۆ و فێمینزم
نووسیویەتی هەشت قوتابخانەی فێمینیستی بەم ذێوەیەی لای خوارەوە لە
یەکدی جیادەکاتەوە.
یەکەم: قوتابخانەی فێمینزمی لیبراڵ.
کاراکتەری سەرەکی فێمینزمی لیبراڵ پێداگرتنە لەسەر دوو مەسەلە ،
یەکەمیان یەکسانی نێوان ژن و پیاوە ، واتە ژن و پیاو دوو بونەوەری
یەکسانن.
دووهەمیان لێکچوونی ژن و پیاوە ، واتە ژن و پیاو لێکدەچن و وەك یەك وان،
لە دیدی ئەم گروپە لە فێمینیستەکاندا ئەوەی ئەم دوو لایەنە دەسەلمێنێت،
ئەوەی وادەکات کە ژن و پیاو هەم لێکبچن و هەم یەکسانبن عەقڵە، پیاو و
ژن دوو بوونەوەری عاقڵن ، عەقڵ ئەو سەرزەمینە هاوبەشەیە، کە ئەم دوو
بوونەوەرە وەك یەك لێدەکات و بەیەکدیش یەکسانیان دەکات . ژن و پیاو لەم
دیدەدا هەڵگری هەمان تواتای عەقڵین و کەسیان لەویان عەقڵی زیاتر یان
کەمتر نییە ، ئەم خاڵە گرنگییەکی تایبەتی هەیە مادامەکی ژن و پیاو
هەمان توانای عەقڵیان هەیە و کەسیان لەویدیان عەقڵیزیاتر یان کەمترنییە
بۆیە پێویستە هەردووکیان هەمان مامەڵە بکرێن، وەك یەك تەماشابکرێن و
وەك یەکیش بنرخێندرێن . بێگومان ئەم فێمینیستانە نکۆڵی لەوە ناکەن ، کە
ئەم یەکسانییە لە ڕووی مێژووییەوە ناڕێکی بەرامبەر کراوە، بەشداری ژن
لە بەرهەمهێنانە عەقڵییەکانی کێژووی مرۆڤایەتیدا لاوازترە لەهی پیاو،
بەڵام ئەوان ئەم لاوازییە ناگەڕێننەوە بۆ کەمی یان لاوازی توانا
عەقڵییەکانی ژن ، بەڵکو دەیبەستنەوە بەو هەلومەرجە مێژووییەوە ، کە ژن
تێیدا ژیاوە ، ئەگەر ژن هەمان هەلی خوێندنی لەبەدەمدابێت و هەمان
شێوازی پەروەردەکردنی هەبێت و هەمان مامەڵەی لەگەڵدابکرێت ، کە لەگەڵ
پیاودا دەکرێت هەمان کاری پێببەخشرێت ،کە بە پیاو دەبەخشرێت هەمان
شانسی سیاسی لەبەردەمدا کراوەبێت ، کە لە بەردەم پیاودا کراوەیە ئەوکات
دەتوانێت تواناکانی نیشانبدات و بیسەلمێنێت، کە بوونەوەرێکی زیزەکە
بەمەش کۆتایی بەو دۆخی پەراوێزی و پاشکۆییە دەهێنن کە تێیدا دەژین.
بەکورتی فێمینزم لیبراڵ گرنگییەکی گەورە بە مەسەلەی عەقڵانیەت و توانا
عەقڵییەکانی ئینسان ، بە ژن و پیاواوە دەدات ، لە دیدی ئەمانەدا عەقڵ و
عەقڵانییەت کاراکتەری سەرەکی هەموو ئینسانێکە بە ژن و پیاوەوە، ئەم
توانا عەقڵیەش وەك بنەمای یەکسان بوون و ئوتۆنۆمبوون و ئیرادەی ئازاد
دەبینن، تەنانەت سەربەخۆبوونی ئەخلاقی و سەربەخۆبوونی سیاسیش هەر لە
پەیوەندیدا بەم کاراکتەرە عەقڵانییەی ئینسانەوە دەبینن.
بەڵام عەقڵ و عەقڵانییەت بۆ ئەوەی بتوانن دەستبەکاربن و بە تەواوی
چالاکبن پێویستییان بە ئازادی هەیە ، عەقڵ بەبێ ئازادی ناتوانێت
چالاکبێت، ناتوانێت خۆی بناسێت و دواهەمین سنوور و تواناکانی کارکردنی
خۆی بخاتەگەر ، ئازادی ئەو دەرگایەیە ، کە لێیەوە عەقڵ دەچێتە ناو
جیهان و ناو کۆمەڵگا و پەیوەندییەکان ، داخستنی دەرگاکان بەڕووی ژندا
داخستنی دەرگاکانی عەقڵیەتی بەڕووی جیهان و بەطووی گەشەی ناوەکی خۆیدا
، برندکردنی ژن لوناوماڵدا و دابڕینی لە مەجالی گشتی کۆمەڵگا
سنووردانانە بۆ توانای گەشەکردنی عەقڵی و ڕێگرتنە لە پیادەکردنی
عەقڵانیەت و لە کرانەوە و پراکتیکردنی توانا عەقڵانییەکانیدا.
لای ئەم گروپە لە فێمینیستان کردنەوەی دەرگای ئازادی لە ژنان بە
کردنەوەی دەرگای ئازادی سیاسی دەستپێدەکات ، کاتێك ژن مافی سیاسی هەبوو
، دەنگی دا خۆی کاندید کرد ، بەشداربوو لە بڕیاردانی سیاسیدا ئەوکات
دەتوانێت بە ئاراستەی نەهێشتنی نایەکسانییەکان بڕیاربدات و کۆتایی بە
پرۆسەی بە پەراێزکردنی خۆی بهێنێت ، ئەم باوەڕەیە وادەکات ئەم
فێمینیستانە بەردەوام پێ لەسەر بەشداری سیاسی تەواوەتی ژنان لە پرۆسە و
بڕیارە سیاسییەکاندا دادەگرن و داوای ئەوەش دەکەن ، کە ژن و پیاو دەبێت
لە ڕووی یاساییەوە بەیەکدی یەکسان بن ، ئەمان باوەڕیان وایە گەر
بەشداری ژنان لە ژیانی گشتی کۆمەڵگادا فەراهەم بوو ئەوکات نایەکسانی
نێوان پیاو و ژن لەناودەچێت.
چەکی " ماف" لای فێمینیستە لیبراڵەکانی سێنتراڵترین چەمکێکە ، کە گرنگی
پێبدرێت ، لای ئەمان زیادکردنی لەسەرخۆی مافەکانی ژن و یەکسانبوونیان
بەو مافانەی پیاو هەیەتی ، کۆتایی بە کێشەکانی ژن دەهێنێت ئەم
فێمینستانە باوەڕیان وایە ، کە کۆمەڵگا بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە واتە
بۆ بەیەکسانکردنی مافەکانی ژن بە پیاو پێویستی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی و
گۆڕانی ژێرەوژوور و ڕادیکاڵ نییە ، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانی لەسەرخۆی
یاساکانی و دەزگاکان و باوەڕەکان هەیە ، لە دەزگا سیاسی و
ئابوورییەکانەوە بۆ دەزگا یاساییەکان.
بە کورتی فێمینیستە لیبراڵەکان بۆ بەرپاکردنی گۆڕان لە بارودۆخی ژناندا
بە کۆمەڵێك چەمك کاردەکەن ، کە بریتین لە چەمکەکانی ماف ، ئۆتۆنۆمی ،
ئازادی یەکسانی و دادپەروەری ، ئەمڕۆکە یەکێك لە نۆێنەرە هەرە
بەناوبانگەکانی ئەم گروپە لە فێمینیستی لیبراڵ فەیلەسوفی ئەمریکی مارت
نوسباومە ، ئەم ژنە باوەڕی وایە ، کە دەشێت لە ڕێگای دروستبوونی
بزوتنەوەی سیاسی و و گۆڕین و دەسکاریکردنی یاساکانەوە گۆڕانی گەورە
پیادەبکرێت ، بۆیە گرنگیدان بە بەشداری سیاسی خاڵێکی هێجار گرنگە لە
دیدی ئەم فێمینیستەوە.
دووەم: قوتابخانەی فێمینیستە ڕادیکاڵەکان.
لەباتی پێداگرتن لە سەرئەوەی ، کە پیاو ژن لەیەکدەچن ئەم گروپە لە
فێمینیستان پێ لەسەر لێکنەچوونی پیاو و ژن دادەگرن ، لەباتی ئەوەی لە
عەقڵ و عەقڵانییەتدا بەداوی زەمینەی لێکچوونی ژن و پیاودا بگەڕێن ،
لەدووی ئەو جیاوازیان دەگەڕێن ، کە پیاو لە ژن جیادەکاتەوە ئەمان لەو
باوەڕەدان ، کە کۆمەڵێك جیاوازیی بایۆلۆژی لە نێوان ژن وپیاودا هەیە ،
کە ناکرێت پشتگوێبخرێن و باسنەکێن. لە هەمووشیان گرنگتر تواتای ژنە بۆ
بەردەوامیدان و نوێکردنەوەی ژیان لە فۆرمی منداڵبووندا ، ئەمان ژن وەك
سەرچاوەی پاراستنی ژیان دەبینن ، ژن وەك هێزێك کە ناهێڵێت ڕەگەزی
ئینسان قڕنکات و لەناوبچێت بێگومان هەڵوێستی فێمینیستە ڕادیکاڵەکان
لەمپێناسکردنەی ڕۆڵی ژن لە پاراستنی ژیاندا جیاواز بووە ، نەوەی یەکەمی
ئەم فێمینیستە ڕادیکاڵانە منداڵبوونیان وەك شتێکی نێگەتیڤ وێناکردوە
وەك ڕێگرێك لەبەدەم گەشەکردنی ژندا بینیویانە ، لە کاتێکدا نەوەکانی
دواتریاننرخێکی گەورە بۆ منداڵبوون دائەنێن و وەك ڕووداوێکی بەرز
دەنرخێنن.
یەکێك لەو بابەتانەی ، کە فێمینیستە ڕادیکاڵەکان گرنگیەکی گەورەی
پێئەدەن لەش و ژیانی جنسی ژنانە لای ئەمان ژن دەبێت خۆی ببێتە خاوەنی
لەشی خۆی و جنسیش کارێك نییە تەنها منداڵبوونی لێبکەێتەوە ، جگە لەمە
پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بە تاقە شێوازێکی پەیوەندی جنسی نازانن ،
بابەتێکی دیکە کە ئەم فێمینیستانە گرنگی پێئەدەن مەسەلەی بەرکاهێنانی
توندوتیژییە بەرامبەر بە ژن ، ئەمان مەسەلەی توندوتیژی نێو خێزان و
توندوتیژی نێر بەرامبەر بە مێ دەکەنە بابەتێکی گرنگی نووسین و باسکردنی
ئاشکرا ، لەپاڵ ئەمەشدا گرنگییەکی تایبەت بە مەسەلەی تەندروستی ژن
ئەدەن.
ئەم فێمینیستانە داوای دامەزراندنی کۆمەڵێك دەزگا دەکەن ، کە گرنگی بە
دازوازی و پێویستییەکانی ژن بدات ، لە مێژووی فێمینستی ڕۆژئاوادا ئەم
گروپە چەندان دەزگای تایبەتیان بە ژنان دامەزراندووە بۆ نموونە لە
کۆتایی شەستەکاندا و هەفتاکاندا لەژێژ کاریگەری ئەم فێمینستانەدا
کۆمەڵێك دەزگا دامەزرا بۆ گرنگیدان بە پێویستییەکانی ژنان ، لەوانە
دامەزراندنی سێنتەرێك بۆ گرنگیدان بەو ژنانەی ، کە دەستدرێژی جنسیان
دەکرێتە سەر دروستکردنی کۆمەڵێك خانوو بۆ ژنانی هەڵاتوو لە دەست
توندوتیژی مادی و مەعنەوی ناو خێزان دروستکردنی سێنتەری تایبەتی بۆ
گرنگیدان بە تەندروستی ژنان ، سەرەڕای ئەم کارانە ئەم گروپە چەندان
خۆپیشاندان و چالاکی دیکەیان دەستپێکتد ، کە تیایاندا داوای ئەوەیان
دەکرد ، کە گرنگی بە مەسەلەی خوێندن و پەروەردەی ژنان بدرێت.
بەپێچەوانەی فێمینستە لیبراڵەکانەوە ئەم گروپە ڕادیکاڵە باوەڕیان وایە
، کە دەزگا و دامەزراوە باڵادەستەکان دەبێت بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ بگۆڕێن
و لەشوێنی ئەوانەدا دەزگا و دامەزراوەی نوێ دامەزرێن، ئەمان باوەڕەدان
، کە دەزگا باڵادەستەکان لە بنەڕەتەوە لەسەر ئەو نایەکسانیان دروستبوون
،کە لەنێوان پیاو ژندا هەن ، بۆیە دەسکاریکردنیان ناتوانێت بنەما
نایەکسانەکانیان لاندات. لێرەوە لا باتی دەسکاریکردن و پینەکردنی دەزگا
باڵادەستەکان ئەمان داوای دروستکردنی دەزگا نوێ دەکەن ، کە لەسەر ئەو
نایەکسانییانە دروستنەبووبێت ، کە بەرامبەر بە ژن لە ئارادان ،ئەمان
باوەڕیان وایە بۆ ئەوەی هەلومەرجی ژن گۆڕانی ڕاستەقینەی بەسەردابێت
پێویستە هەمەوو دەزگا باڵادەستەکانی ئیستا دەزگا سیاسییەکان ،
یاساییەکان ، ئابوورییەکان، پزیشکییەکان ، کەلتوورییەکان، بەشێوەیەكی
ڕادیکاڵبگۆڕێن و شوێنیان بەکۆمەڵێك دەزگای نوێ پربکرێتەوە ، کە لەسەر
یەکسانی نێوان ژن و پیاو دروستبووبن ، دواخستن و ئەنجامنەدانی ئەم کارە
مانای مانەوەی بارودۆخی ژنانە وەك خۆی.
خاڵێکی دیکە، کە فێمینستە ڕادیکاڵەکان گرنگیان پێئەدەن زمانە لەم
ئاستەشدا قسە لە دوو مەسەلە دەکەن .
یەکەمیان بریتییە لە پاککردنەوەی زمان لەو ووشە و دەستەواژە و چەمکانەی
ژن بەشتێکی کەم و نزم و بێنرخ دادەنێن، لەم ئاستە تایبەتەی
دەسکاریکردنی زماندا ئەم گروپە ڕادیکاڵە لەگەڵ فێمینیستە لینراڵەکاندا
یەکن ، چونکە ئەوانیش هەمان داواکاریان هەیە و باس لە پاککردنەوەی زمان
دەکەن لەو ناشیرینیانەی بەرامبەر بە ژن هەڵگریەتی ، بەڵام ئەمان چەند
هەنگاوێك زیاتر دەڕۆن و باس لەوەش دەکەن ، کە زمان باڵادەست زمانێکە
ناتوانێت توعبیر لەو ئەزموونە تایبەتانە بکات ، کە ژنان هەڵگرین،
هەندێكیان هەڵەێستێکی پەڕگیرتر وەردەگرن و دەڵێن زمانی باڵادەست
سیستمێکە پیاو دایڕشتوە ، بۆیە دەربڕ و نوێنەری ئەزموون و خیبرەی
پیاوانە ، بۆئەوەی عەزموون و هەست و خیبرەکانی ژن تەعبیریان لێبکرێت،
ئەوا گەر زمانێکی تەواو تازەش پێویست نەبێت ، ئەوا دەبێت ووشە و
دەستەواژەی تازە دروستبکرێت ئەم گروپە باوەڕیان وایە زمان تەنها وەسفی
واقیع ناکات ، بەڵکو واقیعیش دروستدەکات.
فێمینیستە ڕادیکاڵەکان لەو باوەڕەدان گەر دان بەوەدا نەنرێت ، کە پیاو
و ژن لێکجیاوازن ئەگەر بەردەوام قسە لە لەیەکچوونی پیاو ژن بکرێت
ئەوکات بەردەوام شتەکان لە قازانجی پیاو و زیانی ژندا دەمێننەوە ،
ئەمان ڕایان وایە کە پاتریارکیەت تەنها لە سیستمی سیاسی و ئابووری و
یاساداناندا ئامادە نییە ، بەڵکو لە هەموو کون و قوژبنێکی ژیاندا
ئامادەیە، تەنانەت لەناو مەعریفە و تیورە و میتۆدەکانیشدا ،
پاتریارکیەت لەدیدی ئەم گروپەوە ، بنەمای ڕێکخستنی هەموو ژیانی
کۆمەڵایەتییە و لە هەموو شوێنێکدا سەروەرە، بێگومان ئەمان کە باس لە
جیاوازی ژن لە پیاو دەکەن باس لەوە ناکەن ، کە ئەم جیاوازییە دەبێت
وابکات یەکێکیان لەویدیکەیان مافی زیاتر یان کەمتربێت ، ئەمان وەك
لیبراڵەکان باوەڕیان وایە ، کە ژن دەبێت بەشێوەیەکی یەکسان مامەڵەبکرێت
و هەمان فرسەتی پێبدرێت بۆ چوونە ناو ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام لە
دیدی ئەماندا ئەم یەکسانییە بەس نییە . دەزگاکان دەبێت بگۆڕێن و دەبێت
دید و ئەزموون و خیبرەی ژنان ، کە دید و ئەزموون و خیبرەیەکی جیاوازە
لەهی پیاو ببنە بەشێك لە پێکهاتی ئەو دەزگا نوێیانەی ، کە دروستدەکرێن
ئەمە جگە لەوەی ، کە دەبێت کۆمەڵێك دەزگا دابمەزرێت کە تایبەت بن بە
ژنان.
____________________________________
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/femenizimciye3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/femenizimciye2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/femenizimciye.htm
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|