٦\١\٢٠١٦
گەڕان بە دوای ناونیشان دا.

ناڵە
حەسەن
(دایک،
مەستبوون، عەشق، وەهم، شەهید، مانگ، سێکس، ئیرەیی، ژووان، نیشتیمان،
بێهوودەیی، دوڵبەر، پایز، خەون، نیگەرانی، هیوا، ئاڵا، ژن، سەفەر،
...).
١
( ..... )
ژنێک چاوێکی پڕە لە ڕووناکی
چاوەکەی تری پڕ لە تەمتوومان
مەمکێکی لە ئاگرە
مەمکەکەی تری لە بەفر
دەستێکی بە لچکەکراسی واقیع گرتووە
ئەویتری بە خەیاڵ.
٢
( ..... )
بە تخوبی هەموو زەمەنەکان ڕەت دەبێ
لە نێو ڕەنگی هەموو وەرزەکان دایە
لەگەڵ ئاو هەناسە دەدات
لە نێو تریفەی مانگ دەمێنێتەوە.
٣
( ..... )
کتێبێکە پیتەکانی
ڕەشەبا دەینووسێتەوە.
٤
( ..... )
چاوەکانی سەوز سەوز
مەمکەکانی سپی سپی
دڵی سوور سوور
خۆرەتاوێکی زەردیش لە نێوییاندا دەدرەوشیتەوە
ئەم تابلۆیە رەنگینە لە هەر کوییەک ببینم
نەرم نەرم بۆی دەچەمێمەوە.
٥
( ..... )
ئۆقیانووسێکە پڕ لە شەپۆل
باخچەیەکە پڕ لە گوڵ
تاڤگەیەک پڕ لە هاوار.
٦
( ..... )
پەیکەرێکە لە ئاگر.
٧
( ..... )
کاتەکان بە خێرایی ڕەتدەبن
مەمکۆڵەکان و چاوەکان
تێکەڵ بە تاریکایی و
چرپەکانیش لە نێو بێدەنگیدا سەما دەکەن.
٨
( ..... )
شێوەو ڕوخساری
لە کتێبە ئاسمانییەکان دەچێ
هەمیشە دەبێ بیخوێنمەوە.
٩
( ..... )
کیشوەرێک لە میهر و
نیشتیمانێک لە سۆز و
پەرستگەیەکە لە ڕووناکی.
١٠
( ..... )
فرێنە بە نێو هەورە سپییەکانی خەیاڵ و
بەنێو ڕەنگە ناسکەکانی ئارەزوو
یان بە نێو ئەستێرەکانی خەون.
١١
( ..... )
گۆرانی بۆ تەنیایی دەڵێ
بە زمانی بێدەنگی قسە دەکا
هەمیشە
لە مرۆڤە عاشقەکان و
لە خوداوەند نزیک دەبێتەوە.
١٢
( ..... )
تابلۆی نائومێدییەکان ڕەنگ دەکاتەوە
بەردەوام لە نێو
زەردەخەنە ڕەنگ زێڕینییەکانی خۆی
ژیان بە جۆرێکی تر دەنووسیتەوە.
١٣
( ..... )
هێندە بە دیار ئاوێنەکە مەوەستە
نەبادا پیاوەکانی نێو ئاوێنەکە
لێت ورد ببنەوە و
وەکو من تێکەڵ بە نیگاکانت بن
هێندەش مەڕۆ بۆ دەم ڕووبارەکە
با ماسییەکانیش
مەست و حەیرانت نەبن.
١٤
( ..... )
دەمگەیەنێتە لوتکەی بەختەوەری
پڕم دەکات لە سەوزایی
تەڕم دەکاتەوە وەک باران.
١٥
( ..... )
ماڵێک وەک دڵی تۆ ئارام
وەک فیردەوس ڕەنگین
وەک سێبەر سپی
ئەگەر مردم بمگەڕێننەوە بۆ ئەو ماڵەم
هەر لەوێدا بمنێژن.
____________________________
تێبینی:
١-
خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە شیعرانە لەو ناوانەی سەرەوە
هەڵبژێرن، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن. خۆتان ئازاد و سەرپشک بن
لە دانانی ناونیشانەکان...!
٢- ئەم فۆڕمە بۆ شیعر نووسین ناومان ناوە (فۆرمی گەڕان).. بەکارهێنانی
ئەم فۆڕمە لە ئەزموونی شیعری ئێمە درێژەی دەبێ و تا ئێستا چەندین
دەقمان پێی نووسیوە، ئامانجمان لە داهێنانی ئەم فۆرمە بۆ شیعرنووسین،
لە وتارێکی تایبەت وەک مانیفێستێک بۆ (فۆرمی گەڕان) نووسیوە و لە
داهاتوودا لە کتێبی (ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر) بڵاودەبێتەوە.
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|