٦\٨\٢٠١٩
گوڵی بیابان و
تراژیدیایەکی رەش.

ناڵە حەسەن
(گوڵی
بیابان)، پەرتووکێکی ئۆتۆبایۆگرافییە، کچێک بە ناوی ( واریس دێری )
چیڕۆکی بەشێک لە ژیانی خۆی دەنووسێتەوە . ئەم کچە لە ساڵی ١٩٦٥ لە
بیابانەکانی سۆماڵ هاتۆتە دنیاوە ، باسی کرداری خەتەنەکردنی خۆی
دەگێڕێتەوە ، کە چۆن ئەم کردارە تراژیدییە هەموو ژیانی بە ڕێڕەوی مردن
و خەمێکی قووڵ دا بردووە . بێگومان لەم پەرتووکەدا ، تۆ لەبەرامبەر
زمانێکی فەنتازی و خەیاڵئامێزدا نیت ، زمانێک لە رێگەی دەستەواژە و وشە
سیحراوییەکانیەوە سەرسامیت پێ ببەخشێ ، لێرەدا تۆ لە بەرامبەر رووداوە
مەرگئامێزەکان و کلتوورێکی جیاواز و دەروونی مرۆڤە تێکشکاوەکان
ڕووبەڕوویت ، لێتان ناشارمەوە لە کاتی خوێندنەوەی پەرتووکەکە ، هەستم
دەکرد دەمارەکانم کرژ دەبن .. تەزوویەکی بێزارکەر بە نێو جەستەما دەهات
و دەچوو . بێئەندازە نائارام بووم بە تایبەت ، کاتێک بە تەواوی تێکەڵ
بە رووداوەکان یان باشترە بڵێم تراژیدیاکە ببووم ، تراژیدیایەکی ڕەش و
تاریک و قێزەوەن ، تا ئاستی ئەوەی شەرم لە پیاوەتی و مرۆڤبوونی خۆت
بکەیت . کورتەی چیڕۆکەکە بەمشێوەیەی خوارەوەیە ، ( واریس دێری ، لە
سۆماڵ هاتۆتە دنیاوە ، لە تەمەنی شەش ساڵیدا شوانی بزن و مەڕوماڵات
بووە ، کە تەمەنی گەیشتۆتە دوانزە ساڵ ، ویستوویانە بیدەن بە پیاوێکی
نەناسی تەمەن شەست ساڵان ، ئەویش نەیویستووە ئەم هاوسەرگیرییە سەربگرێت
، بەرەو مەقادیشۆ هەڵاتووە ، لەوێشەوە خۆی گەیاندۆتە لەندەن . لەسەرەتا
وەکو کارەکەری بێبەرابەر کاردەکات و پاشان لە رێگەی جوانییە
بێئەندازەکەی ، کاری فۆتۆمۆدل و نمایشکردنی جلوبەرگ دەکات ، دواتر لە
ڕێگەی گێرانەوەی چیڕۆکە تراژییدییەکەی خۆی ، لە ڕۆژنامە و
تەلەفزیۆنەکان بەشێوەک دەناسرێت ، دواجار دەبێتە سەفیرێکی خۆبەخشی
نەتەوە یەکگرتووەکان و لەگەڵ ڕێکخراوەی ( دیزەرت دەون ) کاردەکات بۆ
گەڵالەکردنی ڕا لە دژی خەتەنەکردنی ژنان . کە ئەویش خۆی بە شیوازێکی
زۆر نامرۆڤانە لە تەمەنی پێنج ساڵی دا دووچاری ئەم کردارە بۆتەوە ... )
ئەم کرداری خەتەنەکردنەی سۆماڵ و وڵاتەکانیتری کیشوەری ئەفەریقیا ، وەک
ئەم کرداری خەتەنەکردنەی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵات و شوێنەکانیتر نییە ، هەر
تەنها بڕینی پارچەگۆشتێک بێت لە هەستیارترین شوێنی جەستەی کچۆڵەکان
بەڵکو ، ( بڕینی پارچەیەک لە جەستە و دواتر دوورینەوەی کۆئەندامی مێینە
بەتەواوی ) بەشێوەک ( تەنها هێشتنەوەی کونێکی زۆر بچکۆڵە ..! ) ، ئەم
کونەش بۆ هاتنەخوارەوەی دڵۆپ دڵۆپ میز و خوێنی سووڕی مانگانە و بەس ..!
بۆیە ئەم شێوە لە خەتەنەکردنە دوو کرداری نامرۆڤانەیە ، ( بڕین و
دوورینەوە ) واتە دوو تراژیدیا ، هەربۆیە منیش کارەساتەکەم بە
تراژیدیای ڕەش ناوبردووە . من لێرە لە کەنەدا لە ڕیگەی برادەرێکی (
سودانی )یەوە ، ئەوەم بیستبوو ، کە کچان بۆ ئەوەی نەتوانن بەر لە
شووکردن سێکس بکەن و تا بە پاکیزەیی بمێننەوە تا کاتی شووکردن ،
جەستەیان دەدوورێتەوە ، بەڵام هێندەی بیرم لێدەکردەوە نەمدەتوانی بڕوا
بەم کردارە نامرۆڤانەیە بکەم .. بەڵام کاتێک ئەم پەرتووکەم خوێندەوە ،
بینیم / ئەوە نەک هەر لە سودان و سۆماڵ و میسر بەڵکو ، ئەم نەریتە
دواکەوتووە لە هەموو ولاتەکانی ئەفەریقیا بەڕێوە دەچێت و ملیونان کچۆڵە
دووچاری ئەم قەسابکارییە بوونەتەوە .. بیهێننە بەرچاوی خۆتان لەسەردەمی
مەعریفە و زانست و تەکنەلۆژیادا ، مرۆڤایەتی لەژێر کاریگەری نەریت و
ئایین و بیرکردنەوەی پیاوسالارانە لەم ئاستە دواکەوتووییە لەنگەری
گرتبێ .. ئاخر ئەوە خەتەنەکردن نییە ، لە بنەڕەت دا ئەمە / کردارێکی
دڕندانەی خوێناوییە ، مردنێکە لەنێو ژیان ، لە هەموو ئەو وڵاتانەی
ئایین وەک ئایدیۆلۆژیایەک ڕووبەری بیرکردنەوەی تاکەکانی داگیرکردووە و
بۆتە بەشێک لە کلتووری باو ، ئەوە لەو شوێنەدا / ژیان پڕاوپڕ دەبێت لە
کرداری مەرگەساتی ، وشیاری لەوپەڕی ئاست نزمی دەمێنێتەوە . ئاخر
بیرورای باو لە سۆماڵ و وڵاتەکانیتری ئەفەریقیا ئاوایە کە ، ( لە نێو
لینگی کیژۆڵەدا شتێک هەیە بەدە ، ئەم بەشانە پیسن و دەبێ لێبکرێنەوە
..! ) . ئەو کچۆڵانەی خەتەنە نەکراون و نەدووراونەتەوە ، بە پیس و
بۆگەن سەیریان دەکەن ، بە کەسانێکی سووک و بێبەها ، تەنانەت وەک مرۆڤیش
سەیریان ناکەن ، گەر جنێویان پێبدەن پێیان دەڵێن ( بڕۆن هەی پیسی
خەتەنە نەکراوینە ..! ) ئەوە عەشق و شوکردن و ماڵ پێکەوەنان هەر هیچ
..! ( وەک کەسانی سۆزانی و پیس تەنانەت هیچ پیاوێک بە ژن قەبوڵیان
ناکات ) لەهەمانکاتیش بێبەشبوونیان لە عەشق و نزیکبوونەوە لە کوڕەکانی
هاوتەمەنیان و سەیرکردنییان وەک شتێکی پیس و نەفرەتاوی .. ! ئیتر ئەمە
وای لە کچۆڵەکان کردبوو کە ، خۆیان داوا لە دایکیان بکەن کە خەتەنەیان
بکەن و بدوورێنەوە ، وەک دەڵێن ( ئازارەکەی هەرچۆنێکە و هەرچییەک دەبێ
باببێ و بەس لەم دۆخە ڕزگارییان بێت ..! ) هەرچەندە نەریت و شێوەی
خەتەنەکردنەکە هێندە خوێناوی و دواکەوتووانە بووە ( کە دواتر بە وردی
باسی دەکەین ) ، لە ئاکامی پیسبوونی برینەکان و هەوکردکرن و ، نەبوونی
هیچ پێداویستییەکی تەندروستی ، تووشی زۆرێک لە نەخۆشی مەترسیدار دەبوون
، زۆریان لە ئاکامدا ، گیانیان لەدەستدەدا و دەمردن ، بۆ نموونە یەکێک
لە خوشکەکانی ( واریس ) بە هۆی خەتەنەکردنەوە مردبوو . بەڵام لەگەڵ ئەم
مەترسیی و ئازارانەش هێشتا ، کچۆڵەکان بە ڕەزامەندی خۆیان و بە
تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیان و ئەم سرووتەیان دەکرد کە ، هێما و
مانایەک بوو ، بۆ گۆڕانییان لە کیژۆڵەی بچکۆڵەوە بۆ ئافرەتی لاو ..)
یان پاکبوونەوە لەو گوناه و پیسی و بێبەهاییەی کە ڕووبەڕوویان
دەبوویەوە ، یان ڕزگاربوونیان لەدەستی ئەم بارە دەروونی و ڕۆحییە پڕ
ئازار و خەمۆکی و نیگەرانیەدا . واتە دەتوانین بڵێین / ( خەتەنەکردن و
دوورینەوە ) بۆ کیژۆڵەکان ، پردی پەڕینەوە بوو بۆ ژیانێکی تر و
تەمەنێکی تر و دنیایەکی تر ..! بەمانای ، ڕزگاربوون لە مردنی هەمووڕۆژە
، هەرچەندە خەتەنەکردن و دوورەینەوەکەش مردنێکی تر بوو بەڵام ، لەنێو
مردنی دوای خەتەنەکردن لایەنیکەم چەند دەرگایەکت لێدەکرێتەوە ، وەک(
دەرگای عەشق کردن و پڕۆسەی هاوسەرگیری و بوون بە دایک و .. ، بەر لە
خەتەنەکردن و دوورینەوە نەک مافی ئەمانەت نییە بە خەونیش نابێت بیریان
لێبکەیتەوە ..! ( واریس ) دەڵێ ،( کاتی ئەوە هاتبوو ( ئەمان ) ی خوشکە
گەورەم خەتەنە بکرێت ، منیش وەکو خوشک و برا بچووکەکانم ئیرەییم دەبرد
کە ئەو بەرەو جیهانی گەورەکان بەڕیوەبوو ، ئەو جیهانەی هێشتا بە ڕووی
منداڵ داخراو بوو .. . ) ، یان دەڵێ ،( باوکم غەم دایگرتبوو لەبەرئەوەی
( ئەمان ) وەختی شووکردنی بوو ، بەڵام پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت باسی
بەشوودانی چی بکرێت ..! ) . لەسەرەتا بیرۆکە و نەریتەکە وابووە ،
کیژۆڵەکان لە تەمەنی بالقبوونیان خەتەنە دەکران ، تا دوای ئەوە بە
ماوەیەکی کەم شوو بکەن ، بەڵام دواتر بە تێپەڕبوونی کات دەستکرا بە
ئەندام بڕینی کیژۆڵەی منداڵتر و ئەمەش تا ڕادەیەک / لەلایەن کیژۆڵەکان
خۆیان داوا دەکرا . ( واریس ) لە تەمەنی پێنج ساڵیدا خەتەنە دەکرێت ،
دەبێ لەم تەمەنە چی لەبارەی دنیای عەشق و ئارەزووی هەوسەرگیری و بوون
بە دایک بزانێت !؟ ، تا خۆی داوای خەتەنە بکات و بەرگەی ئەم هەموو
ئازارە بگرێت !؟ . لەگەڵ ئەوەش ( واریس ) خەتەنەکردنی( ئەمان )ی خوشکی
بینیبوو ، بە دزییەوە بەدوایان ڕۆیشتبوو ، ئازار و بوورانەوە و دەیزانی
چ مردنێکە !! بەرەبەیانێکی زوو ، لە تاریک و ڕوون دا . بیابان کشومات ،
خەڵک لەباوەشی خەودا بوون ، دایکی خەبەری دەکاتەوە و دەستی دەگرێت و لە
ئاوەدانی دوور دەکەونەوە ، لە شوێنێک نزیک تاشەبەردێک چاوەرێ دەکەن ،
لەوکاتەش ژنێکی قەرەجی دەگات ، ( واریس ) دەڵی ،( دایکم پارچە ڕەگێکی
پیرەدارێکی بۆخۆی ڕاکێشا و پاشان منی خستە سەر بەردەکە ، لە پشتمەوە
دانیشت و سەرمی بۆ پشتەوە دانەواند و نای بە سینەیەوە و لاقی ڕاست و
چەپی لەسەر لاشەم دانا ، بە دەستەکانم باوەشمکرد بە سمتیدا ، ئەویش
کۆتەرەکەی خستە نێوان ددانەکانمەوە و گوتی ( بە توندی قەپاڵی پێدا بکە
! ) دایکم خۆی بەسەرم نوشتاندەوە و گوتی( تۆ دەزانی کە ناتوانم ڕاتگرم
چونکە من تەنیام بۆیە ئازیزەکەم هەوڵدە کیژۆڵەیەکی زیرەک بیت ، لەبەر
خاتری دایکت ئازابە ..! ) چاوم لێبوو قەڕاغی گوێزانەکە بە خوێنی وشک
داپۆشرابوو ، ژنەکە گویزانەکەی تفباران کرد و بە قوماشی کراسەکەی وشکی
کردەوە ..! ) ، بەدەر لە ئازار و تۆقان و فۆبیاکەی ، کارێکی وا سەخت و
لەژێر کەشێکی ناتەندروستی لەوشێوە ، ئیدی چۆن مردن و دەیان جۆر لە
نەخۆشی لێناکەوێتەوە ؟( واریس ) باسی ئازارەکانی ئەوکاتەی دەکات و
دەڵێت( لە دنیادا هێزێک نییە وام لێبکات بتوانم باسی بکەم ، کە بڕدرام
هەستم بە چی کرد ..! ، وەک ئەوە وایە کەسێک گۆشتی ڕانت ببڕێت و
لێیبکاتەوە یان باڵێکت بقرتێنێت ..! ) لەوکاتە هاوارم دەکرد و دەمگوت
خودایە ڕزگارم کە ، هەرواشبوو لە هۆشخۆم چووم ، کاتێک خەبەرم بوویەوە ،
بە تەنیا ڕاکشابووم ، نە دایکم نە ژنە ( سەربڕەکە ) لەوێدا نەمابوون ،
چەند پارچە گۆشتێکی لەشم لەوێ کەوتبوون لەبەر خۆرەتاو وشک دەبوونەوە و
قرچەیان دەهات ..! ) نەریتەکە وابوو دەبووا دوو هەفتە کیژۆڵەکان لەم
بیابانە بە تەنیا جێبهێڵن و بمێننەوە ، کەپرێکیان بۆ دەکردن و و ڕۆژانە
خواردن و ئاویان بۆ دەبردن . ( واریس ) بەم شێوەیە باسی برینەکەی نێو
ڕانەکانی دەکات و دەڵێت ( پارچەیەک پێستی تەواو تەختم بینی کە درزێکی
بچکۆڵەی لە ناوەڕاستدا بوو ، کە لە زنجیری پانتۆڵ دەچوو ، ئەو زنجیرەش
بە ڕاستی داخرابوو ، لە سوورایەکی خشت دەچوو کە هیچ پیاوێک نەتوانێ
بچێتە ناوییەوە ، پێش شەوی زەماوەندەکەم ئەوکاتە پیاوەکەم یان دەبێ بە
چەقۆیەک هەڵم دڕێت یان بەزۆر خۆی بخزێنیتە ناومەوە ..! ) ناخۆشترین و
پڕ ئازارترین شتیش ئەوکاتەیە کە میزت دێت و دەتەوێت میز بکەی ، ( دوای
چەند کاتژمێرێک میزم دەهات کە لەوباوەڕەدا بووم دەمرم ، بەڵام لاقەکانم
پێکەوە بەسترابوون نەمدەتوانی جووڵە بکەم ، دڵۆپی یەکەم هات وەک ئەوە
وابوو ترشەڵۆک برینەکەم هەڵقرچێنێت ، چونکە تەنیا کونێکی زۆر بچووک
مابوویەوە ، بەقەد بارستایی سەری دەنکە شقارتەیەک دەبوو ، ئەمەش تەنیا
کونێک بوو کە میز و خوێنی عادەبوونی لێبێتە دەرەوە ..! ) ، دوای دوو
هەفتە لەژێر تیشکی گەرماو لەم بارە ناتەندروستییە دەمێنێتەوە ،
ئازارەکەشی هەر باسناکرێت ، هەر چرکەی مردنێک بوو بۆخۆی ، دوای دوو
هەفتە دێن دەیبەنە ماڵەوە . بەهۆی ئەمجۆرە لە خەتەنەکردن زۆرێک لە
کیژۆڵەکان تووشی گانگرین ( خانە مردن ) و چەندین نەخۆشی تر دەبوون ..
مردنیش بە پێی ئەو هەلومەرجەی خەتەنەی تیا ئەنجام دەدرا بارێکی ئاسایی
بوو ، ( واریس ) تەمەنی دەبێتە نزیکەی دوانزە ساڵان بۆ یەکەمجار خوێن
دەبینێت ، زۆر دەترسێت و ژانەسک و ئازارێکی سەخت تووشی دەبێت ، وا
دەزانێت شتێکی نائاسایی ڕوویداوە و دەمرێت ، بەڵام دواتر دایکی بۆی
باسدەکات ، بۆیە جگە لە میزکردن ، خوێن دانانی سووڕی مانگانەش بۆ ئەو
کێشەیەکی تر بوو و ئازاری پێیەوە دەبینی ، زۆرجاران لە تاو ئازارەکانی
وازی لە بزنەکان دەهێنا ، چاڵێکی هەڵدەکەند و نیوەی لەشی دەخستە
ناوییەوە بۆ ئەوەی ، تا لەشی فێنک بێتەوە بەشیک لە ئازارەکانی کەم
ببنەوە ، ئیتر تەمەنی دەبێت بە سیانزە ساڵ ، باوکی دەیەوێت بیدات بە
پیرەمێردێکی شەست ساڵان لە بەرامبەردا ( پێنج وشتر ) وەربگرێت ، (
واریس)یش بۆ ئەوەی ئەم ( کڕین و فرۆشتن )ە ناڕەوایە سەر نەگرێت ناچار
دەبێ وەک خوشکەکەی تری ڕابکات و ماڵەوە جێبهێڵێت ، بەئاگاداری دایکی و
بە دزی باوکیەوە بە تەنیا سەرهەڵدەگرێ و ڕادەکات ، بیابان و بیابان ،
هیلاک و برسی و تێنوو ، لە ڕێگادا تووشی چەندین ناڕەحەتی و ناخۆشی و
کێشە دەبێت ، تا ئاستی دەستدرێژی سێکسی و زۆر کێشەی تر ، لە دواجار
دەگاتە ( مەقادیشۆ )ی پایتەختی سۆماڵ ، لەوێدا / ماڵە خزمێکی دایکی بۆ
ماوەیەک دەیگرنەخۆ ، دیارە هەروەک لە پەرتووکەکە هاتووە ، ( ژیانی
واریس پڕە لە ڕێکەوت ، هەموو شتە تازەکان بە ڕێکەوت دێنە نیو ژیانییەوە
، کەمتر لە ڕیگەی پلان دانانەوەیە ..! ) ، ماوەیەک لە مەقادیشۆ
دەمێنێتەوە ، دواتر هەر ئەم خێزانە پاسپۆرتی بۆ دەردەهێنن و بە یارمەتی
کەسێکی نزیک خۆیان کە لەسەفارەتی سۆماڵ ئیشدەکات ڕەوانەی ( لەندەن ) ی
دەکەن . ئیتر ، لێرەوە ژیانێکی نوێ دەست پێدەکات ، خەڵکێکی جیاواز و
کلتوورێکی جیاواز و زمانێکی جیاواز ، کچۆڵەیەکی تەمەن دوانزە سیانزە
ساڵان بە تاقی تەنێ ، لەنێو ئەم هەموو جیاوازییانەدا ، دەبێ لەسەرەتا
ڕووبەڕووی چ نامۆییەک و ترس و نیگەرانییەکی دەروونی بووبێتەوە ، یان
تراما و شۆکی کلتووری ..! بەهەرحاڵ ، مرۆڤ بوونەوەرێکە لە ڕیگەی
هۆشییەوە ، هەوڵدەدات لەگەڵ جیاوازییەکان و ڕیکەوت و ڕووداوە نوێیەکان
خۆی بگونجێنێ . ( واریس ) لە سەرەتا لە ماڵی خاڵی کە ناوی ( محەمەد ) ە
، کاری خزمەتکاری بێبەرابەر دەکات ئەوی لەلای ئێمە پێیدەڵێن ( نان و سك
) ، لەو ماڵەدا ڕووبەڕووی زۆر لە بێڕێزی و ناخۆشی دەبێتەوە ، چونکە وەک
ئەندامێکی ماڵەکەیان سەیری ناکەن بەڵکو وەک ، خزمەتکارێک مامەڵەی لە
گەڵدا دەکەن .. ئیتر لەپاڵ ئەمانە ، بە بێدەنگی یادگارییە تاڵەکان و
نهێنییەکانی جەستە و ئازارەکانی هەمیشە لە گەڵیدا دەبن ، وەک سێبەرێک
بەدواوەیەتی و ناتوانێت ئەم بارە دەروونییە و ئازارەکانی لای کەس باس
بکات ، چونکە لە شوێنێک و کەلتوورێک هاتۆتە دنیا هەموو شتێکی مێینە
عەیبە و حەرامە ، ئایینێک و کلتوورێک ڕێگەی پێنادات باسی ئەو شتە
حەرامەنەی خۆی لای کەسی غەیرە بکات ..! چەند ساڵێک لەو ماڵە خاڵەی بە
نانەسکی دەمێنێتەوە ، زۆربەی کاتەکان لەماڵەوەیە و تێکەڵاوییەکی ئەوتۆی
نابێت بە دنیای دەرەوە ، شتێکی ئەوتۆش لە زمان فێرنابێت ، ئەو خاڵەی
لەگەڵ سەفارەتی سۆماڵ ئیشدەکات ، لەبەر شەڕی ئەهلی سەفارەتی سۆماڵ لە
لەندەن دادەخرێت ، ئەو ماڵە خاڵەی دەگەڕێنەوە سۆماڵ ، ( واریس )
ناگەڕیتەوە و بە تەنیا لە لەندەن دەمێنێتەوە ، ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت
دەبێتەوە ، بەڕێکەوت کەسێک دەبێ بە برادەری کەلە کۆگای جلوبەرگی ژنانە
ئیشدەکات ناوی ( مارلین )ە ، یارمەتیدەدات ژوورێکی بچکۆلانەی لە ( وای
ئێم سی ئەی ) بۆ بەکرێ دەگرێت ، ئەو شوێنە شوێنێکە بۆ وەرزش و مەلەوانی
و دەورات و زۆر شتیتر بەکاردێت ، ( واریس ) بەدوای ئیش دا دەگەڕێ
سەرەنجام ، لە مەگدۆنال بە کرێیەکی کەم ئیش دەدۆزێتەوە ، لەم ئیشە
ناخۆشی زۆر دەبینێت ، گەسکدان و ئەرز پاککردنەوە ، سووڕی مانگانە و
ژانە سک ، بەڵام چارەیەکی تری نییە ، دەبێ کرێی ژوورەکە و بەشی خواردنی
ڕۆژانەی بەدەست بهێنێ ، لەگەڵ ئەوەش جوانییەکی بێوێنە و سیحراوی هەیە ،
چاوڕەشێکی باریکەی باڵابەرز ، سیمایەکی ئەفسووناوی لە شێوەی ڤینۆسێکی
بیابانی ، ئیتر هەر بە ڕیکەوت ڕۆژێک لە ماگدۆنا وێنەگریکی فۆتۆمۆدل
بەناوی ( تێرێنس دۆنۆڤان ) ، لە کۆمپانیایەک کار دەکات ، ئەوانەی لە
گۆڤارەکانی مۆدە کاری ڕیکلامی ئەنجام دەدەن ، بۆ جلوبەرگ و شتومەکەکان
، جوانییەکەی ( واریس ) سەرنجی ڕادەکێشی و کارتی خۆی پێدەدات و داوای
لێدەکات سەردانی بکات ، لەوکاتەدا ، ( واریس ) وردە وردە چاوی
دەکرێتەوە و فێری زمان دەبێت ، زۆر هاوڕێ و کەسی نوێ دەناسێت ، وەکو
گوتمان یەکێک لەوانە ( مارلین ) ە ، کە بە نزیکترین و بە باشترین کەس و
بە هاوڕیی تەمەن ناوی دەبات ، زۆر یەکترییان خۆش دەوێ و لەیەکتریەوە
نزیکن ، هەر لەو شوێنە کوڕێک دەبیتە برادەری بە ناوی ( ویلیەم ) ، زۆر
لە یەکدی نزیک دەبنەوە ، ڕۆژێک ویلیەم داوای لێدەکات بەیەکەوە بڕۆن بۆ
سینەما ، حەزیدەکرد دڵی نەشکێنێ و داواکەی قەبووڵ بکات ، چونکە (
ویلیەم )ی زۆر خۆشدەویست و ڕێزی زۆری دەگرت ، بەڵام داوای لێبووردنی
لێکرد و نەیتوانی داواکەی قەبووڵ بکات ، ئەوەش پەیوەندی بەباری دەروونی
( واریس ) خۆیەوە هەبوو ، ( واریس ) هەروەک خۆی دەڵێت ( هیوادار بووم
ڕۆژێک پیاوێک بدۆزمەوە و خێزان پێکبهێنم ، بەڵام لەبەر ئەوەی
دوورابوومەوە ڕێی تینەدەچوو پەیوەندیم لەگەڵ کەسێکدا هەبێت و لە گەڵیدا
بژیم ..! ) یان دەڵێت ،( بۆیە هەر خۆمم دەخواردەوە وەکو ئەوە وابوو
دەزووەکە ( تەقەڵەکان ) ڕێگر بێت لەبەردەم ئەوەدا ، پیاوێک بتوانێت
بچێتە ناومەوە ..! ) ، ئەمەش نالەبارترین کێشەی دەروونی بۆ دروست
کردبوو . غەریزەی خۆشەویستی و سێکس وەک دوو غەریزەی سروشتی بۆ مانەوەی
مرۆڤ و ئارامکردنەوەی ڕۆحی مرۆڤ ، بەهاو گرینگی تایبەتییان هەیە بەڵام
، دیارە شیواز و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم غەریزانە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی
تر یان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ یەکێکیتر دەگۆڕێت واتە جیاوازن ، ئەو
کلتوور و کۆمەڵگایەی واریسی تیا پەروەردە ببوو کۆمەڵگەیەکی زۆر
داخراوبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم غەریزە سروشتییانە .( واریس ) دەڵێت
،( کاتێک لەگەڵ هاڵۆ چووم بۆ دیسکۆ گەڵێک پیاوم بینی ، دڵم نەچووە سەر
کەسییان ، هەرگیز بە خەیاڵم دا نەهاتبوو لەگەڵ پیاوێکدا بخەوم ، بەڵام
بەداخەوە ئەزموونی ناخۆشم بینی ، بە پێی ئەو ئەزموونە زۆریان هەوڵیان
دەدا ڕازیم بکەن تا لەگەڵیان بخەوم ..! ) ، ( واریس ) ئەو ماوەیەی لە
ماڵی خاڵە محمەدی دەژیا ، خەم و ئازار و بارە دەروونییەکەی وەکو هەر لە
گەڵیدا بوو ببوو بەشیک لە خۆی ، لەو ماڵەدا گەورەترین کێشەی ئەو چوونە
توالێت بوو ، کچە خاڵەکانی بە خێرایی میزیان دەکرد ئەو زیاتر لە دە
دەقیقەی پێویست بوو ، ئەوە ژانە سکەکەی لەولاوە بوەستێ ، جارێکیان لە
چێشتخانە سینییەک دەبات بۆ هۆڵی نانخواردن ، ئیتر لەو کاتە لەهۆش خۆی
دەچێت و بەردەبێتەوە ، لەبەر ئەوەی ژانە سکەکەی هێندە بە تین بووە ،
لەگەڵ خاڵۆژنی دەڕۆنە لای دکتۆر ، لای دکتۆرەکە تەنها باسی سک ئێشە و
ژانی سووڕی مانگانەکەی دەکات ، بە هیچ شیوەیەک باسی خەتەنە و دوورینەوە
و ئەو ئازارە ناکات کە بەدەم میزکردنەوە دەیبینێت ، لەلای خاڵۆژنی ئەم
جۆرە خەتەنە ئاسایی بوو چونکە ، نەریتێکی خۆیان بوو ، بۆیە گوتی نابێت
لای دکتۆری پیاو باسی ئەو کێشە تایبەتیە ژنانەیە بکەی ، دکتۆریش بەبێ
ئەوەی سەیری لەشی بکات وەک هەر ژانی سووڕی مانگانەیەکی ئاسایی ، حەبی
دژە ئازار( هالێلۆیا )ی بۆ دەنووسێت ، ئەم حەبە دوای مانگێک ئازارەکان
کەمدەکاتەوە ، بەڵام ئەم کاریگەرییە نێگەتیفانەی دەبێ ، ( مەمک
گەورەبوون ، سمت گەورەبوون ، کێش زیادبوون ، ) ، لەبەر ئەم
کاریگەرییانە واز لە بەکارهێنانی حەبەکە دەهێنێ ، بۆ جاری دووەم دەچێتە
لای دکتۆرێکی تر ، هەمان ئامۆژگاری و هەمان حەبی بۆ دادەنێت ، سێیەمیش
بە هەمانشیوە ، دواجار ، جارێکییان بە خاڵۆژنی دەڵێ کە ، پێویستە بچێتە
لای پزیشکێکی تایبەت واتە سپێشەلیست بەڵام ، خاڵۆژنی ئەوە ڕەت دەکاتەوە
مۆڕەیەکی لێدەکات ، ئەویش لە هەموو شتەکان تێدەگات ..! ، واریس خۆی بە
دزیەوە بڕیار دەدات بچێتە لای دکتۆر ( ماکرا ) کە نورینگەکەی لە
نەخۆشخانەیەکی گەورەیە ، لای دکتۆرەکە ئەمجارەیان ، باسی ئازاری خەتەنە
و دوورینەوەکەشی دەکات ، بەدەم گریان لەژێر تەوژمێکی نالەباری دەروونی
ئەم نهێنیەی بۆ دکتۆر باس دەکات ، دکتۆر ( ماکرا ) سەیری دەکات و
دەیبینێت ، سەری لەوە سووڕ دەمێنێ کە تا ئێستا چۆن ژیاوە ، داوا دەکات
موتەرجەمی بۆ بێنن ، دەڵێن ژنێکی سۆماڵی لێرەدا لە نهۆمی خوارەوە ئیش
دەکات ، لە بەدبەختی ( واریس ) لەوکاتەدا ئەو ژنە نادۆزنەوە ، کوڕیکی
سۆماڵی دەهێنن ، ئیتر دکتۆر هەموو شتەکانییان بۆ ڕوون دەکاتەوە و
دواجار دەڵێ / دەبێ نەشتەرگەری بۆ بکەین ، هیچ چارەیەکی تری نییە ،
دەبێ دواتر تەلەفۆن بکات تا ڕۆژ و کاتی نەشتەرگەرییەکەی بۆ دیاری بکەین
. ساڵێک بەسەر ئەوکاتەدا تێدەپەڕێ هەر تەلەفۆنەکە ناکات چونکە خۆڵۆژنی
پێدەزانێت . ئیدی کاتێک ، سەفارەتی سۆماڵ لە لەندەن دادەخرێ و خزمەکانی
دەگەڕێنەوە سۆماڵ ، تەلەفۆنەکە دەکات بەڵام ، کاتی چۆڵیان نەبوو ،
دەبوو دوو مانگ چاوەڕێ بکات تا نۆرەی دێت ، لەو مایەدا ، لەگەڵ (
مارلین ) هاوڕێیەتیان زۆر بەتین دەبێ و هەمیشە بەیەکە دەبن ، ئیتر (
مارلین ) هەست بەئازارەکانی دەکات و دەبینێ ئازارەکەی ئاسایی نییە ،
لێی دەپرسێت ئەوە چیتە ، ئەویش لێی دەشارێتەوە و بۆی باس ناکات ، بەڵام
دوای چەندینجار دووبارەبوونەوە ، جارێکیان بۆی باسدەکات ، کە منداڵ
بووە لە تەمەنی پێنچ ساڵیدا لە سۆماڵ خەتەنە کراوە ، ( مارلین ) لێی
تێناگات مەبەستی چییە ، چونکە نازانێت خەتەنە چییە ! ( مارلین ) داوا
دەکات جەستەی پێشان بدات ، گوتی نازانم باسی چی دەکەی ؟ ( واریس) دەڵێ
، ( لە کۆتاییدا ڕۆژێکیان پانتۆڵەکەم ، داکەند و نیشانم دا هەرگیز
شێوەی کاردانەوەی ڕوخساریم بیرناچێتەوە ، ڕووی لێوەچەرخاندم و فرمێسک
بە روومەتەکانیدا هاتنە خوارەوە ، هەستم بە پەژارە و دڵەڕاوکێ کرد
چونکە بیرم کردەوە و لەخۆم پرسی ، ( خوایە گیان بەڕاست وەزعم ئەوەندە
خراپە ..؟ ) ، کاتێک ( مارلین ) بەم شێوەیە سەری سووڕدەمێنێ ( واریس )
لێی دەپرسێت ، بۆ تۆ و دایکت خەتەنە نەکراون ..؟ ( مارلین ) سەری
لەقاند و بە گریانەوە گوتی نەخێر . ( مارلین ) پێی دەڵێ ( واریس ئەمە
زۆر ترسناکە ، تێناگەم کەسێک هەبێت ڕێگە بەخۆی بدات ئەمە بە
بەرامبەرەکەی بکات ..! ) ، ئەویش باسی خاڵۆژن و چوونە دکتۆرەکان و هۆی
تەلەفۆن نەکردن بۆ نەشتەرگەری و هەموو شتێکی بۆ باس دەکات ، لەم
پرسیارەی ( واریس ) و لە وەڵامەکەی ( مارلین ) ، بەریەککەوتنی دوو
کەلتووری جیاواز دەبینین ، دوو دنیای جیاواز . لە گۆشەیەکی ئەم دنیایە
کە کیشوەری ئەفریقایە ، ( سەوابتەکانی ئایینی ) کەلتوور و یاسا و هەموو
بنەماکانی ژیانی ڕەنگڕیژ کردووە ، لە گۆشەیەکیتری دنیا کە کیشوەری
ئەوروپایە ، ئایین مافێکی تاکە کەسەییە و هیچی تر ، یاساکان لەسەر
بنەمای مافی تاکەکان دیاری دەکرێن ، کەلتوورێکی شارستانی ، دوو دنیای
تەواو جیاواز وەک جیاوازی نێوان ڕەنگەکانی( ڕەش و سپی ) ، ئەگەر ئەم
پەرتووکە ناوی بەریەککەوتنی کەلتوورە جیاوازەکانیش با هەر ئاسایی بوو ،
بەڵام ( واریس ) ناوی جۆرە گوڵێکی بیابانە ، ئەم گوڵە لە بیابان دەڕوێت
تەنانەت بەبێ ئاویش دەڕوێت و توانای مانەوەی هەیە بۆیە ناوی پەرتووکەکە
کراوە بە ( گوڵی بیابان ) ، ئەم ناوە پڕبەپێستی ( واریس ) خۆیەتی ،
بەڕاستی گوڵێکە لەنێو خەمەکانی سەری دەرهێناوە و بۆ تاهەتا بەگەشی
دەمێنیتەوە ،( مارلین ) داوای لێدەکات تەلەفۆنەکە بکات بەڵێنی پێدەدات
هەر خۆیشی لە گەڵیدا بچێت و بە تەنیا جێی نەهێڵێت ، وە ئامادەیی هەموو
یارمەتییەکی خۆی بۆ دەربڕی ، ( مارلین ) خۆی تەلەفۆنەکەی بۆ دەکات و
ڕۆژ و کاتەکە حیجز دەکات بەڵام ، هێشتا هەر دەبێ مانگێک چاوەڕێ بکەن .
عیادەکەی دۆکتۆر ( ماکرا ) لە نەخۆشخانەیەکی گەورەیە ، لەگەڵ ( مارلین
) دەڕۆن بۆ عیادەکە ، کاتێک جلەکانی دەگۆڕێ ، لەسەر کورسییە
تایبەتییەکە دادەنیشێ و لاقەکانی لێک دەکاتەوە ، هەمان دیمەنەکەی
منداڵی و خەتەنە و دوورینەوەکەی دێتەوە پێشچاو ، هەمان ناسۆرو ئازار و
برین ، هەمان ژان و خەمو مەینەت ، یەکەمجار خوێنی برینی پارچەیەک لە
هەستیارترین شوێنی جەستە و دوورینەوەی ، ئێستاش خوێنی کرانەوەی ئەو
شوێنە ، بەڵام لە شوێنێکی تر و لە تەمەنێکی تر و لە کەشوهەوایەکی تەواو
تەندروست و جیاوازدا ، لەبەر ئەوەی زۆر دووراوەتەوە ، بەنجی گشتی
لێدەدرێ ، بەر لەوەی لەهۆشخۆی بچێت دەستەکانی ( مارلین ) لەنێو
دەستییەتی ، نەشتەرگەرییەکەی بەسەرکەوتوویی بۆ دەکرێت ، ( واریس ) دەڵێ
( دکتۆر ماکرا کارێکی باشی ئەنجام دا بۆ هەمیشە سوپاسی دەکەم ، هەروەها
دەڵێ ، ئەو گوتی / دەبێت بزانیت کە تۆ تەنیا نیت ، دەتوانم پێت بڵێم
ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کە هەمان گیروگرفتییان هەیە دێنە ئێرە ،
ژمارەیەکی زۆر ژنی ( سودانی ، میسری ، سۆماڵی ، ) هەندێکییان سکییان
پڕەو زیڕەیان کردووە چونکە ، لەبەر ئەوەی دووراونەتەوە منداڵبوونەکەیان
پڕ لە مەترسییە ..! ) . ئیتر لێرە بەدوا ،( واریس ) ژنێکی نوێ بوو ،
دەتوانێ لەئاودەست دانیشێت و میزبکات ، هێندە هەیە ، ناتوانێ بە وشە
باسی ئەوە بکات چ هەستێکی هەبوو بۆ ئازادبوونی خۆی .. ، دوای ئەوە بە
مشاوەرەت کردن لەگەڵ ( مارلین ) بڕیار دەدات بڕوا بۆ ئەو شوێنە ، بۆ
لای ئەو وێنەگرە فۆتۆمۆدلەی بزنسکارتەکەی خۆی پێدابوو ، لە یەکەم کاردا
وێنەی لە بەرگی پێشەوەی ڕۆژمێرێک بڵاو دەبێتەوە ، ەنگدانەوەی زۆری
دەبێت ، بۆ بەردەوامبوون لەم کارە ، لە سەرەتا کیشەی ئەوەی بۆ دێتە پێش
کە ئیقامەی نییە ، بەڵام دواتر یارمەتی دەدەن و دوای ماوەیەک ئیقامە
وەردەگرێت و ئەو کێشەیەی نامێنێت ، دەتوانێ دەستبەکاری فۆتۆمۆدڵی بکات
واتە ، لە سالێ ١٩٨٧ ئەوکاتە تەمەنی ٢٢ ساڵان دەبێ کە دەستبەکاری
فۆتۆمۆدلی دەکات ، جوانییەکەی هێندە سەرنجڕاکیش و سیحراوییە لەماوەیەکی
کەم بەناوبانگ دەبێت و لە ئاستێکی بەرین ناودەردەکات ، هەربەهۆی
ئیشەکەی سەردانی فەڕەنساو دواتر نیۆرک دەکات ، لەگەڵ چەندین گەورە
کۆمپانیەکانی ئەوانەی دیزاینی جلوبەرگ دەکەن لەوانە ( لی ئۆریل ، لایڤس
، ڕیڤلۆن ، شنال ، ) کاردەکات و جگە لە فۆتۆمۆدلی کاری نمایشی
جلوبەرگیش دەکات ، لە ئیشەکەی سەرکەوتوو دەبێت و لە زۆرێک ڕۆژنامە
مۆدلیەکان نمایش دەکرێ و لەسەری دەنووسرێ ، ( واریس ) لەوکاتەیە هەمیشە
بیرلەوە دەکاتەوە ، شتێک بۆ ژنان و منداڵانی وڵاتەکەی و کیشوەرەکەی
بکات ، دەبێ ئەو نەریتە دواکەوتوویە و ئەو نهێنییەی کیژۆڵانی وڵاتەکەی
بەدنیا ڕابگەیەنێ ، پێویستە هەوڵدات یارمەتییان بدات و وشیارییان
بکاتەوە چونکە ، ئەمکردارە نامرۆییە خەتەنەو دوورینەوە ، شتێک نییە
تەنها ئازاری جەستە و دەروونی هەبێت بەڵکو ، دەبیتە هۆکارێک کە تا مردن
نەتوانن چێژ لە سێکس ببینن ..! بۆیە بڕیاری دا لەم ئازار و مردنە
ڕزگارییان بکات ، ئەو نهێنیە ئاشکرا بکات و قسەی لەسەر بکات ، دوای
ئەوە ئەنجامەکەی هەرچییەک دەبێ گرینگ نەبوو بەلایەوە ، بۆ ئەوەی
دەروونی خۆی ئارام بکاتەوە لەدەست ئەم نهێنی و ئازارە فۆبیاییە ڕزگاری
بێت . جارێکییان ڕۆژنامەنووسێک بەناوی ( لاورا ) کە لە گۆڤارێکی مۆدل
بەناوی ( ماری کلێر ) کاردەکات و داوا دەکات دیمانەی لەگەڵ دا ئەنجام
بدات ، لەگەڵ ( لاورا ) لە شوێنێک یەکتری دەبینن ، ( واریس ) بەدەرفەتی
دەزانێ بە ( لاورا ) دەڵێت ، بۆ چیڕۆکی ( کاری مۆدلی و وێنە و نمایشی
جلوبەرگو ئەم جۆرە باسانە زۆرجار و لەزۆر شوێن لەسەرم نووسراوە و
دیمانەم ئەمجام داوە ) ئەمجارە حەزدەکەم باسی چیڕۆکێکی ڕاسەقینە و
نهێنییەکی ژیانی خۆم بکەم کە ، تا ئێستا قسەم لەسەری نەکردووە ، بەس
بەڵینم پێبدە وەکو خۆی بڵاوی بکەیتەوە ، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ ، هێندەی
بۆم بکرێت درێخی ناکەم بەڵام ، دواجار بڕیار بەدەست سەرنووسەرەکەمانە ،
ئیتر ڕیکۆردەرەکە دادەگرێت و ( واریس)یش دەست بە گێڕانەوەی چیڕۆکەکەی
دەکات . کاتێک ( لاورا ) گوێی لە چیڕۆکەکە دەبێت و چاوی پڕدەبێت لە
فرمێسک و بەدەم گریانەوە دەڵێت ،( ئەوە چ زوڵمێکە ؟ چەند بێمانا و
پووچە ، خەونیشم بەوە نەدەبینی کە هێشتا شتی لەوجۆرە روودەدات ..! )
چیڕۆکەکە ڕێکدەخرێ و لە یەکێک لە ژمارەکانی ( ماری کلێر ) بە شیوەیەکی
سەرنجڕاکێش لە ژێر ناوی ( خەتەنەکردنی ژنان _ تراژیدیایەک )
بڵاودەبێتەوە . ( لاورا ) کارێکی باشی ئەنجام دا ، ئەم نووسینە
کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە ، ئەو گۆڤارە لەلایەن ڕێخراوێکی ژنان
دەردەچوو بەناوی ( دەستبەجێ یەکسانی ) ، دوای ئەوە گۆڤار و و
ڕێکخراوەکە کەوتنە بەر لافاوی نامەی خەڵکی بۆ دەربڕینی پشتگیری خۆیان
بۆ ( واریس ) و بۆ هەرکارێک و یارمەتییەک کە لە دەستییان بێت ، بۆ
یارمەتی و هەڵمەتی نەهێشتنی خەتەنەکردنی ژنان . دوای ماوەیەک دیسان
ڕێکەوت ڕۆڵی خۆی دەبینێت ، ( واریس ) لەنیو فڕۆکەدا لە سەفەری
گەڕانەوەی لە ئەوروپاوە بەرەو نیۆرک ، کەسێکی شارەزا لە بواری مکیاج و
جوانکاری دەبینێت بە ناوی (باربارا والس ) لەهەمانکات لە کەناڵێکی
تەلەفزیۆنیش کاردەکات ، ( بەربارا ) کاتی خۆی ئەو گۆڤارەی ( ماری کلێری
) بینیبوو دابووی بە بەڕیوەبەرەکەی ، ئەوانیش لەی خۆیانەوە بڕیاریان
دابوو ئەم چیڕۆکە لە بەرنامەکەیان بڵاو بکەنەوە ، واریس دیمانە دەکرێت
لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بەناوی ( بەرنامەی ٢٠/٢٠ ) ئەم بەرنامەیە لە
هاوینی ساڵی ١٩٩٧ نمایش دەکرێت ، بابەتەکەش بەناوی ( گەشتی
ساڕێژبوونەوە ) . ئەم بەرنامەیەش لە ئاستێکی زۆربەرین دەبیندرێ و
دەنگدانەوەیەکی بێوێنەی دەبێ ، دوای ئەم بەرنامەیە ، نەتەوە
یەکگرتووەکان لە ( سندوقی دانیشتوان ) بەدوایدا دەگەڕێن و خوازیارن لە
خەباتیان دا لە دژی ئەندام بڕین و خەتەنەکردنی ژنان هاوکارییان بکات .
( سندوقی دانیشتوان ) لە ئەنجامدانی کارەکەیان و بە هاوکاری
ڕێکخراوەکانی تر ، ئامارێکی مەترسیداریی لەبارەی پشکنینی ئەم کێشەی
خەتەنەکردنە بەدەست هێنابوو ، ( لە بیست و هەشت ) وڵاتی ئەفەریقیا (
١٣٠ ) ملیۆن کیژۆڵە خەتەنە کراون . هەمووساڵێک ( دوو مڵیۆن ) مەترسی
ئەوەیان لێدەکرێ ببنە قوربانی . ئەوجۆرە خەتەنەکردنەی ئەفەریقیا قیتکە
بڕینەکە بە جۆرێکە ، پێی دەڵێن ( ئینفلۆمەیشن ) واتە هەڵکۆڵین .. ئەم
شێوازە لە خەتەنە و بڕینە دەبێتە هۆکاری ئەم کاردانەوانە ، ( حاڵەتی
شۆک ، هەوکردن ، زیان گەیاندن بە بۆڕی میز و کۆم ، جێهێشتنی جێبرین ،
ئیفلیجی و میزڵدان بریندار بوون ، ئایدز ، هیپەتایت بی ، نەزۆکی ،
شێرپەنجە ...! ) جگە لەم ئامار و زانیارییانەی ( یو ئێن ) ، ( ناوەندی
فیدڕاڵی بۆ کۆنتڕۆلکردنی نەخۆشی و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی )
لە ئەمریکا ، خەمڵاندوویەتی کە نزیکەی ( ٢٧٠٠٠ ) بیست و حەوت هەزار ،
ژنان لە ویڵایەتی ( نیۆرک ) ئەو پڕۆسەیان بە هۆکاری ( مافی ئایینی ) بۆ
ئەنجام دراوە ، ( واریس ) کاتێک ئامارەکانی ڕێکخراوی ( سندوقی
دانیشتوان ) ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبینێ و کاردانەوەکانی ئەم کارە
نامرۆییە ، بە خۆشحاڵییەوە داواکەی ( یو ئێن ) قەبوڵ دەکات و دەبێت بە
سەفیرێکی خۆبەخش و کارلەگەڵ ( نەتەوە یەکگرتووەکان ) دەکات بۆ بەرگری
لە ژنان دژ بە خەتەنەکردن . ( واریس ) دەڕواتە بارەگای نەتەوە
یەکگرتووەکان لەبەردەم هەموو سەفیرەکان وتارێکی ناخ هەژێن پێشکەش دەکات
و باسی چیڕۆکە تراژیدیەکەی خۆی دەکات ، خەتەنەکردن و ئازارەکان و
ڕاکردن و هەموو خەمەکان ، ئیشکردن لەگەڵ ( یو ئێن ) بۆ وشیارکردنەوە و
بەرگری لە مافەکانی ژیان یەکێک لە هاتنەدی خەونە گەورەکانی بوو ، لێرە
بەدوا وەک چاڵاکوانێک زۆربەی کاتەکانی خۆی لەم پێناوەدا دەخاتەکار ،
تەنانەت کەمتر کاری نمایش و مۆدلی دەکات ، ( واریس) دەڵێ ،( یەکێک لە
شانازییەکان ڕەخساندنی هەڵی کارکردنمە لەگەڵ دکتۆرە ( نەفیس بەڵقیس )
کە بەڕێوەبەر و هەڵسوورێنەری ( سندوقی دانیشتوان )ە لە ( یو ئێن ) ،
ئەو یەکێک بوو لە یەکەمین ژنەکان کە خەباتی دەستپێکرد لە دژی
خەتەنەکردنی ژنان . ( واریس ) دەنووسێت ( ماوەی چوارهەزار ساڵە لە
کلتوورە جیاوازەکانی ئەفەریقیا ژنان خەتەنە دەکرێن ، پیاوانی خۆپەرست و
نەفام کە پێیان وایە لە ( قورئان) و( ئینجیل ) داوای ئەوە داکات ،
بەڵام لە هیچ شوێنێکی ئەم دوو پەرتووکە باسی شتێک ناکات دەبێت ژنان
ببڕدرێن بۆ ئەوەی خوا لێیان ڕازی بێت ، بەڵکو ، ئەوە تەنیا پیاوان
خۆیانن داوای دەکەن و دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی ، کە مافی خاوەندارێتی ،
سێکسواڵێتی تەنیا بۆ ئەوان بۆ خۆیانە ، ئەوانن داوا دەکەن ژنەکانیان
خەتەنە بکرێن ..! هەر بەهۆی کارکردن لە بواری بەرگری لە مافەکانی ژنان
، جارێکییان سەفەرێک بۆ سۆماڵ دەکاتەوە و خوشک و براو دایکی دەبینێت .
( واریس دێری ) هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک دەکات بە ناوی ( دانا ) کە
پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵیدا هەبووە ، لە تەمەنی سی ساڵیدا ، بۆ
یەکەمجار دەبێ بە دایک و منداڵێکیان دەبێ و ناوی دەنێن ( ئەلیکا ) ، (
واریس ) لە ساڵی ١٩٩٨ بەهاوکاری نووسەرێک بە ناوی ( کاثلین میلەر )
چیڕۆکی ژیانی خۆی دەنووسێتەوە و بەناوی ( گوڵی بیابان ) بڵاوی دەکاتەوە
، لەو ساڵەدا دەبێت بە یەکێک لە پڕفرۆشترین پەرتووک ( یانزە ملیۆن )
دانەی لێدەفرۆشرێ و بۆ چەندین زمانی دنیا وەردەگێڕدرێ ، ( واریس ) لە
دوو کاری سینەماییش ڕۆڵ دەبینێ ، هەروەها گوڵی بیابان دەکرێت بە فیلم و
( شێری هارمان ) کاری دەرهێنانی بۆ دەکات ، ( واریس ) کە فیلمەکە
دەبینێ دەڵێت ، ( لە منداڵی زۆر خەونم هەبوون بەڵام هەرگیز لەو
باوەرەدا نەبووم ڕۆژێک ژیانم بکەوێتە سەرشاشە ، بەڵام ئەوە مەسیجێکی
گرینگە تا خەڵکان ڕێز لە شکۆی یەکتری بگرن ..! ) ، هەروەها دوای ئەم
دەنگدانەوەی پەرتووکی( گوڵی بیابان ) ، وەک نووسەرێک چەند پەرتووکی تر
دەنووسێت لەوانە ، ( داڕماندنی بیابان ٢٠٠٤ ) ، ( منداڵانی بیابان ٢٠٠٥
) ، ( نامەیەک بۆ دایکم ٢٠١٠ ) ، ( سەفا بپارێزن ٢٠١٤ ) ، گرینگترین
خاڵی پرشنگداری ئەم پەرتووکە ، ئەوەیە / توانی هێزی نووسین بە ( واریس
) ببەخشێ و بیکات بە نووسەر ، هاوارێک لەنێو پەرتووکەکانی ( واریس )
بەرزدەبێتەوە ، دەیەوێت کیژۆڵەکان و منداڵان و مرۆڤە بێگوناهەکانی
بیابان بپارێزێت ، واریس دێری تا ئێستا چەندینجار خەڵات کراوە ، لەوانە
( ساڵی ٢٠٠٠ خەڵاتی " ژنی ساڵ " لە ڤیەنا ) ، ( خەڵاتی" جیهانی ژن "
٢٠٠٤ لە ئەلمانیا ) ، خەڵاتی ( گاڵا سپا ) لە " جوانی ئایدڵ " لە ٢٠١٨
) و چەندانیتر ، منیش لە ڕێگەی ئەم نووسینەمەوە پێمباش بوو خوێنەری
کورد بەم گوڵە نووسەرە و بە هەوڵ و ئومێدەکانی ئاشنا بن ، ئیتر بە
هیوام گوڵی بیابان لە کارەکانی سەرکەوتوو بێت و ئەم ( خەتەنەکردن و
دوورینەوە ) دژ بە کچۆلانی ئەفریقیا ، وەک نەریتێکی نامرۆیی و
ناشارستانیی ڕابگیرێ و کۆتایی پێ بێ.
____________________________________
سەرچاوەکان:
- پەرتووکی (گوڵی
بیابان)، واریس دێری، بە هاریکاریی کاثلین میلەر، ١٩٨٨، لە سویدییەوە:
زۆراب.
- لە ئەنتەرنێتەوە:
١- The desert flower : waris dirie practice
English spotlight
٢-
waris dirie : Somalian model , author , and
acticist
نیسانی ٢٠١٩
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|