١\١١\٢٠١٢
ھەڤپەیڤینێک
لەتەک ھاوڕێ زاھیر باھیر.
سازدانی: سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
- بەشی
دووەم (کۆتایی)
-
- بۆچوونتان بەرامبەر ڕێکخراوە نامیرییەکان
(NGO) و ناوەندە چاکەخوازەکان چییە، تاچەندەیک لەتەکیاندا کاری ھاوبەش
ئەنجام دەدەن؟
بەڕای من ناوھێنانی ئەو ڕێکخراوانەی سەرەوە کە ناوت بە" نامیرییەکان"
ھێناوە ڕاست نییە. ڕەنگە بەو زەقییە دەرنەکەوێت، کە وەکو ھەندێکمان
دەیزانین، بەڵام وەکو پێشتر باسمکردن ئەوانە سەر بە ئەمەریکا و وڵاتانی
خۆراوا و یا کۆمپانییە گەورەکان و دەسگە دراوییەکانن، جا لەبەرئەوە
وەکو کارکردن و ئامانجیان نە ناڕامیارین و نە لە بازرگانی بەدەرن و نە
لە کۆمپانیا و دەسگە ھیرارشییە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە
ئایینییەکانیش سەربەخۆن!
ئێمە گروپێکی خێرخواز (چاراتی) نین، کاری خێرخوازانە ناکەین. من خۆم
ھەموو گروپە خێرخوازەکان بە باشترین خزمەتکەری دەسەڵات و سیستەمەکەی
دەزانم، بەوەی کە ئەو ئەرکەی کە لەسەر دەوڵەتە بەرامبەر ھاوڵاتییەکان،
کە دەبێت بیکات ، چاراتییەکان دەیگرنە ئەستۆی خۆیان، ئەوەش بەزیادکردنی
باجێکی دیکە لەسەر خەڵکی لەپاڵ باجەکانی حکومەتدا، ئەمە بێجگە لەوەی کە
ناڕەزایەتی و گرژیی خەڵکی کۆمۆنێتییەکان لەبەرامبەر دەسەڵات و
ھەڵسوڕێنەران و پارێزەرانی سیستەمەکەدا خاو دەکەنەوە و تەمەنی
سیستەمەکە درێژتر دەکەنەوە. بۆ نموونە، کە یەکێک یا گروپێک لە خەڵک
دەبینی بە سەتڵێکەوە داوای یارمەتی پارە لە تۆ دەکەن بۆ نابیناکان،
کەمئەندامەکان، دەردەدارەکانی وەکو جۆرەکانی شێرپەنجە، لانەوازەکان ،
خەڵکانی ئالودە بە مادە ھۆشبەرەکان و پەککەوتان و گەلێکی دی، جێگەی
بەزەیین، کە لە پێناوی ھەستان بە[خۆیان وتەنی "کارێکی مرۆیییانە"]دا
ھەوڵێکی زۆر بەخەسار دەدەن، بەڵام لە راستیدا گەر کەسێک بیەوێت کاری
مرۆیی بکات، نابێت بە سواڵ و سەدەقە لەسەر حسابی مرۆڤێکی دیکە بیکات،
یا بەسەپاندنی باجێکی دی بەسەریاندا گەرچی باجەکە خۆبەخشانەش بێت،
بەڵکو پێویستە بەتێکۆشان و خەبات لە ڕێگەی دروستکردنی گروپی خۆجێییەوە
ھانی خەڵکی بدات، تاوەکو فشار بخەنە سەر دەوڵەت، بۆئەوەی ئەرکە
درۆینەکانی خۆی بەجێبھێنێت، ئەوەیش بەناڕەزایەتی، بە واژۆ کۆکردنەوە،
خۆپێشاندان تا داگیرکردنی شوێنە حکومییەکان و شارەوانییەکان و
ئەنجامدانی چالاکی ڕاستەوخۆ لە پەڕلەماندا و لە شوێنەکانی دیکەدا ....
ھتد. واتە گروپە خۆجێییەکان جۆرێکن لە گروپی فشار (پرێژەر گروپ)،
بەڵام لە شێوەیەکی فراوانتردا بە ئەجەندەیەکی تەواوەوە و بە بەردەوامی
و کردنی کارو چالاکی ڕاستەوخۆوە.
کارێکی ھاوبەش لە نێوانی ئێمە و ھیچکام لەو گروپانەدا نییە. ھەرچی
ڕێکخراوە میرییەکانە وەکو پێشتر باسمکردن زیاتر فەرمین و دەوڵەتین یا
سەر بە دەسگەیەکی ئایینی یا کۆمپانییەکی گەورەن و کەمتر خەڵکی
بەخۆبەخشانە کاریان لەتەکدا دەکات و زیاتر کارمەند و فەرمانبەرن و
موچەی خۆیان ھەیە و بەپێی ئەو کۆنتراکتەی کە لەتەک
بەڕێوەبەرایەتییەکاندا ھەیانە، ئەوان سەربەستی ئەوەیان نییە، کە لە
شتێکی دیکەدا، بێجگە لەوەی پێیان وتراوە و پلانیان بۆ کراوە، بەشداری
بکەن.
ھەرچی گروپە خێرخوازییەکانیشن، چاراتییەکانن، گەلێکیان پەیوەستن بە
کەنیسەکانەوە، ئەوانیش ئامانج و ئەجەندەی تایبەتیی خۆیان ھەیە، ئەمە
جگە لەوەی کە ھێڵێکی پانی جیاکەرەوە لە نێوانی ئێمە و ئەواندا ھەیە و
بە دوو ئاقاری جیادا مل دەنێین، ھەموو ساڵێکیش لە سەروبەری کریسمس [یادی
لەدایکبوونی مەسیح]دا ئێمە ناڕەزایەتیێکی گەورە دژی یەکێک لە کەنیسە
گەورەکان کە لقی گەورەشی لە زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتینیدا ھەیە و
لەلایەن کابرایەکی زۆر زۆر دەوڵەمەندی بەرازیلییەوە بنیاتنراوە دەکەین.
ئەمە لەسەر ئاستی ڕێکخراوەیی، بەڵام ھەمیشە وەکو ھەر کەسێکی دی، ھەموو
تاکێکی ئەو ڕێکخراو و دەسگە خێرخوازیانە لە ھاتنیناندا بۆ
کۆبوونەوەکانمان یا بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانماندا زۆر
بەخێرھاتنیان لێدەکرێت.
- پێشوازی خەڵک لە چالاکییەکانتان چەندە و تا چەندە کارایی لەسەر
کۆمیونیتی کۆچەران دادەنێت؟
بەگشتی کاردانەوەی خەڵکی پۆزەتیڤانەیە و زۆربەی زۆری خەڵکی لەتەک ئەو
چالاکیانەی کە دەیانکەین، یەکدەگرنەوە. ئەو خەڵکانەی کە بە سەیارە
تێدەپەڕن، بەشێکیان ھۆڕنمان بۆ لێدەدەن ، ھۆڕن لێدانیش لێرە جۆرێکە لە
نیشاندانی پشتیوانی، ھەندێک خەڵک تەنھا بڵاوکراوەکان وەردەگرن و دەڕۆن،
ھەندێکیشیان بەدەممانەوە ڕادەوەستن و حەز دەکەن، کە وردەکاری
چالاکییەکە یا ھۆکارەکەی بزانن، بەم شێوەیە کاردانەوەی خەڵکی جیاوازە.
بەڵام ئەوە بە تەنھا بەس نییە، ھەندێک لە ئێمە زۆر چالاکن و لە چەندین
گروپی خۆجێیی دیکەدا کار دەکەن. من بۆ خۆم لە ٤ گرووپی دیکەدا کار
دەکەم، کە ھەر یەکەیان بۆ ئامانجێکی جیا دروستکراوە و خەڵکێکی زۆر
دەبینم. ئەوەی لای ئێمە گرنگە بەردەوامبوون و ئامادەبوونە لە
چالاکییەکاندا و پابەندی پەیداکردنە و پرسی تێکۆشان و چالاکیکردن لای
خەڵکی ببێتە شتێکی مۆراڵی و ئەرکێکی مرۆیی. ھاتنی کەسێکی زیاتر بۆ
کۆبوونەوەکان یا بەشداریکردنی کۆمەڵێک خەڵکی زۆر بە تەنھا لە
خۆپیشاندانێکدا یا ناڕەزایەتییەکدا و لەوێدا چالاکییەکەی کۆتایی بێت،
جێگەی دڵخۆشی زۆری ئێمە نییە، بەداخەوەم کە دەڵێم ئەمڕۆ ئەم شێوەیە لە
بەشداریکردن و چالاکیکردنی کاتی باوە، ھەڵبەتە ئەمەش ھۆ و فاکتەری خۆی
ھەیە. ئێمە لەوێدا نائومێد نابین، کە ئەو دیاردەیە دەبینین، چونکە
دەزانین ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت و چاواڕوانی دەکەین، پرۆسەیەکی
دوورودرێژە و خەڵکی لە قۆناخی جیاجیا و بەپێی توانا و ھەوڵی خۆی
بەشداری تێدادەکات.
سەبارەت بە کارایی دانان لەسەر کۆمۆنێتی کۆچەران، لەم شارەوانییەی
ئێمەدا چەندەھا کۆمۆنێتی ھەن، بەڵام نەک بەناوی کۆمۆنێتی کۆچەرانەوە،
بەڵکو بەناوی سێنتەری فڵان کەمایەتی نەتەوەییەوە یا کۆمۆنێتی فیسار
نەتەوەوە وەکو کوردی و تورکی و قوبرسی و ئەفەریقایی و کاریبی و سۆماڵی
و فەلەستینییەکان و ئێرانییەکان و پۆڵۆنییەکان و ڕوسییەکان، ھیندییەکان..
..ھتد، بەڵام لەناو ھەموویاندا یەکێک لە کۆمۆنێتییەکان، کە کۆمۆنێتی
تورک و کوردەکانە لە ھەموویان چالاکترن و بەشداریش لە زۆربەی
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکاندا کە ئێمە ڕێکیان دەخەین، دەکەن. بەڵام
ھەرچی کۆمۆنێتییەکانی دیکەن، خەڵکەکەی وەکو تاک جار جارە بەشداری
دەکەن. بەداخەوەم گەربڵێم خەڵکانی کۆچەر یا پەنابەر، ئەوەندەی کە من
ھەستم پێکردوە، لەبەر ھەر ھۆیەک بێت، ئەوەندە بایەخ بەم چالاکییانەی کە
دەکرێن، نادەن. رەنگە ھۆی سەرەکی خۆدوورخستنەوەیان ئەوە بێت، کە ئەم
وڵاتە بە وڵاتی خۆیان نەزانن و خۆیان لێرە ھەر بە نیشتیەجیی کاتیی
بزانن ، بە جەستە لێرەن و بە ھۆش و یاداوەری لەو وڵاتانەنەن، کە
لێیانەوە ھاتوون، ھەرچەندە ماوەیەکی زۆرە لێرەن و ھەندێکیان منداڵ و
نەوەیان لێرە ھەیە و سەرجەمی یاساکان و رامیارییەکانی دەوڵەت، کە لە
ھەموو بوارەکانی ژیاندا بەباری خراپدا گۆڕاون، زیاتر لە کەسانێکی دیکە،
ڕاستەوخۆ کاراییان لەسەر ژیانی ئەوان دەبێت، کەچی ھەر تەریک و
دوورەپەرێز خۆیان دەگرن و زۆربەی زۆریان ئامادەنین، بەشداری ھیچ جۆرە
چالاکییەک بکەن.
- ئەی لە ئاستی لەندەن و بریتانیا بوونی ئەم جۆرە گروپانە چەندە و چۆنە؟
وەکو لەسەرەوە باسم کرد، ئامانجی سەرەکی ئێمە ھاندان و یارمەتیدانی
خەڵکە، تاکو لە شارەوانییەکانی دیکەدا لەم جۆرە گروپانە یا ئەوانەی کە
خۆیان بە باش و بە پێویستیان دەزانن، بەخۆیان دروستیان بکەن. لە
ڕاستیدا لەگەلێک لە شارەوانییەکانی لەندەن و لە لە شارە گەورەکانی
بریتانیا وەکو مانشستەر و بێرمینگەھام و برستڵ و گلاسکۆ و ئێدنبرە و
لیڤەرپول و برایتن و شارگەلێکی دیکەشدا لەم گروپانە ھەن.
من ناتوانم ھیچ زانیارییەک لەسەر گروپەکانی دەرەوەی لەندەن بدەم، لەبەر
دووریم لێیانەوە، بەڵام تا ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر گروپەکانی ناو
لەندەن، ٦ تا ٧ گروپیان زۆر بەھێزن، باقییەکەی دیکەیان لاواز و نوێن.
وەک وتم ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەکی ھێواش و درێژخایەنە و ئارامی و
دانبەخۆداگرنی دەوێت، بەدڵنیاییەوە ھەموو شتێک لە سەرەتاییەکەوە
دەستپێدەکات، ئەو گروپانەش ھەروا پەرە دەسێنن و گەورە دەبن و کارایی
دادەنێن.
ئێمە ماندوونەناسانە و لێنەبڕاوانە کار لەسەر ئەو پرسە دەکەین، واتە
دروستکردنی گروپە خۆجێییەکان، بە ھەموو جۆرە کۆمەکێک ھەتا جاری وا ھەیە
کۆمەکی دارایی. ئەوەی کە لە دروستکردنی ئەم جۆرە گروپانەدا ڕۆڵێکی
کاریگەری ھەیە، بۆنەی ساڵانەی
Anarchist Bookfair (پیشانگەی ساڵانەی
پەرتووکی ئەنارکیستییە) کە ھاوڕێیانی ئێمە ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتی بۆ
بەرپاکردن و سەرکەوتنی ئەو بۆنەیە لە ئەستۆدەگرن و ھەموو ساڵێک
بەرپاکردن و کردنەوەی ئەو پیشانگەیە لە نێوان ڕۆژانی ٢٥ی ئۆکتۆبەر و
٢٦ی ئۆکتۆبەر و ٢٧ی ئۆکتۆبەردایە ئیدی ھەر ڕۆژێکیان ڕێکەوتی شەمە بکات.
لەو ڕۆژەدا کە لە نێوانی ٦ بۆ ٧ ھەزار کەس لە نێوخۆی لەندەن و بریتانیا
و تەنانەت لە وڵاتانی دەرەوە دێن و بەشداری تێدادەکەن، بەشداریگەران و
سەردانیگەران لە ھەموو تەمەنەکانن؛ کەسانی گەنج و پیر..تد. لەوێدا
مێزێکی گەورە دادەنرێت و ٣ تا ٤ کەس لە گروپەکەی ئیمە دادەنیشن بۆ
قسەکردن لەتەک ھاتواندا و داوایانلێدەکرێت، ئەگەر ئامادەن چالاکی بکەن
و لەتەک گروپە خۆجێییەکاندا پەیوەندییان نییە، ئەوا ئیمەیل ئەدرێسی
خۆیان بنوسن، تا لەو رێگەیەوە بە کەسانی دیکەی نێو گروپەکانی ئەو
شوێنانەی کە خۆیان لێینیشتەجێن یا کاری لێدەکەن،پەیوەستکرێن. پار ساڵ
لەو بۆنەیەدا ١٣٠ کەس، ئیمەیل ئەدرێسی خۆیانیان بۆ پەیوەندکردنەوەیان
بە کەسانی دیکەەوە، لە لیستی گەڕەک و کۆمیونیتییەکانی لەندەندا
تۆمارکرد.
چەند کەسێک لە ھاوڕێیانی ئێمە لەتەک چەند ھاوڕێیەکی گروپەکانی دیکەدا،
لە ھەوڵی ڕێکخستنی کۆنفرانسێکن بۆ گروپەخۆجێییەکان و گروپە
ئەنارکیستەکانی سەرتاسەری بریتانیا. ئەم کۆنفرانسە دەکەوێتە مانگی
مارتی ساڵی ئایەندەوە، بەھیواین لەپاڵ دروستکردنی گروپی خۆجێیی
نوێدا،گوڕێکی پێویست ھەم بە گروپە خۆجێییەکان و ھەم بە بزووتنەوەی
ئەنارکیستی و ئازادیخوازیش بدات.
- ئایا ئەو گروپانە توانیوویانە لە ئاستی سەرتاسەریدا خۆیان ڕێکبخەن؛
بۆ نموونە لە تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی سەرتاسەریدا یەکیانگرتبێت و چالاکی
ھاوبەش ئەنجام بدەن؟
بەڵی ئەو گروپانەی کە لە لەندەندا ھەن، لە تۆڕیکی کۆمەڵایەتیی لەسەر
ئاستی لەندەندا، ناڵێم یەکیانگرتووە، بەڵام ھاریکارییەکی باش لە
نێوانیاندا ھەیە و کۆبوونەوەی خولی لە نێوانیاندا بەرپادەکرێت. باس لە
گیروگرفتەکان و چالاکییەکانی کە لە ماوەی نێوان دوو کۆبوونەوەکەدا کراون،
دەکرێت، کۆمەک بەیەکدی دەکەن و زانیاریی و ئەزموونەکان ئاڵووێر دەکرێن.
دەربارەی چالاکی ھاوبەش، زۆر کەمتر، مەگەر بەشداریکردن لە
خۆپیشاندانێکدا وەکو خۆپیشاندان دژی گروپ و ڕێکخراوە ڕایسست و
فاشیستەکان و لەوانە خۆپیشاندانی ئەم دواییە، کە دژی کۆمپانییە
گەورەکان کرا، ئەوانەی ئۆڵەمپیکیان بۆ خۆیان قۆرخ کردبوو و وەرزشیان
کردبووە بازرگانی و بەشێک لە بازار. ھەروەھا لە کەمپەینی (UKuncut)یشدا
یەکدەگرینەوە. دیسانەوە بەداخەوەم، کە دەڵێم ئەم گروپانە ھێشتا
قورساییەکی ئاوایان نییە، تاکو خۆیان بتوانن چالاکییەکی کاریگەرانەی
ھاوبەش بکەن، بەڵام من دڵنیام کە سەرئەنجام ئەمە ڕوودەدات.
دەبێت ئەو ڕاستیەش بڵێم کە ھەڵسوڕێنەر و دینەمۆی دروستکردنی ئەم جۆرە
گروپانە ئەنارکیستەکان و ئازادیخوازانن. وەکو لای زۆرێکمان ئاشنایە،
بزووتنەوەی ئەنارکیستی لە گروپ و دەستەی بچووک بچووکی پاگەندەیی و
چالاکیگەریی نێو ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و گەڕەکەکان و گوندەکان پێدێن
و ھاوکاتیش لە بواری جیاجیای وەک ڕێکخراوبوونی جەماوەریی و کرێکاریی،
ژینگەپارێزیی و ئاژەڵدۆستی، دژی جەنگ و دژی ڕاسیزم و لە بواری پرسی
ژنان و پەککەوتان و خوێندکاران و مناڵان و بوارەکانی ھونەر و ئەدەب ..تددا،
چالاکی دەکەن و تێدەکۆشن، ئەم ھەمەجۆریی و فرەجێییە، خۆبەخۆ
بزووتنەوەکە بەرەو ھاریکاری و ھاوپشتی گشتی و سەرتاسەریبوونەوە لە تۆڕی
کۆمەڵایەتی و فۆروم و یەکگرتن لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنیان دەبات،
ئەم ڕەوتە تەواو بەپێچەوانەی گروپە رامیاریی و پارتییەکانەوە، کە
بەردەوام و بە درێژایی مێژوو لەبری یەکگرتن و دروستکردنی بەرەی
کۆمەڵایەتی سەرتاسەری و کۆمەڵایەتیکردنەوەی خەباتی چینایەتی، خەریکی
جیابوونەوە و پارچەپارجەکردنی بزووتنەوەکە بوون، ئەم لە ھەڵکشاندایە و
گیانی ھاوخەباتی چینایەتی و جەماوەریی بەھێز دەکات.
گروپەکەی ئێمە بەپێی ئەوەی کە یەکێکە لە گروپە کۆنەکان ڕۆڵێکی
بەرچاویشی لە چالاکییەکانی نەوەدەکاندا بینیوە و خەڵکانی دیاریشی لەسەر
ئاستی کۆمۆنێتییەکە ھەیە و لە نێوەندی میدیای ناوچەیی و سەرتاسەرییدا
تا ڕادەیەک ناسراوە، ھەر بەم ھۆیەشەوە زۆر جار لە ھاوڕێیانی ئێمە داوای
کۆمەککردن و باسکردنی ئەزموونی خۆیان چ لە کۆبوونەوەی گروپە
ئەنارکیستەکاندا یا لە دروستکردنی گروپە خۆجێییەکاندا دەکرێت، ئەوانیش
لەو جێیانەدا ئەوە دووبارە دەکەنەوە کە پێویستە شێوەی ئیشکردن و
چالاکییەکان بگۆڕدرێت.
ھەر لێرەدا دەمەوێت بڵێم، گروپێکی گەورەی ئەنارکیستەکانی خۆرھەڵاتی
لەندەن لە ٠٧/٠١/٢٠١٢دا کۆبونەوەیەکی فراوانی یەک ڕۆژی لە لەندەندا بۆ
مشتومڕ و لێدوان لەسەر بزوتنەوەی ئەمڕۆی ئەنارکیستی و چی پێویستە بکرێت،
بەڕێخست. نزیکەی ١٠٠ کەس لە گروپە جیاجیاکانەوە بەشدارییان کرد، لە
گروپەکەی ئێمەوە ٦ کەسمان بەشداریمان کرد. قسە و مشتومڕی ئێمە بە
دیاریکراوی لەناو خودی ھۆڵەکەشدا ھەر لەسەر ھەڵخڕاندن و کۆمەککردن بوو
لە دروستکردنی گروپە خۆجێییەکاندا و بوونی کۆبوونەوەی بەردەوام و جۆرێک
لە ھاریکاریکردن بوو لە نێوانیاندا.
- لە وەلامەکانتدا قسە لەوە دەکەیت، کە گروپەکەی ئێوە سەر بە ھیچ
پارتییەک، ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو یا دەسەڵات نییە، ئەی ئامادەیی
کەسانی سەر بە لایەنەکان و کەسانی ڕامیار چۆن دەبێت؟
ئێمە ھیچ گیروگرفتێکمان لە بەشداریکردنی ھیچ کەسێکی سەر بە پارتە
ڕامیارییەکان نییە، کۆبونەوەی ئاوامان ھەبووە، ئەندامی لیژنەی شارەوانی
کە سەر بە پارتی لەیبەر یا لیبراڵ بووە، ھاتووە. بێگومان ئەوانەیان
کە لە ئاستی بەرپرسیاریدان بەھێج شێوەیەک ئامادە نین، بێنە ناو
کۆبوونەوەکانمانەوە، ئەوان لە باشترین باردا پلەپەندیی ئێمە بە چەپی
توندڕەو و مارکسی و لینینی و لە خراپترین باریشدا بە ئەنارکیست، دەکەن.
بەگشتی ئەو کەسانەی کە دێن و لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری دەکەن، کەسانی
ئاسایین، کرێکارن، بێکارن، خانەنشینکراوانن، گەر پەیوەندیشیان بە پارتە
ڕامیارییەکانەوە ھەبێت، ناڕەزاییەتیەکانیان زۆر لە ھاتنەوەیان لەتەک
پارتەکانیاندا زیاترە، ئەمە بێجگە لەوەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئێمەدا
باس لە پرسگەلی تیئۆری و ئایدۆلۆجی ناکرێت، گەرچی ھەموو کەس سەربەستە
لە دەربڕینی ڕای خۆیدا. ئێمە باس لەو گیروگرفتانە دەکەین، کە دەوڵەت و
شارەوانی بۆ دانیشتوانیان دروستکردوون. ھەروەھا باس لەوە دەکرێت، کە
چۆن بەرپەرچی ڕامیاران و ڕامیارییەکانیان بدەینەوە، دەبێت چی بکەین و
چی نەکەین. ھەر لەبەرئەوەی کە ئەو کێشانە یەخەی ھەموو کەسێکیان گرتووە
و ئێمەش کار لەسەر ئەو پرس و کێشانە دەکەین، ناشمانەوێت دۆمینەیتی ھۆش
و فیکری ھیچ کەسێک و کەسایەتیی کەس بکەین، ئەمانە وادەکەن، کە ھەر
ھەموومان وەکو یەک بەدەم بڕیارەکانەوە بچین و ھەروەھا بەپێی توانامان
لە چالاکییەکانیشدا بەشداری بکەین.
- باشە، ئێوە پاگەندەی ئەوە دەکەن، کە "لەسەر بنەمای خۆجێی کار بکەن و
جیھانی بیربکەنەوە"، چالاکییەکانتان شێوازی خەباتی ڕاستەوخۆ لەخۆدەگرن
و لە کاروبارەکانتاندا پەیڕەوی لە دێمۆکراتی راستەوخۆ دەکەن، ئەم بنەما
و شێوازانەش بە شێوازی بیرکردنەوە و چالاکی ئەنارکیستەکان ناسراون،
ئایا ئەمە نیشانەی ئەوە نییە، کە گروپەکەی ئێوەش گروپێکی ئایدیۆلۆجی یا
سەر بە لایەنی ڕامیارییە؟
ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ھەر بوارێکدا دژی ئەم سیستەمە دەکرێت،
بەرپەرچدانەوەیەکی ڕامیارەکان و پارێزەرانی سیستەمەکەیە، خەڵکی دەتوانن
بڵێن رامیاری بە رامیاری بەرپەرچ دەدرێتەوە یا تێدەشکێنرێت. بەڵام
تێگەیشتن یا کۆنسێپتی باو بۆ ڕامیاری واتای بنیاتنانی پارتێکی ھیراشییە،
بە ھەبوونی سەرکردەوە بنکردە، گرتنەبەری ھەموو جۆرە تاکتیکێک بۆ گەیشتن
بە ئامانجی کۆتایی، کە گرتنەدەستی دەسەڵاتە، کە سەروەربوونە لەسەر
بنەمای دەزگەی دەوڵەت. تاکتیکەکانیش واتە پاگەندەی درۆ، بەکارھێنانی
فڕوفێڵ، دۆزینەوەی خاڵی لاوازی جەماوەر و لەخشتەبردنی، سووکایەتی و
ناوزڕاندنی رامیارییانە و مۆراڵانە بە کەسانی دژ و نەیار بەخۆت وەک
ڕامیار یا پارتەکەت، پاشقولگرتن و ملشکاندنی یەکدیی ، بەڵێنی
دروستکردنی بەھەشت لەسەر زەوی بۆ خەلکی، جەماوەر، کە لەوپەڕی
راستگۆییاندا، لە گۆڕینی دەموچاوکان و گۆڕینی ناوی پارتەکان و کردنی
چەند ڕیفۆرمێکی یا گۆڕانکارییەکی نابنەڕەتی ، چی دی ناتوانن بکەن و
پێشیانناکرێت. ئەمانەش ھەر ھەمووی لە سەر زەمینەی واقیعدا یا
ئەزموونەکانیاندا پاش ماوەیەکی زۆر کەم دەرکەوتوون و دەردەکەون،
ڕامیارەکان بێجگە لەوەی کە ھەر درۆ و دەلەسەیەکی ئاشکرا و
بێئابڕاوانەیان کردوە، تەنھا بەتەنگ باخەڵپڕکرندنی خۆیان و
چوونەپێشەوەی پارتەکەیان و پارێزگاریکردنی دەسەڵات و چینی سەروەرەوەن.
گروپەکەی ئێمە سەر بە ھیچ لایەنێکی ڕامیاریی نییە و لەسەر بنەمای
ئایدۆلۆجییش پێکنەھاتووە و پەیڕەوی لە ھیچ ئایدۆلۆجیایەک یا ھێلێکی
ڕامیاریی ناکات.، وەک دەزانین ئایدۆلۆجی مەزھەبە، دەروێشییە،
پاشکۆبوونێکی بێچەندوچوونە، پیرۆزکردنێکی خواییانەیە، کە نەڕێگەی
بەزاندنی ھێڵ و فۆرم و بازنەکانی بە دواکەوتووانی دەدات، نە ڕێگەی
ھەبوونی ھەڵوێست و ڕەخنە و دەستپێشکەری و ...ھتد بۆ ھیچ کەسێک
دەھێڵێتەوە. لە گروپەکەی ئێمە و گروپە خۆجێییە سەربەخۆکاندا ئەو شتە
بەپێچەوانەوەیە: ھیچ شتێک پیرۆزناکرێت، ھەموو شتێک شیاوی ڕەخنە و
بەرپەرچدانەوە و ڕەتکردنەوەیە. ئەوەی ئەمڕۆ دروستە، لەوانەیە بۆ
بەیانی دروست نەبێت، دەستەواژەی "یا ڕەشە یا سپییە" لای ئێمە بوونی
نییە. ئێمە نوێبونەوەی خۆمان و بزووتنەوەکە و کۆمەڵگەکە لەو پرنسپەدا
دەبینین ، پێگەو جێگەی خۆمان لە پێینی کۆمەڵگەوە دەبینین، نەک لە
سەرەوەی کۆمەڵگە، وەک ئەوەی پارتەکان و رامیارەکان لەپێناویدا تێدەکۆشن.
ئێمە خاوەنی بیرۆکە و ھزرین، نەک ئایدۆلۆجی، ئیمـە لە ڕامیارییکردنەوە
دوورین، وەک لە سەرەوە باسم کرد، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە، کە ئێمە
کاریگەریمان لە سەر رامیاریی پارتەکانی ئەم وڵاتە نییە، یا تێکۆشانی
ئێمە لە بۆ تێشکانی ڕامیاریی لیبراڵانەی سەردەم و سیستەمەکە نییە.
- ئایا ھیچ مەرج و پابەندییەک لە بوونەئەندامی کەسەکان و لە
کاروبارەکانی دیکەیاندا ھەیە؟
ئێمە تا ئێستا خۆمان نەگەیشتوینەتە ئەو بڕوایە، کە بەخۆمان یا کەسێکی
سەر بە گروپەکە بڵێین ئەندامی گروپەکەیە. وەک ئاشکرایە، ئەندام بە
تێگەییشتنی باو پلە و پایە و ئەرکی لەلایەن پارتەکەیەوە یا
ڕێکخراوەکەیەوە بۆی دیاری دەکرێت، دەبێت ئابوونە بدات، دەبێت لە ھەموو
بۆنە و یاداوەریی و جەژن و ڕووداوە گرنگەکانی دیکەی پارتەکەیدا بەشداری
بکات، ئەو کوڕ یا کچی پارتە و دەبێت پابەندی و گوێڕایەڵیی تەواوی بۆ
پارتەکەی ھەبێت، ئەو زیاتر لەوەی کە خاوەنی بوونی خۆی بێت و ھی ئەو
دایکو بابانە بێت، کە دروستیان کردووە، پارتەکەی خاوەنییەتی ، ئەو مافی
ڕەخنەگرتنی لە پارتەکەی لە دەرەوەی پارت نییە، لەنێوان یاخیبوون،
سەرپێچیکردن و ھەڵسپارندنی مافی ئەندامێتییەکەی و دەرکردنیدا، ھیچ
ھەڵبژێرێکی دیکەی نییە، گەر ئەو سنوورەی بەزاند کە بۆی دیاریکراوە،
ئیدی لۆمە و نەفرەتی لێدەکرێت و تانەوتەشەری لێدەدرێت، بەتایبەت لە
وڵاتێکی وەکو عێراق و کوردستاندا. ھەر لەو وڵاتانەی وەکو عێراق و
کوردستاندا، ئەندام بەھیچ شێوەیەک نییە ئازادی، کۆیلەیەکی مێشک
کۆنترۆڵکراوە. ئەو بەگیانی دژە-ڕەخنە پەروەدەدەکرێت و بە خۆشویستنی
سەرکردەکەیی و پارتەکەی ئامۆژگاری دەکرێت، ئەو دەتوانرێت بکرێت بە
دووژمنی ھەموو کەسێک و لایەنێکی دیکە و تەنانەت دایک و باوکی خۆیشی،
بێجگە لە سەرانی پارتەکەی. بۆیە تەنھا ڕەش و سپی دەبینێت، یا
دەستەواژەی "یا ھەرچی پارت بڵێت، ڕاستە و ھەرچی ڕەخنەگرانی پارت بیڵێن،
ھەڵەیە" کلیلی ئەو دەرگەکان و وەڵامییەتی بە ھەموو سەرنج و پرسیارێک.
ئەندامی پارت کەسێکە ھەرچی مۆڕاڵ و بەھای ھاوەڵێتی و دۆستایەتی
کۆمەڵایەتییە، لەلای بوونی نییە، بۆیە گەر بە دەمی ئەو قسە نەکەیت و بە
مێشکی ئەو بیر نەکەیتەوە، تۆ نەفرەت لێکراویت، ئەو لە کێشمانکێش و
ململانێیەکی سەرومڕ و ناکۆتاییدایە بۆ بەدەستھێنانی پلەو پایە و
ناوبانگ و دەسەلات و سەرمایە.
لای ئێمە ئەمانە نەک ھەر نین، بەڵکو ڕەتکراوە و قێزەونن. ھیچ
بەندومەرجێک لەسەر ھیچ کەسێک لە گروپەکەدا نییە، ھەموو کەس ئازادە
لەوەی کە دەیەوێت، بیڵێت و بیکات، ھیچ کارێک و ھیچ شتێک بەسەر کەسدا
ناسەپێنرێت، ھیچ جۆرە پابەندییەک بۆ ھیچ کەسێک دانانرێت، ھەموو کەس
سەربەستە و ھەر کەسە و بەپێی توانای خۆی دێتە پێشەوە و بەپێی توانای
خۆشی ئەرکەکان دەگرێتە ئەستۆ. ھیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک نییە. ھەروەکو
لەسەرەوە وتم، کەسانی بەشدار لە گروپە خۆجێیە سەربەخۆکاندا، پەیڕەو و
پڕۆگرام کۆی نەکردوونەتەوە، بھپێچەوانەوە خۆبەخشانە و ئارەزوومەندانە
ھاتوونەتە بەشداری دەکەن و بەشدارینەکردنیشیان لەبەر ھەر ھۆیەک بێت،
کەس بۆی نییە لێپرسینەوەی لەتەکدا بکات و سەرکۆنەی بکات.
گەر ھەر لە سەرەتاوە ئەم بنەمایانە ڕەچاو و پەیڕەو نەکرێت، ئەدی چۆن
دەتوانرێت داوا و چاوەڕوانی وەھا کۆمەڵگەیەک بکرێت، کە تاکەکانی بە
ئازادی و خۆھەڵبژێریی خۆیان یەکبگرن و پێکەوە سەربەخۆ و ئازادانە بژین؟
- ئەی پرسی ئابوونەی ئەندامەتی و لایەنی دارایی گروپەکەتان کێ دابینی
دەکات و کێ پشتیوانی داراییتان دەکات؟
دارایی گروپەکەمان پارەیەکی زۆر نییە، چونکە بۆ ئەم مەبەستە تەنھا پشت
بە کۆمەکی ھاورێیانی بەشداربووی گروپەکە خۆی دەبەسترێت، کە ئەوەش
خۆبەخشانەیە ، لەبەرئەوەی گروپەکەی ئێمە لە کەسانی بێکار و پەککەوتە و
کرێکار و خانەنشینکرا و پێکھاتووە، ھەر بۆیەش چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت،
کە کەسەکان بەبڕێکی گەورە کۆمەک بکەن و نە بە خولی یا بە ڕێکوپێکی ئەو
کۆمەکە بدەن، کەسی وا ھەیە، کە ھەر ھیچ نادات یا مانگانە بڕێکی زۆر زۆر
کەم دەدات. لەراستیشدا ئێمە خەرجیمان ئەوەندە زۆر نییە، بێجگە لە
خەرجی دەکردنی ڕۆژنامەکەمان و فۆتۆکۆپیکردنی راگەیاندن و
بڵاوکراوەگەلێکی زۆر و مانگانە و پۆست کردنیان بۆ کەسانی سەر بەگروپەکە
یا جاروبار بەشداریکردن لە یارمەتیدانی کرێکارانی مانگرتوودا و ھەروەھا
کۆمەککردنی گروپە پایەیی و بچووکەکانی دیکە
( Sub-groups)، خەرجێکی
ئاوامان نییە. کەم ڕێدەکەوێت، کە پارە بەگرتنی ھۆڵ بدەین، چونکە خۆمان
ئۆفیسێکی یەک ژوریمان ھەیە ھەروەھا دەزگەی فۆتۆکۆپیمان بۆ کۆپیکردنی
ژمارەیەکی کەم لە شتی زۆر پێویست ھەیە، بۆ کۆبوونەوەکانیشمان ھۆڵیکی
گەورەی یەکێک لە کۆمۆنێتییەکان بەکاردەھێنێن، کە ئەویش بە خۆڕاییە. گەر
زۆر پێویستمان بە دابینکردنی پارە بێت، ئەوا یا بە دروستکردنی خوانێک
یا ڕێکخستنی پارتییەک کەمپەینی کۆمەککۆکردنەوە بەرپادەکەین یا خود
بەداواکردن لە یەکێک لە سەندیکا ڕادیکاڵەکان.
-
باشە ئاوای دابنێین، کە بەو جۆرە توانیتان ھەموو داخوازییەکانی خەڵک لە
دابینکردنی خانوو، کار، کرێ و موچەی باش، گواستەوە و خزمەتگوازی گشتی و
..تد بسەپێنن، ئەی پاش ئەوە چی، ئایا گروپەکەتان دەمێنێت یا
بەرنامەیەکی دیکەی لەپێش ھەیە، کە بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات؟
گروپەکەی ئێمە گروپێکی کۆنە و تا ئێستاش و دواتریش زەمینەی بوون و
مانەوەی خۆی ھەیە، لە ماوەی ئەم ٢١ ساڵەدا گەلێک کاری بەرچاوی کردوون،
داخوازیییەکان و کارەکانی بەپێی گۆڕینی بارودۆخەکە گوڕاون و لە
گۆڕاندان. لە پێکھاتەی ئەم جۆرە گرپانە و دروستکردنیاندا، دوو شت
ڕەچاو دەکرێن: یەکەمیان، ئەو ئەرک و ئامانجە بنەڕەتییە، کە گروپەکە
وەکو مانیفێستێک بەخۆیەوە گرتووە، من لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا بە
کورتی باسم کرد، کە ئێمە دەزانین ئەوە لە ئایندەدا دێتەدی، بەڵام بەبێ
تێکۆشان بۆی چ لە ڕابوردوو چ لە ئێستا و چ لە داھاتووشدا، ئەو ئامانجە
گەورەیە نایێتەدی، ئەوەش ھەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کاریکرێگرتە و سەروەری
چینایەتییە بە جێگرتنەوەیەتی بەسیستەمی خۆبەرێوەربەرایەتی ناچینایەتی،
کۆمەڵگەیەکی ئەنارکی (ئازادیخوازانەی سۆشیالیستی). بەبۆچوونی ئێمە
دروستکردنی ئەم جۆرە گروپانە دەستەبەری مسۆگەرکردنی ئەو شۆڕشەیە، کە
لە بنی کۆمەڵگەوە دەستپێدەکات و ھەتا پاکۆی ھەموو دامودەسگە و کەلەپور
و کەڵچەری سیستەمی ھەنووکەیی و دەسەڵاتەکەی، کە لە شێوەی دەوڵەت و
دەزگە ئایینییەکان و کۆمپانیا گەورەکان و دەسگە دراوییەکاندایە، نەدات،
سەرھەڵدانی و پێویستی بوونی ئەم گروپانە ھەر دەمینێت و ھەر ئەم شێوە
بزووتن و خەباتکردنەشە کە لە بوژاندنەوەی بیرۆکراتییەت و
دروسکردنەوەی دەسەڵات، دوورمان دەخاتەوە. دووھەمیش، ئەو داخوازییانەی
کە ھەن، ھەوڵیان لە پێناو سەپاندنیاندا دەدرێت، نکوڵییان لێناکرێت، کە
بریتین لە سەندنەوەی بڕیار و جێبەجێکردن لە دەسەڵاتداران و
پاشەکشێپێکردن و ناچاکردنی دەسەڵات و کۆمپانییەکان بە چاکسازیی، ئەمە
لە ڕیفۆرمیزمی میانجیگەرانەی پارت و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان و سەندیکا
ناسەربەخۆکان جیاوازە، کە تەنیا پاگەندەی سەردەی ھەڵبژارندەکانە و
لەباشترین باردا شتێکی زۆر کەمی لێ بەدەستدەھێنن.
ھەروەھا ئامانج و داخوازییەکانی گروپە خۆجێییەکان لەژێر فشاری خەڵکدا
و بەھۆی چالاکی ڕاستەوخۆوە و پشتنەبەستن بەخۆ و متمانەنەبوون بە ھیچ
ڕامیارێک و ھیچ پارتێکی ڕامیاریی بەدەستدەھێنرێن. ھەمیشەش ئەو ڕاستییە
لە کار و چالاکی گروپەکاندا دووبارە دەکرێتەوە، گەرچی خەڵکی خۆشی ئەوە
دەزانێت و بە ئەزمونی خۆی لە ژیانیدا ئەوەی بۆ دەرکەوتووە، کە
ڕامیارییەکان و پارتەکانیان شەیدای دەسەڵات و سەرمایەن، نەک دۆستی
جەماوەرێک کە بەناویانەوە دەسەڵات دەکەن و دەنگیان پێدەدەن.
ئێمە وەکو لەسەرەوە وتم، بەرنامەیەکی سەرەکیمان ھەیە، بەڵام بەبێ
لەکارکردن لەسەر داخوازییەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و ھاوپشتیکردنیان لە
ناڕەزایی و خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیاندا ، ئەستەمە
ئامانجە سەرەکییەکەی ئەو بەرنامەیە بێتە دی. بەبۆچوونی ئێمە شۆڕش لە
ساتێکی دیاریکراودا بەرپا نابێت، بە فەرمان و ئامۆژگاری ھیچ کەس و
لایەنێک ڕوونادات و کارێکی کوتوپڕی و ڕووداوێک نییە، تەنھا لە مێشکی
ڕامیارەکان و پارتەکانیاندا ئەمە ھەیە، چونکە ئەوان بە گرتنەدەستی
دەسەڵات و سەپاندنی خۆیان و ڕامیارییەکانیان، وادەزانن شۆڕشیانکردووە،
لە راستیشدا بۆ ئەوان، شۆڕش گۆڕینی دەموچاوی سەروەرەکانە.
لێرەدا نامەوێت قسەکانم دووبارە بکەمەوە، چونکە پێشتر باسم لەوە کردووە،
کە ئێمە چۆن ھەوڵدەدەین، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە خەبات و تێکۆشانە فراوانتر
بکرێت و ئەزموونەکان چۆن ئاڵووێریان پێبکرێت.
- لەم دوایانەدا لە کوردستان گروپێک بەناوی (لێژنەی بەرگریکردن لە
بەرژەوەندەییە گشتییەکان) خۆی ڕاگەیاندووە و پاگەندەی ئەوە دەکەن، کە
ئەوانیش پەیڕەوی خەباتی راستەوخۆ و دێمۆکراتی ڕاستەوخۆ دەکەن، تا
چەندێک شێوەی کار و چالاکی ئەو گروپە لە شێوەی کار و چالاکی گروپەکەی
ئێوەوە نزیکە، ئایا وەک کوردزمانێکی گروپەکەتان ھیچ ھەوڵت داوە
پەیوەندی لەتەک ئەو گروپەی کوردستاندا ببەستیت؟
منیش ئەو ھەواڵەم بیست و یەکسەریش لە فەیسبووکدا پەیامی دەستخۆشی و
ئامادەبوونی خۆم بۆ کۆمەکپێکردنیان لەڕێگەی ھاوڕێیەکیانەوە بۆ گروپەکە
نارد، کە پێموایە ئەو یەکێکە لە دروستکەرانی ئەو گروپە. ( لەبەرئەوەی
گۆڕینەوەی مەسیجەکان تەنھا لە نێوانی من و ئەو ھاوڕێیەدا بووە وەکو
شتێکی شەخسی، نامەوێت ناوی ئەو ھاوڕێیە بھێنم) دوو ڕۆژ دوای ئەوەش لە
ڕێگەی ئیمەیلەوە پەیامێکی دوورودرێژم ھەر بۆ ئەو ھاوڕێیە ، کە سەرتاپای
باسکردنی ئەزموونی خۆم بوو لەم وڵاتەدا، کە ماوەیەکی زۆرە من لەنێو
گروپە لۆکاڵییەکاندا چالاکانە ھەڵدەسوڕێم. ھەڵبەتە پەیامەکەی من دوور
بوو لە ئامۆژگاری و پلاندانان بۆیان. بەڵام بەداخەوە ئەوان وەڵامێکیان
نە بەباش و نە بەخراپ نەدامەوە.
ڕەنگە من لەم دوورەوە نەتوانم ھەڵسەنگاندنێکی دروست و ڕەوا بۆ ئەوان
بکەم، بەڵام کە تەماشای فەیسبووک دەکەم، جاری وا ھەیە ئەوان ھەندێک شت
دەڵێن، ناڵێم جیاوازە، بەڵام لەتەک ھێڵە بنەڕەتییەکان کە لە لەسەرەتادا
دایان ڕشتبوون، نایەنەوە. لەبەر ئەوەی کە دوورم لێیان و ھەر وەکو وتیشم
وەڵامی پەیامەکەیان نەدایەوە، بۆیە ناتوانم بزانم ئایا ئەوان چەندێک لە
شێوازی کارکردنی گروپەکەی ئێمەوە نزیکن. ھەر کەسێک ئەم دیمانەیە ببینێت
و لەوانیش نزیک بێت، بە دڵنیاییەوە خاڵی ناوکۆیی یا دووری و نزیکیمان
دەزانێت.
راستت دەوێت، من نایشارمەوە، زۆر حەز دەکەم پەیوەندیم لەتەکیاندا ھەبێت
و لەنزیکەوە بیانناسم کۆمەکیشیان پێبکەم ، بەڵام لەوە دەکات ئەوان لە
ئێستادا ئەمە بە ھەلێک، یا بە پێویستی نەزانن.
بەڵام لەبارەی 'خەباتی ڕاستەوخۆ'وە، حەز دەکەم ئەوە بڵێم، پاش
پەیامەکەم بۆ گروپەکە، لەبارەی چالاکییەکیانەوە کورتە پەیامێکی دیکەم
ھەر بۆ ئەو ھاوڕێیە، نارد، ئەو لە وەڵامدا ئەمەی بۆ من نووسی بوو:
'' .......
ئەوەی تۆ باسی ئەکەی جیاوازە لەگەل کارەکانی ئێمە. چالاکی راستەوخۆ
رەوتێکی حزبی دیاریکراوە، بەڵام ئێمە دەستپێشخەری ھاوڵاتیانین
لەدەرەوەی حزبە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزیتسیونەکانی ناو پەرلەمان و کارو
چالاکییەکانمان لەپێناو دەسەڵات، پلەوپایە و ناوداری نییە. ئێمە تەنھا
بەشێوەی ئاشتی و مەدەنی فشار دەخەینە سەر حکومەت بۆ بەدەستھێنانی
داخوازییەکان و سوودیش لە سەرپێچی مەدەنی وەردەگرین. ئێمە نە بەرپرس و
نە نووسینگە و نە پرەنسیپی ئەندام وەرگرتن و دەرکردنمان ھەیە و نە
ئیمزا و قسەکەر. ھەندێجار ٦کەسین و ھەندێ جار ٣٠کەس و کراوەین بۆ
ھەمووان و حزبەکانیش دەتوانن بەشداری کۆبوونەوەکان ببن و ناشمانەوێ زۆر
ببین.. پاش چالاکییەکان دەبینەوە بە ھاوڵاتی ئاسایی.
ئەم جۆرە خۆرێکخستنە ھیچ پەیوەندی بە رەوتی(دایریکت ئەکتسیون)و
ئەناشیزمەوە نییە خودی(دایرێکت ئەکشن) رەوتێکی حزبییە و مێژووی خۆی
ھەیە. ئێمە وەک دەستپێشخەری ھاوڵاتیان شێوازی چاکییەکانمان راستەوخۆیە
نەک بیروبۆچوونی رەوتە حزبییەکە.
.......''
لە ڕاستیدا ئەمەی ئەم ھاوڕێیە، سەری لە من و ڕەنگە خەڵکی دیکەشی
تێکدابێت، چونکە ئەوەندەی من بزانم خەباتی ڕاستەوخۆ (direct action)
کاری ناپارتییانەیە و کارێکی ھەرەوەزیانەیە، واتە کارێک لە دەرەوەی
بڕیاردانی دەسەڵات و پارت و سەندیکا زەردەکان و کتوپڕ و لەسەر بڕیاری
جەماوەر، بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی یاسایی، ئیتر چ لە مانگرتن بێت لە
شوێنی کار یا خۆپیشاندانی شارەوانییەک بێت. سەرچاوەی ئەم چالاکییەش
دەگەڕێتەوە بۆ زۆر زیاتر لە چەرخێک لەمەوبەر، کە لەلایەن
ئەنارکیستەکانی ئەو سەردەمەوە پەیڕەو دەکرا. کاری پارتییانە بەتایبەتی
لە کوردستان و عێراق و وڵاتانی وەک ئەواندا، چالاکی ڕاستەوخۆ نییە،
بەڵکو تیرۆرکردن و شەڕە پەڕۆ و جەنگ و بەکارھێنانی توندوتیژییە و لە
باری ئارامیشیاندا، کەمپەینە بۆ چوونە پەڕلەمانەوە. پارتەکان ھەمیشە
نەفرەت لە 'خەباتی ڕاستەخۆ' دەکەن، چونکە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیان و لە
سنووری بڕیاری خۆیاندا ئەنجام نادرێت و ناتوانن کۆنترۆڵی چالاکییەکان
بکەن و بەو ئاراستەی کە خۆیان دەیانەوێت، بەلاڕێدا بیانبەن. چالاکی
ڕاستەوخۆ کارێکی جەماوەرییانەیە، لە ھەر شوێنێکیش بزووتنەوەی جەماوەری
بەھێز بێت، پارتایەتی و بزووتنەوەی رامیاریی بێھێزە و لە ھەر جێیەکیش
پارتەکان و بزووتنەوەی رامیاریی بەھێز بن و یاسا سەروەربێت، ئەوا
خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە چەوساوەکان لاواز دەبێت.
وێرای ئەوەی کە من دەزانم ئەو ھاوڕێیە شارەزاییەکی زۆرباشی لەسەر
بزوتنەوە کرێکارییەکان و جەماوەرییەکان ھەیە و ھەروەھا زانیارییەکی
باشیشی سەبارەت بە ئەوروپا لە کۆن و نوێدا ھەیە، باش دەیزانی، کە لە
ساڵانی نەوەدەکان و دواتریش تا ئێستا 'چالاکی ڕاستەوخۆ' بەردەوام بووە
و ھیچ سیمایەکی پارتبیانەی نەبووە و وەرنەگرتوە، چەند نموونەیەکی کەم
لێرەدا: ئەوەی کە لە شاری
Seattle دا ڕویدا، ئەوەی کە لە ئەوروپادا
کراوە و بەردەوامیش دەکرێت، بەناوی کەمپەینی بەدەستھێنانەوە یا
وەرگرتنەوەی شەقامەکان،
Reclaim Streets ، ئەوەی وۆڵستریت، ئەوەی
لەندەن (LSX Occupation) ، کەمپەینەکانی دیکەی بریتانیا دژی
کۆمپانییەکان و فرۆشگە و سۆپەرمارکێتە گەورەکان کە باجیان نەدابوو،
ئەمە بێجگە لە کەمپەینی
UKuncut و Anti Fuel Poverity ئەوانەی ساڵی پار
لە ئیتالیا و ئیسپانیا و پورتوگال و یۆنان و ئسرائیلی سێبتەمبەری ساڵی
پار کە ٣٥٠ ھەزار کەس بۆ چەند ھەفتەیەک ناڕەزایەتییان دەربڕی و شوێنە
گشتییەکانیان داگیر کرد و ئەوانەی کە دژی
G٧ و G٢٠ گەلێکی دیکەی لەمانە.
دواقسەم سەبارەت بەو گروپە، سەرەرای ئەوانەی سەرەوەش، من ڕام وایە، کە
ئەوەی دەکرێت کارێکی باشە، ئەوەندەی خۆی لە پارتەکان بەدوور بگرێت و
داخوازییەکانیان نەکەن بە داخوازییەکی ڕامیارییانە، لای من ئەمان
چەندەھا میل لەپێش گۆڕانەوەن و دەتوانن بزوتنەوەکەشیان لەناوچەی
خانەقین دەرکەن و بیکەنە سەرانسەری و لە دەرەوەی کوردوستانیش من
دڵنیام خەڵکی ئامادەیە کۆمەکیان پێبکات. کۆمەک پێکردنیان و
ھاوپشتیکردنیان بەبێ ھیچ بەندومەرجێک بە ئەرکی سەرشانی ھەموو
سۆشیالیستەکان و ئازادیخوازان و ئەنارکیستەکان دەزانم.
-
دوا پرسیار، لەبەرامبەر ئەو ھەوڵانەی کە لە کوردستان ھەن، لەوانە
ڕێکخراوە
(NGO)، بزووتنەوەی گۆران، لێژنەی خستنەڕووی داخوازییەکانی
جەماوەر؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ، من لە وەڵامەکانی پێشترمدا، ئاماژەم پێکردوە،
بەڵام بەکورتی دەڵێم ئەوەی کە پێیدەگوترێت ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە
ڕێخکراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان جیاوازن. ئەوان جۆرێکی
دیکەن لە ڕێکخراوەی کارتۆنی و دۆستی دەسەڵات، بەڵام وەک پرۆژەی
دەوڵەتێک و دەسەڵاتێک نا، بەڵکو وەک پرۆژەی ناوەندە جیھانییەکان،
بەمەبەستی دەستەمۆکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە سەربەخۆییەکان، کە وەک
کاردانەوە بەرامبەر کارکرد و نەھامەتییەکانی بازاڕی ئازاد و دەسەڵاتە
پارێزەرەکانی، سەر ھەڵدەدەن. ڕێکخراوە بەناو مەدەنییەکان لە ھەر کوێیەک
بن، یەک ئامانجیان ھەیە، زەمینەسازی بۆ کۆنترۆڵی بزووتنەوە
ناڕەزاییەکان لەلایەن دەسەڵات و ئۆپۆزسێونە فەرمییەکانەوە، دەکەن. ئەم
شتە لە ئەمەریکاوە تا کوردستان ھەر یەک شتە و یەک ئامانج لە پشتییەوە
خۆی مەلاسداوە.
سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی گۆڕان، من تا ئێستا چەند
وتارێکم لە سەریان نووسیوە و لە ڕۆژنامەی ھاوڵاتی و زیاتر لە ٢٠
ماڵپەڕی کوردی دا بڵاو بوونەتەوە. تەنھا ئەوەندە دەڵێم بزوتنەوەی گۆڕان
بزوتنەوەیەکی کۆنەپەرستانەی ڕێگرە لەبەردەم بزووتنەوەی جەماوەریدا، بە
ھۆی ھەبوونی میدیایەکی بەھێز و پارەیەکی مشە و خەڵکێکی ناسراوی کۆنی
سەر بە بزووتنەوەی کوردایەتی و دەھۆڵلێدانی ڕۆشنبیرانی لیبراڵ و
پاگەندەی ئەو خەڵکانەی کە لەم وڵاتانەوە ڕۆیشتوونەتەوە، قۆرخ و
کۆنترۆڵی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستانی کردووە. ھەندێک لەوانەی کە
لە میدیاکەی گۆڕاندا باس لە کۆمەڵگەی مەدەنی و حکومەتی دیمۆکراتی و
سیاسەتی لیبراڵ و سەروەری یاسا و ڕەفاھییەتی ئێرە و زۆر لاف و گەزافی
دیکە بۆ خەڵکی ھەژاری کوردستان دەکەن و بۆ چەواشەکرن و خۆڵکردنە
چاویانەوی خەڵکەوە فرمێسک بۆ قوربانیان دەڕێژن، لە بنی پێیانەوە ھەتا
تەوقی سەریان لە گەندەڵیدا ، لیخەی دێت.
__________________________________________________
* زاھیر
باھیر، یەکێک لە چالاکانی گروپی ھاوپشتی
ھارینگەی (Haringey Solidarity Group (HSG.
*
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/hevpeyvinzahir1.htm.
ماڵپهڕی
زاهیر باهیر
|