په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١٧

    ئیتر سوور رەشێکی نوێیە.


ناڵە حەسەن

مرۆڤێکی بەرزەفڕ
فڕینێکی بەرز بەرز بەرز
مرۆڤێکی باڵا و بڵند
بڵند تر
لە تەمە سپییە سوورمەییەکانی سەرمەدی
بڵندتر
لە سنەوبەرە سەوزەکانی عەشق
مرۆڤێک
دەمارەکانی ئارەزووی لە ئاوریشم و
چاوەکانی لە تریفە
پەنجەکانی لە با
ڕۆحی لە تەمتوومان
مرۆڤێک سوورتر لە بەفر
بێهوودەتر لە باران
تەنیاتر لە خودا
ئەو مرۆڤە فێری کردم
بە جیا لە هەموو کەس
بە جیا لە هەموو شتێک
بە جیا لە دوێنێی تۆ
بە جیا لە سبەینێی خۆم / بیر بکەمەوە
فێری کردم
لاسایی هیچ کەسێک و
بە زمانی هیچ کەسێک قسە نەکەم
تەنها خۆم بم و هیچی تر
ئەو مڕۆڤە باڵا زڕاڤە
فێری کردم
لە هەموو شتێک بە گومان بم و
گومان لە هەموو شتێک بکەم
گومان لە ئاو
کە هەمیشە
بە یەک ئاواز سەمفۆنیاکانی دەژەنێ
گومان لە خۆرەتاو
کە هەمیشە
لە دیوێک دەردەکەوێ و
لە دیوەکەی تر ئاوا دەبێ
گومان لە بەرد
کە هەمیشە
ژیان دەمرێ و
یان مردن زیندوو دەبێتەوە
ئەو هەرگیز وتەیەک لە دەمی دەرنایە
من بە گومانم لە خۆم
کە بێ مەبەست هاتمە دنیا
بە گومانم لە تۆ
کە بێ مەبەست جێتهێشتم و
بێ مەبەستیش لێم دوور کەوتییەوە
یان ئەو دەمانەی
بۆم دەنووسی و دەڵێێ
تۆ لە کوێی شاعیرە ڕۆژهەڵاتییەکەم
من هەر بەدوات دا دەگەڕێم و ناتدۆزمەوە
لە کاتێکدا /
کێڵگە ئارامەکانی
نائومێدی و گەردەلوول و ڕەشەبا
ماڵی هەمیشەیی منن
من حەزدەکەم
ئەبەدییەتی هەموو شتە ئەبەدییەکان بگۆڕم
یان / هەقیقەتی هەموو شتە هەقیقەتەکان
تووڕ هەڵبدەم
بۆیە هەمیشە ئارەزوو دەکەم
وەرزێک لە باکووری خەونەکانم بم
وەرزێکیتر / لە باشووری بۆشایی
وەرزێک لە پەرستگەکان بەرماڵ ڕابخەم
وەرزێکیتر / حۆرییەکانی بەهەشت لە خودا بتۆرێنم
من دەمەوێت
خۆم بدۆزمەوە ئینجا بەدوای تۆدا بگەڕێم
یان کاتێک
کە لەگەڵ تۆدا پیاسە دەکەم
هەست بکەم
ئەوە منم لە تەنیشت تۆوە ڕێدەکەم
لە تەنیشت تۆوە ڕێدەکەم و قسەت بۆ دەکەم
قسەت بۆ دەکەم و لەگەڵ تۆدا پێدەکەنم
یان تۆ
کاتێک لە تەک مندا ڕادەکشێی
هەست بەوە بکەی
ئەوەی تۆی
لە تەک منا ڕاکشایت و
ئارەزوو دەکەی زێتر لە چاوەکانم ڕابمێنی
ئیدی /
نە من لە ناو تۆدا ون ببم
نە تۆش لە نێو مندا خۆت نەناسیتەوە
یان گوڵەباغم
با لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە
لاپەڕەیەکی سپی نا
لاپەڕەیەکی شین شین
چی دەبێ
با ئەستێرەکانی ئومێدمان
لە نێو دەریاکانەوە دەرکەون
کانییە سازگارەکانی عەشقیش
لە ئاسمان
با ڕووناکی چاوەکانمان
لە نێو شەوە ئەنگوستەچاوەکان بدۆزینەوە
پێکەنین و خەونەکانیشمان
لە نێو قووڵایی گریان
گوڵەباغم...
ئیتر سوور ڕەشێکی نوێیە و
با بەس خۆمان بین و هیچی تر...!
________________________________

تێبینی: بۆ ناونیشانی ئەو قەسیدەیەم سوودم لە تایتلی درامایەکی ئەمریکی بینیوە.


ئابی ٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک