په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١١\٢٠١٠

    ژنەکان بوونەوە ئاو.

ناڵە حەسەن

ژنەکان لە جنسی باران بوون
هاتبوون
تا ڕۆحی پڕ لە برینی عاشقەکان
ساڕێژ بکەن و
لێوی گەڵایە وشکهەڵاتووەکانیش
تەڕ بکەنەوە
هاتبوون
تا عاشقەکان فێری زمانی باران بکەن
وەرزەکانمان پڕ بکەن لە ڕووناکی و
شەوە شەرمناویەکانمان پڕ لە شەونم و
خەونەکانیشمان پڕ لە ئەستێرەی سپی

هاتبوون
تا گەڕەکە هەژارنشینەکانی عەشق
ئاوەدان بکەنەوە
ماڵەکانمان پڕ بکەن لە بخوور و
شەقامەکانیشمان پڕ لە نوور

ئەوان کە هاتن
لە باکووری هەورە سپیەکانەوە
دەرکەوتن
بە نێو ڕۆحی تەمە سپیەکانەوە
ڕەت ببوون
ئەوان کە هاتن
لە سەر پشتی ماینە سپیەکانەوە
زەردەخەنەکانیان
هاڵاوی لێهەڵدەستا

ژنەکان کە گەیشتنەلامان
پەیامە سپیەکانی عەشقیان
بۆمان خوێندەوە
چیڕۆکە ئیرۆسیەکانیان
بۆمان گێڕایەوە

ژنەکان کە گەیشتنەلامان
هەموومان بەیەکەوە
پێکێک لە شەڕابی عەشقمان هەڵدا
لە پێشوازییان
چەماینەوە و
نەرم نەرم سەمامان بۆ کردن
ئەوانیش
هەریەکە و گوڵێکی سپیان
پێ بەخشین و
تا شەودرەنگانیش لە گەڵمان مانەوە

ژنەکان بەر لەوەی بڕۆنەوە
کتێبە پیرۆزەکانی عەشقیان
بەسەر ماڵەکانمان دابەشکرد
کۆڵان و باخچە و شەقامەکانیان
عەتر ڕێژکرد

ژنەکان ڕۆیشتنەوە و بوونەوە ئاو
ئێمەیان
لە ئامێزی خەونە سپیەکان و
لە نێو مەمکۆڵەی
هەورە سپیەکانەوە جێهێشت

ژنەکان نەشمیل و نەرم و نیان بوون
وەک پەیکەرێکی ئاوریشمین
ڕەنگاوڕەنگ و درەخشان بوون
وەک خاڵخاڵۆکەکانی بەهەشت
ژنەکان بە نەرمی دەدوان
لەکاتی ئاوێزانبوونیش
بە نەرمی چاوەکانیان لە سەریەک دادەنا
وەک ئەوەی لە خەوێکی ئەبەدی دابن
وەک ئەوەی
بە نێو خەونەکانی خۆیان بمانگێڕن

ژنەکان بەرلەوەی بڕۆنەوە
پێیان گووتین
جارێکی تریش دێینەوە
ئەمجارەیان کە هاتنەوە
ئەفسانەی
تەنیایی مانگمان بۆ دەگێڕنەوە
باسی فەنتازیای جوانیەکانی
پایزمان بۆ دەکەن
هەریەکە و ئەسپێکی حدودی
لە جنسی برووسکەمان بۆ دێنن

ژنەکان تێکەڵ بە ئۆقیانووسەکان بوونەوە
گەڕانەوە نێو
دووڕگە سەوزەکانی ئاو
بۆ نێو ماڵە ئەبەدیەکەی عەشق

ئای ژنەکان چەندە جوان بوون
ئێمەش لە چاوەڕوانیان
لە نێو باڵکۆنەکانی تەنیایی
ئایەتە پیرۆزەکانی عەشق دەخوێنین
بەڵکو ئەوە خوایە
ژنەکان زوو بگەڕێنەوە ..!

ناوەڕاستی تەمووزی ٢٠١٠

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن