١٩\٩\٢٠٢٢
ژیان ئەوە نەبوو کە بۆی هاتین!

ناڵە
حەسەن
گوفەکێک پڕ لە قۆپچە
دۆڵێک پڕ لە ئێسک و پروسک
کوێرە کانییەک پڕ لە موو
نوقتەیەکی ڕەش
ڕەشتر لە کراسە قەترانییەکەی دایکم
ژوورێکی تاریک
تاریکتر لە نیگا تەنیاییەکانی مانگ
ئاوێنەیەکی تەڵخ و
فانۆسێکی پەژمووردە
هاوارە نەرمەکانی بەرد و
ئاوسبوونی شەوە تریفەییەکان لە تەم
چاوی ڕووبارەکانیش سوور سوور
سوورتر لە شەوە سوورەکانی بەهەشت
لەم هاوکێشە خواروخێچەدا
بەفر نامۆیە بە خاک
باران بە گیا
با بە درەخت
ئێمەش / هەر دەڕۆین و ئاوڕ نادەینەوە
وەڕسبووین لە بینینی بازنەکانی
هەمان / وەرزەکان و ڕەنگەکان و فڕینەکان
وەڕسبووین لە خوێندنەوەی
ئەفسانە تراژیدییەکان و
لاوکەکانی فرمێسکی خاک و
دەمارەکانی ناولەپی ئەستێرەکان
وەڕسبووین لە ڕۆینە بەردەوامەکانی نێو
هەمان قوڕ و لیتە و سڕبوونی پەنجەکانمان
کەوتن لەسەر هەمان
سەکۆ سەهۆڵاوییەکان و شێتبوونی شەپۆلەکان
ئەی زەمەن
لەنێو تاریکستانی ئەم گەردوونە
کاتژمێر چەندی وەڕسبوونە
هەر دەڕۆین و ڕێگاکانیش
داپۆشراون بە وردە شووشە
بازنەی تاریکیمان کردۆتە دەست و
جانتایەک لە بێدەنگی بە شانمانەوە
شان و مل و بەرگ تۆزاوی
ڕوخساری یەکدی ناناسینەوە
لەنێو لاوژەو وڕێنەکانیشمان
دەڵێین /
ژیان ئەوە نەبوو کە بۆی هاتین !
هەر دەڕۆین و
بەسەر بڵنداییەکان دا سەردەکەوین
لە کتوپڕ تابلۆیەک دەبینین
لەسەری نووسراوە مردن
بەسەر پەیژەکاندا هەڵدەگەڕێین
دواتر /
خۆمان لە بناری بنارەکان دەبینینەوە
بەسەر گردۆڵکە ئاگراوییەکانی خۆرەتاودا بازدەدەین
لەودیوەوە
دەرگاکانی دۆزەخمان بۆ خراوەتە سەر گازەرەی پشت
شاخە بێستوونییەکانی عەشق کون دەکەین
لەوبەرەوە / وەک تۆز و با
لەنێو تاریکیدا ون دەبین
ئێمە خۆمان لە دەست نائومێدییەکانمان ڕادەکەین
ئەستێرەکانیش تا دێن وردتر و دوورتر دەکەونەوە
لە پەرستگە و کاروانسەراکانیش
شەڕابی خەونە وەهمییەکانمان هەڵدەدەین
وەڕسبووین / لە ڕازە نامورادەکانی نەبەردبوون
لە ئارامی خەوە نائارامییەکانی ئاو و
لە لاوکە غەمگینییە خەفەتبارییەکانی لالش و
لە ئاوسبوونی پەپوولە مێینەکان لە شەونم و
لە سووتانی شوورەی
درەختە شۆرەبییەکانی شادومانی
هەر خۆمان پەیکەرێک دەتاشین و
خۆیشمان لەبەردمیا دەچەمێینەوە
بەختەوەریەکانیشمان دەبەخشین بە ڕەشەبا
ئەی زەمەن کاتژمێر چەندی خۆکوشتنە
هەزار حەیف و موخابن
ژیان ئەوە نەبوو کە بۆی هاتین!
ئەیلوولی
٢٠٢٢
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|