په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٤\٢٠٢٠

  کۆترێک لە جنسی فریشتە.


ناڵە حەسەن

کاتێک دەبم
بە پەیکەرێک لە تەنیایی
پەنجەکانم سڕ دەبن و
جەستەم لەخۆم یاخی دەبێ
دەمارەکانی ئارەزووم
دەبن بە پشکۆی / ئاگرێکی شین شین
لەودەمەدا
لەنێو ماڵەکەی خۆم
بە نیگایەکی پڕ لە نوورەوە
لە پەنجەرە کراوەکەی ئومێدەکانمەوە
سەیری جووڵەی مێروولەکان و
پیاسەی ماسییەکان و
زەردەخەنەی دوورترین
وردە ئەستێرەکان دەکەم
لەگەڵ تەمە سپییەکانیش
گۆرانییە بروسکەییەکان دەڵێمەوە
تۆش / لە هەرکوێیەکی ئەم گەردوونە بیت
لەنێو دەربەندی عاشقانی باکووری مانگ
یان لەنێو کۆڵانەکانی پەلکەزێڕینە
لەنێو ئەشکەوتە ڕووناکەکانی سەوزایی
یان لەژێر ساباتی پەرییەکانی دەریا
لەنیو میترۆکانی هەور
یان / لەبنار کێوە سەختەکانی
شەپۆلە بێهوودەکان
لە هەرکوێ بیت /
ئەی کۆترە سپییە قاقۆڵ سوورە فریشتەییەکە
وەکوجاران
وەک ڤینۆسە ئەفسانەییەکانی
نێو کتێبەکانی عەشق و
نێو چیڕۆکە
بەرئاگردانییەکانی
شەوە یەڵداییەکان
یان وەک /
تابلۆیە تاوسییە تەوتەمییەکانی
نێو گۆڕەپانی بەهەشت
لەنێو خەیاڵە ئیرۆسییەکانم
دەردەکەویەوە
منیش / نەرم نەرم
قژی خاوت شانە دەکەم و
سەربەکۆشی خەونەکانت دەکەمەوە
هەرلەودەمەش
فرمێسکەکانی سەرگۆنات
دەبن بە بارانێکی ئەوینی
پێدەشتە وشکهەڵاتووە شەقارشەقاربووەکانی
ئەو دڵە غەریبەی من / تەڕ تەڕ دەکەنەوە ...!


نیسانی ٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک