په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٩\٢٠١٧

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی دەیەم -


هەم بەریتانیای ئینگلیز و هەم وڵاتی ئیسپانیا، کە کێشەی کاتالۆنی و باسکی هەیە و، هەم یەکێتی ئەوروپا ،دژایەتی توندی سەربەخۆییەکەیان کرد. ئاخر بۆ ئەوەی لە خۆیان تێک نەچێ. و ئەو ڕەنجەی داویانە بە ئاو نەڕوات. دەوڵەتە دەستکردەکانیان لەبەر یەک نەترازێن و هەڵنەوەشێتەوە.


نووسەر تێڕوانینەکانی گێلنەر و هۆبسباوم و لایبنیتز، لەسەر جیهانبینی و جیاوازیەکان و یەکبوون دەخاتە ڕوو. دواتر بەم نموونە بەرجەستەیە، ڕوونکردنەوەیەکی دیکەشمان پێشکەش دەکات و دەڵێ:


" لە یاری شەترەنجدا شێوەی داشەکان گرنگ نییە و لە کاتی یاریکردندا کاتێک ئەسپێک لە ئەسپەکان بز دەبێت،دەکرێت بەردێک لەبری ئەسپەکە دابنرێت و یارییەکە بەردەوامی وەرگرێت،لە کاتێکدا بەردەکە نە مادەکەی وەک مادەی ئەسپەکەیە و نە شێوەکەی لە شێوەی ئەسپەکە دەچێت، ئەمەش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر یارییەکە دانەناوە،چونکە ئەوەی گرنگە مادەی دروستکردنەکە و فۆرمە جیاوازەکەی داشەکە نییە،ئەوەی گرنگە تەنها ئەوەیە ئەوەی لەبری ئەسپەکە داهێنرێت نیشانەیەکی پێوەبێت تا لەگەڵ داشەکانی تردا تێکەڵ نەبێت و بناسرێتەوە،بۆیە دەکرێت لەبری ئەسپەکە هەر شتێکی تر بهێنرێت کە خاوەنی نیشانەیەکی جیاکەرەوە بێت".


ئەوەی گرنگە لەم یاری و سیستەمەدا، نیشانە جیاکەرەوەکان نییە، بەڵکو توانای ناسینەوە هێزی براوەی نێو ململانێکە گرنگە.


" تاکەکەس لە مەملەکەتی خوادا وەک هونەرمەندێک وایە کە لە کارەکەیدا سەرقاڵی نواندنی ئەوەیە کە لە خۆیدا هەیە و لە کارەکەشیدا جگە لە نواندنی بوونی خۆی بۆخۆی بیر لە دەرەوەی خۆی ناکاتەوە و دەرەوەی خۆی هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر ئەوەی کە لە کارەکەیدا دەینوێنێ.بەڵام تاکەکەس لە کۆمەڵگا باوەکاندا وەک یاریزانێکی ناو تۆپی پێ وایە و بەردەوام دەبێت بە پێی ئەوە هەڵسوکەوت بکات کە لەدەرەوەی خۆیەوە لە رێگەی هەستەوەرەکانییەوە بۆی دێت،گەر ساتێک لە دەرەوەی خۆی غافڵ ببێت دەدۆڕێت،ئەوەی ئەم یاریزانە لە یارییەکەیدا دەینوێنێ بوونی خۆی نییە و بوونی ئەو دەورووبەرەیە کە ئەوی تێدایە".(١٧٤)


کاتێ سیستەم بەرەو کەماڵ و پێرفێکت بوون دەچێ، کە جیاوازی لە نێوان تاکەکانی مەملەکەتەکەیدا زیاتر پەرە بسێنێ و پارێزراو بێت. ئاخر بێ بوونی جیاوازی، بوونی دیاردەکانیش لە خاڵیکدا هاوبەش دەبنەوە و هەموو یەکسان دەبن بە یەک شێوە و رەنگ، کە دەکاتە سفر. بەڵام تێڕوانینە دروستەییەکە دەڵێ: تاکە کەس ئەو کاتە بەرجەستە دەبێ، کە کارەکتەری براوەیەکی نێو سیستەمەکە لەبەرخۆی بکات و دەستبەرداری هەبووە سروشتییەکانی خۆی بێت.


"بۆ نموونە لای گێلنەر کۆمەڵگایەک ناتوانێت ببێت بە نەتەوە گەر قبووڵی ئەو کولتورە مۆدێرنە نەکات،کە کولتووری براوەکانە... هەر میللەتێک لە میللەتەکان بۆ ئەوەی ببێت،دەبێت واز لەو فۆرمە بێنێت کە بۆ نواندنی بوونی خۆی هەیەتی و جیاوازە لە هەموو ئەو فۆرمانەی کە میللەتانی تر بوونی خۆیان تیا دەنوێنن و لەو فۆرمەدا بوونی خۆی بنوێنێ کە براوەکان بوونی خۆیانی تیا دەنوێنن"١٧٥


بەم پێیە تێدەگەین کە تیۆری دروستەیی داوامان لێ دەکات، بۆ ئەوەی هەبیت، دەبێت فۆڕمێکی دەرەوەی خۆت بنوێنی و بوونی خۆت فەرامۆش بکەیت. ئەمەش لە بنەڕەتدا ناهەقییەکی گەورەیە بەرامبەر بە مرۆڤ و لە قەوارەیەکی گەورەتردا نەتەوە،کە وەک ئافەریدەیەکی سروشتی نا دەستکرد هەن، ناهەقانە ملکەچ دەکرێن بۆ ئەوەی نمایشتێکی درۆزنانەی دەرکەوتنی خودی خۆیان بکەن.


بە پێویستی دەزانم لەسەر ئەم بابەتە دوا بۆچوونی د.عرفانتان بۆ راگوێزم، کە کۆتایی قسەکانی ئەم بەشەیە.


" هەر میللەتێک لە میللەتەکان بۆ ئەوەی ببێت،دەبێت واز لەو فۆڕمە بێنێت کە بۆ نواندنی بوونی خۆی لەو فۆرمەدا بوونی خۆی بنوێنێ کە براوەکان بوونی خۆیان تیا دەنوێنن". (١٧٥)


واتە بۆ نموونە کورد لە تورکیادا، واز لە هەموو بەهاکانی خۆی بهێنێ، مادامەکی تورک لەو شەڕەدا بردوویەتەوە و بۆتە خاوەنی دەوڵەت و کەلتوورێکی مۆدێرن، لە بەرامبەردا کورد دا،کە ژێر کەوتووە.


ـ پەیوەندی خوا بە کەسەکانی ناو مەملەکەتی خواوە.


"تاکەس لە مەملەکەتی خوادا کاتێک بوونی دەبێت ئەوە بنوێنێ لەناو خۆیدا هەیە و ئەوە نەنوێنێ کە لە دەرەوەی خۆی بۆی دێت و بەشێوەیەکی سەلبی لەناویدا دەچێنرێت".(١٧٦).


پێویستە ئەقڵی مرۆڤ خۆی، رۆڵی سەرەکی بگێڕێ و نەکەوێتە ژێر باندۆڕی ژینگەی دەرەکی،هیچ کەس و هێزێک ڕێگەی نەبێت، دەست لە کار و بڕیارەکانی وەربدات. لە درێژەی ئەم باسەدا دەگەینە:


"تاکەکەس لەناو مەملەکەتی خودا دەبێت وا بژی کە تەنها خۆی و خوا لەناو مەملەکەتەکەدا بوونیان هەیە.واتە تاکەکەس لەم مەملەکەتەدا لەگەڵ تاکەکانی تری مەملەکەتەکەدا لەناو دایلۆگدا نییە،بەڵکو لەناو مەنەلۆگدایە لەگەڵ ئەو هێزەدا کە لەناو خۆیدا فرمان و چۆنایەتییەکانی ژیانی تایبەتی خۆی لەناو مەملەکەتەکەدا پێ دەبەخشێت(...) کەسانی ناو مەملەکەتی خوا وەک پارچە ونبوەکانی یەک وێنەن و ئەم وێنەیەش وەک ئایدیاڵ لەناو رۆحی کۆیی هەر یەکەیاندایە و هەر یەکەیان بەوە بەشداری لە شێوەگیرکردنی ئەو وێنەیەدا دەکەن،کە بێ گوێدانە پارچەکانی تری وێنەکە ئەو پارچەیەی لەناو خۆیاندا هەیە و بوونی ئەو لەناو کۆی وێنەکەدا دیاری دەکات،شێوەگیر بکات".(١٧٩ـ١٨٠)

_________________________________

بەشی نۆیەم:  www.emrro.com/kurdbunun9.htm

بەشی هەشتەم:  www.emrro.com/kurdbunun8.htm

بەشی هەفتەم:  www.emrro.com/kurdbunun7.htm

بەشی شەشەم:  www.emrro.com/kurdbunun6.htm

بەشی پێنجەم:  www.emrro.com/kurdbunun5.htm

بەشی چوارەم:  www.emrro.com/kurdbunun4.htm

بەشی سێیەم:  www.emrro.com/kurdbunun3.htm

بەشی دووەم:  www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم:  www.emrro.com/kurdbunun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک