٢٩٧٢٠١٧
کوردبوون و
ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی
کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد
- بەشی
دووەم -
- "ماھیەتی مۆدێرنیزم بڕواھێنانە بەوەی کە مرۆڤ بەوە دەگاتە خۆشبەختی
کە بوونەوەرەکانی ناو جیھانی سروشت بکاتەوە بە مادەی سەرەتایی و دوای
ئەمەش لەم مادە سەرەتاییە بەو شێوەیەی کە خۆی حەزی پێدەکت جیھانێکی نوێ
و کۆمەڵە بوونەوەرێکی نوێ دروست بکات و ببێت بە خواوەندی ناو ئەو
جیھانە نوێیە.ماھیەتی مۆدێرنیزم دروستکردنە".(٢٠)
وەک ئاماژەمان پێدا مۆدێرنیزم دەکرێتە کارخانەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی
بوونەوەرەکان. مرۆڤیش بە خۆیی و مێژووەکەیی و خەسڵەتە سروشتییەکانییەوە،
دەبێ ملکەچی مۆدێرنیزمە بێت و لە ژێر فەرمانیدا ھەڵسوکەوت بکات و بیر
بکاتەوە و بڕیار بدات، دەنا بەر نەفرەت دەکەوێ و فڕێ دەدرێتە دەرەوەی
کایەی ژیانەوە. کەواتە مرۆڤیش بەو شێوە سروشتییەی ئافەریدە بووە، دەبێت
وا لەخۆی ڕامێنێ و لە مرۆڤەکانی تریش، کەوا بە تێکڕا ھەموو کەرەسەی
خاون بۆ دروستکردنی شتگەلێک بەدەستی خالقێک بە ناوی مۆدێرنزم.
ساتەوەختێ مرۆڤ بەو ھەموو پەنھان و نھێنیی و شتە سەرسوڕھێنەرەکانی
ھەیەتی، دەستبەداری ئەو ھەموو خەسڵەتە سروشتی و وزە گەورە و نھێنییە
شاراوەکانی توانا و لێوەشاوەیی و داھێنانی خۆی دەبێت، خۆی وەک مادەیەکی
سارد و رەق و تەقی ئامادە بۆ بەکارھێنان دەبینێتەوە. بەراستی ئەمە ھیچ
نییە،جگە لەوەی بوونەوەرێکی وەک مرۆڤ لە مرۆڤ بوون دەخرێت و دەیخەنە خنەی
ماددەوە،ھەر لەبەر ئەوەی تیۆرییەکەی ئەوان وای داناوە و تەڕدەماغی
نووسەرەکەی وای پێ خۆش بووە. زوڵمی وا قورس و گەورە و گران لە ھیچ
کایەیەکدا لە مرۆڤ ناکرێ، وەک ئەوەی بە ناوی تیۆرییەکانی مادی و مۆدێرنیزمەوە
لە مرۆڤ دەکرێت. ئەمە بە کۆیلەکردنی مرۆڤە بۆ ئاستە ەەرە نزمەکەی و
ھەرکەسێ ئەمە پەسەند بکات، وا لە موڵکایەتی و تایبەتمەندێتی خۆیدا
دەستبەرداری مەزنایەتییەکی گەورە دەبێت.. ئالێرەوەیە نووسەر د. عرفان،
دەچێتە ناو باسگەلی دروستکردنی نەتەوەکانەوە، بە پێی ڕوانین و سیستەمی
بیرکردنەوە و کارکردنی مۆدێرنیزم. چونکە گەر نەتەوە لە کۆی چەندین مرۆڤ
پێکھاتبێ. وا ئەویش مەحکومە بە یاسای کەرەسەی خاو و ماددە، بۆ
دروستکردنی شتگەلێکی نوێ، بەدەستی وەستاکانی مۆدێرنیزم.. ئەمەش چەقی
ئەو باسانەیە، کە دەبنە کرۆکی ئەم بەرھەمە و لە لاپەڕەکانی داھاتوودا
تاوتۆیان دەکەین.
مۆدێرنیزم بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجی خۆی، بەو دەسەڵاتە ماددیی و
مۆڕاڵییانەی ھا لە پشتییەوە، وا دەیەوێ ھەموو بووە سروشتییەکان،
سەرلەنوێ وەک کەرەسە و مادە(ھیولا)یەکی خاو، تێھەڵشێلێتەوە و بە پێی
ئارەزوو و مەرام و قاڵبەکانی خۆی، لە فۆڕمی نوێدا دایانڕێژێتەوە. و
شێوەگیریان بکات.. بە کورتی (ماھیەتی مۆدێرنیزم) کارخانەی دروستکردنە،
دروستکردنێک کە ھاوئامانجی ڕەوتەکەی خۆی بێت. بە واتایەکی تر، ئەرک و
بایەخی مۆدێرنیزم بریتییە لە: داماڵینی خەسڵەت و تایبەتمەندییە
سروشتییەکان، لە مرۆڤ و نەتەوەکان و بووە خۆڕسکەکانە و کردنیانە، بە
کەرەسەی پێداویستی سازدان و داڕشتنی ئایدیای نوێ!. ئەمەش گەورەترین
ھەڕەشە و سووکایەتییە لەسەر چارەنووسی مرۆڤ. مرۆڤی کورد بەتایبەت، کە
خاوەنی ھیچ شتێکی خۆی نییە. یان ھەیە و لێی زەوت کراوە و لێی دزراوە و
لێی شێوێندراوە.
" ھەر مرۆڤێک یان ھەر میللەتێک خۆی بە مادەیەکی رەق و تەق نەزانێ و
قبووڵی ئەوە نەکات ئەم خواوەندە بوونی پێ ببەخشێت و وا بیربکاتەوە کە
سیستەمی بوون پەرەسەندنەکەی لەناو خۆیدایە، ئەوە ھەتاھەتایە لە دۆزەخی
مادە و رەقوتەقەکان بۆ خۆی دەمێنێتەوە و نابێت بە ھیچ".(٢٢)
ھەروەک نووسەریش ئاماژەی پێداوە، مارکسیزم قۆناخەکانی گەشەسەندنی
کۆمەڵگای بە: دەرەبەگایەتی، سەرمادایەری و دوا قۆناخ کۆمەنیزم،
دەستنیشان و ناوزەد کردووە. ەاوسات مۆدێرنیزمیش بۆ قۆناخی: ڕاووشکار،
کشتوکاڵی و دوا قۆناخ پیشەسازی دابەشی دەکات. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە
نەتەوە، وەک بوویەکی ئەقڵی و سروشتی، لەم دوو تیۆریی و قوتابخانەیەدا،
کە ھاومەبەستن و کەموزۆر لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، دیاردەیەکی
نەگریس و ھەڵتۆقیوی سەردەمێکی نەھامەتییە. لای یەکەم ، زادەی قۆناخی
دەرەبەگی و لای دووەم بووەیەکی ناو کۆمەڵگای کشتوکاڵییە. ئەم دیاردە
کاتییە، لە قۆناخی کۆمەنیزم و پیشەسازیدا، بەسەر دەچێت و نامێنێ. لە
کاتێکدا گەر بێت و لە وڵاتێکی وەک شورەوی جاران بڕوانین، دەبین ئەو
دەسەڵاتداڕێتییە، گەیشت بە دوا قۆناخی پەرەسەندنی خۆی و کەچی
نەتەوەکانی بندەستی، ھەرگیز دەستبەرداری بوون و ھەبوون و
تایبەتمەندییەکانی خۆیان نەبوون. لە چرکەساتی کرانەوەی ناسراو، بە
پێرۆسترۆیکا و گلاسنۆسدا، ھەموو ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بڵندکردەوە و
سنووری دەوڵەتیان کێشا و دیاری کرد.
ھەروەھا ئەوە دوو سەدەیە، ئەوروپا بە قۆناخی پیشەسازی و دواپیشەسازیشدا
تێدەپەڕی و ڕەنگە بەجێیشی ھێشتبێت، کەچی تازە بە تازە، گوێمان لە ھاوار
و ناڵەی نەتەوەکان دەبێت، بۆ تایبەتمەندیی بوونی نەتەوەیی و قەوارەی
سەربەخۆ. بەنموونە، کاتالانی، سکۆتلەندی، باسک و ئیرلەندییەکان... ھتد.
لەتەک ھەموو ھەوڵەکانی ئەم ھەژموونەی مۆدێرنیزمدا، بۆ کەوی و ماڵیکردنی
خەسڵەت و بووە سروشتییەکان، ھێشتا نەیتوانیوە مرۆڤ و نەتەوەکان لەقاڵب
بدا و چوارچێوەبەند بکات، بەو شێوەیەی تیۆرە مۆدێرنیزمەکە مەبەستێتی و
کاری بۆ دەکات. چونکە ئەوەی ئەو دوو تیۆرە گەرەکیانە ئامانجێکی گڵاوی
سیاسییە، زلھێزەکانی دنیا لە سەری کڕ کەوتوون و لە بەرەکەی دەخۆن و لە
سایەیدا حەساونەتەوە. کەواتە مرۆڤ و نەتەوەکان، بوویەکی زۆر ڕەسەنترن،
لەو چوار خەت و خاڵەی بیریارێک کێشاوێتی و گەرەکێتی خوێندنەوە بۆ
مێژوویان بکات، لێ لە پشت پەردەی ڕەش و بەدەم ژەھری ئایدۆلۆژیا و
مەبەست و گومانی ناپەسەندەوە خواست و ئامانجی دیکە خراوەتە بەرنامەوە.
مەسعوود محەمەد دەڵێ:
<< بیریاری مادی تەقلیدی لە مەسەلەی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا بێ ئەوەی
پێوەی دیار بێ، کە ھەست بەخۆی دەکا دوو جاران دژی دوو ڕاستی ھەرە گەورە
ھەڵەدەچەقێ:
جارێکیان: کە دێ لەگەڵ دان ھێنان بە گۆڕان و بەرەوپێش چوونی مرۆڤدا
داوامان لێ دەکا بسەلمێنین گۆیا دەستوورەکانی ئەو دۆزیویەتەوە بۆ
بەرەوپێش چوون دەستووری ئەبەدین و شەقامە ڕێی ئەوپەڕی گۆڕانن، ئەمەش
خۆی لە خۆی دا دژی گۆڕان و بەرەوپێش چوونی بەردەوامە چونکە
کۆمەڵایەتیمان لێ دەکاتەوە بە کیمیا و فیزیا کە دەستوورەکانیان ئەبەدین،
دژی ڕاگەیاندنەکانی خۆشیەتی لەوەدا کە گۆڕان بە شتێکی ئەزەلی و ئەبەدی
دادەنێ بەڵام دەستوورە قاڵب بەستوەکانی خۆیشی ئەزەلی و ئەبەدی دادەنێ
بەڵام دەستوورە قاڵب بەستووەکانی خۆیشی بە ئەبەدی لە قەڵەم دەدا، ئینجا
خۆیشی دەکاتە مامۆستای زانا و فەیلەسووف و رابەری دوارۆژ بە ھۆی ئەبەدی
بوونی نەزەریەکەیەوە کە ئیتر ھەموو مامۆستایەکی دوارۆژ ھەر قوتابی دەبێ
و ھەموو بلیمەت و زانا و ھونەرکارێکیش کاوێژکەرەوەی بەرماوەی فکری ئەو.
عەجایب! ھەر لە ئێستاکەوە خەڵق ڕازی نییە بە مامۆستایی ئەو کەچی ھەر
خۆی خۆی تەعین کردووە بە مامۆستای قالوبەڵا...
جاری دوەمیشیان، لەوەدا کە دێ بەشێکی گرنگی خاسیەتە بەردەوامەکانی مرۆڤ
دەباتەوە بۆ عامیلە نابەردەوامەکەی جۆری گوزەران وەک ئەوەی مرۆڤ
بەتەواوی ئاوێنەیەکی بێ ئیرادە و بێ خواییشتی دەروونی و بێ ڕق بوونەوە
و بێ خۆش ویستن و ترس و تەما و ئومێدی تایبەتی ....و... و...بێ کە ھەر
دەبێ تیشکی ئەو ھاندەرە مادییە یەکسەرانە بداتەوە کە دەوریان لە لەشی
داوە>>.
د. عرفان بە وردیی و بە دیقەتەوە تاوتوێی ئەم پرسگەلە دەکات و
پشووودرێژانە ،لەسەر باسەکەی دەڕوات و دەنووسێ:
"نەتەوە پێکھاتەیەکی کۆمەڵایەتییە لە کۆمەڵە مرۆڤێک،مرۆڤیش بە ئەسڵ
بوونەوەرێکی سروشتییە و بوونەوەرێکی دروستکراوی دەستی ئەم خواوەندە
نوێیە نییە،ھەر شتێک لە بەشدا سروشتی و زیندوو بێت،لە گشتیشدا سروشتی و
زیندووە،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ نەتەوەش بوونەوەرێکی زیندوو و سروشتییە،
چونکە پێکھاتەیەکە لە کۆمەڵە مرۆڤێکی زیندوو و سروشتی،بۆیە بۆ تێگەیشتن
لە ئایدیاڵی نەتەوە و سیستەمی بوون و پەرەسەندنەکەی ھەر دەبێت لە بوون
و پەرەسەندنی ئەو کۆمەڵگایە رامێنین کە بووە بە نەتەوە".(٢٢ ـ٢٣)
ئیدی لەم میانەدا، دوای ھەست پێکردن و ناسین و دیاریکردنی نەتەوەی
دروستکراو و زیندوو و سروشتی، دەگەین بە دووجۆر تیۆری جیاواز و
پێچەوانەی یەکتر{{تیۆری مۆدێرنیزم و تیۆری فەلەسوفانی ئەڵمانی}}.
نووسەر، کتێبەکەی بە ھەوڵێک بۆ تێکشکاندنی "مۆدێرنیزم"دادەنێ. شکاندن
بە مانای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو رێسا و یاسایانەی، کردوویەتە پێوەر و نۆرم،
بۆ کار پێکردن و ناونانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی مەیدانی نەتەوە و
دەرکەوتەکانی دیکە. ڕووخاندنی بە شێوەی داڕمانی کۆشکی خەیاڵی ئەوانەی
بە شەوارەی مۆدێرنیزم کەوتوون. ھەڵوەشانەوە و ڕووخانی ئەو دیوارانەی لە
بەردەم ئاسۆی بیرکردنەوەمان دا بە ناسروشتی و بڕەک بە زۆرداری
ھیڵچنراوە. ڕاماڵینێکی ئەو تەمومژەی ڕێی لە دید و بینینمان گرتووە.
بنبەستکردنی ئەو لاڤاوی نەزانییەی بۆ لوولدانی ھەموو بەھا
سروشتییەکان،خراوەتە گەڕ. لەم کارەشدا پشت دەبەستێ، بە میتۆدە
زانستییەکانی مێژوو و سروشت، فەلسەفە و واقعی بوون و کۆمەڵایەتی ، کە
لە واقیعی سروشت و ژیان دا ھەن و وەک تەن و بوونێکی سروشتی نەمر و
نەگۆڕ بەرجەستەبوون.
بەھای ئەم رەنجە گەورەیە، لە ھەڵتەکاندنی مۆدێرنیزمدا، بۆ ئەوە
دەگەڕێتەوە، دەرگا و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی ئاسۆی تێڕوانین، لەمەڕ
پرسی کوردەوە، واڵا دەکات و دەرفەتێکی ساز کردووە، بۆ سەرلەنوێ قوڵتر
بیرکردنەوە و بەدیقەت ڕوانین، لە پرسی خود و کوردناسی. بۆ دەستپێکێکی
نوێی بیرکردنەوە و تێگەیشتن لە بنەما و ڕیشە و ڕەھەندەکانی (کوردبوون).
_________________________________
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdbunun1.htm
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|