په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٧

کوردبوون و ناسیۆنالیزم.
- خوێندنەوەیەیەک بۆ پەرتووکی''بوونی نەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلەتیکدا'' -

هەڵۆ محەمەد      

- بەشی هەشتەم -

ـ بەشی دووەم تیۆرەکانی پەیدابوونی نەتەوە.


جیاکردنەوەی تیۆری نەتەوە لە تیۆری نەتەوەخوازی. دەروازەیەکی سەرەتایی و سەرەکی چوونە نێو ئەم بابەتەیە. تەقەلا دەدەین، مەڵۆ بە مەڵۆ لە خەرمانی کارە تاقانەکەی د.عرفان مستەفاوە، پێشکەش بە ئێوەی بکەین.


نەتەوە، هەبوویەکی ئەقڵی سروشتییە. بوویەکی ڕاستەقینەیە، و خاوەنی کارەکتەر و قەوارە و مانا و ئاماژەیەکی سەربەخۆی خۆیەتی و چ پێوەندییەکی بە کاری دەستکردی کەس و مەکینە و تیۆریی و زانست و تەکنەلۆژیایەکەوە نییە. لێ نەتەوەخوازی بووەیەکی ئەقڵی نییە و زێتر لە فۆڕمی ئایدۆلۆژیادا، خۆی دەردەخات و دەستێک/ هێزێک دروستکەر و بزوێنەرێتی و ئەو شتەی بەرهەمی دێنێ، دەچێتە خانەی دەستکردەوە.


ساڵی ١٩٦٠ و سەدەی بیستەم، کۆمەڵی بیرمەند لە ئەوروپادا، لە ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆژییەوە، سەرنج لە نەتەوە دەدەن و دەیانەوێ خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو هەموو گەشەکردنانەی تێیدا بەرپابووە. بە مانای ئەوەی دروستکەر و داهێنەری بۆ پەیدا بکەن، کە لە گەوهەردا دەکاتەوە خۆیان. واتە نەتەوە داهێنانێکی ئەوروپاییەوە، دەیگێڕنەوە بۆ سەرهەڵدانی ئاکامەکانی، شۆڕشی پیشەسازی و قۆناخەکانی پاشتر.


سەدەی ١٩ سەدەی کامڵبوونی تیۆری نەتەوەیە، بەتایبەتی لەسەردەست و بەڕیبەڕێتی فەیلەسوفانی ئەڵمان. ئەم ڕاستییە بۆتە جێی بگرە و بەردەیەکی زۆر. لە کایەی زانستی و رۆشنبیریدا، لێ کەس نایتوانێ چاوپۆشی لە جێ پەنجەی بیرمەندانی ئەڵمان لەم بوارەدا بکات. بە تایبەت دوای ئەو پاشخانە دەوڵەمەندەی لە بواری هزر و فەلسەفەدا، دەبێتە زەمینەی دروست بوونی (نەتەوە کولتور)ی ئەڵمانی و ڕەنگڕێژ بوونی تایبەتمەندییەکانی ئەم رێگایە(Nation Building)،کە دەکرێ بە قوتابخانەی ئەڵمانی دابنرێت.


Friedrich Meinecke، یەکەم مێژوونووسە، ئاماژە بە چەمکی نەتەوە کولتوور، دەکات و جیای دەکاتەوە لە دەستەواژەکانی دیکە.


ـ پۆلێنکردنی تیۆرەکانی نەتەوە.


ڕەهەندی لێدوان لەسەر نەتەوە زۆر فراوانە بە جۆرێکە، دەرگای بۆ زۆر تیۆری و بۆچوونی جیاواز سازداوە. نەتەوە ئەگەرچی لە گەوهەر و عەقڵدا،هەڵگری یەک مانایە، ئاخر چونکە بوویەکی زیندووە، پێناسەی جیاجیای هەڵگرتووە و لە هەر کات و شوێنێکدا بە تایبەتمەندێتی خۆیەوە،خۆی نمایشت کردووە و دەکات.


بیروڕاکانی سمیس کە پێی وایە" بنەمای بوونی نەتەوە ویستی خەڵک و ئەو مێژووە هاوبەشەیە کە ئەو خەڵکە لەسەردەمێکدا بەهۆی پێکەوە ژیانەوە بۆیان دروست بووە"(١٢٦.) یەکێکە لەو باسانە. ئەم بۆچوونە کە دەچێتە ژێر ناونیشانی ویستی ڤۆڵەنتەریست، واتە بە ویست و خواستی خەڵکی و ویستی ئازاد، نەک ئۆرگانیستی، واتە ناچارانە یە و، خەڵکەکە بە سروشت لە چارەیان نوسراوە پێکەوە بژین.


مێژووی ئەم هەرایەش پێوەندی بە شەڕ و هەڵای نێوان، بیرمەندانی فەرەنسی و ئەڵمانی، رینانRenan و هانڕیش ڤۆن ترایشکەHenrich von Treischke وە لەسەر ناوچەی ئێلزاس ـ لۆترینگەن Elsaß -Lothringen لە نێوان ئەم دوو وڵاتە هاتە کایەوە. وتارە بەناوبانگەکەی رێنان، بەرتەکی گوایە ئەم داگیرکارییەی ئەڵمانیایە بۆ سەر ئەو ناوچانە.


هەر لەو سەروبەندەدا، سیەسSieyes ی فەرەنسی، وتارێک پێشکەش دەکات، بە ناوی "دۆخی/ هەڵوێستی سێیەم چییە؟ لە ١٧/٦/١٧٨٩. دوای ئەوەی دەستەکانی یەکەم، کەسە ئایینیەکان و دووەم بەگزادەکانن.


ئەم پرس لەسەر دەستەی دوای ئەمان دەکات و پرسی نەتەوە دەورووژێنێ. کاتێ خانەوادەکانی فەرەنسا و چینە باڵادەستەکان، خۆیان بە نەتەوە دەزانی، بەڵام ئەوانی دیکە، واتە دەستە و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگایان خستبووە، دەرەوەی بازنەی نەتەوەوە. خۆیان لەسایەی ئەوەی گوایە نەتەوەن، باجیان نەدەدا و گوشارێکی زۆریان بۆ چینەکانی تر دەهێنا، ئیدی سیەس ئەو وتارەی پێشکەش کرد. ئەمەش بۆ داکۆکی لە جوتیار و هاوڵاتی ئاسایی بوو، ناوبراو باوەڕی بە بنەماکانی یاسای سروشتی هەموو خەڵکەکە بوو، نەک گوایە تەنها ئەوانەی، دەوڵەتیان سازداوە.ئەم شەڕە بۆ دەوڵەتی یاسا و هاوڵاتی ئاسایی و ئازادی تاکەکان بوو ،خەڵکی هەژار و چەوساوە. کەواتە مەبەست ئەوە بوو، چینی سێیەم هەموو ئەوانە بگرێتە خۆی، کەسەر بە نەتەوەن، نەک تەنیا نەجیبزادە و خانەدانەکان و کەسانی ئایینی. لەم وتارەدا باس لەوە کرا، نەتەوە کۆمەڵگایەکە کە لەسایەی یاسا و رێسایەکی هاوبەشدا بژین و لەلایەن هەمان یاسادانەرانەوە نوێنەرایەتی بکرێن. دیارە وتارە بەناوبانگەکەی رێنان"نەتەوە چییە"، دەبێتە سەرتۆپی باسە گەرموگووڕەکان، لەسەر نەتەوە.


لەتەک ئەمانیشدا، کۆمەڵێ سیاسەتکار و کۆمەڵناس و مێژوونووس، بەشداری لە گفتوگۆی چڕوپڕی نەتەوەدا دەکەن. دەرئەنجام جۆرەها بۆچوون و ڕوانین دروست دەبن. هەروەک دەڵێن: بە ئەندازەی نووسەرەکانی لەمەڕ نەتەوە نووسیویانە، هێندە بیروباوەڕی جیاواز هەیە. کەچی لای ئەڵمانەکان ڕایەڵەیەکی پتەو و چەسپاو لەسەر نەتەوە و دەوڵەت، بەدرێژایی سەرهەڵدانی ئەم باسگەلە، سیستەماتیکانە بەدوای یەکدا دێن و لە قوتابخانەیەکدا خەست دەبێتەوە و فۆرمەلە دەبێ. د.عرفان ئەم بۆچوونانە لە ٣ ناونیشاندا خڕدەکاتەوە.


تیۆری عەقڵی: نەتەوە کۆمەڵگایەکی ئاکارییە. نەتەوە نە کۆمەڵگایەکی سروشتییە و نە کۆمەڵگایەکی سیاسی،نەتەوە کۆمەڵگایەکی ئاکارییە و بە شێوەیەکی پێشینە بوونی لەناو عەقڵدا هەیە و لە قۆناغێکی مێژوویدا ئەو بوونە عەقڵییەی لەناو میللەتێکدا دەگۆڕێت بە بوونێکی مێژوویی و واقیعی و لە شێوە کۆمەڵگایەکی ئاکاریدا شێوەگیر دەبێت. بە پێشەنگی لایبنێتز و کانت و هێردەر و فیختە تا هیگڵ،پێشەنگی ئەم قوتابخانە هزرییەن.


تیۆری سروشتی: نەتەوە کۆمەڵگایەکی سروشتیە. ئەو بۆچوونە تیۆرییەیە کە ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیرکردنەوە سروشتخوازەکەی رۆسۆJean-Jacques Rousseau(1712-1778) و ئەو بیرمەند و سیاسیانە کە بنەمای بوونی نەتەوەکان دەگەڕێننەوە بۆ سروشتی میللەتەکان و ئەو کەلتوور و زمانەی کە بەشێوەیەکی سروشتی بوون بە خاوەنی. گۆستاف لۆبۆن نوێنەری ئەم روانگەیەیە. گۆستاڤ لۆ بۆن le Bon 1841-1931 Gustave یش، بە کتێبەکەی "نهێنی پەرەسەندنی نەتەوەکان" لەم خانەیەدایە.


تیۆری دروستەیی: نەتەوە کۆمەڵگایەکی سیاسییە.ئەو بۆچوونەیە کە لە لێکۆڵینەوە نوێکانی بواری نەتەوەخوازیدا بە بۆچوونی ڤۆڵەنتەریستی ناوبراوە،ئەم بۆچوونە ڕیشە فکرییەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە ئەمپریکییەی کە ئەزموون و ویستی مرۆڤی دەکاتە بنەمای مەعریفەی مرۆیی...جۆن لۆک John Locke(1632-1704) و داڤید هیوم David Hume(1711-1776) نوێنەرایەتی ئەم دیدە دەکەن. رینانیش پاشان درێژە بەم بۆچوونە دەدات و دەڵێ:" کۆمەڵە گروپێکی کۆمەڵایەتی بە رێکەکەوت رووداوێکی مێژوویی کۆیان دەکاتەوە و دوای ئەوەی بۆیان دەردەکەوێت کۆبوونەوەیان لەناو ئەو رووداوەدا لە بەرژەوەندی هەموویاندایە،بە ویستی خۆیان بڕیار دەدەن کە کۆمەڵگایەک پێک بهێنن،ئەم کۆمەڵگایەش پێی دەوترێت نەتەوە".١٣٣


ـ تیۆری عەقڵی و سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بیرۆکەی نەتەوە


نووسەر دیسان، بە وردتر و قوڵتر بەسەر بۆچوونەکانی بیرۆکەی نەتەوە، دەچێتەوە و وەک بوویەکی هەمەکی لای لابنێتز و دواتر لە دۆخی پەرەسەندنی سەرەتایی خۆیدا لای کانت و ئەوجا چۆن لای فیختە و هێگڵ دەگات بەدوا فۆڕمی پەرەسەندوو و رەنگگرتووی خۆی،کە دەرئەنجام شۆڕ دەبینەوە تا دەگەین بەدوا پلەی چلوورەبەستن، کە پێی دەووترێ"تیۆری عەقڵی" و بە قوتابخانەیەکی سەربەخۆ و بە دید و تێڕوانینێکی ڕۆشنەوە لە بوونی نەتەوە دەدوێ و دەڕوانێ. لێرەدا دیکارتRene Descartes(1596-1650) پێناسە بەناوبانگەکەی (من) بیردەکەمەوە کەواتە من هەم، باسەکە دەوڵەمەنتر دەکات.


د.عرفان، بۆ یەکەمجار زۆر زیرەکانە و هۆشیارانە دەمانگێڕێتەوە بۆ ناو فەلسەفەی لایبنێز و پێی وایە ڕیشە فکرییەکانی نەتەوەی تێدا دەبینرێتەوە. ئەگەرچی ئەم فەیلەسوفە،لە کارەکانیدا بە چەمکی ئەوکات و ئیمڕۆش ناوی نەتەوەی نەهێناوە.


گەر بە نموونە، باس لە نەتەوەی ئەڵمان بکەین، کە سەرەتا شتێ نەبوو بەناوی ئەڵمان، وەک نەتەوەیەکی دەڵەمەی نایەکگرتوو بوون ،نەک وەک نەتەوە ئەقڵییەکە، کە خۆیان دەڵێن دۆیچDeutsch، هەر هەمووی هۆزەکانی باڤاریا و ئەلەمان ساکسن و فرانک و تورنگەر، و ئەوانە بوون. تا لەسەدەی ٨ و ٩ دا ناوی دۆیچیان لە خۆیان نا. کاتێ ئینگلیز و فەرەنسی، دەبنە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئەڵمان لەم پرۆسەیە دوا دەکەوێ، چونکە ئەو پارچە پارچەییەی ئەڵمان بە بوونی سەدان میر و پاشای ناوچەیی، نەیانتوانی لە رێگای پادشایەکەوە یەکگرن و وەک نەتەوە خۆیان نمایش بکەن. لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٨/٥/١٨٤٨. دا لە شاری فرانکفۆرت، نێزیک بە نوێنەرانی ٥٨٥،میر و گرووپ ئامادە بوون، تاوەکوو لە ئاکامدا، بە یەک دەنگ، هەموو سەرۆکایەتییان بۆ بسمارکی بەهێز و خاوەن دەسەڵاتی هەرێمی پروسیا سەلماند و لەسەر بنەمای لیبەرالی و دیموکراسی ڕێک کەوتن. لە ئەڵمانیادا ئازادی هەمیشە جیاواز بووە، لە ئازادیی سەرزەمینی دەوڵەتی. تا ساڵی ١٨٤٩، واتە ساڵێ دوای شۆڕش و یەکگرتنەکەیان، چەمکی نەتەوە و دیموکراسی دروشمێکی ناوەندی بووە. و هەمیشە پێکەوە بڵندکراونەتەوە. لەوە پاشەوە، ئەڵمان وازیان لە داوای دیموکراسی هێنا، لە پێناوی ڕێگە خۆشکردن بۆ گەوهەری پرسە نەتەوەییەکەیان، کە "یەکێتی نەتەوەیی"بوو.


نەتەوەی ئەڵمان، بەم پرۆسەدا تێپەڕیوون (دەسەڵاتی بەگزادەReichsadel، دەسەڵاتی کلێسا Reichskirche، دەسەڵاتی شارەکان Reichsstädten و دواجار هەموویان لە ژێر کەپری پەرلەمانی ئەڵمانیدا Reichstag، رایختاگ دا کۆبوونەوە و یەکیان گرت. فاکتی زمان، یەکەم هۆکاری یەکگرتنی ئەڵمانەکانە، هەر بۆیەشە لە رووی بابەتییەوە ئەڵمان بە نەتەوەکولتور، ناو دەهێنرێت. هێردەر دەڵێ:" هیچ نەتەوەیەک بێ زمانێکی نەتەوەیی ناتوانێ ببێ بە نەتەوە". لە کاتێکدا بۆ فەرەنسییەکان بە هۆی سەرزەمینەوە کە بە نەتەوەدەوڵەت ناسراون و لە وتارەکە سیەسیشدا، ناوەڕۆکێکی سیاسی بەرچاو دەکەوێ، بە پێچەوانەی مۆرکە کولتوورییەکەی هێردەری ئەڵمانیەوە، و بۆ ئیتالییەکان یەکگرتنەوەی چەند هەرێم و ناوچەیەکە، رزگارکردنێتی لەدەستی داگیرکەران، کە زیاتر مێژوو و جوگرافیا رۆڵی تێدا گێڕاوە.


دواتر بیرۆکەی نەتەوە، بە هێز و دینامیکییەوە لە مێژووی ئەڵمان دا سەرهەڵدەدات و ئەم ڕەوتە تا ئێستاش، سەرمەشقی لێ ڕوانین و لێوە فێربوونە. تاکە نەتەوەی دیار و هەڵکەوتوون، لە نێوخۆیاندا،وەک نەتەوەی ئەڵمان، پێڕەوەی لە سیستەمی فیدڕاڵی دەکەن. لەتەک بوونی هەندێ سەرنج و تێبینی بچووک دا، ئیمڕۆ لە جیهاندا سەرکەوتووترین و بەهێزترین، سیستەم بەڕێوە دەبەن.


ئێمە باسمان لە وردبینی و دیقەتەکانی، د. عرفان کرد، کە چۆن بە دوای سەرە داوی ئاڵۆزکاوی ئەم باسەدا ڕۆیشتووە، کە هێندە بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، یاخود بە قوڵاییدا شۆڕبۆتەوە، تا گەشتۆتە لای لایبنیتز. لێرە ئاماژە هەرە سەرەتاییەکان و کۆدەکانی بیرۆکەی نەتەوەی دەرک پێ کردووە و دەستی بە کارەکەی کردووە. شایانی ئاماژە پێدانە، بۆ یەکەمجارە، ناوی لایبنیتز و پرسی نەتەوە، بەو شێوازە بەرچاو بکەوێت.

_________________________________

بەشی هەفتەم:  www.emrro.com/kurdbunun7.htm

بەشی شەشەم:  www.emrro.com/kurdbunun6.htm

بەشی پێنجەم:  www.emrro.com/kurdbunun5.htm

بەشی چوارەم:  www.emrro.com/kurdbunun4.htm

بەشی سێیەم:  www.emrro.com/kurdbunun3.htm

بەشی دووەم:  www.emrro.com/kurdbunun2.htm

بەشی یەکەم:  www.emrro.com/kurdbunun1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک