په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

په‌رتووک

كوشتنى تێكست.

هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د

- بەشى هەفتەم و کۆتایى -
ئەوەى پێویستە بمرێ تێکستە نەوەک نووسەر:

لێرەدا ئەمەوێ زیاتر بە هەندێ لە بڕگە و جومگەکانى ئەم تێزەوە شۆڕببمەوە:


یەکەم: بەرهەمهێنانى رەخنەیەکى فانتازى:


هەڵگەڕانەوەى پاڵەوانى رۆمان، لە نووسەرەکەى، خۆى لە خۆیدا فانتازیایەکە لە واقعى رۆمانێکدا بەرهەم دێت، فانتازیایەک کە کەشى رۆمانەکە هەمووى یان پارچەیەکى ئەخاتە ناو فانتازیایەکەوە، کە سەر لەبەرى رووداوەکان و مانا و هەقیقەتەکانى رۆمانەکە هەڵئەگێڕێتەوە. بەوەى ئەوەى رۆمانننوس وەک دکتاتۆرێکى بچووک یان خواوەندێک ئەمانداتێ، رەتى بکەینەوە و ململانێیەک لەگەڵ نووسەر دروست کەین. ئەو ململانێیەش بە فانتازیاکردنى واقعى رۆمانەکە ئەبێت.

لە نێوان واقع و فانتازیادا، دنیایەک ئاماژەى جۆراوجۆر و رەنگین لە دایک ئەبن. نووسەر کە پاڵەوانێک ئەخوڵقێنێ، بە پاڵەوانى خۆى یان رۆمانەکەى ئەزانێ، تا ئێستا هیچ نووسەرێک خۆى لە رۆمانەکانى یان نووسینەکانى بە گشتى جیانەکردۆتەوە، هیچ نووسینێکى دیکەش نەهاتووە باسى پاڵەوانێکمان بۆ بکات، دوور لە رۆمانەکە و رووداوەکانى یان دوور لە نووسەرەکەى. هەتا رۆمانە جیهانییەکانیش هەموویان بە نووسەرەکانییانەوە ئەناسرێنەوە، لێرەدا رۆماننووسى کوردیش وەک هەموو رۆماننووسەکان خالقى پاڵەوانەکانى خۆیانن، خالقى رروداو و بەسەرهات و فکر و بیروباوەڕى پاڵەوانەکانییانن، لە باشترین باردا رۆماننووس خوێندنەوەیەکى خۆى بۆ بارودوخى کەسێک یان حاڵەتێک یان دیاردەیەک یان وڵاتێک یان مێژوویەک یان هەقیقەتێک یان میللەتێک نیشان ئەدات. ئەو خۆیەتییەى رۆماننووس بە شعور یان لاشعور، رەنگدانەوەیەکى راستەوخۆى لەسەر کەسایەتى و رووداوەکاندا هەیە، تێڕوانین و دیتنەکانى خۆى تیادا بەرجەستە ئەکات، ئازادبوونى پاڵەوان لە رۆمانى کوردى دا بۆ من ئەفسانەیەکە و تا ئێستا نەهاتۆتە دى،(بەلایەنى کەمییەوە ئەو رۆمانانەى من خوێندوومەتەوە!) پێشم وانیە، بشهێتە دى، هەرچەندە زۆربەى رۆماننووسەکان ئیدیعاى ئەوەش بکەن کە پاڵەوانەکانییان ئازادن، بەڵام دیسانەوە ئەکرێت بە خوێندنەوەى هەر رۆمانێکدا راستى و ناراستى ئەم ئەفسانەیە ئاشکرا بکرێت. لەگەڵ شعردا رەنگە زۆر جیاوازى نەبێت، ئەوەى ئاراستەکانى هەر دەقێکى شعریش بە شێوەیەک لە شێوەکان دیارى ئەکات، هەر لە بن دەسەڵاتى ماناکانى شاعرەکان دان.

هەتا لە خوێندنەوە رەخنەییەکانیش، دیسانەوە ئەوە نووسەرە وەک خۆى بەدواى ماناکانى خۆیدا وێڵە. هەر نووسەر خۆیەتى دێت و هەقیقەتەکانى خۆى بە باڵاى تێکستێکدا دائەبڕێت.

بێ گومان ئەوە ماناى ئەوە نیە، هەر هەموو نووسەرەکان و نووسینەکان، بە یەک ماهییەت و بەیەک رادە لە بن دەسەڵاتى نووسەرەکان دان، نەخێر بەڵکو لێرەشدا جیاوازى هەیە، و جیاوازى هەم لە رێژە و هەم لە کاریگەرییەکان هەیە، بەڵام خاڵى سەرەکى ئەوەیە، تا ئێستا یەک تاقە پاڵەوانى تەواو ئازاد لە رۆمانى کوردى دا نیە.


مەبەستم لە تەواو ئازاد ئەوەیە، کە بەتەواوى لە چنگى ماناکان و هەقیقەتەکانى نووسەر ئازاد بووبێت.و پاڵەوان لە تێکستەوە خەلق بووبێت نەوەک لە نووسەر.

ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەى هەرچەندە فانتازیاى هەر نووسەرێک چەندى گەورە و فراوان و قووڵ بێت، دیسانەوە مەحکومە بە سنوورى ئەو ئازادییەى نووسەر پێى ئەبەخشێت. یان با بڵیێن بە سنوورى ئەو ئازادییەى پاڵەوانەکە لە نووسەرى ئەستێنێت. نووسەر رەنگە تا ئەوپەڕەکەى ئازادى بە خۆى ببەخشێت، یان کەمتر بە خۆى بدات، بەڵام رەهایى و رێژەیى ئازادى خۆى، پاڵەوانەکان سنووردار ئەکات.

واتە ئازادى پاڵەوان مەحکومە بە سنوورى ئازادییەکانى نووسەرەوە، نووسەریش دیسانەوە مەحکومە بە ئازادییەکانى خۆى.

فانتازیاى رەخنەیى لێرەدا، سەرەتایەکە بۆ دەستنیشانکردن و یاخیبوونى پاڵەوان لە سنوورى ئازادییەکانى. تاکە رێگەیەک بتوانێت پاڵەوان بتوانێت لە رێیەوە ئازادى زیاترى خۆى تاقیبکاتەوە فانتازیایە.

ئەو فانتازیایەى رەخنەگر ئەوجارە لەسەر واقعى رۆمانەکە ئەیخوڵقێنێ، ئەوجارەیان رەخنەگر دێت و فانتازییایەکى دیکە بۆ پاڵەوان خەڵق ئەکات تا بچێتە ناوى، و لەوێوە رووبەڕووى نووسەر ببیێتەوە و ململانێى لەگەڵ بکات، ململانێ لە سەر سنوورى ئازادییەکان و رووداوەکان و قسەکان و نەخشەکانى نووسەر.

ئەو دێت و نەخشە و پلان و پلۆتى نووسەر تێک و پێک ئەشکێنێت، ئەوەى نووسەر بیناى کردووە ئەو تێکى ئەدات، ئەو هەموو رەنج و ماندووبوونەى نووسەر کێشاویەتى بۆ ئەوەى پاڵەوانێک دروست کات کە وەک خۆى ئەیەوێت، رەخنەگر دێت و بە فانتازیاوە ئەو ماندووبوونە ئەداتە دەست ئاوەوە.

ئەو فانتازیایە کە هەر لە فانتازیاى شعر ئەکات، رێک کارى ئەوەیە هەرچى نووسەر بیناى کردووە، تەفروتوناى بکات. لە پێناو ئەوەى ئەمجارەیان پاڵەوانەکە لە بن دەسەڵاتى نووسەر دەربازى ببێت و ئازادانە دژى دنیا و مانا و جوانى و هەقیقەتەکانى نووسەر بوەستێتەوە و بیانڕووخێنێ.

لێرەدا ئەرکى فانتازیا، رووخاندنە.تێکدانى هەقیقەتەکانى نووسەرە، لە رێى کەسیش نا، لە رێى پاڵەوانى نووسەرەکە خۆى. کە ئەمەش شۆکێکە بۆ نووسەر. شۆکێک کە ناتوانێت هەرسى ئەوە بکات، پاڵەوانەکەى (خۆى) یان (رۆمانەکەى) لە دژى ئەودا بوەستێتەوە. پاڵەوانێک کە ماناى دیکە بە پاڵەوانییەتى و هەبوون و ماهییەتى خۆى ئەبەخشێت.

لەم شۆکەوە، نووسەر بەتەواوى ماناکانییەوە تووشى دڵەراوکێ و داڕووخان ئەکات، بەوەى ئەو دەسهەڵاتى بەسەر پاڵەوانەکەى خۆیدا نەماوە و ناتوانێت بیوەستێنێ، ئەمەیان گەمەیەکى تا بلێى فانتازیانەیە، کە واقعى رۆمان و واقعى نووسین و نووسەریش سەرەوژوور ئەکاتەوە.


دووەم: فانتازیاى نووسەر ، فانتازیاى رەخنەگر:


رەنگە رۆمانێک، یان شعرێک بتوانێت فانتازیایەکى قوڵ بەرهەم بێنێت، نموونەى لەم جۆرە فانتازیانەش زۆرن لە رۆمان و شعرى کوردیدا، بەڵام ئەو فانتازییانە چەندى قوڵیش بن، دیسانەکە قابیلى ئەوەن، لە پاڵ ماناکانییاندا بکرێنە واقعى رۆمانەکە و فانتازیاى رەخنە نەفییان بکاتەوە.
فانتازیاى رەخنەگر بریتییە لە هەڵبژاردنى پاڵەوانى رۆمان و یان چەند کەسایەتییەکى رۆمانەکە جا چ پاڵەوان بن، یان کەسایەتى دووەم و سێیەم بن. بە کارێک هەڵستن کە تێیدا لە دەسەڵاتى نووسەر یاخى ببن، نەفى ماناکانى بکەنەوە، واقعى رۆمانەکە، هەقیقەتى رۆمانەکە هەڵوەشێننەوە. ئەویش رەنگە بە زۆر شێوەوە بکرێت یەک لەو شێوانە:
1. نووسینى نامەیەکى پاڵەوانە بۆ نووسەر، کە تێیدا نووسەر رەخنەانى خۆى ئاراستەى نووسەر بکات و هەوڵدات ململانێیەکى فکرى لەگەڵ دروست کات.
2. ئەکرێت کەسایەتییەکانى رۆمانەکە بە گشتى چەندین نامە بۆ یەکترى بنووسن و هەر یەکەیان لە شوێنى خۆیەوە لە رۆمانەکەدا بیروبۆچوونە جیاوازەکانى لەگەڵ نووسەر نیشان بدات.واتە ئەکرێت کەسایەتییەکانى رۆمانەکە بە شێوەى مێزگردێک یان هەتا کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى باس لە یاخیبوونى خۆیان بکەن لە نووسەر و بەدەیان و سەدان پرسیار و گوومان ئاراستەى نووسەر بکەن.
3. ئەشکرێت دیسانەوە، رۆمانەکە سەر لەنوێ بە شێوەیەکى دیکە، بە پێچەوانەى ئاراستەکانى نووسەر بنووسرێتەوە.هەموو یان زۆربەى رووداوەکان و دیالۆگەکان و هەڵوێستەکان بگۆڕدرێن.

کە ئەمانەش فانتازیاى رەخنەگرن، بۆ ئەوەى دنیاى نووسەرى پێ بهەژێنێت.

سێیەم: دنیاى نووسەر و دنیاى رەخنەگر:


لەدواى ئەم فانتازیایە و رووبەڕووبوونەوەیە چى؟ ئایا پاڵەوانى رۆمان یان تێکستێکى شعرى، دواجار ناکەوێتەوە بن دەسهەڵاتى رەخنەگرەوە؟ واتە لەو دوو نموونەیەى پێش ئێستا خستمانە روو، لە ئەنجامدا هەر ململانێى رەخنەگر نیە لە نووسەر و بەناوى پاڵەوانەوە ئەکرێت؟

ئایا نەفیکردنەوەى ماناکانى نووسەر و جێگیرکردنى ماناکانى رەخنەگر نیە؟ جیاوازى چیە لە نێوان دنیاى نووسەر و رەخنەگر، کە لەکۆتاییدا هەردووکیان دنیاى دوو کەسن؟

لێرەدا رەنگە بۆ من وەڵامى ئەو پرسیارانە ئەوەبێت، بەڵێ رەنگە لە ئەنجامدا، هەر وابێت ئەوە دنیاى رەخنەگرە، نەوەک پاڵەوان، کە لە تێکستە رەخنەییەکەدا بەرهەم دێت. دیتن و بۆچوون و دنیابینى و هەقیقەتەکانى رەخنەگرن، ئەمجارەیان لەسەر زمانى پاڵەواندا بە شێوەى رەخنەوە دەرئەبڕدرێن.

بەڵام لە لایەکى دیکەوە پێموایە، جیاوازییەکى گەورە لە نێوان رەخنەگر و نووسەردا دروست ئەبێت، کە ئەویش ئەوەیە، نووسەر خالقى دنیاى یەکەمە و زمانى یەکەمە، کە تێکستە، لەو دنیایەدا نووسەر وەک رۆشنبیرێک دێت و دنیایەک پێشکەش ئەکات، جا ئەو دنیایە بەهەر مانایەکەوە بێت.

لێ رەخنەگر میتا دنیایەک پێشکەش ئەکات، کە رەنگە تەواو جیاواز بێت لەگەڵ دنیاى یەکەم.


ئەگەر نووسەر ئەرکى دروستکردنى دنیا بێت، ئەوە ئەرکى رەخنەگر خراب کردنى ئەو دنیایە. ئەگەر ئەرکى نووسەر خەڵقکردنى پاڵەوان بێت، ئەوە ئەرکى رەخنەگر کوشتنى ئەو پاڵەوانەیە.کوشتنى ئەو خوایەیە، کە نووسەر خەڵقى کردووە.

ئیدى بە کورتى ئاراستەى کارى نووسەر و رەخنەگر بەتەواوى پێچەوانەى یەکە. خەمەکانییان بەتەواوى لە یەکترى جیان، کردەى نووسین و رەخنەکە نابنە تەواوکەرى یەکدى. رەخنەگر نایەت کەلەنەکانى دنیاى نووسەر پڕ بکاتەوە، بەڵکو لەو کەلەبەرانەوە دنیاى نووسەر ئەروخێنێت. ئەگەر خەمى نووسەر، خوڵقاندنى دنیایە، ئەوە خەمى رەخنەگر وێرانکردنى ئەو دنیایەیە. چونکە رەنگیشە رەخنەگر چ دنیاى دیکە لەسەر کەلاکى دنیاى نووسەر دروست نەکاتەوە، پاڵەوان نەزانێت پێویستە چى بکات و چى دیکە بەرهەم بێنێت. ئەوە ئەرکى رەخنەگریش نیە، ئاراستەى پاڵەوانەکەى بکات بۆ ئەوەى ئەلتەرناتیفێک بدۆزێتەوە بۆ ئەو دنیایەى کاولى کردووە.


چوارەم: نووسەر و تێکست و سێنترالیزم:

ئەوەى تا ئێستا لە ئەدەبیاتى کوردیدا دیارە و ئەو کاراکتەرەى رەخنەى کوردى زیاتر بایەخى پێئەدات نووسەرە نەوەک تێکست، دیارە ئەم بایەخ و رەخنەگرتن و لەسەر نووسینەش لەسەر چەندین ئاستدا دیاربووە، لەوانە لە ئاستێکى سادەدا لە رەخنە سەرەتاییەکانەوە کە زیاتر ژیانى نووسەر و کەسایەتى ئەو جێگەى بایەخ و لێکۆڵینەوە و روانین بووە لە کاریگەرییە دەروونى و شێوەى ژیانى ئەو لەسەر دەقدا، کە دیسان ئەمەشیان بە چەندین ئاستى جیاواز لێى کۆڵراوەتەوە. بەوەى تێکست دەرهاویشتەى پاڵدەرە دەروونییەکانى نووسەر بێت، هەروەک چۆن لە پێش ئێستاش ئاماژەمان پێدا کە هەتا نیچەش لەم بارەوە لەسەرى نووسراوە، لە رەخنەى کوردیشدا زۆر بابەتى رەخنەیى باس لە کەسایەتى نووسەر ئەکەن، و ئەوە روون ئەکەنەوە کە پاڵدەرە دەروونى و فکرییەکانى کاریگەریى تەواویان لەسەر تێکستدا هەیە.

رەنگە رەخنەى تەئویلى یان راڤەیى، بە تایبەتیش بە کاریگەریى رۆلان بارت و درێدا تا رادەیەک لەسەر بنەماى مەرگى نووسەرەوە هەوڵیان دابێت لەو شێوازە رەخنەییە دوور بکەونەوە و بەوەى کە زیاتر ئەم جۆرە رەخنانە هەم پۆزەتیفیستین و هەم رێگەش بە خوێنەر نادەن بۆ ئەوەى ماناکانى خۆى لە تێکستدا بدۆزێتەوە.

لە ئاستێکى دیکەدا رەنگە زۆربەى رەخنەى کوردى هێڕش کردنێک بووبێت بۆ سەر کەسایەتى نووسەر نەوەک بۆ سەر تێکست، ئەمەش دیارە گورزى خراپى لە پرۆسەى رەخنەکردندا داوە، بەوەى رەخنە ببێتە کار و گەڕانێکى مەعریفى هەم لە ناو نووسەر و هەم لە ناو تێکستدا، لێ بە شێوازێکى گشتى تا دواى نۆهەتەکانیش رەخنەى کوردى زیاتر سەودایەک بوو لە گەڵ نووسەردا نەوەک لە گەڵ تێکست.

لێ ئایا رەخنەى نوێى کوردى یان راستتر بڵیێن لە کۆتایى هەشتاکان و سەرەتاى نۆهەتەکانەوە، ئەگەر زیاتر دەستنیشانیشى بکەین، لەگەڵ هەوڵەکانى مەریوان وریا قانع بۆ خوێندنەوەى تێکستەکانى گۆرانەوە بە میتۆدى بونیادگەرییانە و وەک خۆى ئەڵێت لە رووە (گۆڵدمانییەکەیەوە) ئەتوانین دەستنیشانى هەوڵە سەرەتاکانى رەخنەیەکى نوێى کوردى بکەین، کە ئەیەوێ زیاتر تەماس لەگەڵ تێکست بکات نەوەک نووسەر، کە لێرەشدا رەخنەگر وەک خوێنەرێک زیاتر سەرگەرمى خوێندنەوەى تێکست بێت و هێڕشى بکاتە سەر نەوەک نووسەر.

دیارە دواى هەوڵە سەرەتاکانى مەریوان کۆمەڵێک نووسەرى دیکە و بە تایبەتیش دواى راپەڕین، بە سوود وەرگرتن لەکۆمەڵێ میتۆدى نوێى رەخنەیى توانیان کردەى خوێندنەوە و راڤەکردن بە ئاستێکى فرەوان بەسەر دەقە کوردییەکاندا بسەپێنن.

رەنگە ئەو ساتانە ساتى جیابوونەوەى تێکست و نووسەر لە یەکترى، ساتى لێک دابڕانێک بووبێت لە نێوان تێکست و نووسەردا، دواییش نووسەر هەقیقەت و تێکست و هەقیقەت و کردەى خوێندنەوە و هەقیقەت و مانادا.

دیارە کۆمەڵە نووسەرێک پەیدابوون کە بە شێوازى جیا و بە میتۆدى جیا گەڕانەوە سەر تێکست، نەوەک نووسەر، پێشموایە زیاترینى ئەوکەسانەى ئەو جۆرە رەخنەیەیان هێنایە کایەوە، خۆیان بە پلە یەک نووسەرى دەق بوون، نەوەک خوێنەرى دەق، واتە زیاتریان وەک نووسەر و شاعیر ناسراوبوون نەوەک وەک رەخنەگر.

دیارە چ ئەو برادەرانەى لە رەهەندەوە ئەیاننوسى یان ئەوانەى لە دەرەوەى پرۆژەى رەهەندەوە بوون، زیاتریان خاوەن دەقى شعرى و رۆمان بوون، یان هەتا ئەوانەى رەخنەشیان ئەنووسى رەنگە بە دەگمەن نەبێت ئەگەر نا کەسیان نەبووە خاوەن دەقى شعرى نەبێت.

لێرەدا پێموایە سەرەتاى خوێندنەوە لە نووسەرى دەقەکانەوە پەڕییەوە ناو رەخنە، بەوەى نووسەرەکان بەر لە رەخنەگرەکان رێگەیان بۆ راڤە و خوێندنەوە خۆش کرد، نەوەک رەخنە رێى بۆ ئەم پرۆسەیە خۆش کردبێت.

هەر لە هەوڵەکانى مەریوان و بەختیار عەلى و هاشم سەراج و کەریم دەشتى و عەبدولموتەلیب عەبدولڵا و رێبوار سیوەیلى و رێبین هەردى و نەجات حەمید ئەحمەد و چەندین ناوى دى.

کە رەنگە زۆربەى ئەو ناوانەى سەرەوە خاوەن دەقى شعرى و رۆمان بن. کە لە پاڵ دەقەکانیشیاندا دیسانەوە کۆمەڵێ لێکۆڵینەوەى هزرى و مەعریفى و فەلسەفى جۆراوجۆریان هەیە.


هەر چۆنێک بێت ئەوەى من لێرەدا ئەمەوێ لەسەرى بوەستم ئەوەیە کە خوێندنەوە یان راڤە یەکێک لە سیما سەرەکییەکانى ئەوەبوو، کە تێکست بکاتە سەنتەرى خۆى نەوەک نووسەر، کە لێرەشدا لێکترازانێک بەمانا درێداییەکەى لە نێوان نووسەر و هەقیقەت و مانادا دروست بوو، کە ئەمەش وایکرد لێپیرسینەوەى نووسەر لە بەرامبەر ئەو هەقیقەت و مانایانەى ئەو بە تێکستى ئەدا نەبینرێت و تەنیا حساب لەگەڵ تێکست بکرێت کە ئەو خاوەنى گووتە و قسەیە نەوەک نووسەر.

نەمانى پەیوەندى لە نێوان نووسەر و تێکستدا بە ماناى بە پەراوێزکردنى نووسەر و سەروەرکردنى تێکست خاڵى نەبوو لە ئیشکالیەت و ئاریشە. لەو ئاریشانە:


1. دووفاقییەک لە نێوان خوێندنەوەکاندا بۆ نووسەر و تێکست. زۆربەى زۆرى ئەو رەخنانەى گیراون ئەگەر بە ماناى پەیوەندى نەکردنیش بێت بە نووسەر و تەنیا خوێندنەوەو هێڕ ش بێت بۆ سەر تێکست. ئەوا خودى رەخنەکان نەیانتوانیوە تێکستەکان لە ماناکانى نووسەر دەرباز بکەن، ئەویش لەبەر یەک هۆى زۆر ساکار کە ئەوەیە: هیچ تێکستێک نەیتوانیوە لە دەسهەڵاتى ماناکانى نووسەر دەربازبێت.
2. ململانێى نێوان تێکست و نووسەر هەمیشە بە سەرکەوتنى نووسەر تەواو بووە. هەر تێکستێک مانایەک یان چەندین ماناشى هەبووبێت ماناى نووسەر بووە، نەوەک تێکست.
3. کاراکتەرى نووسەر لە نێو دەقە رەخنەییەکاندا لە زۆربەى گووتە زاکانى رەخنەگرەکاندا گەڕانەوە بووە بۆ نووسەر، هەر لە دەستەواژە سادەکان وەک : (نووسەر ئەیەوێ بڵێ، یان بە راى نووسەر، بە بۆچوونى نووسەر و دیتنى نووسەر و هتد، لە ئاستێکى دیکەشدا رەخنە بەردانى ئەو ساتە گەشانەى زمان بووە کە نووسەر گرتوویەتى نەوەک تێکست، یان گەڕان بە نەستى نووسەر و ئاشکراکردنى هاندەر و پاڵدەرە ناوەکییەکانى نووسەر نەوەک تێکست)
4. ئەو نووسەرانەى کە رەخنەییان لێگیراوە، هەر هەموویان هەستیان کردووە رەخنە لە ئەوان ئەگیرێت نەوەک لە تێکستەکان، کە ئەمەش بۆتە هۆى دەمارگرژیى و توڕەبوون تا ئاستى نا ئەدەبیش.
5. بە شێوەیەکى گشتى خوێندنەوە، چ گەڕان بووبێت بە دواى مانادا یان هەقیقەتدا، یان ستاتیکا و چێژدا، نەیتوانیوە تێکست بکاتە سەنتەر و نووسەر پەراوێز بکات.

دیارە من لێرەدا نە نووسەر پەراوێز ئەکەم و نە تێکستیش، لە هەمان کاتیشدا نامەوێت یەکیان رەسەن بکەم و ئەوەى دیکەیان ساختە.

رەنگە من لە بۆچوونەکەى هایدیگەر نزیک بم، کە پێوابێت هەم نووسەر سەرچاوەى تێکستە و هەم تێکستیش سەرچاوەى نووسەرە.

ئەشکرێت لە خوێندنەوەى جۆراوجۆردا هەم نووسەریش بمرێت و هەم تێکستیش، بەڵام چ مردنێک؟


1. ئەو مردنەى من مەبەستمە، بە هیچ شێوەیەک ئەوەنیە نووسەر پەیوەندى بە تێکستەوە نەمێنێت، ئەگەر چى مێژووى ئازادى نووسەر تا ئەو ساتەیە بابەتى بڵاونەکردۆتەوە، دواى ئەوە مێژووى خوێنەر دەست پێ ئەکات، بەڵام بەو مانایە نا کە مێژووى نووسەر هەبوونى نامێنێت و ماهییەتەکەى لەسەر کردەى خوێندنەوەى خوێنەردا یان لە رەخنەدا جێگەى بایەخ نەبێت، و رەخنە لە نووسەر نەگیرێت و تەنیا رەخنە لە تێکست بگیرێت.
2. مەرگى نووسەر لێرەدا ئەگەر بەماناى کوشتنى یان دەربازبوون بێت لە سستەمى بیرکردنەوەى نووسەر و خوێندنەوە بتوانێت تێکست بگەیەنێتە سستەمى بیرکردنەوەى خوێنەر. بیرکردنەوەیەکى جیاواز و دژ و ناکۆک و یان هەتا وێکچووش لەگەڵ نووسەردا. ئەگەر نووسەر توانى تێکستێک بنووسێت تیایدا بە ئامراز و کەرەستە مەعریفى و ستاتیکایەکانى وا بکات تێکست ئەو دەلیفەیە بداتە خوێنەر بۆ ئەوەى بە پێى سستەمى بیرکردنەوەى خۆى تێکست بخوێنێتەوە ئەوا کارێکى ئەدەبیانە و رەخنەگرانەیە، کە خوێنەر تیایدا ئەبێتە خاوەن مانا و هەقیقەتەکانى نووسەر و تێکست لەیەک کاتدا.لێ ئایا ئێمە چەند تێکستمان هەیە کە بە کردار لە رەخنەدا ئەو زەمینەیەى خۆش کردبێت کە خوێنەر بێت و بە سستەمى بیرکردنەوەى خۆى تێکست لە دەسەڵاتى ماناکانى نووسەر دەرباز بکات؟
3. زیادەڕۆیى نیە ئەگەر بڵێم نووسەرى مردوو بەو تەرحەوە هێشتا لە ئەدەبى کوردیدا بە دەگمەن نەبێت لە دایک نەبووە. زۆربەى خوێندنەوەکانى تێکستى کوردى (شعر و رۆمان) لە دەسهەڵاتى مانا و هەقیقەتى نووسەر دەرنەچووە، دەریش ناچێت چونکە نووسەران بە هەموو توانایانەوە هەوڵ ئەدەن کۆنترۆڵى مانا و هەقیقەت و کەسایەتییەکانى دەقەکانیان بکەن.
4. ئەم ئاریشەیە وا نەبێت تەنیا وابەستەى خولیا و حەزى نووسەر بێت بۆ کۆنترۆلکردنى تێکست و فەرزکردنى خۆى، بەڵکو زیاتر پەیوەستە بەو ژینگە رۆشنبیرییەى نووسەرى کوردى تیایدا ئەژى و نووسەرى تێدا بەرهەم دێنێت. بە شێوەیەک کە رێگە نادات ئێمە خاوەن پیرۆزى و یەقین و راستى و مانا نەبین. هەر نووسەرێک بگریت لەهەر تێکستێکدا، چەندین ماناى فەلسەفى و دینى و سیاسى و سایکۆلۆجى و کۆمەڵایەتى و مەعریفى و ستاتیکاییت ئەداتێ. بە شێوەیەک کە ململانێیەکى تەواو دیارە لە نێوان ئەوەى نووسەر ماناکانى خۆى و هەقیقەت و جوانییەکان پەلکێشى ناو ئەدەب ئەکات، یان ئەدەب پەلکێشى ناو ژیانى خۆى ئەکات. دیاریشە مەبەستم لە ئاستە سادەیەدا نیە، بەوەى رۆماننووسێک بیۆگۆافیاى ژیانى خۆى لە رۆمانێکدا تۆمار ئەکات، یان لە تێکستێکدا زاتییەتى خۆى بەسەر تێکستدا فەرز ئەکات، بەڵکو مەبەستى من زیاتر لەو ئاستەیە کە تیایدا ئەدەب و دەسەڵاتى نووسەر لە تێکستدا ئەکەونە ململانێ و نووسەر ناتوانێت دەسبەردارى ئازادى و مانا و هەقیقەتەکانى خۆى بێت لە بەرامبەر ئازادى تێکستدا.
5. نووسەر بۆ ناتوانێت دەسبەردارى ئازادییەکانى خۆى بێت بۆ تێکست؟ بە دەربڕێنێکى سادە چونکە نووسەر ئەیەوێت خۆى بێت، خۆبوونیشى لەو دەسەڵاتەدا ئەبینێتەوە کە مانا و هەقیقەتە رێژەیى و رەهاکانى خۆى بە خوێنەر بدات، جوانییەکانى خۆى لە تێکستدا نمایش بکات، کە لە دەرئەنجامیشدا ناتوانێت خۆى بێت و کۆمەڵێ هەقیقەت و باوەڕى و فەلسەفە و جوانیمان ئەداتێ، کە ناکرێت هەڵوێست و راو بۆچوونەکانى خۆى تێدا بشارێتەوە.
6. نووسەر لە تێکستدا بە هەر شێوەیەک بێت ماهییەتى خۆیمان بۆ نمایش ئەکات، ماهییەتێک کە هەمیشە خەریکى خۆ نیشاندان و خۆ دەربڕینە لە ناو تێکستدا، نووسەر هەردەم ئەیوێت لە پشت تێکست و لەناو تێکستدا دیار بێت. لە دەستەواژە شعرییەکان و لە رۆحى پاڵەوانەکان و رووداوەکاندا، من هەمیشە دژى ئەوەم یەک تێکستى کوردیش توانیبێتى نووسەر کاڵ کاتەوە،چ لە رێى زمانەوە بێت یان لەرێى پاڵەوان و کاراکتەرەکانییەوە بێت.
7. زمانى نووسەر یان پاڵەوانەکانى نووسەر، موڵکى نووسەرەکانن، ئەوان خالقى ئەو نووسەرانەن و خواوەندییانن، هەر بۆیەشە نووسەرەکان زۆر بەوە پەست و توڕەن کە رەخنە بێت و پاڵەوانەکانى ئەوان بەکار ببات و لە رێى رووداو و ئەو کەسایەتییەى نووسەر پێى بەخشیوە لابدات. وەک ئەوە وایە تۆ کوڕى یان کچى باوکێک بە رووى باوکى یان دایکییەوە بتەقێینییەوە و یاخیبوونیان لەو ژینگە و ئاسمان و کەشەى رۆمانووس خەلقى کردووە بیانهێنییە دەر و هەوڵى دەرچوون و دەربازبوون بکەن لە دەسەڵات و سنوورى نووسەر.
8. ئەو ئەزموونەى هەندرێن و من، پێموایە یەکێکە لە ئەزموونە رەخنەییە هەر جوانەکان و نوێیەکان کە دێت و ململانێیەک لە رێى کەرەستەکانى نووسەرەوە لەگەڵ نووسەر ئەکات، بەوەى تەواوى ئەو دنیایە بڕوخێنێت کە رۆمانووس بە دنیاى راستەقیەنەى خۆى ئەزانێت، بە جەوهەرى ژیانى پاڵەوانەکانییەوە ئەزانێت.
9. دنیاى (هەقیقى) و (جەوهەر)ى نووسین و ، جەوهەرى پاڵەوان و جەوهەرى رەخنە و جەوهەرەکانى دیکەش، ئەخاتە ژێر پرسیارکردن و ئەکرێت بڵیێن جەوهەر چیە؟
10. ئایا شتێک هەیە ناوى جەوهەرى نووسەر یان جەوهەرى تێکست یان رەخنە بێت؟
11. تا ئێستا من پێموایە نووسەرەکان، چ لە شعر بێت یان لە رۆمان بێت یان لە کردەى خوێندنەوە و رەخنەشدا هەمیشە بە دواى جەوهەردا ئەگەرێن، هەر جەوهەرێک بێت؟ جەوهەرى ژیان یان ئەدەب یان نووسەر یان نووسین یان رەخنە یان خوێندنەوە و هتد.....، پرۆسەى بە جەوهەر بوون و جەوهەر گەرایى کردەیەک بووە هەمیشە نووسەرانى مژویل کردووە و تەواوى ئەو دنیا و کاراکتەر و رووداوانەى خەڵقیشیان کردووە بۆ نیشاندانى جەوهەرێک بووە. کە ئەمەش وایکردووە هەر هەموو تێکستەکان گیرۆدەى مانا و هەقیقەت و جوانى و چێژ بن، کە نووسەریش خۆى گیرۆدەى ئەو شتانەیە.
12. ئەو چەمک و تێگەیشتنانەى نووسەرەکان پێشبەرى ئەکەن، بە شێوەیەک لە شێوەکان نەیانتوانیوە، خۆیان لە راوێژکردن و نیشاندان و گایدکردندا بپارێزن، چونکە عەوداڵى ژیان و گیرۆدەى ماناکانى ژیانن، ئەمەش وایکردووە هەمیشە مانایان پێ بێت و بیفرۆشنە تێکست.
13. نووسەران زۆریان پێیان وایە، نووسەر سەنتەرى زانین و راستییە ، چ رێژیى بێت چ رەها، زانین و راستى و هەقیقەت لە لاى نووسەردا جەوهەرێکى شارداروەیە لە تێکستدا یان ئاشکرایە، خوێندنەوەش دێت و کەشفى ئەکات.
14. لەگەڵ هەموو خوێندنەوەکانیشدا هەمیشە، نووسەر سەروەر بووە، لە زۆر ئاستى سادە و باڵاشدا نووسەران شانازى بەو خوێندنەوە و راڤانە ئەکەن کە لەسەر یان ئەنووسرێت، چونکە پێیان وایە نووسین لەسەر تێکستەکانییان ناو و شوهرەت و ناوبانگییان بۆ دروست ئەکات، بۆ ئەوان نەوەک بۆ تێکستەکانییان، خوێندنەوەش هەوڵێکە بۆ ناساندنى ئەوان و بەرهەمەکانییان.
15. لە ئاستێکى دیکەدا نووسینى رەخنەیەکى لەو جۆرەى من و هەندرێن، کە ناوى ئێمەشى لەسەر نەبووە، بۆتە مایەى شۆک بۆ نووسەرانى ئەو بەرهەمانەى کە لەسەریان نووسراوەو بۆ خوێنەرانیش. چونکە نووسینى بەرهەمێک و بڵاونەکردنەوەى بە بێ ناو، خۆى لە خۆیدا شۆکێکە بۆ خوێنەر، چونکە تا ئێستا نووسەرانى ئێمە نەیانتوانیوە لە سەر هەر تێکستێکدا بەسەر ناوى خۆیاندا زاڵ بن و تێکست ناوى ئەوان بشارێتەوە، وەک رەمزێکى بچووک بۆ دەلالەتى حازرنەبوونى نووسەر و سەروەرى بەخشین بە تێکست، لە لایەکى دیکەشەوە خوێنەر و نووسەرى بەرهەمى رەخنە لێگیرا و وەک نموونە بۆ زۆربەى نووسەران و خوێنەران، تەعبیر لەو دۆخە تراژیدییەى رۆشنبیرى ئێمە ئەکەن، کە نووسەران و خوێنەران هەمیشە لە دواى ناوى نووسەر ئەگەڕێن، نەوەک بەهاکانى تێکست، کە ئەمەش ئاماژەیەکى دیکەیە بۆ ئەقلییەتى نووسەرانمان و هەیمەنەى خۆیان وەک ناو نەوەک تێکست لەسەر رۆشنبیرى کوردیدا، ئەوەى هەیمەنەى بەسەر رۆشنبیرى کوردى دا هەیە ناوى نووسەرە نەوەک بەهاى تێکست، ئەمەش وا ئەکات ئەگەر ئەو نووسینەى هەندرێن بۆ نموونە هى نووسەرێک با ناوەکەى هەیمەنەیەکى هەبا لە رۆشنبیرى کوردى دا ئەوا بێگومان هەم لاى بەختیار عەلى و هەم لاى زۆربەى خوێنەرانى کوردیش بە شێوەیەکى دیکە پێشوازى لێئەکرا و کاردانەوەى ئەبوو، ئاخر زۆربەى نووسەرە بە هەیمەنەکانى رۆشنبیرى کوردى کەى تاقەتى ئەوەیان هەیە نووسینێک بخوێنەوە کە خاوەنەکەى ناسراو نیە؟ کەیش تاقەتى ئەوەیان هەیە تێکستێکى نووسەرێکى بە هەیمەنە وەک تێکست بخوێنەوە نەوەک وەک خاوەنى تێکستەکە کێ یە؟ بۆ من ئەمەیان دۆخێکى تراژیدى زۆر گەورەیە کە وام لێئەکات لە هەمو ئەو ناوانەش بە گومان بم کە لە دەرەوەى کوردستان و رۆشنبیرییەکانى دیکەش ناویان هەیمەنەى رۆشنبیرییان کردووە، هەر بۆ نموونە ئەگەر باسى ئەفغانستان بکەین یان پاکستان یان هیندستان یان هەر وڵاتێکى بێ بایەخ و بێ ناو لە رووى ئەو رۆشنبیرییەى زاڵە و تواناى هەیمەنەى نیە، ئایا تۆ بڵێت لە رۆشنبیرى جیبۆتیدا کەسێک نەبێت تێکستێکى بەقەد بۆدلێر و رامبۆ و لۆترێمۆن و چیخۆف و بەختیار عەلى و هێمنگواى و نووسەرانى دیکە نەبێت؟ تۆ بڵییت لە ئەفغانستاندا شاعیرییان نەبێت لە ئەدۆنیس و ئۆکتافیۆ باز و ئالیۆت و دەیانى دیکە زیرەکتر و شاعیرتر نەبێت؟ تۆ بڵییت لە مالدیف نووسەرێک نەبێت لە درێدا و بارت و هایدیگەر و دەیانى دیکە جوانتر نەبێت؟ بۆیەشە لە کوردستاندا ئایا ئەوانەى شاعیرى رۆژن و رۆماننوسى رۆژن و دەرگەى دەزگەکانى چاپ و وەشخانەکانییان بۆ لەسەر پشتە، ئایا لە پشت ئەواندا نووسەرى کارامەتر و تێکستى لەوانە جوانتر نین؟ ئایا نووسەرانى دیکە نین شتییان لەوان زیاتر لەباردا بێت؟ ئایا هەر بۆ نموونە سایتێکى وەک (ماڵێک لە ئاسمان) ناتوانێت بێتەوە سەر زەوى و تەماشاى ئەو نووسەرانە بکات کە لە قوڕو چلپاوى گەڕەکە پیسەکانى سەر زەوییەکانى هەولێر و سلێمانى و کەرکوک و دهۆکدا ئەنووسن، شتیان هەبێت لەو نووسەرانەى تێپەڕاندبێت کە لە ئاسمانەوە لە بورجێکى عاجییەوە تەماشاى خەڵک و نووسین و تێکستەکان ئەکەن و رەنگە هیچ نەبینن تەنیا وێنە و ئاوێنەکانى خۆیان نەبێت؟ بە کورتى دۆخەکە ئەوەندە تراژیدییە ئەگەر نووسەرانى بە هەیمەنە رووبەڕووى ململانێیەکى جدى نەکەینەوە و لە ئاسمانەوە نەیانهێنینەوە سەر زەوى ئەوا بەهاى تێکستەکان تەنیا بۆ ئەو خواوەندانە ئەبێت کە حوکم و بڕیارى رەها لە سەر جوانى و مانا و هەقیقەت و دنیا و ژیان بدەن.
16. دیارە مەبەستیشم لێرەدا لە شاردنەوەى ناوى نووسەر هەرگیز ئەو هەوڵە سادەیە نیە نووسەرێک لە تەوازعى خۆیەوە یان لە ئینکارکردنى ناوى خۆیەوە ناوەکەى لەسەر تێکست دانەنێت، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە تێکستێک بێتە ناو ئەدەب و رەخنەوە کە لە روحى خۆیدا، بێ ناوى ، هەڵگرێت و ماهییەتى تێکستەکە ناوى نووسەر رەت کاتەوە، واتە تێکست پڕ بە ماناى وشە ئازاد بێت لە نووسەر، کە من بۆ خۆشم وەک سەرەتاى ئەو جۆرە نووسینە ئەگەڕێنمەوە بۆ هەندرێن حەمەدەمین و منیش لەم نووسینەدا ئەمەوێت پەرەى پێبدەم.
17. رووبەڕووبوونەوەى ئەو دۆخە تراژیدیە، لەو هەوڵە سەرەتایانەى ئەبینمەوە، کە ململانێیەکان لە فکرەوە دەست پێبکەن و لە ماهییەتى ئەو نووسەرانەش بکۆڵینەوە کە لە دووفاقییەکى تەواودا تێکست بێ بەها ئەکەن و خۆیان سەروەر ئەکەن. بۆیە گەڕانەوەى من بۆ تێکست و تێکشکاندنى بۆ پیرۆزکردن و بە رەسەنکردنى نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە:

یەکەم تێکست لە دەسەڵاتى نووسەر دەرباز بکرێت و ئینجا لە کردەى کوشتنێکدا کە لە ئینتحارەوە نزیکترە پاڵەوانەکان رووبەڕووى بەهاکانى نووسەر ببنەوە و تێکست تێک و پێک بشکێنن.
دووەم: کوشتنى تێکست ، سەروو ژوورکردنى ماناکان و هەقیقەت و جوانییەکانى نووسەرە بۆ شتێک کە خەمى ئەوەى نەبێت تەواو دژى نووسەر ئەبێت یان لەگەڵى تەبا ئەبێت، وەک چۆن لە خەمى ئەوەش نەبێت دنیایەکى دیکە بینا ئەکاتەوە یان نا، تەنیا تێکدانى باوەڕ و یەقینەکانى نووسەرە.
سێیەم: خوڵقاندنى ئەو ململانێیە لە پێناو شڵەقاندنى ئەو دۆخە تراژیدییەى نووسەرى کورد لە رۆشنبیرى ئێمەدا شینى ئەکات، هەروەها گەڕانە لە رەهەندێکى دیکەى کردەى خوێندنەوە و رەخنەى کوردیدا.
چوارەم:لە نێوان تێکست و نووسەردا هاوسەنگییەک هەبێت و کەسیان لەسەر حسابى ئەویتردا نەفى نەکرێتەوە و نەسڕدرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا بەکارهێنانەوەى تێکست بۆ رووبەڕووبوونەوەى ماناکانى ناو تێکست و ماناکانى نووسەر.
پێنجەم:ئیدى رەخنەش تەنیا کردنەوەى ساتە گەشەکانى زمان نەبێت کە تێکست گرتوونى، بەڵکو کردنەوە و گرتنیان بێتەوە لە رێى فانتازیاى رەخنەوە. رەگەزى فانتازیا لەو رەخنەیەدا هەوڵێکە بۆ خوڵقاندنى تێکستێک کە ببێتە میتا تێکستێک لەسەر تێکستى یەکەم و هەروەها میتا تێکستێک کە کردەى راڤە تێپەڕێنێت و ببێتەوە بە تێکستێک لە رەخنەدا و رووبەڕووى تێکستى یەکەم ببێتەوە.
لەم جۆرە رەخنەیەدا، رەخنەى فانتازى خۆیشى ئەبێتەوە دەقێکى نوێ، کە لە روحى شعر و هەندێ ماناکانى شعرەوە نزیکە، بۆ روونکردنەوەى ئەو هەندێ، لە ماناکانى شعرەوە تکایە لە پاشکۆى ئەم کتێبەدا سێ گووتار بە ناوى شعر و خوا و شعر و شەیتان و شعر و تراژیدیا بخوێنەوە.


پێنچەم: پێوەر:


لێرەدا ئەگەر بە کورتیش بێت ئەگەڕێمەوە بۆ بۆچوونى نیچە بۆ مێژوو، دیارە لاى نیچە مێژوو سەرکەوتنى ئەو هێزە خێرخواز و هەقیقەتخوازانە نیە بەسەر هێزە شەڕانییەکان و نا هەقیقییەکان یان دوژمنانى هەقیقەت، هەر هێزێک کە دەسەڵات ئەگرێتە دەست جۆرە ئەخلاقێک دا ئەهێنێت کە بەرژەوەندییەکانى بپارێزێت، بۆ من پێوەرى نووسەر و رەخنەگرانیش کردەیەکە زۆر دوور نیە لە ماناکانى خوێندنەوەى نیچە بۆ مێژوو، رەخنەى کوردیش و نووسەرانى تێکستیش بڕوایان بەو پێوەرانە هەیە کە ئەوان خۆیان دایئەهێنن و بە سوود وەرگرتن لە زۆر سەرچاوەى رەخنەیى و مەعریفى جۆراوجۆرەوە، بۆ ئەوەى شێوە و مانا و هەقیقەتەکانى خۆیان بکەنە بەهاى هەقیقى تێکستەکان و بەو پێوەرانەوە تێکستەکان بپێون ،کا چەند لەومانایانەوە نزیکە کە لەگەڵ ئەخلاقى نووسینى ئەوان کۆک و تەبایە؟! بۆ من ئەو کردەیە ، پێوەرەکانى تێکستى کوردى و رەخنەى کوردى، ئەگەر تێکستێک یان رەخنەیەک نەکەوێتە ناو ئەخلاقەوە ئەوە شایانى قبوڵ کردن نیە و ئەبێت رەت بکرێتەوە، رەتکردنەوەى ئەو رەخنەیەى ناتەباییە لەگەڵ ئەخلاقى نووسەرەکان لە پێویستییەکەوە دێت کە لە دەرەوەى پرۆسەى نووسین و تێکستەکانە، بەڵکو هەموو کاتێک کۆمەڵێ (پێویستى دەرەکى) ئەبینرێنەوە بۆ ئەوەى ئەو رەخنانە رەت بکرێنەوە، چونکە لەگەڵ پێوەرى ئەو نووسەرانە ناگونجێت و ململانێ ئەکات،

یەکێک لە پێوەرە باو و کەییەکانى رەخنەى کوردى، (ئەکادیمیایە)، کە وشەى ئەکادیمیا، ئەوەندە سواو بووە کە هەر نووسەرێک بۆ رەتکردنەوەى هەر کارێکى رەخنەیى یان لێکۆڵینەوە یان هەر تێکستێکى دیکەدا کە لەگەڵ ئەخلاقى ئەو ناگونجێت و بەرژەوەندییەکانى ئەو ناپارێزێت بۆ رەتکردنەوەى ئەو رەخنەیە بەکارى دێنێ. وەک ئەوەى ئەوەى دەرچووى زانکۆ نەبێت و ئەکادیمیانە نەنووسێ ئەوە ئەو ناتوانێت هیچ بڵێت؟!

دووەمیشیان راڤە یان تەئویلە، کە ئەویش دیسانەوە رەخنەى هاوێشتۆتە قوڕنەیەکەوە کە هەر کەسێک لەو قوڕنەیەوە نەنووسێت، ئەوە لە دەرەوەى گەمەکانى رەخنە و نووسینى رەسەن و تێکستى مەعریفى و هزرییانەیە، تەوژمى دووەم، رەخنە لە خوێندنەوە کورت ئەکەنەوە، خوێندنەوەیەک کە پەیوەندى بە نووسەرەوە نەبێت بەڵکو تەنیا سەودا لەگەڵ تێکست بکات، من بۆ خۆم پێموایە، ئەو تەوژمە کە زیاتر لە دواى سەرهەڵدانەوە پەرەى بە خۆى دا، هاوکات بوو لەگەڵ بێدەنگ کردنى رەخنەى سیاسى و دینى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و هتد..لە کوردستاندا، من پەیوەندییەکى زۆر پتەو و بەهێز لە نێوان بێدەنگ کردنى خەڵکى لە بەرامبەر حزب و هێزە زلەکانى کوردستان لە کایەى سیاسیدا و بێدەنگ کردنى خەڵکى لە بەرامبەر دین و بەتایبەتى ئیسلام بە گشتى و پەرەسەندنى ئیسلامى سیاسى لە کوردستاندا، لەو لاشەوە لە کایەى ئەدەبدا هەمان بێدەنگ کردن دروست بوو لە بەرامبەر ئەو دەنگانەى کە بوونەتە رەمزى نەتەوەیى و رۆشنبیرى لە کلتورى کوردیدا.

لە یەک کاتدا کە زلهێزەکانى کوردستان ئەیانەویست هەموو خەڵک لە بەرامبەر کوشتن و تاوانەکانى شەڕى ناوەخۆ و گەندەڵى و بەدکارییەکان بێدەنگ بن و رەخنە نەگرن، و هێزە دینییەکان و رەمزە دینییەکانیش لە هەمان کاتدا ئەیانەویست کەسێک نەبێت رەخنە لە فەتوا و هێڕشەکانى تیزاب و وانە تەکفیرییەکان و هێلە سیاسییەکانى ئەوان بگرێت، رێک لەو کاتەدا، (حەسار و سەگەکانى باوکم) ى شێرزاد حەسەن لە دایک بوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو بەهایانەى سیاسەت و دین لە کوردستان ئەیانچاند، ئەوە ئەدەبیش لە رێى رەمزێکى گەورەى خۆیەوە، هەمان بەهاى بێدەنگ کردنى ئەچاند. بەوەى نەمانى باوک_دەسەڵات_ ئەوە کوڕو کچەکان سەرگەردان ئەکات و فەوزاى لە دواییەوە دێت، ئیدى بێدەنگى و نەکوشتنى باوک باشترە لە کوشتن و نەهێشتنى باوکە سیاسى و دینییەکانمان، دواتریش و لەگەڵ پەرەسەندنى ئەو بێدەنگییەدا، گووتارێکى دیکە دێت و داوامان لێئەکات ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات بەیەک چاو ببینین و بە یەک ماهییەت بیانخوێنینەوە، هەورەها ئەو رەوتە ئێستاش لە هەموو کاتێک بەهێزتر و پتەوترە و رەخنەى ئەدەبیش ئەوەندەى ئێستا تێکست و بەهاکانى تێکست و هەقیقەتەکان و ماناکانى لە نووسەرەوە دوور نەخستۆتەوە، لە رووى سیاسیشەوە ئەوە دیسان هەمان تەوژم کارى خۆى ئەکات و هەتا گەندەڵى و ئەو بێ سستەمییەى لە کوردستانیشدا هەیە بەوە لێک ئەدرێتەوە کە پەیوەندى بە سەرۆک و سەرەگەورەکانى سیاسەتەوە نیە، بەڵکو ئەوە ئەو ئەندام و کادیرە بچووکانەى ناوەند و بنەوەن هۆکارى ئەو ئاژاوە و کایۆسە.

بە کورتى ئەمەوێت ئەوە بڵێم، پێوەرە رەخنەییەکانى ئەمڕۆى ئەدەبیاتى کوردى، پەیوەندییەکى توند تۆڵى بە دەسەڵاتى سیاسى و دینییەوە هەیە لە کوردستاندا، زۆربەى تێکستەکان گوێزانەوەى هەمان ئەو دۆگمایانەن لە سیاسەتەوە بۆ دین و بۆ ئەدەب، دیاریشە ئەو بەهایانە لە کایەکانى هونەر و سینەما و شانۆ و شێوەکارى و هەتا میوزیکیشدا دیارن و ئاشکران.

بەکورتتر ئەگەر سیاسى و دینییەکان داواى بێدەنگیمان لێ بکەن، ئەوە نووسەرەکانى کوردیش بە هەمان شێوە داواى رەخنەیەکمان لێ ئەکەن کە پەیوەندى بەوانەوە نەبێت، بەڵکو تەنیا بێین و تێکستەکانییان بخوێنینەوە، لە ماناکان بگەڕیێن و کەشفیان بکەین و بەس، ئەوە پێوەرى ئەو بەڕێزانەیە کە زۆربەى بڵاوکراوە و گۆڤار و رۆژنامە و سایتە ئەلکترۆنییەکان باوەشیان بۆ کردۆتەوە، بۆیەشە نووسین راستەوخۆ لەسەر سەرۆکەکان، لەسەر رەمزە دینییەکان و لەسەر نووسەرەکان وەک یەک وایە، توڕەبوونى نووسەرەکان هیچى لە توڕەبوونى سەرۆک و مەلایەکان کەمتر نیە، رادەى رەتکردنەوەى نووسەران بۆ رەخنە لە وانى دى ، بێ هێزتر نیە.

چونکە ئەوان پێوەرێکیان هەیە تا ئەو ئاستە بڕ ئەکات، تۆ تەنیا خوێندنەوە بکەیت و ماناکان بدۆزییەوە و دواى ئەوە بێدەنگ بیت، ئەو مانایانەى ئەیدۆزییەوە نەپەڕێتەوە سەر میتاى سێیەم، کە رووبەڕوونەوەى نووسەرە بەو مانا و هەقیقەتانەى نووسەر لە تێکستەکەیدا ئەمانداتێ.

هەر بەو پێوەرەوە، نووسەرەکانیش دەقى مردوو و نەمر، باش و خراپ، جوان و ناشیرین، مەعریفە و جەهل، رەسەن و نارەسەن، هەقیقى و وەهمى، پڕمانا و بێ مانا و هتد..، لەبەرامبەر یەکتریدا ریز ئەکەن و بە پێوەرەکانیشیان ئەوەى بەرژەوەندییەکانى ئەوان نەپارێزێت ئەوە فاشیلن و سەرکەوتوو نین، ئەوە رەخنە نین و جەهلن، ئەوە سەلەفین و نوێخواز نین، ئەوە دۆگمایین و نوێکەر نین، ئەوە نەزانن و لێزان نین.

پێوەرێک کە تا ئێستا نەیتوانیوە (جیاوازى) بناسێت و لە نێوان نووسەرەکاندا جیاوازى بکاتە پێوەر ، نەوەک ئەو بەهایانەى لەسەرەوە باس کران، بەوەى بگەنە ئەوەى (ئاست) لە نێوان تێکست و ناوەکاندا بسڕێتەوە و بۆ یەک ساتیش رابمێنن کە ئایا ئەبێت لە نێوان هەر نووسەرێک و نووسەرێکى تردا، ئەوەى هەیە ئاستى بڵند و نزمە، یان جیاوازییە، ئەوەى لە نێوان نووسەرەکاندا هەیە، جوانى و ناشیرینى یە، یان جیاوازى، ئەوەى لە نێوان نووسەرەکاندا هەیە سەرکەوتن و فەشەلە، یان جیاوازى؟!

زۆربەى نووسەرە ئەزیزەکانمان رەنگە تێگەى (پاڵەوان و قارەمان) لە (مەم) ە وە بۆ (بەکۆ) بگوازنەوە، بەڵام تا ئێستا مەوداى بیرکردنەوەى بۆ ئەوە نافڕێت کە (پاڵەوان و قارەمان) وەک تێگەیەک زادەى بیرکردنەوەى ئەوانە و ئەوەى ئەیکەن تەنیا گۆڕینى ناو و کەسەکانە و تێگەکانیش هەروەک خۆیان ، بە دۆگمایى ئەمێننەوە، ئیش کردنى ئەو پێوەرە تەنیا ئیشکردنە لەسەر ناو و ناسنامەى پاڵەوان و قارەمان، بێ ئەوەى لە رەگەوە بێن و ئەو تێگەیانەمان بۆ بهەژێنن، چونکە سڕینەوەى ئەو تێگەیانە و بەتاڵکردنەوەیان لە مانا و جوانى و جەوهەر و هەقیقەت، لە دژى بەرژەوەندییەکانى ئەوانە، ئەوان بە پێوەرەکانییان ئەڵێن ئێمەین پاڵەوان نەوەک ئەوان، جا ئێمە ئەگەر بە مەجازەوە قسە بکەین، ئەوە (بەکۆین) ئەوانیش (مەمن) کە تا ئێستا رۆشنبیرى کوردى بە پاڵەوانى ئەناسێت، ئیدى پێوەرى ئەو نووسەرە بەڕێزانە ئەوەیە کە رۆشنبیرى کوردى پاڵەوانێکى دیکە بناسێت کە پاڵەوانى هەقیقیە، کە ئەویش (بەکۆیە) نەوەک (مەم) وەک ئەوەى (سەدام) پاڵەوان نیە و (هەر سەرکردەیەکى کورد) پاڵەوانە، یان ئەو سەرکردە کوردانەش پاڵەوان نین و (پێغەمبەر) پاڵەوانى هەقیقى یە، هەروەها رەمزە ئەدەبییە سەلەفییەکانیش (خانى) وەک نموونە، پاڵەوان نیە، بەڵکو ئەوە منم پاڵەوان.

ئیدى کوشتنى پاڵەوانێک و لەدایک بوونى پاڵەوانێکى دیکە، هەقیقەتێکە ئەو پێوەرە ئەمانداتێ و وەک پێویستیش لەسەر مان ئەسەپێنێت کە بڕواى پێبکەین، وەک باوەڕ وەریبگرین.بێ ئەوەى رەخنەى ئەوە بکەین، تۆ خودایەک ئەکوژیت و خودایەکى دیکە دروست ئەکەیتەوە، رەمزێک ئەکوژیت و رەمزێکى دى بەیان ئەکەیت، ئیدى سوڕانەوەمان لە ناو ئەو بازنەیەدا، ئەرکى ئەو پێوەرەیە، کە ئەو نووسەرانە سەرئەخات و ئەیانکا بە داڕێژەرى ئەو پێوەرانەى ئەدەب و دنیا و ژیان لە بەرژەوەندییەکانى خۆیاندا کورت ئەکەنەوە.کە دیاریشە جیاوازى، یەکێکە لەو بەهایانەى لە ناو ئەو پێوەرەدا جێگەى نابێتەوە.

لۆگۆسێنترالیزم، بەهاى ئەو پێوەرەیە، کە هەر لە دادگەکانى پشکنینەوە تا ئێستا درێژ ئەبێتەوە و لەناو مێشک و دەروونى ئەو نووسەرانەدا وەها رەگى داکوتاوە، کە ئەبێت هەموو رەخنەکان بە دەورى ئەودا بخولێنەوە و ئەوان چەقى ئەدەب بن، هەروەک ئەم دیاردەیە زۆر بە روونى لەو سایت و لینکانەوە بە ئاشکرا دیارە و (جیاوازى دەنگەکان) و (داواکردنى بەردەوامى سایتەکان کە بابەت لە شوێنى دیکەدا بڵاو نەکەنەوە) بابەتە (نوێکان) بەتەنیا بۆ ئەو سایتانە بنێرن، هەموویان بەڵگەى زۆر سادەى ئەو ئەقلیەتە سێنتراڵیزمەن. کە تیایدا نووسین بە جارێ ئەبێتە نوکتەى مەعریفى.

کاتێ (گالیلۆ)یان لە سێدارە دا، دوو تاوانیان ئاراستە کرد،یەکەمیان دژایەتیکردنى بیروباوەڕى کەنیسە و دووەمیشیان هەوڵدانى بڵاوکردنەوەى ئەو بیروباوەڕانە بە زۆرترین رێگە و شێوە.

بڵاوکردنەوەى رەخنەکانى ئێمەش بە زۆرترین شێوە و لە زیاد لە سایتێک و لە گۆڤارێک و بڵاوکراوەیەک، تاوانێکە لە بەرامبەر ئەو رەخنانەى دیکەى لێمان ئەگیرێت، وەک چۆن هەموو یان زۆربەى کەناڵەکان و پەیوەندییەکان بەرامبەر بە سیاسییەکانى کورد و دینییەکان کراوەن، ئەوە بە هەمان شێوە رەمزە ئەدەبییەکانیش کاتێک تێکستێک ئەنووسن و لەگەڵ بەرژەوەندى کۆمەڵێ کەناڵ تەباییە و کۆکە، ئەوە بڵاو ئەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بابەت لە بەرژەوەندى سایت و بڵاوکراوەکە نەبوو، ئەوە بە بەهانەى سەنتەرى بوونى خۆیانەوە بڵاو ناکرێتەوە.هەر سایتێکیش بابەتێکى بۆ بێت و لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئەو کۆک نەبێت ئەوا بە بەهانەى (دەنگى جیاواز)ەوە قبوڵ ناکرێت.

لێرەدا لەبەرامبەر ئەم بە سەنتەریبوونەى کەس و نووسەران و رۆچوونى ئەو ئەقلییەتە بەناو جەستەى ئەدەبیاتى کوردیدا، بەڵگەى رەهەندەکانى ئەو پێوەرەن کە خودى ئەو نووسەرانە بە رەخنەى کوردیان فرۆشتووە.

رەخنەیەک کە تەنیا بۆى هەیە چەپڵە بۆ بەها و مانا و هەقیقەتەکانى نووسەر لێبدات و تووشى بچووکترین رووبەڕووبوونەوەى فکرییان نەکات.

لە فەرهەنگى ئەو پێوەرەدا زۆر بە ئاسانى وشەکانى (جەوهەر و هەقیقەت و مانا و جوانى و رەسەنایەتى و نەمرى و کرۆک و دەیان دەستەواژەى دیکە ئەبینییەوە) کە تەنیا خزمەت بە نووسەرەکان ئەکات و ئەیانکاتە (پاڵەوان و قارەمان و خوداوەند).


سه‌رچاوه‌کان:
1. بیتر سلوتردایک، "الانجیل" الخامس لنیتشە، ترجمە على مێباح، منشورات الجمل المانیا 2003 لاپەڕە 66-69"
2. هکژا تکلم زرادشت، کتاب للجمیع و لغیر احد، ترجمە علی مێباح، منشورات دار الجمل، کولونیا (المانیا) 2007
3. بیتر سلوتردایک، "الانجیل" الخامس لنیتشە، ترجمە على مێباح، منشورات الجمل المانیا 2003 لاپەڕە 92.
4. هکژا تکلم زرادشت، کتاب للجمیع و لغیر احد، ترجمە علی مێباح، منشورات دار الجمل، کولونیا (المانیا) 2007
5. بابان سەقزى، گاتا سروودە پیرۆزەکانى زەردەشت،لاپەڕە 81، وەزارەتى رۆشنبیرى زنجیرە"488" 2006سلێمانى.
6. بابان سەقزى، گاتا سروودە پیرۆزەکانى زەردەشت،لاپەڕە 87، وەزارەتى رۆشنبیرى زنجیرە"488" 2006سلێمانى.
7. هکژا تکلم زرادشت، کتاب للجمیع و لغیر احد، ترجمە علی مێباح، لاپەڕە39منشورات دار الجمل، کولونیا (المانیا) 2007
8. ئازاد بەرزنجى، لاپەڕە پەرشەکان، چەند دەقێکى وەرگێڕدراو و نووسراو، وتارى جاک درێدا ، مەرگى نووسەر، لاپەڕە 155، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى 2005
9. هەمان سەرچاوەى پێشوو.
10. هەمان سەرچاوەى پێشوو.
11. هەمان سەرچاوەى پێشوو.
12. رۆلان بارت، رەخنە وهەقیقەت و: ئیسماعیل زراعى. لاپەڕە 13
13. ئازاد بەرزنجى، لاپەڕە پەرشەکان، چەند دەقێکى وەرگێڕدراو و نووسراو، وتارى جاک درێدا ، مەرگى نووسەر، لاپەڕە 155، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى 2005
14. هکژا تکلم زرادشت، کتاب للجمیع و لغیر احد، ترجمە علی مێباح، لاپەڕە39منشورات دار الجمل، کولونیا (المانیا) 2007لاپەڕە 37.
15. ێفاء عبالسلام على جعفر،هیرمینوگیقا (تفسیر)"الاێل فی العمل الفنی)دراسە فی الانگولوجیا المعاێرە
16. ێفاء عبالسلام على جعفر،هیرمینوگیقا (تفسیر)"الاێل فی العمل الفنی)دراسە فی الانگولوجیا المعاێرە
17. (د. کەمال محەمەد، نیهلیزم و رەهەندەکانى بیرکردنەوە، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، سلێمانى 2005 بڕوانە لاپەڕەکانى 32-47)
18. بیتر سلوتردایک " الانجیل" الخامس لنیتشە، ترجمە: على مێباح، منشورات الجمل، کولونیا- المانیا 2003
 

*           *           *           *           *


خوێنەرى هێژا .. ئه‌وه‌ی لێرەدا خوێندتەوە و لەگەڵ بەشەکانى دى، پرۆژەى کتێبێک بوو، کە پاشکۆیەکى لەگەڵدایە بە ناوى (شعر و خودا، شعرو شەیتان و شعر و تراژیدیا) بەڵام چونکە ئەوانە لە سایتەکانى ( ئەمڕۆ و هاوپشتى و دەنگەکان و رەنەسانس و یانەى رۆشنبیرى شەقڵاوە و شەقڵاوە پۆست ) بڵاوکراونەتەوە، خوێنەر ئەتوانێت لە ئەرشیفى ئەو سایتانە بیانبینێتەوە.بۆیە من لێرە دووبارەم نەکردنەوە.