پهرتووک
كوشتنى تێكست.

هۆشهنگ شێخ محهمهد
-
بهشی چوارهم -
خوێندنەوە لە نێوان
مەرگى نووسەر و مەرگى تێکستدا.
زەردەشت وەها ئاخاوت
کتێبێک بۆ هەمووان و کەس نا.
دیارە ئەو بەرهەمەى نیچە لە نێوان ساڵەکانى (1883-1885) وەک لە سەرەوەش
ئاماژەمان پێدا، نووسراوە، یەکێکە لە کتێبە هەرە بەناوبانگەکانى نیچە و
پێش هەموو کەسێکیش نیچە خۆى زۆر باسى گرنگى و گەورەیى و بێ وێنەیى ئەم
کتێبەى کردووە، چونکە لێرە بەدواوە لەم باسەدا، زیاتر ئەم کتێبە و تێزى
باسەکەمان لەو بەشەدا چڕ ئەکەینەوە، ئەمانەوێ ئەو نووسینانەى خزمەت بە
باسەکەمان ئەکەن دەست نیشان بکەین و گرنگى ئەو کتێبەش بۆ خوێندنەوەى
خۆمان ئاشکرا کەین، کە ئەویش خۆى لە تێگەیشتنێکى نوێدا ئەبینێتەوە بۆ
رەخنەى کوردى و لە نیچەوە دەست پێبکەین و بگەینە جاک درێداوە، بە
تایبەتیش بۆ " تێزى مەرگى نووسەر" و باسەکەمان لەسەر ئەو پنتەدا
چڕکەینەوە.
یەکێک لە مەبەستەکانى ئەو باسە ئەوەیە، لە نیتشەوە جەغت لەسەر هەندێ
بابەت بکەینەوە، (نووسەر و تێکست و خوێندنەوە) و پەیوەندییان بە (مەرگى
نووسەر و تێکست و بەرپرسیارى نووسەر و رووبەڕووبوونەوەى رەخنەیى) لەگەڵ
نووسەردا بەمانا درێداییەکەى، هەروەها لەم رێیەشەوە بتوانین پێشبەرییەک
سەبارەت بە رەخنەى کوردى پێشکەش بکەین و بەشدارییەک لەو پارچە گرنگەى
نووسین بکەین، کە ئێمە پێمان وایە رێگەیەکى گرنگە بۆ ئەوەى لە هەندێ
رەهەندى دیکەوە تەماشاى ئەدەب و ژیان و هەقیقەت بکەین.
گرنگى ئەم بەرهەمە لە دیدى نیچەوە لە دوو ئاست دایە، یەکەمیان
بەرهەمەکە، دووەمیشیان بلیمەتى خۆى وەک نووسەر، نیچە ئەم بەرهەمەى هەم
بە "ئینجیلى پێنجەم" و " شتێک کە هێشتا ناوى نییە" یان " چامەى شعرى"
هەروەها وەک " دیارییەک بۆ مرۆڤایەتى " یان " تێگەیشتنم بۆ دیۆنیسى
لێرەدا بۆ تە کارێکى بلیمەت " زیاتر لەمەش نیچە ئەڵێ :" پێش ئەو کارە
کەس بۆى نەبووە بزانێ باڵایى چییە، قوڵبوونەوە چییە، لەمەش کەمتر
هەقیقەت چییە.. حیکمەتێک و گەڕانێک لە قوڵایى روحدا نەبوو، هونەرى
وتاربێژیش پێش زەرەدەشت نەبوو" هەروەها سەبارەت بە خۆیشى ئەڵێ: "
قەدەرى مرۆڤایەتى لەسەر شانمە" یان " ئەگەر خۆم بە پێوەرى ئەو کارانە
بپێوم کە لەدەستم دێن ئەوە من لە هەموو ئەو کەسانەى کە لەناوئەچن زیاتر
شایانى نازناوى بلیمەتیم" یان " من هەڵگرى مژدەیەکم کەنموونەى نەبووە
لە پێشدا، تەنیا ئێستا، و لەمنەوە هەبوونى سیاسەتێکى بلیمەتانە لەسەر
زەوى دەست پێئەکات" "1"
لەو وشە و دەستەواژانەى سەرەوەدا، نیچە جەغت لەسەر هەر دوو ئاستى تێکست
و نووسەر ئەکاتەوە، "تێکست" کە ئەو خۆى شوناسى ئینجیلى پێنچەم یان
چامەى شعرى یان بەرهەمێک هێشتا ناوى نیە یان وەک دیارى، یان تێگەیشتنى
بۆ دیونیسیس، و دواتریش رەهەندەکانى ئەو تێکستە لە گەڕان لە کۆمەڵێ
چەمکى وەک باڵایى و قوڵبوونەوە و هەقیقەت و حیکمەت و قوڵایى روح و
زماندا، هەموو ئەو وشە و دەستەواژە کورتانە، کۆمەڵێک دەلالاتى فەلسەفى
قوڵ و لە هەمان کاتیشدا ئەدەبى و شاعیرانەمان پێ ئەبەخشن، بەدەر لەو
دەلالاتە قوڵانە، ئێمە ئەزانین کە لەبەرامبەر کارێکداین، بە پلەى یەکەم
تێکستێکى فەلسەفى – ئەدەبى نوێ داین، نوێبوونەوەیەک لەو گەڕانەدا خۆى
ئەبینێتەوە بە ناو روح و گەڕانى زمانیش لە قوڵاییدا، بەڵام ئەو قوڵاییە
نا کە (رۆلان بارت) بۆى ئەچێت بەوەى تەنیا گەڕانى زمانێک لە قوڵاییدا
بۆ ئەوەى ئەو بەرهەمە بکاتە تێکستێک تەنها زمان بێت، بێ مانا و
دنیابینى و جوانى و کۆمەڵێک رووبەڕووبوونەوەى رەخنەییانەى توندو تیژ
لەگەڵ میتافیزیکییا و دین و چەمکى مێژوو و هەقیقەت و خوا و خودى
تێکستەکانى زەردەشتى پێش نیچەش، لێرەدا شووناسى ئەو تێکستە، کە
شووناسێکە ناکرێت لە رەهەندێک و مانایەک و دنیابینییەکى دیار و لە
سنوورى میتۆدێک و لە سیاقى مێژووێکى ئاشکرا دا بخوێندرێتەوە، خۆى
ناداتە دەست ناسنامەیەکى فەلسەفى سنووردار یان ئەدەبى روون، بەڵکو وەک
تێکستێک ئەبینرێت کە وزەیەکى بەردەوام لە رێى زمانەوە ئەبەخشێتە تێگەى
فەلسەفە و شعر و ئەدەب و گووتار و نووسەر و رەهەندەکانى تێکست، ئەو
وزەیە تەقینەوەى تەنها زمان نیە لە قوڵاییدا بۆ ئەوەى ببێتە ئاماژە و
تەنیا لایەنێکى فانتازى بە تێکستەکە ببەخشێت و بیکاتە زمانێکى فانتازى
کە تیایدا خودا و مێژوو و هەقیقەت و خێر و شەڕ و تاریکى و رووناکى و
هتد..، هەموویان لە ناو مرۆڤى باڵادا فەنا بکات.
شتێک کە (عەلى مێباح) وەرگێڕى (هکژا تکلم زرادشت) بۆ زمانى عەرەبى، "2"
ئەخاتە بەر دیدەمان تایتلێکى لاوەکى ئەو بەرهەمەیە کە ئەڵێت لە زۆربەى
وەرگێڕانەکانى ئەوبەرهەمەدا فەرامۆش کراوە ، کە ئەویش ئەو
دەستەواژەیەیە : (کتێبێک بۆ هەمووان و کەس نا) کە لێرەشدا ئەو
دەستەواژەیەش ئەتوانێ شتێکى دیکەمان سەبارەت بە شووناسى ئەو تێکستە
پێشکەش بکات، بەوەى تێکستێکە بۆ هەمووان، ئەو (هەمووان)ە، ئەکرێت ئەویش
دیسانەوە کۆمەڵە پرسیارێکى تر دروست بکات، کە ئەو تێکستە بە دید و
بۆچوونە فەلسەفییەکانى نیچەوە گرێبداتەوە، بەڵام ئەوەى لێرەدا بۆ مە
گرینگە ئەوەیە کە نیچە رەهەندێکى شووناسى تێکستەکەى ئەوەیە کە بۆ
هەمووانە، بۆ کەسێک نیە، بۆ دەستەبژارەیەک نیە، هەر دەستەبژارەیەک کە
پێشوەختە ئێمە تێگەیشتنێکى حازرمان لەسەرى هەبێت، بۆ هەمووانە، بەو
واتەیەى بۆ هەر تاکێک کە بەشێکى پێکهاتەى هەمووانە، جا ئەو تاکە هەر
شووناسێکى هەبێت،چەپ بێت یان راست، رۆژئاوایى بێت یان رۆژهەڵاتى، نێر
بێت یان مێ، مەسیحى بێت یان نا، خوا بکوژێت یان بیپەرستێت، عەقڵانى بێت
یان باوەڕدار، یان هەر فۆڕمێکى دیکە بۆ تاکێک کە ئێمە بۆمان هەیە،
نەوەک نیچە، لێرەدا زیاتر رەنگە ئەو تاکە خاوەنى ئەو تاکیتییە بێت کە "بیتەر
سلوتەردایک" لە سیاقێکى دیکەدا وەسفى تاکییەتى نیچەى پێ ئەکات ( ئەو
تاکییەتەى تواناى پەیوەندیکردنى بە هەموو ئاراستەکانەوە هەیە، و نیچە
دروستکەر و پێغەمبەرییەتى) "3"
لە لایەکى دیکەشەوە، ئەو تایتلە ئەبێتەوە ئەو تەعبیرەى کە نیچە بۆ
فەلسەفەکەى ناوى ئەنێت کە " فەلسەفەى ژیانە" بۆ هەمووانیش، ئەو
دەربڕینەیە، بۆ تێکستێک کە بتوانێ باس لە هەموو ژیان بکات بۆ هەموو
کەسێک، چونکە ژیان ئەتوانێت هەموو مرۆڤێک لەخۆیدا هەڵگرێت، بەڵام
مرۆڤێک ناتوانێت هەموو ژیان لە خۆیدا هەڵگرێت، ئەمە بەو مانایەى کە
دیتنى نیچە بۆ فەلسەفەکەى ئەوەبوو بە جیاواز لە فەلسەفەکانى دیکە، کە
هەموویان باس لە لایەنێکى ژیان ئەکەن، باس لە چینێک ئەکەن، باس لەو
بەهایانە ئەکەن کە ئەوان بەرهەمى ئەهێنن، ئەو ئەخلاقەى دەسەڵاتێک دواى
سەرکەوتنى لە رێى هێزەوە بەسەر ئەوانى دى بەدەستى ئەهێنێت، ئەو مێژووەى
کە لە ئەنجامى ململانێى هێزەکان و ئیرادەکان لەگەڵ یەکتریدا ماناکانى
هێزى سەرکەوتوو ئەکاتە ئەخلاقى خۆى، ئەو مانایانەى لە ململانێى
هێزەکاندا مانا و دنیابینى و شووناسەکان خەلق ئەکات، نیچە دێت و ئەیوێ،
مرۆڤ لەوە بگات ئەو مێژووەى تیایدایە، مێژووێک نیە بەرهەمى هەموو ژیان
بێت، بەڵکو بەرهەمى ئەو هێزەیە کە لە شەڕەکانیدا سەرئەکەوێت، کە سەریش
ئەکەوێت ئەبێتە ئەو دەسەڵاتەى هەوڵ ئەدا مانا و دنیاى خۆى بەسەر تەواوى
ژیاندا بڵاو بکاتەوە، کە واش ئەکات ئەوە هەموو بەشەکانى دیکەى ژیان،
ئەخاتە دەرەوەى ئەو مێژووە، شووناسەکانى دیکە لەناو ئەبات، دەنگەکانى
دیکە ئەکوژێت، ئیدى مێژوو، مێژووى هەمووان نیە، مێژووى دۆڕاوەکان نیە
لەشەڕى دەسەڵاتدا، ژیان .. ژیانى ئیرادە لاواز و ژێرکەوتووەکان نیە،
ژیان .. ژیانى ئەو مانا و شووناسانە نیە کە ناتوانن لە ململانێکاندا
دەسەڵاتدار بن، مێژوو دەسەڵاتى ئەو هێزانەیە کە ئیرادەى خۆیان ئەسەپێنن،
ئیدى ژیان ، ژیانى ئیرادە سەرکەوتووەکانە، لەو لاشەوە هەموو ئیرادە
دۆڕاوەکان کڕ و کزۆڵە و بێدەنگ بەرەو نەمان و بێ شووناسى و بێ
ماناییبوون توڕ ئەدرێن.
ئیدى لێرەوە نیچە ئەیوێت پێمان بڵێت زەردەشتى ئەو تێکستێکە، یان تێکستى
ئەو زەردەشتێکە جیاواز، زەردەشتێکە لە سەر زمانى ئەودا ئەبێتە تێکدەرى
ئەخلاق، وەک خۆى وەسفى ئەکات:
(ئەبوایە لێیان پرسیبام ناوى زەردەشت لەسەر زمانى من ماناى چییە؟ لەسەر
زمانى یەکەمین نائەخلاقى،چونکە ئەو شێوە بێ هاوتاییە مەزنەى ئەو
کەسایەتییە فارسە کە بە درێژایى مێژوو نوێنەرایەتى ئەکات، لێرەدا رێک
بەرەواژى ئەو شتەیە کە باسى ئەکەین، زەردەشت ململانێى نێوان خێر و شەڕى
بە رەوڕەوەى بزوێنەرى شتەکان دانا، تەرجەمەکردنى میتافیزیکییانەى
ئەخلاق بەوەى وزە ، هۆکار و ئامانجە لە خودى خۆیدا، دروستکراوى ئەوبوو،
بەڵام ئەکرێت ئەم پرسیارە هەر لە خۆیدا وەڵامیش بێت، چونکە زەردەشت،
ئەخلاق.. ئەم هەڵە گەورەیەى داهێنا، بۆیە ئەبوایە یەکەم کەسیش بوایە
دانى بەو هەڵەیەدا دانابا، نەوەک لەبەر ئەوەى کە تەنیا لە چاو
بیرمەندەکانى تر ، درێژترین و زۆرترین ئەزموونى هەیە. چونکە مێژوو بە
هەمووییەوە بە درۆخستنەوەیەکى ئەزموونگەرییە بۆ گووتەزاى "رژێمى
گەردوونى بۆ بەهاکان" لەمەش گرنگتر لێرەدا ئەوەیە زەردەشت لەهەر
بیرمەندێکى دیکە راستگۆترە، رێساکانى، تەنیا رێساکانى، هەقیقەت ئەکاتە
بەهایەکى باڵا، واتە پێچەوانەى ترسنۆکى مسالییەکانە کە لە هەقیقەت
هەڵدێن، ئازایەتى زەردەشت بارتەقاى ئازایەتى هەموو هزرمەندەکانى دیکەیە
پێکەوە، قسەکردن بە هەقیقەتەکان و سەگڤانى، ئەمە چاکەکارى فارسییە.
تێمگەیشتن؟ تەجاوزکردنى ئەخلاق بۆ خودى خۆى لە مونتەلەقى راستگۆییەوە،
و تەجاوزى ئەخلاقگەراش لە خودى خۆى بۆ ئەوەى لە دژى خۆیدا جێ بگرێت _
لە من _ دا، ئەوە ماناى ناوى زەردەشتە لەسەر زمانم )"4"
بە تێبینى کردنى ئەو پەرەگرافەى سەرەوەى نیچە، لێرەدا پەیوەندى (تێکست
و نووسەر) و راڤەى زەردەشتى فارسى (وەک یەکەمین نووسەر) و (زەردەشتى
نیچە) وەک دووەمین نووسەر، لە بەرامبەردا، تێکستى زەردەشتى یەکەم، کە
ئاڤێستایە و نیچە ئاماژە بە ناوەکەى ناکات، و تێکستى نیچە (زەردەشت
وەها ئاخاوت). لێرەدا ئەبینین نیچە جەغت لەسەر راڤەى ماناى ناوى
زەردەشت ئەکاتەوە لەسەر زمانى ئەودا، بۆ ئەوەى سنوورێک لە نێوان
زەردەشتى یەکەم و زەردەشتى دووەم دانێت، و هەروەها سنوورێک لە نێوان
تێکستى یەکەم و تێکستى دووەم دانێت، سنووردانان بۆ هەردوو تێکست و
نووسەرەکە، سنووردانانە بۆ مانا و دنیاى هەردوو تێکستەکە و ماناى ناوى
زەردەشتیش، گەورەترین جیاوازیش لە دیدى نیچەوە، لە نێوان ئەو دوو
تێکستەوە ئەوەیە کە تەواو پێچەوانەى یەکدین، یەکەم پێچەوانەش ،
پێچەوانەى " سرووشت- شێوە - گابع" ى زەردەشت و کارەکەى نیچەیە، کە لە
کتێبەکەیدا دەستى داوەتێ، کە ئەویش خۆى لە ئەخلاقگەرایى و
نائەخەلگەرایى ئەبێنێتەوە، یان بەواتەیەکى راستتر ململانێى نێوان خێر و
شەڕ، بەواتەیەکى هێشتا راستتریش، مێژوو، جیاوازى ئەو مێژووەى زەردەشت
راڤەى ئەکات و ئەو مێژووەى نیچە ئەبینێت، واتە جیاوازى دیتنى نیچە و
زەردەشت بۆ مێژوو. ئەو مێژووەى زەردەشت تیایدا ئەبینێت ئەخلاق تیایدا
وزە و هۆکار و ئامانجە لە خودى خۆیدا، و میتافیزیکییانە ئەو ململانێیەى
نێوان خێر و شەڕ پێشبەر ئەکات. نیچە ئەو هەنگاوەى زەردەشت بە هەڵەیەکى
گەورە ( شنیع) ئەبینێت، کە ئەخلاق وەک وزەیەک و هۆکار و ئامانجى مێژوو
ببینێت، بەوەى ئاهورامەزدا و ئەهریمەن لە ململانێدان و شەڕیان شەڕى دوو
ئیرادەى باش و خراپە، واتە دابەشبوونێکى ئەخلاقى لە نێوان هێزەکاندا
ئەبینێتەوە، باش و خراپ، رووناک و تاریک، جوان و کرێت وهتد..، لەو
دابەشبوونە دووانەییانەى ئەو ئەخلاقە دروستى ئەکات.دواتریش ئەو ئەخلاقە
میتافیزیکییە لە شێوەى وزە و هۆکار و ئامانجەوە، یان با بڵیێن وەک
شێوەیەکى وزەى مەعریفە و هۆکارى هەقیقەت و ئامانجى ئەخلاقگەرییانە لە
پشت رەوڕەوەى مێژووبن. ئەو مێژووەى (نیزامێکى گەردوونى بەهاکان) دروست
ئەکات ، یان بە واتەیەکى دیکە، هەقیقەت بەرهەم ئەهێنێت. دیارە نیچە
ئەمە بە هەڵەیەکى کوشندە دائەنێت و لاى ئەو مێژوو، ئەو ئەخلاقگەراییە
نیە کە زەردەشت باسى ئەکات، بەڵکو رێک پێچەوانەى ئەوە، مێژوو ئەوە
ئەسەلمێنێت کە رژێمێکى گەردوونى بۆ بەهاکان، تێگەیشتنێکە مێژوو بەدرۆى
خستۆتەوە، هەقیقەت لە پشت مێژووەوە نیە، وەک ئەوەى مسالییەکان بۆى ئەچن.
هەقیقەت ئەوە نیە لە ململانێییەکان لە خراپەوە بەرەو باشیەوە هەڵکشێن،
یان ئاراستەى مێژوو لە خراپەوە بۆ باش بێت، مێژوو لە وزەى ئەهریمەونەوە
بەرەو وزەى ئاهورامەزدا ئاراستە بگرێت، لە مەعریفەى ئەهریمەنەوە بۆ
مەعریفەى ئاهوراوە بڕوات.
هەر چۆنێک بێت لێرەدا زیاتر مەبەستم ئەوەنیە، باس لە مێژوو بکەم لاى
نیچە، یان لاى زەردەشت وەک خوێندنەوەیەک بۆ مێژوو، بەڵکو زیاتر مەبەستم
ئەوەیە، کە لایەنێکى جیاوازى "تێکست و نووسەر" لە لاى نیچەوە روون
کەینەوە.
لە لاى نیچەوە، نووسەرى یەکەم، زەردەشت، هەڵەیەکى گەورەى کردووە، ئەویش
وەک نووسەرى دووەم دێت و بە کارێکى تەواو پێچەوانەى ئەو، رووبەڕووى
ئەبێتەوە، لێرەدا هەم وەک نووسەر و هەم وەک تێکست رووبەڕووى ئەبێتەوە،
تەنیا وەک نووسەر یان تەنیا وەک تێکست نا، ئەمەش ئەمانگێیڕێتەوە بۆ ئەو
بابەتەى لە پێشەکى ئەم باسەدا وروژاندمان لە نێوان کردەى "نووسین و
خوێندنەوەدا"لە نێوان "نووسەر و خوێنەردا". لێرەدا من واى ئەبینم لەو
پەرەگراڤەى نیچەدا، کردەى نووسینى زەردەشتى نیچە بۆ زەردەشتى یەکەم،
خوێندنەوەیەکى رەخنەگرانەى تێکست و خودى زەردەشتیشە، لە یەک ئاستدا،
هەم خوێندنەوەیەک بۆ تێکستى زەردەشتى یەکەم ئەکات و لە هەمان کاتیشدا
رووبەڕووبوونەوەیەکى رەخنەیى لەگەڵدا ئەنجام ئەدات، کردەى نووسین و
خوێندنەوەکە ئاراستەى تێکست و زەردەشتى یەکەم ئەکات، هەر بە ناوى
زەردەشتیشەوە هێڕشى ئەو بەهایانە ئەکات کە زەردەشت باسیان ئەکات، واتە
لێرەدا کۆمەڵێ شت پێکەوە لە دایک ئەبن لەو کردەى خوێندنەوە و نووسینەدا،
یەکەمیان: بەکارهێنانى زەردەشت خۆى و دروستکردنەوەى زەردەشت بە
مانایەکى دیکە، رەنگە لێرەدا وامان بەخەیاڵدا بێت کە ئەمە کوشتنى
نووسەرە لە رووێکیدا، بەڵام من پێموایە، نەخێر، ئەمەیان مردنى زەردەشتى
یەکەم نیە وەک نووسەر، بەڵکو زیندوو راگرتنییەتى لەسەر ئاستى
رووبەڕووبوونەوەدا، نیچە زەردەشتى نەکووشتووە، بەڵکو ماناکانى "
ئەخلاقگەرایى" زەردەشت ئەکوژێت، رەخنەیان ئەکات لە سەر ئاستى تێکستێکدا
کە بە وەرگێڕانێکى میتافیزیکى ئەبینێت بۆ ئەخلاق، کە نیچەش ئەمەى پێ
راست نیە و هەڵەیەکى گەورەیە، لێرەدا لە ئاستێکى دیکەدا کە ئەگەینە شتى
دووەم: نیچە تێکستەکە ئەکوژێت، بەوەى رێک کارێک پێچەوانەى راڤەى
زەردەشت ئەنجام ئەدات بۆ مێژوو و هەقیقەت و ئەخلاقگەرایى، واتە لێرەدا
جیاوازیى خوێندنەوەى نیچە لە راڤەى تێکستى زەردەشتدا، پەنا ناباتە بەر
ماناکانى خۆى تەنیا، پەناش ناباتە بەر میتا زمانێکى دیکە بە مانا
بارتییەکەى، بۆ ئەوەى لەسەر زمانى یەکەم دایمەزرێنێت، لەهەمان کاتیشدا
راڤەیەک ناداتە دەست بۆ ئەوەى زەردەشتى یەکەم، لە بەرپرسیاریەتى و
حوکمدان بە دوور بگرێت، یان مانایەک بەرهەم بێنێت دوور لە زەردەشتى
یەکەم و ماناکانى ئەو و مێژووى ئەو، واتە لێرەدا ئەگەر باس لە رووە
رەخنەییەکەى کردەى نووسین و خوێندنەوەى نیچە بکەین بۆ زەردەشت و
کارەکەى، ئەوە ئەبێتە خوێندنەوەیەکى نیچەیى بۆ ئاڤێستا بێ ئەوەى
زەردەشت بمرێنێت، لەهەمان کاتیشدا ماناکانى زەردەشت لە کارەکەى خۆیدا
تەفروتوونا ئەکات. لە بنیاتەوە هەڵیان ئەوەشێنێتەوە، ئەگەر کۆششى
زەردەشتى یەکەم بۆ تاکخودایى و ئەخلاقگەرایى بێت لە دیندا، ئەوە نیچە
خوا ئەکوژێت و ئەخلاقگەراییش لە نائەخلاقیى دا فەنا ئەکات. واتە لێرەدا
نیچە خۆى وەک نووسەرى دووەم لەو ئاستەدا رووبەڕووى زەردەشت نووسەرى
یەکەم ئەبێتەوە، کە خاوەن تێکستێکى تەواو جیاوازن.تێکستەکانیش لەو
ئاستەدا رووبەڕووى یەکدى ئەبنەوە کە زەردەشت و نیچە دوو پێغەمبەرى
ناکۆک و دژن، لێ نیچە دێت و بە زمانى ئەو قسە ئەکات، کۆمەڵە قسەیەک، کە
کتێبى زەردەشت وەها ئاخاوت نابێتەوە هەمان ئاخاوتنى گاتاکانى زەردەشتى
یەکەم، واتە ئێمە لێرەدا لەبەرامبەر "قسەگەراییەک"داین، یان
ئاخاوتنگەراییەکداین، کە تەواو جیاوازن، ئاخاوتنگەرایى گاتاکانى یەکەم،
هەمان قسەگەرایى نیچە نیە، لێرەدا نیچە قسەگەرایى یەکەم فەنا ئەکات و
ئەیانکوژێت، نایەت مانایەکى دیکەیان پێ ببەخشێت، بەڵکو لایان ئەبات و
قسەکانى خۆى لە شوێنى ئەواندا جێگیر ئەکات، هەروەک خۆى ئەڵێت (ئینجیلى
پێنچەمە) لێرەدا رەنگە شیاو بێت بڵیێن گاتاى دووەمى زەردەشتە، گاتایەک
کە تەواو پێچەوانەى وتەگەراییەکانى یەکەم بێت، لێرەدا من ئەو کردارە
ناو ئەنێم " کردەى مردنى تێکستى یەکەم" بەڵام بەومانایە نا کە میتا
ئاخاوتن بێت، یان میتا زمان بێت لسەر ئاخاوتنى یەکەم یان تێکستى یەکەم،
چونکە کردارەکە بەتەنیا خوێندنەوەیەک نیە تەئویلى دەقى یەکەم بکات،
بەڵکو دەقى یەکەم ئەکوژێت، ماهییەتى یەکەم دەق لە ناو ئەبات، و لەهەمان
کاتیشدا ئەوە نیە کە تەنیا ماهییەتێکى دیکەى تایبەت بە خۆى پێ ببەخشێت،
واتە مەسەلەکە ئەوە نیە کە نیچە بە تەنیا تەئویلێکى دیکە بۆ مێژووى
زەردەشت لە گاتاکان ئەکات، یان ماهییەتێکى دیکە بە هەقیقەتى زەردەشت
ئەدات لە گاتاکاندا، یان بەهایەکى دیکە بە ئەخلاقى زەردەشت ئەدات لە
گاتاکاندا، یان رەهەندى دیکە لەو تێکستەدا ئەبینێتەوە. بەڵکو ئەو هەر
لە بنەڕەتدا دەقەکە رەت ئەکاتەوە، بەڵام نەوەک بێ ئەوەى رووبەڕووى
زەردەشت نەبێتەوە، بەڵکو لێرەدا هەر بە زەردەشت رووبەڕووى زەردەشت
ئەبێتەوە. واتە لێرەدا کەسایەتییەکى دیکە لەبەرامبەر زەردەشت
دانامەزرێنێت، بەڵکو هەر زەردەشت خۆى رووبەڕووى خۆى ئەبێتەوە بەڵام بە
زمانێکى دیکە و ماناى دیکە و تەئویلێکى دیکە بۆ مێژوو و هەقیقەت،
تەئویلێک نا ئەخلاقگەرایى، دوور لە وەرگێڕانە میتافیزیکییەکانى ئەخلاق
بۆ وزە و هۆکار و ئامانج. ئەو دێت و زەردەشت رووبەڕووى خۆى ئەکاتەوە.
لە گاتاکانەوە ئەبینین، زەردەشت ئەڵێت:
( ئەوە کە لە سەرەتادا،
بە هزرى خۆى،
رۆشنایى بە گەردوون بەخشى و
بە خێرەتى خۆى
هەنجارى بوونى بوونى ئافراند،
تا چاوەدێر و پشتیوانى،
رامانە هەرە باشەکان بێت.
ئەى مەزدا ئەهۆرا..!
ئەى ئەوەى کە میناى یەکسانیت..!
بە هێزى پیرۆزى مینووى خۆت،
رووناک و سەرفرازمان بکە.) "5" بابان سەقزى، گاتا سروودە
پیرۆزەکانى زەردەشت لاپەڕە 81، وەزارەتى رۆشنبیرى زنجیرە "488."،
2006سلێمانى.
یان لە گاتایەکى دیکەدا ئەبینین زەردەشت "مەزدا
ئەهۆرا" وەک هاوڕێیەک وەسف ئەکات:
( مەزدا ئەهۆرا،
بە زانست و سرووشى خۆى
خەڵاتى پێگەیشتن و جاویدان بوون،
راستى و توانامەندیى مینوویى و
یارمەتیى رامانى پاک
بە کەسێک دەبەخشێت،
هاوڕێ و ئەڤیندارى بێت) "6"
لەم دوو گاتایانەى سەرەوەدا، زەردەشت لە یەکەمیاندا خودا بە رۆشنایى
بەخش و لە دووەمیشیاندا بە هاوڕێ و ئەڤیندار وەسف ئەکات، بەڵام نیچە لە
سەرەتاى زەردەشت وەها ئاخاوتدا دواى ئەوەى زەردەشت لە خەڵوەتگەکەى خۆى
دێتە دەرەوە و ئەگاتە دارستانێک و لەگەڵ قدیسێکدا گفتۆگەیەک ئەکەن،
دواى ئەوەى زەردەشت لە پیرەمێردەکە جیا ئەبێتەوە و ئەڕوات : " کاتێک کە
زەردەشت خۆى بە تەنیا دیتەوە، بەم ئاخاوتنە دڵى خۆى دواند: ئەمە
بەرئاقڵە؟َئەم پیرە قدیسە لێرە لە دارستانەکەیدا هێشتا گوێى لێنەبووە
کە خوا مردووە!" "7"
مردنى خوا کە بابەتى سەرەکى تێکستەکەى نیچەیە، و لەوێشەوە بۆچوونەکانى
نیچە سەبارەت بە "مرۆڤى باڵا" پێشکەش ئەکات، پێچەوانەى تێکستى زەردەشتە
کە خوا بە رۆشنایى بەخش و هەنجارى بوون و سەرچاوەى وزە و ژیانى
ئەزانێت، نیچە خوا ئەمرێنێ، ئەم مردنەش مردنى رەمزیى گاتاکانە، لە
هەمان کاتیشدا زیندوو راگرتنى زەردەشت و ململانێ و رووبەڕووبوونەوەیەکى
فکرى و رەخنەگرانەیە لەگەڵى.
لێرەدا نیچە، نووسەر نامرێنێت، نووسەرى تێکستیش لاى ئەو مردوو نیە، وەک
لە لاى درێدا ئەیبینینەوە، هەروەها تێکست، تەنیا زمان نیە لە
قوڵاییدا،وەک لاى "بارت" ئەکەوێتەوە، و تەئویلیش بەس نیە بۆ خوێندنەوە،
بەرپرسیارى نووسەر لەسەر راڤەکانى بۆ مێژوو و خوا و دین و
ئەخلاقگەرایى، بۆ ئەو میتافیزیکییایەى لە تێکستدا نمایش ئەکرێت، ناچێتە
خانەى تەئویلێک دوور لە مەبەستگەرایى، نووسەر بەرپرسیارە لەسەر
تێکستەکەى و لەسەر ئەو تەئویلانەى بۆ هەقیقەتى ئەکات و بە رەخنەش
پێویستە رووبەڕووببێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدا لە لاى جاک درێداوە، لە رەهەندى " مەرگى نووسەر "ەوە،
(نووسین لەناوبردنى هەموو دەنگێک و هەموو کەسێکە، نووسین ئەم
بێلایەنییە یە، ئەم دانان " تڕلیف" و پێچ و پەنایەیە کە خودى کارامانى
تیادا ون دەبێ وئەو رەشایى – سپیاییەیە کە هەموو ناسنامەیەکى تیادا ون
دەبێ و پێش هەمووشیان ناسنامەى ئەو جەستەیەى کە دەنووسێ) "8"
لێ ئەوەى ئێمە لە لاى نیچەدا ئەیبینینەوە، نووسین ئەوە نیە کە خودى
زەردەشت بسڕێتەوە، بە پێچەوانەوە خودى زەردەشت ئەو دانانە ئەسڕێتەوە،
وردە وردە تێکست رێ بۆ زەردەشت خۆش ئەکات، خوا ئەمرێت و "مرۆڤى باڵا"
دەست پێئەکات، لێرەدا مرۆڤى باڵا ئەگەر وەک رەمز بە کار ببەین، نووسەرە
لە بەرگە نیچەیەکەیدا، مردنى خواش کە تەوەرى سەرەکى کتێبەکەیە، مردنى
تێکست خۆیەتى، لە نێوان زەردەشت و خوادا، یانى نووسەر و تێکستدا، وردە
وردە تێکست ئەمرێت و نووسەر دەست پێئەکات، ئەم پرۆسەیە پرۆسەى سڕینەوەى
ئەوەیە کە دێریدا ئەڵێ :( لە کۆمەڵگە ئەتنۆگرۆفیەکاندا، کەسێکى
دیاریکراو سەرگوزەشتەکە ناگێڕێتەوە)"9" لێرەدا نیچە کەسێکى دیار کە
زەردەشتە وەک نووسەرى تێکست ئەبینێت، دێریدا لە بارەى نووسەرەوە ئەڵێ:
(نووسەر کەسیێتەکە تازە هاتۆتە گۆڕێ، بێگومان زادەى کۆمەڵگەى
خۆرئاوایە، کە لە کۆتاییەکانى سەدەکانى ناوەڕاستدا و لەگەڵ سەرهەڵدانى
بزووتنەوەى ئەزموونگەریى ئینگلیزى و ئەقڵانییەتى فەرەنسایى و تاکگەرایى
کە هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەى ریفۆڕمى دینیدا پەیدابوو، هاتە ئاراوە،
وەکو وەبیرهێنانەوەیەک بۆ بەهاى تاکەکەس یان وەک دەوترێ (کەسێتى
مرۆڤ)"10" ئەوە زەردەشتە ، لە گاتاکانەوە قسە دەکات نەوەک زمان،
هەروەها ئەوە نیچەیە لە سەر زمانى زەردەشتى دووەمدا قسە ئەکات نەوەک
زمان، رێک پێچەوانەى دێرێدا کە پێى وایە (ئەوە زمانە دەدوێ نەک نووسەر)
"11"
لە لاى نیچەدا نووسەر قسەکەرە، ئاخاوتنکەرە، دیارە بەو مانایە نا کە
کیَِشەى "ئاخاوتن " و پێشکەوتنى لە "نووسین" دا، لە خاڵى
فۆسێنتڕالیزمدا جێگیر بکەین، لە شێوە ئەفلاتونییەکەیدا، بەوەى :(نووسین
لە جەوهەردا شتێکى خراپە، شتێکى دەرەکییە بۆ یادەوەرى، زانست بەرهەم
ناهێنێت، بەڵکو راوبۆچوون بەرهەم دێنێت، حەقیقەت بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو
تەنیا روخسارى شتەکان بەرهەم دێنێت).
یان لە لۆگۆسێنترالیزمدا لە شێوە (دیکارتییەکەى) (من بیر ئەکەمەوە،
کەواتە من هەم) ، تا ئەگاتە خوێندنەوەکانى میتۆدى بونیادگەرى لە شێوە
بارتییەکەى (دنیا هەیە و نووسەریش قسەى خۆى دەکا. ئەدەبیات ئەوەیە،
بابەتى رەخنە هێندێک جیاوازە. ئەم بابەتە دنیا نییە، بەڵکو پەیڤە، قسەى
کەسێکى دیکەیە، رەخنە قسەیە لەسەر قسەیەکى دیکە، زمانى دووهەمین یان
وەک لۆژیکزانان دەڵێن، بان زمانییە کە لە سەر زمانى یەکەم ( زمان –
بابەت) پیادە دەبێ،)"12"
تا هەڵوەشاندنەوەگەراییەکەى جاک درێدا، بەڵکو زیاتر مەبەستمان
روونکردنەوەى ئەو وزەیەیە کە نیچە بە نووسەرى ئەبەخشێ، ئەو
بەرپرسیاریەتییەى پێویستە لە بەرامبەریدا دابنرێت و ئەو لێپیچینەوە
فکرییەى لەگەڵ بکرێت و رووبەڕووبوونەوەیەکى رەخنەیى لەگەڵ ئەنجام
بدرێت.
لە مەرگى نووسەرى درێدادا ئەبینین کە، چەند پێشنیارێکمان ئەخاتە بەردەم
بۆ خوێندنەوەى " سارازى"ى بالزاک، با تەماشاى ئەو پەرەگرافە بکەین:
(لە چیرۆکى " سارازین" دا بالزاک کاتێ دەربارەى پیاوێکى خەسێنرا و
دەدوێ کە دەمامکى ئافرەتانەى پۆشیوە، نووسیویەتى:
" ئافرەتەکە بە ترس و لەرزە کتوپڕەکانى و هەواو هەوەسە دێوانە ئاسایى و
دوو دڵییە غەریزییەکەى و ، پڕکێشییە بێ بەهانەکەى و جەربەزەییەکانى و
ناسکیى هەست و سۆزە گەرموگوڕەکەى..."
ئەمە کێیە بەم جۆرە دەدوێت؟ ئایا پاڵەوانى چیرۆکەکەیە کە خۆشاردنەوەى
ئەو پیاوە خەسێنراوەى لە بەرگى ئافرەتدا بەلاوە مەبەستە؟ یان بالزاکى
مرۆڤ خۆیەتى کە ئەزموونى تایبەتى خۆى: فەلسەفەیەکى بەرامبەر ئافرەت لا
دروست کردووە؟ یان بالزاکى نووسەرە و راو بۆچوونى "ئەدەبى" ى بەرامبەر
بە مێینە ئاشکرا دەکات؟ یان ئەمە حیکمەتى گەردوونییە؟ یان سایکۆلۆژیاى
رۆمانتیکە؟ زانینى ئەمە ئەستەمە، لەبەر هۆیەکى بنەڕەتى، ئەویش ئەوەیە
کە نووسین لە ناو بردنى هەموو دەنگێک و هەموو کەسێکە) "13"
لەم پەرەگرافەدا درێدا چەندین پێشنیارمان ئەداتێ بەو مەبەستەى
"زانینێک" لەسەر ئەم تێکستە پەیدا بکەین، زانینى ئەوەى کێیە لەم
تێکستەدا ئەدوێت؟ هەر پێشنیارێکى درێدا قەبوڵ بکەین و ئەوانیدیکە رەت
بکەینەوە، ئەوا درێدا لەگەڵمان رازى نابێت، چونکە ئەو پێى وایە نووسین
لە ناو بردنە، لەناو بردنى هەموو ئەو پێشنیارانە، کە وەک "دەنگ و کەس"
ئەیانناسێنێ.
چونکە پێى وایە لێکترازانێک لە نێوان " زانین " و "نووسین" دا هەیە، لە
رێى نووسیندا ناگەینە هیچ زانینێک. هیچ دەنگ و کەسێک، بەر لەهەمووشیان
دەنگ و کەسى نووسەر، بۆیە نووسەر مردووە.
پێش ئەوەى ئێمە بڕوا بکەین یان نا، ئەو تێزەى درێدا راستە یان ناراست
"وەک زانینێک" با لە لایەکى دیکەوە دەست پێبکەین.
یەکەم: "هەموو" پێشنیارەکان، کە قابیلى رەتکردنەوەن و نازانرێت کامە
پێشنیار لەوانە و لە دەرەوەى ئەوانەد هۆکارى دروستى ئەو نووسینەیە، ئەو
پێشنیارانە و یان ئەکرێت پێشنیارى دیکەش بخرێنە سەر ئەو پێشنیارانە،
هەموویان لە ئاستێکدا وەک پێشنیارى رەخنەگرێک دێن لە دەرەوەى
تێکستەکەدا، بەو مانایەى " پێویستییەک بۆ زانین" ئەم پیپَشنیارانەمان
ئەخەنە بەردەست، پێویستى زانینینیش بۆ ئەوەیە "بڕوایەک" یان "چەند
بڕوایەکمان" لە لا دروست بکات، بۆ ئەوەى قەناعەتێک، "هەقیقەتیک" لەسەر
ئەو تێکستە پەیدا بکەین. واتە هەقیقەتى ئەو تێکستە بناسین، بوون و
ماهییەتى ئەو تێکستە بناسین.
لێرەدا لە ئاستێکى دیکەدا ئەگەینە ئەو پرسیارەى : ئایا تێکست "هەبوونى
نووسەرە" یان "ماهییەتى نووسینە"؟، ئایا "نووسین" وەک هۆکارێکى بنەڕەتى
"بوونێک - نووسەرێک" ئەرکى ئەوەیە کە دەنگ و کەسەکانى نووسین لەناو
ببات یان "ماهییەتێکە - نووسینە" کە دەنگ و کەسەکانى نووسەر لەناوببات؟
هەر لە پرسیارەکەى درێداوە ئەتوانین شیمانەى هەندێ وەڵام بکەین، بەوەى
نووسین ئەگەر بێت و هۆیەکى بنەڕەتى هەبێت بۆ لەناوبردنى "دەنگ و
کەسەکانى نووسەر"، ئەوە ئەبێت لە سەرەتادا "هەبوونى تێکست" هەبێت، دواى
ئەوەش ماهییەتى تێکست ئەوەبێت کە " لەناوبەرى نووسەر" بێت.واتە ئەوە
راڤەیەکى درێدا نیە بۆ نووسین، بەڵکو نووسین خۆى لە خۆیدا، لە هەبوونى
خۆیدا، لە ناوبەرە، نەوەک شتێکى دى.
بەڵام بۆ لەناوبەرە؟ بۆ نووسین ناتوانێت خاوەنى ئەو ماهییەتە بێت کە
لەناوبەر نەبێت؟ ئەو هۆیە بنەڕەتییە چییە نووسین ئەکاتە لەناوبەر؟ چ
وزەیەکى بنەڕەتییە تەنیا کارى وێرانکردن و لەناوبردنى کەسەکان و
دەنگەکانە، پێش هەمووشیان نووسەر؟
لێرەوە با بە هەندێ رەهەندى ئەم پرسیارەدا شۆڕبینەوە.
درێژهی ههیه
|