په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٠

     لە کتێبى وەسوەسەى سێوەوە.

ناڵە عەبدولڕەحمان

-1-

ئەى سێو شەڕە شیعر بەسە

هەتا دێ گڵاسى پێکەکانى بیرم بەریەک دەکەون و دەشکێن
لەم خلیسکانەى وەسوەسەیەدا
نامەوێ بدۆڕێم ئەى دەروون
پشوویەک بدە تا تەمەن ئەسپى کیسەڵبووى تاودەدات و
لەپێش تۆدا سپاه سالارانە ڕێگا دەبڕێت
لێرە لەسەرنوێنى گیادا
بێ دیوارى ژوور و بێ حەسیرى شەهوەت پاڵکەوە...
تافریشتەکانى تەمەن لەسەفەرى مەوداى پیرى
دەگەڕێنەوە .....
 
 *   *   *   *
-2 -
ئەى بیر ! چاومەبڕە سەماکەرانى قەدەرى (با)

دڵ مەدەرە ڕاسپۆتینەکانى عەبەسیەتى ووشە
لێرە لەم چەقى ڕێگایەدا ببە بە هەڵم و
دواتر لە لێزمەى بارانێکا دەگەڕێیتەوە باوەشى زەوى و
ئۆقیانوسێ لە بەرائەتى سێو چێ دەکەیت.....
لەوێدا ڕاسپۆتینەکان لەناوتا گەردى هەناسەکانیان وون دەکەن و
بیریان دەچێ ئیدى لە کۆشکى ئەلیزێدا بازرگانى بە خوێنى ژنەوە بکەن و
هێزى ماسولکەکانیان لە پێخەفى سێو وەرگرنەوە...
 
 *   *   *   *
-3-
لێرە بمێنەرەوە ئەى بیر!

ڕێ بەو کاروانانە مەبڕە
کە هێشتا لە سەفەرى گوڵگرتنى دۆزینەوەدا
بۆ گێڕانەوەى حیکایەتى دزرانى یەکەمین بارگە لە عەدەن نەگەڕاونەتەوە ،
لێگەڕێ با کاروانچیەکان
کاروانسەراى زەمەن بە ئەسپە کیسەڵبووەکان تیربارانکەن،
مەترسە لەوەى ئاوێنەى ژنێتیت بشکێ ،
ئەوان پێویستیان بە نوتفەیەک ڕێکردن هەیە لەناو کۆشکى سەدەیەکدا
مەترسە لەوەى کەشکۆڵى ماندووییت بدزرێ ،
لێرە بمێنەرەوە ئێرە
تا کاروانچیەکان لە جامى سەدەیەکدا شەڕابى بیرت دەنۆشن...!
لێرە بمێنەرەوە ئەى بیر!
تا فێردەبن لە ئوستورەى جوانى ژنبوون ڕابمێنن
پانۆڕاماى خۆڵەمێش بوونى بەشەرییەت و
کەوسەرى فیردەوسى عەشقى ئیلاهى دەخوێننەوە...

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ عه‌بدولڕه‌حمان