٢٨\٩\٢٠١٢
لە
شەڕ و پێکدادانی حیزبایەتییەوە، بۆ
شەڕی زاراوە و ئەلفوبێی ''سۆرانی''،''لاتینی''!

سیروان کاوسی
سەرەتای مانگی خەرمانان (سێپتەمبەری ٢٠١٢)،
لەلایەن ''گرۆی پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی کوردی''، راگەیاندنێک
بەناوی ''زمان و ئەلفوبێی کوردی: لەنێوان شێواندن و چارەسەری زانستیدا''
بڵاوکرایەوە و، تاکو رۆژی ٩/٩/٢٠١٢ چوارسەدوحەفتا و یەک سەرۆکی حیزب و
نووسەر و شاعیری ناودار، ئەندام پەرلەمان و ھونەرمەندی ناسراو و
رۆشنبیری باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان، بەنیشانەی پەسندکردنی،
راگەیەندراوەکەیان واژۆکردووە.
تێبینیی ١: بۆ
کورتکردنەوەی ناوی ''گرۆی پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی کوردی''،
بە دوو پیتی گ. پ. ناویدێنم!
تێبینیی ٢: ئەو دێڕانەی بە ڕەنگی سۆرن، لە
نووسراوەکەی گ. پ. دەرھێنراون!
گ. پ. سەرەتا ئاماژە بە بەستنی دوو کۆنفرانس دەکات کە لە ھەولێر و
دیاربەکر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زمانی کوردی بەڕێوەچوون، بەڵام
بەوتەی گ. پ. سەرکەوتوو نەبوونە، چۆنکە بانگێشتی بەشداربووانی ھەردوو
کۆنفرانسەکە، بەپێی پێوەری سیاسی بووە نەک پێوەری زمانەوانی و زانستی.
ئەوجا گ. پ. دوای رەخنەگرتن لەو دوو کۆنفرانسە، لەژێرناوی دڵسۆزیکردنی
بۆ پارستنی زمانی کوردی و گەشەپێدانی زمانی کوردی و ئاماژەکردن بە
موسڵمانبوونی زۆرینەی کورد و، پێشکەوتن و دەوڵەمەندبوونی نووسینی
کوردی''سۆرانی'' و ھێنانەوەی چەندین بەڵگەی نابابەتانەی دی، وازھێنان
لەئەلفوبێی ''سۆرانی'' بەھێڵی سۆر دادەنێ و داوا، لەھەردوو بەشی باکوور
ورۆژاوای کوردستان دەکات دەست بکرێتە بەکارھێنانی ئەلفوبێی کوردی و،
واز لە ئەلفوبێی لاتینی بھێنن کە لەلایەن رژێمی ئەتاترکەوە بەزۆر
سەپێندراوە بەسەر باکووری کوردستاندا....
لێرەدا بۆ چوونەنێو کاکڵی باسەکەوە، بەپێویستیدەزانم بەئاگاداریی ئەم
بەڕێزانەی گ. پ. بگەیەنم، ئەلفوبێی لاتینی ھەر لەسەرەتای سەدەی
بیستەوە، لەلایەن چەندین زانای کورد، بەناوی ''محەممەد باشقە''،
''تۆفێق وەھبی''، ''ئەحمەد موختار جاف''، ''جەمال عیرفان'' و ''ئەحمەد
بەھجەت قەراخی'' کە خەڵکی باشووری کوردستان بوون، لەگەڵ
''بەدرخانییەکان'' کە خەڵکی رۆژاوای کوردستان بوون، ھەروەھا ''دوکتۆر
سەعیدی کوردستانی'' خەڵکی شاری سنە لەڕۆژھەڵاتی کوردستان، دواتر
لەنیوەی سەدەی رابردوودا دوکتۆر جەمال نەبەز، ساڵانێک لەبنج و بناوانی
زمانەکەیان کۆڵیوەتەوە و، بەکارھێنانی ئەلفوبێی لاتینیان بۆ ھەموو
بەشەکانی کوردستان پێشنیازکردووە. لەبەر ئەوە با بەشێوەیەکی راست و
پاگژ ئەم راستینە دیرۆکییە بنووسرێتەوە و، بەدەمارگرژی و خۆشەویستیی بۆ
زار و بنزار و ناوچەیەک ئەو مێژووە نەشێوێندرێت.
پاش ئەم رۆنکردنەوەیە سەبارەت بە چۆنێتی دەستپێکردنی ئەلفوبیی لاتینی
لە باکوور ورۆژاوای کوردستان، سەرنجتان بۆ خوێندنەوەی کۆپلەیەکی دیکە
لە راگەیەندراوی گ. پ. رادەکێشم:
گ. پ. دەڵێ: (.......
دەوڵەمەندکردن و نوێکردنەوەی زمانی کوردی
پێویستییەکی مێژوویی، ژیاری و زانستییە. پێشکەوتن و گۆڕانکاری و
گەشەکردنی خێرا لە ھەموو بوارە زانستییەکاندا دەمانخاتە بەردەم ئەو
بەرپرسیارەتییەی کە دەبێ زمانی کوردی بتوانێت خۆی لەگەڵ پێشکەوتنی
بوارەکانی زانست و زانیاریی ئەم سەردەمەدا بگونجێنێت. خۆگونجاندنێکی
وەھا تەنیا بە دەوڵەمەندکردن و پێشخستنی ئەو زمانە کوردییە ستانداردەی
کە ئێستا ھەیە جێبەجێ دەکرێت و دەبێ لەو ڕووەوە ئەزموونی کوردستانی
باشوور بکرێتە بنەمایەک بۆ ھەموو نەخشەکانی پێوەندیدار بە داھاتووی
زمانی کوردییەوە.... ھەر لەم پێوەستەدا دەبێ نرخی مێژوویی و زمانەوانیی
ئەزموونی ''حوکوومەتی کوردستانی جەنووبی''، کۆماری کوردستان لە مەھاباد
و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ھەردوو بەشە کوردستانی باشوور و ڕۆژھەڵات
بکرێتە پاڵپشتێکی مەعنەوی و زانستی. ئەو ئاژاوە زمانەوانی و
فەرھەنگییەی لەم ساڵانەی دواییدا بە ھۆی دەستتێوەردانی کەسانی
بێئەزموون و کەمئەزموونەوە پەیدا بووە، دەبێتە تەگەرەیەکی جیددی لە
بەردەم پێشکەوتنی زمانی کوردیدا.).
ھێژای گۆتنە، ئێمە ھێشتا رێگەیەکی زۆرمان لەبەرە بگەینە ئەو کوردییە
ستانداردەی کە وا گ. پ. ئاماژەی پێدەکا و، ئەزموونی باشووری کوردستانی
پێ دەکاتە نموونە و بنەما! ئەوە راستە لەباشووری کوردستان ژمارەیەکی
زۆر گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بڵاودەکرێنەوە، چەندین رادیۆ و کەناڵی
تەلەفزیۆنیمان ھەن، حیزبەکانی رۆژھەڵاتیش ھێندێکیان جگە لەرۆژنامە و
مڵپەڕی حیزبی، خاوەنی کەناڵی ئاسمانین، بەڵام ھەرلایەن و حیزبێک
لەنووسین و پەیڤیندا شێوازێکی تایبەت بەخۆی ھەیە. تەنانەت ئەو کەناڵە
تەلەفزیۆنی و رۆژنامە و ماڵپەڕانەی کە سەر بەحکوومەت و
حیزبەدەسەڵاتدارەکانن، نووسین و پەیڤینیان زۆر لەیەکترەوە جیاوازن،
زمانی پەیڤین و نووسینی ھێندێکیان زۆر دوورە لە ڕێزمان و داڕشتنی
کوردییەوە. ھێشتا پەرتۆکی قوتابخانەکانی ژێردەسەلاتی پارتی و یەکێتی
وەکیەک نین، ئەمە لەکاتیکدا ھەردوولایان بەھاوبەشیی یەکتر ئەو حکوومەتە
دەبەن بەڕێوە. دوای بیستوچەندساڵێک بەسەردامەزرانی حکوومەتی ھەرێم،
ھێشتا خاوەنی ناوەندێکی زمانەوانیی زانستی نین کە لەزانایانی
زمانەوانیی ھەموو پارچەکان و ھەرێمەکانی کوردستان پێکھاتبێت... ھۆی
بوونی ئەم ئاژاوە و پشێوییەی کە ئەوڕۆکە لەزمانی کوردیدا بەدیدەکرێت،
دەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم پارتی و رێکخراوەکوردییەکان - بە پارتی و
یەکێتیشەوە، کە بەھۆی پێڕەوکردنی بیری حیزبایەتیی، گوێیاننەداوەتە
ئەوەی کەسانی شارەزا و پسپۆری زمانەوانیی میدیاکانیان سەرپەرشتیی بکەن.
زۆر دەگمەنن ئەو کەسانەی لەمیدیای حیزبەکاندا کاردەکەن، بەشێوازێکی
زانستیی شارەزای زمانەکەی خۆیان بن. لەبەر ئەوە لەپێش ھەرشتێکدا گ. پ.
با لەباتی دانانی ''ھێڵی سۆر'' بۆ ئەلفوبێی لاتینی، داوا لە حکوومەتی
ھەرێم بکا، ھەوڵێکی نەتەوەیی و کردەیی بدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم
دیاردەیە کە بەرەوڕووی زمانی کوردی بووەتەوە! پێشکەوتنی زمانی کوردی
بەبڕیاری دڵسۆزانە و نەتەوەییانەی حکوومەتی ھەرێم و دامەزراندنی
ناوەندێکی زانستی- زمانەوانیی دەکرێت کە لە کەسانی دڵسۆز، شارەزا و
نیشتمانپەروەر پێکھاتبێت.
لە کۆپلەیەکی دیدا، گ. پ. دەڵێ: (....... ھەر
لەم پێوەستەدا دەبێ دوو ڕاستیی گرنگ و گەوھەرین جەخت بکرێن، کە
تێگەیشتنیان مەرجێکە بۆ بیرکردنەوەی ڕاست و چارەسەری ڕاستی کێشەکان.
یەکەم: کورد، گەلێکی ڕۆژھەڵاتییە و زۆرینەی موسڵمانە و لە ڕووی مێژوو،
جۆگرافیا و شارستانەتییەوە بەشێکە لەوان؛ دووەم: زمانی کوردی بەشێکە لە
خێزانی زمانانی ئێرانی، کە ئەویش دەچێتەوە سەر گرۆی زمانانی
ھیندۆئەورۆپایی. ئەو سێ لایەنە بنچینەی ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد و
زمان و فەرھەنگی کوردن...).
وەک دەبینین لێرەدا ئاستی تێڕوانینی کووری گ. پ. دەگاتە لووتکە و،
لێدوانی دانسقانە دەکا و تیشکدەخاتە سەر دوو راستیی گەوھەرین و گرنگ و
مێژوویی و دەنووسێ: یەکەمیان: کورد گەلێکی رۆژھەڵاتی و زۆرینە
موسڵمانە! دووەم: زمانی کوردی بەشێکە لەخێزانی زمانانی ئێرانی....!
گ. پ. کە ھەستاوە بە ئەرکێکی وا پیرۆز بۆ جێبەجێکردنی زمانی یەکگرتووی
کوردی، دەبوو بیزانیبایە. ئەم ئەلفوبێی ئێستا عەرەب پێیدەنووسێت، نەھی
عەرەبە و نەھی ئیسلام، بەڵکو لەزمانی ''ئارامیی'' جووەکانەوە
وەرگیراوە! بۆچی دەبێ بۆ عەرەب رەوابێ، زمان وئەلفوبێیەکەی لە جووەوە
وەربگرێت، رژێمی تورکیای خاوەن ئیمپراتۆرێتی کۆنی موسڵمانی سوننە،
ئەلفوبێی فەرەنسا وەربگرێ وبەھێندێک بیرازکارییەوە بیکاتە ئەلفوبێی
فەرمیی زمانەکەی! بۆچی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمانی ناعەرەب لەدنیای
ئیسلام رەوابێ ئەلفوبێی خۆیان پێڕەوبکەن، بەڵام بەبۆچوونی زانایانی
خاوەنڕابردووی گەلەکەمان کە تاکو ئەمڕۆ ژمارەیان گەیشتووەتە چوارسەد و
حەفتاویەک کەس، وازھێنان لە ئەلفوبێی ئارامیی - عەرەبی - سۆرانی،
بەنیشانەی یاریکردن بە ئاگر دابنرێ و، بە ناڕەوا لەقەڵەم بدرێ!؟
کۆڕ وناوەندێکی زمانەوانیی پسپۆڕ و شارەزا، لەرق، یان لەخۆشەویستیی زار
و ئاین و بنزارێک ئەلفوبێ بۆ زمانی نەتەوەکەی ھەڵنابژێرێت، بەڵکو
ئەلفوبێیەک پەسنددەکات کە فێربوونی دژوار و چەتوون نەبێ و رێخۆشکەربێت
بۆ نێزیککردنەوەی پارچەکانی کوردستان لەیەکدی، چۆنکە ساخبوونەوە لەسەر
رێزمان و ئەلفوبێیەکی ھاوبەش، یەکگرتنی کورد خێراتر دەکا و، لە گەلێک
لایەنەوە خزمەتی بەرژەوندیی گشتی نەتەوەی کورد دەکات. بوونی زۆرینەی
کوردی موسڵمان، وەک موسڵمانانی ناعەرەبی وڵاتانی دیکە، ھیچ کێشە نییە و
کوردیش دەتوانێ قورئان بە ئەلفوبێکەی خۆی بخوێنێت.
ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، زمان و مێژوو و شارستانێتی و فەرھەنگی
کورد، بەشێک نەبووە و نییە لە زمان، مێژوو، شارستانێتی و فەرھەنگ
وجۆگرافیای دراوسێکانی کە ترک وعەرەب و فارسن. زمان و مێژوو و فەرھەنگی
ترک وعەرەب لەکوێ و، کورد لەکوێ؟! پاشان ساخبوونەوەی کورد خۆی لەسەر
ئەلفوبێیەک کە لەخزمەتی پێشخستنی یەکێتیی نەتەوەیی و زمانی یەکگرتوویدا
بێت، چ پێوەندییەکی بە زمانەئێرانی و ھێندئۆروپاییەوە ھەیە؟! ئایە ئەو
گەلانەی وا خزمایەتیی زمانییان لەگەڵ کورددا ھەیە، پرسورایان کردووە
بەکورد بۆگۆڕینی ئەو کۆمەڵە ئەلفوبێیە جیاواز لەیەکانەی کە ئەمڕۆ
ھەیانە...!؟
گ. پ. ھەروەھا دەڵێ: (....... گۆڕینی ئەلفوبێی
کوردی بۆ لاتینی یا بیرکردنەوە لە بەکارھێنانی دوو جۆر ئەلفوبێ لە بەشە
کوردستانی ڕۆژھەڵات و باشووردا، دەبێت وەک ھێڵی سوور ببینرێت و نابێت
بە ھیچ جۆرێک بخرێتە بەرباس یا نەخشەی بۆ دابنرێت. ئێمە گۆڕینێکی وەھا
بە مەترسییەکی گەورە دەزانین بۆ سەر ئاسایشی زمان و نەتەوەی کورد.
سەپاندنی ئەلفوبێی لاتینی یاریکردنە بە ئاگر. ئەلفوبێی کوردی یەکێکە لە
نرخە پیرۆزەکانی نەتەوایەتیمان و دەبێ بپارێزرێت. ئێمە وەک باوەڕی
خۆمان و بەپێی تێگەیشتنمان لە ئەزموونی گەلانی دەوروبەر لە بواری
زمانەوانیدا پێمان وایە چارەسەری ڕاست و زانستی ئەوەیە لە کوردستانی
باکوور، کە لە سەرەتای ئەزموونی بەکارھێنانی زمانی کوردیدایە، دەست
بکرێتە بەکارھێنانی ئەلفوبێی کوردی، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵێکدا
بتوانن خۆیان لە ئەلفوبێی لاتینی و لە فەرھەنگی سەپێنراوی کەمالیزم
ڕزگار بکەن. بەڵام ھاوکاتیش ئەوە جەخت دەکەین کە ئێمە بە ھیچ شێوەیەک
بۆچوونی خۆمان بەسەر کەسدا ناسەپێنین و زمانەوان و کوردیزانانی
کوردستانی باکوور خۆیان دەتوانن لەو ڕووەوە بڕیار بدەن...).
بەڕاستی، ئێمەی کورد لەدانانی ''ھێڵی سۆر'' بۆخۆمان زۆر وەستا و
کارامەین، بەڵام لەبەرامبەر ئەو پرس وکێشانەی پێوەندییان
بەچارەنووسمانەوە ھەیە، وەک مادەی ١٤٠، ناوچەکێشەلەسەرەکان، پرسی
کەرکووک، بڕیاردان بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس، پێکھێنانی ناوەندی
ستراتیژی نەتەوەیی و .. ھتد، بە ناکارامەی و گێلانە و سەرزارەکیی
باسیان لێوەدەکەین. رۆژێک کۆمەڵێک پەیدادەبن، لە سروودی نەتەوەیی ''ئەی
رەقیب'' ی ھەڵدەپێچن، کۆمەڵێکی دیکەش ''لە ئاڵا''، ئێستاش نۆرەی زاراوە
و ئەلفوبێیە!
دانانی ھێڵی سۆر بۆ لاتینی، دژایەتیکردنێکی ئاشکرایە لەدژی بەشی گەورەی
نیشتمانەکەمان کە باکووری کوردستانە و، دژایەتی سێ ملیۆن کوردی رۆژاوای
کوردستانە. پێداگریی زەق و توند و دوور لەژیربێژیی (منگق) ی گ. پ.
سەبارەت بەئەلفوبێی لاتینی، جگە لەکێشە و ناتەبایی نانەوە و دڵخۆشکردنی
داگیرکەرانی کوردستان و، رازیکردنی ھێندێک موسڵمانی تەنگەتیلکە
وبەکرێگیراو، کە دژی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردین و، بەتەمان
رژێمێکی وەک سعوودی و تاڵەبان و ئێران لە کوردستان دامەزرێنن، چ
دەستکەوتێکی دیکەی نییە و نایبێت.
بڕیاردان و ھەوڵدان بۆ داسەپاندنی ھەر جۆرە ئەلفوبێیەک لەبارودۆخی
ئێستای کوردستاندا، بڕیارێکی نابەرپرسیارانەیە و تەنیا زیان لەو
نیوەچڵە ھەست و بیرەھاوبەشە نەتەوەییە دەدات کە چەن ساڵێکە لەھەموو
بەشەکانی کوردستان سەریھەڵداوە. نەتەوەی کورد لەبارودۆخی ھەستیار و
چارەنووسسازی ئەوڕۆدا پێویستی بەخۆپاراستن و پێکھێنانی ناوەندێکی
گشتگیری کوردستانیی ھەیە کە بتوانێت پارێزگاریی لەخەبات وبەرخۆدانی
ھەموو بەشەکانی نیشتمانەکەمان و دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بکات.
بێگومان لەبەشەکانی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستان ساڵانێکی دوورودرێژە
بەشێوە زاری سۆرانی دەنووسرێ و کورد خاوەنی بەرھەم و گەنجینەیەکی
گەورەیە، ھاوکات دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگیرێت کە دوو بەشی دیکەی کوردستان
لەم ئەلفوبێیە تێناگەن و، ناتوانن سوود لە بەرھەمی بەشەکانی ناوەڕاست و
خوارووی کوردستان ببینن. ئەوەشدەزانین نووسینی کوردی لاتینی لەباکووری
کوردستان ھێشتا سەرەتاکانیەتی، بەڵام دەبێ لەڕوانگەیەکی نەتەوەیی و
درێژخایەن بیر لەکێشەی زمان وەک رێگەیەک بۆ گەیشتن بەیەکێتیی نەتەوەیی
بکەینەوە.
لەم دۆخەی ئێستادا ئەمە ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە بووجەی
پێویست تەرخان بکات بۆ پێکھێنانی ناوەندێکی زانستی
- زمانەوانی و زانایانی وەک مامۆستا جەمال نەبەز و دوکتۆر
کوردستان موکریانی و دوکتۆر زرێ یوسف پۆڤە کوردی کوردستانی سۆری پێشوو
و دانیشتووی ئێستای رووسیا کە چەندین بەرھەمی لەسەر زمانی کوردی و
زاراوەی ھەورامی و لۆڕی وسۆرانی نووسیوە، لەگەڵ زمانەوانانی شارەزا و
دڵسۆز و نیشتمانپەروەر لەھەموو بەشەکانی کوردستان لە باکوور و رۆژاوا و
کرمانجی ناوەڕواست کە بەھەڵە ناوینراوە ''سۆرانی''، لە ھەرێمەکانی
کرمانجی خواروو کە لە راگەیەندراوەکەی گ. پ. دا ناویان نییە، وەک
کرماشان و خانەقین و ئیلام تا لۆڕستان و بەختیاری کۆبکرێنەوە. ئەم
ناوەندە دەبێ سەربەخۆ بێ و، خۆی دووربگرێت لەکێشەی حیزبی و سیاسیی.
زاراوە و بنزاراوەی ھەموو نێوچەکانی کوردستان شەنوکەو بکەن و وشەی
بێگانەی لێ بژار بکەن و، ئەلفوبێیەک بۆ ھەموو کوردستان پەسند بکەن.
پاشان حکوومەتی کوردستان بیکاتە بڕیار بۆ ھەموو ناوەند و ئۆرگانەکانی
وڵات بەگشتی. بێگومان بەچەن قۆناخێک و لەماوەی چەند ساڵێکدا دەتوانرێت
ھەموو بەرھەم و بڵاوکراوەیەک وەربگێڕدرێنە سەر ئەو ئەلفوبێیەی کە
ناوەندی زمانەوانیی پەسندی دەکات، تەنیا لەم رێگەیەوە کە دەتوانرێت رێ
لەبەردەم کێشەیەکی نانەتەوەیی و دژ بەکوردی تازەدا بگیرێت کە
ئەوجارەیان بەناوی زاراوە و ئەلفوبێ وە، خەریکە لە کوردستان
سەرھەڵدەدات...
_________________________________________________________________
بۆ ئاگاداریی زیاتری ئێوەی بەڕێز سەبارەت بە ناوەرۆکی نووسینەکە لەو
لینکەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوی ''گرۆی پێشدەستی بۆ پاراستنی زمانی
کوردی''، لەگەڵ لیستەی ناوی ئەو بەڕێزانەی واژۆیان لەسەر کردووە،
بخوێنەوە:
•
زمان و ئەلفوبێی کوردی:
لەنێوان شێواندن و چارەسەی زانستیدا،
لەگەڵ واژۆکەرانی بانگەوازەکە.
خەرمانان
(سێپتەمبەر)ی ٢٠١٢
ماڵپهڕی سیروان کاوسی
|