په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٨\٢٠١٥

مەسعود بارزانی هەرگیز سەرۆک نەبووە..

کەواتە ئێستا دەتوانی خۆی بپاڵێوی و وەک سەرۆک هەڵببژێردرێ!

 

 

 

هەرچەندە مەسعود بارزانی ١٣ ساڵ (١٩٩٢ - ٢٠٠٥) وە شێوەی نافەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو و پاشان ١٠ ساڵی دیکە (٢٠٠٥ - ٢٠١٥) لە رێی سازانەوە لەگەڵ (یەکێتیی) خۆی داسەپاند.. ئێستاش ئەوڕۆ (٢٠\٨\٢٠١٥) لە هەردوو لایەنە یاساییە قەرەقۆشییەکە و سازانە سیاسەتبازییەکە کۆتایی وە دەسەڵاتەکەی هات.. لێ ئەو ٢٣ ساڵ سەرۆکایەتییەی هەر وە ناو بووە.. چونکە لە راستییدا تەنێ لە شارەکەی خۆی (لە پارێزگای هەولێر) سەرۆک بووە واتە سنووری دەسەڵاتەکەی تەنێ لە پانتاییەکی بەرتەسکی نێوان (چۆمان - شەقلاوە - کۆیێ - پردێ - خەبات - بارزان)دا بووە، لە سلێمانی و کەرکووک و گەرمیان توانای نەبووە یەک فەرمانبەر دابمەزرێنی و تا ئێستاش هەمووی هەر لە ژێر رکێفی (یەکێتی) دایە، قەندیل و هەرێمەکانی پاراستنی میدیاش هەر لەبەردەستی (پەکەکە)دا بووە و هەرگیز نەیتوانی وە سەردانیش روو لەو ناوچانە بکا.. لە دەڤەری بادینانیش ١٣ بنکەی سەربازیی حکومەتە داگیرکەرەکەی تورکیا لە ناوچەکانی (بامەڕنی، کانی ماسی، ئامێدی، گەلی زاخۆ، باتوفا، سەری زیری، کریبی، دەرەی داواتیا، سیریی، کوخی سپی، کمری، کوبکی، سینکی)دا جێگرن و نزیکەی نیو ملیۆن سەرباز و جەندرمە و سیخوڕی تورکیی وە ئارەزووی خۆیان تەڕاتێنی تێدا دەکەن واتە دەسەڵاتی رەهای دەڤەرەکە لەبەردەستی خۆیان دایە، کەواتە مەسعود بارازانی هەرگیز سەرۆک نەبووە! لەبەرئەوە ئێستا دەتوانین مژدەیەکی زۆر خۆش وە بارزانی بدەین و پێی بێژین کە ئیدی ئەو دەتوانی ئێستا دوو جار خۆی بپاڵیوی و ٨ ساڵ وە شێوەیەکی زۆر یاساییانە و زۆر فەرمییانە وەک سەرۆک هەڵببژێردرێ تا بتوانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا خەڵکی کوردستان لەو خۆشگوزەرانییە مشەخۆرییە رزگار بکا و ئەو تۆزە هەستە سەربەخۆخوازییەی خەڵکی کوردستانیش لە بنوبۆتکەوە دەربکێشی و تێکڕای هەرێمەکە وە ناوچە داگیرکرایەکانیشەوە رادەستی عوسمانییە نوێیەکان و سەفەوییە ئیسلامییەکان بکاتەوە و لە پاش ئەو ٨ ساڵەش وە پێی بەرژەوەندییەکان و دیموکراسییە نازدارەکەی ئەمەریکا و رۆژئاواییەکان یەک دوو جاری دیکە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ بکرێتەوە!

هەر بژی مەسعود بارزانی.. خۆی و برازایەکەی و کوڕەکانی و ئەندامە بەڕێز و هێژایەکانی بنەماڵەکەی!!!


 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک