په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٩\٢٠١٣

    (من) دەقی تەمەن.


ناڵە حەسەن

                - بەشی پێنجەم -
١
من ئێستا بە ڕێگایەکدا دەڕۆم
کەتا دوێنی پێیدا نەڕۆیشتبووم
بیر لە کەسێک دەکەمەوە
کەتا دوێنێ بیرم لێنەکردبوویەوە
خەون بە مەراقێکەوە دەبینم
کە تا دوێنێ خەونم پێوە نەبینیبوو
چ دونیایەکی بێهودەیە
کە خۆم ئێستاکە نازانم
بە کام ڕێگادا دەڕۆم و
بیر لە کێ دەکەمەوە و
خەون بە چ مەراقێکەوە دەبینم!

٢

تۆ لە شەوێکی بێپەروا
لەنێو ئەشکەوتی تەنیایی من
گوتارێک دەنووسی
لەسەر مردنی عەشق
لەگەڵ سەدەها عاشقانی تر
کە پەناگەیەک
یان ژێرکەپرێک شک نابەن
بۆ ژوان و ئاوێزانبوون و سەما.

٣

تۆ جوانیەکانی خۆتم پێ ببەخشە
منیش شیعر
تۆ لە بەستەلەکیترین شەوانی غوربەت
گەرمم کەرەوە
منیش ئیرۆسیترین خەونی خۆمت
پێ دەبەخشم.

٤

ڕەنگی تریفەی مانگی
شەوەوەکانی من
لە ڕەنگی تریفەی مانگی
نێو چاوەکانی تۆ دەچن
زەردەخەنەی سەر ڕوخساری
پایزەکانی تەمەنی من
لە زەردەخەنە خەمناکەکەی
سەر ڕوخساری تۆ دەچن
لە نهێنی ئەم حیکایەتەش تێناگەم
کە بۆ هەر کیشوەرێکی عەشق سەفەر بکەم
لەو سەرەوە
لە نێو ماڵە ئاوریشمیەکەی باوەشی تۆ
خۆم دەبینمەوە.

٥

من ماڵێکم لە مەملەکەتێکە
کە نازانم چ کیشوەرێکە
ماڵێکیشم لە نێو دەریایەکە
کە نازانم چ ئۆقیانووسێکە
ماڵێکیشم لەسەر ئەستێرەیەکە
کە نازانم لە چ شەوێکی تەمەنم دەردەکەوێت
ماڵێکیشم لە غوربەتە
کە نازانم کەی لێی ڕزگارم دەبێت
بەڵام زۆر باش ئەوە دەزانم
کە ڕۆژێک دەگەڕێمەوە ماڵەکەی نیشتیمانم
هەر لەوێدا
دوا دێری قەسیدەی (من)ی (دەقی تەمەنم)
دەنووسمەوە و
دوای هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ
هەر لەوێشدا سەردەنێمەوە.

٦

هەولێر
حیکایەتێکە پڕ لە یادەوەری و
بێشکەیەکە پڕ لە بەرائەت و جوانی.

٧

ئەی عەشق
کە نیشتیمانی من
بەهەشتێکی واقعی بێت
ئیدی چ پێویستیم
بە بەهەشتی خودا هەیە.

٨

وەک چۆن باڵندەکان دەفڕن
منیش حەزم لە فڕینە
وەک چۆن ڕەوەندەکان کۆچ دەکەن
منیش حەزم لە کۆچە
بەڵام ئەمجارەیان کۆچ بەرە و
ڕووبەرێکی نادیار و مەملەکەتی غوربەت نا
کۆچ بەرە و ئامێزی نیشتیمانە ئەبەدیەکەی خۆم.

٩

هەموو شەوێ
بەرلەوەی بخەویت
دەنکە ترێیەکی ڕەش
لەنێو مەمکۆلەکەت دابنێ و
بە بزەیەکی گەرمەوە
چاوەڕێم بە.

١٠

وەرە با هەردووکمان بگەڕێینەوە
بەڵام، من بەر لە تۆ
یان با هەردووکمان خۆمان بکوژین
بەڵام، تۆ بەر لەمن
یان با هەردووکمان زیندانی بین
بەڵام، تا ئەبەد بەیەکەوە.

١١

زەمانێکە
بێهودەیی پیاسەم لەگەڵدا دەکات
مردن دەملاوێنێتەوە
نائومێدی وەکو سێبەر بە دوامەوەیە
تەنیاییش هەموو شەوێ لەگەڵمدا دەخەوێ
ژیانیش لە دووری دوورەوە
بزەیەکم بۆ دەکات و پێمدەڵێ
دانبەخۆت دا بگرە
کورە شاعیرە ڕۆژهەڵاتیەکە.

١٢

تا قوڵتر بیر لە عەشق دەکەمەوە
ئەم سەفەری هاتنەم بۆ نێو ژیان
جوانتر و ئیرۆسیتر دەبێت.

١٣

هەموو شەوێک
کە مانگ هەڵدێ
من لە بالکۆنی شیعرەوە
بیر لە تۆ دەکەمەوە.

١٤

هێندەش لە ئەستێرەکان
ڕادەمێنم
تا حەسرەتەکانم
تێکەڵ بە جوانیەکانی
جەستەی تۆ دەبن.

١٥

کە ئەوجارە
هاتیەوە لام
هیچ دیاریەکم بۆ مەهێنە
جگە لە بتلێک شەڕابی
لیکی نێو ئارەزووەکانت و
هیچیتر.


حوزەیرانی ٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک