١٧\١٢\٢٠١٨
من گۆرانی بۆ ژیان دەڵێم.

ناڵە
حەسەن
دڵم قوتویەکی بەتاڵە
لەسەر گوفەکێکی یەکێک لە گەرەکە میللییەکان فڕێدراوە
ڕۆحم کۆڵارەیەکی کاغەزینە
بەدارتەلێکی کارەبا گیربووە و لێنابێتەوە
جار جار پەنجەکانم
جار جار پەراسووەکانم
جار جارەش چاوەکانم
یاخی دەبن / لێم جیا دەبنەوە
جەستەشم وەک دارسنەوبەرێکی رووت
لەبەر باران هەڵدەلەرزێ
لەوەتەی هەم
لەسەر پەتی مەرگ بازبازێنمە و
نازانم چۆن گەیشتوومەتە ئێرە
بەڵام ئەوە باشدەزانم
لەوەتەی هاتوومەتە بوون
وەک تاڤگەیەکی بێهوودە
بەردەوام
گۆرانی بۆ فڕینەکانی ژیان و
بۆ سەرکەشییەکانی عەشق و
بۆ تریفەکانی ئازادی و
بۆ سەمفۆنیای گوڵەگەنم و
بۆ ڕەهابوونی مرۆڤ دەڵێمەوە...!
بەفرانباری
٢٠١٥
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|