٢٧\١\٢٠١٦
تهوهرى (پهیوهندی نێوان
زمان و شیعر):
ناڵە
حەسەن*:
ئەگەر
زمان، نیشتیمانی شاعیر بێت ئەوا ئەم نیشتیمانە، بە فیکر
ڕۆشن دەبێتەوە.
ئامادەکردنی: دانا
رۆژنامەی
هەولێر - دانا:
ههموو شتێك له ڕێگهى زمانهوه دهناسیین ، تهنانهت بۆ
ناسینى زمانیش پێویستمان به زمانه ، زمان وهك ئهو ڕۆشناییه وایه
كه پێویسته له ههموو پانتاییهك بوونی ههبێت ، ههر پانتاییهك
ڕۆشنایی زمانى تیا نهبێت ، ههست به كێماسییهكی دهكهین ، ههر
بۆیه ئهگهر شیعر پانتاییهكی گرنگ بێت له دونیاى زمان یان
داهێنانێكی زمانهوانی بێت ، ئهوا ههر پرسیارێك له گهوههرى زمان
ناچارمان دهكات ئهو پرسیار له ئهرك و بهكارهێنانه ههمهچهشنهكانى
زمان بكهین، ئهرك و بهكارهێنانه شاعیرانهییهكانى زمان له بهرامبهر
ئهرك و بهكارهێنانهكانى تری زمان جیاوازه. به دیدی تۆ پهیوهندی
نێوان زمان و شیعر له كوێدایه؟ ئاشكرایه كه چهندان زمانمان ههیه
كه بوونهته نێوبژیوانكهر و پێكهوهبهستانى مرۆڤ و جیهان، و ههروهها
ههر زمانێكیش چهندین زمانی تیایه كه ههر یهكهیان جیهان و ژیان
له ڕوانگهیهكهوه دهبینن، ڕوانگهى جیهانبینى و ژیانبینى و
مرۆڤبینى له زمانی شیعرییدا چیین؟ بهڵگهنهویسته بههاى شیعریی
ووشه له بهراورد به كایهكانى تر شایهنى بهراوردكردن نییه، به
دیدی تۆ شیعری كوردی بهشێوهیهكی گشتى توانیویهتى بههاى شیعری ووشهكان
لهبهرچاو بگرێت؟
ناڵە
حەسەن: دەمەوی لێرەوە دەستپێبکەم کە دەڵێن ، دەتوانین هەموو
شتێک لە ڕێگەی زمانەوە بناسین یان بۆ تێگەیشتن لە هەر شتێک پێویستیمان
بە زمان هەیە . ئەمە قسەیەکی دروستە و بە بڕوای منیش هەروایە . تەنانەت،
پێشکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیاش پەیوەندییان بە
زمانەوە هەیە یان مانەوەی مرۆڤ لە نێو رووبەری ژیان و بەردەوامبوونیدا
، هەر پەیوەندی بە زمانەوە هەیە ، تا ئەو شوێنەی بە شیعریش دەگەڕیتەوە
یان پەیوەندی نێوان زمان و شیعر .. خۆی لە بنەڕەتدا ، شیعر کردەیەکی
زمانەوانییە لەنێو ڕووبەری خەیاڵ و بیرکردنەوەدا ، یان دەتوانین بڵێین
شیعر ( موغامەرەیەکە لە پێناو زمان ) . پەیوەندی نێوان زمان و شیعر وەک
پەیوەندی نێوان ( بوون و شوێن ) وایە . یان بە شێوەیەکی فراوانتر وەک
پەیوەندی نێوان ( بوون و ژیان ) وایە . بە پێی تێگەیشتنی ( مارتن
هایدگەر ) " زمان ماڵی بوونە " ( بوونیش نیشتیمانی تۆیە ) ، هەربۆیە (
ئەدۆنیس ) ی بیرمەند و شاعیر ( زمان بە نیشتیمانی خۆی دەزانێت ) ..
کەواتە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان زمان و شیعر ، وا پێویست دەکات
زێتر لە جەوهەر یان لە پێکهاتە و بەهای پەیوەندی نێوان بوون و ژیان
بکۆڵینەوە ، زمانی شیعر ئەو دەسەڵاتە بە شاعیر دەبەخشێ کە ببێتە خاوەن
ئازادییەکی ڕەها ، ئازاد لە جووڵەی بەردەوام بۆ دۆزینەوە و داهێنانی
هێما و مانا و شتگەڵی نوی ، ئازاد لە گەڕان بەنیو هەموو ڕووبەری خەیاڵ
بۆ دوورترین و قووڵترین شوێن ، ئازاد لە ڕاماڵین و لابردنی هەموو
بەربەست و ڕێگرییەکان ، ئازاد لە دیاریکردنی پەیوەندی لەگەڵ خۆی و
تێگەێشتن لە خۆی هاوکات ، پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیتری دەرەوەی خۆی ،
چونکە شاعیر ( بۆ تێگەیشتن لە خودی خۆی ، پێویستە بە نێو ڕووبەرە
شاراوە و نادیارەکانی ئەویدیکەدا ڕەت ببێ ) . شاعیری داهێنەر لە ڕیگەی
زمانەوە بەم ئازادییە ڕەها و بەم دەسەڵاتە خەیاڵییە دەگات .. هەروەک (
" نێتچە " بانگەشەی بۆ ئیرادەی هێز دەکات ، کە وا لە مرۆڤ دەکات جەخت
لە بوونی خۆی بکات و وابەستەی ژیان بێت ) ، بە بڕوای من ، هێزی ئەو
وابەستەبوونی مرۆڤ بە ژیان لە ڕێگەی زمانەوەیە . چونکە زمان هۆکارێکی
سەرەکییە بۆ ناسین و لە یەکتری گەیشتن و دۆزینەوە یان داهێنانی
بەردەوام ، لێرەدا هەمان پەیوەندی و هەمان وابەستەبوونی زمان و شیعر
دەبینم لە نیو رووبەری دەقدا ، دەبێ لەوە تێبگەین کە ژیان بەبێ بوون
هیچ مانا و بەهایەکی نییە .. بۆ تێگەیشتن لە جەوهەرو پێکهاتەی ئەم
بوونەش پێویستیمان بە زمان و هاوکات ، بە فکریش هەیە .. چونکە شاعیر
خودێکی نیگەرانی مەعریفییە لە ریگەی زمانەوە لە پشت کۆد و هێماکانەوە
لە بەرگێکی ئیستەتیکی خۆی نمایش دەکات یان چونکە بوونی مرۆڤ لە
بنەڕەتدا لەسەر بناغەی نیگەرانی دامەزراوە لەهەمانکات ، بوونی زمان و
جووڵە و کردەی زمان لە نێو رووبەری دەق ، لەسەر هەمان بناغە و بنەما
ئیش دەکات . یان بە مانایەکی تر ، توانای شاراوەی زمان لە جیهانی
مەعریفەی خەیاڵ و بیرکردنەوەی شاعیر لە پڕۆسەی مامەڵەکردنی زمان و
بەکارهێنانی وشە و کۆد و وێنە شیعرییەکان دەبیندرێ . مەبەستمە ئەوە
بڵێم ( ئەگەر زمان ماڵی بوون بێت ، یان ئەگەر زمان نیشتیمانی شاعیر بێت
ئەوا ئەو ماڵە یان ئەو نیشتیمانە ، بە فیکر ڕۆشن دەبێتەوە یان ئەو
بوونە بە فیکر مانایەکی دەبێت ) لێرە دەمەوێ پێ لەسەر ئەوە دابگرم کەوا
، زمانی شیعری پەیوەندی بە مەعریفە و هۆشمەندییەوە هەیە .. یان دەمەوێت
ئەوە بڵێم ، هەر دەقێکی شیعری جوان یان هەر داهێنانێکی گەورە ،
هۆشمەندییەکی گەورەی لە پشتە بۆ جووڵاندن و بەکارهێنانی زمان ، چونکە
هۆکارێک بۆ جووڵاندنی زمان ، بۆ دۆزینەوە و داهێنانی ڕووبەر و شتگەڵی
نوێ ئەویش مەعریفەیە . بەمانای شاعیر لە ڕیگەی مەعریفەوە دەتوانی زمان
بەو شیوەیە بەکاربهێنی کە داهێنانی نوێ بکات ، چونکە مەعریفە دۆزینەوەی
بەردەوام بە سەرچاوەی مانەوە و تیژبینی خۆی دەزانێت .. زمان هێزی ئەوەی
تیایە شاعیر لە ڕێگەیەوە ناوەوەی خۆی بخوینێتەوە و لە جەوهەری خۆی
تێبگات .. زمان هێزی ئەوەی تیایە شاعیر بتوانی لەڕێگەیەوە ، خەونەکانی
خۆی بخوێنێتەوە و لە جەوهەری ژیان و ئایندە و خەونەکانی خۆی تێبگات ..
چونکە زمانی شیعرو هێماکان بۆ دەربڕینی بیر و شێوازی باری دەروونی
بەکاردەهێندرێن یان بە مانایەکی تر ، چونکە زمانی شیعر ، زمانی وەقسە
هێنانی خەون و خەیاڵ و ئارەزووەکانی مرۆڤە .. زمانی شیعر زمانی وڕێنەیە
.. مرۆڤ لەکاتی مەستبوون و ڕۆچوون بە نێو ڕووبەرەکانی خەون و خەیاڵ ،
دەگاتە ئاستێکی باڵای وڕێنەکردن یان ئەو ئاستەی کە بە هۆیەوە ،
دەگەریتەوە سەر بنەچە و حەقیقەتی خۆی ، وەکو خۆی قسە دەکات ، یان
ئارەزووە چەپێندراوەکانی دێنێتە قسە .. نووسینی شیعر گەیشتنە بەم ئاستە
باڵایە لە رێگەی زمانەوە .. گەیشتنە ئاستێکە ، مرۆڤ وەکو خۆی بیر
بکاتەوە و وەکو خۆی باس لە حەز و ئارەزووەکان و باس لە خەون و
خولیاکانی بکات .. ئەم ئاستە بەرزە بۆ ڕوانینی مرۆڤ لە خودی خۆی و ژیان
و ئایندە و خەونەکان ، مەبەستمە ئەم پەیوەندییە و بەهای نێوان بوون و
ژیان ، لەوەوە ببینم و بڵێم ، هەمووی لەرێگەی زمانەوەیە .. شیعر نووسین
گەیشتنە ئاستێکی بەرزی هەشمەندییە بۆ مرۆڤ .. هەربۆیە " هایدگەر " دەڵێ
( مرۆڤ شاعیرانە نیشتەجێ دەبێت ) یان بەپێی لێکدانەوەی ( د. محەمەد
کەمال ) بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە ،کە " هایدگەر " دەخوازێ مرۆڤ شاعیرانە
بژیی . چونکە ، شیعر ئاماژە بۆ بوون دەکات یان زمانی شیعر وەک زمانی
فەلسەفە وایە ، شاعیر دەتوانێ واتای بوون دەربخات . لەم ڕێگەیەوەش
هەستە ئیرۆسییەکان وخەونەکان و جوانییەکانی ژیان بنووسیتەوە . شیعر
لەنیو رووبەری خەیاڵ ئیش دەکات ، بۆیە شاعیر دەتوانێ خودی خۆیی و ژیان
بە هەموو بەریناییەکانی بنووسیتەوە .. یان زمانی شیعر توانای ئەوەی
هەیە ببێتە زمانی ئەدەب بەگشتی و هەموو ژانرەکانی تری پێ بنووسرێتەوە
یان ببێتە زمانی سیاسەت و ئایین و کتێبە ئایینیەکانی پێ بنووسرێتەوە
یان وەکو ( فەلسەفە لەسەر بنەمای فیکرەوە دەرگیربوون بێت لەگەڵ واقیعدا
) .. بۆیە بە بڕوای من ، جیاوازی ڕوانگەی زمانی شیعری لە ڕوانگەی زمانی
کایەکانیتر ئەوەیە ، زمانی شیعری ، لە پەنجەرەی جوانییەوە دەروانێتە
بوون و مرۆڤ و ژیان ، شاعیر لە رێگەی هێز و دەسەڵاتی زمانەوە بەهۆی
توانا و هۆشمەندییەکانی خۆیەوە هەوڵدەدات ، جوانییەکانی ژیان بدۆزیتەوە
و ژیان جوانتر و جوانتر بکات .. لەهەمانکات ، بەردەوامیش بە ژیان بدات
و مرۆڤ وەک سەرچاوەکانی بەها و پیرۆزی سەیر بکات . چونکە هەموو ئەو
دەقانەی کە داهێنانیان تیایە هەڵگری پرسیارگەڵێکی بێکۆتایی و گومانی
گەورە و لە ڕووبەری گەورەش نهێنییەکانیان حەشارداوە و پێویستییان بە
خوینەری زێتر و خوێندنەوەی زێتر و لێکدانەوەی زێتر هەیە . چونکە ئەو
دەقە شیعرییانەی کە جێگای مەبەستی ئێمەن ، وەک شتگەڵێکی سیحری ،
هەرجارەی بە جۆرێک و ڕەنگێک و بە هێما و مانای جیاوازەوە دەردەکەون ،
دەربارەی ئەوەش کە بەها و شێوەی وشەکان لە نێو شیعری کوردی ، یان بە
شێوەیەکی ڕوونتر و گونجاوتر ، توانای شاعیر لە بەکارهێنانی زمان و
وشەکان لە نێو ڕووبەری شیعری کوردی .. بەپێی ئەو ڕۆشناییە دیاریکراوەی
کەمن هەمە لەسەر شیعر و ئەدەبی جیهانی یان شیعر و ئەدەبی دەرەوەی خۆمان
.. من پێموایە زۆرێک شاعیرانی کورد لەمبارەیەوە هەوڵ و دەقە
شیعرییەکانیان لە ئاستێکی بەرزی داهێنان دان . من باس لە ڕێنووس و
ڕستەسازی و هونەری زمان ناکەم ، باس لە توانا و دەسەڵات و هۆشمەندی
شاعیر دەکەم لە جووڵاندن و بەکارهێنای زمان و بەهای وشەکان لە نێو
ڕووبەری دەقە شیعرییەکاندا .. من هیچ گومانێکم لەوەدا نییە کە دەیڵێم .
تەنها ئەوەی جێگای نیگەرانی و گومانی من بێت ئەویش ئەوەیە ، توانا و
بەهای زمانی شیعری و خودی شیعری کوردی بە گشتی لەلایەن خوێنەران و
ڕەخنەگرانی جدی و خاوەن مەعریفەیەکی گشتگیر وەک پێویست
نەخوێندراونەتەوە و وەک پێویست لەسەر بەها و توانای زمانی شیعری کوردی
لەنێو رووبەری دەق ، نەهاتوونەتە قسە . بە مانای شیعری کوردی وەک
پێویست نەخوێندراوەتەوە.
______________________________
*
ناڵە
حەسەن: تا
ئێستا چەندان وتار و شیعری دانسقەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا
بڵاوکردۆتەوە و خاوەن چەندان پەرتووکی
شیعرییە، گرنگترین کتێبەکانی (نیگایەک بەسە بۆ مردن) شیعر هەولێر ٢٠٠٧،
(عەشق و بەرائەتی ئاو) شیعر ٢٠٠٠، (ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر) شیعر
هەولێر ٢٠٠٣ و چەند
پەرتووکێکی تر.
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|