٢٤\١١\٢٠١٨
نەورەسێک
لەودیو هەورازەکانی تاریکییەوە.

ناڵە
حەسەن
١
لە ئێوارەیەکی ئەسمەری
دەنگێک لە ئاسمانەوە هاتە گوێم
لە نێو قووڵایەکانی شەو
لەودیو هەورازەکانی تاریکییەوە
لەودیو گوندەکانی بەهەشتەوە
دەنگێکی نەرم
وەک دەنگی نمنمەی باران
دەنگێک /
پڕ لە گڕ و پڕ لە بڵێسە
پڕ لە ئاواز و پڕ لە ئومێد
دەنگێک /
لە خەوە پڕ حەسرەتییەکانی بێهوودەییم
ڕایجڵەکاندم
ئەشکەوتەکانی غوربەت و
پەرستگەکانی تەنیایی و
خەلوەتگەی خەونەکانمی
ڕووناککردەوە
ئەو دەنگە دەنگی فریشتەیەک بوو
بە زمانی عەشق قسەی دەکرد
بە زمانی پەرییەکانی دەریا و
حۆرییەکانی فیردەوس
بە زمانی ژنە ڕاهیبە ڕۆح تێشکاوەکان
بە زمانی ژنە ڕەوەندێکی ژێر ڕەشماڵی
نێو ئەفسانە مەزنەکان
٢
ئەی نەوڕەسیترین ژنی دنیا و
ئەی کۆچەریترین کەویاری عەشق
من ڕۆیشتمەوەو تۆش نەهاتی
تا / توند توند
بە خۆمت وەنووسێنم
پەڕ پەڕی
لێوەکانت بخوێنمەوە
توند توند بۆنت بکەم و
گەرمایی لەشت هەڵمژم
٣
ئەی نەوڕەسە
نەرمونیانە نەشمیلەکە
عەشق لەگەڵ تۆ
گەمەکردنە بە پشکۆکانی ئاگر
ڕەتبوونە بە نێو کۆڵانەکانی ڕەشەبا
دار وەردانە لە کونە زەردەواڵەکانی
ناو دیوارەکانی دۆزەخ
ڕاکشانە لەسەرپشتی
شەپۆلە سەرخۆشەکانی شێتبوون
لە خاچدانی گەردەلوولە
لە نێو گەردانە بێگەردەکانی نائومێدی
٤
هۆ / شەکرەژنە شەرمنە شێتۆکەکە
وەکچۆن برسییەتی ڕێیەکی لە هارییە
دووری تۆش ڕێیەکی
لە نێو مەملەکەتی مردنە
دووری تۆ
ئاسمانێکە پڕ لە ئەستێرەی ڕەش
کتێبێکە لە ئاگر
گڕ لە کاتژمێری مەوداکان و
گڕ لە ناسنامەی وەرزەکان و
گڕ لە دەفتەری غەریزەکان / بەردەدات
٥
لەو ڕۆژەوەی دەنگی تۆ
لەودیو هەورازەکانی تاریکییەوە
دێتە گوێم
خۆم و خەون و خەیاڵەکانمت
لەت لەت کردووە
لەتێکم وا بە ئاسمانەوەیە
تۆش بە قوڕگێکی پڕ لە گریانەوە
هەر دەڵێی
( توخوا زوو بگەڕێوە )
لەتێکم وا بە دەشت و کێوەکانی غوربەتەوەیە
هەموو ڕۆژێک
لاوکی تەنیاییم دەنووسێتەوە
لەتێکیشم لە نیشتیمان بەجێماوە
بۆ سەبووری و
هێوربوونەوەی
پەپوولە بێئۆقرەکانی
نێو گوڵزاری دڵی تۆ
٦
ئەی نەوڕەسە
نیگا شیرینە شلێرییەکەی
نێو ڕەز و باغ و باغاتەکەی شیعر
نوونەکانت لێکگرێ دەدەم
نەرم نەرم
ملوانکەیەک لە ئاوریشمت بۆ دەنەخشێنم
نوونەکانت لێکگرێ دەدەم
نەرم نەرم
ڕووبارێک لە شیلەی ئارەزووە ئیرۆسییەکانت
بەسەر کێلگە تینووەکانی
مرۆڤ و باڵندە تەنیاکاندا دەڕژێنم
لە سەر گرد بەگردی خەونە سپییەکانیشت
تەنافێک
لە پیتە نارنجییەکانی ناو دڵت هەڵدەدەم
لە مەودواش
هەموو نوونە نەرمەکانی سەر لێوەکانت
دەکەمە ناونیشانی کتێبەکانم و
سەردێری شیعر و قەسیدەکانم
٧
ئەی میوانە ناوەختەکە و
ئەی شەونووری شەوانی عەشق
تۆ گەوهەرێکی پڕ لە گوڵ و
گوڵدانێکی پڕ لە گەوهەر
تۆ ڕازێکی پڕ لە ڕۆندک و
ڕۆندکێکی پڕ لە ڕاز
تۆ خەونێکی پڕ لە خۆرەتاوی و
خۆرەتاوێکی پڕ لە خەون
تۆ ئەستێرەیەکی پڕ لە ئەوین و
ئەوینێکی پڕ لە ئەستێرەی
تۆ تریفەیەکی پڕ لە تاسانی و
تاسانێکی پڕ لە تریفەی
هەموو شەوێک لە نێو
بوون و بۆشایی بیرکردنەوەکانم
دەدرەوشێیتەوە
کەلێن و گۆشەو قوژبنە تاریکەکانی
دەمار بە دەماری
ئارەزوو و ئومێدەکانم
ڕووناک دەکەیتەوە
٨
دەنگ دێ
دەنگ دەنگ دەنگ
لەنێو کێو و دۆڵەکانەوە
لەنێو ئاسمان و لە دەوری ئەستێرەکانەوە
دەنگ دەنگ دەنگ
لەودیو هەورازەکانی تاریکییەوە
لەودیو باخچەکانی بێهوودەیییەوە
لەودیو تاوێرەکانی تەنیایییەوە
دەنگێک /
لە نەوڕەسێکی نیشتیمانەوە دێ
هەردێ و هەردێ و هەردێ
٩
تەق
تەق تەق تەق
تەق تەق تەق تەق تەق
تەق تەق تەق تەق تەق تەق تەق
بە یارمەتی خۆت ئەم دەرگایە بکەرەوە
بوەستە دەرگای ماڵەکەت نا
دەرگای دڵتم بۆ بکەرەوە
ئەی نەوڕەسی من
دەرگای دڵت بکەرەوە
با وردە ئەستێرە دوور دوورەکانی نائومێدی
لە خۆرەتاو و خاک نزیک ببنەوە
با مانگ و خوداکان
پشت لە بازنەی تەنیایی بکەن
لەگەڵ ئاوەدانی ئاشت ببنەوە
ئەی شلکەڕێواسەکەی
بنار زورگە بێناوەکەی زەمەن
لە دووری دوورەوە هاتووم
تاسەو سووتان و غوریبی تۆ
چەندین وڵات و
چەندین کیشوەر و
چەندین ئۆقیانووسی پێبڕیوم
دەرگای دڵتم لێبکەرەوە
ماندووم و هاتووم
بۆ چەند ڕۆژێک
یان چەند کاتژمێرێک
یان /
گەر چەند خولەک و چرکەیەکیش بێت
لە باوەشی تۆ
سەرخەوێک بشکێنم
لەژێر ساباتی ئەم عەشقەت
پشوویەک بدەم و بحەسێمەوە
دەی دەی دەی
ئەی نەوڕەسەژن
دە دەرگای دڵتم بۆ بکەرەوە
دەی دەی دەی
دە بیکەرەوە دەی ...!
تشرینی یەکەمی
٢٠١٦
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|