١٠\١٠\٢٠١٣
پالەوانیەتی
بیبەرخواردن.

مستەفا رابەر
پاشا فەرموی زۆر وەڕسم. زۆر زۆر بێزارم.
سەرۆک وەزیر گۆتی قەت نەبی! ئێمە دەتوانین یاریەکی خۆشت بۆ ڕێکبخەین..
یارییەک رەنگە بێ تاقەتی خیاوەنشکۆ بڕەوێنتەوە وەکو پێشبڕکێی
زۆرانبازیی، قاشۆیانی!
پاشا بە بۆلەبۆل گۆتی لە زۆرانبازیی بێزارم.
شاژن پێشنیازی پێشبڕکی ئەسپسواریی کرد.
لەویش بێزارین، پاشا وەلامی ژنەکەی دایەوە.
زۆری نەبرد پاشا مڕەیەکی لێوەهات، حەز لە پێشبڕکێیەکی جیاواز دەکەم،
یارییەک پێشتر نەکرابیت.
دەم و چاوی پاشا بە گرژینەوەیەک گەشاوە گۆتی دۆزیمەوە، بلیمەتیی و
زرینگیی لە خۆم دێت.
وەزیر هەر ئێستا دەچیتە لای دیانەکان پێ یان بلێ ئیمڕۆ پالەوانیک بنێرن
بۆ کۆشکی پاشا. دوای ئەوان بۆ هەمان مەبەست بڕۆ لای موسولمانەکان
هەروەها جوولەکەکانیش لەبیر نەکەیت، دەبی هەموو لایەکیان ئەم پاش
نیوەڕۆیە نوینەریان لێرە ئامادە بیت هەر لایەکیان ئامادە نەبیت خراپ
لەسەریان دەکەویت.
وەزیر بە شپرزەیی پرسیاری کرد (رۆناکیی دونیا) چ جۆرە پالەوانێکت
مەبەستە.
پالەوانی سوارچاکی، ڕاکردن، جەنگاوەر؟
پاشا بەدەم پیاسەکردنەوە بە منگەمنگ لەبن لێوانیەوە گۆرانی گۆتن بە
شێوەیەکی تەمومژاویی وەلامی سەرۆک وەزیری دایەوە (تەنیا پالەوان بیت)
بێ ئەوەی ناوی پێشبرکێیەکە بدرکێنیت!
سەرۆک وەزیر خێرا بەهەلەداوان چووە لای ئیمام پێی گۆت پاشا فرمانی کرد
ئەم ئێوارە پالەوانێک وەکو نوێنەری موسولمانەکان بنێری بۆ کۆشکی پاشا
بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکیەک ئەگەر فرمانەکە جێبەجێ نەکەن سەرئێشەتان
بۆ دروست دەبێت.
خەم نییە ئێمە یوسف دەنێرین وەکو درەخت زلە و هێندەی گایەکیش بەهێزە بە
خاوەنشکۆ بڵی نوێنەرمان لەوێ دەبیت.
دوای ئەو سەرۆک وەزیر چووە لای مەترانی دیانان و پێی گۆت فرمانی پاشایە
دەبێ ئەم ئێوارەیە پالەوانێک وەکو نوێنەری کریسچیانەکان بۆ کۆشکی پاشا
بنێری ئەگەر نەتوانی کەسێک بنێری هەمووتان پەشێمان دەبنەوە.
مەتران گۆتی ئێمە پیتەر مان هەیە پالەوانێکی شایستەیە! دەتوانم بلێم
کەس وەکو ئەو شارەزای شمشیربازیی و ئەسپسواریی نیە چاوەڕێی بکەن. سەرۆک
وەزیر لە کاتی گەڕانەوەی جووەکانی وەبیرهاتەوە کە دەبی فەرمانی پاشایان
پێڕابگەینیت وەزیر لە دلی خۆیدا گۆتی نازانم پاشا بۆچی داوای نوێنەری
ئەوانیشی کردووە شتێکی سەیرە بەلام فەرمان فەرمانە، دەبی جێبەجێ بکرێت.
وەزیر بەرەو گەرەکی جولەکان بایداوە داوای لە کەسێک کرد بیبەن بۆ لای
مالم کاتێ مالم فەرمانی شاهانەی پێگەیشت هەموو جولەکەکانی کۆکردەوە پێی
ڕاگەیاندن ئێمە دەبی ئەم ئێوارەیە پالەوانێک بنێرن بۆ کۆشکی پاشا ئێوە
کێ بە باش دەزانن؟
خەلکە وەلامی مالمیان داوە ئێمە هیچ پالەوانێکمان نییە ئێمە وەکو ئەوان
پیاوی زەبەلاح و شەڕکەری بەهێزمان نییە.
وەزیر گۆتی دڕێژدادڕی ناوێ ئێوە هەر دەبی کەسیکتان بنێرن پاشامان (روحم
بە قوربانی بیت) جەختی لەسەر ئامادەبوونی نوێنەرتان کردووە! ئەگەر
دوابکەون خراپ لەسەرتان دەکەویت.
لەپڕ دەنگێکی زیقن لە پشتەوەی قەرەبالغییەکە بەرز بۆوە "ریگەم بدەن با
من نوێنەری خۆمان بم".
مالم قسەکەی پێبڕی ئیسحاق خۆت مەکە قەشمەرجاڕ تۆیەکی پیر و داوەشاوە و
تەپیو بە کەلکی چی دێیت؟
ئاخر کەسێکمان هەر دەبێ بچیت، بەندەش بێوە مێردم منالم نییە لە ئاخیر و
ئۆخری ژیاندام جگە لە ژیانم چیم هەیە لە دەستی بدەم.
وەرە پێشەوە... قسەکەت بەجێیە.. لەسەر دەستنیشانکردنی ئیسحاق هەمویان
کۆک بوون.
درەنگانێکی ئەو ئێوارەیە... یوسف، پیتەر، ئیسحاق لە یاریگای شاهانە
ئامادەبوون، لەوێ خێزانی شاو ڕاوێژکار و دەست و پێوەندەکان و هاندەرێکی
زۆر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی پێشبڕکی یان دەکرد.
کاتێ حەشاماتەکە ئیسحاقیان بینی دایانە قاقای پێکەنین و فیکەکێشان و
گۆتیان ئەم دەعبایە خۆی چییە هەتا پالەوان بیت!
بەلام پاشا هەستایە سەرپێ و دەستی بەرزکردەوە بێدەنگی کردن!
پێشبڕکی ئەمجارە جیاوازە، پالەوانی پێشبڕکێکەمان ئەو کەسە دەبی بتوانی
بیبەرێکی تیژ بخوا بێ ئەوەی هاوار بکات و بلێ (ووووووو.... وووووووو )
یان داوای ئاو بکات.
وەکو دەسپێکی پێشبڕکی تیمی کەڕەنا ئاوازێکی تایبەتیان ژەند، سێ دانە
بیبەری سووریان لەسەر سینیەکی زیو دانا و پێشکەشیان کردن.
یوسف دانەیەکی هەلگرت و قەپالێکی لێداو خێرا کرۆژتی بەلام خۆی
پێنەگیراو بە هاوارکردن رایکرد و لوراندی (وووووووووو) ئاووم بدەنی
ئاگرم تێبەر بوو سووتام!
پاشا فەرمانی کرد بیبەن بۆ ئەولا.
پیتەر هاتە پێشەوە بە زەردەخەنەی لەخۆبایی گۆتی دەی بێبەرم بدەنێ من
بەهێزم، چارەی دەکەم، بەلام هەر لەگەل گەزەی لێدا و سوور هەلگەڕا و
قوڕگی خۆی گرت و بەلاداهات هاواریکرد (وووووووووووو) تکایە فریام کەوون
ئاو ئاو بۆ خاتر خوا ئاوم فریا خەن سوتام.
خاوەنشکۆ هاواری کرد بیبەن بۆ ئەولا دووریکەنەوە.
ئێستا تەنیا پیرە جوولەکە ماوە رەنگە بەزمی ئەم خۆش بیت.
ئیسحاق بیبەرەکەی وەرگرت دوو لەتی کرد دەستی کرد بە جوێن! بەلام لە
حەژمەتان کەوتە گۆرانی گۆتن:
لەبەر ئەوەی من جووووووووووم
دەبی بیبەر بجووووووووووووم
دەبی راکەم بۆ دووووووووور
خەریکە شێت بم بۆیە دەکەم لوووووور
گڕم گرت فرمێسکم دەڕژێ بەخوڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕ
کە دوا لەتی بیبەرەکەی قووتد، پاشا سەرکەوتنی راگەیاند: بە راستی
پیاوێکی سەرسورهێنەرە. بە چاوی خۆتان دیتتان دووانەکەی تر بە ناڵەناڵ
چۆن هەڵدەپەڕین و داوای ئاویان دەکرد! لە کاتێکدا ئیسحاق گۆرانییەکی
خوشی بۆمان گۆت و یەکجاریش نەیگۆت (وووووووووووووووو) بۆیە: ئیسحاق
براوەیە.
لە کاتێکدا ئیسحاق یاریگای شاهانەی بەجێدەهێشت هەرا و هۆریا هوتافی
بینەران ئەو ناوەی پر کردبوو! بە گوێی مالمی دا چرپاند پێت وایە پاشا
هەستی بە (ووووووووووووو)ەکانی ناو گۆرانییەکەم نەکردبیت؟
مالم کرژییەوە گۆتی کێ دەزانی بەلام ئیسحاق تۆ زۆر زیرەک بووی شایستەی
پالەوانیت!
ماڵپهڕی مستهفا رابهر
|