په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١١

په‌رتووکی بڕیاردان: پەنجا شێواز (مۆدێل) بۆ بیرکردنەوەی ستراتیژی.

                                                                                                                                                 

نووسینی: میکائیل کڕۆکڕەس                                                                                              وەرگێڕانی: مستەفا رابه‌ر


پەرتووکێکی فەلسەفیە ١٧٤ لاپەڕەی قەوارە بچووکە لە لایەن رۆژنامەنووسی سەربەخۆی جەرمەنی (میکائیل کڕۆکڕەس) نوسراووە، جینی پینینگ کردویە بە ئینگلیزی و ئەمساڵ لە بەریتانیا چاپ کراوە، پەرتووکەکە باس لە ٥٠ شێواز (مودێل) دەکات بۆ بیرکردنەوەی ستراتیژی بابەتێکیان بە ناوی مۆدێلی قـوی رەشە کە ناوی تێزێکە بە کورتی تێزی قوی رەش ھێمایە (ڕمز) بۆ شتێکی مەحاڵ بەلام رووشدەدا. بۆ پتر رۆنکردنەوە:

قو - باڵەندەیەکی سپییە لە ڕۆخ دەریاچەکان دەژی قازی کێوی یان ماسیگرەشی پێدەلێن. ھەمیشە ڕەنگیان سپی بووە تەنیا جارێک دانەیەکی رەش دۆزراوەتەوە کە پاشان باسی دەکەین، ئێستا با بزانین تێزی قوی رەش چییە:

چۆن دەزانین ئێمە چی و چی دەزانین ؟ ئایا ڕابردو یارمەتیمان ئەدات بۆ پێشبینی کردنی داھاتو؟ بۆچی ئێمە پێشبینی ڕودای چاوەڕوان نەکراو ناکەین؟ یان بۆچی تاقیکردنەوەکانت ھۆشمەندمان ناکات.

فەیلەسوفی بەریتانی بەرتراند راسل (١٨٧٢-١٩٧٠) وەلامی ئەم پرسیارانەی کە پێویستی بە تێڕامانی قووڵە، لە پەرتووکێکی ساڵی ١٩١٢دا (کێشەکان لە فەلسەفەدا) چڕکردۆتەوە ئەو پەرتووکە یەکێکە لەھەولەکانی ڕاسل بۆ بنیاتنانی کورتە ڕێبەرێک بۆ ئەوەی بتوانی بچیتە ناو کێشەکانی فەلسەفە دەلێ:

مریشک کە چاوەڕوانە بەخێوکەرەکەی رۆژانە دانی بداتێ و بەردەوامێش دانی لەبەر رووودەکا وای لێ دەکات کە بڕوای تەواوی بەوە بتەو بی کە ئادەمێزاد میھرەبانە. ھیچ شتێک لە ژیانی ئەو مریشکە ئاماژە بەو ڕاستیە نادەن کە رۆژێک لە ڕۆژان سەریدەبڕن.

ھەروەھا ئێمەی مرۆڤێش پێویستە ئەو راستیە بزانین ئەو کارەساتە زلانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕوئەدەن سەریشمان تێیدا سوڕ دەمینێت توانای پێشبینی کردنیان نین.

ھەر بۆیەش وەکو ڕاسل باسی دەکا، ئێمە دەبی چاو بەو پرس و پرسیارانەش بخشێنینەوە کە لە بڕواپێکردنیان بووینەتەوە!

بۆ نموونە ئەو کاتەی دوو فرۆکەی بۆینگ خۆیان کوتا بە سەنتەری بازرگانی جیھان* تێکڕای خەلک واقیوڕمان، قەومانی کارەساتەکە وای نیشاندا ھیچ ئاماژە و وریاکردنەوەیەکی پێشوەخت نەبووبێ بەلام لەدوای ھەفتە و مانگەکانی دوای ١١ سیپتەمبەری ٢٠٠١ دەرکەوت بە کردەوە زۆر شت ئاماژەیان بەرووداوەکە ھەبووە.

نووسەر و زانا و لێکۆلەرەوەی بە رەچەلەک لبنانی پسپۆر لە زانستی پێشبینی و ئەگەرەکان دوکتۆر نەسیم نقۆلا تالیب (١٩٦٠ - ؟) ئەم دیاردەیەی (بێتوانایی مان لە پێشبینی کردنی داھاتوو بە ھۆی رابردووە) ناو ناوە بە (قوی رەش - قازی کێوی) لە دونیای ڕۆژئاوا ھەمیشە وا مەزەندە دەکرا کە (قو) دەبی ھەمیشە ڕەنگی سپی بیت ھەتا پسپۆرەکانی بواری ڕوەک و گیانەوەر لە ئاخروئۆخری سەدەی حەڤدەمین دا و دوای دۆزینەوەی کیشوەری ئوسترالیا دانەیەکیان لەوەچەی قوی ڕەنگ رەش دۆزییەوە ئەو دیاردەیەش وایکرد سەرلەبەری ئەو بۆچونە بگۆری کە ڕەنگی ئەو بالەندەیە ھەردەبێ سپی بیت واتە ئەوەی ھەتا ئەوێ ڕۆژێ قوی رەش قابیلی مشتومڕ نەبوو، نەدەتوانرا وێنا بکرێ و بھێنرێتە بەرچاو لەپڕ دانی پێدانرا.

کڕۆکی تێزی (قوی رەش)ی دوکتۆر نەسیم نقۆلا تالیب بریتییە لەوەی ئەو رووداوە مەزنانەی ڕێڕەوی میژوو دەگۆڕن شیمانەی پێشبینی کردنیان نییە، ئەو بە تێرو تەسەلی لە پەرتووکەکەیدا لەسالی ٢٠٠٧ باسی بیردۆزەکەی خۆی کردوە.

رووداوە میژووییە چاوەڕوان نەکراوەکانی وەکو ھێرشەکانی ١١ مانگی سیپتێمبەری ٢٠٠١ و جەنگی یەکەمی جیھان و داھێنانی کۆمپیوتەرو تۆڕی ئینتەرنێت و بەوەی کەپێشبینی نەکراو بوون بە نموونە باس کردوە و بە قوی رەشی دەچوێنی.

تێزی قوی رەش کە ھێمایە بۆ شتێکی مەحاڵ بەلام رووشده‌دا نموونە نییه‌ بەلکو رەتکردنەوەی ھۆکار و ئەنجامە بەھۆی بنەمای بڕواوە ، ئەوەش ئەوەمان وەبیر دێنیتەوە کە مرۆڤ مەیل و ئارەزوی تووندی ھەیە بۆ پەیوەستی و دەستگرتن بەو کۆلەگانەی بەچاوی خۆی دەی بینی لار دەبنەوە و دەکەون کەچی دەستیان لێ بەر نادا.

قوی رەش چییە؟: واتای ئەوەیە - ڕوداوی دەگمەنی چاوەڕوان نەکراو لە ژیانی خۆتا و کەی ڕوو ئەدەن؟

دانەر زاراوەی قوی رەش بەو ڕوداوانە دەلێ کە شیمانەی روودانی زۆر دوور بیت ٣ تایبەتمەنی ھەبیت ، کە چاوە ڕوان نەکراوبیت و کە ڕویدا کاریگەری زۆری ھەبیت ، دوای ڕودانی ئەوندە لێکدانەوەی بۆ بکرێت وای لێبیت کە روودانەکەی کارێکی ئاسایی بی.

نووسەر داوا دەکات زۆر بە قولی بیر لەو ڕوداوانە بکەینەوە کە بووە ھۆی ھەلگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھان و لەدەرەنجامی ئەو جەنگەش ھەلگیرسانی جەنگی دووەمی جیھان و پەیدا بوونی ھیتلەر ، ھەروەھا داروخانی بلۆکی یەکێتی سۆفیەت فرەوان بونی دیاردەی تیرۆر لە جیھاندا ، بلاو بۆنەوەی خێرای ئینتەرنیت.

دەکرێ ئەو تێزە لە سەر ڕوداوەکانی دیاردەی بەھاری عەرەبیش جێبەجێ بکرێت کە زنجیرە ڕوداوێکی لێک گرێدراوە بۆ سزادانی خۆسەپێنەکان، مۆدێلی ژێرکەوتنی زەین ئەلعابدین بن عەلی ، موبارەک ، معەمەر قەزافی و پەلەقاژەی ئێستای بەشار ئەل ئەسەد و عەبدولا سالحی یەمەن نموونەن ئەوان وایاندەزانی بێدەستەلات کردنیان ئەفسانەیە.

ئەو ڕوداوانە بەر لە ڕودانیان ئاوا چاوەروان کراو نەبون ، بەلام پاش ڕودانیان ھەزاران لێدوان و لێکۆلینەوەی جۆراو جۆری لەسەر کرا ، ئەوەندە پاساویان بۆ ھاتوتەوە ڕودانیان وەکوو سروشتی و چاوە ڕوانکراو بووبی.
_________________________________________________
* رۆژی سێ شەممەی ١١ی سیپتەمبەری سالی ٢٠٠١ بە دوو فرۆکەی گواستنەوەی مەدەنی لەلایەن چەند ئەندامێکی رێکخراوی ئەلقاعیدە ھێرشکرایە سەنتەری بازرگانی جیھان لە نیۆ یۆرک، لەو پەلاماردانەدا ٢٩٧٣ کەس گیانیان لەدەستداو ٢٤ کەسیش بێ سەروشوێن بون لەگەل ھەزاران برینداری جۆراوجۆر.

لەکاردانەوەی خێرای ئەمریکا بۆئەم ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوە ھەردوو دەولەتی ئافغانستان و عیراقی بەھێرشی سەربازی روخاند، دوای ئەم روداوە بە ١٠ ساڵ ئوسامە بن لادنی سەرۆکی قاعیدەو داواکراوی ژمارە یەک لە ھێرشەکانی ١١ سیپتەمبەر لە ڕۆژی ٢/٥/٢٠١١دا لە پرۆسەیەکی سەربازی تیمێکی تایبەتی ئەمریکا لە شاری بوت ئابادی نزیک ئیسلام ئابادی پاکستان کوژراو لاشەکەشیان فڕی درایە ناو دەریا. ئەوی ڕاست بیت ئەو کردەوە تیرۆڕستیە بووە زیانێکی زۆری بە ناوبانگی عەرەب و ئیسلامی سیاسی توندڕەو گەیاند.


سەرچاوەکان: ئینتەرنێت ، گوگل ، ویکیپیدیا
The Decision Book: Fifty Models for Strategic Thinking
By Mikael Krogerus

ماڵپه‌ڕی مسته‌فا رابه‌ر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک