٨\٧\٢٠١٦
قامچی وەک هێمایەک لە نێوان دوو کلتووردا.
- خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی (قامچی)
-

ناڵە حەسەن
لەو سەفەرەی ئەوجارەم بۆ کوردستان و لە گەڕانەوەم بۆ کەنەدا ، چەند
کتێبێکم لەگەڵ خۆمدا هێنایەوە . لە نێویاندا دوو ڕۆمانی هاوڕێی ئازیزم
( کاروان عەبدوڵا ) ی نووسەر و ڕۆماننووس بە ناوەکانی ( قامچی و
پەیڤەکانی دیوار ) . کە لەلایەن خۆیەوە پێشکەشی کردبووم . هەرزوو
ڕۆمانی ( قامچیم ) خوێندەوە . بە شێوەیەک ئاوێتەی بووم ، ئەم تێبینی و
سەرنجانەم لەلا گەڵاڵە بوون بە پێویستمزانی بیاننووسمەوە.
ڕۆمانی قامچی ، ڕۆمانێکی قەبارە مامناوەندییە ، واتە ڕۆمانێکی زۆر درێژ
نییە ، ژمارەی لاپەڕەکانی هەر دووسەد و شەش لاپەڕەیەک دەبێ . نووسەر
لەم ڕووبەرە مامناوەندییە توانیویەتی زۆر شتمان بۆ باسبکات ، یان باشتر
بڵێم ، خۆی لە قەرەی زۆر بابەتی گرینگ و جودا بدات . زمانی ڕۆمانەکە ،
زمانێکی نەرم و بێ گڕێ وگۆڵە ، ئەوەی زۆر تووشی وردبوونەوە و ڕامانی
کردم لە پەیوەند بە زمانی ڕۆمانی ( قامچی ) ، ئەوەبوو ، نووسەر
هەوڵیداوە زمانێک بەکاربهێنی ، کە زمانی گشتی و ئەو زمانەی پێی دەڵێن
زمانی خەڵکە ، ئەو زمانە گشتییە لە بەرگێکی ئەدەبی و جوانکاریدا پێشان
بدات . ئەوەی کە زێتر سەرنجی ڕاکێشام و سەرسامی کردم ئەوەبوو ، کە خۆی
لە هیچ وشەیەک نەپاراستووە...! هەموو وشە ڕۆژانەییەکانی سەرزاری خەڵکی
بەکاریهێناوە ، بە بێئەوەی ترسی لەوە هەبێ وەک دەڵێن ، ئەم وشە ئەدەبی
نییە یان ئەمەیان مۆسیقی نییە ...، هەموو ئەم قسە تەقلیدییانەی
فەرامۆشکردووە ، ئەوەی خۆی باوەڕی پێبووە ئەوەی کردووە ، لە ڕووی
زمانەوە پشتی بە تواناکانی خۆی بەستووە ، بۆ نموونە هەندێک لەم وشانە (
بەشک کەوتن ، نەڕاندن ، سەبوورە ، نۆبەت ، سەقف ، عەجول ، قوتارکردن ،
بابلباب ، عادز ، حەپس ، پیلپیلکە ، شەپازللە ، حەلەق و مەلەق ، سیحەت
، زۆرانیتر ... ) . من بۆ خۆم ، زۆر چێژم لەم وشانە بینی و هەستم بە
هیچ لەنگی و ناشازییەک نەکرد ، بەپێچەوانە ، پڕاوپڕ بوون لە ناسکی و
جوانی . ( کاروان عەبدوڵا ) بەم کارەی دەیەوێ پێمان بڵێ ، ( هەموو
وشەیەک بەشێک لە جوانییان تیایە نووسەر دەبێ بیاندۆزێتەوە ...! ) .
جوانی وشەکانیش ، لە شوێن بەکارهێنان و چۆنیەتی بەکارهێنانییان و
هەروەها لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وشەکانیتر دەردەکەون . خاڵێکی تر کە
دەکرێ باسی بکەین / ڕووداوەکانە ، ڕووداوەکان هێندە پەیوەندیان
بەیەکەوە هەیە هەستناکەی ئەوە ڕۆمانێک دەخوێنیتەوە ، بێئاگا لە خۆت
دەکەویە نێو ڕووداوەکان و دەبی بە بەشێک لە ڕووداوەکان ، وادەزانی
ڕووداوەکان لە ژیانی تۆ ڕوو دەدەن ، بە تایبەتی ساڵەکانی خوێندنی
سەرەتایی ..! ، بۆ خولقاندنی ڕووداوەکان و گێڕانەوەیان ، نووسەر سوودی
زۆری لە ئاستی وشیاری خەڵک و بیرکردنەوە و کاریگەری ئایین و سەردەم و
شوێن و زەمانەکان ، وەرگرتووە .. تەواوی ڕۆمانەکە ( باس لە تەمەنی
خوێندنی کەسێک بە ناوی ( سەرمەد ) کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە دەکات ، شەش
ساڵی خوێندنی قۆناغی سەرەتایی ، سێ ساڵێ ناوەندی ، دوو ساڵی خانەی
مامۆستایان و یەکدوو ساڵیش مامۆستایەتی .. ) ، لە نێوان ئەم ( دوانزە
یان سیانزە ) ساڵەدا زۆر ڕووداوی گرینگ ڕوودەدەن ، کە ڕاستەوخۆ
پەیوەندییان بە ژیانی سەرمەد و هاوڕێکانی و پەیوەندییان بە تەواوی
ژیانی دەوروبەریان دا هەیە ، هەندێک لە ڕووداوەکان پڕن لە دروشم لە
دەربڕینی جۆراوجۆر ، کە بەزمانێکی شیعری و مۆسیقی زۆر جوان دەریانی
بڕیوە ، بۆ نموونە هەندێک لەم دروشمانە):
چیتان دەوێ شێتەکان ... زیندانی بۆ عاقلەکان ..!
سەرمەد کوڕە هەژارە ... بمرن ئاغای ئەم شارە ..!
سەرمەد باوکی پۆلیسە ... بۆیە داییم موفلیسە ..!
بژی شفتی و گندۆرە ... ثاغاکەمان سەرمۆرە ..!
شفتی و گندۆرە خۆشە ... چونکە گیرفانمان بۆشە ..!
ئەمانە و چەندانی تر ، ) هەست دەکەی نووسەر تواناو بەهرەیەکی شیعری
باشی تیایە لە سەلیقە و دەسەڵاتی بەسەر زمان و شیعردا . دروشمەکانیش
ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی و مەعریفیشییان لە پشتە . ڕووداوەکانی ناو پۆل بە
تایبەت شەش ساڵی قۆناغی سەرەتایی ، پەیوەندی نێوان قوتابییەکان ، یان
مامۆستاو قوتابییەکان ، یان خوێندنەوەی باری دەروونییان ، هەروەها
بەکارهێنانی دار و توندوتیژی و پەروەردەیەکی سەقەتی ساڵانی حەفتا و
هەشتاکان ، کتومت وەکو خۆی باسی کردوون ، باسی هەموو جولانەوەیەک و
بچووکترین ڕووداوی نێو پۆل دەکات ، من بۆ خۆم گەڕامەوە نێو قوتابخانە و
ڕۆژانی قوتابییەتی منداڵی خۆمم بیرکەوتەوە ، گەڕامەوە ناو پۆل لەگەڵ
سەرمەد و ڕەیحانە و سەبۆ و قوتابییەکانیتر ، یەک یەک مامۆستاکانی خۆم
بیرکەوتەوە ، ئەو ڕۆژانەم بیرهاتەوە کە هەندێک لە مامۆستاکانمان ، چەند
غەدار و زاڵم بوون لەگەڵ برادەرە هاوپۆلەکانم ، مامۆستا چ دەسەڵاتێک و
هێزێکی بەکار دەهێنا ...! نەک لە نێو قوتابخانە ، تەنانەت لەدەرەوەی
قوتابخانەش لە گەڕەک و کۆڵانەکان ، گەر مامۆستایەکمان بینیبا ، دەبوایە
خۆمان بشارینەوە یان بە ئەدەب ڕابوەستین تا ئەوان تێدەپەڕن ، گەر لە
کۆڵان و گەڕەکێش شەڕ و بێعاریمان کردبا ، بۆ بەیانییەکەی لە قوتابخانە
لێپێچینەوەمان لەگەڵدا دەکرا ، بەڵام من بۆ خۆم قوتابییەکی زیرەک بووم
، من قوتابخانە و مامۆستا و هاوڕێکانی خۆم خۆشدەویست ، خۆشترین کاتم
ئەوکاتانە بوون کە لە قوتابخانەدا بووم ، لێرەدا سەلیقەیەک و
بیرتیژییەکی بێوێنەی نووسەرمان بۆ دەردەکەوێت ، لە گێڕانەوەی ئەو
نۆستالیژیا و ئەو بیرەوەرییانەی سەردەمی خوێندنی سەرەتایی و پێشاندانی
سیستەمی پەروەردە و فێرکردنی نەوەکانی ئەوکاتە ، ئەو ڕۆژانە مامۆستاکان
بە ئەندازەی دیکتاتۆرەکان هێزیان هەبوو ، قوتابخانەکان شوێنی
بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن بوون . هاوکات شێوە ژیانی خێزان لە کۆمەڵدا
و پەیوەندی نێوان خەڵک و ئاغاکان و هەروەها ڕەسمکردنی ئەو سەردەمانە بە
شێوەیەکی ڕاستودروست لە هەمانکات ، ڕاستگۆیی و ئەمانەتێکیش لە گێڕانەوە
و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەم مێژووە دەبیندرێ ، هاوکات بوونی ڕەیحانە و
ئەم عەشقە پاک و خۆڕسکییەی لەگەڵ سەرمەد هێندەی تر تاموچێژ و جوانکاری
بە ڕۆمانەکە بەخشیوە . لە گێڕانەوەی ئەم ڕووداوە یەکبەدوای یەکانە بە
شێوەیەکی نەرم و هێمنانە ، بە زمانێکی شیرین و پاراو ، ئەوەمان بۆ
دەردەکەوێت / مەرج نییە بۆ نووسینی چیڕۆک یان ڕۆمان ، پشت بە ڕووداوی
گەورە و مێژوویی ببەستین...!
دەکرێ ژیانی هەرکەسێک چیڕۆک و ڕۆمانێکی
زۆر چێژبەخش و کاریگەر بێت . کاروان عەبدوڵا لە ڕۆمانی ( قامچی ) لە
سفرەوە دەست پێدەکات ..! بە مانای لە دەستپێکی ڕۆمانەکە و پێشوەختە
سەرنجمان بۆ بوونی هیچ ڕووداوێک ڕاناکێشێ ، هێدی هێدی لە خاڵە
بچووکەکانەوە دەست پێدەکات ، لە باریکە ڕێگاکانەوە بەرەو نشێوەکان شۆڕ
دەبێتەوە ، دواتر بەسەر هەورازەکان دەکەوێت و دیسان شۆڕ دەبێتەوە و
سەردەکەوێتەوە ، بەدوایخویدا بەرەو کۆتاییەکان دەمانبات . خاڵێکی تر ،
بیرکردنەوە و مامەڵەکردنمان لە گەڵ زیندەوەر و ئاژەلەکان / ئەویش لە
پەیوەندی نێوان ( قامچی و مار ) دا دەبیندرێ .. لە نێو ڕۆمانەکە
پەیوەندی نێوان ( قامچی و مار ) پەیوەندییەکی ڕێک و هاوتەریب و
توندوتۆڵە .. قامچی هێمایە بۆ( توند و تیژی و ترس ) بەهەمانشێوە ماریش
.. هەموومان ئەوە دەزانین لە باری ناخودئاگایی کۆمەڵگە یان هەر تاکێک ،
ئەمە جێگیر بووە کە ، مار ترسهێن و زیان بەخشە ، هەندێک جۆری مار
یەکێکن لەو زیندەوەرانەی کە مرۆڤ لێیان نزیک ببنەوە دەتوانن بەرگری لە
خۆیان بکەن و زەرەر بە بەرامبەرەکەیان بگەیەنن ، بەڵام خۆ ئەگەر لە مار
نزیک نەبینەوە یان خۆمان لێیان بەدوور بگرین ، ئەوا هیچ زەرەر و
زیانێکیان بۆ هیچ لایەکمان نابێت ، دەبێ لەوەش تێبگەین ماریش وەک هەر
زیندەوەرێک گیانلەبەرە و هەناسە دەدات ، بە ئازاردانی ئازار دەبینێ و
بە هەراسانکردنی خەمناک و دڵتەنگ دەبێت ..! ، لە دنیای مٶدێرن و لە
کۆمەڵگە پێشکەتووەکان ، رق لە هیچ زیندەوەرێک هەڵناگرن ، ئاژەل و
زیندەوەرەکانیان خۆشدەوێ و بە ڕەحم و بەزەیین لە گەڵیاندا ، ئەگەر
دیقەت بدەینێ دەبینین ، تەنانەت لەسەر بەرگی کتێبەکەش قامچییەک لە
شێوەی مار نەخشێندراوە ، ئەوەتا لە شوێنێکی ڕۆمانەکە دەڵێ ( تا هێزی
تیا بوو قامچیەکی بۆم ڕاوەشاند ، قامچی لەبەر چاوم بوو بە مار ، مارێک
زۆر بە خێرایی خۆی لە ملم ئاڵاند .. ل٢٠٥ ) ، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان
ئاژەل و زیندەوەرەکان ناکوژن ، پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ئاژەلەکان ،
پەیوەندییەکی ئارام و تەندروستە ، من دەزانم بە تایبەت لە نووسینی
ڕۆماندا ، لە شوێنەوار و بیئەی سلبی ، پاڵەوان و کەسایەتی سلبی دروست
دەبێ ، بەڵام مەبەستمە ئەوە بڵێم ( لە ڕاستای هەوڵەکان بۆ بە
مەدەنیکردنی کۆمەڵگە دەبێ لە شتە بچووکەکانەوە دەست پێبکەین :"
هەرچەندە ئەمە بچووکیش نییە مەسەلەیەکی جدییە " ) بە مانای هەر نابێ
تەنها قسەمان لەسەر ( دەسەڵات و دیموکراسی ) و ئەم چەمکە سواو و
ڕەزاقوڕسانە بێت ، دەکرێ هەندێک لە ڕەخنەکانیشمان ئاراستەی
بیرکردنەوەکانی خۆمان بکەین ..! ) ئەم خاڵە بۆ نووسەر بە تایبەت بۆ
ڕۆماننووسەکان زۆر گرینگە ، دەبوا دیقەتی زێتری لێ بدرابا .. لە
پەیوەند مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئاژەلاندا ، دەکرێ بیرکردنەوە
نادروستەکانی بەتایبەت ، ئەوانەی لە نێو بیرکردنەوەی ناخودئاگایی
کۆمەڵگە جێگیربووە هەوڵدەین بیانگۆڕین ، بە شێوەیەکی شارستانییانە
مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمکانە بکەین . چونکە ڕۆمانی ( قامچی ) یەکێکە لەو
کتێبانەی دەتوانم بڵێم ، هەوڵدانێکە لە ڕاستای بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگە
دەکرێ حسێبی بۆ بکەین.
لەم ڕۆمانەدا نووسەر بە ئاگاهانەوە باسی کلتوورێکمان بۆ دەکات ،
کلتوورێکی دواکەوتوو ، خێڵەکی ، بنەماکانی ئەم کلتوورە لەسەر
چەوساندنەوە و پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک بنیاتنراوە ،
پەیوەندییەکان پەیوەندییەکی توندوتیژ و ناتەندروستن .. سەرمەد و
برادەرەکانی لەو ڕۆژەوەی پێ دەنێنە قوتابخانە تا کۆتایی لەگەڵ ترس و
دڵەڕاوکێ و نیگەرانی ڕووبەڕوون .. پەیوەندی مامۆستا و قوتابییەکان
هێندە ناڕێکە ، قوتابییەکان هەمیشە بەدوای دەرفەتێک دا دەگەڕێن ، تا
پشت لە قوتابخانە بکەن ! ، ( قامچی و دار ) هێمای ئەم کلتوورە و هێمای
قوتابخانە و هێمای سیستەمی پەروەردە و فێربوونن .. لە پشتی هاوکێشەی (
مامۆستا و قوتابی و دار ) ، دیمەنێکی ترسناک لە ترس و تۆقاندن و
شێتبوون دەبیندرێ ، یان دیمەنێک لە ڕق و یاخیبوون ..! بەڕێوەبەر و
مامۆستاکان ، وا بیر دەکەنەوە کە قوتابییەکانی ئەوان فریشتە نین ، گەر
دار بەکارنەهێنن قوتابییەکان ئامادەنین گوێیان لێبگرن ، یان دەیانکەنە
قەشمەر و گاڵتەجار . ئەنجامی ئەم بیرکردنەوە هەڵەیە ، هەندێک لە
قوتابییەکان قوتابخانە جێدەهێڵن ..! ، هەندێک شێت دەبن ..! یان گوو
لەبەردەم قوتابخانەکان دەکەن ، یان نەخشەی سووتاندنی قوتابخانەکان
دادەنێن ..! نەک تەنها لە قوتابخانە لە ماڵەکانیش بەهەمانشێوە ، باوک و
برا گەورەکان ، وەک مامۆستاکان بە شێوەیەکی ناڕێک و نا تەندروست پەنا
بۆ قامچی و هێز دەبەن . لە هەموو شوێنەکان ، دیوەخانی ئاغاکان ،
قوتابخانە و مزگەوت و ماڵەکان ، هەمان بیرکردنەوە ، هەمان قامچی و
هەمان کوێخایەتی و هەمان زەلیلکردنی مرۆڤەکان . لەم کلتوورە
دواکەوتووانە و لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە ، سیستەمی پەروەردە لە قوتابخانە
و ماڵەکان لە جیاتی فێرکردن و پێگەیاندنی کەسایەتییەکان ، ئیشیان /
بچووککرنەوە و تێکشکاندنی کەسایەتییەکانە ..! ئەوەتا کەسەکان هەموو
شتێکیان لێدەبێتە قامچی ، چونکە هەمیشە لەگەڵ ترس و تۆقاندن گەورەبوونە
سەرمەد لە شونێکدا دەڵێ .. ( ئەو تفەنگەی کە بەشانی چەکدارەکەوە بوو ،
لەبەر چاومەوە دەبوە قامچی ، دروست لە قامچیەکەی باپیرەم دەچوو ، کە
زیاتر بۆ ترساندنی ئێمە هەڵیدەواسی .. ! ل١٩٤ ) ، بۆیە مرۆڤەکان ،
شەرمن و نەخۆش و کەسایەتی لاوازییان لێ دروست دەبێت .. لە کۆمەڵگە
خێڵەکی و دواکەوتووەکاندا ، هەموو شتێک قەدەغەیە ، عەشق و هەست و سۆزی
مرۆڤەکان شتی توورەهات و بێمانان .. ( ڕەیحانە و سەرمەد ) هەر لەبەر
ئەوەی یەکترییان خۆشدەوێ ، بۆ تەنها ساتێک حەوانەوەیان نییە ، ( عەزە
گڕوو ) ی کوڕی ئاغا ژیانی لێکردوون بە دۆزەخ .. کلتوورێکی ناتەندروستی
لەم شێوە بێگومان ، بەرهەمی کۆمەڵگەیەکی ناتەندروست و میتۆدی
بیرکردنەوەیەکی ناتەندروستە ...! نووسەر بە هێمنی هەوڵدەدات ئەم
کلتوورە بگۆڕێت ، لە ڕێگەی ( بەردەوامبوون لە خوێندن ..! ) ، واتە
پشتبەستن بە زانست و مەعریفە ! هەوڵدەدات کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببات ،
ڕوویەکی پێشکەوتووترمان پێشان بدات ، یان دروستر بڵێم / کلتوورێکی جودا
بەرهەم بهێنێت . سەرمەد لە خوێندن بەردەوام دەبێت !، دەگاتە خانەی
مامۆستایان ، ئەم قۆناغەش بە سەرکەوتوویی دەبڕێت و دەبێ بە مامۆستا ..!
ئێستا نەوەیەکی نوێ ، بە بیرێکی نوێوە پێدەگات ، سەرمەدی مامۆستا ! کە
هێمایە بۆ نەوەیەکی نوێی پێشکەوتووخواز ، خاوەن بیرکردنەوەیەکی نوێ و
ڕەفتارێکی نوێیە .. سەرمەد هەوڵدەدەدات قامچی و دار بەکار نەهێنێ ! ،
هەوڵدەدات لە قوتابییەکان نەدات ، دەیەوێ قسەیان لەگەڵ بکات ،
پرسیاریان لێبکات ، دەستیان بەسەردا بهێنێ ، نەرم و نیان بێت
لەگەڵیاندا ، دەیەوێت لێیان تێبگات ! دەیەوێ مۆدیل و شێوازێکی تر
پەیڕەو بکات ، کە جیاواز بێت لە مۆدیل و شێوازی کۆنە مامۆستاکانی خۆی
..! نووسەر دەیەوێ لە بەرئەنجامی خوێندن و زانست ، کلتوورێکی کراوە و
پێشکەوتووترمان پێشان بدات . هەرچەندە مامۆستاکان ئەم شێوازە تازەیەی
سەرمەدییان لەلا ناڕاست و نادروستە . نەک دژایەتی و بەربەرەکانی دەکەن
بەڵکو گاڵتە و قەشمەریشی پێدەکەن. لەم دوو پەرەگرافانەی خوارەوە نووسەر
جیاوازییەکانمان پێشان دەدات ، وێنەی دوو کلتووری جیاواز و دوو دنیای
جیاوازمان بۆ ڕەسم دەکات..!
پەرەگرافی یەکەم / سەرمەد پاش ئەوەی دەبێ بە مامۆستا ، لە هەمان ئەو
قوتابخانەیەی کە خۆی تیا قوتابی بوو ، دەڵێ .. ( ئاخر ڕۆژانە بەزمی
جارانم بە چاوی خۆم دەبینییەوە ، بە هەمان شێوەی جاران ، ئەو
مامۆستایانەی کە ناوبانگیان بە تۆقێنەر و زەبروەشێن دەرکردبوو ، بە
شانازییەوە بۆیان دەگێڕامەوە کە چۆن دەست و پەنجەی قوتابیەکانیان شین و
مۆر کردووە ، جاری وا هەبووە ، گلەییان لە یەکتر دەکرد کە چۆن مامەڵەی
توندتریان لەگەڵ قوتابییە شەڕاوییەکان نەکردووە ، من بۆخۆم هەوڵم دەدا
دەست لە هیچ قوتابییەک نەوەشێنم ، کەچی مامۆستاکان سەرزەنشتیان دەکردم
و زۆرجاریش گاڵتەیان بەو ڕەفتارەی من دەهات ، بە ئاشکرا پێیان دەوتم "
ئەگەر وا بڕوا نەک هەر دەبیتە قەشمەرجاری قوتابییەکان ، بەڵکو
مامۆستاکانی دیکەش لەبەر چاوی قوتابییان بێحوڕمەت و ڕەزاقوڕس دەبن ...
! ل١٦٧).
پەڕەگرافی دووەم / بەڕێوەبەری قوتابخانە لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی
سەرمەد پێی دەڵێ ( خۆت دەزانی لەهەر قوتابخانەیەک ، کەسانی هەمەجۆر هەن
، من ناڵێم هەموویان خراپن ، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم
زۆربەیان لە هەناویاندا گەرای شەیتانییان هەڵگرتووە ... ! دوابەدوای
بەڕێوەبەر سەرمەد درێژە بە قسەکان دەدات و دەڵێ " من لە یەکەم ڕۆژی
دەستبەکاربوونمدا وەک مامۆستایانی دیکە بەلای ئەو دار حەیزەران و
مازووانە نەچووم کە وەک ڕیزە تفەنگێک بە دیوارەکەوە هەڵواسرابوون !
یەکسەر ڕووم لەو ژوورە کرد کە لەوێدا دەرسگوتنەوەم هەبوو ، ئەوکاتەی
چوومە پۆلەکە سەرلەبەری قوتابییان بە سەرسەڕمانەوە لە هەردوو دەستمیان
دەڕوانی ، زانیم من شتێکم کردووە لە عورفی قوتابخانە بە دوورە ... ! "
ل١٦٨ ) . نووسەر دەیەوێ پێشان بدات نەوەی نوێ وا پێویست دەکات عورفێکی
نوێ و پەیوەندییەکی جودا لە نێوان مامۆستا و قوتابییەکان دروست بکات .!
دوو کلتوور و دوو نەوەی لە یەکتر جیاواز دەبینین .. کلتوور و نەوەی کۆن
دەست بۆ قامچی دەبەن و لە قامچییەوە نزیکن ، کلتوور و نەوەی نوێ ، دەست
بۆ قامچی نابەن و دەیانەوێ لە قامچی دوور کەونەوە ! بەمانایەک ئەوەمان
بۆ دەردەکەوێت کەوا ( قامچی ) خاڵی هاوبەش و یەکلاکەرەوەی نێون ئەم دوو
نەوە و ئەم دوو کلتوورە جیاوازەیە ..! واتە ئەوەی لە قامچییەوە نزیکە
لە وشیاری و زانست و پێشکەوتنەوە دوورە ..! بە پێچەوانەوەش ، ئەوەی لە
قامچییەوە دوورە لە وشیاری و زانست و پێشکەوتنەوە نزیکە ..! ، بە
ئاشکرا ئەوە دەبینین کە قامچی هێمایە بۆ دوو نەوە و دوو کلتووری جیاواز
. نووسەر لەوەش وشیار و ئاگادارە کە گۆڕانی کلتوور و کۆمەڵگە بەرەو
شارستانییەت و دنیایەکی نوێ ، پڕۆسەیەکی هێواش و سەبرۆکەیە . بۆیە
دەبینین نەوەی نوێ ، سەرمەدی مامۆستا جارجارە هەمان هەڵە دووبارە
دەکاتەوە و دەست بۆ قامچی یان دار دەبات ، هەرچەندە باوەڕیشی پێی نییە
، لێرەدا بەوە دەگەین کەوا نەوەی نوێ ناتوانن وا بە ئاسانی لەژێر
کاریگەری بیرکردنەوەکانی نەوەی کۆن ڕزگاریان بێت ، ناتوانن وا بە
ئاسانی تەپوتۆزی دنیای کۆن لە خۆیان داماڵن ، کە ساڵەهایە بەرگ و جەستە
و سیمایانی داپۆشیوە . سەرمەدی مامۆستا ، نەک هەر قوتابییەکانی بەڵکو
دەست لە ڕەیحانەی خۆشەویست و هاوسەریشی دەوەشێنێ ، بەڵام جیاوازییەکان
لێرەن ، سەرمەدی نەوەی نوێ بەم کارانەی تا ئەندازەی مەرگ ناڕەحەت دەبێ
و بە ئەندازەیەک پەشیمان دەبێتەوە بە چۆک دادێ ، دواتر دڵی ڕەیحانە
ئاشت دەکاتەوە ، دووبارە باوەشی پیادەکاتەوە ، بەخۆیەوە دەینوسێنێ و
لەسەر سینگی ڕەیحانە خەوی لێدەکەوێت ، بەڵام عەزە گڕوو و مامۆستاکانی
نەوەی کۆن ، نەک هەر پەشیمان نین بەڵکو ، شانازی بە ڕەفتارەکانیان و بە
بەکارهێنانی قامچیەکانییان دەکەن ، لە بەرامبەر ژنان و منداڵان و
قوتابیەکاندا ...! ئیدی لە کۆتایی ئەم ڕۆمانە نووسەر دەیەوێ ئەو
مەسیجەماب پێبڵێ ، کەوا ژیان کاروانێکی بەردەوام و نەوەستاوە، هێدی
هێدیش بەرەو پێشەوە دەڕوات ...!
سەرەتای تەمووزی
٢٠١٦
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|