په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠١٣

رێبین هەردی و بانێک و دوو هەوا.


ناڵە حەسەن       


ڕێبین هەردی ماوەیەک لە مەوبەر وتارێکی نووسی بە ناوی (دەسەڵاتێکی ناشیرین و ئۆپۆزسیۆنێکی بێ کەلک). لە وتارەکەی دا ، ناشیرینی و عەیب و عارەکانی دەسەڵات و هەوڵە نادروست و نابەجێیەکانی ئۆپۆزسیۆنی خستبووە ڕوو. لە کۆتایی هێندە بێ ئومێد ببوو لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بە بێ کەلک ناوی برد بوون. نائومێدیەکەشی تا ئەو ئاستە بوو ، کە هیچ ترووسکاییەک لە بەردەمی نەمابوو ، خۆی دابووە دەستی قەدەر و لە کۆتاییەکەش نووسیبوی (ئەوە قەدەری ئێمەیە ، کە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ناشیرین و ئۆپۆزسیۆنێکی بێ کەلک ڕووبەڕوو بین..) ئەوەشمان لە بیر نەچێت، کاک ڕێبین جگە لەوەی ڕۆشنبیرێکی ناسراوە ، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی لەبەردەم کامیراو خەڵک ئەوەی ڕاگەیاند کە ڕاوێژکارێکی خۆبەخشی بەڕێز (نەوشێروان مستەفا)یە.


هەر ئەمڕۆش وتارێکی تری کاک ڕێبین هەردیم خوێندەوە بە ناوی (بەڕاستی / ئیتر بەسە کاتی گۆڕانیەتی) لەم وتارەش باسی گەندەلی و کارە ناشیرنەکانی دەسەڵات و بە تایبەت ئیستیبدادیەتی یەکێتی و بێ بەرنامەیی و باسی زۆر شتی تر دەکات . لە شوێنێکیش خەڵک هان دەدات بۆ دەنگدان و دەڵێت (لەبەر هەموو ئەمانە کاری دروست بەلامەوە ئەوەیە هەموان بچین بۆ دەنگدان و دەنگ بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بدەین و دوو هێزەکە ناچار بکەین واز لەم ڕێکەوتنە شەیتانیە بهێنن...) لە کۆتاییش ڕایدەگەیەنێت کە خۆی دەنگ بە لیستی گۆڕان دەدات .


دیارە بەر لە هەر شتێک ، کاک ڕێبین دەنگ بە لیستی گۆڕان یان دەنگ بە هەر لیستێکی تر دەدات ، ئەوە مافێکی سروشتی خۆیەتی و نە جێگای سەرنج و ڕەخنە و نە جێگای هیچ قسەوباسێکی ئێمەیە . بەڵام ، ئەگەر لەم دوو وتارەی ورد بینەوە دەبینین ، وتاری دووەمی لە دوو ڕوانگەوە رووبەڕووی ڕەخنە و پرسیاری جدی دەبێتەوە.


یەکەم: لە وتاری یەکەمی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بە بێ کەلک و خراپ ناو دەبات . هیچ ترووسکاییەک و هیچ ئومێدێکیان لێ بەدی ناکات . ئیتر ئەوەش قەدەری ئێمە بوو ..! باشە دەکرێت کاک ڕێبین پێمان بڵێت / ئایا لەم چەند هەفتەی نێوان دوو وتارەکەی ، چ گۆڕانکارییەک ڕوویان دا کەوا ئێستا لایەنە بێ کەلکەکانی ئۆپۆزسیۆن بوونەتە فریشتە و فریادڕەس و داوا دەکات خەڵک دەنگیان پێ بدات...؟! ئاخر بە ئیعترافی خۆت (دەسەڵات ناشیرین بوو ، ئۆپۆزسیۆنیش بێ کەلک). ئێستا تۆ داوا دەکەی خەڵک لە ڕقی شتێکی ناشیرین دەنگ بە شتێکی بێ کەلک بدەن ...! بە مانای ، شتێکی ناشیرین لابدەین و شتێکی بێ کەلک بهێنینە جێگای...! باشە شتێک دوێنێ بێ کەلک بێت و ئەمڕۆ داوا بکەی دەنگی پێ بدەین ، ئەوە ئەگەر بانێک و دوو هەوا نەبێت ئەی چ مانایەکی تری دەبێت...؟!


دووەم: کاک ڕێبین داوا دەکات خەڵک دەنگ بە ( لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ) بدەن. لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە کۆی سێ لایەن دووانیان ئیسلامین . لە وتاری دووەمیش نووسیویەتی (بەڕاستی / ئیتر بەسە کاتی گۆڕانیەتی). نازانم بە چ پێوەرێک و بە کام میتۆدی بیرکردنەوە ( ئەو گۆڕانە ڕیشەییەی بەو حەماسەتەوە کە ئەم داوای دەکات) لەژێر چەتر و لەژێر دەسەڵاتی ئیسلامیەکان دێتە دی..؟! بە گریمانی ئەوەش ، کە ئیسلامیەکان لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لە دەسەڵاتی داهاتوو شەریک و هاوپەیمان بن ..! هێشتا مەعقولیەتێکی تیا بوو ، وەک چۆن خۆی ڕایگەیاندووە دەنگ دەدات بە لیستی گۆڕان بە هەمانشێوە ، داوای کردبا خەڵکیش دەنگ بدەن بە لیستەکەی ئەم . بەڵام ، ئەو بەبێ هیچ جیاوازییەک نووسیویەتی (لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن) کە دەکاتە هەر سێ لایەنە بێ کەلکەکە..! نازانم ئەوە چ مەعریفە و ڕۆشبنیریەکە ، هەر ڕۆژەی ڕەنگێک و هەر وتارەی قسەیەک..؟! منیش لە کۆتایی ئەم وتارە کورتەم دا دەلێم (بە ڕاستی / ئەوە جگە لە سەرلێشێواندنی خەڵک هیچ شتێکی تر نیە ..!). حەز دەکەم ئەوەش بڵێم ، ئەو ڕەخنە و پرسیارانەی من لە کاک ڕێبین هەردی ، ئەوە بە هیچ شێوەیەک مەبەست نیە لە کەمکردنەوە یان شاردنەوەی ناشیرینی عەیب و عارەکانی پارتی و یەکێتی لە چوار ساڵی دەسەڵاتدارێتی یاندا .. بە بڕوای من ، نە من و نە هیچ خاوەن قەڵەمێکی تر " ناتوانێت ئەوە بکات...!


١٨\٩\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک