٢٨\١٠\٢٠١٣ رۆژئاوای کوردستان، شۆڕش و دەرفەتەکان و ئابڵوقەی ئابووریی و رووبەڕووبوونەوەکان.
- بەشی دووەم - شاری سەرێکانی سونبولی رزگاریی و خۆڕاگریی و تێکۆشان.
بەرەی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد کاتی بۆمبارانکردن بەرەو تورکیا دەچوون ، وە بریندارەکانی خۆیان دەبردە تورکیا ، وە ڕۆژانە خواردنیان لەتورکیاوە بۆ دەھات . لەئەنجامی بۆمبارانکردنەکان بەگشتی ١٠ کەس کوژران ، ژمارەی دانیشتوانی سەریکانی ٥٠ ھەزار کەسبوو بەڵام زۆربەیان شارەکەیان جێھیشت . دوای ئەوەی ڕژێم نەما لەسەرێکانی دانیشتوانی شارەکە داوایانکرد ھێزەکانی سوپای سوریای ئازاد و بەرەی نوسرە و یەکینەی ئەحفادی محەمەد شارەکە چۆڵ بکەن چونکە ھیچ ھۆکارێک نیە ئیتر لێرە بمێننەوە ، بۆ ئەم مەبەستە ئەو خەڵکەی لەشارەکە مابوونەوە خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەیان لەدژی مانەوەی ئەو ھێزانە سازکرد ، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە ئەو ھێزانە تەقەیان لەجەماوەرکرد ، ھەروەھا ھێرشیانکردە سەر یەپەگە کە لەو کاتەدا دوو بازگەی لەشارەکەدا ھەبوو . ئیسلامیەکان ئەندامێکی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرێکانیێ کەناوی عابد خەلیل بوو لەگەڵ دوو کوردی تر خالید و ساڵح کەھەردووکیان ئەندامی ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای کوردستانبوون ئەوانەیان قۆڵبەستکرد و کوشتیان ، وە ھەروەھا کوردێک ناوی عەبدولڕەحمان حەمۆ بوو بریندارکرا . بەرەی نوسرا پلانی لەناوبردن و پاکتاوکردنی گەلی کورد بەگشتی و یەپەگە بەتایبەتی ھەبوو.
لە شەڕێکدا لە ناوەڕاستی مانگی دیسێمبەری ٢٠١٢ کاتژمێر ٢ ی دوای نیوەڕۆ ژنێک لەڕیزەکانی یەپەگە شەھیدبوو ، وە ١٤ چەتەی ئیسلامی کوژران ، دواتر سەعات ١١ ی شەو لەگوندی عەلۆ یەپەگە ھێرشی کردەسەر بازگەیەکی نوسرە ، سەرکەوتنی بەدەستھێنا ، کاتژمیر ١ی شەو یەپەگە لەسەرێکانی ھێرشی کردە سەر چەتەکان لەو شەڕەدا (١٢٠) چەکداری نوسرە کوژران و ٢٠ ئۆتۆمۆبێل و چەکێکی زۆر و دۆشکەیەک کەوتە دەستی یەپەگە ، دواتر ئەنجوومەنی سەربازی سەربە سوپای سوریای ئازاد ناوبژیوانی شەڕەکەی کرد لەئەنجامدا ماوەی ١٥ ڕۆژ تەقە ڕاگیرا ، کەشوھەوا زۆر ساردبوو ئاو و کارەبا و خواردن لەشارەکە نەبوو ، شارەکە ببووە شارێکی زۆر مەترسیدار، ڕۆژانە نان و خواردن لە شارەکانی قامیشلۆ و دەرباسیە بۆ سەرێکانیێ دەھات . سوپای سوریای ئازاد و بەرەی نوسرە دەستیان بەتاڵانکردنی ماڵی ھاووڵاتیانکرد ، بەتایبەتی سوپای سوریای ئازاد تاڵانی زۆریکرد ، بەھۆی ئەوەی نانەواخانەیەک لەشارەکە لەژێر دەستی یەپەگەبوو ، سوپای سوریای ئازاد بۆ ئەوەی نانەواخانەکە بخاتە ژێر کۆنتڕۆلی خۆی شەڕی ھەڵگیرساند ، لەئەنجامدا چوار یەپەگە شەھیدبوون و ١٥٠ چەکداری سوپای ئازاد کوژران ، ماوەی چەند ڕۆژێک لاشەکانیان لەوێ کەوتبوو سەگ دەیانخوارد ، دواتر لاشەکان لەلایەن یەپەگە و خەڵکی سڤیلی شارەکە ژێرخاککران ، وە شەھیدەکانی یەپەگە و خەڵکی سڤیل لە گۆڕستانی ڕۆستەم جوودی لەدەربەسیە بەخاک دەسپێردران ، دواتر بەرەی نوسرە بووە ناوبژیوان لەنێوان یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد بۆ کۆتاییھێنان بەشەڕەکە ، ھێزەکانی یەپەگە توانی ٢ کیلۆمەتر ڕێگای حەسەکە کۆنتڕۆڵ بکات کەدەکاتە کۆنتڕۆڵکردنی یەک لەسەر سێ واتە چارەگەکی شارەکە.
چەند یەکینەیەکی کوردی لەوانەش یەکیەنەی مەشعەل تەمۆ ، پارتی ئازادی سەربە موستەفا جومعە ھاریکاری بەرەی نوسرەیان دەکرد ، دەولەتی تورک داوای لێیاندەکرد کێڵگە نەوتیەکانی ڕومێلان کۆنتڕۆڵ بکەن . دوای بیست ڕۆژ مانگی شوباتی ٢٠١٣ بوو دیسان ھێرشکرایە سەر یەپەگە ، ئەو شەڕە شەڕێکی گەورەبوو بەشەڕی ١٥ ڕۆژە ناسراوە لەبەر ئەوەی ماوەی ١٥ ڕۆژ بەردەوامبووە ،ئەمجارە یەپەگە توانی نیوەی شارەکە کۆنتڕۆڵبکات لەئەنجامی ئەو شەڕەدا ١٢ کەس لەپەپەگە شەھیدبوون و ٢٥٠ چەتەش کوژران و لاشەکانیان بەکۆمەڵ ژێرخاککران ، ژمارەی کوژراوانی چەتەکان زۆر بوو لەبەر ئەوەی بێپرەنسیپن خۆشیان نازانن بۆ ھاتوونە شەڕی گەلی کورد دەکەن ، جگە لەوەش نازانن شەڕبکەن ، دواتر ئەندامێکی بەرەی نوسرە کەناوی موھەننەد ئەلڕومانی بوو دەبێتە ناوبژیوانی شەڕەکە لەنێوان یەپەگە و سوپای سوریای ئازاد ، ماوەی ١٠ ڕۆژ تەقە ڕاگیرا ، دواتر یەپەگە ھێرشیکرد تا گەیشتە کڵێسا ، بەرەی نوسرە (باڕێک) ی تەقاندبۆوە وە کڵێساکەشی ئاماددەکردبوو بۆ تەقاندنەوەی ، بەڵام دوای ئەوەی یەپەگە کڵێساکەی ڕزگارکرد نەیھێشت بۆمبەکان بتەقێندرێنەوە . دوای ڕزگارکردنی کڵێساکە خەڵک دەستیانکرد بەگەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان سەرێکانی ، تا مانگی تەمووز شەڕ ڕووینەدا لەو ماوەیەدا لایەنی کوردی دەستیکردبە چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و خاوێنکردنەوەی شارەکە ، لە تەلخەلەف کە ٣ کم لە سەرێکانیێ دوورە ، چەتەکانی نوسرە و سوپای سوریای ئازاد کۆگای گەنمی شارەکەیان تاڵانکرد و فرۆشتیانە تورکیا.
لە مانگی ڕەمەزان ئەندامێکی یەپەگە کاتێک ئایسکرێم دەخوات لەلایەن بەرەی نوسرە دەستبەسەردەکرێ و لووتی دەشکێنن ، یەپەگەش مۆڵەتی دوو کاتژمیر دەداتە بەرەی نووسرە بۆ ئازادکردنی ئەندامەکەی یەپەگە ، پێیاندەڵێ ئەگەر ئازادی نەکەن ئەوا ھێرش دەکەینە سەرتان ، نوسرە ئەندامەکەی یەپەگەی ئازادکرد ، بەڵام دواتر یەپەگە ھێرشیکردە سەریان ئەمجارە بەتەواوی کۆنتڕۆڵی شاری سەرێکانی کرد ، لەوکاتەوە تائێستاش ھیچ ھێزیکی نوسرە و دەولەتی عیڕاق و شام و سوپای سوریای ئازادی تیا نەماوە ، تەنیا ھێزەکانی یەپەگە لەوێن ، شارەکە دەپارێزن ، بەڵام ھەردوولا شەو و ڕۆژ ٢٤ کاتژمیر بەرامبەر یەکترن لەپشت فەردەخۆڵەکانی ڕەبایە چاودێری یەکتریدەکەن ھەرکەسێک لەھەرلایەک سەری لە فەردە خۆڵەکە زیاتر بەرزبکاتەوە ئەوا دەکرێتە ئامانجی چەکی (قەناس)ی لایەکەی تر. لەتەنیشت دوایین ڕەبایەی سەربازی یەپەگە کەبەرامبەر ھێزەکانی ئیسلامیەکانن لەوێ دەولەتی تورک دیواری شەرمی دروستکردووە ، دروستکردنی دیوارەکە ڕۆژی ٢٠١٣/١٠/١٢ تەواوبوو ، پێشتر ئەوێ دەرگای فەرمی نێوان سنوری ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستانبوو لەسەرێکانی ، لەسەر دیوارەکەش ھێزەکانی تورکیا کامێرای چاودێریان داناوە ھەموو جوڵەیەک لەو دەوروبەرە دەبینن ، دوور نیە لەڕێگای ئەو کامێرایە تورکیا چاودێری ھێزەکانی یەپەگە بکات و زانیاریش بداتە ھێزە تیرۆریستیەکان.
ھەر لەتەنیشت دیواری شەرم واتە دووری چەند مەترێک ئەولاتر باڵەخانیەک ھەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی یەپەگەدایە ، لەوێدا لەشەڕێکدا کاتێک ھێزەکانی یەپەگە شارەکە ڕزگار دەکەن چەند کەسێکی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیڕاق و شام لەناو ئەو باڵەخانەیە تەقەدەکەن دواتر لەلایەن یەپەگەوە دەستبەسەردەکرێن و دوایی دەرکەوت ھەندێکیان کوردی باشوری کوردستانن خەڵکی ھەڵەبجە و شاری سلێمانی بوون . سەرباری ئەو بارودۆخە دژوارە بەمشێوەیە یەپەگە شارەکە دەپارێزێ ، خەڵکی شارەکە بەئارامی دەژین ، بەرەی نوسرەش ھەڕەشە دەکات دەڵێ دێینەوە بۆ سەرێکانی ، ئامانجی لەو ھەڕەشەکردنەوە ئەوەیە خەڵکی سڤیل بترسن دووبارە شارەکە جێبھێڵن.
دوای ئەوەی یەپەگە ھێرش دەکات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە ، چەتەکان دڵنیابوونە لەوەی کەناتوانن بەرەنگاری ھێزەکانی یەپەگە ببنەوە ، بەم ھۆیەوە چەتەکان ھەرھەموو خانووەکانیان دوای تاڵانکردن سوتاندووە ، کاتێک شاندی ئینتەرناسیونال چووین بۆ گوندی عەلۆک و چاڤا دیتمان شەقامی گوندەکە کە قیرتاوە شوێنەواری زنجیری تانک - دەبابەی تورکی لەسەرماوە ، شوینەوارەکانی زنجیر بەئاسانی دەبینرێ ، لەو شەڕەدا ٤ تانک - دەبابەی تورکی بەشداربووە ، و ماسکەی سەربازی تورکی لەلای چەتەکان ھەبووە ، کاتێک سەردانی زۆربەی خانووە سوتاوەکانمانکرد لەناو زۆربەی خانووەکاندا ھەمان جۆری قوتووی خواردنی تورکی لەسەر زەوی کەوتبوو ، تەنانەت پاشماوەی نان - سەموونی تورکی کەوتبوو ، قەوان و فیشەکی تورکی ئێستاش لەوێ کەوتووە ، چەتەکان سێژەمە خواردنی تورکیان پێگەیشتووە . ھەندێک ماڵ نەیانتوانیەوە کلیلی دەرگای ماڵەکانیان لەکاتی ڕۆیشتنیان لەگەڵ خۆیاندا ببەن ، کاتێک مرۆڤ سەردانی ئەو شوێنانە دەکا ئەوکات ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە بەتەواوی بۆ دەردەکەوی ، وە ڕووی ڕاستەقینەی تورکیا و ووڵاتانی عەرەبی کەنداو دەردەکەوێ و ڕووی ڕەشی ئەو تاقم و کوردە خیانەتکارانە دەردەکەوی کەلەدژی خەڵکی ھەژاری کوردستان شانبەشانی دوژمن لەدژی نەتەوەی خۆیان شەڕیانکردووە. ___________________________ بەشی یەکەم: www.emrro.com/rojawaikurdistansh1.htm
|