٢٢\١٠\٢٠١٣
رۆژئاوای کوردستان
شۆڕش و دەرفەتەکان و ئابڵوقەی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەکان.
فوئاد زیندانی
- بەشی یەکەم -
دوای
چەندین دەیەی حوکمی ڕژێمی بەعسی لە سوریا و کوردستانی ڕۆژئاوا ، دوای
دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی سوریا لەدژی ڕژێمی ئەسەد ، بۆجاری یەکەمە
کوردستانی ڕۆژئاوا ڕزگاری ببێ و بەرگی ئازادی بپۆشی و لەسایەی
بەڕێوبەرایەتیەکی کوردستانی گەلانی کوردستانی ڕۆژئاوا بەشێوەیەکی
ئارەزوومەندانەی پڕ لەئازادی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێکەوەژیان هەڵبژێرن و
بەشداری بەڕێوبەرایەتی خودی ببن.
بۆ بەدەستهێنای وێنەیەکی ڕاستەقینە و ئاشنابوون لەنزیکەوە لەسەر
بارودۆخی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دێلیگاسیۆنی
ئینتەرناسیونال سەردانی کوردستانی ڕۆژئاوای کرد ، لەم ڕێپۆرتاژەدا تیشک
دەخرێتە سەر شێوازی شۆڕش و ئابڵوقەی ئابووری و دروستکردنی دیواری شەرم
و کاردانەوەکان و کۆچبەربوون و بارودۆخی شەڕ و ڕۆڵ و فاکتەرە
سەرکیەکانی بەردەوامبوونی ئەو شەڕە و هەڵوێستی ووڵاتانی ناوچەکە و
پارتە سیاسیەکانی ناوخۆی کوردستانی ڕۆژئاوا و ئۆپۆزیسیۆنی سوریا.
دێلیگاسیۆنی ئینتەرناسیونال کە لە ووڵاتی ئەڵمانیاوە هاتبوون، ڕۆژی
٢٠١٣/١٠/٩ گەشتێکیان بەرەو کوردستانی ڕۆژئاوا دەستپێکرد، ئەندامانی
بەشداربووی گەشتەکە بریتیبوون لە: د. نیکۆلاوس. ب (مێژوو نووس و
ڕۆژنامەنووس و کارمەندی فراکسیۆنی پارتی چەپ لەپەرلەمانی ئەڵمانی)،
فوئاد زیندانی (سەرۆکی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان و
ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان/ئۆڕتە)، برگیتە. ک (پارێزەر
و ڕۆژنامەنووس و ئێکسپێرت لەبواری کێشەی کورد)، میشێل .ک (مێژوونووس و
چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ)، گول جوزەل (ڕۆژنامەنووس و چالاکی
مافەکانی ژنان و منداڵان) . دوای پەڕینەوەی سنورە دەستکردەکانی نێوان
باشور و ڕۆژئاوای کوردستان و دەرگای سمێلکا دواتریش گەیشتنە شاری دێرک
، لەگەڵ گەیشتنی شاندەکە چەند خولەکێک دواتر زانرا کە ژنێکی گەنجی
خەڵکی ئەو شارە شەهید بووە ، بەم هۆیەوە خەڵکێکی زۆری شارەکە بەشداری
ڕێپێوان و ناشتنی شەهیدەکەبوون ناوی شەهید (حەیات) بوو. شاندەکە ئێوارە
سەردانی ناوەندی گەشەسەندنی ئابووری ڕۆژئاوای کوردستان و وەهەروەها
نوسینگەی (ئەلپارتی - الپارتی) کرد کە لەناو بازاڕی دێرکە، دوای
بەخێرهاتن کردنی شاندەکە دواتر گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام دەستیپێکرد
هەمووی لەسەر بارودۆخی کوردستانی ڕۆژئاوابوو ، هەر لەو دانیشتنەدا
سەرۆکی حزبی یەکیەتی سریانی سوریا (اتحاد السریان سوریا) ئاماددەبوو.
شاری دێرک زۆر ئارامبوو ، ژیان زۆر ئاسایی بوو ، بارودۆخەکە سروشتی بوو
، هەرچەند بیرمانکردەوە نەمانزانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەو
ژمارە زۆرە کۆچبەریان هەڵبژارد و ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان ؟ خۆ
دەیانتوانی لەشاری دێرک نیشتەجێببان . ڕۆژی دواتر هەواڵی شەهیدبوونی (شەرڤان
ساڵح موسلم) ڕاگەیەنرا ، شەهید شەرڤان کوڕی هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح
موسلم لەبەرەکانی شەڕدا لە ٢٠١٣/١٠/٩ شەهیدبوو . شاندەکە دواتر سەردانی
شاری قامیشلۆیکرد لەوێ ژمارەیەکی زۆر دیدار و سەردانی ئەنجامدا ، ژیان
لەقامیشلۆ زۆر ئاسایی بوو ، شارەکە شارێکی گەورەیە زۆر قەرەباڵغی لە
شەقام و بازاڕەکانی بەدیدەکرێ هەرکەس سەرقاڵی کاری خۆیەتی ، کاتێک مرۆڤ
شاری قامیشلۆ دەبینی وێنەیەک لەلای دروستدەبێ کەهیچ هاووڵاتیەکی
کوردستانی ڕۆژئاوا کۆچبەرنەبووە ، هەموو حزب و لایەن و ڕێکخراوەکان
ئازادانە کاری خۆیان دەکەن ، شارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی شاری قامیشلۆ
بەڕیوەدەبردرێ ، ئەنجوومەنەکە کورد و سریان و عەرەب و کەمەنەتەوەکان
تیاییدا بەشدارن و بەڕێوبەرایەتی شارەکە دەکەن ، چەندین کۆمیتەی
ئابووری ، خزمەتگوزاری و هتد... دامەزراون چالاکانە کارەکانیان
ئەنجامدەدەن و خزمەتی شارەکەیاندەکەن ، هێزی ئاسایشی کوردی پارێزگاری
ڕەوشەکە دەکات ، وە هێزەکانی سەربە ڕژێمی بەعسی لە فڕۆکەخانەی شاری
قامیشلۆ بنکەی سەربازیان هەیە ، وە لەناو شارەکەش لە دوو شوێنی
جیاوازدا بوونیان هەیە ، بەڵام هیچ کاریگەریان نیە ، لەتوانایان دانیە
هیچ هاوڵاتیەک بگرن ، تەنیا بەشێوەیەکی کارتۆنی ماون . لەشاری قامیشلۆ
شاندی ئینتەرناسیونال سەردانی یەکیەتی ڕاگەیاندنی ئازاد - اتحاد
الاعلام الحر، (قایشی سنور - حزام الحدود) یکرد ، وەهەروەها سەردانی
نوسینگەکانی سازی و ڕێکخراوەکان و پارتەکانی کرد لەناویاندا : حزبی
ئاشوری دیموکراتی ، حزبی یەکیەتی دیموکراتی - پەیەدە، حزبی یەکگرتووی
سریانی - حزب الاتحاد السریانی ، سازیا زمانێ کوردی ، کۆمەڵەی مافی
مرۆڤی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاسایشی گشتی قامیشلۆ ، پارتی دیموکراتی
نیشتمانی کورد لەسوریا ، ناوەندی پەروەردە و زانستا ژنان ، ئینسیاتیفی
ژنان، کۆمیتەی خزمەتگوزاری - دەستەی بلند، پارتی چەپی دیموکراتی کورد ،
مالا یەزیدیان ، خێزانە کۆچبەرەکانی دەربازبوو لە کۆمەڵکوژی تەلعەران و
تەلحاسڵ، گۆڕستانی شەهیدان.
گرنگترین کۆسپە سەرەکیەکان دژبە شۆڕشی گەلی کورد و گەلانی کوردستانی
ڕۆژئاوا بریتین لە:
١- ئابڵوقەی ئابووری.
٢- شەڕی سەپێنراو واتە هێرشە سەربازیەکانی
ئیسلامیەکان.
ئابڵوقەی ئابووری سەپێنراوە لەلایەن ووڵاتی
تورکیا و داخستنی سنور و دروستکردنی دیواری شەرم و ڕێگەگرتن لە
بازرگانیکردن و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا
بۆ باکوری کوردستان ، وەهەروەها ئابڵوقەی چەتە ئیسلامیەکان ناهێڵن لە
شارەکانی دیمەشق و حەلەب هیچ شتێک بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان دەربازبێت .
دەوڵەتی تورک تەماشادەکا لەهەر شوێنێکی سەرسنوری نێوان باکور و
ڕۆژئاوای کوردستان سەقامگیری هەبێت لەوێ دیواری شەرم دروستدەکات ، وە
بەپێچەوانەوە لەکوێ سەقامگیری نەبێت لەوێ دەرگا بۆ تیرۆریستان دەکاتەوە
و پشتگیریان لێدەکات و یارمەتی لۆجیستیکیان پێشکەشدەکات و لەو
ناوچانەدا چەتە ئیسلامیەکان بەئارەزووی خۆیان هاتوچۆدەکەن ! وە سەبارەت
بەسنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان (سنور کراوەتەوە و
داخراوە ) لەیەک کاتدا ، کراوەتەوە بۆ ئەوکەسانەی ڕێگایان پێدەدرێ ، وە
داخراوە بۆ ناردنی یارمەتی مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، و داخراوە بە
ڕووی بازرگانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەر بیانەوی بەپارەی خۆیان
پێداویستیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بکڕن ، یا گەنم و بەرهەمە
کشتوکاڵیەکانیان هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن . ئەو ئابڵوقە
ئابووریەی کەهاوکات لەهەموولایەک بەسەر کوردستانی ڕۆژئاوا سەپێنراوە ،
شێوازی خنکاندنی ئابووری لەخۆدەگرێ بەواتایەکی تر خنکاندنی گەلانی
کوردستانی ڕۆژئاوایە لەڕووی ئابووریەوە ، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو
بارودۆخە ئەنجوومەن و کۆمیتەکانی سەر بەو ئەنجوومەنانەی کە کوردستانی
ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبەن سیستەمی کۆمین (کۆمۆن) یان هەیە کە بزووتنەوەی
کۆمەڵگای دیموکراتیک (تەڤدەم) دایڕشتووە، لە هەموو گەڕەک و ناوچەیەک
نانەواخانەکان یەک کیلۆ و چوارسەد گرام نان بەنرخێکی زۆر زۆر هەرزان
دەدەن بە هاوڵاتیان بە بێ جیاوازی نەتەوەی، ئایینی... ئەوەش وایکردووە
نان بۆ هەموو هاووڵاتیەک مسۆگەر ببێت بەپشتبەستن بەبەرهەمە
ناوخۆییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، وە کۆمیتەکان سەرپەرشتی دابەشکردنی (نەوت
- مازۆت) دەکەن بەسەر هاووڵاتیان بەبێ جیاوازی بەبڕێکی یەکسان .
بارودۆخی ئابووری هەرچەندە دژوارە بەڵام بەتواناکانی خۆیان توانیویانە
بەرەنگاری زەحمەتیەکان ببنەوە بەتایبەتی ژمارەی کۆمینەکان
لەزیادبووندایە لەگەڕەکەکان ، بەم شێوەیە کۆمینەکان هەموویان پێکەوە
ئەنجوومەنی شار دروستدەکەن ، وە ئەنجوومەنی شارەکان پێکەوە ئەنجوومەنی
ڕۆژئاوای کوردستان پێکدەهێنن ، ئەو ئەنجوومەنە هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی
واتە داڕشتنی یاسا ، وە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادی تیایە
واتە ئەوەی لەلایەن بزووتنەوەی کۆمەڵگای دیموکراتی (تەڤدەم) داڕێژراوە
لەلایەن ئەنجوومەن(مەجلس) جێبەجێدەکرێ، ئەنجوومەنیش لە کورد و سریانی
و عەرەب و کەمینەکانی تر پێکهاتووە ، گەل حکومەتە وە حکومەتیش گەلە،
ئەوەش سیستەمێکە هاوشێوەی شۆڕش و خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلانی ووڵاتانی
ئەمەریکای لاتینیە لەوانەش فەنزوێلا و بۆلیڤیا و نیکاراگوا.
شۆڕشی کوردستانی ڕۆژئاوا جیاوازە لە شۆڕشی گەلانی تر، لەبەر ئەوەی
میللەتان لەکاتی شۆڕشدا بۆ گەیشتن بەئازادی و ڕزگاری زۆرجار لەدژی
بەرەیەکی دیاریکراودا لەشەڕدابوونە ، بەڵام ئەوەی شۆڕشی کوردستانی
ڕۆژئاوا لەشۆڕشەکانی تر جیادەکاتەوە ئەویە کە کوردستانی ڕۆژئاوا
کەوتۆتە نیوانە چەندین بەرە، واتە لەیەک کاتدا ڕووبەڕووی جەندین بەرە
دەبێتەوە لە ڕووی سەربازی بەتایبەتی ، جگە لەبەرەی ئابووریش ، لەهەموو
بەرەکاندا کوردستانی ڕۆژئاوا پشتئەستورە بە خەڵکی خۆی ، ئەوەش
وایکردووە میللەت بەپرەنسیپ و بڕاویەکی پۆڵایین بەرگری لە خاک و گەل و
نیشتمانەکەی بکات ، لەشەڕەکانی دژ بە چەتە ئیسلامیەکان هێزەکانی کوردی
(یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە) و ( یەکینەکانی پاراستنی ژنان -
یەپەژە ) توانیویانە بچنە ناو مێژوو لەفروانترین دەرگاکانیەوە ،
هەرچەندە جەتەکانی سەربە بەرەی نوسرە و دەولەتی ئیسلامی عیراق و شام
کەهەردوکیان گرێدراوی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەن وە لەسەدا هەشتای
یەکینەکانی سوپای سوریای ئازاد کە ئیسلامیی توندڕەون هێڕش دەکەنە سەر
گەلی کورد بەپاڵپشتی دەولەتی تورکیا و حزبوڵای تورکی و تاقمی
فەتحوڵاگوڵەن و ووڵاتانی کەنداو سعودیە و قەتەڕ و چەند کوردێکی
خیانەتکار ، لەو ووڵاتانە یارمەتی لۆجیستی و چەکی قورس و تەنانەت
خواردنی ڕۆژانەیان بۆدێت بەڵام ناتوانن بەرەنگاری هێزەکانی یەپەژە و
یەپەگە ببنەوە ، ئەو پرەنسیپ و بروابەخۆبوونەی لەو دوو هێزە کوردیەدا
هەیە وایکردووە کوردستان ببیتە گۆڕستان بۆ ئەو چەتانە ، وەهەروەها بۆتە
مایەی سەرسوڕمان بۆ ئەو ووڵات و تاقمانەی پشتگیری ئەو چەتانە دەکەن.
ئەگەر مرۆڤ سەردانی شاری سەرێ کانیێ بکات ئەوکات دەردەکەوێ ئیسلامیەکان
لەڕژێمی سەدام و ئەسەد و هیتلەر و مۆسۆلینی زۆر پیسترن ، هیچ خانووەک
نەماوە لەسەرێ کانیی بەدەیان گولـلەی بەرنەکەوتبێ ، هیچ خانووەیەک
نەماوە بەهۆی زوڵم ستەمی ئەو تیرۆریستانە چۆڵنەکرابێ و تاڵان نەکرابێ،
تیرۆریستەکان بەدەیان گولـلەیان لەدەرگای کڵێسای شارەکەداوە ، بەزمانی
عەرەبی لەسەر دەرگای کڵیسا نوسیویانە ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی لەناوتان
ببەین لەخوارەوە نوسیویانە بەرەی نوسرە، زۆربەی دیوارەکانی خانووەکانی
سەرێکانیان پیسکردووە ناوی ڕێکخراوەکانی تیرۆریستیان بەعەرەبی لەسەر
نووسیوە، چەتەکان لەکوشتنی هاووڵاتیان و دزیکردن و تاڵانکردنی ماڵان و
ڕفاندنی هاوڵاتیان و ئەشکەنجەدان و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان دەستیان
نەپاراستووە، خانووی هاووڵاتیەکیان داگیرکردبوو بەکاریانهێنابوو وەکو
زیندان بۆ ئەشکەنجەدانی خەڵک ، وە باڵەخانەیەکی حکومی کەلەسەردەمی
ڕژێمی بەعسی شوێنی دەزگای هەواڵگریبووە (امن السیاسی)، چەتەکان لەوێ
هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی دەزگایەکی داپڵۆسێنەر و دادگایەکی کارتۆنیان
دامەزراندبوو بەئارەزووی خۆیان دەیان نارد بەدوای خەڵک بۆ ئامادەبوون
لەو دادگایە ، خەڵکیان حوکمداوە بەئیعدام بەناوی شەریعەتی ئیسلامی
سەربەچەتەکان.
fuadzindani@yahoo.de
|