په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٣

رووبەڕوو لەگەڵ شیعر.

ناڵە حەسەن      

- مانیفێستی شیعری.

هەموو دەرگاکانی گەردوونم بەڕوو داخەن
من لەنێو خەون و هاواری شیعر
دێمە نێو ژیانەوە ..!

١
شیعر و (پرسیار و گومان).


دیارە ئەوە زۆر ڕوونە کەوا ، ژیان پڕیەتی لە شتی پێچەوانە و هاودژ و ناماقووڵ . شیعریش لە ڕێگەی بەدواداگەڕان و خولقاندنی کۆد و هێمای نوێوە ، دەکرێ هەموو ئەو شتە هاودژ و پێچەوانە و ناماقووڵانە لەنێو هەناوی کۆد و هێماکانیدا لە خۆبگرێت " . چونکە شیعر نووسینەوەی ژیانە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ..! بۆیە ئاساییە کۆد و هێماکان هەڵگری پرسیارو گومانی جۆراوجۆر بن .. بە بڕوای من ، ئەم پرسیار و گومانانەش سەرچاوەکەیان لە بەردەوامبوون و نوێبوونەوە دایە ..! چونکە شیعر ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر خۆی نوێ نەکاتەوە ، لێرەدا نەک تەنها شیعر بەڵکو سروشتی ژیانیش هەروایە .. بۆیە لێرەدا دەتوانین بڵێین شیعر بەمانای" ژیان " دێت ..! بۆیە هەر کاتێکی دەقێکی شیعری ، چەندین پرسیار و گومانی هەمەجۆر لە لای خوێنەر جێدەهێڵێ ، ئەمە نیشانەی بوونی داهێنان و دیدگای نوێیە لەنێو دەقەکە و لە چوارچێوەی سیستەمێکی ئیستەتیکدا . یان باشترە بڵێین ، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زماندا ..! ئەوەتا " ئەراگۆن " بە پێی ئەزموونی خۆی بەوە گەیشت بوو کەوا " فەرهەنگەکان مانای تەواو بۆ وشەکان دەستەبەر ناکەن ..! " واتە مانای ڕاستەقینەی وشەکان بە پێی سروشتی وێنە و بڕگەکان دەگۆڕێن ..! لێرەدا بەوە دەگەین کە زمانی شیعر خۆی نابەستێتەوە بە ، مانا باو و تەقلیدیەکانی وشە .. شاعیر لە ئاکامی بەدواداگەڕان و کەشفکردنەکانی کاتێک ، پەیکەر و وێنە شیعرییەکانی بە لیکی وڕێنەکانی ڕەنگ دەکات ..! یان لە ڕێگەی کۆدەکانەوە ، هەموو ئەو شتە ناماقووڵ و ناتەبا و هاودژ و تەنانەت خەون و شتە ترسهێنەکانیش دەنووسێتەوە .. کەواتە شاعیر لە دواجاردا ، لە ڕێگەی قووڵبوونەوەکانی بە پێگە و ڕووبەری نوێ دەگات ، لەوێدا ناوکۆکەی پرسیار و گومانەکان ، گومان لە خود ، لە دەوروبەر ، لە داهێنان ، لە ژیان لە هەموو شت ، خۆیان دەخزێننە نێو هەناوی کۆد و هێماکان یان مانا نوێیەکانی وشە و دەستەواژەکان ..! هەر لێرەشە پرسیار و گومانەکان لە دایک
دەبن ..!


٢
شیعر و (نۆستالیژیا).


بە پێی ئەوەی شاعیر لە چرکەساتی نووسینی شیعر لە ڕووبەرێکی نادیار کار دەکات ، ئەم ڕووبەرە نادیارەش ڕەگەکانی لە نێو خەون و خەیاڵ دایە .. خەونیش لە بەرگە گشتیەکەیدا ، هێنانە گۆی یان بە کاراکتەرکردنی ئارەزووە لاشعوریەکانە .. بۆیە شاعیر ناتوانێ دەستبەرداری ڕابردوو بێت . دەتوانین بڵێین هونەر بە گشتی ، وەڵامدەرەوە یان تێرکردنی ئارەزووە لاشعوریەکانە لە بارێکی ئاگایی و نائاگاییدا ..! لە ڕووبەری نۆستالیژیاش " منداڵی " جوانترین و ناسکترین توحفەیە بۆ شاعیر ..! نووسینی شیعر بەبێ ئاوڕدانەوە لەم توحفەیە مانایەکی نیە ..! وا پێویست دەکات ئەوەش بڵێم ، شاعیر نابێت تەنها ڕووی لە دواوە بێت ..! بە مانای تەنها ئاوڕ لە دواوە بداتەوە و دوێنێی خۆی بنووسێتەوە .. وا پێویست دەکات دوێنێی خۆی ، بە ئێستا و هاوکات بە ئایندەش گرێبدات . " ( ڕۆبەرت فرۆست )" گەورە شاعیری ئەمریکی ، کە بەشاعیری سەدەی بیستەمی ئەمریکا ناوی دەبەن .. یەکێک لەو ڕەخنەیەی کە لێی گیراوە ئەوەیە / کە هەمیشە ئیشی لەسەر ڕابردووی خۆی کردووە ، واتە تەنها خەمەکان و ئارەزووە چەپێندراوەکانی دوێنێی خۆی نووسیوەتەوە . دیارە هیچ لاریەکمان لەوە نیە کەوا ، زمان بڕبڕە پشتی شیعر و نووسینە ..! هەموو بەدواداگەڕان و کەشفکردن و داهێنان و ستایلە نوێیەکان ، لە ڕێی زمانەوە دێنە بوون .. دیارە دەمێکە " جاک لاکان " باوەڕی وابووە کە زمان وەک کلیلێک وایە بۆ کردنەوەی هەموو دەرگاکان .. بە تایبەت لە نووسینی شیعر دەبێت زمان ئەم ڕۆڵە ئاکتیڤەی خۆی ببینێت .. دەربارەی ئەوەش کە / دووبارە بوونەوەی وشە و دەستەواژەکان یان جێگۆڕکێ پێکردنیان ، کە زۆرکەس بە گەمەی پەیڤەکان ناویان دەبەن ، وە ئەمە لەنێو شیعرەکانی میش زۆر دەبیندرێن . من پێموایە ئەوە پەیوەندی بە باری دەروونی منەوە هەیە لە ئانوساتی نووسینی شیعرەکەدا ..! هۆکارێکی تر ، پەیوەندی بە ئیستاتیکای شیعریەوە هەیە ..! چونکە ئیستاتیکای شیعر / ڕاستەوخۆ ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ لە تێرکردنی ئارەزووە لاشعوریەکان .. بەمانایەک ، هەرچەندە تۆ لە نێو ڕووبەرێکی نادیاریش کار بکەی و بۆ نێو قووڵاییەکانی خەون و خەیاڵ بڕۆیتە خوارەوە ، مەبەستمە ئەوە بڵێم کە ، ئیستاتیکای شیعر هەر کاریگەری خۆی دەبێت بەسەر باری دەروونی و بەتایبەت ئارەزووە لاشعوریەکان ..! بەمانایەک ئیستاتیکای شیعر سەرچاوەیەکی لەزەت بەخشە لە پڕۆسەی نووسینی شیعر ..! بۆیە دەتوانین بڵێین کە زمانی دەق ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دەروونی شاعیرەوە هەیە ..! ئەمە بۆ ژانرەکانی تریش هەروایە ، ئەگەر لە هونەری نیگارکێشان بڕوانین / ڤانکوخ کاتێک تابڵۆی " شەوە پڕ ئەستێرەکانی " کێشا ، ئەوکاتەدا لە نەخۆشخانەی دەروونی بووە ، لەم تابڵۆیەی دا / شێوەی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕەنگەکان و بەکارهێنانی فلچەکەی ، پەیوەندی بەم بارە دەروونیەی هەبوو ، کە خۆشی لە زۆر شوێندا ئەمەی باسکردووە ..! لێرەوە بەوە دەگەین کە لە نێوان زمانی دەق و ئارەزووەکانی مرۆڤ حەقیقەتێکی جاویدانی هەیە ، یان زمان لە ڕێگەی ئەم دەسەڵاتە خوداوەندیانەی کە هەیەتی لەنێو فەزای دەقدا ، دەتوانێ سیما و خەسلەتێکی جاویدانە بە ئارەزووەکان و ڕەهەندە مرۆییەکان ببەخشێ ..! کەواتە زمان دەتوانێ نەمری بە شتەکان ببەخشێ لەنێو ڕووبەری دەقدا ، بۆیە دەتوانین بڵێین ، یادەوەری لەنێو هەر دەقێکی شیعری بوونێکی جاویدانی هەیە ، یان بوونێکی گشتگیر و ڕەها ..!


٣
شیعر و (ڕەخنەی کوردی).


دیارە بۆ هەموو لایەکمان مەعلومە کەوا ، ڕەخنەی کوردی لە چ ئاستێک دایە ..! بە مانایەک ئەو داهێنان و پێشرەویانەی لە شیعر و ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەب و هونەری کوردی کراون ، لە ڕەخنەدا نەکراون .. ئێمە ناڵێین ڕەخنەی کوردیمان هەر نیە بەڵام ، ئێمە قسە لەسەر تواناکان و ئاستی داهێنان دەکەین ..! بۆیە لێرەدا بە دڵنیایەوە دەڵێین ( ڕەخنەی کوردی لە ئاستی پێویست دا نیە ..! ) . من پێموایە ، ڕەخنە نەک هەر دەبێت کەلێنەکان پڕ بکاتەوە یان دەست نیشانیان بکات بەڵکو ، دەبێت نەوەیەکیش بخاتە سەر پڕۆسەی نووسین ..! من پێموایە ، ڕەخنەگرەکانمان دەبێت هێندە پڕ مەعریفە و بەرچاو ڕۆشن و پێشڕەو بن نەک تەنها ، کاریگەریان بەسەر پڕۆسەی نووسینەوە هەبێ بەڵکو دەبێت ، کاریگەریان بەسەر گۆڕانی کۆمەڵگەشەوە هەبێت ..! ڕەخنەگران وا پێویست دەکات هەمیشە هەڵگری دیدگای پێشرە و نوێخوازانە بن .. زۆر بە ڕۆشنی و بە دروستی ڕەخنە لە داب و نەریتی دواکەوتوانە و لە هەموو ئەو هۆکار و فاکتانە بگرن ، کە ڕێگرن لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگە و تەنانەت چەمکە ئازادیەکانیش ..! بە بڕوای من ، ڕەخنە ناتوانێ تەنها خۆی ببەستێتەوە بەزمان و ڕەگەزەکانی نووسین و بەس ، ئەگەر پێویست بکات وا دروستە ڕەخنەگر لە چوارچێوەی دەقەکەدا ، ڕەخنە لە بیرکردنەوە و ڕوئیاکانیش بگڕێ .. بە تایبەت ڕوئیای نەو نووسەرانەی دەست بە بیرۆکە دواکەوتوەکان دەگرن لەنێو دەقەکانیاندا .. یان ئەو ڕوئیایانەی کەناتوانن ، ڕەوتی پێشکەوتن و مەدەنیەتی کۆمەڵگە و ئازادی مرۆڤەکان هەزم بکەن ..! بەڵام ئەوەش گرینگە کەوا ، ڕەخنەکان لە چوارچێوەی دەقەکان دەرنەچن .. واتە کارمان بەسەر ئەوەوە نەبێت کە نووسەرەکە لە چ خانوویەک ژیان دەگوزەرێنێت ؟! یان سەر بە چ لایەنێکی سیاسیە ؟! مەبەستمە ئەوە بڵێم " بۆ نموونە لە دەقێکی شیعری پێویستە ڕەخنەی شیعری بگرین لە هەمانکات بە زمانی شیعریش ..! لە چوارچێوەی دەقە شیعریەکە دەکرێ ، ڕەخنە لە هەر شتێک بگرین ، جا ئەو شتە زمانی شیعری بێت ، یان ستایل و ڕەگەزەکانی تری شیعر ، یان ڕوئیای دواکەوتوانە یا هەر شتێکی تر ..! بە پێویستی دەزانم لێرەدا باسی " جۆلیا کریستۆفیا "ی ڕەخنەگر و بیرمەندی هەنگاری بکەم . جولیای ڕەخنەگر ئیشە سەرەتاییەکانی لە نێو چوارچێوەی فیمینیزم و مەسەلەی ژنان و گرینگی دەدا بە زمانی دەق و ڕەخنەی لە زمانی پیاوسالارانە دەگرت لەنێو دەقەکاندا .. ڕۆڵێکی سەرەکی گێڕا لەبیری مۆدێرنیزم و فیمینیزمدا .. هەروەها تیۆرە ڕۆشنبیریەکەی چڕ کردبوویەوە لە دەوری کۆمەڵگە و داب و نەریت و پەیوەندی نێوان ئەدەب و سیاسەت و زۆر شتی تر ، وە پشتی بەستبوو بە روانگە و تیۆرە سایکۆلۆژیەکەی فرۆید . ئەگەر لە هەوڵەکانی ئەم خانمە بیرمەندە بکۆلینەوە ، دەبینین لە چوارچێوەی ڕەخنەی ئەدەبی و نووسین و لێکۆلینەوەکانی ، ئیشی لەسەر مەسەلەی ژنان و بە مەدەنی کردنی کۆمەڵگە و زۆر شتی تر کردووە ..! من پێموایە ڕەخنەگر دەبێت لەم ئاستە بەرین و فراوانە کار بکات .. نەک تەنها کەلێنی دەقەکان پڕ بکاتەوە بەڵکو بەرچاوی نووسەر و شاعیرەکان ڕۆشنتر بکاتەوە و کارێکی وا بکات ، لەژیر کاریگەریەکانی ئەم داهێنان و نوێخوازی بچنە ئاستێکی سەروو تر .. نەک هەر ئەوەندەش بەڵکو ڕۆڵێکی بەرچاو ببینێ ، لە نێوەندی ڕۆشنبیری و هاوکات لە ڕاستای بەرەو پێشەوەچوونی کۆمەڵگەش ..! ئەم ئاست و جۆرە لە ڕەخنە لە ئێستادا ، لە ڕەخنە و ڕەخنەگرانی کوردی نابیندرێ ، دیارە ئومێدی ئەوەش دەخوازین کە ڕۆژێکدا بێ ، ڕەخنەی کوردی بگاتە ئەم ئاستە بەرزەی لەپێشکەوتن و داهێنان دا ..!


٤
شیعر و (سایکۆلۆژیەتی دەق).


بە بڕوای من دەبێ ئەوەمان لەلا ڕۆشن بێ کە ( نووسین قسەکردنە لەگەڵ پەیکەرە بێدەنگەکانی نێو بازنە چەپێندراوەکانی ڕووبەرە بێئاگاییەکان ..! ) بۆیە ئیشکردن لەسەر زمانی دەق و کردنەوەی کۆد و هێماکان ، کۆمەکی زۆرمان دەکا بۆ نزیک بوونەوە لە کڕۆکی دەقەکە و تێگەیشتن لە مانا و دەلالەتەکان . چونکە لە پشتی کۆد و هێماکان باری دەروونی نووسەر دەخوێنینەوە .. واتە لە ڕێگای زمانەوە دەتوانین لە سایکۆلۆژیەتی دەق بکۆڵینەوە یان تێبگەین .. چونکە بەپێی بیرکردنەوەکانی " کارل یەنگ " ( هێماکان لە هونەردا ، بۆ دەربڕینی بیر و شێوازی باری دەروونی بەکار دەهێندرێن ..! ) لێرەدا دەکرێ ئەوە بڵێین ، لەنێو هەر دەقێکی شیعری پێکهاتە و باری دەروونی شاعیرەکە لەوێدا ڕاکشاوە ..! بۆ نموونە لە وردبوونەوە لە زمان و هێماکانی دەقی هاملێت بەر لە هەر شتێک بەوە دەگەین کەوا ، دەقی هاملێت باس لە هەرچیەک بکات ، دەتوانین شێوازی دەروون و باری بیرکردنەوەی شکسپیر بخوێنینەوە ..! بۆ دەقێکی شیعریش بە هەمان شێوە . دیارە ڕووبەر و توانای دەسەڵاتی زمان زۆر لەوەش زیاترە کە ئێمە بۆی دەڕوانین .. ئەوەتا لای " بونیادگەراکان " هەر لە ڕێگەی ئیشکردن لەسەر زمان و هێماکانەوە ، پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان و پێکهاتەی کۆمەڵگە و سیاسەت و باری ئابووری کۆمەڵگە و لەم ڕێگەیەوە ئیشیان لەسەر زۆر شتیتر و ڕەهەندی تر دەکرد . بۆیە لە ڕێگەی فۆکەس کردنە سەر زمان و پێکهاتەکانی سایکۆلۆژیەتی دەق بە بڕوای من ، لەم ڕێگەیەوە دەتوانین تا ئاستێکی باش ، کڕۆکی دەقەکە بە شێوەیەکی جوان و ڕوون پێشانی خوێنەران بدەین.


٥
شیعر و (زمانی شیعری).


- زمانی شیعر لە ڕابەدووەوە تا ئیمڕۆ گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە بۆ نموونە ، زمانی شیعر لە سەردەمی سومبولیستەکان و قوتابخانەکانی پێش خۆیان بە شێوەیەکی تر بووە ئەوکات شاعیر زیاتر دەرەی خۆی دەنووسیەوە . لێرەدا دەکرێ زیاتر قسە لەسەر زمانی شیعر و پەیوەندی نێوان شاعیر و کۆمەڵگە بکەین .. بەر لە هەرشتێک حەزدەکەم ئەوەش بڵێم / ڕەنگە منیش ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو بیرکردنەوەیەم هەبوو بێت ، کە دەبێ زمانی شاعیر زمانی کۆمەڵگە بێت ، بەو پاساوەی کە شاعیر زمانحاڵی کۆمەڵگاکەیەتی ..! ڕەنگە ئەوجۆرە بیرکردنەوانە تا ئاستێک ، کاریگەرێتی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایان لە پشت بێت . یان بیرکردنەوەیەکی ڕیالیستانە بێت . بەڵام ، بەوپەڕی قەناعەتەوە ، ئەوە ڕا دەگەیەنم کە باوەڕم بەم جۆرە بیرکردنەوانە نەماوە ..! من ناڵێم شاعیر هیچ پەیوەندیەکی بە کۆمەڵگە و دەوروبەرەکەی نیە بەڵام ، دەکرێ شاعیر بوونێکی ئایرۆنیکی بێت .. یان یاخی و نامۆ بێت .. یان جیا لە دەوروبەرەکەی بیر بکاتەوە ، کە هیچ پەیوەندیەکی ئەوتۆ و یان لە ژێر کاریگەری دەوروبەرەکەی نەبێت ..! زمانی شاعیر دەبێ زمانی شیعر بێت ..! شاعیر وا پێویست دەکات " کە لە پێناو شیعر ، شیعر بنووسێت ..! " زمانی شاعیر دەبێ ، زمانی ناوەوەی شاعیر و زمانی غەریزەکان و خەون و خەیاڵی شاعیرەکە خۆی بێت .. من لە ڕێگای شیعرەکانم / غەریزە بێئاگاییەکانم و خۆم و ژیانی خۆم دەنووسمەوە .. لە نێو خەون و خەیاڵی خۆمدا ، کە ئیش لەسەر خەونەکانم دەکەم دەمەوێت " حەقیقەتی ژیان ڕەسم بکەم ..! " من دەکرێ هیچ پەیامێکم پێ نەبێت ..! چونکە بە بڕوای من شاعیر کەسێک و ئاکتڤیستێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیست نیە ..! مەبەستمە پێ لەسەر ئەوە دا بگرم ( دەکرێ شیعر هیچ پەیامێکی پێ نەبێ و بێ پەیام بێت بەڵام ، ناکرێ شیعر هیچ ئامانجێکی پێ نەبێ و بێ ئامانج بێت ..! ) کەواتە پەیام و ئامانج دوو شتی جیاوازن ..! ئامانج لە شیعرەکانی من ئەوەیە ( ژیان بە هەموو جوانیەکانیەوە پێشانی خوێنەران بدەم ..! ) مەبەستمە لەگەڵ خوێندنەوەی هەر شیعرێکم ، دڵ و ڕۆحی خوێنەرانم ئارام بکەمەوە .. یان زەردەخەنەیەک بهێنمە سەر ڕوخساریان .. یان ئەگەر بکرێ پرسیاریان لەلا دروست بکەم .. یان پڕیان بکەم لە نیگەرانی و دڵەڕاوکێ ..! بەڵام من هیچ پەیامێکم بۆ خوێنەرەکانم پێ نیە ..! خوێنەرەکانم لە ئاکامی بەدواداگەڕان و ڕامانی قووڵ و چەندین خوێندنەوە ، وا پێویست دەکات خۆیان شتێک هەڵکڕێنن و خوێندنەوەیەکیان دەست بکەوێت ، نەک چاوەڕوانی پەیام بن لە منەوە ..! هەروەک " ئەندرێ بریتۆنی " سوریالیست دەڵێت ( پێویستە خوێنەر لە ژێر کاریگەریەکانی دەق ببێتە جۆگەلەیەک لە بیری شاعیرەکە و بەشداری بکات لە بەدواداگەڕان و کەشفکردنی مانا و دەلالەتەکان ..! ) بە بڕوای من لێرەدا شتێک نیە ناوی پەیام بێت ..! لەو بۆچوونەی بریتۆن ئەوە دەبینین ، کە پەیوەندی خوێنەر و دەق چەندە گرینگە ..؟ هاوکات سەلیقە و مەعریفەکەشی ..! چونکە سەلیقە و مەعریفەی خوێنەر ڕۆڵ دەبینێت لە کەشفکردن و کردنەوەی هێما و ماناکان .. ڕۆڵ دەبینێ کە وەک جۆگەلەیەک بڕژێتە نێو پانتایی دەقەکە و بە نێو هەموو درز و کەلێنێک و قوژبنەکانی شۆڕببێتەوە و بۆ قووڵایی نێو ڕووبەرە نادیارەکانی دەق بڕوات .. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کەوا ، دەقی زیندوو و پڕ داهێنان خوێنەری بە سەلیقە دەگەیەنێتە ئاستی ئەو جۆگەلەیە و لەگەڵ خۆیدا دەیبات ..!


٦
شیعر و (ناوچەگەرێتی).


- ئەدەب و هونەر بە شێوەیەکی گشتی لەسەر ئەو چەمکانە کار دەکەن کە سیما و ڕوخسارێکی گەردوونیان هەیە . وەک ( عەشق ، خەون ، ڕەنگ ، با ، ئاو ،ڕووناکی ..... ) هەموو ئەو چەمکانە ڕەگەزی گەردوونین لە ئەدەب و هونەردا بە تایبەت لە شیعر .. زمانی ئەدەب یان زمانی شیعر ناتوانێ خۆی لەو ڕەگەزە گەردوونیانە بێبەری بکات .. بەمانایەک ، ئەدەب ناتوانێ خۆی قەتیس بکات لە نێو بازنەیەکی تەسکی ناوچەگەرێتی .. یان ئەدەب ڕەنگڕێژ بکرێت بە دیدگایەکی دواکەوتوانەی خێلەکی یان ململانێی ئایدیۆلۆژیا و حزبایەتی ، ئەمجۆرە بیرکردنەوە ناوچەگەرێتیانە یان خێلەکی یان هەر شتێکی تر ، کە دەنگە گەردوونیەکەی ئەدەب دەخنکێنێ و ناتەبا و هاودژ دێتەوە هەم لەگەڵ ئەدەب بە گشتی و هەم لەگەڵ تێگەیشتن بۆ داهێنان .. دەنگی ئەدەب دەنگی غەریزەکان و دەنگی ناوەوەی مرۆڤە .. ڕوخسارەکەشی ، ڕوخساری ڕەنگە جوانەکانی سروشت و ژیانە .. هەر جۆرە هەوڵ وبیرکردنەوەیەک ، لە دەرەوەی ئەم مانا و دەنگە گشتگیرییەی ئەدەب دەبێتە هۆی کپبوونی دەنگی ئەدەب و شێواندنی ڕوخسارە گەردوونیەکەی ..! لەلایەکی ترەوە ، ئەو نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانەی لە ئاستێکی بەرز داهێنانیان کردووە ، ئەوانە بوونەتە موڵکی مێژوو و بوونەتە بەشێک لە شارستانیەتی ژیان .. ژیان بەوانەوە مانایەکی هەیە . ئەوان موڵکی شارێک و ناوچەیەک و تەنانەت وڵات و کیشوەرێکیش نین ..! ئەوان لەنێو دڵە گەورەکەی مرۆڤایەتی ڕاکشاون و بۆ هەتا هەتا لەوێدا دەمێننەوە ..! قەیرانەکەش لە هەر چیەکەوە سەرچاوەی گرتبێ ، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ڕۆڵی سەرەکی و بەرچاوی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئەمجۆرە قەیرانانە ، یاخود لە دابەشکردنی شارەکانی کوردستان بەسەر ڕەنگی جیاواز و خێل و حزب و دەسەڵاتی جیاوازدا ..! دەسەڵاتی کوردی ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە دەستەمۆکردنی قەڵەمەکان و جیاکردنەوەی ئازادی لە قەڵەم و خنکاندنی دەنگە گەردوونیەکەی ئەدەب و هونەری کوردی . ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی کە تەسلیم بە خواست و ئەم حەقیقەتەی دەسەڵاتی کوردی دەبن ، بەر لەوەی غەدرێک و گوناهێکی گەورە لە مانا و ڕەنگ و ڕووخساری ئەدەب و هونەر بکەن ، من پێموایە ، غەدرێک و گوناهێکی گەورە لە نووسەربوون و هونەرمەندبوونی خۆیان دەکەن ..! تەنانەت گوناهێکی گەورە لە پێکهاتە و کەسایەتی و لە بوونی خۆشیان دەکەن .. ئیتر پاساوەکەیان هەرچیەک بێت ، بۆ نموونە سەروەت و سامان پلەوپایە و یان هەرشتێکی تر ، ئەم پاساوانە ناتوانن لە گوناهەکانیان پاکیان بکەنەوە ..!


٧
شیعر و (ئەدەبی سیاسی).


لەوەتەی کورد هەیە و ئەدەبی هەیە ، ئەدەبی سیاسیشی هەیە .. بە تایبەت لە ڕۆژانی دوێنێماندا . شاعیر و نووسەرانی کورد لە ئاستێکی زۆر بەرین و فراوان ، ئیشیان لەسەر سیاسەت کردووە و ئەدەبی سیاسیان نووسیوە . دیارە سیاسەتیش وەک هەر بابەتێکی تر لە نێو ئەدەبدا جێگای دەبێتەوە و نابێت ، لەمبارەیەوە هیچ نیگەرانیەکمان هەبێت .. چونکە دونیای ئەدەب هێندە فراوانە جێگای هەموو بابەتێکی تیا دەبێتەوە .. بەڵام گرینگ ئەوەیە ، دەبێ زۆر وریا بین لەوەی کە / ئەدەب و هونەرەکەمان نەخەینە خزمەت بە لایەنێک و فیکرەیەکی دیاری کراوەوە . نووسەر ئازادە لەسەر هەرچیەک دەنووسێت بەڵام ، هەروەک " ئێریش فرێد " دەڵێ ( گرینگ ئەوەیە جوان بنووسیت ) من پێموایە لە نێو شیعر و نووسینەکانی هەر یەکێک لە ئێمە سیاسەت بە ڕێژەیەک بوونی خۆی هەیە . بەڵام گرینگ ئەوەیە سیاسەت ، ئیستاتیکا و زمانی شیعری و نووسینەکانمان ناشیرین نەکات ..! مەبەستم ئەوەیە ، ئەگەر شیعری سیاسیش بنووسین دەبێ بە زمانی شیعر بینووسین ..! بە بڕوای من دووجۆرە نووسەری سیاسی یان ئەدەبی سیاسی هەیە . یەکێکیان ئەو نووسەرانەن کە هەڵگری فیکرەیەک و ئایدیۆلۆژیەکی دیاری کراون ، لەوانەیە لە حزبێکی سیاسیش کار بکەن ، ئەم جۆرە شاعیر و نووسەرانە فیکرە و ئایدیۆلۆژیەکەیان تێکەڵ بە نووسین و شیعرەکانیان دەکەن و فیکرەکەیان لەنێو نووسین و شیعرەکانیان ڕەنگ دەداتەوە .. نموونەی لەو جۆرەش زۆرن تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش بۆ نموونە مایکۆفسکی ، پاپلۆ نیرۆدا ، نازم حیکمەت زۆرانیتر .. جۆرێکی تر نووسەر و ئەدەبمان هەن ، کە سەر بە هیچ فیکرە و ئایدیۆلۆژیای دیاریکراو نین ، وە ئەندامی هیچ حزبێکی سیاسیش نین بەڵام ، لە نێو شیعر و ئەدەبەکەیان دەم لە سیاسەت دەدەن و شیعر و ئەدەبی سیاسی دەنووسن .. بۆ ئەمجۆرەش دەکرێ باسی " دەنیز لێڤەرتۆڤ " ژنە شاعیری ئەمریکی بە ڕەگەز بەریتانی بکەین . ئەم خانمە شاعیرە سیاسەت ڕووبەرێکی فراوانی لە نێو شیعرەکانی داگیر کرد بوو .. شاعیرێکی زۆر بەناوبانگیشە یەکێکە لە ڕیزی ئەوانەی لەگەڵ شاعیرانی قوتابخانەی شیعری " چیای ڕەش " ناوی دەهێندرێت .. هەروەک خۆی لە دیمانەیەکدا دەڵێت ( من لە ڕێگای ئەدەبەوە بە سیاسەت ئاشنا بووم ..! ) واتە خۆی پێشوەخت سەر بە هیچ فیکرەیەک و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبووە .. شیعرە سیاسیەکانیشی لەسەر شەڕ و دژ بە شەڕ بوون .. بە تایبەت لە دەوروبەری ساڵەکانی ١٩٦٠ لەکاتی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤێتنام .. لەوسەردەمانە نەک هەر لێڤەرتۆڤ بەڵکو زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ئەوکاتە ، بە تایبەت لاوە پۆستمۆدێرنیستەکان بە دژی ئەمریکا هاتنە دەنگ و هاوارکردن .. بەڵام ئەم خانمە هەرچەندە شیعری سیاسی زۆر نووسیوە بەڵام ، جوان و بەزمانی شیعر نووسیویەتی ..! بۆیە یەکێکە لە شاعیرە هەرە ناسراوەکانی ئەمریکا بە تایبەت بەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە . لەنێو ئەدەبی کوردیش بە هەمانشێوە .. هەردووکجۆر لە نووسەرانمان هەیە . نموونەشمان زۆرن لەم بارەیەوە .. بەڵام بۆ ئێستا ناسراوترین نووسەر و کە زۆرترین شیعری سیاسی نووسیوە ، یان سیاسەت و مەسەلە نەتەوایەتیەکان ڕووبەرێکی فراوانی لەنێو شیعرەکانی داگیر کردووە من پێموایە شیعر و ئەدەبەکەی " عەبدولا پەشێو " ە . بەدوای ئەویش ، ئەم بابەتە تا ئاستێکی باش شیعرەکانی " شێرکۆ بێکەس " یش دەگرێتەوە . دەربارەی ئایندە و ئاسۆی ئەدەبی سیاسیش ، ڕاستیەکەی من ناتوانم لە ئێستادا ئاسۆ و ئایندەی ئەدەبی سیاسی کوردی دیاری بکەم بەڵام ، بە شێوەیەکی گشتی من وای دەبینم / کەوا ڕەوتی مێژوو و شارستانیەتی مرۆڤایەتی و ژیان بەرەو پێشەوە دەڕوات هاوکات ئەدەب و هونەریش بە گشتی بە هەمان ئاراستە ڕوو بەرە و پێشەوەیە .. ئاسۆ و ئایندەیەکی ڕووناکیشی لەبەردەمدایە ..!


٨
شیعر و ( ئامانجی شیعری).


١- ئامانجی شیعر ئه‌وه‌یه‌ حه‌قیقه‌تی جوانی و حه‌قیقه‌تی ژیان بنووسێته‌وه‌ ، شیعر هیچکاتێک ناتوانێت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئامانج بێت .. شیعر به‌بێ ئامانج له‌ مانا و به‌ها بنه‌ڕه‌تیه‌که‌ی خۆی داده‌بڕێت .. شیعر ده‌کرێ هیچ وه‌زیفه‌یه‌کی دیاری کراوی نه‌بێت ، شیعر ده‌کرێت هۆکار نه‌بێت ، به‌مانایه‌ک ده‌کرێ شیعر له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو وه‌زیفه‌کان و هۆکاره‌کان بێت به‌ڵام ، ناکرێت به‌بێ ئامانج و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئامانجه‌کان بێت ، چونکه‌ وه‌زیفه‌ و هۆکار دوو شتی جیاوازن له‌گه‌ڵ ئامانج .. شیعر و ئامانج شتێک به‌یه‌که‌وه‌یان دەبە‌ستێته‌وه‌ ئه‌ویش پێیده‌ڵێن ژیان .. شیعر و ئامانج شتێک به‌یه‌که‌وه‌یان ده‌به‌ستێته‌وه‌ ئه‌ویش پێیده‌ڵێن به‌هاکانی مرۆڤایه‌تی یان به‌هاکانی جوانی ، ڕێک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌مه‌وێ بڵێم ( ئه‌گه‌ر شیعر بیر له‌ ئامانج نه‌کاته‌وه‌ ده‌مرێت ..! ) ،

٢- دیارە خەیاڵ و فەنتازیا ، ڕەگەز و پێکهاتەیەکی گرینگ و بنچینەیین بۆ نووسینی شیعر ، شاعیر لە ڕێگەی خەون و فەنتازیاوە دەگاتە ئەو ڕووبەرە نادیارەی کە دەیەوێ تیایدا ، هەم بەدواداگەڕان و هەم داهێنانەکانی بکات . واتە لە ڕێگەی خەون و فەنتازیاوە دەیهەوێ بگاتە ڕووبەرێک کە لەوێدا خەون و ئومێد و غەریزە لاشعوریەکانی بنووسێتەوە .. بێگومان ئەوەش لە ڕێگەی زمان و ئاماژە و وشەکانەوە دێتە دی . چونکە زمان بریتیە لە کۆی ئاماژە و هێمایەک لە نێو سیستەمێکی ڕێزمانیدا .. وە لە ڕێگەی ئەم ئاماژە و کۆدانەوە دەتوانین سروشتی مرۆڤ بناسین . چونکە شاعیر لە ڕێگەی ئەم ئاماژە و کۆدانەوە ڕوئیا و بیرکردنەوەکانی خۆی ، هەم لەسەر خودی خۆی هەم لەسەر دەوروبەری خۆی دەخاتە ڕوو . بێگومان ڕوئیاو بیرکردنەوەکانی شاعیر بۆ دەرەوەی خۆی ، بەدەر نیە لە کاریگەریەکانی باری سایکۆلۆژی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و داب و نەریت و ئایین و کێشە و بەربەست و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان .. مەبەستمە ئەوە بڵێم شیعر لە ڕووبەرێکی ئێجگار فراوان ئیش دەکات ، دەتوانێت هەموو کێشە و گرفت و خەمەکانی مرۆڤ لەخۆ بگرێت . بەڵام مەرج نیە شاعیر هەموو کێشەکانی مرۆڤ بنووسێتەوە . شاعیر بە پلەی یەکەم هەوڵ دەدات خۆی بنووسێتەوە ، غەریزە لاشعوریەکانی ، خەون و ئومێدەکانی ، بیرکردنەوەکانی بۆ خودی خۆیی و بۆ دەوروبەر .. دەتوانین بەم شێوەیە وێنەی بکێشین کەوا ، لە پشتی ئاماژە و کۆدەکانەوە / پەیوەندی نێوان شاعیر و خودی خۆی لەگەڵ پەیوەندی نێوان شاعیر و دەوروبەر ، بە هێڵێکی تەریب دەڕۆن .. بە مانایەک / خەون و خولیاکان و غەریزە لاشعوریەکانی شاعیر پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هۆکارە دەرەکیەکان دا هەیە .. وەک پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ئایین و باری ئابووری و تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە .. چونکە شوێنەوار بە هەموو کاروکردەوە و پێکهاتەکانیەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێکهاتەی بیر و کەسایەتی مرۆڤەکان . بە تایبەت لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا .. بەمانایەک خەون و خولیاکان و غەریزە لاشعوریەکانی شاعیر ، بەدەر نین لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە .. شاعیر کاتێک ئیش لەسەر غەریزە و خەمەکانی خۆی دەکات ، من پێموایە لە هەمانکات ، لە پشتی ئاماژە و کۆدەکانەوە ، بیرکردنەوە و ڕوئیاکانی خۆی بۆ دەرەوەش دەخاتە ڕوو .. کە بیرکردنەوە و ڕوئیاکانی بارگاوین بە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیاری کراوەوە ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە باری دەروونی و بیرکردنەوە و پێکهاتەی کەسایەتی شاعیرەوە هەیە ..! دەمەوێ بەو پۆینتە بگەم و بڵێم ( ئەگەر ژیان بە دەقێکی شیعری وەر بگرین ، شاعیر خۆی کاراکتەرێکی زیندوو و چالاکە لە نێو ئەو دەقەدا ..! ) ئەمەش نەک تەنها بۆ شیعر ، بەڵکو بۆ تەواوی ئەدەب و هونەر / کارلێک و هاوکێشەکان تا ڕادەیەک وەکو یەکن . ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و لە ئیشەکانی " سیگمۆند فرۆید " بڕوانین دەبینین ( لە ئۆدیبی سۆفۆکلێس و هاملێتی شکسپیر و برایانی کارامازۆفی دەستۆفسکی ) کێشەی کوشتنی باوک و گرێی ئۆدیبی کەشف کرد . یان لە پشتی زەردەخەنە سیحراوییەکەی سەر ڕوخساری تابڵۆی مۆنالیزای داڤنشی / تەواوی یادەوەریەکانی داڤنشی لەگەڵ دایکی و هەستی " ئەنتاگۆنیزم " واتە ڕق و تووڕەییەکانی بەرامبەر باوکی خوێندەوە ..! بەمانایەک ئەگەر بمانەوێت لەهەر دەقێک لە باری دەروونی شاعیر و بیرکردنەوەکانی تێبگەین ، دەبێت ئیش لەسەر هێماو ئاماژەکانی نێو دەقەکە بکەین . چونکە زمان یان وشەکان لە شیعردا شتێک نین جگە لە کۆمەڵێک ئاماژە و هێما ..! دەربارەی ئەوەی شیعری کوردی تا چ ئاستێک توانیویەتی کێشەو گرفتەکانی مرۆڤ بخاتە ڕوو ؟ من پێموایە شیعری کوردی لەمبارەیەوە درێخی نەکردووە .. چونکە لەنێو شیعری شاعیرانی کوردیش وشەو ئاماژەکان پێویستیان بە خوێنەر و ڕەخنەگری جدی هەیە ، پێویستیان بەوە هەیە بە قووڵی ئیشیان لەسەر بکرێت ، تاکو خوێندنەوەیەکی دروست و هەمەلایەنەیان دەست بکەوێت ..!


٩
شیعر و (ئەدەبی تاراوگە).


من پێموایە ئەدەبی تاراوگە لە سەرەتای دروستبوونیەتی ، دەتوانم بڵێم ئەدەبێکی تۆکمە و ئەدەبێکی هەمەلایەنە ناوی بنێین ئەدەبی تاراوگە ، ڕەنگە لە ئێستادا ئەمەمان نەبێت .. چونکە ئەدەبی تاراوگە هەڵگری تایبەتمەندی و سیما و ڕەنگ و ڕوخساری خۆیەتی .. من پێموایە ئەدەبی تاراوگە وا پێویست دەکات کە کاریگەری تاراوگەی پێوە دیار بێت ، بە مانایەک دەبێت تەعبیر لە ژیانی تاراوگە بکات ، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ، بە هەموو خەم و خولیاکانیەوە .. وا پێویست دەکات جیهانبینیەکی نوێ و جودا بە ڕۆشنی ببیندرێ .. تەنانەت کاربکاتە سەر شێوازی نووسینیش .. ڕاستە ئەدیب و نووسەرانێکی بەرچاو لە تاراوگە دەژین بەڵام دەتوانم بڵێم ، زۆربەیان لەگەڵ خەمەکانی دوێنێ دا دەژین ..! یان لەگەڵ کێشە و گرفتەکانی نیشتیمانی دایک ، نەک ئەم نیشتیمانە و کیشوەرە نوێیەی لێی گیرساونەتەوە ..! واتە هەمیشە ئاوڕ لە دواوەی خۆیان دەدەنەوە .. کەمتر تێکەڵ بە شارستانیەت و مەعریفە و کەلچەری نیشتیمانی نوێ بوون .. کەمتریش ڕووبەڕووی گرفت و کێشە و خەمی ئەم نیشتیمانی تاراوگە بوونەتەوە ..! لەگەڵ ئەمانەی باسم کرد ، دەبینین ژیانی تاراوگە لەنێو نووسین و ئەدەبی هەندێک لە نووسەرانی کۆچبەر ڕەنگدانەوەی هەیە و کاریگەری ئیجابی هەیە لەسەر داهێنانەکانیان ، لە هەمانکات تاراوگە لەلای ئەم نووسەرانە بۆتە بابەتی ئەدەبی .. دەکرێ ( ئەسپیدیلۆن ) ی ( کاروان عومەر کاکەسوور ) بە نموونە بهێنینەوە بە تایبەت لە چیڕۆکەکانی ( ماسی و پێڵاوی چەرخەدار ) دا ، کە ژیانی کەمپەکان و بیئەی نوێ کاریگەری بووە یان بۆتە هەوێن و لەدایکبوونی ئەم چیڕۆکانەی .. یان چیڕۆکێکی شێرزاد حەسەن هەیە ، کاتێک بۆ یەکەم جار سەفەری فینلەند دەکات ، بەداخەوە ناوی چیڕۆکەکەم لەبیر نیە ، چونکە سەرچاوەکەم لەبەر دەست نیە ، بەڵام ئەوە دەزانم بۆ کەژالی هەوسەری نووسیبوو ، لە چیڕۆکەکە ، شێرزاد لە ستۆرێکە یان لەناو مۆلێک ، سەرسامە بەوەی ئەم هەموو شتە جوانانە دەبینێت کە زۆربەیان لە وڵاتی خۆماندا نین .. ئارەزووی ئەوە دەکات نەک تەنها ستیانێک یان ملوانکەیەک بەڵکو ، ستۆرەکە یان مۆلەکە بەسەرشانی خۆیدا بدات و بۆ هاوسەرەکەی بەرێتەوە .. یان چیڕۆکێکی فەرهاد پیربال هەیە کە پەناهەندەیەک دە مۆز دەخوات و پەلکەکانیش فڕێدەداتە سەر شۆستە .. ئیتر لێرە و لەوێ دەتوانین نموونەی لەم بابەتانە بهێنینەوە ، دەبینین ئەم بەرهەمانە مۆرکێکی تاراوگەیان پێوەیە ، بۆن و بەرامەی تاراوگەیان لێدێت هاوکات ڕۆحێکی تاراوگەشیان لە پشتە . یان لە نێو شیعری زۆرێک لە شاعیرانی کۆچبەر ، بێئەندازە باس لە تەنیایی و غوربەت و نامۆیی دەکرێت .. دیارە ئەمانە چەمکەهایەکن قسەی زۆر هەڵدەگرن و ئەو پەیوەندیە تۆخەشیان نیە بە شوێنەوە ، بەڵام کاریگەریەکان هەرچیەک بن ، بەشێکی بۆ نیشتیمان و کیشوەری نوێ و ژیانی تاراوگە دەگەڕێتەوە ، من بۆخۆم تاراوگە کاریگەری بەسەر خۆم و دەقەکانمەوە هەیە و لای من بۆتە بابەتی ئەدەبی و تەنانەت کاری کردۆتە سەر شێواز و زمانی نووسینیشم .. دەکرێ ناوی هەندێک لەم دەقانەم بهێنین وەک ( سەحەر و دوای نیوەڕۆیەکی کەنار دەریا ، نیگایەک بەسە بۆ مردن ، سێرنادا ، بابڕۆینە ماڵەوە گوڵم ، زۆرانیتر ، ) دیارە ئەوە ڕۆشنە ژیانی تاراوگە ئاوێزانبوونە لەگەڵ ، ژیان و کەلچەر و مەعریفە و شارستانیەتێکی نوێ ، وە خۆیلەخۆیدا دابڕانێکە لەگەڵ دوێنێ .. ڕەنگە لە سەرەتادا ئەم ژیانە نوێیە ، زۆر ئاستەم و نامۆ و جێگای سەرسامی و شاگەشکەیی بێت .. بەڵام ، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات وا پێویست دەکات وردە وردە تێکەڵاوبوون و ئاوێزانبوون ڕووبدات ، وە کاریگەری نامۆییەکانیش کاڵتر و کاڵتر ببنەوە . لەگەڵ هەموو ئەو بەربەست و بارە نائاساییانە بەڵام ناتوانین کاریکەری تاراوگە بەسەر بەرهەمە ئەدەبیەکانی نووسەرانی کۆچبەرمان نەبینین .. هەروەک لە شوێنی تریشدا گتوومە ( شاعیران و نووسەرانی کۆچبەرمان لە سێرچ و گەڕاندان ..! ) ڕەنگە ئەم هەوڵ و گەڕانانە لە سبەینێدا ، ڕوئیا و بەرهەم و داهێنانی جوانی لێ بکەوێتەوە . بەڵام لە ئێستادا ، هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم کەوا ، ئەدەبی تاراوگەمان لە سەرەتای دروستبوون دایە ..!


١٠
شیعر و (شوناسی شاعیر).


بە بڕوای من سەرچاوەی شیعر لە ڕووبەرێکی نادیارەوەیە ، ڕەنگە نەتوانین بە دروستی ئەم سەرچاوەیە دەست نیشان بکەین ، دەربارەی ئەو هێزەش کە شوناسی شاعیر بوون بە شاعیر دەبەخشێ ، من پێموایە ئەو هێزە زمانە .. لە شیعردا ، لە ڕێگەی ئیشکردن و چڕبوونەوە لە زمان ، دەتوانین شیعری جوان بنووسین و داهێنانی گەورە بکەین .. چونکە فۆڕمە جیاوازەکان و مانای قووڵ و خەیاڵ و فەنتازیا و کۆد و هێماکان و کەشف کردن و وڕوژاندنی پرسیاری نوێ و وێنە و پارادۆکس و هەموو ئەمانە لەڕێگەی زمانەوە دەستەبەر دەبن .. کەواتە لە شیعردا ، زمان سەرچاوەی هەموو جوانیەک و هەموو داهێنانێک و هاوکات سەرچاوەی هەموو شوناسێکیشە ..!


١١
شیعر و (تەکنەلۆژیا و ئایندەی شیعر).


بەر لە هەر شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم ، چارەنووسی شیعر پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە تەکنەلۆجیا و بە ئامێربوونی شتەکانەوە نیە .. شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مرۆڤ و ژیانەوە هەیە ..! بە مانای شیعر ڕاستەوخۆ ژیان دەنووسێتەوە ، لەم ڕاستایەش تاکە ئامانجێک کە هەیبێ جوانکردنی ژیانە .. بۆیە دەتوانین بڵێین شیعر ، هاوارێکە بە دژی هەموو ئەو شتانەی کە ژیان ناشیرین دەکەن یان جوانیەکانی ژیان دەشێوێنن ..! دەربارەی ئەوەی ئایا پانتاییەک ماوە بۆ ئارامی شیعر ؟ لێرەدا دەتوانم ئەوە بڵێم ، شاعیر خۆی پێکهاتەیەک و ڕۆحێکی نائارامە ، لە نێو پانتایی و ڕووبەرە نائارامیەکان ئیش دەکات .. بۆیە شیعر ناتوانێت لەنێو بازنەکانی ئارامی و بێدەنگیدا بمێنێتەوە ..! من لەم دواییە بەوە گەیشتووم کەوا ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نیە ..! ) بۆیە ئەوکاتانەی ماڵی ژیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر شەقامەکان یان هەر شوێنێکی تر ، شیعریش وا لەوێدا ..! چونکە شیعر و ژیان بە یەک ئاراستە ڕێدەکەن یان ڕوونتر بڵێم شیعر لەنێو هەناوی ژیان دایە ..! بۆیە شیعر نە لە نێو بازنەی ئارامی وە لە نێو هیچ بازنەیەکی دیاریکراو نامێنێتەوە ، بە مانایەک بە هیچ شێوە و ڕوخسار و ڕەنگێکی دیاریکراو خۆی نادات بە دەستەوە .. بۆیە زۆرجاران ، شیعر لەنێو ئەوپەڕی ئارامیدا ، بەدوای ئەوپرسیار و گومانانە دەگەڕێت کە نائارامیترین ئەتمۆسفیر لەلای خوێنەران دەخوڵقێنێ و هەندێجاریش لەنێو گەرمەی هاوار و نائارامیەکان ، میلۆدیە ناسکەکانی خۆی بۆ جوانیەکانی ژیان بە ئەوپەڕی ئارامی دەچڕێت ..! ئیتر سیحری ئەمە لە کوێوەیە ؟ هەر ئەوەندە دەتوانین بڵێین .. ئەوە حەقیقەتی شیعرە و هیچی تر ..!


١٢
شیعر و (بەرەنگاربوونەوە).


ئەزرا پاوەند " جگە لەوەی شاعیرێکی نوێخواز و لە ئەمریکا بە یەکێک لە بناغە و دامەزرێنەری قوتابخانەی مۆدێرنیزم دادەنرێت ، هاوکات لەدوای جەنگی جیهانی دووەم وەکو شاعیرێک و ڕەخنەگرێک و نووسەرێک ، کاریگەری بەرچاوی بووە چ لەسەر ڕەوشی ئەدەبی و تەواوی ڕەوشی ڕۆشنبیریش ، نووسین و بیرکردنەوەکانی بەرز دەنرخێندرێن ، کەسێکی چاڵاک بووە بە دژی هەست و بیری ڕەگەزپەرستێتی ، خوازیاری دونیایەکی نوێ و مۆدێرن بوو .. یان سوریالیستەکان بەدوای گۆڕانی کۆمەڵگەوە بوون ، پێیان وابوو " هونەر دەتوانێ دونیا بگۆڕێت ..! " دەتوانم بڵێم هەوڵدان بۆ گۆڕینی گۆمەڵگە بەرەو مەدەنیەت و نوێخوازی ، بنەما و پڕنسیپی زۆرێک لە قوتابخانەکانی مۆدێرنە بوو .. بە بڕوای من مرۆڤ بوونەوەرێکی هۆشمەندە ، پڕاوپڕە لە ئومێد و مەیل و ئارەزووی ڕەنگاوڕەنگ ، مرۆڤ پێکهاتەیەکە لە خەون و خەیاڵی سپی ، بۆیە هەمیشە مەیلی گۆڕان و خولیای بەرەو پێشەوەچوون و هەرچی زیاتر دەستڕاگەیشتن بە ئومێدە جوانەکانی ، لە دەروونیا کڵپە دەکات ..! کاتێک مرۆڤ لەنێو ئەم خەون و خەیاڵ و ئومێدە جوانانەوە ، لە هەوڵی گۆڕانی ژیاندا دەبێ ، بەو مەبەستەی ژیان جوانتر بکات .. لە هەمانکاتیش هەموو هەوڵەکان و ئامانجی شیعریش " جوانکردنی ژیانە " .. کەواتە ، " مرۆڤ و هونەر " یان " مرۆڤ و شیعر " هەردووک ، لە پنتی " جوانی " بەیەک دەگەن و بەیەکەوە هاوکێشەکەی ژیان تەواو دەکەن ..! بۆیە دەتوانم بڵێم شیعر هاوارێکی بەردەوامە ، بەدژ هەموو ئەوشتانەی لەگەڵ ناخی مرۆڤ ناگونجێن و یان ئەو شتانەی دەیانەوێت ژیان ناشیرین بکەن ..! تا ئەو جێگایەی بە خۆم و شیعرەکانیشم دەگەڕێتەوە ، من پێموایە ، لەوڕۆژەوەی دەستم داوەتە قەڵەم " ئەم هاوارەم لەگەڵدایە ..! " لەگەڵ نووسینی هەر شیعرێک ، ئەم هاوارە بە جۆرێکی تر و بە ڕەنگێکی تر ، ڕووبەرەکانی دەروونی من و شیعرەکەم دادەپۆشێ ..! کە بیر لە هەر ئومێدێکی لە دەستچووم یان خەونێکی قەشەنگم دەکەمەوە ، ئەم هاوارە وا لەوێدا ..! دەربارەی ئەوەش ، ئایا من لەنێو شیعرەکانم بە ئارەزووی دڵی خۆم ئەم شەڕەم یان ئەم هاوارەم کردووە ؟ من پێموایە ، هەموو هاوارەکانم و هەڵبەز و ڕووبەڕوو بوونەوەکانم ، لەپێناو جوانیەکانی ژیان دا ، لەنێو پڕۆسەی نووسین و شیعرەکانم بە ئەوپەڕی ئارەزووی دڵی خۆمەوە بووە .. بۆیە من پێموایە لەنێو شیعر و نووسینەکانم درێخیم نەکردووە ، هەرچیەکم مەبەست بووبێت نووسیومە .. من لەکاتی نووسین هیچ بەربەستێک لەبەردەمی خۆم نابینم ، بە ئەوپەڕی سنوورەکانی ئازادی دەگەم ، تا ئاستی ڕەهایی.


١٣
شیعر و (ڕیکلام و دەزگاکانی ڕاگەیاند).


دیارە لە دیمانەو لە شوێنی تر ، بە دوور و دڕێژی قسەمان لەسەر ڕۆلی ڕاگەیاندن و پەیوەندی ڕاگەیاندن بە داهێنان و لایەنی پۆزەتیف و نێگەتیفی ڕاگەیاندن کردووە .. بۆیە زۆر بە پێویستی نازانم ، لێرەدا خۆم دووبارە بکەمەوە و لەسەر هەمان بابەت بە دوور و درێژی قسەی تیا بکەمەوە . هێندە نەبێ دەمەوێت پێ لە سەر ئەوە دابگرم و تەنها ئەوە دووبارە بکەمەوە و بڵێم / ڕیکلام و ڕاگەیاندن بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیان بە داهێنانەوە نیە ..! هێندە نەبێ ، تەنها دەتوانن نووسەران و دەقەکانیان یان کتێبەکانیان لە ئاستێکی بەرین بناسێنن .. لە ئاستێکی بەرین ناساندنیش بە مانای داهێنان نیە ..! زۆرن ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی کە لە ئاستێکی بەرین ناسراون و کەچی نەک هەر داهێنانیان نیە بەڵکو ، ئەدەب و هونەرەکەیان لە ئاستێکی زۆر نزم دایە ..! زۆرن ئەو نووسەر و هونەرمەندە حزبیانەی یان ئەوانەی لە ژێر ساباتی دەسەڵات ڕاکشاون ، کە هەموو ئیمکانیاتێک و هەموو دەزگا چاپەمەنیەکان و دەزگا ڕاگەیاندنەکانیان لە خزمەتدایە و کەچی ، نووسین و بەرهەمەکانیان لە شتێکی بێ داهێنان و کرچ و کاڵ بەولاوە شتێکی تر نیە ..! لە هەمانکاتدا ، زۆریشن ئەو نووسەر و هونەرمەندانەی کە هەمیشە خەریکی داهێنانن بەڵام ، بە دەلیلی نا حزبی بوونیان ، یان ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات و یان بە دەلیلی بیرکردنەوەی جیاوازەوە ، هەمیشە فەرامۆش دەکرێن و تەنانەت لە کوڵەکەی تەڕیش ناویان ناهێندرێ و باسیان ناکرێ ..! بە کورتی مەبەستمە ئەوە بڵێم / ئەگەر دەقێک خۆی داهێنانی تیا نەبێت ، ڕیکلام چی بۆ دەکات ..؟ هەر ئەوەندە ، دەتوانێ لە ئاستێکی بەرین بیناسێنێت و بیگەیەنێتە هەموو شوێنێک بەڵام ، ناتوانێت ئەلفێکی داهێنانی بۆ بخاتە سەر ..!


١٤
شیعر و (توخمە سەرەکیەکانی شیعری).


من باوەڕم وایە ، خەون و خەیاڵ و فەنتازیا و وێنە و پارادۆکس و چەمکەکانی ڕەوانبێژی ، کە ئەمانە پێکهاتە سەرەکیەکانی شیعرن لەنێو ڕووبەری زماندا ، لەگەڵ هەستەکانی دوێنێ بوونێکی ئۆرگانیکی و زیندوویان هەیە لە پێکهاتەی شیعر . هەر بۆیە یادەوەری کەرەسە و توخمێکی سەرەکیە بۆ نووسینی شیعر .. گێڕانەوەی یادەوەریەکانیش لە ئامێزی خەیاڵ و فەنتازیادا لە بونیاد و پێکهاتەی شیعرەکانی من ، یان ئیشکردنی چڕوپڕ لەسەر پارادۆکس و یان گەمەکردن بە وشە دیارە ئەمانەش پەیوەندیان بە دوو هۆکارەوە هەیە ، یەکەم / من بە هەناسەیەکی درێژەوە شیعر دەنووسم . دووەم / هەندێک لە قەسیدە درێژەکانم نزیکن لە " ڕۆمانە شیعر " یان چەند ڕووداوێک دەگێڕنەوە ، یان تەمەنێکی دیاریکراوی خۆمم نووسیوەتەوە ..! نموونەی لەمجۆرە قەسیدانەشم زۆرن .. بۆ نموونە / " ڕەشبەڵەکی ڕۆح " یان " کەژاوەی خۆرەتاو " یان توانەوە " کە پێکهاتووە لە سێ بەش " یان خەونەکانی مردن " و زۆرانی تر . بێگومان ئیشکردن بەم ستایل و هەناسەیە ، گێڕانەوەی خەیاڵئامێز و ئاوێتەبوو لەگەڵ فانتازیادا ، یان قووڵبوونەوە و مانەوە لە نێو ڕووبەرە نادیارەکان ، ئەمانە نەک هەر پێویستن بەڵکو ، توخم و ڕەگەزی سەرەکین بۆ پێکهاتە و بنیاتنانی ئەم جۆرە شیعرانەی کە ، بەم ستایل و هەناسەیە دەنووسرێن..!


١٥
شیعر و (فەلسەفە).


شیعر و فه‌لسه‌فه‌ نزیکایه‌تیه‌کی زۆریان هه‌یه‌ به‌یه‌که‌وه‌‌ ، ئه‌م نزیکایه‌تیه‌ مشتومڕ و قسه‌ی زۆری له‌سه‌ر کرایه‌ ، هه‌ندێ که‌س پێیان وایه‌ شیعر فه‌لسه‌فه‌یه‌ و شاعیرانیش وه‌ک فه‌یله‌سوف چاولێده‌که‌ن ، ئه‌وه‌تا له‌ ئه‌مریکا ئیلیۆت له‌مه‌ڕ داهێنانه‌کانی له‌ شیعر و بیرتیژی له‌ با‌به‌ته‌ ڕه‌خنه‌ییه‌کانی‌ به‌ شاعیرێکی فه‌یله‌سوفی ئه‌مریکی ناوی ده‌به‌ن ، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌م تێڕوانینه‌ دروست نیه‌ . هه‌رچه‌نده‌ شیعر و فه‌لسه‌فه‌ خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ شیعریش وەک فەلسەفە پەیوەندی بە مەعریفەی مرۆڤەوە هەیە به‌ڵام ، دوو شتی جیاوازن و هه‌ر یه‌که‌و جۆری ئیشکردن و تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێ شوێنیش نا ته‌با دێنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ، بۆیه‌ ناکرێت له‌ شیعردا بۆ فه‌لسه‌فه‌ بگه‌ڕێین .. له‌ سه‌ره‌تا هه‌وڵده‌ده‌ین خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانیان دیاری بکه‌ین ، شاعیران و فه‌یله‌سوفان زۆر یه‌کتری ده‌خوێننه‌وه‌ و له‌ژێر کاریگه‌ری یه‌کتری دان . شاعیران زۆرجار ئیلهام له‌ فه‌لسه‌فه‌وه‌ وه‌رده‌گرن . یان هه‌ندێک له‌ فه‌یله‌سوفه‌کان زمانی شیعریان به‌کار هێناوه‌ بۆ نموونه ‌" نێتچه‌ " زۆر له‌ژێر کاریگه‌ری شیعردا بووه‌ ، هه‌ندێکه‌س به‌رهه‌مه‌کانی نێتچه‌ به‌ ده‌قی شیعری ناوده‌به‌ن . یان کتێبه‌ ئایینیه‌کان ، که‌ هه‌موویان با‌س له‌ بابه‌تی فه‌لسه‌فی ده‌که‌ن وه‌ک ژیان و بوون و مه‌رگ و سروشت و فه‌له‌ک و .. که‌چی به زمانێکی شیعری نووسراون ، پلاتۆی فه‌یله‌سوف هه‌رچه‌نده‌ هێنده‌ عه‌شقه‌ شیعر نه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ په‌یوه‌ند به‌ شیعر و فه‌لسه‌فه‌ باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌ردووکیان باس له‌ جوانی ده‌که‌ن و جوانی خاڵێکی هاوبه‌شه‌ له‌ نێوانیان ، هه‌موومان ده‌زانین جوانی چ ڕووبه‌رێکی به‌رین و فراوانی له‌ شیعر داگیر کردووه‌ ، جوانیش خۆی چه‌مکێکی فه‌لسه‌فیه‌ ، یان په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵ هه‌یه‌ له‌نێوان شیعر و فه‌لسه‌فه‌ی ده‌روونزانی ، خه‌ون و ڕووبه‌ری نه‌ستی و غه‌ریزه‌کان و پێگه‌ و ڕووبه‌ری بنچینه‌یین له‌ شیعر ، له‌هه‌مانکات ئه‌م چه‌مکانه‌ بابه‌ت و بنه‌مای سه‌ره‌کی ده‌روونزانین ، هه‌روه‌ها عه‌شق و خۆشه‌ویستی ، فرۆید باس له‌ خۆشه‌ویستی ده‌کات وه‌ک غه‌ریزه‌یه‌ک له‌ مرۆڤ به‌ غه‌ریزه‌ی ژیان ناوی ده‌بات واته‌ ( ئیرۆس ) ، وه‌ عه‌شق و خۆشه‌ویستیش له‌ شیعردا ، به‌ هه‌ناسه‌ و پێکهاته‌یه‌کی سه‌ره‌کی داده‌نرێت . هه‌روه‌ها زمان ، شیعرو فه‌لسه‌فه‌ ده‌کرێ هه‌ردووکیان له‌سه‌ر زمانی مه‌جازی خوازراو ئیشبکه‌ن ، یان زمانی هێماکان ، که ‌" ئیریک فرۆم " له‌ کتێبێک به‌ ناوی ( باشترین ئاستی بیرکردنه‌وه‌کانی فرۆید ) باس له‌ خه‌ون و هێماکانی خه‌ون ده‌کات ، خه‌ون به‌ شیعر ده‌چوێنێ و زمانی نێوانیان به ‌( زمانی گشتگیر ) ناو ده‌بات ، چونکه‌ هه‌م زمانی شیعر له‌ ڕێگه‌ی وه‌قسه‌ هێنانی وێنه‌ و هێماکان زمانێکێ گشتگیره‌ ، هه‌م زمانی خه‌ون له‌ڕێگه‌ی وه ‌قسه‌هاتنی هێماکان زمانێکی گشتگیره‌ .. له‌گه‌ڵ ئه‌م نزیکایه‌تیه‌و ڕووبه‌ر و خاڵه‌ هاوبه‌شانه‌دا له‌ هه‌ندێ شوێنیش شیعر و فه‌لسه‌فه‌ ناته‌با دێنه‌وه‌ ، بۆ نموونه‌ / فه‌لسه‌فه‌ له‌سه‌ر هۆکاره‌کان و بنه‌مای ڕاستی و حه‌قیقه‌ته‌کان ئیش ده‌کات ، به‌ڵام شیعر زیاتر له‌سه‌ر خه‌یاڵ ، زۆر به‌ڵای هۆکاره‌کاندا ناچێت ، فه‌لسه‌فه‌ مه‌به‌ستیه‌تی دونیا بگۆڕێت ، بۆ ئه‌م خاڵه‌ فه‌یله‌سوفه‌کان پرسیارێک له‌ شاعیره‌کان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ( ئایا خه‌یاڵ ده‌توانێت دونیا بگۆڕێت ؟ ) . هه‌رچه‌نده‌ زۆرێک له‌ قوتابخانه‌ ئه‌ده‌بیه‌کانی مۆد‌ێرنیزم له‌ هه‌وڵی گۆڕانی گۆمه‌ڵگه‌دا بوون له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌خنه‌ و دونیا بینیه‌ نوێیه‌کانیان ، به‌ تایبه‌ت سوریالیسته‌کان له‌ شه‌ڕێکی گه‌رم دابوون له‌گه‌ڵ سیسته‌می کۆمه‌ڵگه‌ و ئایین و داوونه‌ریتی باو ، " ئۆکتاڤیۆپاز " له‌ نووسینێک ده‌ڵێت ( سوریالیسته‌کان له‌ ڕێگه‌ی خه‌یاڵه‌ جوانه‌کانیان ده‌یانویست دونیا بگۆڕن ) ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌ جوانه‌کانی هه‌موو قوتابخانه‌ ئه‌ده‌بی و هو‌نه‌ریه‌کانی مۆدێرنه‌ته‌ و ته‌نانه‌ت دوای مۆدێرنه‌ته‌ش ، دیسان له‌ به‌رامبه‌ر پرسیاری ( ئایا خه‌یاڵ ده‌توانێ دونیا بگۆڕێت ؟ ) بێوه‌ڵام ده‌مێنینه‌وه‌ ! . له‌ ئه‌ده‌بیاتی کۆنی کورد و عه‌ره‌ب و فارس و کۆمه‌ڵگه‌ی تریش ، زۆرێک له‌ شاعیره‌ کلاسیکه‌کان له‌ نێو شیعره‌کانیان قسه‌یان له‌سه‌ر بابه‌ته‌ فه‌لسه‌فیه‌کان کردووه‌ ، به‌ تایبه‌ت له‌ بواری فه‌له‌کناسیدا .. ده‌کرێ شاعیر هه‌میشه‌ ڕوانگه‌ و دونیابینیه‌کی فه‌لسه‌فیانه‌ی هه‌بێت وه‌ شیعریش فه‌لسه‌فه‌ له‌خۆ بگرێت وه‌ فه‌لسه‌فه‌ش به‌پێی چه‌مکه‌ شیعرییه‌کان به‌ تایبه‌ت زمان و جوانی ، ڕووبه‌رو جێگایه‌کی به‌رین بۆ شیعر بکاته‌وه‌.


سەرەتای شوباتی ٢٠١٣ - کەنەدا

ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک