١٢\٤\٢٠٢٠
سێ شیعر لە سەردەمی کۆرۆنادا.

ناڵە
حەسەن
ئێمە کاتمان نییە بۆ مردن.
١
لەم زەمەنی کۆڕۆناو
نیگەرانی و ترس و تەنیاییەدا
ژیان بێڕەحمانە
لەنێو زەڵکاوی مردن ڕاکشاوە
ئێوەش / جێژوانگەکانتان پڕکەن لە ماچ
گوڵدانی گوڵەکانیش پڕ لە خۆشەویستی
پەنجەرەی خەونەکانتان
بخەنە سەر گازەرەی پشت
بە ڕێنووسێکی نارنجیش
لە سەر دەرگای ماڵەکانتان / بنووسن
ئێمە کاتمان نییە بۆ مردن ...!
٢
لەم زەمەنی
بێهۆشبوونی باران و
نەزیفبوونی بەرائەتدا
ژیان بەسەرخۆشی
لەسەر پشتی شەپۆلەکانی مردن ڕاکشاوە
ئێمەش / با میلی کاتژمێرەکان بگەڕێنینەوە دوا
با بازنەی گەڕانەوەکان هەرسووڕ بخۆنەوە
تا دەگەینەوە ئەو نوختەیەی
بە ڕەهایی / دەرگای ماڵەکانمان دەکردەوە
بۆ / خەونە خرپنەکانی خۆشەویستی و
زەردەخەنە زگماکییە زێڕینییەکان
با بازنەکانی گەڕانەوەش هەر سووڕبخۆنەوە
تا دەگەینەوە ژێر تریفەی
ئەو شەوە شەونماوییەی
لەگەل میلۆدییە نەرمەکانی مرۆڤبوونمان
مەست مەست
بەیەکەوە
بەدەم هەڵپەڕین و سەماکردن
دەمانگوت / ئێمە کاتمان نییە بۆ مردن...!
هێشتا کات ماوە
بۆ خەون بینین.
لە باکووری بێهوودەییمەوە
لە کاتژمێر بیست و پێنجی تەنیاییم
وا بە تەنیشت جەستەی مردنەوە
جگەرەیەکم داگیرساندووە و بیر لە دوێنێم دەکەمەوە
دوای نەرمە زەردەخەنەیەکی شیرین
بە دوکەڵی جگەرەکەم
لەسەر لێوەکانی با / بە ڕێنووسێکی شین
مەسیجێکت بۆ دەنووسم و دەڵێم
هاوڕێ / هێشتا کات ماوە بۆ خەون بینین...!
ئەلفو بێیعەشق.
من نازانم
گڕ و کڵپەی ئەم ئاگرە
لەسەر سینگی کام سبەینێ دادەمرکێتەوە
یان / ئەم چاوشاڕکێی ژیان و مردنە
لە کام نوختەدا دەوەستێ
بەڵام ئەوە باشدەزانم / لە دواجاردا
ژیان چۆک بە مردن دادەدا
وەکوجاران
لە / خۆرەتاو و خاک و خەون
ئاوس دەبێتەوە
دووانەیەکی نێر و مێی چاوگەش / دێنێتەوە
بە مەقەسێکی شەونمی ناوکییان دەبڕێ
کراسی تریفەیان دەکاتەبەر
بە مەمکۆڵەکانی گوڵەگەنم ژیریان دەکاتەوە
بە دەسترازەیەکی ئاوریشمین دەیابپێچێتەوە و
لەنێو بێشکەی سەوزایی ڕایاندەژەنێ
هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمیش
بە زمانێکی شیرینی شەبەنگی
فێرە ئەلف و بێ ی عەشقییان دەکا...!
نیسانی
٢٠٢٠
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|