٢٤\٣\٢٠١٤
شەنەبا.

ناڵە
حەسەن
گوڵە گیان
وەک دەقێکی شیعری
هەڵموەشێنەوە
ورد ورد
وردوخاشمکە
نیگایە نەرمەکانم
خەیاڵە خەمۆکیەکانم
خەونە خوناوییەکانم
ئارەزووە ئاورینگیەکانم
هەموو جەستەم
هەڵموەشێنەوە
دواجار
دروستمکەرەوە و
بمکە بەو مرۆڤەی
پڕبە حەزەکانی خۆت
پڕمکە لە عەشق
پڕمکە لە ڕووناکی
پڕمکە لە زەردەخەنە
هەڵموەشینەوە
جارێکی تر
بە دەستەکانی خۆت
دروستمکەرەوە
چونکە من نەمدەتوانی لەوە تێبگەم
کە عەشقی تۆ
بەشی هەموو دنیا دەکات
گۆرانیەکانی ناخی تۆ
بەشی سەمای
هەموو تاڤگەکان و
شەپۆڵی نێو ئۆقیانووسەکان دەکات
زەردەخەنە گەرمەکانی تۆ
بەشی هەموو باڵندەکان و درەختەکان دەکات
پرشنگی نێو چاوەکانی تۆ
بەشی هەموو ئەستێرەکان و
پەلکەزێڕینە و
تەمە سپیەکان دەکات
وردوخاشمکە و دووبارە
بە پەنجە ناسکەکانی خۆت
دروستمکەرەوە
بمبە لە مەیخانەیەک دامبنێ
تا شیعر بۆ مرۆڤە ونبووەکان بخوێنمەوە
لە تەنیشت نافوورەیەکی کەسک و سۆر دامبنێ
تا سڵاو لە مرۆڤە عاشقەکان بکەم
بمکە بە پەیکەری کوڕ و کچێکی گەنج
دەستیان لەنێو دەستی یەکتری بێ
بمکە بە پەیکەری دوو کۆتر
دەمیان لەنێو دەمی یەکتری بێ
بمکە بە ڕەوە ماسیەکی پرتەقاڵی
هەر بۆ بای هەوەس
بێ مەبەست بێن و بچن
گوڵە گیان هەر خۆت
بە تەنیا خۆت
هەڵموەشێنەوە
نیگاکانم خەیاڵەکانم خەونەکانم
دەمار بە دەماری عاتیفەم
پەنجەکانم
چاوەکانم
ئارەزووەکانم
هەموو جەستەم
ورد ورد وردوخاشمکە
لەبەردەم خۆرەتاوی عەشق
شەنەبام پێبکە
دواجار
دروستمکەرەوە و
فێرم بکە
بە زمانی پەپوولە و خاڵخاڵۆکەکان بدوێم
بە زمانی گەڵا شیعر بنووسم
بە زمانی ئاو کچۆڵە نامورادەکان
هێور بکەمەوە
فێرم بکە
لە تریفەی مانگ یاخی نەبم
نیشتیمانم زێتر خۆشبوێ
بە دیار سەرشێتیەکانی ڕەشەبا
خەو نەمباتەوە
چیتر (ماڵەکان نەکەینە زیندانێک بۆ خۆشەویستی)
چیتر تابلۆکانی ژیان
بە ڕەنگە تۆخەکانی تەنیایی تەلخ نەکەین
هەڵموەشێنەوە و وردو خاشمکە
وەک گوڵەگەنم و وردە گەڵاکان
ڕووت ڕووتم کەرەوە
لە بەردەم خۆرەتاوی ئەڤین
شەنەبام پێبکە
گوڵەکەم
هەر لەوێدا دروستم کەرەوە و
مەهێڵە جارێکی تر
وەکو منداڵیم شەرمن بم
لە نێو خەونەکانم دا نەزیف بم
لە نێو بازنەکانی کات بسووڕێمەوە
مەهێڵە جارێکی تر
بیر لە جەنگ بکەمەوە
خەون بە مردنەوە ببینم
مەهێڵە جارێکی تر
لقی درەختەکان ببڕمەوە
یان نەوێرم
خەونەکانم شیکەمەوە
فێرمکە
دڵم هێندە گەورە بێ
جێگای عەشقی
هەموو مرۆڤێک و
هەموو زیندەوەرێکی تیاببێتەوە
فێرم کە
جوانیەکانی ژیان وەکو خۆی ببینم
چارێکی تر لە مەستبوونی ئاو نەترسێم
فێرمکە
ماڵەکەم پڕکەم
لە گوڵ و لە مۆم و کتێب
یان حیکایەتی حەقیقەتی خۆم
وەکو خۆی بنووسمەوە
فێرمکە
با وەکو تۆ
بێدەنگیم پڕبێت لە هاوار
مردنم پڕبێت لە ژیان
تووڕەییم پڕ بێت لە خۆشەویستی
وردو خاشمکە ئەی شۆخ
لەبەردەم خۆرەتاوی عەشق
شەنەبام پێبکە و
بە دەستەکانی خۆت
دروستمکەرەوە
با وەکو تۆ گەورەبم
هیچی تر.
سەرەتای بەفرانباری
٢٠١٤
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|