١٨\٢\٢٠١٧ شیعر و هۆلۆکۆست.
لێرەدا مەبەستمانە بەدواداچوونێک بۆ شیعر و هۆلۆکۆست بکەین ، دەمانەوێ هەڵوێستە لەسەر ئەوە بکەین ، کەوا شیعر لە توانای دا هەیە ئەم جۆرە ڕووداو و کارەساتە مێژوویانە بنووسێتەوە ؟ یان لە نووسینەوەی کارەساتێکی تراژیدیای جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست یان ئەنفال ، کە هەزارەها یان ملیۆنەها مرۆڤ دەبنە قوربانی. ئایا زمانی شیعر چۆن ئیش دەکات ؟ یان لەم جۆرە دەقە شیعرییانە چۆن مامەڵە لەگەڵ زمان دەکرێت ؟ هەروەک دەزانین زمانی شیعر و ئەدەبیات وا پێویست دەکات زمانێکی جیاواز بێت لە زمانی قسە کردن بەمانای ، زمانێک بێت لادانی تیابێت و جیاواز بێ ، هەروەها ئیش لەسەر داهێنان بکات بەمەبەستی بەرهەمهێنانی جوانی . یان لەمجۆرە دەقە شیعرییانەی کە ڕوودا و کارەساتە گەورە مێژووییەکان دەنووسنەوە ، چۆن ئیش لەسەر کۆد و هێماکان دەکرێت ؟ یان زمان لە نێو رووبەری مەرگ بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ وشە و سیستەمە ڕێزمانییەکان دەکات ؟ یان خودی کەسەکان و شاعیرەکان ، ئەوانەی لە نێو ڕووداوەکان بوون و دواتر ڕزگارییان بووە ، جیاوازی زمان و ئاستی داهێنانی دەقە شیعرییەکانییان ، لەگەڵ ئەو کەس و شاعیرانەی کە لە دەرەوەی ڕووداوەکان بوون چۆنە ..؟
نازییەکان ئەو هێزە فاشیستە بوون پێش کوشتنی مرۆڤەکان ، کتێبەکانیان سووتاند ، ئاگرییان لە فەلسەفە و ئەدەب و زانست و مەعریفە بەردا .. هۆلۆکۆست کارەساتێک بوو ، ژیانی لە ملیۆنەها مرۆڤ سەندەوە ، خەون و ئومێدی ملیۆنەهای خنکاند ، مردنی بەوکەسانەش بەخشی کە لە ژیان مانەوە ، هەندێ کەس لە هۆلۆکۆست ڕزگارییان بوو بەڵام ، تا مردن لە گەڵ خەیاڵ و بیرکردنەوە ڕەشەکان و لەگەڵ یادگارییە تاڵەکان ژیانییان بەسەر برد . ئەوانەی لە هۆلۆکۆست بەشدار بوون ، ڕۆژانە لەگەڵ برسییەتی و ترس و تۆقاندن و کاری قوڕس ڕووبەڕوو بوون ، کوشتن و سووتاندنی کەسە نزیکەکان و هاوڕیکانییان بە بەرچاویانەوە ، زۆرێک لە شاعیر و ڕۆماننووسەکان ، ئەوانەی شیعر و ڕۆمانەکانییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، زێتر مەبەستییان خۆ بەتاڵکردنەوە بوو ، لەدەست بیرۆکە ڕەشەکان و خەون و خەیاڵە مەرگئامێزەکان ، هۆلۆکۆست بە مانای درێژبوونەوەی مەرگ بۆ نێو ژیان . هەروەک ( ماریان کامپینسکی ) شاعیر و نووسەری پۆلەندی ، یەکێک لە ڕزگاربووانی هۆلۆکۆست ، لە کتێبکدا بە ناوی ( منتان لە بیر بێ ) ، باسی ئەو ئازار و موعاناتەی خۆی دەکات .. کتێبەکە باس لە بە هۆلۆکۆست بوونی خۆیی و کەسە پۆلەندییەکانی شارەکەی خۆی دەکات ، لە کاتی هاتنی نازییەکان و گواستنەوەیان بۆ کەمپەکان و تا ئازادبوون و ڕزگاربوونییان ، چیڕۆکی ژیانی نێو هۆلۆکۆست و دوای هۆلۆکۆستیش دەگێڕێتەوە . هەر لەم کتێبەدا باسی ئەو ئازار و خەیاڵە مەرگئامێزەی کە شەوانان ناهێڵی بخەون ، خەیاڵە ناخۆشەکان هەراسانی کردوون و بارێکی دەروونی شێواوی بۆ دروست کردوون . بۆ خۆ بەتاڵکردنەوە لەم خەیاڵە مەرگئامێزانە ، شەوانان لە تاو ئازار و فرمێسک دەستی دەدایە قەڵەم و هەست و ناخ و خۆی دەنووسییەوە ، لە سەرەتای کتێبەکە باس لەم ژان و میحنەتانەی خۆی دەکات ، هەر لەوکاتانە شیعری ( ناتوانین لەبیری کەین)ی نووسیوە . ئەم شیعرە و زۆرێک لە شیعرەکانی تری زادەی ئەم بیرکردنەوانە و ئەم چرکەساتانەن ، بۆ نموونە شیعرەکانی ( بەرائەت ، من کێم ، گەنجینەی ژیان و چەندانی تر...) ، نەک تەنها شیعری ئەم خانمە زۆربەی ئەو شاعیرانەی ، شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە لە شیعرەکانیاندا ، باس لە مردنی بە کۆمەڵ و ئێشوئازارێکی بێوێنە و یادگارییە ڕەش و تاڵەکان دەکەن ، یان باس لە فاشییەت و مامەڵەی نامرۆییانەی نازییەکان دەکەن.
شاعیرێکی تر بە ناوی ( مارتین نیمۆلەر ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( یەکەمینجار کە هاتن ) .. ناوەڕۆکی شیعرەکە باس لە هاتنی نازییەکان دەکات ، یەکەمینجار کە دێن ، چۆن وەک رەشبگیرییەکی سەرتاپایی هەموو کەسێک دەبەن ، داواتر هەرخۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە ، پاشان خۆشی دەبەن ، ڕەشبگیرییەک / لە کەس نابوورن و دەست لەکەس ناپارێزن ، زانا ، دانا ، شاعیر ، ڕۆماننووس ، فەیلەسوف ، کاسبکار ، هەرکەسێک تەنها جوولەکە بێت و بەس ، یان خانمە شاعیرێکی تر بە ناوی ( بەربارە سینۆک ) لە شیعرێکدا بە ناوی ( لە دێر زەمانەوە ) باس لە کارەساتی هۆلۆکۆست دەکات ، بە زمانێکی شیرین و جوان ، باس لە سادەیی خەڵک دەکات ، کە چۆن هەموویان لە ئامێزی خۆشەویستی بۆ یەکتری ، لە ئامێزی خەون و ئومێدەکانییان دەژیان ، بەڵام لە پڕێکا هۆلۆکۆست وەک ڕەشەبایەک دێت زۆر نامرۆڤانە و دڕندا ژیانی ملیۆنەها کەس کۆتایی پێ دەهێنێت . سەرەتای شیعرەکە وا دەست پێدەکات ( ئێمە یاریمان دەکرد و پێدەکەنین و خۆشەویست بووین ، لە باوەشی دایک و باوکمان دەریانهێناین و فڕێدراینە نێو ئاگر ، ئێمە تەنها منداڵ بووین و هیچیتر .... .).
ئەگەر سەیری شیعرەکانی هۆلۆکۆست بکەین دەبینین ، هەموویان لە ڕووی فۆرم و مانا و تەنانەت پێکهاتەی شیعریەوە لە یەکترییەوە نزیکن ، هەموویان زێتر مامەلە لەگەڵ مردن دەکەن ، مردن ڕووبەرێکی فراوانی داگیر کردووە ، هەموو باس لە بەرائەتی مرۆڤەکان دەکەن ، ئەوانەی بە بێ هۆ لە ژیان دوور خرانەوە و لە هەموو خۆشییەکان و جوانییەکان بێبەش کران ، هەر لەبەرئەوەی تەنها جولەکە بوون ، هەموو باسی دڕندەیی و ڕەفتارە نامرۆییەکانی نازییە فاشیستەکان دەکەن .. بەمانایەکی تر ، شیعری هۆلۆکۆست ، هێندەی مامەڵەکردنە لەگەڵ مردن و برسییەتی و ئێش و ئازار یان خەون و خەیاڵە ترسناکەکان ، هێندە مامەڵەکردن نییە لەگەڵ زمان و وشە و هێما و بنەما شیعرییەکان .. یاخود هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی فۆڕمی نوێ و جیاواز ، زیاتر ئیشییان لەسەر ناوەڕۆک و مانای شیعرەکان دەکرد . ئەوەش بەمانای ئەوەی نییە کە شیعرییەت لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست دا نییە ، بە شێوەیەکی گشتی لە شیعردا ، پەیوەندی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک پەیوەندییەکی هاوتەریب و توندوتۆڵ و لێکنەپچڕاوە ، هەریەکە و بە جۆرێک جوانی بەرهەمدەهێنن و پەخشی دەکەن بە نێو ڕووبەری دەقەکەدا ، لە هەندێ شیعر ، فۆڕمەکان زاڵ دەبن و زێتر لە نێو ڕووبەری جوانی دەق دەردەکەون ، لە هەندێکییان ناوەڕۆکەکە ، لە هەندێکییان هەردووک پێکەوە.
لە شیعرەکانی هۆلۆکۆست زێتر ناوەڕۆکەکان دەبنە پنتی بەخشینی ئارامی و چێژ و جوانی ، یان دەبن بە سەرچاوەیەک بۆ وەبەرهەمهێنانی جوانی و چێژ . ئەویش بە هۆی دەستەبەربوونی ئەم مانا قووڵ و ئەم هەستە مرۆییانەی کە لە نێو شیعرەکان دەخرێنە ڕوو .. ئاخر ئاسان نییە ، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوێک یان کارەساتێکی گەورە و جەرگبڕی وەک هۆلۆکۆست ، دیارە باوەڕمان بەوە هەیە کە شیعر ، دەتوانێ تەواوی ژیان بنووسێتەوە بە هۆلۆکۆستیشەوە ، یان بە هەموو کارەسات و دیاردەکان و بە هەموو رووبەرەکانییەوە . لە نووسینەوەی هۆلۆکۆست و ڕووداوە تراژیدییەکان ، زۆرجاران شیعر دەبێتە هۆکار تا ئەوەی ئامانج بێت ، زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، بەتایبەت ئەوانەی لە کارەساتەکە بەشدار بوون ، بە مانای ئەو کەسانەو تا کۆتایی ، لە نێو مردن و برسییەتی و ئازارەکاندا مابوونەوە ، دوای ڕزگاربوونیش ، مردن و خەون و خەیاڵە ناخۆش و تاڵەکان ، بەشێک بوون لە ژیان و بیرکردنەوەکانییان ، ئەوانە بۆ دوو مەبەست شیعرەکانییان دەنووسی ، یەکەم / بۆ خۆبەتاڵکردنەوە ، دووەم / بۆ گەیاندنی کارەساتی هۆلۆکۆست وەکو خۆی . ئەم ( خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندنە ) سێبەری کردبوو بەسەر هەموو شیعرەکاندا ، وایکردبوو هەموو شیعرەکان هۆکارێک بن بۆ ئەم دوو مەبەستە ، ئەوەتا ( ماریان کامپینسکی ) بە ڕوون و ئاشکرا لە شوێنێکی کتێبەکەی باسیکردووە کەوا ، هیچ شەوێک نەیتوانیوە بەئاسایی بخەوێ ، درەنگە شەوان ، گەورەترین ئازاری دەبینی بەدەست خەیاڵە ناخۆشەکان ، شەوانان لە جیاتی خەو کاری فرمێسک ڕشتن و گریان و ئازار چەشتن بووە ، گریان بۆ شەش ملیۆن قوربانی ، گریان بۆ ناسکترین و جوانترین تەمەنی لەدەستچووی ، چونکە کاتێک نازییەکان دەگەنە پۆلەند دوای سێ مانگ ( ماریان ) تەمەنی دەبێتە چواردە ساڵ ، واتە مێردمنداڵی و سەرەتای گەنجێتی ، کاتێک ڕزگارییان دەبێ و هۆلۆکۆست کۆتایی دێت ، ئەم تەمەنی دەبێتە نۆزدە ساڵ ، لە ڕاستیدا ڕزگاربوونییان هەرئەوەندە بوو ، لە کەمپەکان و لە دەست برسییەتی ڕزگارییان دەبێ ، ئازاد دەبن و دەگەڕێنەوە نێو ئاوەدانی ، ئەگینا ، مەرگ هەر لە گەڵیاندا دەمێنێتەوە و دەبێتە بەشێک لە بوون و ئایندەیان ..! بۆیە هەموو شەوێک خەیاڵە ناخۆشەکان و بیرکردنەوەکان ، بە جۆرێک فشاری ڕۆحی و دەروونییان بۆ دەهێنا ، تا ئاستی ئەوەی هەندێجار جەستەی ڕەق دەبوو وەک سەهۆڵ ، ناچار دەبوو ئەم هەستە خەمناك و مەرگاوییەی ، لە نووسین و شیعرەکانی خۆی دەرببڕێ و خۆی بەتاڵدەکردەوە ..! لەلایەکیتریش مەبەستییان بوو ، ئەم کارەساتە تراژییدیا و گەورەیەی هۆلۆکۆست وەکو خۆی بگەیەنن ، چ بۆ دنیا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو.
ئەگەر لێرەوە لە ( گۆڕستانی چراکان ) ی شێرکۆ بێکەس ورد بینەوە ، کە وەک دەقێکی درێژ بۆ ( ئەنفال ) نووسراوە ، بە بەراورد لەگەڵ ئەو شیعرانەی بۆ هۆلۆکۆست ، دەبینین لایەنی زمانەوانی و ئیستاتیکا و شیعرییەت و داهێنان لە ئاستێکی بەرزدایە ، زێتر ئیش لەسەر تەکنیک و هونەری زمان کرایە لە هەمانکاتیش ناوەڕۆکێکی قووڵ و پڕ مانا و بەرزی هەیە .. پێکهاتە زمانییەکەی دەق بە تایبەت ، میتافۆر و ئاماژە و هیما و وشە و دەستەواژەکان زۆر سەرنجڕاکێش و پڕن لە ئیستاتیکای شیعری . دیارە لەلایەک ، ئەوە پەیوەندی بە توانا و ئەزموونی شاعیرەکەوە هەیە ، لەلایەکیتر / پەیوەندی بە خاڵێکی جەوهەری هەیە ئەویش ، لە ( گۆڕستانی چراکان ) دا / شیعر ئامانجە نەک هۆکار ، ( شێرکۆ بێکەس ) تەنها مەبەستی خۆبەتاڵکردنەوە و گەیاندن نەبووە ، ( شێرکۆ بێکەس ) مەبەستی بووە ( ئەنفال ) بکات بە شیعر ، بە مانایەکیتر بە زمانی شیعر ئەنفال بنووسێتەوە ، یان بەرگی شیعر بکاتە بەر ئەنفال ، بۆیە دەبینین لە نێو دەقەکەدا ، لەسەر زۆر ڕەهەند و چەمکی جیاواز ئیش دەکات وەک ( سەفەر ، عەشق ، مقاوەمەت ، مەرگ ، یادەوەری ، هەستی نەتەوەیی ... زۆر چەمک و رەهەندی تر ) گۆڕستانی چراکان چ وەک ناونیشان چ وەک دەق پڕاوپڕە لە داهێنان و جوانکاری شیعری ، ئەم قەسیدەیە بە سەلیقە و توانا و هەناسەیەکی درێژەوە نووسراوە ، هەرچەندە لە زۆر شوێن گێڕانەوەیەکی ڕووت سایە دەکات بە سەر دەقەکە و زمانی شیعر لە زمانی چیڕۆک نزیک دەبێتەوە ، ئەمەش شاعیر بە مەبەستەوە ئەوەی کردووە ، هەر بۆیە دەقە درێژەکانی ناوناون ( دەقی ئاوەڵا ) ، شێرکۆ بێکەس بە دەربڕینێکی پڕ لە ئیستاتیکای شیعری لە ( گۆڕستانی چراکان ) دەڵێ ، (سەفەرێ بە سواری تراویلکە و بە سواری هەواڵی ناوەخت .. / سەفەرە بۆ مەملەکەتێ لە شارەکانی خۆڵەمێش ... / یان سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو ...! ) ئەم دەربڕینە شیعرییانە گۆتە و دەربڕینی جوان و ناسک و شیعریین ، تا ئاستێکی بەرز چێژ و ئارامیی بە ڕۆحی خوێنەرەکان دەبەخشن...! ، ( سەفەرێک پڕ لە ئێسک و پروسکی هەتاو ) بە مانای ، سەفەرێک پڕ لە مەرگی هەتاو ، یانی سەفەری مەرگ و نەگەڕانەوە / یانی ئەنفال ...! ئێسک و پروسک ، ئاماژەیە بۆ مەرگ ، مەرگ دوا پنتی سەفەرەکەیە ، مەرگ مانایەک یان شوناسێک بە سەفەرەکە دەبەخشێ و دەبێتە ( سەفەری مەرگ ) . ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەنفال ، ئیشکردن لەسەر وشەکان و ئاماژە و میتافۆرەکان و یان ئەمشێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ زمان ، بڕستێکی قووڵی بە قەسیدەکە داوە ، دەبینین لە ( گۆڕستانی چراکان ) مەرگ تاکە چەمک و تاکە ڕووبەر نییە کە شیرکۆ بێکەس ئیشی لەسەر کردبێ ، ڕەنگە ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ، شێرکۆ بێکەس ، یەکێک نەبووە لە ئەنفالبووەکان ، کەسێک نەبووە لە نێو بیابانەکان و لە نێو چاڵەکان ڕاکشابێ ، لە نێو قیژە و هاوارەکان ، مردنی بە چاوەکانی خۆی بینی بێ ، بە مانای شێرکۆ بێکەس لە دەرەوەی ڕووداوەکە شتەکانی بینیوە ، جیاوازە لەگەڵ بینینی کەسێک کە خۆی لە ناو ڕووداوەکە و یان بەشێک بێت لە ڕووداوەکە ، وەک ئەو شاعیرانەی شیعرییان بۆ هۆلۆکۆست نووسیوە ، کە زۆربەیان لە گیراوەکان بوون و لە نێو کەرەساتەکە و لە نێو ڕووداوەکان بوون ، هەموویان لە نێو کەمپەکانی مردن لە گەڵ مردندا دەژیان.
مەبەستمە ئەوە بڵێم ، ئەوانەی لە دەرەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەن ، وەک ئەوانەی خۆیان لە ناو ڕووداوەکانن وەکو یەک / ڕەنگەکان و کاریگەرییەکان و ئازارەکان و مردنەکان نابینن ..! ئەو مردنەی لە نێو شەوەکان و لە نێو چاڵە بە کۆمەڵەکانی ئەنفال هەبوو ، هەرگیز شێرکۆ بێکەس یان هەر کەسێکی دەرەوەی ڕووداوەکە ناتوانێ وەکو خۆی بیبینێت . بەمانایەکی تر ، ئەوانەی لە دەرەوەن ، بە چاوی خەیاڵ سەیری کارلێک و پێکهاتە و کاریگەرییەکانی ڕووداوەکان دەکەن ، وە شتێکی ئاشکرا و دیاریشە لە نێوان چاوی خەیاڵ و چاوی واقیع ، زۆر پێکهاتە و ڕەهەند و کارلێک و هاوکێشەی جیاواز هەن ، شاعیرانی هۆلۆکۆست ئەوانەی لە کەمپەکانی مردن بەشداربوون ، مردنییان بە ڕووتی دەبینی ، بۆیە لە نێو شیعر و نووسینەکانییان باسییان لە مردنێکی ڕووت کردووە ، دەبینین / چ لە شیعر و نووسینەکانییان ، چ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان خۆ بە دوورگرتن و لە بیرکردنی ئەم مردنە ، کارێکی نەکردە و ئەستەم بووە . بۆیە هەموو شاعیرەکان لە نێو ئەم ڕووبەرە ئیشییان کردووە ، یان هەریەکە و بە جۆرێک ئیشییان لەسەر دیوێکی مردن کردووە ، یان چەمکی هۆلۆکۆست بە گشتی ، خۆی لە مردن و قڕکردن و سڕینەوە دەبینێتەوە یان سەفەری مردنی بە کۆمەڵ...!
١- یەکەمین جار کە هاتن. مارتین نیلۆمەر
یەکەمین جار بۆ
کۆمۆنیستەکان هاتن ٢- لە دێرزەمانەوە. بەربارا سۆنیک
یاریمان دەکرد و پێدەکەنین
من ناتوانم لە بیری کەم. ئەلیکساندەر کیمێل
ئایا من دەمەوێت بیرم
بێتەوە ؟
|