په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٦

شیعر و خۆکوشتن.
 
- سارا تیسدەیل بە نموونە -


ناڵە حەسەن      

خۆکوشتن لە شێوە گشتییەکەیدا.


خۆکوشتن کردارێکی ئازادانەی مرۆڤە بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی ، دیاردەیەکە لەگەڵ دەستپێکردنی ژیان سەری هەڵداوە ، لە هەموو زەمەنەکان و لە هەموو شوینەکان ئامادەیی هەبووە . خۆکوشتن هۆکارەکەی کۆمەڵایەتی بیت یان دەروونی ، بەرئەنجامی نائومێدییەکی گەورەیە ، نائومێدییەک کە هیچ جۆرە پەیوەستبوونێکی ئەم کەسە بە ژیان ناهێڵێتەوە . بەمانایەک ، ئەو کەسە دەمێکە دەرگای ژیانی بەڕووی خۆی داخستووە و لەگەڵ ئایکۆنەکانی مەرگ مامەڵە دەکات . یان گەیشتۆتە شوێنێک یان پنتێک کە بە بڕوای ئەو ، لەوێدا ژیان و مەرگ بەیەک گەیشتوون . لە کلتوورە جیاوازەکان بیرکردنەوەی جۆراوجۆر هەیە لە سەر خۆکوشتن .. هەندێک بە تاوانی دەزانن ، هەندێکیان بە گوناهێکی گەورە . خۆکوشتنی واش هەیە ، هەرچەندە ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشتە بە گوناه و تاوانی نازانن بەڵکو ، بە سەروەری بۆی لە قەڵەم دەدەن . وەک ئەوانەی جیهاد دەکەن و خۆیان دەتەقێننەوە . یان ئەوانەی لە شەڕدان وە هیچ چارەیەکیان نامێنێ ، بەرلەوەی بکەونە دەست دوژمنەکانیان بە دەستی خۆیان کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن و خۆیان دەکوژن .. هەندێک لە بیرمەند و فەیلەسوفەکان کرداری خۆکوشتن دەگەڕێننەوە بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی .. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک ( نەبوونی ئازادی ، توندوتیژی لە ڕادەبەدەر ، هەژاری ، باری خێزانی ، فشارەکانی ئایین ، زۆرانیتر ) بەمانایەک ، مرۆڤ کاتێک ئازاد نەبێت لە دیاریکردنی ژیان و ئایندە و خواستەکانی خۆی یان ئازادبوون لە گۆڕینی ژیانی چەقبەستووی ، ئیدی تووشی نائومێدییەکی گەورە دەبێت و هەموو دەرگای ئومێدەکانی بە ڕوودا دادەخرێت . لە پشتی ئەمەوە تووشی چەندین باری دەروونی ناڕێک دەبێت . هەندێک لە بیرمەندەکانیش پێیانوایە هۆکارەکان دەروونین . یان ژیانی بە ئامێربوونی وڵاتە پێشکەوتووە پیشەسازییەکان ، لە پڕۆسەی بە مۆدێرنکردنی کۆمەڵگەو بوونی گۆڕانکاری خێرا لە کەڵتوور و باری ژیانی تاکەکان ، کە هیچ جێگایەک بۆ شعوور و هەست و سۆزی مرۆڤەکان ناهێڵێتەوە ، مرۆڤەکان لە ئاکامی نامۆیی و تەنیایی ، یان هەندێکجار بێکاری ، دەگەنە ئاستێکی شێواوی باری دەروونی و کوشتنی خەون و خەیاڵەکان لای تاک ، کە ( دورکهاییم ) بە ئەم بارە کۆمەڵایەتییە ناجێگیرە بە ( داڕمانی ئەخلاقی ) ناو دەبات . کە بە ئیرادە و بە ئارەزووی دڵی خۆیان پشت لە ژیان دەکەن و بەدوای مردندا دەگەڕێن ، دورکهاییم لە ساڵی ١٨٦٩ دا ، لە ئاکامی گەڕان و سێرچەکانی و دەست ڕاگەیشتن بە ئاماری خۆکوشتن لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی بۆ نموونە ، لەم سێ وڵاتە بە ڕێژەی ملیۆن ئەم ئەنجامانەی دەستکەوت ( لە ئینگلاند ٦٧ لە ملیۆن ، لە فەڕەنسا ١٣٥ لە ملیۆن لە دانیمارک ٢٧٧ لە ملیۆن ) بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕێژە زۆرەی کە لە وڵاتی دانیمارک کەسەکان خۆیان دەکوژن ، بە دوای هۆکارە کۆمەڵایەتییەکاندا گەڕاو هۆکارە دەروونی و تاکەکەسییەکانی فەرامۆش کرد . بەڵام ، لە ڕووی دەروونییەوە بۆ نموونە ، ( سیگمۆند فرۆید ) پێیوابوو ، ( ئەوکەسانەی خۆیان دەکوژن غەریزەی خۆشەویستی و ژیانییان لەلا سست بووە و غەریزەی مەرگدۆستییان لەلا بەهێزە ) .. یان ( ئەسکیرۆل ) پێیوابوو کە ، خۆکوشتن بەرئەنجامی ئەو بارە دەروونییە شێواو و ناجێگیرەیە کە تاکەکان تووشی دەبن و گیرۆدەن بە دەستییەوە کە دەبێتە هۆی داگیرکردنی هەست و سۆز و بیرکردنەوەکانیان . تەمەن و ڕەگەزیش هۆکارێکی ترن بۆ خۆکوشتن بە تایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ نموونە لە ئەمریکا ، خۆکوشتن نۆهەمین هۆکاری خۆکوشتنە لە هەموو تەمەنەکاندا ، سێهەمین هۆکاری خۆکوشتنە لە تەمەنی ١٤ بۆ ٢٥ ساڵییدا ، یان ژنان بە ڕادەی سێ بەرابەر خۆیان دەکوژن .. لەسەر ئاستی هەموو دنیاش خۆکوشتن دەیەمین هۆکارە بۆ مردن .. ساڵانە خۆکوشتن لە ٨٠٠ هەزار تا ٩٠٠ هەزار حالەت دەبێت . خۆکوشتن هۆکارەکەی دەروونی بێت یان کۆمەڵایەتی یان هەرچییەک بێت گرینگ ئەوەیە کەسەکە خۆی بڕیار دەدات کە ( خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت ..! ) ، خۆکوشتن پەیوەندی نییە بە ئاستی وشیاری و مەعریفی کەسەکەوە .. پەیوەندی نییە بە بەهێزی و لاوازی کەسەکەوە . لە هەموو ڕشتە و لە هەموو چین و توێژەکان و لە هەموو ئاستەکان ، بۆ نموونە ، نووسەر ، شاعیر ڕۆماننووس ، شانۆکار ، بیرمەند ، زانا ، فەیلەسوف ، سیاسەتمەدار ..! لێکۆڵینەوەکانیش پێشانی دەدەن هۆکارەکان زێتر دەروونین . بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە کە ، شاعیرەکان لە هەموو کەسەکانیتر زێتر باس لەخۆکوشتن دەکەن و خۆیان دەکوژن .. زۆر لە نەخۆشی دەروونی هەن ، کە باری دەروونی مرۆڤەکان ناڕێک دەکەن، مرۆڤەکان بە هۆیانەوە گیرۆدە دەبن و ژیانییان بە ئاقارێکی مەترسیداردا دەروات ، پەشێوی و ناڕەحەتییەکی زۆریان بۆ دێنن ، خەو و ئارامییان لێ تێکدەدەن ، هەندێک لەو نەخۆشییە دەروونییانەش ( دڵتەنگی ، دڵەڕاوکێ ، خەمۆکی ، شیزۆفرینییا ، فۆبیا ، هیستیریا ، بایپۆلەر ... ) لە نێو ئەم نەخۆشییانەش ( خەمۆکی ) زۆرترین ڕووبەری داگیرکردووە ، واتە ( خەمۆکی ) یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوشتن .. بۆیە بە پێویستمان زانی هەندێک باسی ( خەمۆکی ) بکەین . یان پەیوەندییەکانی( خەمۆکی و شیعر ) یان کۆد و هێما دەروونییەکانی ئەو شیعرانەی لە دەروونێکی خەمناک و بە ڕەنگەکانی نائومێدییەوە ڕەنگکراون ، یان بە قەڵەمی ئەوکەسانە نووسراون کە ، بە قووڵی لەگەڵ خەمۆکی ڕووبەڕوون و لەنێو ئەم ڕووبەرە دەروونییە دا ژیاون یان دەژین ، کەسانێکن بە واقعی هەست بە تەنیایی و نائومێدییەکی گەورە دەکەن ، کەسانێکن بە هەموو شێوەیەک لە ژیان دوور کەوتوونەتەوە و لە دەرەوەی ژیان دەژین.


شیعر و خەمۆکی.


خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونیی یان حالەتێکی دەروونیی مرۆڤە ، کە بە شیوەیەکی بەربڵاو بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە ، ڕەنگە هۆکارەکەی لە بارە گشتییەکەیدا ، ( گەشەی زانست و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیا ، ئاڵۆزبوونی هاوکێشەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا ، سەرقاڵبوونی کەسەکان و لاوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ، نامۆبوونی مرۆڤەکان و شێوە ژیانی تاکگەرایی ... ) ئەم بارە نائاساییەی مرۆڤ لە دۆخی خەمۆکیدا ، کار دەکاتە سەر ژیان و شێوەی بیرکردنەوە و بڕیاردان و جوڵانەوە و تەواوی چاڵاکییەکانی ، وەک خواردن و نووستن و زۆرێک لە چالاکییە ڕۆحییەکان و غەریزەییەکان .. کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆی و ئاستی تەوەقوعەکانی بەرامبەر بە خۆی ، ڕوانین لە جێگە و ڕێگە و تواناکانی خۆی ، هەروەها کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی خۆی بە دەرەوە .. فۆرمێکی ناڕێک بە بوون و ژیانی خۆی دەبەخشێت . وای لێدەکات تا ئەوپەڕی بێئومێدی ، بێئومێد بێت .. ژیان دەبێتە چاڵێکی ڕەش و ئەشکەوتێکی تاریک ، لە هیچ لایەکەوە هیچ تروسکاییەک نابیندرێ .. هەموو شتەجوانەکان بێبەها دێنە بەرچاو بەمانایەک ، هیچ شتێک نامێنێت تا بۆی بژی . بە ئەندازەیەک لە ژیان دوور دەکەونەوە کە تەواوی تواناکان و هەستەکانییان سست دەبن ، هەروەها غەریزەی مانەوەیان لاواز و کاڵدەبێتەوە ، کە بە شێوەیەک مردن بە ڕێگاچارەو گەیشتن بە مەنزڵگەی ئارامی دەزانن ، مردن دەبێتە هۆکارێک بۆ ڕزگاربوون . خەمۆکی جیاوازە لەگەڵ دڵتەنگی . خەمۆکی نەخۆشییەکی دەروونی درێژخایەن و بەردەوامە بەڵام دڵتەنگی حالەتێکی ڕۆژانەیی یان کاتی و سروشتییە ، هەموو کەسێک دڵتەنگ دەبێت ، بەڵام مەرج نییە هەمووکەسەکان خەمۆکییان هەبێت . یان لەوانەیە کەسی خەمۆک دڵتەنگ نەبێت ، بەڵام ئومێدی بە ژیان نامێنێت . خەمۆکی زۆر دەرهاویشتەی نێگەتیڤی لێدەکەوێتەوە ، هەستکردن بە ئێشوئازارێکی زۆر . دوورکەوتنەوە و گۆشەگیری ، ئۆقرەنەگرتن و زێتر دەستبردن بۆ توندوتیژی .. بەمانایەک ، ستایلی ژیانی کەسی خەمۆک بە تەواوی گۆڕانی بەسەر دادێت . زۆربەی کەسانی خەمۆک بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە و بە کرداریش دەستی بۆ دەبەن . ئافرەتان لە پیاوان زێتر تووشی خەمۆکی دەبن . دەتوانین بڵێین بە ڕادەی سێ بەرابەر .. بۆ زێتر تێگەیشتن لە کاریگەری خەمۆکی بەسەر دەروونی شاعیرەکان و ڕەنگدانەوەی ئەم کاریگەرییانە لە نێو ڕووبەری دەقە شیعرییەکان وا پێویست دەکات ، لەو دەقە شیعرییانە بڕوانین کە سیمایەکی خۆمۆکییان پێوە دیارە ، ئەو شاعیرانەی نا ئومێدییەکی گەورە بە دەقەکانییانەوە دیارە زێتر ئەوانەن ، کە بەدەست خەمۆکییەوە دەناڵێنن .. ئەم جۆرە دەقانە بڕاوپڕن لە ( تەنیاییەک تا ئاستی شێتبوون ، نائومێدییەک تا ئاستی مردن ) لەم جۆرە دەقانە ، ژیان جگە لە زیندانێکی تاریک هیچ شتێکی تر نییە .. دیارە هیچ کەسێک لە ژیانیدا بەردەوام دڵخۆش و بەختەوەر نییە بەڵام ، هەندێکەس پێیانوایە ، ( ئەوان هەرگیز بۆ تەنها جارێک و تەنها بۆ چرکەیەکیش ناتوانن ئاسوودە و بەختەوەر بن ...! ) ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ، بیرکردنەوەی کەسانێکن کە تا سەر ئێسقان و زۆر بە قووڵی غەرقی خەمۆکین ، لە نێو ئەم جۆرە دەقە شیعرییانە زمانی خەمۆکی قسە دەکات ، کە بریتییە لە زمانی نائومێدی و زمانی قێزبوونەوە لە ژیان و زمانی تەنیایی و زمانی تاریکی و زمانی مەرگ .. ! زمانێک کە هیچ جۆرە دەربڕینێک و وەسفێکی پێ نییە بۆ خۆشییەکان و بەختەوەرییەکان و جوانییەکانی ژیان.

شیعر و خۆکوشتن.


زۆرجاران بەو شێوەیە باسی شیعر دەکرێت کە ، ( گەڕانە بە دوای شتە جوانەکان ، یان گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی ، یان ئامانجی شیعر جوانکردنی ژیانە و .... ) ، ئەگەر ئامانجی شیعر جوانکردنی ژیان بێت ؟ ئەی بۆچی شاعیران لە هەموو نووسەرانی تر زێتر خۆیان دەکوژن ؟ ئایا بۆچی دەقە شیعرییەکان لە هەر دەقی ژانرێکیتر زێتر باس لە ڕەشبینی و تەنیایی و نائومێدی ، باس لە مەرگ دەکەن ؟ زۆرێک لەم تەنیایی و ڕەشبینی و نائومێدییانەش بە خۆکوشتن کۆتاییان دێت ...! خۆکوشتن بۆ ...؟ ئایا شیعر هۆکارێکە بۆ بەرهەمهێنانی مەرگدۆستی ...؟ یان ئایا شاعیران هەر لە بنەڕەتەوە هەستی ژیان دۆستییان سست و لاوازە ..؟ بۆ گەڕان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانە وا پێویست دەکات ، زێتر لە شیعر ورد بینەوە .. لەو بنەما و پێکهاتانەی کە شیعر ئیشیان لەسەر دەکات ، بۆ نموونە زمان . وەک دەڵێن / شیعر گەمەیەکی زمانەوانییە ، یان کردەیەکی زمانەوانییە لە نێو ڕووبەرێکی مەعریفیدا .. زمان لە نێو دەقی شیعری ، بەر لەوەی بەهایەکی ئیستاتیکی هەبێت ، بەهایەکی ( مەعریفی و کۆمەڵاتی ) شی هەیە .. بەهای مەعریفی بەو مانایەی ، کە شیعر لە نێو ڕووبەری خەیاڵ واتە ( ئەندێشە ) دێتە بوون .. ئەندێشەش بەرهەمی بیرکردنەوەیە ، واتە مرۆڤ کاتێک لە نێو بیرکردنەوەکانی قووڵ دەبێتەوە ئینجا دەگاتە ئاستی ڕووبەری ئەندێشە .. شیعر لەنێو ئەم ڕووبەرە لەدایک دەبێت ، شاعیر لەڕێگەی زمانەوە لە نێو ئەم ڕووبەرە گەڕان و کەشفەکانی خۆی دەکات . بۆیە شیعر پەیوەستە بە بیرکردنەوە واتە شیعر لەسەر مەعریفە ئیش دەکات ، بۆیە زمان لە نێو شیعردا بەهایەکی مەعریفی لە پشتە .. لە هەمانکاتیش ، زمان هۆکارێکە بۆ تێگەیشتن .. لەپشت هەر کۆد و ئایکۆن و هێمایەکی شیعری ، کۆمەڵێک قسەکردن و دەلالەت و مانا هەن ، لە ڕێگای ئەم قسە و مانا و شیکردنەوە و ڕاڤەو هێمایانە ، دەتوانین لە دەقەکان نزیکبینەوە و لە دەقەکان بگەین ، واتە بەهۆی خوێندنەوە و بەدواداگەڕان ، دەتوانین نزیکبینەوە لەماناکان ، تا ئەو ئاستەی بتوانین ڕووبەرە نادیارەکان ببینین و بگەینە ئاستی تێگەیشتن .. کەواتە زمان لە نێو دەقە شیعرییەکان بەهایەکی کۆمەڵایەتیشی هەیە ، بۆیە ئەگەر زمان بڕبڕەی پشتی شیعر بێت یان ئەگەر شیعر کردەیەکی زمانەوانی بێت ، زمانیش لەپاڵ بەهای ئیستاتیکی و بەهای مەعریفی و کۆمەڵاتیشی هەبێ ، ئیدی بەهاکانی ( ئیستاتیکی و مەعریفی و کۆمەڵاتی ) بەیەکەوە ، هاوتەریب دەبن لەگەڵ بەهاکانی ژیان دۆستی .. کەواتە شیعر بەهایەکی ژیان دۆستی هەیە .. شیعر کردەیەکە دەتوانێ ڕووبەری ژیان بەرینتر بکات ، چونکە ئامانجی شیعر دۆزینەوەی جوانییەکانە . بەڵام ، ئەوەش ڕاستە ، شاعیران لە هەموو نووسەرانیتر زێتر پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە .. ئەوە بەمانای ئەوە نییە ، شیعر هۆکارێکە بۆ مەرگدۆستی ، یان شیعر دەرگا بەرووی ژیان دادەخات .. بەڵکو خۆکوشتنی شاعیران ، بەشێکی پەیوەندی بە بارە دەروونییەکانی شاعیرەکانەوە هەیە ، وەک ( خەمۆکی ) و هەندێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی تر .. یان پەیوەندی بە نائومێدی و تەنیایی کەسەکانەوە هەیە ، کەوادەکات ، ژیان لەبەرچاوییان بەشێوەیەک ناشیرین بێت و ئومێد بە مەرگ بخوازن .. یان / باری نامۆیی کەسەکان کە ، وا هەست دەکەن ، هێزیک دەیانجوولێنێ کە خۆیان نین یان ، بە هەر هۆکارێک بێت ناتوانن مومارەسەی خواست و ئارەزووەکانی خۆیان بکەن ، بەمانایەکی تر ، هەموو شتێکن بەس خۆیان نین یان ، بەمانا هایدیگەرییەکەی بوونێکی ناڕەسەنن ، بۆیە هەست بە تەنیایی و دابڕانی و نامۆیی دەکەن ، بەشێوەیەک ، هێندە نائومێد دەبن تا ئاستی ئەوەی هیچ شتێک بە ژیانییان نابەستێتەوە .. بۆیە زۆرێک لەو کەسانە پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن .. هۆکاری ئەوەش کە لەنێو نووسەرەکان شاعیران زێتر و لەنێو شاعیرانیش ژنان زێتر خۆیان دەکوژن .. ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت ، شاعیران زیاتر ئیش لەسەر خەیاڵ دەکەن .. چونکە وەکو گوتمان ، شیعر خۆی لەنێو ڕووبەری خەیاڵ دێتە بوون ، هۆکارێکیتر ، شیعر زێتر لەنێو ڕووبەری ناخودئاگایی ئیش دەکات ، لەم ڕووبەرەش ( غەریزە و هیوا و خۆزگە نووستووەکان ) وەخەبەردێن و چاڵاک دەبنەوە .. لای ئەوکەسانەش حەقیقەتی غەریزەکان و حەقیقەتی بوون لە نێو ڕووبەری ناخودئاگایەکانە ، بە بەراورد لەگەڵ باری خودئاگایی جیاوازییەکی زۆر و مەودایەکی فراوان هەست پێدەکەن .. بۆیە لای ئەوان ، ژیانی حەقیقی ( ئەو ژیانەیە کە شایستە بێت بە بەهاکانی مرۆڤ ) ئەو ژیانەیە کە ئەوان ، لە نێو خەونەکان و لەنێو باری نا خودئاگایی پێی دەگەن . ئەم ژیانە واقیعییە بە ژیانێکی فەیک و ڕیاکاری و بە تووڕەهاتی دەبینن ، تووشی نامۆیی و نائومێدییەکی گەورە دەبن ، ژیانیش تا ئەوپەڕی بێبەهایی ، بێبەها دەبێت .. بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ لە ژیان دووردەکەونەوە.

سارا تیسدەیل و خۆکوشتن.

 
سارا تیسدەیل یەکێکە لەو شاعیرە هەست ناسک و جوانبینانەی کە شیعری ناسکی زۆر نووسیوە ، بۆ ( سروشت و عەشق و جوانییەکانی ژیان ) یەکێکە لەو شاعیرانەی ، لە نێو ئەدەبی ئەمریکی بە شاعیری عەشق ناسراوە . سارا لە نێو دەقە شیعرییەکانی ، باسی باران و مانگ و ڕووبار و با و شەونم و شەوەکانی کەنار دەریا و باخچە و وەرزەکانی زۆر کردووە ، هێندە باسی جوانییەکانی سروشت و باسی هەستە گەرمەکانی عەشقی کردووە ، تا ئەوەی ژیان بە هەموو ناسکی و جوانییەکانی خۆیەوە لە نێو شیعرەکانی دەبیندرێ ، تابلۆیەکی ڕەنگینی لە تێکەڵاوکردنی ( سروشت و عەشق ) نەخشاندووە .. ئەمە دیوێکی گەشاوە و پرشنگداری ژیان و ڕوانینەکانی ( سارا تیسدەیل ) ە . بەڵام ، دیوێکی تری ژیانی ئەم شاعیرە هەست ناسک و خەیاڵ تەڕو بۆن ڕەیحانەییە ، باسکردنە لە ( نائومێدی و تەنیایی ) تا ئاستی مەرگ و مردن ، ئەم دیوەی ژیانی تا بڵێی ڕەش و تاریکە ...! ئەوەی سارا جیا دەکاتەوە لە زۆرێک ، لەو شاعیرانەی کە خۆیان کوشتووە ئەوەیە ، لە هیچ سەرچاوەیەک باس لەوە ناکەن یان سارا وەک شاعیرێکی دەروون نەخۆش ناناسێنن ، لە هیچ جێگایەک باس لە سارا نەکەن کەوا ، بە دەست یەکێک لە نەخۆشییە دەروونییەکانی وەک ( خەمۆکی یان شیزۆفرینییا یان بایپۆلەر یان مانیا .... ) ناڵاندوویەتی و بە دەستییەوە هەراسان بووە . ئەوەی وای لە سارا کردووە دەست بەرێت بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی و خۆی بکوژێت ، ئەوە نەبووە کە نەخۆش بووە ، بەڵکو کەسێکی نائومێد بووە ، ئەم نائومێدییە گەورەیە و ئەم ڕەشبینییەی ترسناکەی کاتێک لا دروست دەبێت کە ، لە عەشق بێئومێد دەبێت ، کاتێک عەشقەکەی کۆتایی پێدێت و دەمرێت ...! بە مانایەکیتر ، ( واتە " مردنی عەشق " وا لە سارا دەکات کە کۆتایی بە ژیان خۆی بهێنێت و خۆی بکوژێت ، نەک نەخۆشی دەروونی ...! ) . چونکە ئەو هێندە شاعیرێکی عاشق بوو کە ، هەموو ژیان و بوونی خۆی بە عەشق گرێدا بوو . عەشق لای ئەو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو ، تەنانەت ژیانیش .. کاتێک عەشق دەگاتە ئاستی نائومێدی و مردن ، هیچ شتێک بە زیندوویی نامێنێتەوە و هەموو شتەکان دەمرن ، هیچ تروسکاییەک نامێنێ ، ژیان دەبێتە زیندانێکی گەورەو هیچی تر .. ئاسوودە و بەختەوەری و پێکەنین و خۆشییەکان و جوانییەکان .. بەهایەکییان نامێنێ ..! ژیان دەبێتە شتێکی تووڕەهات و هیچ و پووچ . عەشق بۆ سارا سەرچاوەی هەموو هێزێک بووە ...! عەشق هێزی ئەوەی پێبەخشیوە ، کە لە ژیان نزیک بێتەوە یان لە نێو ژیان دا بمێنێتەوە . عەشق هێزی ئەوەی پێبەخشیوە کە ، بتوانێ ڕووبەڕووی نائومێدییەکان و ناخۆشییەکان ببێتەوە . لە هەمانکاتیش ، نەمانی عەشق / مانای نەمانی ژیان و هەموو بەها جوانییەکان و خەونەکان و ئومێدەکان بووە . نەمانی عەشق / لای ئەو زۆر بەسادەیی ، مانای نەمانی هەموو شتێکی گەیاندووە ...! ( بوون بە بێ عەشق لای سارا ، بوونێکی ناتەواو و بوونێکی شێواو بووە ، یان بوونێکی لاواز و شکستخواردوو و بێبەها بووە ...! ) . سارا لە ژیانی واقعی خۆیدا ، عەشقی مرۆڤێکی شاعیر ڕەتدەکاتەوە و عاشقی پیاوێکی بزنسمان دەبێت .. دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات .. بەو ئومێدەی کە لەژێر ساباتی ئەو عەشقە تا ئەوپەڕی بەختەوەری ، بەختەوەر بێت ، یان بۆ تا هەتایە عاشق بێت .. کاتێک لە نێو ئەم عەشقە گەرمەیدا دەژیا ، خەیاڵەکانی تەڕو شیعرەکانی ناسکبوون ، لەگەڵ هەموو جووڵەیەک سەمای دەکرد و گۆرانی دەگوت .. تێکەڵ بە دیمەنە جوانەکان و ڕەنگە جوانەکانی سروشت دەبوو . شیعرەکانی پڕبوون لە خۆشەویستی بۆ مرۆڤ و ژیان ، خەونەکانی پڕبوون لە خۆزگەی جوان . لە بەشێکی شیعری (لەزەت)دا دەڵێ:


من کێویم ، گۆرانی بۆ درەختەکان دەڵێم
لە ئاسماندا گۆرانی بۆ ئەستێرەکان دەڵێم
من خۆشم ویست ، خۆشیان ویستم ئەو هی منە
لە ئێستاوە تا ئەوکاتەی دەمرم ...


سارا ئومێدێکی گەورەی بە ژیان و عەشق هەبوو .. زۆربەی شیعرەکانی لەسەر عەشق بوون ، مەبەستی بوو لە ڕێگەی عەشقەوە ئەفسانە بخوڵقێنێ .. مەبەستی بوو ، ئەو کەسەی خۆشی دەوێت بۆ تاهەتا عاشقی بێت و سەمای بۆ بکات و گۆرانی بۆ بڵێت .. مەبەستی بوو ، شێتانە وەک عاشقێک گۆرانی بۆ درەختەکان و ئەستێرەکان و باڵندەکان و بۆ ڕووبار و شەپۆلەکان بڵێت .. سارا بە هەمان گڕی عەشقەوە ، لە نووسینی شیعرە ناسکەکانی بەردەوام دەبێت و لە شیعری (پیاوەکانی تر)دا دەڵێ:


من کاتێک لەگەڵ پیاوەکانی تر قسە دەکەم
هەمیشە بیر لە تۆ دەکەمەوە
وشەکانی تۆ شیرینترن لە وشەکانی ئەوان
هەروەها ناسکتریشن
یان دەڵێ ...
من کاتێک لە پیاوەکانی تر دەڕوانم
ئارەزوو دەکەم ڕوخساری تۆ ببینم لەواندا


لەم وردە شیعرەدا ، وێنەی عەشقێکمان بۆ ڕەسم دەکات / عەشقێکی دێوانەیی ، تا ئاستی وڕێنە و خەیاڵ .. تا ئەو ئاستەی هەموو پیاوەکانی تر ، دەنگ و ڕەنگییان و لەلای ئەم ، دەبێتە دەنگ و ڕەنگی دڵدارەکەی خۆی ، لەگەڵ هەر پیاوێک قسە بکات ، وشە جوان و ناسکەکانی دڵدارەکەی خۆی دێتە بەر گوێ . لە هەر کەسێک بڕوانێ ، شێوە و ڕوخساری دڵدارەکەی خۆی تیادا دەبینێ .. چاوی ئەو جگە لە کەسێک کە ئەویش دڵدارەکەی خۆیەتی ، هیچ کەسێکی تر نابینێ ...! ئەم جۆرە عەشقە لە ئاستێکی هێندە بەرز دایە ، کە هەموو کەس ناتوانن بگەنە ئەم ئاستە لە خۆشەویستی .. ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە ڕێگەی عەشقەوە بگەنە ئاستی ئەبەدییەت .. یان لە شیعری (ماڵی خەونەکان)دا دەڵێ:


تۆ خەونە بەتاڵەکانمت برد
هەر یەکێکت پڕکردن لە ناسکی و خانەدانی


عەشق لای سارا شتێک نەبوو تەنها لەزەتی پێ ببەخشێ ، یان بەهۆیەوە ، چاوەکانی( سروشت و ژیان ) جوانتر و ناسکتر ببینن .. یان بەهۆیەوە ، زەردەخەنە بێتە سەرسیمای و ئاسوودە بێ .. عەشق لای ئەو هەر ئەوەندە نەبوو ، ئەو لە ڕێگەی عەشقەوە خەونەکانی پڕ دەبوون لە ئومێد ، لە ناسکی ، لە خانەدانی .. واتە ، ئاستێکی بەرز بۆ ڕوانین و بینینی خود . بەمانایەکیتر ، بە بێ عەشق خەونەکانی بەتاڵ بوون .. سارا بە چاوی عەشقەوە لە هەموو شتێکی دەڕوانی ، لە ژیان ، لە بوون ، لە دەوروبەر ، لە شیعر ، لە سروشت ، لە هەموو شتێک ...! بەڵام ، ئەم عەشقە کە سەرچاوەی هەموو شتێک بوو بۆ ئەم ، عەشقێکی تەمەن کورت بوو و بۆ درێژماوە بەردەوام نەبوو .. هەر بۆ تەمەنێکی کورت توانی ، وەک باڵندەیەکی عاشق بە نێو ئاسمان و تەمە سپییەکانی عەشق دا بفڕێت ، گۆرانی بۆ ئەستێرەکان و بۆ ژیان بڵێت .. سارا مرۆڤێکی خۆشبەخت نەبوو ، ئاسوودەیی و بەختەوەری تا سەر هاودەمی نەبوون .. ( ئیرنستی بزنسمان ) ئەو دڵدارە نەبوو ، کە کلیلی بەهەشتی عەشقی پێ بێت و بۆ تاهەتایە سارا دڵخۆش و ئاسوودە بکات . هەر زوو ناکۆکییەکان دەرکەوتن ، عەشق پەیوەندییەکەیان بەبارێکی ناڕێک و نالەبار شکایەوە ، ژیانی هاوسەرێتییان کۆتایی پێهات و لە یەکتری جیا بوونەوە .. سارا دەگاتە ئاستی ئەو نائومێدییەی کە عەشقەکەی بنێژێ .. شیعری (ناشتنی عەشق) دەنووسێ و دەڵێ:


من هاتووم عەشق بنێژم
لەژێر دارێک ،
لە دارستانێکی ڕەش و تاریک
تا کەس نەتوانێت بیبینێت .... .


بە شێوەیەک لە عەشقەکەی نائومێد دەبێت ، دەیەوێت( عەشقەکەی لە شوێنێکی هێندە تاریک بنێژێت ، کە هیچ کەسێک نەتوانێت بیبینێت .. ) ئەوە ئەو نائومێدییە گەورەیەیە ، کە لە پشتییەوە دەتوانین ئەوە ببینین کەوا ، ناشتنی عەشق لای سارا ، ناشتنی ژیان یان ناشتنی خودی خۆی دەگەیەنێ . لەپاڵ ئەم ناشتنە دەیەوێت خۆشی بنێژێ .. پەیامێکە و بە هێمنی پێمان دەڵێ ( ئیتر تەواو کۆتایی بە هەموو شتێک هات ...! ) . ئیتر لێرە بەدوا ، گلۆرەی بەخت و ژیانی دەکەوێتە لێژییەوە .. بینین و ڕوانینەکان دەگۆڕێن ، ڕەنگ و بەهاکان دەگۆڕێن ، هێما و ماناکان دەگۆڕێن .. لێرە بەدوا ، ڕوانینەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کەوا ، ژیان جگە لە زیندانێکی تاریک هیچ شتێکی تر و هیچ مانایەکی تری نییە ...! خەونەکانی بەتاڵ دەبنەوە ، ماڵەکەی پڕ دەبێت لە هەستی تەنیایی و نیگەرانی و ترس . چراکان دەکوژێنەوە و خەیاڵ و خەونەکانی تاریکدادێن . لە شیعری (بەڵام بۆ من نا) بە ڕۆشنی وێنەی ئەم نائومێدییەمان بۆ دەکێشێ و دەڵێ:


شەوەکانی ئەپڕیل هێشتا ڕەنگینن
سەرتاپای دارەکان بە گوڵ داپۆشراون
ئارامی بە خشپە و بە ئەسپایی بۆیان دەچێ
بەڵام بۆ من نا
ئارامی من لە سینگی کەسێک خۆی حەشارداوە
ئەو شوێنەی کە من لەوێ نیم
ئەمشەو عەشق بۆلای هەموو ئەوانیتر دێ
بەڵام بۆ من نا


بێگومان ، ئارامی لە سینگ و لە نێو ناخی کەسێک بوو ، کە ئەو ئێستا یان( ڕەنگە هیچ کاتێک ) لەوێ نەبوو بێت .. بە دابڕان و لە یەکتری جیابوونەوە .. عەشق مرد و نێژرا .. ئێستا عەشق بە ئارامی و بە ئەسپایی بۆ هەموو شوێنێک دەڕوا و دەبێتە میوانی هەموو کەسێک ، بەڵام لای ئەو نا .. ئارامی لە دەرگای ماڵی هەموو کەسێک دەدا ، بەڵام ماڵی ئەو نا ، زەردەخەنە لە ڕوخساری هەموو کەسێک دەبیندرێ ، بەڵام هی ئەو نا .. ئیتر ، ئێرە قووڵایی تاریکییە ، ژیان دەگەڕێتەوە بۆ پنتێکی ڕەش ، بوون سەرگەردان و وندەبێت .. جوانییەکان بەهایان نامێنێ . با لە جووڵە دەکەوێ ، شەپۆلەکان دەوەستن ، ئیتر لە هاوکێشەیەک ، ( ژیان مردن بەیەک دەگەن و ڕەنگەکانییان تێکەڵ بەیەکری دەبن ) ، ئیتر هەموو شتەکان ڕەش دەبنەوە و نامێنن .. لە قووڵایی ئەم تاریکی و ڕەشبینییەوە ، لە شیعری ( لێگەڕێ با لەبیربکرێ ) بە هێمنی و زۆر بە ناسکی دەڵێ:


لێگەڕێ با لەبیر بکرێ ، وەکچۆن گوڵەکان لەبیرکراون
با لەبیر بکرێ وەک ئەو ئاگرەی گۆرانی زێڕینی دەگوت
لێگەڕێ با بۆ تاهەتا و بۆ هەمیشە لەبیربکرێ
کات هاورێیەکی میهرەبانە و ئێمە پیر دەکا
ئەگەر هەرکەسێک پرسیاری کرد پێی بڵێ لەبیرکراوە
دەمێکە و زۆر لەمێژە
وەک گوڵ ، وەک ئاگر ، وەک بێدەنگی تۆپێک
کە لە نێو بەفرێکی لەبیرکراوی زۆر بەر لە ئێستا ، لەبیرکراوە


ئەوە خەمناکترین سنووری ئەو نائومێدییە کە پێی گەیشتووە ، هەموو شتەکان لەبیردەکرێن و نامێنن ، گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی کە هیچ شتێک بوونی نەبێت ، گوڵەکان ، ئاگر ، بەفر ، خۆی ...! ئیتر لەم زەمەنی لەبیرچوونەوە و ڕەشبوونەوە ، " بوون و عەشق " چ بەهایەکییان دەمێنێ ...؟! لێرەدا ئەوەمان بیر دێتەوە ، نووسەران و نیگارکێشانی ( داداییەکان ) ، کاتێک لە ژێر زرمە و گرمەگرمی بۆمب و تانکی جەنگی یەکەمی جیهانی ، ژیان هاواری لێهەستابوو ، مرۆڤبوون کەوتبووە ژێر پرسیارەوە .. لەو سەردەمانە ( جەنگ ) ژیانی وێران دەکرد ، هەموو شتە جوانەکان بەهای خۆیان لەدەست دابوو ، ( شیعر و ئەدەب و هونەر ) هیچ مانایەکییان نەمابوو ، ئەمانیش بەم هەستەوە لە هەموو شتێکییان دەڕوانی و میزییان بە هەموو شتێک دا دەکرد ، لە ئاودەستەکان پێشانگایان دەکردەوە .. لەوێدا ، جەنگ ژیانی وێران کردبوو و هەموو شتێکی بێبەها کرد بوو ، لای ساراش عەشق ، بەمانایەک / سارا بە کەوتن و ناشتنی عەشق ، بەم وێرانەیە گەیشتبوو ، ژیان ببوو بە شتێکی تووڕەهات و بێمانا و شتێکی پووچ .. هەر لێرەوە چەمکی ( پووچگەرا .. نەهیلیزم ) مانا پەیدا دەکات ..! سارا تیسدەیل زۆر ڕاستگۆیانە ژیانی خۆی دەنووسییەوە ، بە شێوەیەک ، لە نێو دەقەشیعرییەکانیدا خۆی ڕووت کردۆتەوە، دەقە شیعرییەکانی کتومت وەک ژیانی خۆی بوون ، وەک ئومێد و خەونەکان و وەک نائومێدییەکانی خۆی بوون ، لە بەرگێکی ئەدەبی و ئیستاتیکی دا .. ! بە قووڵی لە ئاستێکی فراوان خۆی ڕەسم دەکرد . هۆکارەکانی ئەم نائومێدییەش ، بە شکست گەیشتنی عەشقەکەی بوو .. بەڵام ، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئەویش ، خۆ زۆر کەسانی تر ، لە عەشق و پەیوەندییە عاتفییەکانییان شکستییان هێنا بوو ، کەچی وەک سارا بەم ئاستەی مردن و نائومێدی نەگەیشتبوون ، بە بڕوای من هۆکارەکان ئەمانەن.


یەکەم / لەبەر ئیرنستی بزنسمان عەشقی کەسایەتییەکی شاعیر و هەست ناسکی وەک( ڕاشیل لیندسەی ) ڕەتدەکاتەوە ، دوای ئەوەش هەر زوو لەگەڵ ئیرنست شکست دەهێنێ ، ئیدی هەست دەکات هەڵەیەکی یەکجار گەورەی کردووە ، بەمانایەک ، ئەو بەو هەموو ناسکییەی خۆیەوە لە نێوان دوو هەڵبژاردە ( یەکێکیان شاعیرێکی پڕاوپڕ لە هەستی جوانی و مرۆیی ، ئەویترییان کەسایەتییەکی بزنسمان و سەرمایەدار ) . ئەمیش زۆر ئازادانە و بە ئاکامی دڵی خۆی ، دووەمین هەڵدەبژێرێ ...! کە بەهۆیەوە بەم چارەنووسە و بەم ئاکامە دەگات . ، کە بەشێوەیەک پەشیمانیش دادی نادات و ئیدی ( درەنگ وەختە ...! ) ، دوای شکستهێنانی خۆی لە عەشق و ژیانی هاسەرێتی بە تایبەت دوای ئەوەی کە ڕاشیل خۆی دەکوژێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت ...! بۆیە پێیوایە هەڵەیەکی هێندە گەورەی کردووە کە پێێ دەڵێن ( هەڵەی تەمەن ) ، ڕەنگە لە پشتی ئەم هەڵەی تەمەنە هێندە خۆی بە تاوانبار و گوناهبار بزانێ کە ، جگە لە مەرگ هیچ شتێک نەتوانێ برین و ئازار و نیگەرانییەکانی ئارام بکەنەوە ، بۆیە بەو نائومێدییە گەورەیە دەگات...!


دووەم / هۆکارێکی تر ، دوای ماوەیەکی کەم بۆی دەردەکەوێت کە ، ئیرنستی بزنسمان کەسێکی ڕاستگۆ نییە و ئەوکەسە نییە ، کەوا ئەو لە خەیاڵی خۆی ئومێدی بۆ دەخواست و لە شیعرەکانیدا وێنەی رەسم دەکرد ، کەسێک بوو لە روانگەی بەرژەوەندی مادییەوە ، لە عەشق و هەموو شتەکانی دەڕوانێ ، خۆی بە خاوەنی هەموو شتێک و هەموو کەسێک دەزانی . ئەمەش بۆ سارا نامۆ و جێگای نیگەرانیی بوو ، هەستی بەوە دەکرد لە خشتەبراوە .. چونکە سارا خۆی پارچەیەک بوو لە عەشق ، ڕۆحی خۆی بە بەتاڵی بە دڵدارەکەی دەبەخشی تا پڕی بکات لە عەشق ، بەهەمانشێوە خەونەکانیشی ...! سارا شاعیرێک بوو بە ( شاعیری عەشق ) ناسرابوو ، لەسەر کتێبی ( گۆرانی عەشق ) خەڵاتی پێبەخشرابوو .. ئێستاش دەرگیری ئەم واقیعە تاڵە بووە ، هەر لەبەرئەمە ، لە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ ( ئیرنستی بزنسمان ) بەختەوەر نابێت و ناکۆکی و کێشەی زۆریان دەبێت ، کە لە ساڵی ١٩٢٩ دوای پانزە ساڵ بەیەکەوەبوون لە یەکتری جیا دەبنەوە .. سارا لە شیعری ( من هی تۆ نیم ) بە ئاشکرا باس لەم ناکۆکی و کێشانە دەکات .. زۆر بە ڕوونی بە دڵدارەکەی دەڵێ .. ( من هی تۆ نیم و لە نێو تۆدا ون نەبووم ..! یان دەڵێ / تۆ منت خۆش ویست ، بۆیە منیش تۆم دۆزییەوە . ) سارا لێرە بە وشیارییەوە قسە دەکات .. دەیەوێ ڕێز لە بوون و ئازادییەکانی بگیرێ و وەک کاڵایەک مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ...! نایەوێت ببێتە موڵکی هیچ کەسێک .. لەگەڵ دڵدارەکەی شتێک لەنێوانییان دا هەیە ئەویش عەشق ە ، بەهۆی عەشقەوە ئەمی دۆزیوەتەوە .. نەک بەهۆی سەروەت و سامان و هیچ شتێکی تر. ئێستاش نایەوێت خۆی لەنێو ئەودا ونبکات و ببێت بە موڵکی ئەو ، نایەوێت وەک دیل بژیت و لە چوارچێوەی عەشق و ژیان ، ئازادییەکانی خۆی لەدەست بدات ، چونکە دڵدارەکەی کەسێکە ، ناتوانێ لە نێو ئەم جیهانە بەرینەی عەشق بمێنێتەوە ، تا بەیەکەوە ڕێگا دوورەکانی عەشق ببڕن ...! ئیتر لێرەوە کێشە و ناکۆکییەکان دەست پێدەکەن . لە کۆتاییدا بە ناچاری و بێویستی خۆی بەوە دەگات و هاواە دەکات و دەڵێ .. ( ئیتر بەسە ...! ) هەروەک لە شیعری ( دوای عەشق ) دا دەڵێ:


ئیتر سیحرەکە بەتاڵبوویەوە
ئێمەش بینیمان وەک کەسانی دی
تۆ چیتر بۆ من موعجیزە نیت
هەروەها منیش بۆ تۆ ...


هەروەکو دەردەکەوێت لەسەرەتا ، تا ئاستی موعجیزە باوەڕی بە عەشقەکەی و دڵدارەکەی هەبوو .. ئاوها بە قووڵی چیڕۆکی عەشقەکەیان دەستپێکرد و ئومێدی ئەوەی دەخواست ، تاسەر هەروا لە نێو ئەم خەونەیان ئەفسانە بخوڵقێنن ، بەو مەبەستەی ، لە ڕێگەی عەشقەکەیان بەوپەڕی سەروەری و شکۆمەندی بگەن ، لەژێر ساباتی عەشق بۆ تاهەتایە بحەسێنەوە و ئاسوودە و بەختەوەر بن .. بەڵام ، هەر زوو بە پێچەوانەی ئەم خەون و خەیاڵە خۆشانەی ، دیوێکی تر و شتێکی جیا لەوە دەبینێت ، بۆیە دەڵێ ، ئیتر تەواو سیحرەکە بەتاڵبوویەوە ، چیتر نە تۆ بۆ من موعجیزەی ، نەمنیش بۆ تۆ ...! دوای ئەم نائومێدییە گەورەیە هەست بە تەنیاییەکی کوشندە دەکات ، ژیانی دەبێتە پارچەیەک لە ئازار و موعانات .. ئەم هەست و خەیاڵە ڕەشبینییانەی لە شیعرەکانی ( تەنیایی ) و( ئازار ) دا بە قووڵی دەربڕیوە . بە بڕوای من کەسانی نزیک لە سارا بەهۆی شیعرەکانی ( ناشتنی عەشق ) و ( من هۆ تۆ نیم ) و ( لێگەڕێ با لەبیربکرێ ) و زۆرێک لە شیعرەکانیتری ، دەبووایە لەباری دەروونی سارا تێگەیشتبان و خوێندنەوەیەکی جدییان بۆی کردبا .. لەم نائومێدییە گەورەییەی هەڵوێستەی جدییان بکردایە ، درکییان بەوە کردبا کەوا ، ژیانی سارا بە چ ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات ..!؟ هەروەکو لەسەرەتا باسمکردووە ، لە هەموو ئەو نووسینانەی لە ژیاننامەی سارایان نووسیوەتەوە لە هیچ شوێنێک باس لەوە ناکەن کەوا سارا کێشەیەکی دەروونی هەبوو بێت .. بۆ نموونە نووسەرەکانیتر وەک ( ئەدگار ئاڵان پۆ ) ( Bipolar Depression ) واتە نەخۆشی خەمۆکی جۆری بایپۆلەری هەبووە .. یان خانمە شاعیری ئەمریکی ( ئان سیکستۆن ) ئەویش manic Depression ) خەمۆکی لە جۆری مانیای هەبووە . یان شاعیر و ڕوماننووسی ئەمریکی ( جاک کیرۆک ) کە ( Schizophrenia and Depression ) واتە ، نەخۆشی ( شیزۆفرینیا و خەمۆکی ) هەبووە . هەروەها ( ڤێرگینیا وۆلف و سلڤیا پاث و ئێرنست هەمەنگوای و دیلان ثۆماس و ئیمیلی دیکنسۆن و ڤلادیمیر مایکۆفسکی و سێرگێی یاسنین و زۆر نووسەریتر ...! سارا تیسدەیل دوای ئەوەی دەگاتە ئەوپەڕی نائومێدی و تا ئاستی مەرگ هەست بە تەنیایی دەکات ، ئازار و خەمەکانی دەگەنە ئاستێک کە هیچ تروسکاییەک نابینێ ، ( جگە لە مەرگ ژیان هیچ مانایەکی نامێنێ .. ! ) ئیتر لێرە بەدوا ، جگە لە نائومێدی و تەنیایی و نیگەرانییەکانی ، باسی مەرگ و مردنیش زۆر دەکات .. هەرچەندە بە پێچەوانەی هەندێک لە نووسەران و شاعیران کەمتر باس لە ( خۆکوشتن .. Suicide ) دەکەن . بۆ نموونە ( ئان سیکستۆن ، وەک شاعیرێکی یاخی لە زۆرێک شیعرەکانی باس لە خۆکوشتن دەکات ..! ) بەڵام سارا ، زێتر باسی لە مەرگ دەکرد . دوای ناشتنی عەشق و مردنی عەشق ، ژیانی ئەو بە ڕەنگەکانی مردن خۆی دەنەخشاند یان جلی مردنییان دەکردەبەر ، لە زۆرێک لە شیعرەکانی وەک ( ئیتر ناگۆڕێ .. پێویستە گوێی پێنەدەم .. خەونەکانی دڵم .. مردن و عەشق .. دوای مردن و ... ) لەم شیعرانە و لە زۆر شیعریتریش ، بابەتی مردنی وڕوژاندووە و باسی کردووە .. بە پێی لێکدانەوەیەکی دەروونناسی ، ئەوکەسانەی یان ئەو نووسەرانەی زۆر باسی مردن و خۆکوشتن دەکەن ، وای دەبینن کەوا ، بیرۆکەی خۆکوشتن و کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆیان پێشوەختە لە بیرکردنەوە و خەیاڵیاندا هەیە یان پلانییان بۆ داڕشتووە . بە بڕوای من ، ئەگەر خوێندنەوەیەکی دەروونی بۆ شیعرەکانی سارا کرابا ، لەوە دەگەیشتن کەوا بە فیعلی ژیانی ئەم مرۆڤە لە لێواری مەرگ قەراری گرتووە ، بەدوای دەرفەتێکی گونجاو یان کاتێکی گونجاودا دەگەڕێ ، یان ئەم مرۆڤە دەمێکە ژیانی جێهێشتووە و لە نێو ماڵی مردن دا دەژی . زۆرێک لە شیعرەکانی سارا سیگنالی مەترسیدارن و کۆمەڵێک ئاڵۆزی و ڕەهەندی دەروونییان لە پشت بووە . سارا تیسدەیک دوای ئەوەی لە عەشقەکەی شکست دەهێنێ و لەو مرۆڤەی کە سوارچاکی خەونەکانێتی بێئومێد دەبێت و لێێ جیادەبێتەوە ، ئیتر شتێک نامێنێ بۆی بژی .. ژیانی بەرەو ترس و نیگەرانی و فۆبیایی دەروات ، لە شیعری ( ترس ) بە ڕوونی باسی وەزعی خۆیمان بۆ دەکات . شەوانان لە نێو چ ئەتمۆسفیرێکی ترسناک و سارد و سڕ و تاریک و خەمناک دا دەژی .. جەستە تەزیو ، بێ خەو ، خەمناک ، بیرکردنەوە لە مردن .. ناڕێکی لێدانی دڵی ، دەمێک خێرا دەمێک هێواش ، دڵتەنگییەک تا ئاستی ئەوەی کە نەتوانێ بە ئاسانی هەناسە بدات .. ئەم شیعرە ئەوەمان پێدەڵێ کە سارا ( ئەنزایەتی Anxeity ) واتە ( دڵەڕاوکێ ) ی هەبووە .. ئەم بارە دەروونییەی بەتایبەت لە شەودا ، ئەمانە هەمووی نیشانەکانی دڵەڕاوکێن .. کە ئەمەش نەخۆشییەکی دەروونییە و ئەوکەسانەی تووشی دەبن لە گەڵ ترس و نیگەرانییەکی بێوێنەدا دەژین . ئەم بارە دەروونییانەش پێویستییان بە چارەسەرە . هەربۆیە حەبی خەو و ڕەنگە حەبی هێمنکەرەوەی دەروونیشی بەکار هێنابێ . یان لە بەشێکی شیعری ( تەنیایی ) دا دەڵێ:


لە جیاتی عەشق من تەنیام
لە جیاتی هەموو ئەوشتانەی وەریان دەگرم یان دەیانبەخشم
لە جیاتی هەموو ناسکییەکانی تۆ
هەندێکجار من دڵخۆش نیم بەوەی کە دەژیم
من تەنیام لەگەڵ ئەوەی
لە بڵندترین لوتکەی دنیایەکی وێرانی ڕەنگ خۆڵەمێشی وەستاوم ...


ئەمەش پەیامێکیترە کە بە ڕوونی پێمان دەڵێ کەوا چ ئازارێک بە دەست تەنیایی و نائومێدییەکانی دەبینێ یان لە چ بارێکی دەروونی و چ فشارێکی ڕۆحی لەسەرە ..! تا ئەندازەی ئەوەی ، هیچ دڵخۆش نەبێت بەوەی کە دەژی یان ئومێد بە مردن بخوازێ ، چ خەیاڵێکی تاریک و ترسناک لە نێو مێشکییا دێت و دەچێ ..؟! گیرۆدەی چ موعانات و ئازارێکە ...؟! ، بۆ دوورکەوتنەوە لەم ترسە فۆبیاییانە ، لەم نیگەرانیی و لەم بارە دەروونییە تاریکییەی شەوانەی خۆی ، بیر لە مەرگی خۆی دەکاتەوە و بڕیار دەدات کۆتایی بە بوونی خۆی بهێنێت ، لە تەمەنی ٤٨ ساڵیدا ، لە ٢٩ی بەفرانباری ساڵی ١٩٣٣ لە شاری نیۆرک ، ئیتر دەست لە ژیان بەردەدات و پەنا بۆ مردن دەبات .. لە ڕێگەی زیاد لە پێویست بەکارهێنانی حەبی خەو کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات ، لە ئامێزی خەوێکی قووڵ ڕادەکشێ و بۆ تاهەتایە خەبەری نابێتەوە.
______________________________
سەرچاوەکان:
- پەرتووکی (لەگەڵ سایکۆلۆژیادا) سۆزان جەمال.
- پەرتووکی (Those Who Love).

- (Love Poems by Sara Teasdale).
- هەندێک سایتی ئینتەرنێت لەوانە: (Sara Teasdale.. Poem Hunter, Sara Teasdale.. Hello Poetry).

 

ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی ناڵه‌ حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک