١٨\١٠\٢٠١٢ تهوهری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١٥ -:
سازادانی: پایزە ئەحمەد
لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:
پایزە ئەحمەد:
ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە
ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە
بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک
کارتێکردنی خۆیان هەیە؟
نالیا ئیبراهیم: وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا گوتم.. لەمڕۆدا مرۆڤ بە ژن و پیاوەوە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا لە ژێر کاریگەریی یەک فەرهەنگ، دین و پەروەردە دان.. بۆیە دەکرێ ژنێک لە ژێر چەتری کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا پیاوسالار بێ، ئەوەش بەو واتایە نایەت کە ژن جەلادی خۆی بێ یان تاوانبار بێ.. بەڵکو ئەوە پیاو بووە ئەو کاتەی ژن خوداوەند و سنبولی جوانیی بووە (جوانیی بە واتا ستاتیکیەکەی نا) لە کۆششی پیرۆزکردنی دەسەڵات و هێزدا بووە و فەرهەنگی پیاوسالاریی کردۆتە فەرهەنگی باو و ژنانی کردۆتە کۆیلە!! بەپشتیوانیی دین.. هێز و دەسەڵاتی خۆی پیرۆز کردووە.. مرۆڤەکانی دابەش کردووە بە پلەی یەکەم و دووەم، بە پێی رەگەزی نێرینە و مێینە.. لە کاتێکدا ڕەگەزی نێرینە و مێینە یەک رەگەزە کە مرۆڤە!! هەر لێرەوە دەتوانین بڵێین رێگەچارە گەڕانەوەیە بۆ رەگەزی مرۆڤ و سڕینەوەی هەموو ئەو وێنە دەستکردانەی کە دەکێشرێن بە ناوی دین و کلتوور و داببونەریتی نەزانانەوە بۆ شێواندنی وێنای مرۆڤ و مرۆڤایەتی!!
نالیا ئیبراهیم: ئەوە حکومەت و دەسەڵاتە سیستەم و فەرهەنگ و دینێک دەکەنە چەتری کۆمەڵگە، لێرەوە ئەوان بەرپرسی یەکەمن لە فەرهەنگی باوکسالاریی!! هەروەها لە رووی یاساییشەوە یاساگەلێک پیادە دەکەن کە دین تێیدا (مەرجەع)ە لە بری ئازادیی و مافاکانی مرۆڤ!! بۆیە دەکرێ بڵێین بەڵێ حکومەت بەرپرسە لەبەردەم هەر کلتوورێکی دزێو و هەر نابەرامبەرییەکی تاکەکانی کۆمەڵگە و تاوانی ژنکوژیی!! کە دواجار هێز تێیدا باڵادەستە و و ئازادیی تێیدا پێشێل دەکرێ و تاوانی ژنکوژیی ئەنجام دەدرێ!!
نالیا ئیبراهیم: ئێمە دەپرسین کام رێکخراوی ژنان!! لە کام کۆمەڵگەدا!! ناکرێ هەر رێخراوێک ناوی ژن بکاتە تایتڵی خۆی لە ژێر فەرمانی حیزب و هۆشمەندیی و رامانی پیاوگەراییدا بێ ناوی بنێین ڕێکخراوی ژنان!!
نالیا ئیبراهیم: کاتێک دەگوترێ کێشەی ژن واتا کێشەی کۆمەڵگەیەک نەک کێشەی تۆیەک یان منێک وەک ژن، ئەشێ من یان چەندین ژنی دیکە دووچاری گرفتی پیاوسالاریی نەهاتبن لە خێزاندا بەڵام ئەمە نابێتە پێوانەیەک بۆ کۆمەڵگەیەک کە ژنکوشتنی کردۆتە فەرهەنگ!
_________________________________________________ لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm
|