په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٧\٢٠٢٠

وانەکانی ژیان.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

- بەشی نۆیەم -


لە بەلەبزان بۆ سەر سیروان و ھەزار پەس.


لە مانگی تموز ھاوری عەبدوڵلای مەلا فەرەج { مەلا عەلی} رۆژانە لە گەڵ ژمارەیەک لە ھاورێیان ئەچوون بۆ سەر سیروان بە مەبەستی دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاو بکرێت بە بارەگای حیزب و، ئێوارەیەک وتم بە ھاورێ مەلا عەلی حەز ئەکەم بەیانی لە گەلتان بێم بۆ سەر سیروان و، بۆ رۆژی داھاتوو لە گەڵ ھاورێیان رۆیشتین ولە تەنکاییەک لە سیروان پەرینەوەو دەستمان کرد بە بەرد ھێنان و، لە شوێنێکی دیاریکراواد بەردەکانمان بۆ ناو روباری سیروان فرێئەدا.


لە ھاوری مەلا عەلی نزیک بوومەوەو ھەردووکمان پێکەوە وەک بڵێت تەوقیت کراوین دامانە قاقای پێکەنین و سەیری یەکترمان کردو وتی ئەزانم چی ئەڵیت و، وتم ئەم بەزمە چییە؟ کێ ئەم نەخشەیە دارشتووە؟ چەند زیرەکە !، لەولاوە دوکتور نەجمەدین بە بۆڵە بۆڵ ھات وتی : بەچی پێئەکەنن؟ مەلا عەلی وتی ھاوری سیروان لە شێرە کولە ئەترسێت و، دکتۆر یەکسەر وتی کوا شێرەکولە؟ منیش بە ھێمنی وتم دوکتۆر گیان من مەلەوانم و ئەزانم ئەم شوێنە بۆ پرد دەست نادات و ئەگەر باران ببارێت ئەکەوێتە ناوراست ئاوەکەو باشتروایە شوێنێکی تر بدۆزنەوەو، ئەمە روباری سیروانە جۆگەلە ئاوی بیستان نییە و، دوکتۆر تۆرە بوو ئێمەی بەجێھێشت و، مەلا عەلی وتی :سێ چوار رۆژە ئەڵێم ئێرە باش نییەو ئەو ھەر ئینکاری ئەکات.


لە پاش پشوویەکی کورت دوکتۆر وتی مەلا عەلی با سەرەوەخوار برۆین، زۆر دوور نەکەوتینەوە تەنگە بەرێکمان دۆزییەوەو ئەم بەرو ئەوبەری سیروان کەمتر لە دوو مەتر بوو، ئاوەکە بناغەی بەردەکانی ھەڵدری بوو ئاوەرۆیەکی زۆر تیژی دروست کردبوو، بریاردرا پردلەوی درۆست بکەین.


لە رۆژی داھاتوو تەوراس و تەوەرو قازمەو خاکەنازمان برد بۆ سەرچەم، لەوی بووین بە دووبەش، بەشێک بە ھەڵکەندن و دروستکردنی نیمچە دیوارێک لە ھەردوو بەرەکەی سیروانو، بەشی دووەم برۆن بۆ چەمی گریانە و دار چناری سور بێنن و، من لەگەڵ داربرین چووم و، گریانە چەمێکی گەورەو پر بوو لە سورەچنارو، بەدەم قسەکردن لە ماوەیەکی کورتدا دوو داری گەورەمان برییەوەو، بە دارە ‌لۆس و بە ١٢ کەس ئەم بەرو ئەوبەری دارەکەمان گرت و بە سێ چوار قۆناغ دارێکمان گەیاندە ھەزار بەس و، زۆر ھیلاک بووین و دارەکە زۆر قورس بوو، بەو جۆرەی ئێمە کۆمەڵێک لە ھاورێیان چوون و ئەوانیش دارێکی قورس و گەورەیان ھێناو، لە رۆژی سێیەمدا پردمان دامەزراندن.


لە ١٦/٨/١٩٧٩ سەدام حوسەێن بەیانی ژمارە ١٠٩ ساڵی ١٩٧٩ لێخۆشبوونی بۆ سەربازو خەڵکی مەدەنی راگەیاندو ،ژمارەیەک لە ھاورییان سوودیان لێوەرگرت و گەرانەوە ناو شارو دێھاتەکانیان و، لە پاش شەری پاوە ٢٣/٨/١٩٧٩ ــ ٢٨/٨/١٩٧٩دەستمان کرد بە گواستنەوە لە بەلەبزان بۆ سەری سیروان و، من ھاوری نەژاد تەوفیق برای شەھید ھێمندوشکایەکمان ھەبوو زۆر قورس بوو دووقۆڵی ھەڵمانکرت و لە پاش ھیلاکییەکی زۆر گەیاندمانە شوێنی خۆی و، ئەو کات بارمان قورس نەبوو یەکی بەتانییەکی سەربازیمان ھەبوو، کەممان دوو قاتی جلی ھەبوو.


ھەزار پەس رووتەن بوو داری نەبوو. ئێمە لە چەمی گریانەوە زۆر نزیک بووین، کەپرێکی شرکەمان دۆوست کردبوو بەشی نووستنی سێ چوار کەسی ئەکردو ئەوانی تریش لە بەر ھەتاو یان لە نزیک ئاوی سیروان ئەمانەوەو، دووای شەرکەی پاوە چوار پێشمەرگەی دیموکرات کەوتنە لای ھاورێیان و لە لای ئیمە دانران و ئیواران بە کۆمەڵ ئەچووین بۆ گۆمەکەی سیروان نزیکی چەمی گریانەو ، بە جەلاتین و کەپسول بۆمبی پچوکمان دروست ئەکردوھەڵمان ئەدا بۆ ناو گۆمەکەو ماسی سەر ئاوەکە ئەکەوت و منیش لەو کارە زۆر شارەزا بووم و ماسیم ئەگرت و، یەکێک لە پێشمەرگەکانی دیموکرات ناوی کەمال بوو ھاواری ئەکردو بە ناوی باوکم ‌رەجەب بانگی ئەکردم و ئەیوت رەجەب، رەجەب ئەوە ماسییەکی گەورەیەو، ھاورێ مەلا عەلییش قاقا پێئەکەنی و، ئەیوت ھێشتا دوو مانگ نییە بوویت بە پێشمەرگە، کەچی لە باتی نازناوەکەت بە رەجەب بانگت ئەکەن!.، لە پێشمەرگایەتی زوربەمان ناوێکی ترمان ھەبوو، بۆ ئەوەی دوژمن بە ئاسانی نەمانناسێت.


لە پاش چەند رۆژێک بە رێگایەکی جێی متمانە برادەرانی دیموکرات گەرانەوە بۆ لای پێشمەرگەکانی دیموکرات و، جێی ئاماژەیە لە پاش چوار مانگ من ھاورێ شیخ رەسول چووین بۆ مەھابادو، لەوی ھەوالی کەمالمان پرسی و لە پاش ماوەیەک ھات و بە زۆر ئێمەی برد بۆ ماڵەوەو بە دایک و کەسوکارو خزمەکانی وت: ئەمانە ژیانی من و سێ پێشمەرگەیان پاراست و، لەو ماوەیەدا کەمال و برادەرانی تر زۆر یارمەتی و خزمەت من و ھاورێیان کردو، ئەو کات مەھاباد بە دەستی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، لەو رۆژانەدا ئێمە لە مەھاباد بووین میتنگێک بۆ رەھبەری چریکھای فدایی خلق ایران ( ئەشرەف دەھقانی) رێکخرا ( مانکی شوبات ١٩٨٠) بوو.


رۆژێکیان بە ئۆتۆمبێل ئاردمان بۆ ھات بۆ دێی ھێرتاو، داوا لەو ھاورێیان کە توانایان ھەیە کرا برۆن ئارد بگوێزنەوە بۆسەر سیروان و نزیکەی پەنجا پێشمەرگە رۆیشتین و، لەوێ زۆر لە ھاورێیان حەزیان کرد خۆیان بکەن بە لێپرسراوو، منیش بەبێ گویدان بەم و بەو فەردەیەکی پەنجا کیلۆییم ھەڵگرت و، بەرەو سەر سیروان رۆیشتم و لە رووباری سیروان لە گەڵ ئاردەکە پەریمەوە ئەو بەرو، گەرامەوە بنکەکەی خۆمان.


لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم / ئوکتۆبەر ١٩٧٩ لەو رۆژە سەخت و دژوارانەدا مەفرەزەیەکی ٤٧ کەسی بە ٥ چەکەوەو، بە سەرپەرشتی وفەرماندەیی ھاورێ تەوفیقی حاجی یادی بەخیر کەوتینەری لە ھەزارپەس بۆ تووژەڵەو ناوزەنگ.


٢٧\٦\٢٠٢٠

 

 

- بەشی دەیەم -


لە ھەزار پەس و چەمی گریانەوە بۆ تووژەڵە و ناوزەنگ.

‌ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم / ئوکتۆبەری ١٩٧٩ رۆژانێکی سەخت و دژوار بوو رژێمی خوێنرێژی دیکتاتۆر سەدام حوسەێن و حیزبی بەعسی عەرەبی خاوەنی ھێزێکی گەورەو کوشندە ‌بوون و کەش و ھەواش رووی لە ساردی بوو جلوبەرگی ئێمەش ھاوینە بوو چەکمان کەم بوو ئاسان نییە مەفرەزەیەکی ٤٧ کەسی بە ٥ چەکەوە بە چەند قۆناغێک لە دامێنی ھەورامان و پشتی ھەڵەبجەوە بە ناو ئاگرو ئاسن و بنکەو رەبایەکانی سوپاو جاش بگاتە توژەڵەو ناوزەنگ لە باکوری شاری قەلادزێ وپشتی شاخی مامەندە لە سەر سنوری عێراق ـ ئێران.


قۆناغی یەکەم : فەرماندەی مەفرەزەکە لەلایەن مەکتەبی عەسکەری بنکەی پێشمەرگەکانی حیزب لە ناوچەی ھەورامان دەستنیشان کراو ھاورێ تەوفیقی حاجی بوو، بەیانی زوو کەوتینەری ولە پاش چەند کاتژمێرێک گەیشتینە ھاوار، ھاوار یەکێکە لە جوانترین شوێنەکانی کوردستان و، بەعسییەکان ئەم بەھەشتەیان تێکدابوو، لە ھاوار پشوویەکی باشمانداو لە خواردنی گوێزو ھەنارو میوەی تر دریغیمان نەکردو، لە پاش نیوەرۆ خۆمان ئامادە کردو ھاورێ تەوفیق وتی : ژمارەمان زۆرەو چەکمان کەمەو رێگاکەمان دوورو درێژە و پرە لە مەترسی و، قسەکردن و جگەرەخواردن لە کاتی رێکردن قەدەغەیەو، ئەمانەوێت بەبێ زیان بگەینەی بارەگای سەرکردایەتی.


مەفرەزەکە کەوتەرێ دوو ھاوریی چەکدار لە پێشەوە بوون یەکێکیان شارەزای ناوچەکە بوو، ھەرچۆنێک بێت لەم رێگا بۆ ئەو رێکا پەرینەوەو دەرنگانی شەو بوو گەیشتینە دێی شیرەمەرو، دووسی ھاورێ چوونە ناو دێ بە مەبەستی کۆکردنەوەی نان و، لە گەڵ ھاتنەوەی ھاورییان بەرەو خۆرنەوزان لە شاخی سورێن سەرکەوتین و، ھەموو ھاورێیان کفت بوون و یەکسەر خەوتن.


بەیانی زوو دوو نەفەر لە گەڵ دوو بەران گەیشتنە لامان و، وتیان ئەوا دوو بەرانمان لە سەر داوای برادەرانتان کە شەو لە ناو دێ بوون ھێناوەو، ھەردوو بەران سەربران و، گۆشت بە سەر ھاورێیان دابەش کراو، ئیتر ھەرکی بۆ خۆی یان بە کۆمەڵ دەستکرا بە گۆشت برژان و، گرفتی سەرەکی شوێنەکە رووتەن و بێدارو کەم ئاو بوو.


قۆناغی دووەم : نزێکی ئێوارە بوو ھاورێی فەرماندە وتی خۆتان ئامادە بکەن و، ئەبی کورجوگۆڵ بن و رێگاکەمان زۆر درێژە و، لە پاش ئەو ئامۆژگارییانە کەوتینە رێ و دەوروبەری کاتژمێرنۆی شەو لە رێی نێوان سید سادق ــ کۆڵۆس و پێنجوێن نزیک بووینەو، وتیان بوەستن کەمین و دەبابە لە سەر رێگاکە ھاتوو چوو ئەکات و، کەمێک بەرەو دوواکشاینەوەو، ھەر زوو کەمێن و تانکەکە گەرانەوە بەرەو شاندەرێ و سەید سادق و پەرێنەوەو، گەیشتینە دێی قەویلە کە پێش ماوەیەک لەم دێیە بەرەو پێشمەرگایەتی چووم و، دووسێ ھاورێ چوون بۆ نان کۆکردنەوەو، کەمە کەمە لە دۆڵی گەڵال بەرەو سەر رۆیشتین و لە نێوەیەدامەفرەزەکە وەستاوھاورێ تەوفیق وتی باپشوویەک بدەین و رووی لە من کردو وتی ناخەویت ؟ لە کاتی کردنەوەی بارەگای حیزب لە پارێزگای سلێمانی ئەیزانی ناخەوم و ھەموو جارێک ئەیوت ناخەویت؟، و ھەر کە ھاورێ وتی باپشوویەک بدەینئەوەندە بلێت یەک و دوو ھەموو تێکرا نووستن و من شیخ رەسول نەنووستین و لە پاش کاتژمێرێک ھەموو ھاورێیان بیداربوونەوەو کەوتینەرێ و کاتی نان و چاخواردنی بەیانی گەیشتینە دێی پارەزان و، کاتی ھاتم بۆ پێشمەرگایەتی سێ رۆژ لەو دێیە لە ماڵ کاک حەمە جەزا قاینەجێی ماومەوەو، پشوویوکی باشمانداو بۆ نێوەۆو میوانی کاکە حەمەی حاجی مەحمود بوین و، نانمان خواردو دیسانەوە پشوومانداو ئێوارە کەوتینەرێ و لە بناری شاخی سورەبان پشوویەکی ترمان بەسەر بردو، مەفرەزەکە کەوتە جوڵە و نەوەستاین تا گەیشتینە دێ نێروان( نێوران) و، ئەوەش قۆناغی سێیەم بوو.


قۆناغی چوارەم : دێی نێوران سەر بە شاری بانەیەو لە سەر سنوورەو، شەو لەو دێیە بە ئازادی نووستین و ماینەوەو بردەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەوێ بوون و ژماەرەی پێشمەرگەکانیان زۆر بوون و، لە پاش پشوویەکی باش و رۆژ بووەوە نان وچای بەیانیمان خواردو دێسان کەوتینەرێ تا گەیشتینە ئەسپەمێزەو لەم دێ جوانە نانی نێوەرۆمان خواردو بۆ ئێوارە گەیشتینە دێی دەرمان ئاواو، ئەوەی جێی خۆشییە سروشتی ھەموو دێھاتی ئەم ناوچەیە دڵ فرێن و جوانن و، ئەو شەوە لە دەرمان ئاوا ماینەوە.


قۆناغی پێنجەم و کۆتایی: لە پاش پشوویەکی باش بەرێ کەوتین و گەیشتینە دێی بێوران و، روومانکردە دوکانەکانی و ھەر یەک لە ئێمە ھەندی شتی وردەواڵەمان کری و کەوتینەری بەناو گوڵ گوڵزارو لە ھەموو لایەکەو ئاو خورەی ئەھات و، گەیشتینە دێی بنوخەڵەف و، لە پاش نیوەرۆ گەیشتینە بارەگای سەرکردایەتی پێشمەرگەکانی حیزب لە توژەڵەو، لەوی پشوومانداو نانمان خواردو، دابەش کراین بە سەر بنکەکانی حیزب لە ناوزەنگ و زەڵێ و، ئێمە کۆمەلێک بوین بەر بنکەی ھاورێیانی ھەولێر کەوتێن و، لەو بەرپرسانە کە لەوێ بوون: مامۆستا فەتاح تەوفیق {مەلا حەسەن} و مەلا ئەحمەد حاجی برایم {مەلا نەفتە}.


لە پاش ماوەیەک ئێمەیان گواستەوە بۆ زەڵی و، لەلای ھاورێیانی پشدەر ماینەوەو ھاورێ مەحمود خدر بەرپرس بوو، لەو کاتانەدا مەفرەزەی سلێمانی لە ١٥ ھاورێ پێکھێنراو، ھاورێ حەمە کەریم قەرەچەتانی {حەمە ساڵح} بوو بە فەرماندەی مەفرەزەو، لە ناوەراستی مانگی کانونی یەکەم ( دێسەمبەر) ١٩٧٩ بۆ ئەکەمێن جار لە تووژەڵەوە مەفرەزەکە بەرەو دێھاتی شارباژێر کەوتەرێ.


٥\٧\٢٠٢٠

 

 

- بەشی یازدەم -


تێکۆشان لە ناو لێژنە تایبەتمەندییە جیاجیاکاندا.


لە سەرەتای درۆستبونی حیزبی شیوعی عێراق شیوعییەکان بە ھاوکاری و پشتگیری یەکتری تیکۆشاون بۆ ئەوەی رۆڵی حیزب لەناو کۆمەڵگا گەورەو کارا بێت بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتی و داکۆکیکردن لە بەرژەوەندی ھەژارو زەحمەتکێش و رەنجدەران و ئاوات و خواستی جەماوەری گەل بەرجەستە بکەن و بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ئەرکانەو بە یارمەتیدانی رێکخستەکانی حیزب و ھاورێیان و لە سەر رۆشنایی و پرۆگرامی حیزب چەندین لێژنەی یان مەکتەبی تایبەتمەندی { اللجان المختێە} دامەزراولێرەدا زۆر بە کورتی وبە سادەیی باس لە ٣ لێژنەی تایبەتمەندی ئەکەم و خۆم لە ھەرسێ لیژەنەکەدا بەشدار بووم:


لێژنەی تایبەتەمەندی کرێکاران : ئەملێژنەیە لەم ھاورێیانەی پێکھاتبوو : ئەحمەد رەجەب ( کارگەی شەکری سلێمانی) ، سلاح رەشید ( کارگەی چیمەنتۆێ سەرچنار) و عمر عەلی ( کارگەی تەنقیحی توتن).


تۆژینەوەو خویندنەوەی باری کرێکاران لە سەرجەم کارگەو شوێنەکانی کارکردن و بەرزکردنەوەی راپۆرت بۆ حیزب لە بارەی کێشەو گرفتەکانی کرێکاران و، ئامۆژگاری و رێنمایکردنی کرێکاران بۆ پەرەدان بە تێکۆشان و فشارخستنە سەر خاوەن ئیش لە رێگای سەندیکا ( نەقابە) وە بە مەبەستی پاراستنی مافەکانیان وەک خراپی ژیانی کرێکاران . کاتی کارکردن لە ٨ کاتژمێر زیاتر نەبێت ، گرنگی بدرێت بە گرێبەستی کار لەگەڵ کرێکاران ، خاوەن کار پێداویستی سەلامەتی کار ئامادە بکات، کرێکاران نوێنەریان لە دادگاکانی کار ھەبێت.


یەکێک لە ئەرکەکانی مەکتەبی تایبەتمندی لە کاتی ھەڵپژاردنەکاندا دەستنیشانکردنی نوێنەرانی کرێکاران و، ھەوڵدان بۆ بردنەوەو ، لێرەشدا داوامان لە حیزب ئەکرد بۆ یارمەتیدان و ھاندانی ھەموو ھاورێیان بۆ پشتگیری داواو خواستی مەکتەبەکەمان و، لەو کاتانەدا چەندین کۆبونەوەی فراوانمانبۆ کرێکاران ئەنجامداو نوێنەری کرێکارانی سلێمانی بووم لە کۆبوونەوەی تایبەتمەدی کرێکارانی ناوەندی لە بەغدا بە سەرپەرشتی ھاورێیان ئاراخادۆر و جەعفەر فەلاحی.


ئەندام نوسینگەی کرێکارانی ھەرێم بووم و، ولەو ماوەیەدا بەدوواچوون و سەرپەرشتی کۆبوونەوەی فراوانی کرێکارانی قەزاکان{ دەربەندیخان و ھەڵەبجەو قەڵادزی } م کردو ، لە بەر دەزگا سەرکوتکەرەکانی حیزبی بەعسی عەرەبی ھەموو کۆبوونەوەکان نھێنی بوون.


نووسینگەی رۆژنامەگەری: لەم ھاورێیانە پێکھاتبوو : ئەحمەد رەجەب ، ئەحمەد ساڵح ، شاعیری گەورە حەسیب قەرەداغی، محەمەد رەووف زوھدی ، ھۆگر گۆران وھێرۆ گۆران و، بە یارمەتیدانی نووسەرو رۆشنبیرانی ترو قوتابیانی زانکوی سلێمانی و، لەوانە ھاورێیان : مامۆستا حەمە رەشید ھەورامی ، نورا، شاکر الانباری و ژمارەیەکی تر.


من پەیامنێری رۆژنامەی بیری نۆی وگریق الشعب بووم ، ھەرچی ھەواڵ و کاری رۆژانەم ئەدا بە ھاورێیانی مەکتەبی پارێزگای سلێمانی و ھەروا ئەمنارد بۆ رۆژانەمەکان و، ئەرکەکاتی ترم نووسینی ریپۆرتاج و راپۆرت وژیانی گەل و بایەخدان بە کرێکاران و کۆمەڵە ھەرەوەزییەکان و، نووسین لە سەر تێپی نواندنی پێشرەوو ، تیپی مۆسیقای سلێمانی و چەندین جار چاو پێکەوتن لە گەڵ ھونەرمەندانی گەورە ئەحمەد سالارو، حەمە رەشید ھەرەس و ئەنوەر قەرەداغی و، لە ھەموو چالاکییەکان ئامادە ئەبووم و، ئەندامی نوسینگەی رۆژنامەگەری ھەرێمی کوردستانی بوم.


مامۆستا حەسیب قەرەداغی بە ھۆی سەرقاڵی بە یەکێتی نووسەرانی کورد کەمتر لە کۆبوونەوەکانی مەکتەب ئامادە ئەبوو، ھەرچی نووسینێک بە ئەدەب پەیوەست بوایە ( شیعر، چیرۆک و پەخشان) بەرەرووی مامۆستامان ئەکرد.


مامۆستا ئەحمەد سالح بە تایبەتی لە سەر گوڵ و گوڵزارو درەخت و رەوەکی ئەنووسی و مامۆستا رەووف زوھدی سەبارەت بە کۆمەڵگا ئەینووسی و ھاورێیان ھۆگرو ھێرۆ لە شیعر و چیرۆک و بابەتی تریان ئەنووسی، جێی ئاماژەیە من ھاورێ رەووف زوھدی کتێبی: دەربارەی ئازادی ئافرەت { حول تحرر المرڕە)مان وەرگێرایە سەر زمانی کوردی و ناردمان بۆ (دار الرواد)ی حیزب لە بەغداو بریار بوو چاپ بکرێت بەڵام لە ھێرشە گڵاوەکەی حیزبی بەعسی عەرەبی و دیکتاتۆر سەدام حوسەێن بۆ سەر حیزب و دەستبەسەراگرتنی دار الرواد کتێبەکە دیاری نەماو لەناوچوو.


خۆلێکی رۆژنامەگەریمان بۆ ھاورێیان کردەوە.


نوسینگەی بەرێوبردن {الادارە} : لەم ھاورێیانە پێکھاتبوو : ئەحمەد رەجەب ، سەید باقی و دکتور عەلی سەعیدو کاروبارمان بەم شێوەیە دابەشکردبوو ھاوکاری یەکتری بووین : ھاورێ دکتور لە پرسگەی بارەکا، ھاورێ سەید کاروباری ناوخۆێی بارەگاو، منیش لە گەڵ ھاورێیانی تردا یان بە تەنھا بۆ بۆنە کۆمەڵاییەتییەکان وەک بانگھێشتنی حیزبەکان و دەزگا حکومییەکان و ئاھەنگ و پرسەو سەرەخۆشی وبابەتی ترو، رێکخستنی ئاھەنگ وبۆنەکانی حیزب.


لە کۆتاییدا ئەڵێم یادی ھاورییانم بەخیرو روحیان شادو ئاسوودە بێت : عمر عەلی، ئەحمەد ساڵح، حەسیب قەرەداغی، رۆوف زوھدی، دکتور عەلی و سید باقی و ھیوادارم ئەوانی تر لە ژیاندا بن.


٨\٧\٢٠٢٠

 

 

- بەشی دوازدەم -


یەکەمین مەفرەزە لە زەڵێ بۆ دۆڵی جافایەتی.


دوای ھەوڵێکی بێوچان مەفرەزەیەک بەناوی سلێمانی لە بارەگای حیزب لە زەڵێ لە کۆمەڵێک کادیرو ئەندامانی حیزب پێکھات و بەبێ وەستان بەو سەرماو سۆڵەو بەفری زستانە کەوتەرێ بەرەو دۆڵی جافایەتی و ناوچەکانی شارباژێرو لە رۆژی یەکەمدا مەفرەزەکە گەیشتە دێیەکی جوان بەناوی دەرمان ئاواو بۆ رۆژی داھاتوو خەڵکی دێکە وتیان مەرۆن و بە فر زۆرەو جاروبار شاخی زەردکە رەنوو ئەکات بەڵام ئێمە لە ناو ئەو بەفرە زۆرەی شاخی زەردکە رۆیشتین و، گەیشتینە دێیەکی جوان دڵفرێنلە بناری شاخەکە و پرسیمان ئەم دێیە ناوی چێیە ؟ وتیان ئەمە بێتوشە.


نانی نێوەرۆمان لە بێتوش خواردوو، ھاورێ حەمە کەریم قەرەچەتانی فەرماندەی مەفرەزەکە بوو پرسیاریکرد ئایا ئەتوانین بگەێن بە دێیەکی دۆڵی جافایەتی؟ یەکێکی شارەزا وتی کات درەنگە و شارەزا نین و ئاستمە بگەنە دێیەکی دۆڵی جافایەتی و، لە بێتوش دەرچووین گەیشتینە دێی ئەشکان و ئەو شەوە لەوێ ماینەوە.


لە سێیەم رۆژدا کەوتینەرێ و لە پاش ماوەیەک گەیشتینە دێی ھەرزنەو، لەوێ گەیشتینە سەر ئاوی کەڵوێ ( روباری زێی بچوک) و، بۆ پەرینەوەو لەم بەرو ئەو بەری روبارەکە ئاسن ( ستون) داکوترا بوو ھەردوو سەری ئاسنەکان بە ھۆی ‌کێبڵیکی بتەو بەیەگەیشتبوون تەشتێکی گەورە لە گەڵ چەرخێکی پێوە بەسترابوو چوار چوار بە راکێشانی تەشتەکە خەڵک ئەم بەرو ئەو بەری ئەکرد و، ئێمەش بەو شێوەیە لە رۆژھەڵاتی کوردستان سنورە دەستکرەکانمان بەزاند و بە دوو خولەک پەرینەوەو گەیشتینە خاکی باشووری کوردستان.


دۆڵی سەفرەو زەرون بەھۆی تواندنەوەی بەفر جۆگەلەیەکی دروست کردبوو زۆر سارد بوو ھەر پێنج شەش خولەک پێویستە بپەرێنەوەو ئەوەندە ئەم بەروو ئەو بەرمان کرد سەرەرای سەرماکە ھیلاکی کردین تا گەیشتینە دووریانێک و، لەوێ وەستاین و بە ھۆی برایانی ""قاچاغچی"" زانیمان ئەوەی دەستە چەب بەرەو ولاخ لوو ئەروات و ئەوی تریان بەرەو گەورەدی و مالومە و، ئێمە کەوتینەری بۆ گەورەدێ و رێگاکە زۆر سەخت و پر لە ھەورازو نشێوو بوو لە پشوویەکی چەند خولەکی دوکتۆر فارس رەحیم کادری ناسراوی پارێزگای سلیمانی یادی بەخێر وتی : ئێمە خاوەنی ئەم ھەموو ھەردوو دۆڵ و شاخی سەختەێن و، ھەزاران شاخی لەم شێوەیەو بەرز ترمان ھەیەو خاوەنی ھیچ نین.


لە بەر سەرما ھەڵئەلەوزین و ناوچەکە پوش و پەڵاش و چیلکەی لێنەبوو ئاگر بکەێنەوەو، بە دەم قسەکردن گەیشتینە دێی گەورەدێ کە لەلایەن حیزبی بەعسی عەرەبی کاولکرابوو، دەمە ئێوارەیەکی درەنگ گەیشتینە مالومەو چووینە مزکەوتەکە و کەمە کەمە سەرماکە لە لەشمان باریکردو نەماو، لەو کاتانەدا گەنجێکی قۆز ھاتە پێشەوەو پرسیاری کردو وتی : ئێوە کێن؟ لە کوێوە ھاتوون؟ وتمان ئێمە پێشمەرگەی حیزبی شیوعین ئەمە یەکەمین مەفرەزەمانەو، گەنجەکە وتی : ئێستابرادەرێکی ئەنجومەن دێت و بە سەرماڵاندا دابەشتان ئەکات و، منیش لە گەنجەکەم پرسی ئەی ئێوە کێن؟ وتی من لیرە مامۆستای قوتابخانەم و، یەکسەر وتم مامۆستا لە خانەقین جەنابتان کوری کێن؟ و، مامۆستا وتی من لە خێزانی قوتبی وێنەگرم و ناوم رەمزی یە و چۆن ئەزانیت خەڵکی خانەقینم؟ و، وەڵامم دایەو پێخۆشحاڵم برایەکی کاکەییم دۆزییەوە و بە تۆنی قسەکردنتان زانیم خەڵکی خانەقینن و خێزانەکەتان ناسراوە و کەسانی بێوەین.


بۆ یەکەمجار لە ماڵێکی جوتیاری ھەژار نانمان خواردو کە وتمان ئەگەرێنەوە بۆ مزگەوت دوو پەتانیان داپێمان بۆ نووستن و، لە مزگەوت زانیمان بەیانی رۆژ ئەبێتەو ئەچینە ھەمان ماڵ نانی بەیانی ئەخۆێن.‌


نانی بەیانیمان خواردو نمە نمە باران بوو چووین بۆ دێی یاخسەمەرو، لەوێ دکتۆر فارس و عەلی بچکۆلی شەھید مام عوسمان ئەچنە دوکانێک عەڵی بە دوکتۆر ئەڵێت کام رەنگیان ھەڵبژیرم، دکتور دەست بۆ رەنگێکی زەق ئەبات و ژنەکەی خاوەن دوکان ئەڵێت وی دایە ئەم مامەیە چەند دڵی تەرە؟ دوکتوریش ئەڵێت خۆشکە بۆ دڵم تەر نەبێت خوا نەیبرێت لە مالومە تا ئێرە لە ژێر باران بووم و ، نانی نێوەرۆمان خواردو شەویش لە مزگەوت خەوتین.


ئیتر لەم دێ بۆ ئەو دێ ، لە ھەڵەدەن بۆ سەرگەڵو، چاڵاوەو گەرانەوە بۆ مالومەو لەوی چاومان کەوت بە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی و کاک جەمال عەلی باپیری فەرماندەیان و پێخۆشحاڵ بوون بە ھاتنی شیوعییەکان بۆ ناوچەکەو ، لە پاش نیوەرۆ یاری فوتباڵمان پێکەوە کردو رۆژێکی نوێ و خۆش بوو، شەو پێکەوە بووین من لە گەڵ مامۆستا رەمزی کاکەیی باسی زۆر شت و کەسایەتی شاری خانەقینمان کرد. لە رۆژی داھاتوو رۆیشتین بۆ دێی چۆخماخ ، مێۆلاکەو گاپیلۆن تا پاش چەند رۆژێک گەیشتینە قەیوانی سەروو ، بۆ ئێوارە چووینە قەیوانی خواروو لەوی کابرایەکی شێخ ئەگەر لە یادم بێت ناوی (شیخ تالیب) بوو ھاتە پێشەوەو وتی ئێوە سەر بەکام موستەشارن ؟ و، یەکسەر ھاورێ حەمە کەریم قەرەچەتانی بە توورەییەو وتی: جەناب بەم شەوە جاش ئەتوانێت بەم ژمارە کەمەبێتە ئێرە، ئێمەش ھەر ھەموومان ویستمان لە کابرای شێخ بدەێن ( ئەوکات گەنج بووین) و، خەڵکی دێکە وتیان بۆ خاتری خوا وازی لێبێنن و، ویستمان برۆێن خەڵکی دێکە نەیانھێشت و شەو لەوێ ماینەوە.


شەوی ٢٧ ی کانونی یەکەم / دێسەمبەر ١٩٧٩ لە دەوروبەری کاتژمێر دە رادیۆمان کردەوەو یەکێک لە ھەواڵەکان ئەوە بوو بابراک کارماڵ بۆ بە ( سەرۆکی ئەنجومەنی شۆرشگێری) لە ئەفغانستان بۆ بەیانی لە کازیوەدا ھەڵساین و چاوساغ ھاورێ { عمری حەمە بچکۆل ــ مەلا حوسەێن} پێشمان کەوت و لە نزێک جادەکەی مەوکەبە ھاورێیەک وتی بوەستن و سەیرکەن ئێمە بەرەو رووی بنکەی سەربازی ( رەبییە) ئەرۆێن و ئەوە سەربازیکە لەویدا ھاتووچۆ ئەکات و دیارە پاسەوانە و، ئێمەش بەدیققەت سەیری ئاسۆکەمان کردو دەرکەوت راستە رەبییەو، ھاورێ حەمە کەریم وتی تا زووە و سەربازەکان نەیانزانیوە بەدەستە راست لابدەن. لە پاش سێ چوار خولەک چووینە شوێنێک بە دانشتن سەربازەکان دیار نەبوون، ھاورێ قەرەچەتانی وتی : ئێمە بە ھەڵەی مەلا حوسەێن ناچار بووین لامانداو، جادەی مەوکەبە ٨٠ ـ ١٠٠ مەتر لێمان دوورەو، رۆژانە سوپا رێگاکە بۆ گواستنەوەی سەربازو خواردن و ئاو بە کار ئەھێنێت بۆیە نابێت کەس قسەو ھەلسوکەوت بکات و، بە پێوە بوەستێت و، ئەگەر تووشی شەر ببینھەموومان شەر ئەکەێن تا تیا ئەچەین و چەکەکانمان خراپەو فیشکمان کەمە بۆ ئاگاداری ( فەرماندەکەمان) تەنھا یەک مەخزەنی ٣٠ فیشەکی پێ بوو، لە بەرەبەیان تا ئێوارە لەو شوێنە مەترسیدارە بەو سەرمایەو بەبێ نان و ئاو ماینەوە.


لە شەوێکی تاریک وتا بەرەبەیان رێمانکرد تا گەیشتینە دێی گەنکێ و لەوێ چەند ماڵێک خزمەتیان کردین دەرکەوت خزمی ھاورێ مەلا حوسەێنن و ، لە پاش نانخواردن وتیان چەند رۆژێکە مقۆمقۆی ھاتنی سوپاو جاشە بۆ دێکە و باشترە برون و نان و ھەندێ پێداویستیمان وەرگرت و لە دێ دەرچووین و، دیسان لە شوێنێکی تر ئەو رۆژەمان بە سەر بردو، دەمەو ئێوارە کەوتینەرێ بە سەر کۆنە ماسییەوە خۆمان گەیاندە کاپیلۆن و زۆر ھیلاک بووین.


لە پاش گەشتێکی ( جەولەیەکی) پێشمەرگانە چووینە ولاخ لوو، وشەو لەوێ خەوتین و لە بەرەبەیان بۆێ دەرچووین و بە دۆڵی سەفرەو زەرون و بە ھەمان رێگای ھاتنمان گەراینەوە بۆ دێی ھەزنەو، لە پاش پشوویەکی باش بۆ ئێوارەکەی چووینە دێی پێتوش و شەو لە بێتوش ماینەوە و، خەڵکەکە وتیان شاخی زەردکە ترسناکە و رەنوو ( ھەرەس) ئەکات مەرۆن بەڵام ئێمە رۆیشتین وکە گەیشتینە لوتکەی شاخەکە دوکتور فارس خورمایەکی لە گیرفانی دەرھێناو دای بە عەلی بچکۆلوتی بیخۆ وزەت ئەداتی و سەرما وەک کوێزان وابوو عەلی وتی دکتۆر وزەی چی ! و، بە سەلامەتی گەیشتینە دەرمان ئاواو بەبێ وەستان گەراینەوە بۆ بارەگای حیزب لە توژەڵەو زەڵی.


٢٩\٧\٢٠٢٠

_____________________________________________

بەشەکانی ٥، ٦، ٧، ٨: www.emrro.com/wanekanijiyan5678.htm

بەشەکانی ١، ٢، ٣، ٤: www.emrro.com/wanekanijiyan1234.htm


ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک