په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠٢٠

وانەکانی ژیان.


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   

- بەشی یەکەم -

 

لە کارگەی چنینی کورانی ھەولێر بۆ پەروەردەی سلێمانی.

بە ھۆی لوتبەرزی حیزبی بە عسی عەرەبی بەیانی ١١ ئازار شکستیھێنا و بارتی دیموکراتی کوردستان دیسانەوەناچارکرا روو لە شاخ بکاتەوەو پەیوەندی حیزبی شیوعی عێراق و پارتی رۆژ لە دوای رۆژ رووی لە خراپەو ئاڵۆزی و گرژی و تووندوتیژی بوو، لەو رۆژانەدا تەقە لە ھاورێ ئەحمەد حامید کراو چەند گوللەیەکی بەرکەوت ولە سەرەتای مانگی تەموزی ١٩٧٤ تەقەیان لە ھاورێ (فکرەت جاوید) کرد و لە بەر ماڵی خۆیان شەھیدیان کردو پارتی کە ‌چووە دەرەوە ھەڵوێستی دوژمنکارانەی بەرانبەر بە حیزبی شیوعی گرتەبەر.


وەک پێشتر لە نووسینێکدا بە ناونیشانی : لە کارگەی شەکری سلێمانی بۆ کارگەی چنینی کوورانی ھەولێر، لە سەر درۆ شاخدارەکەی (عومەر باوەمردەیی) بلۆک دزو درۆزن بە بریاری کاک عەلی عەبدوڵلا سەرکردەو یەکێک لە دامەزرینەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارێزگاری سلێمانی گوازرامەوە لە کارگەی شەکری سلێمانی بۆ کارگەی چنینی کووران لە ھەولێر، دیارە دەسەڵاتی کاک عەلی سنووردار بوو، ھەر ئەوەندە بوو من لە سلێمانی دوور بخاتەوە بۆ ھەولێر.


لە سلێمانی دوورخرامەوەو ، لە ھەولێر لە کارگەی چنینی کوران زۆر دڵخۆش بووم، ئێواران ئەچوومە بارەگای حیزبمان ، حیزبی شیوعی یان بۆ چاخواردنەوەیەک و گەشتێکی خۆش لە گەڵ ھاورێ و خزمان بە ئۆتۆمبێلی پیچۆی کۆمپانیای فەرەنسی کە کارگەی چنێنی دروست ئەکردئەرۆێشتین بۆ چاخانەکەی سەری رەش، ئەندازیاری بەرێز کاک سادق حەمە غەرێب رواندوزی کرابوو بە سەرپرشتکاری پرۆژەی کوران و، ماوەیەک لە سلێمانی لە کارگەی شەکر پێکەوە بووین و، ئەویش ماڵیان لە سلێمانی بوو ھەفتانە پێکەوە ئەچووین و ئەگەراینە.


لە رۆژنامەیەک ھەواڵێکم خوێندەوەو پەروەردەی سلێمانی پێویستی بە چاودێری مەخزەن ( ملاحڤ) ھەیەو، بە کاک سادقم وت و، گەرامەوە بۆ سلێمانی و بە ھاورێیانی پارێزگام راگەیاندو زۆریان پێخۆش بوو، بەرێزی کۆچککردوو عەبدەڵلای مەلا فەرەج ( مەلا عەلی) وتی نامەیەکت بۆ ئەنووسم بیدە بە ( مەھدی شەریف) و دەستی ئەروات و ھاوریی مناڵیمەو پێکەوە شیوعی بووین و ئێستا بەعسییەو، بۆ رۆژی دوایی چووم بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و مەھدی شەریفم دۆزێیەوەو نامەکەم لەگیرفانم دەرکردو وتم مەلا عەلی بۆتی ناردووەو، یەکسەر چاوی کەوت بە دامەزراندن وتی: ئەمە پێویستی بە تەزکییەیەو ناتوانم یارمەتیت بدەم و، منیش بەبێ یەک و دوو وتم ئەگەر تەزکییەم ھەبووایە پێویستیم بە تۆ نەبوو، رێیم کەوتە بەغداو، سەردانی وەزارتی پەروەردەمکردو عەریزەیەکم نووسی و بردمە بەشی (واردە و سادرە) و، لە سەریان نووسی و، لەم ژور بۆ ئەو ژور تا گەیشتمە لای بریکاری وەزارەت و، نۆرەم ھات و چوومە ژورەوەو بریکار لێی پرسیم بۆ لە سلێمانی داواتنەکرد؟ . لە وەڵامدا وتم من ئێستا لە بەغدامو ھیچ جیاوازییەک نییە و باشترە لە وەزارەت ئەم داخوازییە پێشکەش بکەم و، بریکار کەمێک تەماشای کردم و عەریزەکەی واژووکرد.


گەرامەوە سلێمانی و فەرمانی وەزارەتم بردە واردەو لەم ژور بۆ ئەو ژور گەیشتمە ژوری بەرێوەبەری گشتی کاک فوئادو مرۆڤێکی دەستپاک و ھێمن و لە سەرخۆ چەند پرسیارێکی کردو وتی چۆن بۆ لە بەغدا داوای کارت کرد؟ منیش بیستووبووم کاک فوئادمرۆڤێکی چەپدۆستەو، وتم لێرە داوای تزکییەیان لێکردم بۆیە رووم کردە بەغداو وتی برۆ بۆ بەشی گەنجینەکان (مخازن) فەرمانبەرێکی بەریز لەوێیە ناوی کاک عوسمانەو بیبینەو با بێت بۆلام و،منیش گەیشتمە لای کاک عوسمان محەمەد سلێمان و بە گەرمی پێشوازی لێکردم و وتم کاک فوئاد داواتیکردووەو چوو ھاتەوە.


کاک عوسمانی رەوان شاد سەرۆکی چاودێرەکان بوو، مرۆڤێکی رووخۆش وئیشکەرو دەم بە پێکەنین و، پاشان زانیم شیوعییەو، بوو بە باشترین ھاورێم و لەو ماوەکەمەدا زۆرشت لەو پیاوە ‌خۆشەویستە فیربووم و، لە پاش دوو ساڵ خانەنشینکراو من بووم بە بەرپرسی گەنجینەی سانەویو، لەو ماوەیەدا لێژنەی کرین بوون بە دوژمنم و نەمھێشت دزی بکەنو سزادران و ھەروا مھدی شەریف و شیخ کەریم باراوی (سەرۆکی سەندیکای مامۆستایان و یاریدەرەکەی) بە ھۆی لیستێکی دوورودرێژ پر لە دزی و کرینی شتومەکی سەیر لە رۆژی ٧ نیسان جەژنی بەعسییەکان دران بە بەرێوەبەری گشتی کاک محەمەد پیرۆزو کاک حەمە عەزیز سکرتێری بەرێوبەر بوو تەلەفۆنی بۆ کردم وتی ھەزار تف و لەعنەت و جنێو و پەتپەتی پێیانیکردووە.


لە کۆتایی مانگی ئازاری ١٩٧٩ کاک محەمەد پیرۆز بەرێوەبەری گشتی بانگی کردم و زۆر نیگەران بوو وتی جێیداخە بریاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش ( مجلس قیادەالسورە) ھاتووە و ئەبێ بچیت بۆ پارێزگای میسان (عمارە) لە خوارووی عێراق و ، بۆ ئیدارەی محەلی و لە سەرۆکی چاودێر کراوی بە چاودێرو، منیش چوومە بارەگای حیزب و پێم وتن ئەرۆم بەڵام ئەبی گەنجینە بدەم بە فەرمانبەرێکی ترو دووسێ مانگ ئەخاێنێت ، لە کۆتایی مانگی حوزەیران گەیشتمە میسان و بەبراورد لەگەڵ سلێمانی شارێکی وێرانەو دواکەوتوو ھەرچونێک بوو لە سەرەتای مانگی تەموز لە میسان چوومە ماڵ خزمانم لە بابل (حیللە) و ٣ لە خزمانم لە گەڵ خۆم برد بۆ سلێمانی نەوەک لە رێگادا بگیرێم و بۆ ئەوەی ئاگادرم بن.


لە سلێمانی بارەگای حیزب چۆڵ کرابوو، چوومە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەو لەوی لە گەڵ کاک کەریم مۆریاسی کرێکاری گەنجینە رێککەوتین بچینە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی، من بۆ لای حیزبی شیوعی و ئەویش بۆ لای یەکێتی نیشتمانی و، بۆ رۆژی داھاتوو لە بەرەبەیاندا ئەرۆین و، لە کاتی دیاریکراودا لاندرۆڤەرێکی ناسیاوی ھێناو لەدەوروبەری کاتژمێر ٧ گەیشتینە مۆریاس.

 

٦\٤\٢٠٢٠

 

 

- بەشی دووەم -


لە مۆریاسەوە بۆ پارەزان.

بەیانی زوو لە گەڵ کاک کەریم مۆریایسی گەیشتینە مۆریاس و چووینە ماڵی خاڵی کەریمو لە پاش نانخواردنی نێوەرۆ من و کەریم و کاک جەلالی خاڵۆزای پیکەوە رۆیشتین بۆ ناو رەزو باخەکەیان لە نزیکی دێکەو لە پاش کاتژمێریک ١٠ - ١٥ سەربازھاتن و یەکسەر بە عەرەبی وتیان یەڵلا بۆ ناو دی و، بە کەریم و جەلالم وت مەشڵەژێن و ئێمە (من و کەریم) میوانین و ھەردوکمان ناسنامەی بەرێوەبەرایەتی سلێمانیمان پێیەو، گەیشتینە دێکەو لە ھەموو لایەکەوە خەڵکیان کۆ کردەوەو موختار چووە پێشەوەو لێیان پرسی ئایا موخەرەبین (تێکدەران) مەبەستیان پێشمەرگە بوو ھەیەو، ئەفسەرەکە مرۆڤێکی ھێمن و لە سەرخۆ بوو تەماشایەکی کردو وتی بابرۆێن و دێکەیان بەجێھێشت و ئێمەش بەبێ پرسیار رزگارمان بوو.


شەو بە جەلالمان وت بەیانی زوو بۆ کوێ برۆێن ؟ جەلال لە رۆژی دووەم بەیانی زوو لە پێش نوێژی بەیانیان ئێمەی بردە ناو رەزێک لە خۆرھەڵاتی دیکەو وتی: لێرە بن ئەگەر پێشمەرگە ھات یێم ئاگادارتان ئەکەمەوەو چوو، گەرما کەمە کەمە ھەڵکشاو لە نیوەرۆدا بۆ بە ئاگرو ئاوی خواردنەوەمان نەماو منیش بەبێ ئاو ھەڵناکەم و دەوروبەری کاتژمێر سێ جەڵال ھات و وتی با برۆێنەوەو ھیچ پێشمەرگەیەک نەھاتووەو، شەو بریارماندا بەیانی زوو لە دێ دەرئەچین، ھەر وامانکردو، لە پێش بانگی بەیانیان بەرەو دێی قەویلە کەوتینەرێ و، گەشتینە ناودی و، کەریم خەڵکی ئەناسی و پرسیاریکرد ئایا پێشمەرگە یێتە ناودێ، لە وەڵامدا وتیان جاش و سوپا زوو زوو سەردانی دێکەمان ئەکەن و، دوو پێشمەرگەی یەکێتی بە سەر ئەو یاڵەوەیە پیاوچاکبن زوو برۆنو، ئێمەش بەرەو یاڵ کەوتینەرێ و، یاڵەکە شاخێکی بەرز بوو ھەرچۆنێک بێت خۆمان گەیاندە سەری یاڵ و، کەریم کەوتە گەران ولە دوورەوە بە ئاسپایی بەدەستراوەشان بانگی کردم و گەیشتمە لای کەریم و، بینیمان دوو کەس چەکەکانیان بە دووری دوو سێ مەتر لە پەنابەردیکدا داناوەو خەوەکەیان خوش بوو، کەریم زۆر بە ھێمنی وتی: برادەرینەو لەپر دوو برادەرەکە ھەستان و بە شپرزەیی دەستییان گەیشت بە چەکەکانیان و، بە دڵەراوکێ وتیان ئێوە کێن و بۆ ھاتوون بۆ ئێرە؟ و، کەریم وتی من خەڵکی مۆریاسم و، لە دێی قەویلە وتیان برۆن لە سەر ئەو یاڵە پێشمەرگەی لێیەو، ئێمەش ھاتووین ببین بە پێشمەرگە و رێمان پیشانبدەن و، ئەوانیش وتیان ئا لەم دۆڵەوە بچن بۆ پارەزان و، لەوی پێشمەرگە وەرئەگرن.


ئێمەش دووقۆڵی بە دۆڵی گەڵاڵ کەوتینەرێ و، لە سەرەوە تیشکی بەھێزی ھەتاوو قژی ئەسوتاندو لە خوارەوەش لە گەرمی دۆڵەکە بردەکان گریانگرتبوو ئاوی خواردنەوەش نەبوو ھەرئەرۆیشتین دۆڵ کۆتایی نەھات و ، پێڵاوێکی تورکیم لە پێکردبوو گازی لە پەنجەکان و پاژنم ئەگرت و، لە پاش رێکردنێکی زۆر گەیشتینە کوێرەکانێک ئاوەکەی دڵۆپ دڵۆپ ئەکەوتە خوارەوەو پربوو لە مێشوولەو مێش و زالوو منیش یەکسەر لەناو قورو لیتاوەکەی راکشام و کەوتمە ھەڵمژینی ئاوەکەو کەریم ھەرچی بانگی کرد ئاوەکە پیسەو زالوو ئەتکوژێت و ھەوڵیدا نەیخۆمەوە بەڵام بێسوود بوو، لە پاش دۆڵی گەڵاڵ نۆرەی بەرزایی و شاخ ھات و لە یەکەمین شاخ سەرکەوتین و دیاربوو شوێنەواری دێیەکی چۆڵگراوبوو حەوزێکی ئاوی لێبوو بە جل و پێڵاو وپارەو ھەرچیم پێبوو خۆم ھاویشتە ناو حەوزەکە کەریم لای سەیر بوو وتی کەمێکیترھەتاو نامێنێت و سەرمای ئەم شاخانە ئەتکوژێت وتم : تازە کارلە کار ترازاوەو، پاشان سەرکەوتین تا کەیشتینە کەپرێکی بچوک کچێک و خاڵو تالیبیی باوکی لێبوو لە گەڵ رڕنیکی مەرو بزن و سلاومانکردو ئاگرێکی کەمگریان کردەوەو خاڵۆ تالیب وتی لە ترسی سپا ناوێرێن ئاگری گەورە بکەێنەوەو ئێوارە نانمانخواردو بەبێ پێخەف خەوتین و من لە تاوی سەرما تا رۆژ بووەو چەقەی دانم ھەراسانیکردم و، نان وچامان خواردو شاخ بە شاخ تا سەرکەوتین و لە دواییدا شۆر بوینەوە بۆ ناو دێی رەزڵە و، لای حەوزە ئاوەکەی پێنج شەش پێشمەرگەی لێبوو، یەکێکیان بانگیکردم و منیش لێی نزیک بوومەوەو پرسی ناوت چییە ؟ بۆچی ھاتوویت ؟ نیازت چییە؟و منیش بۆم ھات وتم ئێمە نامەمان پێیە بۆ برادەرانی پارەزان و ئەبین بە پێشمەرگەو ئەوان بۆیان ھەیە ئەم پرسیارانە بکەن و، کابرا زیتبووەوەو بە توورەییەوە ویستی درێژەی پێبدات وکەریم وتی ئەو پیاوە لە حیزبێکی ترەو ھاتووەتە دەرەوەو کابرا ھاواریکردو وتی تۆ کێێت و لە کام حیزبێت، یەکێک لە تەنیشتی دانشتبوو وتی وازیان لێبینە با برۆن و، ئەمە یەکەمین جارە دوای بەعسییەکان بەم شێوەیە رەفتارم لە گەڵدا بکات و کارا ھێمن بووەوەو ئیمەش بەردەوامبووین لە رێکردن تا گەیشتینە پارەزان دێیەکی جوان و قەشەنگ و رازاوەو خەڵکەکەی دەم بە پێکەنین بوو پێشوازییان لێکردین و فەرمو فەرمو چووینە ماڵ کاکە حەمە جەزای قاینەجەیی و من مامەوەو چەکیاندا بە کەریم و خواحافیزی لێکردم و چوو، لە بەر چاش و سوپا بەیانیان زوو چەکدارەکان و خەڵکی ھەڵاتوو لە سوپای عێراق لە دێئەچوونە دەرەوە تا دەوروبەری ‌ نێوەروو ئەگەرانەوە و منیش لە گەلیاندا ئەرۆیشتم و سێ رۆژ لەوی مامەوە.


١٠\٥\٢٠٢٠

 

 

- بەشی سێیەم -

 

لە پارەزانەوە بۆ بانە.

پارەزان ئەکەوێتە بنار شاخێکی سەخت و چەند ماڵێکی کادیرو پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی لێبوو کاتێک لەوێ بووم بیستم ماڵی کاکە حەمەی حاجی مەحمودیش لە پارەزانەو ئەو کات کاکە حەمە یەکێتی بوو بەرپرسی پێشمەرگەی ئەو ناوچەیە بوو خەڵکی دێکە وتیان بۆ ئەنجامدانی کارێک چووەو، لە شەوی دووەم لە پاش نانخواردنی ئێوارە کاکە حەمەی قاینەجێی وتی ئامادە بە ئەمشەو بەرەو بانە لە گەڵ پێشمەرگەیەکی خۆمان ئەچێت و، دەوروبەری کاتژمێری ھەشتی شەو کەوتینە رێ و پێشمەرگەکە بێ چەک بوو خۆی ناساندو وتی ناوم کامەرانە کوری خەلیلی چایچیم و منیش یەکسەر وتم چاخانەکەی لە نێوان مزگەوتی گەورەو قاڵدرمەکانە وتی چۆن ئەزانیت وتم نزیکە لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی جێی کارەکەم و نزیکەی کیلۆمەترێک لە دێی پارەزان دوورکەوتبووینەوەو لە پر کامەران وتی بابگەرێنەوەو ئاسک ئاسا بە راکردن گەرایەوە بۆ ناو دێ و منیش ھێواش ھێواش گەرامەوەو لە نزیک دێکە گوێم لە ھاوارێک بوو کێیت زەلام و منیش وتم میوانەکەی ماڵی کاکە حەمەم و کە گەیشتمە ناودێ قیامەت ھەڵسابوو خەڵکەکە پەرتەوازەو کامەران وتبووی سوپاو جاشم بینیوەو لە منیان پرسی ئایا سەربازم دیوە وتم ھیچم نەدی و برادەری بەرپرس وتی مەشڵەژێن و ھەموو گەرانەوە ناو دێ و برادەرە بەرپرسەکە وتی خۆم زانیم ھیچ نییەو ئەمەش یەکەمجار نییە کامەران وامان لێئەکات.


لە پاش مانەوەی سێ رۆژ لە پارەزان لە بەرەبەیانی رۆژی چوارەم من و کامەران کەوتینە رێ و کامەران باسی ئازایەتی و پاڵوانێتی خۆی ئەگێرایەوەو گەیشتینە دێی چنارەو لەوێ بە پەلەپەل نانمان خواردو خەڵکی دێکە لە ترسی سوپاو جاش ترسیان لێنیشتبوو، بە دەم قسەکردن گەیشتینە دێی چاڵە خەزێنەو لەچەم بەرێنەوەو نۆرەی شاخی سورەبان ھات و کەمێک سەرکەوتین لەسەر کانیاوێک جوگەلەیەکی ئاو ئەھاتە خوارەوە سەدان کەسی لێبوو لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر ھێسترو ئەسپ و لەوێ زانیم ئەمانەشتومەکی ئێران و عێراق ئالوگۆر ئەکەن و پییان ئەوترێت قاچاغچی ولەوێ چامان خواردەوە ‌کامەران وتی چۆنە بە سواری ھێستر برۆێن وتم زۆر باشەو ، کامەران دوو ھێستری ھێناو خاوەنی ھێسترەکە کە خۆی سواری ھیستری سییەم بوو ھاواریکردو ئاماژەی بۆ یەکێک لە ھێسترەکان کردو وتی زۆر چەمووشە وریا بن ، منیش ھێسترە چەمووشەکەم بەرکەوت و خاوەنەکەی پەیتا پەیتا دووبارەی ئەکردەوە وریابە وریابەو بەسەلامەتی لە بنکە سەربازییەکانی بەعس ( رەبایا) گەیشتینە دێی چەمپاراوو شۆفیرێک لای لاندرەڤەرێک وەستابوو ئەیوت بانە دوو نەفەرو ئێمەش، من وکامەران سوار بووین و لە پاش ٣٥ خولەک گەیشتینە شاری بانە، شارێکی خنجیلانە و رازاوەو جوانە و وەک سلێمانیە بەڵام بچوکتر.


لە بانە بەریز کاک سەلاح حاجی رەفیق (سەلاحی موھەندیس) بەرپرسی پێشمەرگەکانی یەکێتی بوو ،بۆ یەکەم جار یەکترمان بینی و کە زانی شیوعیم بە گەرمەوە پێشوازی لێکردم و ئاو چام خواردەوەو وتی داوای لێبوردن ئەکەم ھاورێ و ئەمرۆ کارم ھەیەو لە شار نامێنم و ئێستا ئەبێ برۆم و، بە یانی میوانی منی و شاری بانەتان پیشان ئەدەم و، منی لە ئوتێلەکە بەجێھێشت و، لە ئوتێل دابەزیم چوومە کەبابخانەیەک و خاوەنەکەی وتی چی ئەخۆن و، وتم کەباب وتی چلوکەباب و منیش وتم بەڵێ و نەمزانی چلوکەباب چییە کە ھات قاپێک برنج و دوو کەبابی سی چل سانتیمەتری لە سەرەو پەرداخی پچوک دۆو وقاپێکی بچوک شلە (خۆرشت) و، منیش زۆرم برسی بوو وتم برا گیان ئەم پەرداخە بکە بە چەند پەرداخێک بیکەرە ناو چامێک و ئەم شلەیەش بکە ناو قاپێکی گەورەو کەبابێکی ترم بۆ بێنە و، کاکە برا چۆنم وت کردی و، دوای نانخواردنەکە کەمێک دانیشتم و پەرداخی چام خواردەوەو، ھەڵسام و پارەم دەرکردو خاوەن چیشتخانەکە وتی پارە وەرناگرم وتم بۆ کاکە کەس پارەکەی داوە وتی نەخێر میوانی منیت و لە سلێمانییەو ھاتوویت و ھەرچیم کرد پارەکەی وەرنەگرت و، دەرچووم لە بازار کراسێکی قاوەیی رەنگ و چووتێ پێڵاو خاولییەکی مامناوندی و سابون وتاقمی ریشتاشینم کریی و لە ئوتێلەکە گەرماوێکی بچوک ھەبوو خۆم شوردو ریشم تاشی و، لێی خەوتم تا بەرەبەیان خەبەرم بووەوە.


دەوروبەری کاتژمێر ھەشتی بەیانی کاک سەلاح ھاتە ژورەکەم و کەمێک دانیشت و وتی بابرۆێن و، لە ئوتێلەکە دابەزین و ئۆتۆمبێل وەستابوو سێ قۆڵی چووین بۆ کەبابخانەیەک کتومت وەک ئەحەی گوڵەی جکەرفرۆش لە سلێمانی : گۆشت، جگەر، دڵ، کورچیلەو شتی ترو نانمانخواردو روومانکردە چیایی ئاربابا زۆر بڵند نەبوو بەڵام قەشەنگ و دڵگیر بوو، ئیتر نیوەرۆ لە ماڵی خاوەن ئۆتۆمبێلەکە میوان بووین و، لە قسەکردن وتم کاک سەلاح ناوتم بیستووەو ئەتناسم و، وتی چۆن ؟ وتم خزمایەتێت ھەیە لە گەل خێزانی عەباسی برام وتی راستەو زۆری پێخۆش بوو، لە پاش نانخواردن زۆر شوێن گەراین و ناوەکانم لە بیرچووە و، بانە ئاوێنەی مێژووی کوردانھشارێکی رەنگێن و رازاوەیە، گلێنەی چاوی کوردانە و ھەموومان گوێمان لە دەنگە خۆشەکەی ھونەرمەندی گەورەی کورد عەباس کەمەندی بووە کە ئەڵێت : گوڵی زەردو سووری سڵیمان بەگی بانە و، لەدوواییدا لە شارباژێر بە زۆری لە دێھاتی چنگیان و باراوو وندەرێنەو حاجی مامەند لە گەڵ کاک سەلاح یەکمان بینی وجاروبار بە رێکەوت مەفرەزەکانمان : حیزبی شیوعی و یەکێتی نیشتمانی یەکمان ئەگرت و جێی داخە سەلاحی حاجی رەفیق ( سەلاحی موھەندیس) شەھید بوو.


١٦\٥\٢٠٢٠

 

 

- بەشی چوارەم -

 

رۆژانی زیندانی سلێمانی.

له‌ به‌رخودانی پاراستنی ئامانجه‌ ره‌واكانی گه‌ل و نیشتمان و تێكۆشان بۆ دوارۆژێكی پر له‌ كامه‌رانی وخۆشی و پرشنگدار بۆ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاو وهه‌موو گه‌لانی ژێرده‌سته‌و مرۆڤایه‌تی پێشكه‌وتوخواز كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك په‌یوه‌ست بوون به‌ بیروباوه‌ری چه‌پگه‌راو شیوعییه‌ت و درێژه‌یان به‌ خه‌بات و تێكۆشانداله‌ پێناو نێشتمانێكی ئازادو وگه‌لێكی به‌ختیارو خۆیان به‌خت كرد.


له‌ ٧\٨\١٩٦٥ لە لایەن ده‌زگای هه‌واڵگیری (ئیستخبارات) کەتیبەی (٣٢)ی سوپای عێراق بە ھاوکاری بەریو‌بەرایەتی ئاسایشی دەربەندیخان و ئاماده‌بوونی موختار، لە ماڵی کەسایەتی نیشتمانی ناسراوو شیوعی به‌ناوبانگ تێکۆشەر (حسەێن حاجی کەریمی زۆراب*) لە دەربەندیخان گیرام و، هۆی گرتنه‌كه‌م نامه‌یه‌ك** بوو ھاورێی كۆچكردو تێکۆشەر عەبدوڵلای مەلا فەرەج قەرەداغی (مەلا عەلی) كه‌ به‌رپرسی رێكخراوی جوتیاران بوو ناردبووی و، مه‌ڵا عه‌لی له‌ دێهاتی گوڵان و دێوانه‌و دۆڵی قه‌ره‌داغ به‌ نهێنی رۆژانی تێكۆشانی به‌رێوه‌ ئه‌برد.


له‌ ده‌ربه‌ندیخان گیرام و له‌ پاش تێهه‌ڵدان و هه‌ڵواسین وئازاردانێكی زۆر به‌ له‌شی خوێناوی وجلی دراو له‌ كه‌تێبه‌ ره‌وانه‌ی پۆلیسخانه‌ كرام و به‌ گه‌یشتنم به‌ هاورێ (عه‌ول***)م وت كاغه‌زو قه‌ڵه‌مێكم بۆ بێنه‌و وتی تۆ خۆت بینیوه‌ چۆنی؟ منیش وتم تو ئه‌وانه‌م بۆ بێنه‌ و، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك هاته‌وه‌ له‌ته‌ كاغه‌زێكی خۆڵاوی و كۆلكه‌ قه‌ڵه‌مێكی هێناو نامه‌م نووسی وكردمه‌ پسوڵه‌یك و وتم : ئه‌م پسوڵه‌یه‌ بده‌ به‌ حسه‌ێنی حه‌مه‌ره‌ش**** و بینێرێت بۆ مه‌لا عه‌لی و كه‌س نه‌ترسێت، له‌ پاش ماوه‌یه‌ك ناردمیان بۆ جه‌له‌ولا (السكنه‌ الججریه‌)و، پاشان بۆ باقوبه‌ (سه‌ربازگه‌ی سه‌عه‌د) و بۆ به‌غداو كه‌ركوك و سلێمانی (ته‌وقیفخانه*****‌)و، هه‌ر كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ یه‌كسه‌ر كۆمه‌ڵێكزێندانی هاتنه‌لام و پرسیاریانكرد له‌ سه‌ر چی گیراویت و، منیش كه‌سیان ناناسم بۆیه‌ بێده‌نگ بووم و ته‌نها وتم ئێمه‌ سێ كه‌سین به‌م شێوه‌یه‌ لێكۆلینه‌وه‌یان (تحقیق) له‌ گه‌لماندا كراوه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ تاوانیانداوه‌ته‌ پاڵمان: من ئه‌حمه‌دره‌جه‌بم ــ شیوعی و، ئه‌م مامه‌یه‌ حسه‌ینی وسه‌ینی حسه‌ین - جه‌لالییه‌ و ئه‌مه‌ش حاجی محه‌مه‌دی كه‌ریمی زۆراب ـ پارتتیه‌ و، یه‌كێك وتی هاورێ به‌خیر بێت ومنی برده‌ ژووره‌كه‌ی خۆێ و بووین به‌ 8 كه‌س له‌و ژووره‌ بچوكه‌داو له‌ پاشان زانیم ناوی كه‌مال ئه‌مینه‌و قوتابییه‌ وله‌ پاشان بوو به‌ مامۆستا وڵه‌ كاتی (موعامه‌لاتی سجنی سیاسی) هاوری كه‌مال له‌ پاش ٥١ ساڵ یه‌كێك له‌ شاهیده‌كانم بوو.


له‌ رۆژی دووه‌مدا بردمیان بۆ ئاسایش ( ئه‌منی) سلێمانی و یه‌كسه‌ر بۆ ژووری ئازاردان و له‌ پاش دوو رۆژ گێرامیانه‌وه‌ بۆ ته‌وقیفخانه‌كه‌و، بۆ ماوه‌ی سێ چوار مانگ هاتووچۆیان پێئه‌كردین له‌ نێوان ئه‌منی سلێمانی و ئیستخباراتی عه‌سكه‌ری (سه‌ربازی) له‌ كه‌ركوك و له‌ كۆتاییدا له‌ سلێمانی حجز كراین و، له‌و ماوه‌یه‌دا هاوری كه‌مال ئازادكرابوو، هاورێیه‌ك خوی ناساندو وتی من ئه‌حمه‌د غه‌فورم وه‌ره‌ ژووره‌كه‌مان و روێشتم وله‌وی هاورێیه‌كی تر قوتابی ئاماده‌یی پیشه‌سازی سلیمانی به‌ ناوی فاتح فه‌ره‌ج ـ هاورییه‌كی هه‌ورامی بوو و سێ قۆڵی دامان كوتا و له‌ دوواییدا زانیم هاوری ئه‌حمه‌د غه‌فور به‌رپرسی حزبه‌ له‌ سلێمانی و، رۆژانه‌ هاوری ئه‌حمه‌د ئامۆژگاری ئه‌كردین وله‌ میانی قسه‌كردندا ئه‌یوت پێویسته‌ شیوعی ئاماده‌ بێت بۆ خۆ به‌ختكردن له‌ پێناو ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی گه‌ل و نیشتمان و هه‌موو كاتێك وره‌ی به‌رز بێت و بوێرانه‌ له‌ گه‌ڵ رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ركان و دوژمنان ره‌فتار بكات و، زۆر حه‌زی له‌ نوكته‌و قسه‌ی خۆش بوو له‌ گه‌ڵ فاتح گاڵته‌و گه‌پیان گه‌رم ئه‌كردو منیش سه‌رفرازانه‌ له‌ گه‌لیاندا كاتمان به‌سه‌ر ئه‌بردو، شایانی ئاماژه‌یه‌ فاتح فه‌رج له‌ پاش ٥١ ساڵ له‌ هه‌ورامانه‌و هاتیه‌ سلێمانی و یه‌كێكی تر بوو له‌ شاهیده‌كانم.


له‌ پاش سێ مانگ هاوری ئه‌حمه‌د غه‌فور ئازاد كراو من و فاتح ماینه‌وه‌. به‌ندیخانه‌ی سلێمانی پێنج شه‌ش شێتی لێبوو، كاك نوری وه‌شتی له‌ گه‌لیاندا گونجاو بوو، رۆژێكیان وتی من به‌رپرسی شێته‌كانم و ناهێڵم گاڵته‌یان پێبكرێت و، تاقمێكی هه‌رچی وپه‌رچی رۆژ تا ئێواره‌ گاڵته‌یان به‌و داماوانه‌ ئه‌كرد بۆ نموونه‌ یه‌كێكیان ناوی فارس بوو ئه‌یانهێناو له‌ سه‌ر لێواری دیوارێك دایان ئه‌ناو وبه‌ شه‌ق لێیان ئه‌دائه‌گه‌ر كه‌وته‌ خواره‌وه‌ هیچی ناوێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌كه‌وت عانه‌یه‌كی بده‌نێ (عانه‌ چوار فلس بوو) و، فارس گه‌نجێكی جوان و مه‌رد بوو له‌ گه‌ڵ له‌قه‌یان لێیئه‌دا كتوپر ئاواری ئه‌دایه‌وه‌و ئه‌یوت بێنه‌ عانه‌ و، به‌ پێچه‌وانه‌ی فارس كۆمه‌ڵیك سه‌رسه‌ری له‌وی بوون له‌قه‌یان له‌ گازه‌ره‌ی پشتی فارس ئه‌داو فارس وه‌ك پایه‌ وابوو له‌ شوێن خۆی جوڵه‌ی نه‌ئه‌كرد به‌ڵام به‌ گه‌له‌ كۆمه‌ك ئه‌یانخسته‌ خواره‌وه‌، ئه‌و تاقمه‌ شه‌وو رۆژ یاری كۆنكه‌نیان ئه‌كرد یان گاڵته‌ به‌ زیندانییه‌كانی تر.


رۆژێكیان یه‌كێك له‌ سه‌رسه‌رییه‌كان رووی له‌ من كردو جنێوێكی پیسی به‌ حزبی شیوعیداومنیش یه‌كسه‌ر به‌بی وه‌ستان بۆكسێكم كێشا به‌ناو ده‌میداو ویستم زیاتری لێبده‌م و، ئه‌وه‌نده‌م زانی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ شه‌ق وبۆكسم بۆ یێت و، له‌و كاته‌دا كۆمه‌ڵێك جوتیاری دێی چه‌رمه‌گا له‌ گه‌ڵ فایه‌ق ئاغا له‌وی بوون و، گوێم له‌ كاك فایه‌قی حاجی شه‌ریف بوو وتی كورینه‌ هه‌ستن و، ئه‌وه‌ندم زانی ئێمه‌ سه‌ركه‌وتین و له‌و كاته‌دا عه‌ریف عه‌لی و عه‌ریف كازم له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵیك پۆلیس هاتنه‌ حه‌وشه‌ی به‌ندیخانه‌كه‌ وله‌منیان پرسی چییه‌ و منیش وتم ئه‌مانه‌ به‌ كۆمه‌ڵ له‌ منیانداوه‌و هه‌ردوو عه‌ریفه‌كه‌ منیان خۆش ئه‌ویست به‌دار به‌ربوونه‌ گیانی سه‌رسه‌رییه‌كان و، منیان برد بۆ لای مفه‌وزی پۆلیس حه‌عفه‌رو كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ ره‌فێق چالاك له‌وی دانشتبوو جه‌عفه‌ر وتی دانیشه‌و روویكرده‌ ره‌فیق چالاك و به‌ عه‌ره‌بی وتی كمل حدیثك واته‌ (قسه‌كه‌ت ته‌واوكه‌)و، چالاك وتی هیچم نییه‌و، رووی له‌ من كردوتی چۆن ئه‌و شه‌ره‌ روویداو منیش وتم : من له‌ حه‌وشه‌ی سجن پیاسه‌م ئه‌كردو وعمر به‌هاو هاته‌ نه‌نیشتم و جنێوی به‌ حزبی شیوعیداو منیش یه‌كسه‌ر بۆكسێكم بوێ هاویشت و به‌ر ده‌مووچاوی كه‌وت و خوێناوی بوو ویستم زیاتری لێبده‌م ئه‌ونده‌م زانی له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ شه‌ق و بۆكسم بۆ یێت و ئه‌وه‌ نه‌خشه‌ی بۆ دانرابوو، ره‌فیق چالاك به‌ مفه‌وه‌زی وت گوێت لێبوو، منیش به‌ جه‌عفه‌رم وت تۆ ئه‌زانی من له‌ سه‌ر شیوعییه‌ت گیراوم و دراوم به‌ المحكمه‌ العسكریه‌ الخاصه‌ (دادگای سه‌ربازی تایبه‌تی) و ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ی فیشه‌كێكی پێگیرا بێت له‌ سێداره‌ی ئه‌ده‌ن و، من كۆمه‌ڵێك تاوان دراوته‌پاڵم: رومانه‌و دوربین وپێداویستی سه‌ربازی و كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌و شتی ترو له‌ سێداره‌كه‌م مسۆگه‌ر كردووه‌و ئیتر بۆ له‌م بۆده‌ڵانه‌ بترسم ئه‌گه‌ر كاك فایه‌ق حاجی شه‌ریف و جوتیاره‌كان ناوژیان نه‌كردایه‌ منیان ئه‌كوشت و جه‌عفه‌ر وتی بعد (ئیتر) منیش وتم ئه‌وه‌ ئیفاده‌ (قسه‌ی منه‌) بۆیه‌ داواكارم به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلێس ئاگادار بكه‌ن و ره‌فیق چالاك وتی نا، با سوڵح بكه‌ێن و( ئاشتبینه‌وه‌) وتم به‌رێز جه‌عفه‌ر من سوڵحم ناوێت و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌بوو له‌و نه‌خشه‌ گڵاوه‌ به‌ پله‌ی سه‌ره‌كی ئه‌مانه‌ن : ره‌فیق چالاك (دانه‌ری نه‌خشه‌)، عمر به‌هاو، غه‌ریبی ئه‌مینی بووك جه‌مالی داروغاو كۆمه‌ڵێكی تر ناوه‌كانیان نازانم و، ره‌فیق چالاك زۆر هه‌وڵیدا به‌ڵام بێسوود بوو جه‌عفه‌ر ئێمه‌ی نارد بۆ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس وله‌وی منیان بانگكردو هه‌رچیم لای جه‌عفه‌ر وت راشكاوانه‌و له‌وه‌ش زیاترم باسكردو ئه‌وانیش یه‌ك به‌ یه‌ك بانگكران و دیاره‌ هه‌ندێكیان له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ناسراو بوون و ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی پۆلیس به‌ زله‌و قامچی و دارحه‌یزه‌ران به‌ربووه‌ گیانیان و تفی كرده‌ ناوچاوانیان و، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌و ئیفادانه‌ ( ئاخافتنی هه‌ردولا) ئه‌نێرین بۆ دادوه‌رو گه‌راینه‌وه‌ بۆ به‌ندیخانه‌ و جه‌عفه‌ر روویكرده‌ سه‌رسه‌رییه‌كان و وتی: هه‌ر جوله‌یه‌ك بكه‌ن به‌شه‌ق و دار سه‌رتان خوێناوی ئه‌كه‌م. تامردن پیاوه‌تی و مه‌ردایه‌تی و جوامێریی فایه‌قی حاجی شه‌ریف و جوتیاره‌كان له‌ بیرناكه‌م.


جارێكیان شه‌قاوه‌یه‌كی ( سه‌رسه‌ری) ئێسك قورسیان به‌ناوی عه‌لی مامه‌ له‌ به‌غداوه‌ نارد بۆ سلێمانی و هاوكات چوار مێرمنداڵی جوان له‌ به‌ندیخانه‌ بوون و عه‌لی مامه‌ ئه‌یویست لێیان نزێك بێته‌وه‌و كاری خراپه‌ ئه‌نجام بدات و، من فاتح بووین به‌ ئێشكگر به‌ نۆره‌ چاودێریمان ئه‌كردو، عه‌لی مامه‌ له‌ ته‌وقیفخانه‌ی ( ته‌ویله‌كه‌ی) كه‌ركوك یه‌كمان گرته‌وه‌و له‌وی به‌ شیوعی و پارتی و جه‌لالی لێمانداو نووسینێكی تایبه‌تی ئه‌وێت.
____________________________________________
په‌راوێزه‌كان:
* خێزانێكی ناسراوی ده‌ربه‌ندیخان و، له‌م خێزاندا لاوێكی خوێن گه‌رم و ئازا وقاره‌مان به‌ ناوی (ره‌فیق حاجی حسه‌ێنكه‌ریمی زۆرات) شه‌هیدی حزبی شیوعییه‌.
** هاوری مه‌لا عه‌لی نامەیەکی بۆ ناردم لە گەڵ پسووڵەی گواستنەوەی محەمەد ناوێک ( رەیس عورەفا) لە کەتیبەی (٣٢) لە دەربەندیخان و، هه‌وڵ بده‌ له‌ گه‌ڵ هاورێیانی سه‌رباز رێكێانبخه‌ێت، ره‌یس عوره‌فا ده‌ركه‌وت چڵكاوخۆری رژێمه‌ و هه‌ڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن هاوری مه‌ڵا بوو.
*** هاوری عه‌ول كرێكاری (فه‌راشی) پۆلیسخان و به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ بوو، له‌ خێزانێكی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكیش وكاك حسه‌ینی بریپیچ له‌ شیوعییه‌ دێرینه‌كانه‌.
**** خه‌ڵكێكی زۆر پیاوو مه‌ردی رۆژانی سه‌خت بوون و كه‌س باسیان ناكات و كاك خسه‌ینی حه‌مه‌ره‌ش یه‌كێك له‌ومه‌ردانه‌یه‌و ماڵیان له‌ سلیم پیرك چه‌پ و نزیكی جاده‌ی تونیله‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌و ده‌ربه‌ندیخان بوو، به‌ریدو رۆژنامه‌و به‌یانی ئه‌هاته‌ ماڵیان و لێیان وه‌ۆئه‌گیراو چی بۆ ده‌ره‌وه‌ بوایه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌رێ ئه‌كرا.
***** ته‌وقیفخانه‌ (سجن الموقف) له‌ سه‌روی خه‌سته‌خانه‌ی سلیمانی بوو، ئێستا باغی دایكه‌، دێوارێكی به‌رزی هه‌بوو و برێتی بوو ٧ ژوورو هۆڵ و حه‌وشه‌یه‌ك له‌ چاو به‌ندیخانه‌كانی جه‌له‌ولاو به‌غداو ته‌ویله‌خانه‌كه‌ی كه‌ركوك ته‌لاری شاهانه‌ بوو.
 

١٩\٥\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک