په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٩\٢٠١٥

خوێندنەوەی پەرتووک.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

- بەشی دوو -


ئەلبیرتۆ مانگۆیل خاوەن کتێبی مێژووی خوێندنەوە دەڵێت: پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەر بە نھێنی تەنراوە و ھەتا ھەتایەش ھەروا دەمێنێتەوە..


کورتەیەک لە پۆلینکردنی خوێنەران.


تۆ چی دەکەیت؟ تۆ دەڵێیت: من دەخوێنمەوە. ئەو وەڵامە داننانە بەوەی کە خوێندنەوە کردارە، شتێکە دەیکەیت. بە دیوەکەی دیکە قسەکردن لە (چی کردن)ی خوێنەر، ھەر تەنھا قسەکردن نییە لە دۆزینەوە و بەرھەمھێنانی ئاستەکانی مانا، بەڵکو قسەکردنیشە لە ئاستەکانی چێژ و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان و دیاریکردنی رەھەندە ئیستێتیکی و مەعریفییەکانی دەق. ھەموو ئەوانەش لای زۆربەی خوێنەران بە ھەمان رێگای خوێندنەوە بەرھەم دەھێنرێنەوە، بەڵام ئاستەکانی (تێگەیشتن) لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی دیکە جیاوازە و پەیوەندی بە ئاستەکانی رۆشنبیریی و توانای مەعریفی و شیعرییەتەوە دەکات، وەک چۆن دەشێ بۆ جیاوازی ئەو پەیوەندییەش بگەڕێتەوە، کە لەگەڵ دەق دەیسازێنن! بە کورتی دەمەوێ بڵێم خوێنەر ئەو کەسەیە، کە رێگای خوێندنەوەی لەبەرە، بەڵام ھەر خوێنەرێک ئاست و شێوە ھەڵچوونی تایبەت بەخۆی ھەیە.


خوێنەری حەقیقی یان کردەیی بوونێکی ماددی ھەیە، نەک ھەر ھێندە بەڵکو بە کرداری خوێندنەوەوە بەندە و بە شێوەیەکی رێک و رەوان دەکەوێتە ژێر ئەو کارەی کە دەیخوێنێتەوە، یان ھەموو ئەوەی دەیخوێنێتەوە لەگەڵ ھیدیکە بەراوردی دەکات، وەک چۆن لە کارەکە دەگات و تام و چێژی لێوەر دەگرێت و رێزی دەگرێت.


خوێنەری حەقیقی لە بنەڕەتدا ئامادەییەکی تەواوی لەنێو لێکۆڵینەوە میژووییەکان و وەڵامدانەوەکاندا ھەیە، لە رێگای پەرچەکردارە باوەڕپێکراوەکانیەوە دەناسرێتەوە، کەواتە حوکمەکانی ئەو خوێنەرە خۆی لە رەنگدانەوەی ھەڵوێست و پێوانە باوەکانی جەماوەرێکی دیاریکراوی زەمەنێکی دیاریکراو ھەڵدەگرێتەوە. ئەو خوێنەرە سەر بە رەنگدانەوەیەکی دیاریکراوی زەمەن و رێبازێکی دیاریکراوی ئەدەبییە، حوکمەکانیشی بەڵگەی خۆیان لەو رێباز و زەمەنە ئەدەبییەوە بەدەستھێناوە و دەکەوێتە سەر چێژی تایبەتەوە.


خوێنەری نموونەیی/میسالی: دیاریکردنی ئەو خوێنەرە قوڕسە، چونکە لە زەینی زمانەوانی، یان خودی رەخنەگر ھەڵقوڵاوە. بەڵام ناشێ رەخنەگر خوێنەری میسالی بێ، چونکە دەقی جۆراوجۆری خوێندۆتەوە، دەشێ رەخنەگر خوێنەری رۆشنبیر بێ. خوێنەری میسالی دەبێ ھەمان رێچکەی دانەر بگرێ و دواتر دەبێ خوێنەری میسالی لە نیازە شاراوەکانی دانەر بگات، یان لەو کردەیە بەشداری بکات، قسەیەک ھەیە دەڵێ، دانەر بۆخۆی خوێنەری میسالییە. بەڵام ناشێ دانەر خوێنەری میسالی بێ، کەواتە خوێنەری میسالی زیادەیە. پرسێکی دیکە ئەوەیە ئەگەر خوێنەری میسالی ھەبێ، ئەوە تەواوی شاراوە خەیاڵییەکانی دەق بەجێدەھێنێ!


خوێنەری جیاکار، یان باڵاترین خوێنەر، لەلایەن رەخنەگری فەرەنسی/ئەمریکی"میکائیل ریفاتێر دەستنیشان کراوە، باڵاترین خوێنەر، خوێنەرێکە لە دووتوێی پێکھاتەی زانستی و شانەی دەق، (دووانەی ھاودژ) دەدۆزێتەوە، لە رێگای ئەو دۆزینەوەیەش ئەو رووداوانە کۆ دەکاتەوە، کە پێویستە لەلایەن توێژەرێکی شێوازگەریی شیبکرێنەوە (لێرەدا وەک دەبینین ھێزی شاراوەی رەگەزەکان لە دەقدا دەستەبەر ناکرێت، بەڵکو لە رێگای خوێنەرەوە دێتە دەست) ھەر لەو خاڵەشەوە خوێنەری ریفاتێری خۆی لە چاودێریکردنی ئەو (رووداوە شێوازگەریی)یانەدا ھەڵدەگرێتەوە، کە دواتر دەیانخاتە بەر شیکردنەوە، بەڵام ئەو خوێنەرە ھەر چەندە زێتر بە (ئەدەبییەتی دەق)ەوە سەرسام بێ، ئەوەندە شێوازیی ئەو دەقە بە دەوڵەمەندتر دادەنێت، بە دیوەکەی دیکە ھەر ئەو دووانە ھاودژەی کە کەشفی دەکات، وەک مەرجی بەھا، بەھای دەق دەستنیشانی دەکات، بەڵام ئایا مەرجی بەھای دەق پێوانەیە، پێوانە چییە؟


باڵاترین خوێنەری ریفاتێری لە کۆمەڵێک خوێنەر پێکھاتووە: خوێنەری (شارەزا) و (ھەواڵدەر) و (راھێنراو) و (نموونەیی)...، کە شێواز دەیانخرۆشێنێ، خوێنەری (جیاکار/باڵاتر) بە گۆچانی پیرۆز دەچوێنرێ، کە (چڕی مانا شیاوەکان) و (کۆدەکان)ی نێو دەق کەشف دەکات، ئەو خوێنەرانە جەخت لەوە دەکەنەوە، کە واقیعی شێوازگەریی لە کۆنتێکستی دەقدا لە رێگای ئەوانەوە دەردەکەوێت...


خوێنەری ھەواڵگەیەن/پەیامبەر، ئەو خوێنەرە تاڕادەیەک لە چەمکی "ستانلی فیش" بۆ خوێنەر، جێبەجێ دەبێ. لای ستانلی فیش زانیاری خودی خوێنەر پانتاییەکی گەورەی ھەیە، بەڵام (بڕوابوون) فەرامۆشکردنی دیوە نەزانراوەکەی زانیینە، واتە وەک چۆن لای ئەو خوێنەرە خاڵی سەپاو بوونی نییە، خاڵی کۆتایی سەپاویش بوونی نییە، بەو مانایەش ئەزموونی خوێنەران کە دەکەوێتە دەرەوەی چوارچێوە دیاریکراوەکانەوە، دەبێتە خاڵی دەستپێک. خوێنەری ھەواڵگەیەن/پەیامبەر لە خوێنەری شارەزا نزیکە، واتە نە خوێنەری خەیاڵییە و نە خوێنەری راستەقینەیە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ھەردووکیان، خوێنەرێکی کردەییە، لە رێگای شارەزایی خۆیەوە پەیامی دەق دەگەیەنێت.


خوێنەری نیازخواز/ خوێنەری نموونەیی، ئەو خوێنەرە "ئیروین وولف" بە خوێنەری نیازخواز ناوی دەبات، خوێنەری مەبەستدار ئەو خوێنەرەیە، کە دانەر لە مێشکی خۆی بۆ مەبەستێک دایدەنێ، ھەر لە رێگای ئەو خوێنەرەشەوە دووبارە وێنەی ئەو جەماوەرە دەبینین، کە دانەر دەیەوێ قسەیان لەگەڵ بکات. بەدیوەکەی دیکەش ئەو خوێنەرە بوونەوەرێکی گێڕەڕەوەی نێو دەقە. بەڵام وێنەی ئەو خوێنەرە لەگەڵ دەقە جیاوازەکان دەگۆڕێ، یان شێوەی ئەو دەقە جیاوازانە وەردەگرێ، کە دەیانخوێنێتەوە. ئەو خوێنەرە دووبارە دەق بەپێی ئامادەیی مێژووییانەی خوێنەرانێک، کە دانەر مەبەستیەتی، بونیاد دەنێتەوە. ھەڵبەتە جیاوازی نێوان ئەو خوێنەرە لەگەڵ خوێنەری نموونەیی "ئەمبیرتۆ ئیکۆ" لەوەدایە، کە خوێنەری نموونەیی ئیکۆیی ھەڵگری سامانێکی زمانەوانییە، سامانێک، کە بۆ فەرھەنگە تایبەتەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، نەک چەمک و دابونەریتە باوەکان. ئەگەرچی بە ھەمان شێوەی خوێنەرەکەی وولف، ئیکۆش ئەو خوێنەرە بۆ رەنگدانەوەی خەیاڵەکانی خۆی دادەنێ و دەڵێ: نووسەر کە نەخشەی نووسینی دەقێک دەکێشێ، لە ھەمان کاتدا پلان بۆ چۆنیەتی خوێندنەوەشی دادەنێت، بەڵام دەبێ بزانین ئەو خوێنەرە نموونەییەی کە ئیکۆ لە کاتی نووسینی دەقێکی دیاریکراو بیری لێدەکاتەوە، ھەمان ئەو خوێنەرە نییە، کە لە نووسینی دەقێکی دیکەی دیاریکراو ھەڵیدەبژێری، کەواتە لەلایەک ئەو خوێنەرەی ئیکۆ باسی دەکات، لەبەر ئەوەی ھۆشیارییەکەی پێش نووسین دەکەوێ، بۆیە بە (بۆگێڕەوەی دەرەکی) ناو دەنرێت، لەلایەکی دیکە ئیکۆ دەیەوێ بڵێ ھەموو دەقێک خوێنەری خۆی وەک مەرجێکی حەتمی دەسەپێنێ، بۆ ئەوەی کردەی جێبەجێکردن و چالاککردنی (دەق) وازی بکات.
بەڵام "رۆڵان بارت" وەک سیمیۆلۆجێک، خوێندنەوە بە کردەیەکی زمانەوانی دادەنێ، کە لە دۆزینەوەی مانا و زمانی دووەمدا خۆی دەبینێتەوە، ئەگەرچی لە دۆزینەوەی مانادا تەواو نابێ، بەڵکو دۆزینەوەی مانا ناوەکەیەتی و بەردەوام لەو ناونانەوە بەرەو ناونانێکی دیکە ھەنگاو دەنێ، لە ساتەوەختی ھەر ھەنگاونانێکیشدا ون دەبێ و لە ناونانێکی دیکەدا دەردەکەوێتەوە.


رۆڵان بارت بایەخێکی زۆر بە ئیستێتیکای خوێندنەوە دەدات، زۆر بە دیار ئەو سیحرەوە دەوەستێ، کە خوێنەر دەخرۆشێنێ، سیحرێک کە ئیشتیھای خوێندنەوە دەکاتەوە، سیحرێک کە سەرنجی خوێنەر بۆ دەق رادەکێشێ. بارت پێیوایە خوێندنەوە جۆرێکە لە (دووبارە نووسینەوە) و دووبارە بەرھەمھێنانەوەی دەق، بەڵام ئەو دەقەی کە توانای دروستکردنی ئەو موچڕکە ئیستێتیکییەی ھەیە، دەقێکە خوێنەر دەخاتە گومان و ھاوسەنگی رۆشنبیریی و دەروونی و زمانەوانی لەق دەکات، دەقێکە لە رێگای سیستمە دەلالییە تایبەتییەکانی و بە ھۆی تەکنیکەکانییەوە خوێنەر وەک نێچیری خۆی دەپێکێ، دەقێکە خوێنەر ھەڵدەوەشێنێتەوە!


خوێنەری ناوەکی/شاراوە، چەمکی خوێنەری شاراوە یان ناوەکی بەپێی رەخنەگرانی ھاتنە وەڵامی خوێنەر، لەوانە ئایزەر بەو خوێنەرە گریمانکراوە دەگوترێت، کە دانەر لەکاتی نووسنی دەق شاردوویەتیەوە (بە ئاگاییەوە بێ یان بێ ئاگا) بەو مانایەش بوونێکی ماددی نییە، بەڵکو لە کۆمەڵێک رەھەندی مەعنەوی و کلتوری و ھونەری پێکھاتووە، دانەر لە کاتی نووسینی دەق وێنەیەک لە شێوەی خۆی دروست دەکات و وێنەیەکی دیکەش لە شێوەی خوێنەرانی، دانەر خوێنەرێکی تەواو دروست دەکات وەک چۆن دووبارە خۆی لەنێو دەق دروست دەکاتەوە. خوێنەری ناوەکی، شاراوە ھەڵگری وەزیفەیەکی زیندووە، خوێندنەوە جۆراوجۆرەکان لە رێگای کۆمەڵێک پەیوەندییەوە لەیەک نزیک دەکاتەوە! واتە ھاوپەیوەندییەک لەنێوان خوێندنەوە جیاوازەکان دروست دەکات و بەراوردی نێوانیان دەکات و بۆ شیکردنەوە ئامادەیان دەکات، لێرەدا خوێنەری ناوەکی وەک بونیادی دەق و وەک کردەی بونیادنان رۆڵ دەگێڕێ.
______________________________

بەشی یەک: www.emrro.com/xiwendineweypertuk1.htm

 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک