په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٩\٢٠١٥

خوێندنەوەی پەرتووک.


عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

- بەشی یەک -


دیکتاتۆرەکان لە ھەموو شتێک زێتر لە کتێبان دەترسێن.. ساڵی ١٩٨١ دەسەڵاتی (بینۆشێ) لە وڵاتی چیلی بە قەدەغەکردنی رۆمانی (دۆن کیخۆتێ) ھەڵسا، دەیگوت ئەو کتێبە جەخت لە ئازادی تاک دەکات و چینی فەرمانڕەوای قبوڵ نییە.

کاریگەری نێوان دەق و خوێنەر.


دەق تەعبیر لە شتێکی دیکە دەکات، نەک ئەوەی لە سەری وەستاوە (واتە زمان)، چونکە زمان ماڵی دەقە، لەو ماڵەدا بۆ ئەوەی شتێ بێتە بوون، پێویستە دیالۆگ ھەبێ و ئەویدیکەی خوێنەر بەشداری بکات. کەواتە بەشداریکردنی خوێنەر لە تێگەیشتنی ئەو شتە (فینۆمینە) وەک پێداویستی (بوونی دەق) و (ئاگایی) خۆی دەنوێنێ. بەڵام لەبەر ئەوەی ناشێ دەق بە یەکبار خوێندنەوە، یان تەنھا لە کات و ساتێکی دیاریکراوی کورتبڕدا ھەموو رووەکانی و تەواوی رەھەندەکانی خۆی بۆ خوێنەر بەیان بکات، لەبەر ئەوەی دەق لە سەرنجی یەکەمەوە ناشێ تەواوی بوون و ئەزموونی بوونی بەرجەستە بکات، بۆیە خوێنەر، یان وەرگر دەبێ بەرە بەرە دەق ببڕێ، یان بەدوایدا بچێ و تێیدا قووڵ بێتەوە، ھەر لەو رێگایەشەوە تێکەڵ بە بونیادی مەعریفی و ئاگایی دەق دەبێ، ھەر لەو رێگایەشەوە دەتوانێ (یادەوەرییە خەزنکراوەکان)ی خۆی لە رێگای (پێدراوە نوێیەکان)ی دەق و تەواوی ساتە یەک بەدوا یەکداھاتووەکانی خوێندنەوە راستبکاتەوە!

ھیچ دەقنووسێک لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکات، ھەتا ئەگەر بنەماو رێساکانی پێشووش ھەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش ئەوە دەخاتە روو، کە پەیوەندی دەقنووس بە کەلەپور، پەیوەندییەکە وەک (پۆل ریکۆر) دەڵێت، لە سەر پارادۆکس ھەڵچنراوە. بەو مانایەش ھەموو منێکی خوێنەر کە دەخوێنێتەوە دووبارە خودی خۆی دەخوێنێتەوە، چونکە ھەموو (منێکی خوێندنەوە) ھەڵگری ئیگۆیەکی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام ھیچ منێکی خوێندنەوە، منێکی کامڵ نییە، پاشان ئەوەی کە منی خوێندنەوە داوای دەکات، جگە لەوەی کە خوێندکارێکی ئەو خوێندنەوە ھونەری و ئەدەبیانەیە کە خوێندوویەتیەوە و حەزی لێیانە و نوێنەرایەتیان دەکات شتێکی دیکە نییە، بۆیە منی خوێندنەوە ھەمیشە نوێنەرایەتی جۆرێک لە سەنگەر (یان نیازگەری) دەکات، یان نوێنەرایەتی ئەو گەوھەرە دەکات، کە تەواوی ئەزموونانەکانی ئەوی لەخۆ گرتووە. وەک چۆن کردەی خوێندنەوە بەردەوام (من)ی نوێ دروست دەکاتەوە. پۆل ریکۆر لە یەکێک لە نووسینەکانیدا دەڵێ کاتێک دەخوێنمەوە (من)ی خۆم رووت دەکەمەوە، بۆ ئەوەی لە رێگای خوێندنەوەوە بگەمە خودێکی دیکەی نوێ. بەو مانایەش منی خوێنەر لە رێگای ئاگامەندی بوونی بە بوونی زاتیانەی خۆی، پرۆسەی تێگەیشتن فەراھەم دەکات، چونکە بوونی زاتیانەی (خوێنەر/وەرگر) چرکەیەکە لە چرکەکانی بوونی راستەقینە، کاری ئەدەبیش چرکەیەکی وجودییە، ھەر کاتێکیش ھەر دوو چرکەکە بە یەکگەیشتن ئیدی دیالۆگ لە سەر بنەمای (بەبیرھێنانەوە) و (تێبینکردن) دروست دەبێت، لەوێشەوە پرسی تر و وەڵامی وەھا دێنە دی، کە بە ھۆیانەوە حەقیقەتی بوون ئاشکرا دەبێت، ھەر لەوێشەوە ئەزموونی وجودییانەمان لە نێو جیھاندا گەشە دەکات.

کاتێک دەڵێم ناشێ خوێنەر لە رێگای تێڕوانینێکی تیژ و تێپەڕ، یان سەرنجێکی سادەی رەوتەنیەوە بە شێوەیەکی خەمڵیو بەشداری لە بەرھەمھێنانی کاری ئەدەبی و دواتر ئەزموونی وجودیانەدا بکات. چونکە تێڕوانینی تیژ و تێپەڕ خوێنەر دەخاتە پێگەی لێکترازانەوە، مەبەستم لێکترازانی نێوان بەبیرھێنانەوە و تێبینکردنە؟! ئەگەر بەبیرھێنانەوە، لە ئاوێتەبوونی دەق و خوێنەر بەرپرسیار بکەوێتەوە، ئەوە تێبینکردن، ئاماژەکردنە بە ساتەوەختی ئازادبوونی خوێنەر لە دەقدا. ئەو دوو پرۆسەیەش لە کردەی خوێندنەوەدا بە چەندین بار دووبارە دەبنەوە. ئەوەی ئەو دوو ئاسۆیە (واتە بەبیرھێنانەوە و تێبینکردن) بە یەکەوە و لەیەککاتدا دەبڕێ (تێڕوانینی گەڕیدەخوازانەی منی خوێندنەوەیە) کە لەنێوان بەبیرھێنانەوە و تێبینکردن دێ و دەچێ و لێدەگەڕێ لە (کاتی خوێندنەوەدا) لە پشتەوە (لە پشت خوێندنەوە) بەیەکەوە بلکێن، بەڵام (وەک گوتمان) ناشێ دەق بە یەکبار خوێندنەوە و لە ساتەوەختێکی کورت و تێپەڕدا ھەرس بکرێت، چونکە ئەوەی لە خوێندنەوەی یەکەمدا (بە یەکبار خوێندنەوە) دەرک دەکرێ، ھەمیشە کورتی دێنێ، بە بەراورد لەگەڵ دەرککردنی ئاسایی، دواجار لەگەڵ ھەر خوێندنەوەیەک پێویستە بابەتی جوانی دووبارە بونیاد بنرێتەوە؟!

خۆشترین و جوانترین کاتەکانی ژیانم، ئەو کاتانە بوو، کە لە نێو کتێبەکانم بەسەرم بردن."جیمس شیرلی".

خوێندنەوە پرۆسەیەکی عەقڵی و ھەستییە، بنەمای مەعریفە و جوانی و چێژە. خوێندنەوە گوتارێکە بەرەو خود و ئەوانیدیکە. خوێندنەوە دنیای مرۆڤ لە رێگای رەنگەکانی حەقیقەت و فرینەکانی خەیاڵ و پڕشنگەکانی جوانی ھەڵدەنێ. دنیای خوێندنەوە، دنیای رامان و ھەڵوێست و بیرکردنەوەیە. ھەمیشە ژیان بابەتێکە مرۆڤ بەر لەوەی مامەڵەی لە تەکدا بکات و ھاوژیانی بکات، دەبێ بیخوێنێتەوە، دەبێ تێیبگات.

بێگومان خوێندنەوە ھەر تەنھا بۆ زانیاری و شارەزایی نییە، وەک چۆن تەنھا ئەوە نییە مەعریفە و لێھاتوویی پێ زیاد بکەیت، دۆزینەوەی چەند رستەیەکیش نییە "بوون"ەکانی (نووسەر - دەق - خوێنەر)ی پێ بوڕوژێنی، یان مانایەک تا ملکەچی دەسەڵاتەکانی (بونیادنان -چنین - ھەڵنان)ت بکات، بۆ ئەوە نییە قسە لەو کۆمەڵگایە بکەیت، کە ئەو داھێنانەی تێدا کراوە، یان نووسەرێک، کە دەکەوێتە دەرەوەی مەعریفەی تایبەت و گشتییەوە، بەڵکو گەیشتنە بەشێوازێکی دیکەی جوانتر لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەق، مرۆڤ و دنیا.


خوێندنەوە بەو مانایەی کە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و دەق، مرۆڤ و دنیایە، ھەمیشە ئەزموونێکی کەسییە، نە دەکەوێتە سەر "خود" نە بە "بابەت"ەوە دەلکێ، ناکەوێتە سەر خود چونکە خوێنەر تەعبیر لە کلتوری بەرفرەوانی خوێندنەوە یەک لە دوا یەکەکان دەکات، وەک چۆن ناکەوێتە سەر بابەتگەرایی، چونکە لە بابەتگەرایی دەقدا خوێنەر لە خوارەوە و لە رێگای دانەرەوە بەسەرەوە دەگات.

ئەگەر زمان ماڵی دەق بێ، ئەوە دەق ماڵی بوونە، نەک لەبەر ئەوەی بەبێ ئەویدیکە، شتێک بە ناوی بوون مەیسەر نابێ، بەڵکو چونکە لەو ماڵەدا بەبێ بەشداری چالاکانەی ئەویدیکەی جیاواز بوون ھیچ مانایەکی نییە، ھەر بەو مانایەش دەق ھەمیشە لە بەرانبەر ئەویدیکەی خوێنەر لە ئامادەباشییەکی ھەڵپەسێردراو دایە. بۆ ئەوەی دەق بوونێکی سروشتی، یان بەھایەک بۆ تێگەیشتن بەجێ بھێینێت، خوێنەر دەبێ بەردەوام ھۆکاری بوونی خۆی لە دووتوێی ئازادی بوونی دەقدا بدۆزێتەوە. ھەمیشە ئازادی بوونی مرۆڤ، لە داھێنانەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام وەک چۆن بەبێ جیاوازی، بوونی ئازادی دەکەوێتە تەگەرەوە، بە ھەمان شێوەش بەبێ بەشداری خوێنەرە جیاوازەکان، جیاوازی خوێندنەوە دروست نابێ.

دەمەوێ بڵێم ھەمیشە کردەی خوێندنەوە کردەیەکە، لە دانوستاندا گەمەکانی بوونی درێژە پێدەدات، بە دیوەکەی دیکەش ھەر چەندە ئاستی مەعریفەی (وەرگر/خوێنەر) لەرووی ھونەری و رۆشنبیریی بەگشتی بەھێز بێت، ئەوەندە توانانی بەشداریکردن و خەڵقکردنەوەی لەرووی تێگەیشتن و وەرگرتن بەھێزتر دەبێت. لێرەوە ئەگەر جیاوازی وەک بەھایەکی ئەوەلی لە رێگای جیاوازی زمانی دەق و زمانی وەرگر، لە رێگای جیاوازی ئامادە و نائامادە، زیندەگی و مەرگ، خەون و واقیع.... فەزای دانوستان درێژ بکاتەوە، ئەوە خوێنەری داھێنەر ھەمیشە لەنێوان رەگەزە ئامادە و نائامادەکان، پردێک دروست دەکات و بە ھۆی ئەو پردە تەئویلییەوە سپێتی و بۆشاییەکان ئاوەدان دەکاتەوە. کەواتە لەبەر ئەوەی خوێنەر بەشداری لە داھێناندا دەکات، بۆیە ھەمیشە خوێندنەوە وەک کارێکی ئیبداعی دەکەوێتە بەرانبەر کارێکی ئیبداعییەوە، ئەوەی کە کردەی خوێندنەوە وەک ئیبداع سەیر دەکات، ئاستە بەرزەکانی خوێندنەوە و ھەڵوەشانەوە و دووبارە بەرھەمھێنانەوە.

بەڵام خوێنەر چۆن دەق دەخوێنێتەوە، یان چۆن دەقێک بۆ خوێندنەوە ھەڵدەبژێرێت؟ گومانی تێدا نییە، کە وەک چۆن خوێندنەوە جۆراوجۆرە، بە ھەمان شێوەش ئاستی خوێنەران جۆراو جۆر دەکەوێتەوە، بەڵام مامەڵەکردنی خوێنەر لەگەڵ دەق بۆ ئەوەیە تاکو بتوانێت خۆی تێدا خەڵق بکاتەوە. خۆ خەڵقکردنەوەی خوێنەران ھەمیشە لە رێگای تێکەڵ بوون بە بونیادەکانی دەق و دووبارە بەرھەمھێنانەوەوە مەیسەر دەبێ، ھەر لەو رێگایەشەوە دەتوانێ یادەوەرییە خەزنکراوەکانی خۆی لە رێگای پێدراوە نوێیەکانی و تەواوی ساتە یەک بەدوا یەکداھاتووەکانی خوێندنەوەوە، راستبکاتەوە!
 

ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک