٢٠\٦\٢٠١٧
یاخییبوون.

ناڵە
حەسەن
١
بە تەنیشت گۆڕستانی کات و
باخچە شینەکانی بەفر
بەنێو پەراسووەکانی ڕەشەبا و
نیگاکانی بروسکەدا ڕەتدەبم
دەڕۆم و
بەسەر هەورازەکانی ئاگر
بەسەر جەستەی
بەیانییە سەرخۆشەکان و
وەرزە ونبووەکان / تێدەپەڕم
دەڕۆم و بەسەر
هەورازەکانی سەوزایی و
دۆڵە تاریکەکانی تەنیایی / تێدەپەڕم
دەڕۆم و
ڕێگاکانی بەردەمیشم هەر درێژ دەبنەوە
دەڕۆم و دەستەکانم لە نێو گیرفانەکانم دان
حەزدەکەم بەس گوێم لە دەنگی باڵندەکان بێت
دەڕۆم و بیر لە تەنیایی خۆم و
بیر لە تەنیایی نیشتیمانم دەکەمەوە
چ کارەساتێکی مەرگئامێزە
نیشتیمان تەنیا بێت
تەنیا و تەنیا و تەنیا
دوور
لە خۆرەتاو و خەون و خۆزگەکان
تەنیا و تەنیا و تەنیا
دوور
لە ئەستێرە و گوڵەگەنم و کێلگەکان
تەنیا و تەنیا و تەنیا
دوور
لە ژیان و عەشق و مرۆڤەکان
لێرەدا دەگەینە خاڵی کۆتایی
کۆتایی /
ڕێگاکان و ڕەنگەکان و ڕازەکان
دەگەینە ڕووبەرێک
لەوێندەرێ
درەختەکان بە مردوویی هەناسە دەدەن
تاڤگەکان بە مردوویی هاژەیان دێ
شەوەکان بە مردوویی
دووبارە دەبنەوە
جەستەی /
کاتژمێرەکان و
ئەستێرەکان و
گەردەلوولەکان
لەسەر شۆستەکانەوە دەبیندرێن
ڕێگاکانیش هەر درێژ و درێژ دەبنەوە
درێژ /
بە قەد تونێلە درێژەکانی تاریکی
منیش هەردەڕۆم
بە پێچەوانەی هەموو ئاراستەکان و
بە ئاراستەی هەموو پێچەوانەکان
دەڕۆم و دەستەکانم لە نێو گیرفانەکانم دان
بیر لە تەنیایی خۆم و تەنیایی ژیان دەکەمەوە
چ کارەساتێکی مەرگئامێزە
ژیانیش تەنیا بێت
وەک من و نیشتیمان تەنیا
تەنیا و تەنیا و تەنیا
دوور لە خەون
دوور لە خۆرەتاو
دوور لە خۆشەویستی
بە تاقی تەنێ
لە نێو مردندا ڕاکشابێ
ڕێگاکانیش هەردرێژ و درێژ دەبنەوە
درێژ و درێژ و درێژ
بە قەد درێژی
سپیدە سپییەکانی ڕووناکی و
پێدەشتە خاکییەکانی خەیاڵ
منیش هەر دەڕۆم
بە پێچەوانەی هەموو ئاراستەکان و
بە ئاراستەی هەموو پێچەوانەکان
هەر دەڕۆم و
گوێ لە سەمفۆنیای سنەوبەرە تەنیاکان و
ئەستێرە ئیرۆسییەکان ڕادەگرم
دەڕۆم و بە پێچەوانەی
ئاراستەی شەپۆلە شێتەکانی ئاو
بەڵام / تەریب لەگەڵ ئازادی
دەڕۆم بە پێچەوانەی
ئاراستەی شنەبایە شینەکانی بەیانی
بەڵام / تەریب لەگەڵ بەهاکانی جوانی
دەڕۆم
بە پێچەوانەی ئاراستەی
خەونە سەرشێتییەکانی ژیان
بەڵام / تەریب لەگەڵ بەهاکانی سەوزایی
هەردەڕۆم و دەستەکانم لە نێو گیرفانەکانم دان
خەیاڵەکانیشم بە نێو تاوەری تەنیاییم ڕەتدەبن
ئاونگی ئارەزووەکانیشم
تنۆک تنۆک
دەڕژێنە نێو کێلگە تاریکییەکانی
تەنیایی خۆم و
تەنیایی نیشیتیمان و تەنیایی ژیان
تنۆک تنۆک
تێکەڵ بە تەڕێتی تەنیایی خۆم و
تەڕێتی تەنیایی نیشتیمان و
تەڕێتی تەنیایی ژیان دەبمەوە
شیلە شەبەنگە شلێرییەکانی
وشە و شیعرەکانیشم
تنۆک تنۆک
دەڕژێنە نێو
شەوەکانی
تەنیایی خۆم و
شەوەکانی تەنیایی نیشتیمان و
شەوەکانی تەنیایی ژیان
منیش هەردەڕۆم و
ڕێگاکانی بەردەمیشم هەر درێژ دەبنەوە
درێژ و درێژ و درێژ
خەیاڵەکانیشم / بە نێو ئاوەڕۆی ئومێدەکانم ڕەتدەبن
هەردەڕۆم / بە پێچەوانەی هەموو ئاراستەکان و
بە ئاراستەی هەموو پێچەوانەکان
تا چرکە بە چرکەی خەونەکانم
ئاوس دەبن بە ڕووناکی
دەمار بە دەماری نائومێدییەکانیشم
ئاوسدەبن بە خۆشنوودی
ڕێگاکانیش هەر درێژ دەبنەوە
درێژ و درێژ و درێژ
من هەر دەڕۆم و
ڕێگاکانیش بەدوامەوە
با هەر درێژ و درێژ ببنەوە.
نیسانی
٢٠١٧
ماڵپهڕی ناڵه حهسهن
|