١٨\٣\٢٠١٦
"زمناکۆ"
ھەڵبژاردەی فیستیڤاڵی "سینەما حەقیقەت" لە ھەڵەبجە نمایش دەکرێ.
مەنسوور جیهانی
'
فیلمی
دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" و فیلمی
ھەڵبژاردەی فیستیڤاڵی "سینەما حەقیقەت" لە شاری ھەڵەبجە نمایش دەکرێت.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی
قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" و فیلمی ھەڵبژاردەی
نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما حەقیقەت" لە وڵاتی
ئێران، لەسەر داوای "محەمەد عەبدوالوەھاب" پارێزگاریی ھەڵەبجە و لە
ساڵڕۆژی کارەساتی دڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە
بەدەستی ڕژێمی بەعس و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی فەھەنگی و ھونەری،
ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە و ھەروەھا خەڵکی شاری ھەڵەبجە، بە مەبەستی
ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی شەھیدانی ھەڵەبجە لە مێنۆمێنتی شەھیدانی
ئەم شارە نمایش دەکرێت و بڕیاروایە لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانیش
پێشکەش بکرێت.
چیرۆکی ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە سەبارەت بە ژیانی کوڕە کوردیی
ھەڵەبجەیی زمناکۆیە کە لە ڕۆژی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجەدا
لە دایکی جوێی دەبێتەوە و پاش ٢٢ ساڵ تێپەڕکردنیی ژیان لە ئێران،
دەگەڕێتەوە بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی
کوردستان.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە
ئامادەبوونی "زمناکۆ محەمەد ئەحمەد" و ستافی ئامادەکردنی فیلمەکە لە
بەشی پێشبڕکێی نەتەوەیی نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەما
حەقیقەت" لە سینەماکانی سپێدە و فەلەستینی شاری تاران لە وڵاتی ئێران
نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم فیستیڤاڵە گرینگەی
فیلمی دیکۆمێنتی بەدەستبێنێت.
ئەم فیلمە کوردییە لە درێژەدا لە حەڤدەیەمین خولی جەژنی ماڵی سینەمای
ئێران بەشداریی کرد و توانی خەڵاتی تەندیسی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە
گرینگەی سینەمای ئێرانیش بەدەستبێنێت.
"زمناکۆ" لە دوایین بەشداریی خۆیدا لە بەشی فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی سی
و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی فەجر لە شاری تاران نمایشکرا و ڕێزی
لێگیرا.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" بریتین لە:
نووسەر و دەرھێنەر: مێھدی قوربانپوور، وێنەگرەکان: سادق سووری و باست
جەبار، مونتاژ: ئەرسەلان ئەمیری، دەنگھەڵگرەکان: ھادی ساعدموحکەم و
کیوومەرس سوبحانی، دەنگدانەر: ئیسحان ئەفشاریان، موزیک، مەجید پووستی،
بەرپرسی بەرھەم: محەمەد حەیدەری، دیزاینی گرافیک: حامید بارەئی تەبەری،
فۆتۆگرافەر: وەحید کوردنیا، ھەماھەنگی ئەرشیڤ: ئامانج کەماڵ و سامان
سەلام ڕەشید، یاریدەدەری دەرھێنەر: رێبوار ئەحمەد حەمەل عەبائیلی،
یاریدەدەری مونتاژ: ھادی ئەحمەدی، یاریدەدەری بەرھەم: مێھدی محەمەدی
تەجلیل، بەرھەمھێنەر: محەمەد شەکیبانیا و بەرھەمی: ناوەندیی پەرەپێدانی
سینەمای دیکۆمێنتاری و ئەزموونی ئێران.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|