عه‌زه‌مه‌تی ''ئه‌ردۆغان''.. له‌نێوان ''مام جه‌لال'' و ''سه‌ڵاحه‌ددين به‌هائه‌ددين''دا
موحسين جوامێر
له‌ڕێکه‌وتی 2008/01/02 و له‌به‌شی عه‌ره‌بیی سايتی پووک. ميديادا،ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی ڕۆژنامه‌ی ( بوگوون ـ ئه‌مڕۆ ) ی تورکی له‌گه‌ڵ هێژا مام جه‌لال دا ئه‌نجامی دابوو، بڵاو کرايه‌وه، تێيدا چه‌ند مه‌سه‌له‌و بابه‌تی گرنگ وه‌ک: هه‌ڵوێست له‌مه‌ڕ ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵا گول، کێشه‌ی په‌که‌که و پێوه‌ندی له نێوان کوردستان و تورکيادا، باسيان لێوه کرابوو. له باره‌ی ئه‌ردۆغانه‌وه، مام جه‌لال ده‌فه‌رمووێ : " له‌و بڕوايه‌دام به‌ڕێز ئه‌ردۆغان سه‌رقافڵه‌ی پڕۆژه‌يه‌کی دێمۆکراتيی مه‌زنه له تورکيا، ئه‌مه‌ش نه‌ک هه‌ر له به‌رژه‌وه‌نديی تورکيايه؛ بگره له قازانجی ئێراق و ئیداره‌ی کورديشه.. به‌شێوه‌يه‌کی گشتی، خزمه‌تی هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوين ده‌کات.. بۆيه، دوژمنايه‌تيکردنی ئه‌ردۆغان و حکوومه‌ته‌که‌ی، دوژمنايه‌تيکردنی گه‌لی تورک و پرۆسه دێمۆکراتييه‌ته‌که‌يه‌تی. هه‌م له‌لای سه‌رۆکی ئه‌مريکا جۆرج بۆش و هه‌ميش له کۆنگرێسی ئه‌مريکیدا، جه‌ختم له‌سه‌ر ئه‌م قسه‌يه‌م کرد، هه‌مان قسه‌شم له‌لای سه‌رۆکی به‌ريتانی و له کۆبوونه‌وه‌ی ده‌وريم له‌گه‌ڵ باڵيۆزانی ئه‌وروپی له به‌غدا دووپات کرده‌وه، رژد بووم له‌سه‌ر ئه‌وه که ده‌بێ تورکيا له يه‌کێتیی ئه‌وروپی وه‌ربگیرێ، چونکه مانه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی يه‌کێتیی ئه‌وروپیدا؛ دوژمنايه‌تیی دێمۆکراتييه‌ت ده‌گه‌يه‌نێت ". ده‌با پێناسه‌ی به‌ڕێز عه‌بدوڵا گول له لايه‌ن مام جه‌لاله‌وه، بخوێنینه‌وه : " ده‌م و زمانی عه‌بدوڵا گول، بۆنی گوڵيان لێوه دێ، سڵاو و دروودی تايبه‌تیی زۆرم بۆی، مايه‌ی شه‌ڕه‌ف و شانازييه له به‌غدا پێشوازیی لێ بکه‌ين.. که ڕه‌وشه‌که هێور بووه‌وه، داوه‌تنامه‌يه‌کی ڕه‌سمیی بۆ ده‌نێرين، به‌گوێره‌ی منيش، هه‌ر کاتێک به‌ڕه‌سمی بانگێشت کرام، ئه‌وه به‌خۆشييه‌که‌وه به‌ره‌و‌پیری ده‌چم ". ماڵم هه‌قه، وامزانی گۆرانی شاعیره و باسی حه‌بیبه‌که‌ی ده‌کات.!
ئه‌گه‌ر مه‌ڕم نه‌ديبێ له هه‌رێزا، پشقڵم ديوه له په‌رێزا .. هه‌ڵبه‌ت پياو به‌خۆيدا ڕاده‌په‌ڕمووێ بڵێ ئه‌ردۆغان فه‌رقۆکه‌يه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا هه‌يه، به‌ڵام ئه‌و هێزه له‌پسووره کۆکراوه‌ی تورکان که هێشتا به‌ته‌واوی ده‌ستی به دۆڵ و زوڕنای خۆی نه‌کردووه، بۆ ئامانجێکی ستراتیژیی دياريکراو، هاتووه، که برێتييه له سه‌قه‌تکردنی ئه‌زموونی کورد، ياخود هه‌ر هيچ نه‌بێ بێزه‌وه‌رکردنی. تورک، کلکی شێر ناگرن، که گرتيان به‌ری ناده‌ن، ئه‌وه چه‌ندين ساڵه له‌و ده‌وروبه‌ره‌دا ته‌ڕاتێنێ ده‌که‌ن و خۆ تاقی ده‌که‌نه‌وه، هه‌تا بڕياريان دا کوردستان بکه‌ن به شانۆی خۆيان. وتنی ئه‌وه‌ش گوايه ئه‌ردۆغان و گول گۆچان به‌ده‌ست خۆيان نییه، ته‌نانه‌ت شه‌فاعه‌ت بۆ تاوانی کوشتنی ئه‌و دايکه نازداره کورده ناخوازێت، که يه‌که‌م قوربانیی بۆمبارانی سوپا بوو که به بڕياری حيزبی گه‌وره‌ی په‌رله‌مان؛ ده‌ستی ئاوه‌ڵا کرا. ئه‌گه‌ر چاکیش بن، بۆ خۆيان چاکن نه‌ک بۆ کوردان، با کورديش بیر له چاکیی خۆی بکاته‌وه، نه‌ک باسی ( چاکیی ناچاکان ) بکا، به‌تايبه‌تی کاتێ به زمانێکی غه‌يره‌کوردی باسی تورکيا ده‌کرێت. دوو قسه و نیوی ئه‌ردۆغان، ئه‌و ڕاستییه ناشارنه‌وه که پلان و پیلانێکی يه‌کجار ترسناک له‌دژی کورد و کوردستان له ئارادان، له‌لايه‌ن تورکياوه، به‌تايبه‌تی له پێوه‌ندی به مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکه‌وه، که به دواخستنی ـ يان ڕاستتر تڕۆکردنی ـ مادده‌ی 140 گۆڵێکی بۆ کرا، نه‌ک خۆی کردی.. چه‌ند لێدوانێکی هيوابه‌خش و ده‌رچوو له دڵێکی پاکه‌وه، وه‌ک دڵی مام جه‌لال، هه‌رگیز تورکان له ته‌پکه‌وداوانيان په‌ژيوان ناکه‌نه‌وه و نايانفريوێنن.. ئه‌و هێزه دامه‌زراوه‌ی سه‌رسنوور که هه‌ر ده‌ڵێی بۆ جه‌نگێکی جيهانی له‌وێیه، بۆ ته‌قه‌ی خۆشی نه‌هاتووه‌ته ئه‌وێ.
من نامه‌وێ زۆران بۆ که‌مان بڵێم و بێهيواش نيم له خه‌باتی سياسی و هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێک تورکيا مل بۆ دانوستان بدا، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌يه‌ی که مام جه‌لال له وه‌ڵامی پرسيارێکی ڕۆژنامه‌ی ( بوگوون ـ ئه‌مرۆ ) ی تورکيدا، ده‌فه‌رمووێت : " هه‌موو جار ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌ی شيعی سيستانی نيعمه‌ت بێ بۆ ئێراق، ئه‌وه ئه‌ردۆغانيش بۆ وه‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی دێمۆکراتی له تورکيا؛ نیعمه‌تێکه.. په‌يامیشم بۆ کوردی تورکيا ئه‌وه‌يه : پشتی حکوومه‌تی ئه‌ردۆغان بگرن، چونکه داهاتووتان له پێشکه‌وتنی حکوومه‌تی ئه‌ودايه ".. ئه‌رێ، ئه‌گه‌ر قسه‌ی گۆرین، مامۆستا سه‌ڵاحه‌ددين محه‌مه‌د به‌هائه‌ددين ئه‌مينداری گشتیی يه‌کگرتوو، بيکردايه، تا ڕۆژی سه‌ڵايێ ڕه‌خنه و گازنده‌باران ده‌کرا، بگره ـ به قه‌ولی هه‌ولێرييان ـ به قاڵبه‌سابوونێکی ڕه‌قی ده‌يانشۆرده‌وه.!
2008/01/09 mohsinjwamir@hotmail.com
|